لە خەو ڕاچڵەکان … دلۆڤان عەلی
Closed
ئەم بەیانییە
لە خەو ڕاچڵەکام
تەنیایی
وتی:
ڕۆژ باش
مناڵیم وتی:
ئەی نایەیتەوە بۆ لای من و
دەست ناکەیتەوە بە حەکایەتەکانت و
نابیتە موسافیرێک بەرەو عەدەم و
لە وێستگەی شەمەندەفەری غەریبی
سەفەرێک ناکەیتەوە بۆ لای جوانیەکان
ئای مناڵیم
چەند بێ ئەمەک بویت
پێت ڕەوا نەبینیم
بەیانیەک وەکو مناڵانی تر دەستێک بێنیت بەسەرماو
پێم بڵێی:
ها ئەو نوقڵە بگرە
بۆ چاوەزار باشە
ها ئەوە هەزارێکی چرچ و لۆچی دڕاو و
بیدە بە میزڵدانێک
با لە ئاسمانا دور دور بفڕێت
دەست بکەوە بە حەکایەتەکانت
نا نا تەواو
مناڵیم پۆستەرێک بوو
بە دیواری کۆڵانێکی غەریب هەڵواسراو
زوو دڕێندراو و
دور دور فڕێیاندا
مناڵیم کڵۆ بەفرێک بوو
باری و تەنیایی تواندیەوە
ئای
لەم لە خەو ڕاچڵەکانە
ئای مناڵیم
تۆ لە کوێیت لە کوێیت مناڵیم
کۆتایی بەم تەنیاییە بێنیت
ئای مناڵیم
دلۆڤان قەڵادزەیی