
تاک و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی
له‌مێژه کۆمه‌ڵی خۆرئاوا، له ڕێی ده‌ستوور و یاساوه، کاری بۆ پاراستنی ئۆرتی (ڕێز، ئیعتیبار) تاک کردووه. ئه‌مه به‌رئه‌نجامی کۆششی له‌مێژینه‌ی ده‌یان هزرڤان و ڕێکخراوی مرۆڤدۆسته. ئه‌وان له‌وێ، تاک به بناغه‌ی کۆمه‌ڵ ده‌زانن و بێ پسان کاری بۆ ده‌که‌ن. وه‌لێ یه‌ک له‌باری خۆمان، هیچی ئه‌وتۆ بۆ پاراستنی که‌سیه‌تی و ئۆرتی تاک نه‌کراوه، جێی باس بێت. تاکو ئێستایش، مرۆڤی تاک، له یاسا نووسراو و نه‌نووسراوه‌کانی ئه‌م جڤاکه‌دا، به ده‌یان (ده‌بێ و نابێ) و (عه‌یبه، مه‌که، مه‌ڵێ و مه‌چۆ) دۆڵپێچ کراوه. وه‌ک پێویست ڕێز له خواست و ئاره‌زووه که‌سه‌کی و تایبه‌تییه‌کانی ناگیرێت و نهێنییه‌کانیشی ناپارێزرێت. به‌ڵکو نهێنییه‌کانی فڕێده‌درێنه ئه‌و گۆڕه، بۆ به‌رچاو و گوێی گشتی. ئێستایش مافه‌یلی تاک، له‌لایه‌ن که‌سانی خوێده‌وار و نه‌خوێنده‌واره‌وه وه‌ک یه‌ک پێشێل ده‌کرێت.
تاک له‌لای خۆمان له‌بۆ دابین کردن و پاراستنی سنووری تاکایه‌تیی خۆی، هیشتا له ملانێ و بێنه و به‌ره‌ی سه‌ختی ڕۆژانه‌دایه. ئێستایش هه‌ر تاکێکی کورد بگریت، به‌ده‌یان چاوی ته‌لسکۆپی چاودێریی ورد ده‌کرێت. هه‌ڵه و تێکه‌وتنه گچکه‌کانی بۆ ده‌خه‌نه ژیر وردبینه‌وه و له‌وێوه نابووت و ناوزڕاوی ده‌که‌ن. ئه‌م هەموو گوێیه هه‌میشه مووچانه، ئه‌م هەموو چاوه تهلسکۆپییه هه‌میشه کراوانه، بچووکترین لادان له داوونه‌ریت و هه‌ڤۆته‌کانی ئایین و تایفه و خێڵی، له‌سه‌ر ده‌که‌ن به ماڵ. وه‌ک ئیدیه‌مه خۆماڵییه‌که ده‌ڵێت: (کێچێکی لێ ده‌که‌ن به گایه‌ک) بۆیه تاکی کورد، بوونه‌وه‌رێکی چڕووساوه و ناچارکراوه بخزێته نێو قاپڵووخهکهی خۆی و به ڕووی ژیان و ده‌وروبه‌ر و به ڕووی دنیاشدا نه‌کرێته‌وه.
تاکی کورد، ناچارکراوه، له خۆی دوودڵ و به‌گومان بێت و هه‌میشه له زڕاندنی ناووداو و کوشتنی که‌سیه‌تیی خۆی زه‌نده‌قی چووبێت. لێره به زۆرداره‌کی تاکیان ترنجاندووه‌ته گۆشه‌یه‌کی ته‌سکه‌وه، تاکو جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێت له پێسته‌که‌ی خۆیدا بجووڵێته‌وه و به‌کامی دڵی خۆی گه‌مان بکات، کار بکات، بخوات، بخواته‌وه و چێژ له کایه‌کانی ژیان ببینێت.
