ئایینده‌ی خوێندنی كوردی له كه‌ركوك به‌ره‌و كوێ؟
ئه‌م خه‌مه‌یان با خه‌می سه‌رۆكی هه‌رێم بێت
جارێكی دیكه‌ش خه‌مێك له خه‌مه به‌رده‌وامه‌كانی كه‌ركوك كه ساڵانێكه خه‌مخۆران و دڵسۆزانی ئه‌مشاره به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێن و ده‌رگا نه‌ماوه بۆ نه‌هێشتنی لێی نه‌ده‌ن، كه‌چی رۆژ له‌دوای رۆژ خه‌مه‌كه دژوار‌و گورچكبڕتر ده‌بێت و پێشناچێ كه‌س خه‌می چاره‌سه‌ركردنی بخوات، ئه‌و خه‌مه‌ش خه‌می شكستخواردن و پاشه‌كشه‌كردنی خوێندنی كوردییه له شاری كه‌ركوك، ئه‌مه‌ش به هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكاری جوداجوداوه كه ده‌كرێ لێره‌دا ئاماژه به هه‌ندێكیان بكرێت و هه‌ندێكی دیكه‌شیان لێگه‌ڕێین بۆ كاتوساتیتر، ئه‌و هۆكارانه‌ی زۆر گرنگن لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ بكه‌ین:
1. ده‌ستێوه‌ردانی حزبایه‌تی له ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده‌و فێركردن، هاوشێوه‌ی هه‌رێم و بگره خه‌راپتریش و دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌و یاریده‌ده‌ره‌كانیان و هه‌تا سه‌رپه‌رشتیارانیش له‌سه‌ر بنه‌مای حزبیبوون، نه‌ك توانای زانستی و په‌روه‌رده‌یی و ئه‌زموونیان له بواره‌كه‌دا.
2. به هه‌ڵواسراوی مانه‌وه‌ی بواری په‌روه‌رده‌و فێركردنی كوردی له كه‌ركوك له نێوان به‌غداو هه‌رێمی كوردستاندا، چ له رووی پرۆگرامه‌كانی خوێندن و چ له شێواز‌و سیسته‌می خوێندن، یان كادری په‌روه‌رده‌ییه‌وه.
3. ناوه ناوه گواستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی كورد له قوتابخانه كوردییه‌كانی كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری بۆ هه‌ولێرو سلێمانی و دانانی مامۆستای عه‌ره‌ب له جێگاكانیان.
4. هۆكاری هه‌ره گرنگ و كاریگه‌ری شكستخواردنی خوێندنی كوردی له كه‌ركوك، وه‌رنه‌گرتنی قوتابیانی ده‌رچووی شه‌شه‌می ئاماده‌یی- خوێندنی كوردییه له كۆلیژو په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان. گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌مه وا ده‌كات كه ساڵانه له جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به په‌رۆشه‌وه منداڵه‌كانیان بنێرنه قوتابخانه كوردییه‌كان، به پێچه‌وانه‌وه ده‌یاننێرنه قوتابخانه عه‌ره‌بییه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سوكاری قوتابییه‌ك سوور بزانن كه رۆڵه‌كه‌یان دوای ته‌واوكردنی پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی له زانكۆ، یان په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رناگیرێت و ناچاره داوا پێشكه‌شی زانكۆ‌و په‌یمانگاكانی یه‌كێك له شاره عه‌ره‌بییه‌كانی عێراق بكات، ئه‌وكاته ئه‌و خانه‌واده‌ی قوتابییه ده‌ستی خۆی ده‌سووتێنێت و هه‌رگیز ئاماده نییه، رۆڵه‌كه‌ی بنێرێته خوێندنی كوردی.
بۆیه لێره‌وه وه‌كو كه‌ركوكییه‌ك داوا له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م كه ده‌سه‌ڵاتی خۆی بخاته‌گه‌ڕ بۆ فشار خستنه‌سه‌ر وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له هه‌رێمی كوردستان و ده‌ركردنی بڕیارێك به جیانه‌كردنه‌وه‌ی قوتابییانی ده‌رچووی شه‌شه‌می ئاماده‌یی خوێندنی كوردی له قوتابییانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و وه‌رگرتنیان له زانكۆ‌و په‌یمانگاكانی هه‌رێمدا، ئه‌گه‌رنا ده‌بێ (فاتیحه) بۆ خوێندنی كوردی له كه‌ركوك بخوێندرێت، به‌مه‌ش ناڕه‌زاییه‌كی توندی قوتابییان و خوێندكارانی كه‌ركوكی به‌رپا ده‌بێت و چیتر له ئاست ئه‌و جیاوازیكردنه بێده‌نگ نابن!!. هه‌مووشمان دڵنیاین كه مێژوو به‌زه‌یی به‌كه‌سدا نایه‌ته‌وه‌و له‌لاپه‌ڕه‌كانی خۆیدا لایه‌نی به‌رپرس و كه‌مته‌رخه‌م بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو تۆمار ده‌كات و ده‌یانخاته به‌رده‌م لێپرسراوێتییه‌وه.
23/8/2012