Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
گوڵ فەرهاد! …. ن/جەلال قادر

گوڵ فەرهاد! …. ن/جەلال قادر

Closed
by August 22, 2012 چیرۆک

 

 

ئۆتۆبیلێکی دوا مۆدێلم لە ژێر پێدا بوو لە هەولێرەوە بە رەو کەرکوک دەچووم. ئەم ئۆتۆمبیلەم بە قسەی خانمەکەم کڕیبوو لەبەرئەوەی پێی شەرمبوو سواری ئۆتۆمبیلی مۆدێل کۆن بێت. 

بەهەرحال هەرکە لەهەولێر دوورکەوتمەوەو نزیک چوار ڕایەکەی(دارەتوو) بووم ، لە دوورەوە ڕێبوارێکم بینی دەستی هەلدەبڕی ، منیش خێرایی ئۆتۆمبیلەکەم کەم کردەوە لەبەردەمیا وەستام.

وتم : فەرموو کاکە گیان؟

وتی : دەچم بۆ کەرکوک ؟

وتم : سواربە.

هەر کات لە کەرکوک بۆ هەولێر یاخود بە پێچەوانەوە هاتووچۆم بکردایە و بەتەنیا بوومایە لە ڕێگا وبان ئەوڕێبوارانەی دەستیان هەلبڕییایە بێترس و بە خۆڕایی هەلیانمدەگرت ، ئەم پیشەیەم وەک خێرێک بوو بۆ دایک و باوکم.

ڕێبوارەکە کوڕێکی گەنج بوو، شەڕوال و قەمیسێکی لەبەردابوو ، تەمەنی نزیک بیست و پێنج سالێک دەبوو،چاو شین و قژێکی کورتی خاوی هەبوو. منیش پانترۆن و قەمیسێکی سپیم لەبەردا بوو ، لەگەل ملوانکەی زێڕ و ئەنگوستیلەی هاوسەریش لە پەنجەمدا بریقەی دەدایەوە.

لە گەنجەکەم پرسی : خێرە دەچیت بۆ کەرکوک؟

وتی : دەچم ئازووخەی مانگانەم وەردەگرم.

وتم : بۆ تۆ خەلکی کەرکوکی ؟

وتی : بەلێ، هێشتا نەگەڕاوینەتەوە  لە(دارەتوو) دادەنیشین.

وتم : ئیتر هەر کەس ژیانی لە کوێ خۆش بگوزەرێ پێویستە لەوێ بژێ!.

وتی : ڕاستدەکەیت . بەس من خەلکی گوندەکانی بان ساڵەییم، گوندەکەمان ئاوەدان نەکراوەتەوە، ئیتربۆ کوێ بگەڕێینەوە.

وتم : ئاوەدان دەبێتەوە. ڕۆژێک دێت هەموومان دەگەڕێینەوە.

بۆ چەند خولەکێک بێدەنگییەکی ترسناک لە نێوانماندا درێژەی کێشا. ناچاربووم ئەم بێدەنگییە بشکێنم!.

وتم : کاسبکاریت؟

وتی : بەلێ لەناو بازاڕی (شێخەللا) دەستگێڕم!

وتم : ذەستگێڕ چییە؟

وتی : عارەبانەم هەیە و حمالی دەکەم.

وتم : لەشت ساخبێت…خێزانداریت؟

وتی : نەخێر، لەگەل دایکمدا لە کەلاوەیەک دەژین.

وتم : ئەی چۆنە تا ئێستا ژنت نەهێناوە؟

وتی : مامۆستا ، ژن بە چی بهێنم ئەوەی دەستم دەکەوێت لەگەل دایکم دەیخۆین ، ئەگەر لێمان زیادبێت دەیدەم بەدەرمان بۆ دایکم. پاشان چ کچێ ئامادەیە شوو بە حمالێکی وەک من بکات و ئامادە بێت خزمەتی دایکم بکات.

وتم : ڕاستدەکەیت، داوای لێبووردن دەکەم.  دەلێین تێر ئاگای لەبرسی نییە.

گەنجەکە بە لاچاوێکەوە سەیری کردم ، ئنجا ڕووانییە ملونکە زێڕەکەی  قەد ملم. منیش لەشەرما قۆپچەی قەمیسەکەم داخست.