به‌ڕاست کێن ئه‌وانه‌ی وا تاکێتیمان دهچڕووسێنن و تێکیده‌شکێنن، پێشیلی ده‌که‌ن و ده‌یخه‌نه ژێر چاودێریی وردی خۆیانه‌وه؟ له ڕاستیدا هه‌ر خۆمانین، که وه‌ک پێویست ڕێز له یه‌کودوو ناگرین. لووت دهژهنینه نێو ورد و درشتی کاروباری یه‌که‌وه. به‌مێژووی یهکودوودا ده‌چینه‌وه و به شوێن که‌لێنێکدا ده‌گه‌ڕێین، تاکو وه‌ک هه‌نجه‌ت و به‌ڵگه دژی یه‌ک به‌کاری بهێنین. ده‌رکه‌وتنی ئه‌م دیارده ناجۆره له‌نێو چین و تویژه بهرفڕاوانهکانی کۆمه‌ڵدا هه‌ر نه‌یسه. وه‌لێ، له‌نێو توێژی ده‌سته‌بژێردا، جێی سه‌رنج و له‌سه‌ر وه‌ستانی زیاتره.
وه‌ک نموونه، ڕای گشتی له ژێر زۆر ناونیشاندا، قه‌بووڵی نییه ڕه‌گه‌زی مێینه سوود له وه‌رزی هاوین ببینێت. هه‌ر ئه‌م ڕای گشتییه، قه‌بووڵ ناکات، تاکێک بڕێک ته‌مه‌نی هه‌بێت، به هاوینان پێڵاوی هاوێنه‌ی وه‌ک سۆل و (سه‌نده‌لی) له‌پێ بکات، گوایه له ته‌مه‌نی ئه‌و ناوه‌شێته‌وه.
له باشوور، هه‌ندێک له ئازادییه‌کان ده‌سته‌به‌ر بوونه، که‌چی به‌دیهێنانی ئه‌مه‌یان که به ده‌ست خۆمانه و داگیرکا‌ر نه‌خشێکی له‌م پرسه‌دا نییه، هه‌ر خۆمانین پێشێلی ده‌که‌ین. ڕۆژانه له شوێنه گشتییه‌کاندا گوێت لێ ده‌بێت، خه‌ڵکانی بێ کار‌و بێ ویژدان، چۆن لووت دهژننه نێو کاروباری زۆر تایبه‌تیی ئه‌وانی تره‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌یان هه‌بێت. یه‌کێکیان بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم بکات ده‌تهێنێته په‌ناوه، سه‌باره‌ت به که‌سێک، که ساڵانێک پێکه‌وه هاوڕێ بوونه، ده‌ڵێت:
(ئا ئه‌و زه‌لامه‌ی وا لێره‌وه ڕه‌تبوو، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه دڕاوه! پارچه‌یه‌ک زه‌ویی ئه‌وه‌نده مه‌تریی له‌وێنده‌رێ وه‌رگرتووه، خانوویه‌کی له فڵان گه‌ڕه‌ک کڕیوه و کۆنه‌که‌ی کردووه به دووقات. شوققهیهکیشی له فڵانه گه‌ڕه‌كدا به‌وه‌نده ده‌فته‌ر كڕیوه. دوو پاسی له‌ڕێی به‌غداد له‌کاردایه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیش ناکه‌یت سبه‌ی ژماره‌ی پاسهکانیت بۆ ده‌هێنم. هه‌ر ئه‌م پیاوه، له نه‌وه‌ده‌کاندا نووسینگه‌یه‌کی تهلهفوونی له سه‌ر فڵانه شه‌قام هه‌بوو، له فڵانه ڕێکخراودا ئه‌وه‌نده (گه‌ڵا) و له فه‌رمانگه‌که‌ی خۆیشی مانگی ئه‌وه‌نده دیناری وه‌رده‌گرت!)
ئه‌گه‌ر (ئه‌و پیاوه) گه‌نده‌ڵ بێت، ئه‌وه کاری لیژنه‌ی ڕوونی و لێپرسینه‌وه‌یه، به‌گیری بهێنێت. لیژنه‌یه‌ک به فه‌رمی له‌لایه‌ن پارله‌مان، یان هه‌ر پێگه‌یه‌کی فه‌رمیی باڵاوه پێکهاتبێت، بۆی هه‌یه لێی بپرسێته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر کاره‌کانی (ئه‌و پیاوه) بچنه خانه‌ی خیانه‌ته‌وه، ئه‌وا به‌شوێنداچوون و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ری، کاری ئه‌و دهزگهیانهیه، که پاراستنی ئه‌م نیشتمانه‌یان له ئه‌ستۆدایه.
