Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
شاری کۆیە هەر دوو (تۆپەکانی) خۆی دەوێتەوە

شاری کۆیە هەر دوو (تۆپەکانی) خۆی دەوێتەوە

Closed
by August 22, 2012 گشتی

 

 

هەرچەندە (کۆیە – ناس) و مێژوونووسان، شارستانییەت و بایەخی و رۆڵی شاری (کۆیێ)یان لە مێژووی کوردستاندا، بە ئەرشیفکردوە، پێگەی جوگرافی و دێرینی مێژووی ئەو شارە قامتێ خەسڵەت و تایبەتمەندی پێبەخشیوە. بەڵام پێناسەکردنی ئەوە شارە  هەر بە (شاری شاعیران) وای کردووە هێندێ لە توێژوو چین و پیشەوەری بەهرەدارە دەستڕەنگینەکانی خۆیان بە مەغدوور بزانن.  جا لە مەقامبێژو فۆلکلۆریست و هونەرمەندانەوە بیگرە تا دەگەیتە سەر کاڵەکدروو و جۆڵاو ئێمەنی دروو چەخماخسازوە….هتد. 

تا ئەو ساڵانەی دوای لە شاری کۆیە دوو تۆپی دەستکردی وەستا رەجەب هەبوون . مامۆستا( تایەر ئەحمەد)ی  مێژوونووس ، لە کتێبی (مێژووی شاری کۆیە)  و مامۆستا ( عەبدولرەقیب یوسف) ی شوینەوارناس، لە ژمارەیەکی گۆڤاری (کارواندا) بە تێروتەسەڵی زانیاریان لەسەر ئەو دوو تۆپە بەئەرشیڤکردوە.

ماڵپەری شاری (رەواندوز) وا باسی وەستا رەجەب دەکا:” لەسەرەتای سەدەی (19)ی زایینیدا( میر محەممەد پاشای رەواندزی) (1813 – 1837 ز ) توانی سنووری میرنشینی سۆران فراوان بكات و بۆ پاراستنی ئەو سنوورەش بیری لە دروستكردنی كارگەی چەك و تەقەمەنی كردەوە. وەستا رەجەب وەك داهێنەرێكی ناوچەكە دەستی بە دروستكردن و بنیادنانی ئەم كارگەیەی كرد و یەكەم تۆپی عیار ( 2 ) لەساڵی( 1814ز) دروست كرد . لەدوای ماوەیەكدا توانی چەندان تۆپی دیكە بە عەیاری جیاواز  دروست بكات .  كە ئێستا یەكێكیان لە شارۆچكەی رەواندز پارێزراوە و یەكێكی دیكەش لە مۆزەخانەی سەربازی عێراقی پارێزراوە. هەر لەم كارگەیەدا ( دراو )و شمشێر و خەنجەر و كەل و پەلی ناوماڵ و راكێشانی سكەی دراوی لێ‌ دروست دەكرد.”

ئەو دوو تۆپەی وەستا رەجەب ، لە کۆیە ، – کە ماڵپەڕی ڕەواندوز زانیاری لەسەر نییە-   خۆم هەردووکیانم دی بوو، یەکێکیان قەبارەی گەورەبوو لە گردی (کەکۆن) لای دەستە چەپی قشلەی کۆیە ، لە پشت وێستگەی کارەبای کۆنی شاری کۆیە بوو ، هەموو رۆژی رەمەزانان  ( حەمە عەبۆ) لە گەڵ بانگی ئێوارێ بۆ فتارکردنەوە ئاگری دەداو دەیتەقاند. ئەوەکەی تریان بچووکتر بوو، لە بەردەم دەرگای قشڵە ، لە تەنشت حەوەزە ئاوێک داندرابوو.

 ئەلحەقی مامۆستا (عەبدولرەقیب یوسف ) یەگجار زۆر ماندوو بۆ لە گەڕان و سۆراغکردنی ئەو دووتۆپە، خۆشبەختانە زانیاری باشی بۆ پاراستووین. تۆپە گەورەکە کە بە تۆپی (رەمەزان) ناسراوە ، ئێستا لە شوێنێکی ئەمین هەڵگیراوەو من زانیاری تەواوم لە لایە. دوای ڕاپەڕین ، کە دیاردەی بەئاودیوکردنی مس وئاسن و ئۆتۆمبیل و شتومەکەکانی تر لە کوردستان پەیدا بوو، چەند خێرخوازیکی شاری کویە – لێرەوە دەستخۆشیان لێدەکەم- لە ترسی دزین و بردنی ئەو تۆپە بۆ ئێران لە جێگایەکی تەقەت شاردیانەوەو تا ئێستا ماوە. تۆپەکەی تر کە بە تۆپی (قشڵە) ناسراوە ئێستا  لە مۆزەخانەی کەرکۆکەی یان لە مۆزەخانەی بەغدایە، کاتێ قشڵەی کۆیە کرا سەربازگە، لە شەری عیراق – ئێران، ئەفسەرێکی بەعسی دەیبات بۆ چوارقورنە دوای دەیبەنە کەرکۆک (؟).