وتی : دیارە خوا وایکردووە من بەنەگبەتی بژیم.

وتم : ئەگەر خوا وایکردبێت ، کەواتە هەردەبێت ئەویش دەرگایەکت بۆ بکاتەوە و ژیانت بگۆڕێ.

لە پاش کەمێک بێدەنگی و شەرمەزاریم بەرانبەر بەم کوڕە هەژارە ، قسەکانی هاوسەرەکەم هاتە یاد دەیگوت : بڕۆ خەلکی ڕیزە خانوو دوکانیان  کڕیوە کەچی ئێمە هەر لە جێگای خۆمانین!. 

لەکاتێکدا گەنجەکە بە دڵتەنگییەوە دەیڕووانیە دەشت و دیمەنی ڕێگاوبانەکان.

لێمپرسی : ببوورە ناوتم نەزانی چیبوو؟.

وتی : ئەکرێت ناوی خۆمت پێنەلێم؟

وتم : براکەم ئەوە زۆر ئاساییە و مافی خۆتە ،خۆشحالم…ئەی باوکت دەمێکە جێیهێشتوون؟

وتی : باوکم لە هەشتەکان کۆپتەری بەعس شەهیدی کرد!.

وتم : لە کوێ؟

وتی : هەر لەبان ساڵەیی . باوکم لەگەل براکەم پیکابە شوتیان بارکردبوو لە ڕێگا کۆپتەر دەگاتە بان سەریان و شەهیدیاین دەکات.

وتم : زۆر بەداخەوە…ڕژێمی بەعس شتێکی پیسبوو.

وتی : ڕاستدەکەیت… لەوەش ناخۆشتر شوانێک ڕووداوەکەی بینیبوو بۆی گێڕاینەوە.

وتم : چۆن؟ چی گێڕایەوە؟

وتی : کاتێ کۆپتەرەکە بە ئاسمانەوە بەدەوری پیکابەکەی باوکم دەخولایەوە ، باوکم لە پیکابەکە دادەبزێت و براکەم کە تەمەنی هەشت نۆساڵ دەبوو هەڵی دەبڕێتە ئاسمان و بە فڕۆکەوانەکەی نیشاندەدات کە بیکات بۆ خاتری ئەم منداڵە وازیان لێبێنێ..کەچی کۆپتەرەکە بێبەزەییانە دەستڕێژیان لێدەکات و دەیانکوژێ. ئێمە کاتێ بە هاوارییانەوە چووین تەرمی براکەم و باوکم پارچە پارچە بووبوون . پیکابەکەش سووتا بوو.

دڵم گووشرا…لەناکاو سووکان لەدەستم وەریگرت  و لەسەر جادەی قیر لامداو خەریک بوو هەڵگەڕێین. لەسەرخۆ هاتمەوە سەر جادە قیرتاوەکە. ئەم گەنجە هیچ شپرزە نەبوو وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت . منیش لە ترسا ڕووخسارم سوور هەلگەڕابوو، نەمدەزانی بلێم چی.

گەنجەکە وتی : لاموابێت من دەبێت دابەزم!

وتم : بۆ برا ؟ تازە وادەگەینە (پردێ) ، هێشتا نیوەی ڕێگامان نەبڕیوە.

گەنجەکە دیسانەوە ڕووانییە سەروو ڕووخسارم. نەمدەزانی بیر لەچی دەکاتەوە؟!

بۆ ئەوەی چیتر باسی تراژییدیای ئەنفاڵ، زولمی بەعس نەکەم و برینی نە کولێنمەوە.

لێمپرسی : ئەرێ برا ، (شێخەللا) پڕ بووە لە حمال و عارەبانە بەدەست، چۆن بۆتان دەردێنێ؟

وتی : هەولێر پڕبووە لە تەکسی کەچی خوا ڕسقی هەموویان دەدات.

وتم : ڕاستدەکەیت…چ جۆرە عارەبانەیەکت هەیە؟!

وتی : عارەبانەی دوو تایە ئەوەی بە دوای خۆت ڕایدەکێشی.