پێشێل کردنی مافی تاک و تاکایه‌تی، له‌زۆر فۆرمی دیکه‌یشدا به‌رچاو ده‌که‌وێت، که دیسان هه‌ر خۆمان لێی به‌رپرسین. کاتێک نواژدارێک له کوردستان، دوو دوو نه‌خۆش ده‌کاته ژووره‌وه و ده‌یانپشکنێت، ئه‌وه تاکایه‌تیی ئه‌وانی پێشێل کردووه. چونکه ناشێ و نابێ، که‌سێک به ده‌رد و نه‌خۆشیی که‌سێکی دیکه بزانێت. ئه‌وانی نوژداریش له کوردستان، وه‌ک ته‌واوی نوژدارانی ئه‌م جیهانه، سوێندیان خواردووه نهێنییه‌کانی نه‌خۆش ئاشکرانه‌که‌ن، مه‌گه‌ر له‌سه‌ر داوای دادگه، یان له‌سه‌ر ئه‌رێی نه‌خۆشه‌که خۆی. ئه‌وه‌تا ئه‌م پێشێلکارییه‌ی مافی تاک، له‌لایه‌ن توێژێکی به حیساب خوێنده‌واره‌وه ده‌کرێت. ئه‌ویش له پێناوی شتێک پاره‌دا، من ئه‌مه‌یانم، له نۆرینگه‌ی تایبه‌تی نوژدارێکدا، به چاوی خۆم دیوه و به‌سه‌ر خۆیشم هاتووه. کاتێک له‌لای ئاشنایه‌کی خۆم گێڕامه‌وه، وتی: جا تۆ چیت دیوه؟ له نه‌خۆشخانه‌کاندا شه‌ش و حه‌وت پێکه‌وه، نه‌خۆش ده‌که‌نه ژووره‌وه بۆ لای نوژدار!
له سه‌رێکی تره‌وه، سنووری ئازادییه‌کانی تاک له کوردستاندا، وه‌ک تاکی هه‌ر جڤاکێکی ڕۆژهه‌ڵاتیی پاشڤه‌ڕۆ و خێڵه‌کی، باخی بێ په‌رژینه. ئه‌م و ئه‌و به‌ئاسانی ته‌راتێنی تێدا ده‌که‌ن. تاک لێره هێشتا له یاساکانی ژێر ده‌واری خێڵ ڕزگاری نه‌بووه. ئه‌و ده‌بێت به‌شێک له‌ژیانی خۆی بۆ خێڵه‌که‌ی ته‌رخان بکات، ده‌نا وه‌ک ترسنۆک و لاده‌ر حیسابی بۆ ده‌کرێت. هاوکات ده‌بێت گوێڕایه‌ڵی هه‌ڤۆته‌کانی حزب بێت و به موو لێیان لانه‌دات. ئێ حزبهیلیش سه‌رجه‌میان ستالینین. لهسهرێڕا فرمان و ڕێنماییه‌کان داده‌به‌زێننه خوار بۆ بنکه‌ی حزب. هیچ ئه‌ندامێک بۆی نییه سه‌رپێچی له ڕاپهڕاندنیاندا بکات و که‌مته‌رخه‌می بنوێنێت.
هه‌ژموونی ئاینیش له‌سه‌ر تاک له‌ولاوه بوه‌ستێت. بیهێنه پێش چاوی خۆت، له کۆمه‌ڵگه بچووکه‌که‌ی گونددا تۆ مامۆستا بیت و له‌کاتی خۆیدا سه‌ری مزگه‌وت نه‌ده‌یت. ڕه‌مه‌زان به‌سه‌ردا بێت و سووسه‌یان کردبێت تۆ به‌ڕۆژو نابیت. بێگومان گوندێک زارت لێ ده‌کاته‌وه و سه‌رزه‌نشتت ده‌که‌ن و پاشملهیشت ده‌ڵێن. له‌وانه‌یه ئهفهرۆزیشت بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر ڕۆژێک له‌و گونده‌دا که‌سێک کۆچی دوایی کرد، بێگومان تۆیش هه‌ر ده‌بێت به‌شداری پرسه‌که‌ی بیت. پرسه‌یش به زۆری له مزگه‌وته‌که‌ی گوند به‌ڕێوه ده‌چێت. کاتێک بانگی عه‌سری دا، ئیتر ئه‌وان ده‌چن ده‌ستنوێژ ده‌گرن و نوێژی خۆیان دادهبستن بێجگه له تۆ، که یان ده‌چێته ده‌رێی مزگه‌وت یان له‌دوای دواوه خۆت به تهزبیحێکهوه سه‌رقاڵ ده‌که‌یت. بیهێنه پێش چاو، هه‌ست به چی شڵه‌ژان و ئیحراجییه‌ک ده‌که‌یت، کاتێک ئه‌وان هه‌ر به زمانی جه‌سته ده‌یده‌نه‌وه به چاوتا، که تۆ له‌م ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌دا به‌شدارییان ناکه‌یت. لێره‌وه ڕه‌نگه تۆ، له‌و کۆمه‌ڵگه گچکه‌یه‌دا ببیت به که‌سێکی نه‌خوازراو و ڕای گشتیی گوندیشت به‌ره‌وڕوو ببێته‌وه.
