وههم و واقیع له فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆندا
مه‌رزه‌کانی نێوان وههم و واقیع، پێکداچوون و تێکه‌ڵاوبوونی چه‌مکه‌کانی زه‌مه‌نی وههم و زه‌مه‌نی واقیع و بزربوونی ڕاستییه‌کان له ته‌مومژی وه‌همدا، بنه‌مایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه هونه‌رییه‌کانه و ده‌کرێت له ڕاڕه‌وه‌کانی وه‌همێکی فهنتازیئامێزهوه بگه‌ینه ڕاستییه ڕه‌هاکانی پرۆسه‌یه‌کی هونه‌ری. ئه‌م چه‌مکه فیکری و هونه‌رییه له ناوه‌ندی دیدی چاڵاکی و نه‌مایشه‌کانی شه‌ست و شه‌شه‌م فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆن دایه۱.
بۆ ئه‌م ساڵ ناوه‌ند و ده‌سته‌ی کارگێڕی فێستیڤاڵه‌که هونه‌رمه‌ند و ڕێژیسۆری به‌ریتانی (سیمۆن ماک بۆرنی)یان کردۆته به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری و به‌رپرسیاری یه‌که‌می په‌یوه‌ندیکردن و هه‌ڵبژاردنی نه‌مایشه‌کان و فۆرمەلەکردنی دیدی دراماتۆرگی و هونه‌ری فێستیڤاڵه‌که.
• سیمۆن ماک بۆرنی و گرووپی کۆمپلیسیتێ
سیمۆن ماک بۆرنی دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری گروپه به‌ناوبانگه ئهڤانگاردهکهی به‌ریتانیا کۆمپلیسیتێه وComplicite به نه‌مایشه باڵاکانیان لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێیان به ڕووی هونه‌ری ڕیژی و نواندن و شانۆیه‌کی ئه‌زموونگه‌ریدا کردۆتهوه٢.
ئه‌م گروپه بۆ فێستیڤاڵه‌که‌ی ئه‌م ساڵی ئه‌ڤینیۆن، ڕۆمانه گه‌وره‌که‌ی “میکائیل بۆلگهکۆف” ـ مامۆستا و مارگه‌ریتا ـ له ڕیژی “سیمۆن ماک بۆرنی”یان پێشکه‌ش کردووه. گه‌شته ئه‌فسوونییه‌که‌ی “سیمۆن ماک بۆرنی” به‌نێو ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا، مامه‌ڵه‌کردنێکی هونه‌رییه له‌گه‌ڵ چه‌مکی ڕاستی و وههم: ئه‌و دوو چه‌مکه له چه‌ندین وێنه، سه‌ما، جووڵه‌ی فیزیکی، گێڕانه‌وه، دیمه‌نی کورتی واقیعی و به‌رجه‌سته‌کردنێکی چڕی ئه‌و دونیا به‌رینه‌ی “میکائیل بۆلگهکۆف”دا له کێشه و ململانێ دان. وههم یان واقیع، ڕاستی یان درۆ؟ ئه‌و پرسیارانه‌ن، که “سیمۆن ماک بۆرنی” له ڕۆمانه‌که‌دا کاری له‌سه‌ر کردوون و دیدی فێستیڤاڵهکهیشی به‌ستۆته‌وه به ئه‌زموونی هونه‌رمه‌نده‌کانی تره‌وه بۆ ڕاڤه‌کردن و تێڕامانی ڕه‌هه‌نده‌کانی وههم و واقیع. “سیمۆن ماک بۆرنی” له پرۆگرامی نهمایشهکهیدا، به دێرێک گوزارشت له‌م پرۆسه هونه‌ریی و فیکرییه ده‌کات و ده‌ڵێت :”ئێمه هه‌میشه له‌و وه‌همه‌دا ده‌ژین، که له‌سه‌ر بنه‌ماکانی وه‌همێکی تردا دروست بووه”
ئه‌م ساڵ زیاتر له هه‌زاروسه‌د پرۆژه هاتوونه‌ته “ئه‌ڤینیۆن” و له‌سه‌ر شانۆ، له‌ناو کلێساکان، باخچه و قوتابخانه‌کان، شوێنه گشتییه‌کان، گه‌راجی ماشێن، قاوه‌خانه‌کان، هه‌ندێک له باڕه‌کان، سه‌ر شه‌قامه‌کان. . . هتد بڵاو بوونه‌ته‌وه. “ئه‌ڤینیۆن” هه‌موو ساڵێک، له کاتی ئه‌م فێستیڤاڵه‌دا، له جوڵه‌یه‌کی پڕ له وزه و پێکداچوونێکی هه‌مه‌چه‌شنه و هه‌ڵکشانێکی بێوێنه‌دا، هونه‌ری شانۆ له ده‌رگاکانی وههم و واقیعدا کۆ ده‌کاته‌وه.