وتم : ئەگەر تۆ لە جیاتی عارەبانەی دوو تایە ، سێ تایەکانت هەبێت باشتر نییە؟.

وتی : بێگوومان باشترە و ئاسانترە ، بەلام ئێستا نرخی ئەو عارەبانانە فڕیوە!.

وتم : بەچەندە ؟

وتی : بە چوار پێنج وەرەقەیە.

لە دڵی خۆمدا وتم ئەم کارە خێرە بۆ باوک و دایکم دەکەم ،هەر کە لە کەرکوک گەڕامەوە دەچمە بازاڕی شێخەللا و عارەبانەیەکی سێ تایەیی بۆ ئەم گەنجە دەکڕم.

گەنجەکە سەیری پەنجەی دەستی کردم کە ئەلقەی هاوسەریم بەستبوو. تۆزێ شلەژاو خێرا وتی : مامۆستا هەر لێرە ڕایگرە!.

وتم : چیبووە برا؟.

هاواری کردە سەرم : ڕایگرە …من دەبێت دابەزم.

ئۆتۆمبیلەکم ڕاگرت..خێرا دابەزیی وتی : تۆ بڕۆ کاکە گیان.

منیش دابەزیم وتم : بۆ کوێ بڕۆم ؟ تۆ نەتوت دەچیت بۆ کەرکوک؟ بۆ پەشیمان بوویتەوە، بەس پێمبلێ چییبووە تا داوای لێبووردنت لێبکەم.

وەلامی نەدامەوە..وتم : من دەڕۆم ناشزانم چی ڕوویداوە بەس هیوادارم لە قسەکانم تووڕە نەبووبیت.

سواری ئۆتۆمبیلەکەم بووم هێواش هێواش لێی دوور کەوتمەوە، لە ئاوێنەکەوە بینیم دەستی لە ئۆتۆمبیلەکانی دوای مندا هەلدەبڕی.

دڵم ئەوەندە تەنگبوو نەمدەزانی چیبکەم؟ هەرچەند لێکمدەدایەوە نەمدەزانی ئەم گەنجە بۆ ڕای خۆی گۆڕی لەگەلمدا نەهات بۆ کەرکوک. لەداخا بەلێنمدا ئەگەر بگەڕێمەوە هەولێر حەتمەن دەچم بۆ شێخەللا و دەیدۆزمەوە ، دەێت نهێنی ئەم دابەزینەم بۆ ئاشکرابکات.

بە دڵتەنگییەوە گەیشتمە کەرکوک ، مندالەکانم لە هۆلی (لایف ستی) لە ئاهەنگی شایی خزمێکدا میوان بوون.  تەلەفۆنم بۆ هاوسەرەکەم کرد و پاساوێکم هێنایەوە کە هێشتا لە پردێم و ئۆتۆمبیلەکەم پەنچەربووە.

لە داخا چوومە عەرەفە لای دوکانی مەسیحییەکان بیرە و مەزەم کڕی، لەسەر (گردی پیرۆزی رەحیماوا) دەستم کرد بە خواردنەوە. لە دڵی خۆمدا وتم : ئای لەم شارە پڕ لەخەمە باڕێکشی تیا نییە تیای بخۆیتەوە!

ئەو شەوە بە سەرخۆشی لە ماڵی خەزوورم نوستم ، ئەوەی لەبیرم مابێت گڵەیی ژنەکەم و مالی خەزوورانمبوو دەیانگوت : پارەکەی بە گوو داوەو بەسەر خۆشی  گەڕاوەتەوە.

بۆ سبەینێ منداڵەکانم لە کەرکوک گەڕاندەوە بۆ هەولێر ، لە ڕێگا بە دوودلیەوە بەسەرهاتەوەکەم بۆ ژنەکەم گێڕایەوە. 

ئەویش لەوەلامدا وتی : دەوازی لێبێنە تۆ پیاوەتی خۆت کردووە ئیتر چ پێویست دەکات بچیت بە دوای حمالێک.

هیچ وەلامیم نەدایەوە چونکە پێشبینی ئەم وەلامەم کردبوو.