دابین کردنی مافه‌یلی تاک، مرۆڤ له هه‌ژموونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ڕزگار ده‌کات، که هه‌ندێکیان خۆیان به پیرۆز ده‌زانن. وه‌ک نموونه تاک له کۆمه‌ڵی خێڵه‌کیدا ئازاد نییه، چونکه ئه‌و به موڵکی خێڵ بووه. ئه‌گه‌ر خێڵ پێویستی پێی بوو، گه‌ره‌که مل بدات و ئاماده‌باش بێت. به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌مه‌ی مه‌ترسی ڕوو له خێڵ ده‌کات و خێڵیش دۆخی عێلجاڕ (النفیر العام) ڕاده‌گه‌یه‌نێت. به‌پێی یاسای تۆمارنه‌کراوی خێڵیش، له دۆخی عێلجاڕدا گه‌ره‌که تاک له پێناوی ڕاگرتنی شکۆمه‌ندیی خێڵ و سهرخێڵهکهیدا گیانی خۆی بکات به قوربانی. واته نه‌ک له پێناوی به‌هایه‌کدا، که خۆی هه‌ڵیبژاردبێ. ئه‌و ده‌بێ له‌تافی ته‌نگژه‌دا ده‌ستبه‌رداری ته‌واوی پێوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانی خۆی بێت. بێ ساوه‌ساو بداته پاڵ تایفه و خێڵ و حزب. وه‌لێ مرۆڤی ئازاد، بهپهز بوون له مێگه‌لدا ڕه‌ت ده‌کاته‌وه.
ڕاستت ده‌وێت، تاک له‌کۆمه‌ڵی خێڵه‌کیدا هێشتا به هاووڵاتی نه‌بووه. چونکه کۆمه‌ڵی خێڵه‌کی هێشتا ئه‌وه‌نده کامڵ نه‌بووه، بگاته ئه‌و ئاسته‌ی پێی بوترێت (گه‌ل). چونکه هه‌ر گروویه‌کی ئیتنیکی، ئه‌و ده‌مه شیاوی ئه‌وه‌یه پێی بوترێت (گه‌ڵ)، که خواست، یان خواستهیلی هاوبه‌شیان هه‌بێت و به هه‌موویان هه‌وڵی جێبه‌جیکردنی ئه‌و خواستانه بده‌ن. واته له‌م سه‌رده‌مه‌دا پرۆژه‌ی هاوبه‌ش مه‌رجی به‌گه‌ل بوونه.
پێموایه له‌ودیو (من)ه‌وه هیچ شتێکی دیکه هه‌بوونی نییه. خێڵ و زۆر ڕێکخراوی دیکه‌ی نوێ به ناوی حزب و تایفه‌وه، گه‌ره‌کیانه تاک له ڕیزی مێگهلهکهیاندا ده‌سته‌مۆ بکه‌ن و یخی بده‌ن. ئه‌وان پێویستیان به که‌سێک نییه تاکێتی خۆی پاراستبێت و ڕێزی لێ نابێت و به‌ته‌نگییه‌وه بێت. خێڵهیل و حزبه‌یلی ڕۆژهه‌ڵاتی، پێویستییان به جۆره تاکێکه کۆیلایه‌تیی ئه‌وانی قه‌بووڵ بێت، یان لانیکه‌م له پێناوی خێڵدا، له به‌شێک له مافه‌یلی خۆی خۆش ببێت. لێره‌دا ئیتر خێڵ ده‌بێت به دۆزه‌خ. ئه‌و دۆزه‌خه‌ی، که سارته‌ر له گوته‌که‌ی خۆیدا مه‌به‌ستیه‌تی و ده‌ڵێت: (ئه‌وانی تر دۆزه‌خن!)
