
تەرمێ بە سەر دەستی درۆیەکەوە
” ”
به تۆخی مردووی، که‌چی ئینکاری ئه‌که‌ن و ئه‌ڵێن نه‌مردووی. به ڕۆژی ئاشکراو له به‌ر تیشکی تیژئاژهنی نیوه‌ڕۆژی ته‌مووزی سینادا درۆ ئه‌که‌ن. وه‌کوو کۆن نه‌ماوه، به ئه‌سپایی له مه‌شکه‌دا و کووله‌که‌دا درۆ بکه‌ن. ده‌نگ هه‌ڵنه‌بڕن. که درۆشیان کرد، ڕه‌نگیان ببزڕکێ. هه‌نووکه به بڵیندگۆ درۆ ئه‌که‌ن. پڕ به بۆشایی کۆڵان، شه‌قام، شار و وڵاته‌کان، هاوار ئه‌که‌ن. ئه‌قیڕێنن. ئهقیژينن. ئه‌ڵێن نه‌مردووی و درۆ ئه‌که‌ن. که‌چی له ڕوو ناچن هیچ، مێشێکیش نابێته میوانیان. تهرمهکهته، گۆرهوشار دراوی و هێناویانه له پشتیه‌وه چێوێکیان کردووه به کۆڵه‌که و هه‌ڵیان ناوه، پیشان خه‌ڵکی ئه‌ده‌ن. ئه‌ڵێن نه‌مردووی و درۆ ئه‌که‌ن. زه‌ق زه‌ق چاوت داپچڕیوه و زارت به قه‌د گاراژێ کردووه‌ته‌وه. لاره‌مل وه‌ستاوی. ئاوێنه ته‌می هه‌ناسه‌ت ناگرێ و شاڕهگت به ترپه ترپ ئومێد به ڕۆحت نابه‌خشێ. که‌چی ئه‌ڵێن نه‌مردووی و درۆ ئه‌که‌ن. هێندێ جار منیش گومان ئه‌مگرێ و پرسیارێ وه‌کوو بۆربلینگ له ناو کاسه سه‌رما ههڵئهخولێ. دێت و ئه‌چێ و دێت و ئه‌چێ… باشه ئه‌گه‌ر ئه‌مه جه‌نازه‌ی تۆیه، بۆ تا هه‌نووکه بۆگه‌نی نه‌کردووه و کرمهڕێژ نه‌بووه و ده‌عبا و مێرو و نه‌که‌وتوونه‌ته گیانی؟ بێ ڕۆحه و نهماسیوه و نهگهنیوه؟ له دوو ڕۆژ پتر بۆنی لاشه، ده‌بێته خولوێرکهی مێشک. مه‌گه‌ر به حووکمی گووڵاو و سه‌هۆڵ بتوانی ڕۆژێکی دیکه بیهێڵیه‌وه. که‌چی به درێژایی ته‌مه‌نم، بوویته خانه خوێم و هاوه‌ڵێ بۆ چرپهکانم. که‌س نه‌زانێ تۆ ئه‌زانی، ڕۆژم لێ بڕیوه و له شه‌وانیش خۆم نه‌بواردووه و به‌رده‌وام بۆ سوکنایی دڵم دێمه لات و گرێکانی سفره‌ی دڵم ئه‌که‌مه‌وه. عه‌ینی ژنێکی ده‌ست به‌تاڵی بێ هاوه‌ڵی پشت ته‌له‌یفوون یا پیاوێکی لێکه‌وتووی ته‌مه‌ن حه‌فتا ساڵ به‌ره و ژوور به دڵ تامه‌زرۆ بێ یه‌کێک گوێ بۆ قسه‌کانی بگرێ. دۆ و دۆشاو تێکه‌ڵ ئه‌که‌م. له هه‌موو شتێک ئه‌دوێم. له فرمێسکی ئاو و دڵۆپه‌ی باران، له ته‌ڕ بوونی باڵنده بێ لانه‌کان. له مه‌لی به‌هه‌شت و شه‌مشه‌مه کوێره. له دایک، له خاک، له زه‌وی. له ئاسمان و باوک، له په‌رژین و قه‌فه‌زه‌ی جوڕه. له پانتایی دڵه‌وه تا به‌ر ته‌سکی عه‌قڵ. له قوڕنهکانی دونیا. له بیدایه‌ته‌وه تا کۆتایی.
” تێکیه‌وه ئه‌ده‌م وه‌ک چێشتی مجێورێکی قانعی له خوا ترسی ئاوات مردوو!”
سه‌دان ساڵه ڕووبه ڕووی من به چێوێکهوه به‌ندیان کردووی و کاکیلکهت به‌ر بووه‌ته‌وه و ویترینی ده‌مت، سی و دوو دیانی گڕ ده‌نوێنێ. که‌چی ئه‌ڵێن نه‌مردووی و درۆ ئه‌که‌ن.