هەر کە گەیشتینە ماڵ مندالەکانم دابەزاند و پێنج شەش  وەرەقەم خستە گیرفانم و و بەرەو (شێخەللا) بەڕێکەوتم. کون و قژبنی شێخەللام پشکنی و لە حمالێکم پرسی و وەسفی ئەو کوڕە گەنجەم بۆ کرد.

کابرای حمال وتی : ئەوە گوڵ فەرهادە و خەلکی دارەتووە.

وتم : بەلێ، وتی لە دارەتوو دادەنشم؟

وتی :  بەس تۆ چیت لێی دەوێت؟.

لە پاش ئەوەی بەسەرهاتەکەم بۆ گێڕایەوە، وتم : دوو شتم لە فەرهاد دەوێت .. یەکیان  لێم قەبوول کات کە دەستگێرێکی  بۆ بکڕم وەک خێر. دووەمیان ئەگەر بکرێت ئەو نهێنیەم بۆ ئاشکرا بکات کە بۆ دابەزی لە ئۆتۆمبیلەکەم لە ڕێگای کەرکوک؟!

کابرای حمال وتی : وەرە برا، گوڵ فەرهاد هیچ شتێ ناشارێتەوە با ىڕۆیین بۆ لای.

بازاڕی دۆلار گۆڕیناوەمان ىڕی و چووینە ناو کۆلانی قەرتاسییەکان. فەرهادم بینی دەستە پەڕتووک و کارتۆنی پڕ لە پێنووسی دەگواستەوە ناو دوکانێک. هەر کە منی بینی شڵە ژاو لەکار کردن وەستا.

منیش سلاوم لێکرد ، ئەویش بەساردییەکەوە وەلامی دامەوە. پاشان کابرای حمال دەستی گرت و وتی : کاکە فەرهاد ئەم کابرایە خوا ناردوویەتی ، دەیناسی؟

فەرهاد وتی : بەلێ.

کابرای حمال وتی : دەباشە گوڵ فەرهاد ، دەوەرە باچین چایەک پێکەوە بخۆیین.

فەرهاد ڕووی دەمی لەمن کرد و وتی : مامۆستا من هیج شتێکم لەگەل تۆ نییە تۆ برای منی بەس بۆ خاتری خوا و منداڵەکانت لەمن دوور بکەوە.

وتم : زۆر باشە ، تۆش بۆ خاتری ئەو دایکە جوانەت ئەم دیارییەم لێوەرگرە ، ئەگەر بۆت دەکرێت بەس پێم بلێ بۆ لە نیوەی ڕێگا دابەزیت؟

وتی :  من پێت دەلێم بەمەرجێ چیتر نامەوێت بتبینمەوە!.

وتم : بەبان چاو.

فەرهاد قۆلی گرتم و ڕایکێشامە لایەکەوە لە کابرای حماڵ دوور کەوتینەوە. ئنجا وتی :

کاتێ لەناو ئۆتۆمبیلەکەت قسەمان دەکرد و باسی شەهید بوونی باوکم و براکەم دەکرد. پاشان باسی گرانی عارەبانە و کاسبی شێخەللامان کرد لەو کاتە شەیتان خزیبووە ناو لەشم و دەیگوت : ئەم کابرایە دەولەمەندە سەیری ملوانکەی زێڕی بکە و سەیری ئۆتۆمبیلەکەی بکە… شەیتان خزابووە نا مێشکم دەیگوت : ئەگەر ئەمە ڕووت کەیتەوە هەم  دەتوانی ژن بهێنی و هەم عارەباەنەی سێ تایە بکڕی… منیش لەگەل شەیتان شەڕم کرد و تەسلیمی نەبووم ، بۆیە  هاوارم کردە سەرت کە ئۆتۆمبیلەکە ڕاگری…هەر کە لە ئۆتۆمبیلەکەت دابەزیم شەیتانش دابەزی و لێم دوورکەوتەوە..

وتم : فەرهاد گیان تێگەیشتم.

باوەشم پێیا کرد و وتم : یاخوا نموتان زۆربێت.

دیارییەکەم کردە گیرفانی و لە شادمانییا یەک بە دنیا هاوارم کرد : چ ڕۆژێکی خۆشە مرۆڤە جوانەکان هێشتا بۆنی گولیان لێدێ!.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.