کچی ولاته‌که‌م … سیروان خۆشناو
ئه‌ی کچی ولاته‌که‌م
هێمن هێمن له ئێواره‌یه‌کدا
به‌ر له وه‌رینی که‌زیه زه‌رده‌کانی خۆر
هه‌نگاو بنێ
به‌سه‌ر ئامێزی عه‌شق و
خه‌یاڵی رۆژانی زوو
هێمن هه‌نگاو بنێ به‌سه‌ر ئازاره دووره‌کانی ته‌نیاییم و
یادگارییه نیگا زیندووه‌کان
له نێو قه‌سیده‌یه‌کدا سه‌فه‌ری مانگ
به خه‌نده‌کانت بتۆرێنه
تابلۆی ئێواره به زولفه شه‌نگه‌بیه‌کانت جوانتر بکه
هێمن وه‌ره‌وه با ئاوێنه‌کان له ترسی نیگاکانت نه‌شکێن ….
له گوڵدانی عه‌شقدا
ته‌مه‌ن تنۆک تنۆک به‌سه‌ر رووی سحراویت ئه‌بارێت
ئای عه‌وداڵم !
له ژوانێکا نه‌رم نه‌رم راتبژه‌نم
یادگاریه‌کان هێمن هێمن ،.
وه‌ک نمه باران به‌سه‌رتا ببارێنم
شه‌پۆڵ بده‌م ،. به‌سه‌ر رۆحتا
له قوڵایی چاوه‌کانتا رابمێنم
له مه‌مله‌که‌تی بێ ده‌نگی
گۆرانییه‌کی سه‌رشێت و پڕ له محیبه‌ت ،.
به گوێچکه‌تا بچرپێنم
له‌گه‌ل تۆدا ،.
گوێ له میهره‌بانی خشپه‌ی (با)یێک بگرم
له‌سه‌ر سنگی باریکه رێ ،.
به‌ده‌م تروپکی نه‌غمه به‌رائه‌تیه‌کان ،
تێر ماچی ئه‌و لێوانه بکه‌م
که شیله‌ی عه‌شقیان لێ ئه‌تکێ ،.
به ده‌نگی ماچ ،. زه‌رده‌خه‌نه‌ی لێوه‌کانت ،.
با گۆزه‌ی بێ ده‌نگی بشکێ ،…..
ئه‌ی کچی به‌ر سێبه‌ره‌کانی جوانی
ئای چه‌ند جوانیت !
کاتێک له به‌هاردا نه‌رم نه‌رم
به هێمنی تێکه‌لی جه‌سته‌ی دڵۆپه ئاوه‌کان ده‌بیت
جوانتر
له ناسکی ئه‌و دڵۆپه شه‌ونمانه‌ی
هه‌موو به‌یانییه‌ک ماچی لاسکه گیایه‌کان ئه‌که‌ن ….
وه‌ره‌وه له روخساری مانگ مه‌ترسه …
له عومری یاسه‌مینی تنۆکه بارانه‌کانی ئێره مه‌پرسه
وه‌ره هه‌ناسه گوڵره‌نگیه‌کانت بکه
به جوانترین ماچ ،
زه‌رده‌خه‌نه
مۆنالیزای پێ سه‌رسام بکه ،،،،
ده‌ست بخه‌ره نێو ده‌ستی ئه‌و که‌سه‌ی نغرۆت ده‌کات له ماچ ….
له ئه‌ندێشه‌ی عه‌شقا
له نێو که‌زییه‌کانی کزه (با)یه‌کی بۆنخۆشا …
له‌سه‌ر مه‌رگی زستانێکی غه‌مبار ئه‌وه‌ستم
راده‌مێنم
به‌هێمنی پێ ده‌خه‌یته هه‌واری دڵم ؛
که میحرابی سۆزه ..
به زولفه شه‌نگه‌بییه‌کان
سه‌مفۆنیایه‌ک ئه‌ژه‌نی و
له جه‌ند چرکه‌یه‌کدا ..
لێوه خوماره نورانییه‌که‌ی مریه‌م ماچ ئه‌که‌یت
ئه‌و ماچانه‌ی که مانگ به نزاوه له به‌رده‌میا ئێخه‌ی خۆی دا ئه‌دڕێ
پایزی ئه‌کرد به ملوانکه و
له ملی روخساری به‌هاری ئه‌کرد
دوورگه‌کانی عیشقی ئارام ئارام پڕ ئه‌کرد
له شه‌ونمی گۆرانیه‌کانی فیرده‌وس ..