تاکی هۆشیار وه‌ک چۆن کۆمه‌ڵ ڕه‌تناکاته‌وه، نایشبێت به موڵک، یان کۆیله‌ی کۆمه‌ڵ، نه‌بادا کۆمه‌ڵ به‌پێی ویستی خۆی سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ی پێوه بکات و بیچڕوسێنێت. واته ده‌ستبه‌رداری مافه‌یلی خۆی نابێت. وه‌لێ ئه‌وی هۆشیار، هاوکاریی نێوان تاکو کۆمه‌ڵیش ڕه‌تناکاته‌وه، چونکه ئه‌م پێوه‌ندی و هاریکارییه، له دواجاردا به‌سوودی خۆی ده‌شکێته‌وه. په‌ره به تواناکانی خۆی ده‌دات و چالاکتری ده‌کات، کۆمه‌ڵیش ددان به تواناکانی ئه‌ودا ده‌نێت. ڕه‌نگه هه‌ندێک جاران، له‌سه‌ر چالاکییه‌کانی، کۆمه‌ڵ خه‌ڵاتیشی بکات.
به‌ر له ڕێنیسانس تاک له‌نێو تۆڕی خێزان و خێڵ و تایه‌فه‌دا بزر بووبوو، بواری خۆ نواندن و خۆ ده‌رخستنی بۆ نه‌ڕه‌خسابوو. نه‌یده‌توانی ئاره‌زووه‌کانی خۆی تێر بکات. له کۆندا تاک نه‌یتوانیوه له فرمانی خاوه‌نکار ده‌ربچێت. به‌شێکی زۆری مرۆڤ کۆیله بوونه. وه‌ک کاڵا کڕین و فرۆشتنیان پێوه کراوه. خاوه‌ن موڵک زه‌وییه‌که‌ی به پاڵهکانهوه فرۆشتووه. ژیان و مه‌رگی کۆیله‌کان به‌ده‌ستی خاوه‌ن کۆیله بووه. ته‌نیا خاوه‌ن کۆیله‌کان ئازاد بوونه. ئه‌م کۆیلانه ساکارترین مافیان نه‌بووه، ئه‌وان نه‌یانتوانیوه به‌ئاره‌زووی خۆ‌یا هاوسه‌رگیری ببه‌ستن. ئه‌و تاکانه‌ی، که به جووتیاری و به‌کۆیله‌یی له‌دایک بوونه، هه‌تا مردن هه‌ر به جووتیاری به‌کۆیله‌یی ژیاون. ئه‌وان هیچ ئۆرت و ئیعتیبارێکیان له کۆمه‌ڵدا نه‌بووه و ڕێزیان لێ نه‌گیراوه.
تاک له مێژووی کۆندا، به ویستی خۆی بڕوا و ئاینی بۆ خۆی هه‌ڵنه‌بژاردووه. قسه‌یه‌کی شێوه په‌ندی عاره‌بی هه‌یه ده‌ڵێت: خه‌ڵک له‌سه‌ر ئاینی پادشاکانیانن. (الناس علی دین ملوکهم) که‌واته ئه‌وه پادشاکان بوون، که بڕوا و ئاینیان به‌سه‌ر ڕه‌شوڕووتدا سه‌پاندووه. نه‌ک به خواستی خۆیان هه‌ڵیبژێرن. ڕه‌عیه‌ت ده‌بوو به مێشکی پادشا بیربکاته‌وه. سه‌رده‌مێکی دوور و درێژ که‌نیسه له ئه‌وروپادا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بووه و هیج مافێکی به تاک ڕهوانهبینیوه. پیاوه‌یلی ئاینی خۆیشیان هه‌ر ئازاد نه‌بوونه. ئه‌وان ته‌واوی ژیانی خۆیان بۆ خزمه‌تی که‌نیسه ته‌رخان کردووه. هه‌ر به‌پێی هه‌ڤۆته‌کانی ئاینه‌که‌ی خۆیان، به‌شی هه‌ره زۆریان له مافی هاوسه‌رگیری و چێ کردنی خێزان بێ به‌ش بوونه.