ئەمساڵ لەسەردانێکم بۆ قشڵەی کۆییە ، خاتو ( نەورۆز)ی بەرێوەبەری قشڵەم دڵخۆشکرد کە پرۆژەیەکی جوانکاری و شارستانی سەردەمیانەم بەدەستەوەیە بۆ شاری کۆیە. ئەمەیش پوختەی پرۆژەکەیە:

 هەنگاوی یەکەم: وەرگرتنەوەو دامەزراندنەوەی تۆپەکەی ( رەمەزان). ئەیش بە دانانی  لە  بەردەم دەرگای قشڵە  لە سەر رووبەرێکی ماقوول و بە شێوەیەکی ئەندازیاریانەی سەردەمیانە و بە نەخشەو دیزاینێکی کەموێنە،  ئەم تۆپە جارێکی تر بە شاری کۆیە شاد دەکەمەوە. دەبێ تۆپەکە ستاندێکی تایبەتی بۆ دروەستبکرێت – خۆشم زۆرم لەوانە بینیوە لە وڵاتانی ئەوروپا – ئەوجا خۆشکردنی جێگایەکە بە درەستکردنی کۆسپی مەرمەرو باغجۆڵەی دڵگیر و نافورەی ئاو بەدەوری دا. ئەمە هەم شوێنەواری قشڵە دەوڵەمەند دەکاو هەم بۆ گەشتیارو میوانانی کاروانسەرایەکی سەرنجراکێشەر دەبێ.  وەک ئارەزومەندێکی کاری هونەری و شێوەکاریش لە خۆم ڕادەبینم کە بتوانم دیزاینێکی شیاو بۆ ئەم پرۆژەیە داڕێژم.

هەنگاوی دووەم: هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی  تۆپەکەی تر و وەرگرتنەوەی و هێنانەوەی بۆ شاری کۆیە کە مافێکی ڕەوای خۆیانە، ئێمرۆ میسرییەکان کون بە کون بەدوای شوێنەوارەکانیان دا دەگەڕێن و بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەریاندەگرنەوە. ئێمەش  دوای وەرگرتنەوەی ئەو تۆپە، لە جێگایەکی شیاو لە ناو شاری کۆیە دایدەمەزرێنیەوە. 

بێگومان ئەم پرۆژەیە ، لە توانای گیرفانی من دانییە، جا لێرە، ڕوو لە بەرێز قایمقام و شارەڤانی کۆیە دەکەم کە دەستی یارمەتیم بودرێژ بکەن. لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا هەر کەسێ بیرۆکەیەک یان خزمەتێک بە شارو وڵاتەکەی بکات  دەستخۆشی لێدەکرێ خەڵات دەکرێ – وەک بۆ بەندەتان کرا ، خەڵاتی شاری لە شاری (دبلن) نم لە وڵاتی (ئایرلەند) لە ساڵی ( (2004پێدرا- من هیچم ناوێ، داخوازی من لە ئێوە  تەنیا  ئەوەیە کە  بیرۆکەی پرۆژەکەم پەسندبکەن  و بە زووترین کار و بە سەخاوەتەوە دەستبکەن بە جێبەجێکردنی.

بۆ زانکۆیانیی ( زانکۆی کۆیە)ش، مووژدەی( سێ پرۆژەی) جوانتان پێدەدەم کە بۆ زانکۆکەتان ئامادەم کردووەو لە کاتی خویدا ئاشکرایان دەکەم. بەر لە چەند مانگێک لە گەڵ رێزدار  دکتۆر( خدر مەلا مەعسووم) سەروکی زانکۆی کۆیە ،  بەدرێژی باسی ئەو پرۆژانە خستە روو ، زۆر جوامێرانە وەعدی پێدام کە ئامادەیە هەر هەموو ئاسانکاریکی پیویستم بۆ بکات و گوتی :” تۆ ئەمر بکە تا من بۆت جێبەجی بکەم.”  ئێستاش بۆ پرۆژەی تۆپەکانی وەستا رەجەب چاوەڕوەانی هەمان هەڵویستم لە بەرپرسانی شاری کۆیەش  بۆیە بەناوی جەماوەری کۆیە  دەڵێـم : “شاری کۆیە  دوو تۆپەکەی خۆیان دەوێتەوە.”

Facebook: Fazil Shawro

fzgaedii@yahoo.com

 فازیل شەوڕۆ – دبلن-

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.