له یادمه یه‌که‌م جار که مردی، ناوه‌ڕاست ڕۆژێکی هاوین بوو. لاشه‌ی بێ گیانت به پشتی که‌سێکه‌وه له‌ره‌ی ئه‌هات. بن داره و دار و شوێنا و شوێنی پێ ئه‌کرا. په‌تای سه‌رگه‌ردانی گرتبوو. ده‌سته‌وه‌ستان و سه‌رسووڕماو له هیچ ئاقارێ حهژمینی نه‌بوو. په‌شیمان له‌و که‌تنه‌ی کردبووی و له‌وه سه‌رسامتر نه‌یده‌زانی چی به سه‌ر ته‌رمه‌که‌ت بێنێ. وه‌ڕه‌ز و ماندوو له‌بن داره بهنێکدا به دیار جه‌نازه‌که‌وه هه‌ڵترووشکا. بۆ یه‌که‌م جاربوو ترس له دڵیا شکۆفه‌ی کرد. سام چرۆی ده‌ردا و ڕه‌گی داکوتا. هاوکات له گه‌ڵ کوشتنه‌که‌ت دڵی هه‌ڵایسا. هه‌ستی کرد ده‌هۆڵ کوت ئه‌کرێ. دڵه تهپێکهی ئه‌ی له‌رانده‌وه. وه‌کوو که‌سێکی فێ گرتوو جار نا جارێ ڕایئهتڵهکاند. لێره‌دا بوو ته‌نیایی ده‌رفه‌تی لێ هێنا و خۆی خزانده ناو ده‌ماره‌کانییه‌وه و بووه خانه خوێی دڵی.
” هه‌رکات تووشی دڵه کوتێ بووی، بیر له ته‌نیایی وه‌که. گومانت نه‌بێ، ئه‌وه، به ئیشتیای خۆی ئه‌سپه‌که‌ی لینگ داوه و ئامبازی ده‌هۆڵه‌که بووه و ئایه‌تی بێزاری و بێ قه‌راری و بێ ده‌ره‌تانی ئه‌کوتێ”
نه‌یده‌زانی چی له‌و ته‌رمه بکا. ده‌ور و به‌ری پڕ بوو له لووره‌ی گورگ و مڕه‌ی چه‌قه‌ڵ. داڵه که‌رخۆر ته‌نووره ئاسا به سه‌ر سه‌رییه‌وه ئه‌خولانه‌وه. له گه‌ڵ هه‌ر پۆمپاژێکی دڵی گولوبولی ته‌نیایی له جیهانی وجوودیا ده‌ستیان به سه‌ر ڕه‌هۆڵ و کهلهبهرهکانیشدا ده‌کێشا و ده‌سه‌ڵاتیان میخ ئاژه‌ن ئه‌کرد. چاو نه‌ترسانه ڕۆ ئه‌چوونه ناو مێشکی هه‌ر 206 ئێسقانهکانیهوه. چاوی له سه‌ر هه‌را و جهمبهڵی دوو قشقه‌ڕه ئارامیان گرت. به قه‌ستی کوشتن که‌وتبوونه گیان یه‌کتری.
“کوشتن له ئه‌زه‌له‌وه به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ی بوونه‌وه‌ره‌کان بووه، ته‌نانه‌ت په‌له‌وه‌ر و مه‌له‌کانیش!”
یه‌کێکیان به سه‌رکه‌وتوویی له گۆڕه‌پانی جه‌نگێکی خوێناویدا هاته ده‌ره‌وه. ئه‌وه‌ش قه‌ده‌ری ئه‌و قشقهڕهیه بوو که به ده‌ستی هاوه‌ڵ یا هاو ڕه‌گه‌زه‌که‌ی خۆی له نیوهڕۆژێکی سووره وهبووی هاوینێکی قاقڕدا بکوژرێ! پاشان به ده‌وری لاشه‌که‌یدا سێ چوار جار باڵه‌کانی ڵێکدا و سنگ و موسهڵدانهی هه‌ڵێنا و به ته‌وژم و به گوڕ که‌وته قاڕه قاڕ. وادیار بوو شاههنشاش به سه‌پان ناگرێ. دواتر به ده‌ندووک و چنگۆڵهکانی که‌وته گیان زه‌وی هه‌ڵکۆڵین. لێی سه‌رخۆش بوو. دواجار ده‌ریدا. پاشان لاشه بێ گیانه‌که‌ی خزانده ناوی و دایپۆشییه‌وه و دای له شه‌قه‌ی باڵ و که‌وته شوێن چاره‌نووسێکی دیکه.
ئاوێکی ساردی به له‌شیا کرا. هه‌ر تۆوی په‌شیمانی که‌م بوو، ئه‌ویش گوورا. له پهلهوهرێکیش که‌متر بوو. ته‌رمه‌که‌ی به‌رده‌می تامی سوێری فرمێسکه‌کانی چێشت. داڵه که‌ر خۆره‌کانی ئاسمانیش گوێیان له قوڵپه‌ی گریانی بوو. له ساته‌وه‌ختێکی که‌ما به قه‌د سه‌د ساڵ چه‌مابووه‌وه. بڕستی نه‌ما ته‌رمه‌که چاڵ کا. به کاوه‌خۆ و ههنیسکدان که‌وته چاڵ کردنی ئه‌و جه‌نازه‌ی بۆ خۆی کوشتبووی…
… له چاخه‌کانی تریشدا و تا دونیا به دونیایه، تا داڵه که‌رخۆر و گورگ و چه‌قه‌ڵ بوونیان هه‌یه، من ناتوانم شاهیدیت بۆ نه‌ده‌م که به‌م ده‌سته له‌رزۆک و په‌ککه‌وتانه‌ی خۆم نهم کوشتووی. نه‌ک که‌ڕه‌تێک، سه‌دان که‌ڕه‌ت. که‌چی ئه‌ڵێن نه‌مردوویت و به عامی ئاشکراش درۆ ئه‌که‌ن…
27/1/1383 /شارۆچکه‌ی مه‌هتاب/نور/مازنده‌ران