کچی ولاته‌که‌م
وه‌ره‌وه با له رۆشنایی چاوانتا
شه‌تڵی هه‌میشه بوونی شه‌به‌نگ بچێنم
وه‌ره‌وه مالێکم ده‌وێ هێنده‌ی دڵی په‌پوله‌یه‌ک هه‌ست ناسک بێت
تاله‌وێ له نێو هه‌ر هه‌ناسه‌یێک
هه‌ر نیگایێک
هه‌ر بزه‌یێک
پێکێ شه‌راب
مشتێ له عه‌شق
به‌ر له مردنی تروسکایی بخۆمه‌وه ..
دوێنێ شه‌و له خه‌وما تۆم بینی
له‌سه‌ر بڕ بڕه‌ی پشتی مانگ دانیشتبوویت
به هێمنی زولفه عه‌شقیاکانی مانگت شانه ئه‌کرد
وه‌ره‌وه
ئازادم بکه
بمکه به وێنه‌کێشێکی مه‌ست
مه‌ستبوو به پیاله‌یه‌کی پڕ له تێنوێتی
با چاوانت بکات به پۆرتریتێکی سه‌ردیواری ژووره‌که‌ی
تۆ ببه به ئاواز
تا له نهێنی کانیاوی شکۆتدا بگه‌م
تا له ژووانێکا
تاڵێک له زولفه‌کانت بکه‌م به ته‌لی که‌مانێک و
سه‌مفۆنیاییێکت بۆ بژه‌نم و
سه‌ماکه‌ره‌که‌ی عه‌شقیش به دیارمانه‌وه سه‌ما بکات ….
وه‌ره‌وه له نێو مه‌ستی شه‌وا
لێوان لێو له نێو بۆنی به‌هه‌شتی ئێره نقوم بین
وه‌ره با له نێو حه‌رفی قه‌سیده‌یێکدا بتکه‌م به سه‌مفۆنیا
مه‌ترسه
له مه‌ستی گوڵه ئه‌رخه‌وانیه‌کان
مه‌پرسه له تریفه‌یی رۆح ئاسمان
به هێمنی پێ بخه‌ره ژووری پڕ خه‌یاڵی دڵداریم
له نێو ئینجانه‌ی ده‌ستی ” با ” هه‌لمبگره
له ته‌کیه‌ی رۆحی خۆتا بمکه به ده‌روێش
با فه‌نابم له نێو دڵتا
تۆ له‌م ئێواره‌یه جوانتری که عه‌شق خۆی تیا ئه‌نوسێته‌وه
له‌و ئێواره‌ییه‌ی که فریشته‌کان باڵ ده‌گرن و
به‌روه‌و مه‌نزلگاکانیان هه‌نگاو ده‌نێنن …
تۆ جوانتریت له‌وان…..
له‌و کاتانه‌ی که فینۆس زولفه گوڵره‌نگیه‌کانی
خسته نێو مه‌مله‌که‌تی عه‌شق و
ده‌ریاش به نزاوه له به‌رده‌م جوانی تۆ شه‌پۆله‌کانی شکا ……
ئه‌و کاتانه‌ی مانگ به نوزه‌وه له به‌رده‌م
حه‌قیقه‌ته‌کانی له‌ته سێوێکی ته‌مه‌ندا خۆی سوتاندو
بوو به په‌له هه‌ورێک له سه‌ما سپیه‌کاندا بینرا …..
له چاوه‌روانیتدا بووم به یه‌عقوب
شه‌وان له ئاسه‌واری بێده‌نگیتا
به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی یادگارییه‌کاندا
کاڵ ئه‌بمه‌وه
تا به‌یانی دێت
وه‌ک شه‌ونمی سه‌ر لاسکه گیاییه‌کان
له به‌رده‌می خۆما ئه‌چۆڕیمه‌وه
ئه‌زانم ئێستا له نێو جه‌نجالیا
له ژێر چه‌تری غه‌مباریا
دڵت پڕه له حه‌سره‌ت و له جومگه‌ی خه‌یاڵ
له داڵغه‌ی بێ سه‌بوری
هێمن هێمن فرمێسکه‌کانت ئه‌بن به جوانترین تابلۆ و
نیگاکانیان مه‌ست مه‌ست جوانتر له مۆنالیزا
ئه‌مشه‌و له دوریتا
له‌سه‌ر شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ما
تابلۆکه‌تم نه‌خشاند
تا له چاوه‌کانتا فه‌رهه‌نگی ژیان ببینم
تا به دواتا بگه‌ڕێم
زۆر به ناخیا رووچووم
به‌لام هیچم ده‌ست نه‌که‌وت
هۆ کچی ولاته‌که‌م
ده پێم بلێ
تۆ له‌کام رۆمان
له‌کام ولات
له‌کام فه‌رهه‌نگیت ؟
سیروان خۆشناو
2009 شه‌قلاوه