ئه‌مانه‌ی وا له سه‌رێرا ئاماژه‌مان پێدان، به‌شێکی هه‌ره گرینگی کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی باوی ئه‌و مێژووه‌ی پێکهێناوه، که لادان لێیان، لادان بووه له فه‌رهه‌نگ و کولتووری باوی سه‌رده‌م، سه‌رپێچی کردن لێیان تابوو بووه. وه‌لێ به‌شوین ئه‌م بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی وا مێژوویه‌ک بوو تاکی تێکهتوبوو، ڕێنیسانس سه‌ری هه‌ڵدا. ڕێنیسانس مرۆڤی تاکی کرد به چه‌ق و به رپرسی خۆی و سه‌روه‌ری گه‌ردوون. کردی به خاوه‌نی مافهیل و لێره‌وه زانست په‌ری سه‌ند. کۆیلایه‌تی بۆ ئاین و بۆ خاوه‌ن کۆیله ڕه‌ت کرده‌وه. له کۆمه‌ڵی کورده‌واریشدا، بۆ مێژوویه‌کی دوورودرێژ سیستمی خێڵ و بنه‌ماڵه و به‌ره‌باب زاڵ بووه، که تاک له وه‌ها ژینگه‌یه‌کدا خاوه‌نی ئۆرت و پێگه‌ی خۆی نه‌بووه. به‌گشتی چه‌مکی تاکایه‌تی له کۆمه‌ڵی خێڵ و تایفه‌دا نادیاره. جان فرانسوا دورتییه پێی وایه: ((به‌رله مۆدێرنه تاک نه‌بووه. ئه‌و که‌وتووه‌ته داوی کۆمه‌ڵی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه، بۆیه نه‌یتوانیوه بوونی هه‌بێت، مه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی ئاوهلمه، یان پێشه‌نگ، یان وه‌ک په‌راوێز خروای دوور له کۆمه‌ڵ.)) (١)
کوڕانی خێڵ وه‌ک ئه‌وه‌ی فۆتۆکۆپیی یه‌کتری بن، له‌یه‌ک ده‌چن. وه‌ک ئۆل، هه‌موو شیعه‌ن، یان هه‌موو سوننه‌ن. هه‌موویان جامانه‌کانیان یه‌ک ڕه‌نگه و به یه‌ک شێوه‌یش ده‌یبه‌ستن. هه‌موویان سمێڵ ده‌هێڵنه‌وه، به‌ڕاده‌یه‌ک سمێڵ تاشین له‌ناویاندا تابووه. یان هه‌موویان پرچ ده‌هێڵنه‌وه. یان له‌به‌ر هه‌ندێک هۆکاری ئاینی و بۆماوه، هه‌موو ڕه‌نگی شینیان ڕق لێیه. یان له قۆناغێکی گه‌شه کردندا گشتیان هه‌ر خه‌ریکی چێودارین. هه‌مووشیان چه‌ک هه‌ڵده‌گرن و سوارچاکن و ڕاوچین. یان هه‌موو جووتیارن. بۆیه بوار بۆ دره‌وشانه‌وه‌ی تاک کز بووه. تاک، یان (من) له‌ناو (ئێمه) دا تواوه‌ته‌وه.
وه‌لێ به چوونه پێشه‌وه‌ی سه‌رده‌م، دابه‌شبوونی کار هاتووه‌ته ئاراوه. واته هه‌ر که‌سیک به‌پێی توانا و لێهاتوویی خۆی کاری کردووه. لێره‌یشه‌وه ورده ورده له پاشکۆیه‌تی خێڵ، تایفه و بنه‌ماڵه ڕزگاری بووه و له‌بری (ئێمه)ی سه‌رده‌می زوو، بووه به خاوه‌نی (من)ی خۆی. تاک هه‌تا ئه‌ندامی خێڵێکی دیاریکراو بێت، ئه‌وا خاوه‌نی تاکایه‌تی نییه، خۆی سه‌روه‌ری خۆی نییه. هه‌روه‌ک خاوه‌نی پرۆژی خۆیشی نییه، به‌ڵکو ئه‌و له‌نێو خێڵ، یان تایفهکهیدا تواوه‌ته‌وه و له خاکوپای ئه‌وانی ترددایه.
(١) المعرفة، العدد، 580 کانوون الثاني 2012، بزوغ الفرد الحدیث ، جان فرانسوا دورتییه، ت: د. ماري شهرستان.