ئه‌م ساڵ، جگه له “سیمۆن ماک بۆرنی”، چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی تری بواری شانۆ وه‌کو “ولیام کێنتریدک”، “یۆهان بێرکیر”، “کریستۆف مارتهلێر” و “کاتچی میتچڵ” له ئه‌ڤینیۆن کۆ بوونهتهوه٣. ئه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ش له چوارچێوه‌ی وههم و واقیعدا پێکه‌وه کۆده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه، که شیکردنه‌وه و به‌دواداچوونی پرۆسه هونه‌رییه‌که ده‌بێته جێگای سه‌رنجی هه‌موویان. له‌و پرۆسه‌یه‌دا، له ڕێگاوه بۆ دوا قۆناخه‌کانی نه‌مایشه‌که و خوڵقاندنی کاره هونه‌رییه‌که، دید و بۆچوونه‌کانیان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و فۆرمه‌له‌ی ئه‌و شێوازه‌ی ده‌که‌ن، که ده‌گه‌نه بهرئهنجامهکانی٤.
• مامۆستا و مارگه‌ریتا
“سیمۆن ماک بۆرنی” نه‌مایشی “مامۆستا و مارگه‌ریتا” له یه‌کێک له گه‌وره‌ترین پانتاییه‌کانی به‌شی ده‌ره‌وه‌ی کلێسایه‌کدا نه‌مایش ده‌کات. ئه‌م هونه‌رمه‌نده به ڕیتمێکی جیاواز و چه‌ندین دیمه‌ن، که به شێوازێکی ته‌کنیکی سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌رجه‌سته کراون، هه‌موو ڕۆمانه‌که نه‌مایش ده‌که‌ن. “میکائیل بۆلگهکۆف” بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له سهنسۆرهکانی ئه‌و ده‌مه‌ی ڕووسیا ڕزگار بکات، به ئاگاییه‌وه چه‌ندین ئاستی جیاوازی له ستر‌کتوری ڕۆمانه‌که‌یدا به‌کار هێناوه. هه‌ندێک به‌شی له خه‌ونێکی هونه‌رییه‌وه نزیکن و گه‌مه به واقیع له وه‌همێکی فه‌لسه‌فیدا ده‌کات. “سیمۆن ماک بۆرنی” ڕۆمانه‌که له وه‌همێکی واقیعئامێزی فرە ڕهههندهوە نزیک ده‌کاته‌وه، به شێوه‌یه‌ک دیدی ڕیژی و ئامرازه هونه‌رییه‌کان دووپاتکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌و وه‌همه‌یه، که له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا، هه‌موومان وه‌ک حه‌قیقه‌تێکی ڕه‌ها مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین و تیایدا ده‌ژین.
“سیمۆن ماک بۆرنی” به هۆی به‌کارهێنانی ته‌کنیکی ڤیدیۆ و پرۆجێکتهرهوه، به به‌رده‌وامی گۆڕانکاری له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و به به‌رچاوی بینه‌رانه‌وه دروست ده‌کات. ته‌کنیکی ده‌نگ، گه‌مه‌یه‌کی جه‌سته‌یی ئه‌کته‌ره‌کان ، وه‌ک یه‌که‌یه‌کی هونه‌ری و گشتگر، نه‌مایشه‌که ده‌که‌نه چه‌ندین چرکه ساتی تهلیسماوی٥.
• دژهزهمهن
زه‌مه‌نی وههم و زه‌مه‌نی واقیع له پانتاییه هونه‌رییه‌کانی فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆندا زه‌مه‌نێکی فه‌لسه‌فی و شل، زه‌مه‌نێک له ده‌ره‌وه‌ی هەموو ڕێساکانه‌وه دروست ده‌کات. زه‌مه‌نی فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆن ده‌بێته بنه‌مایه‌ک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌کان و زه‌مینه خۆش ده‌کات بۆ وه‌همێکی فره‌کلتووری. خودی فێستیڤاڵه‌که‌ش به نه‌مایشێکی مۆسیقی به‌ناوی (دژهزهمهن)ه‌وه ده‌کرێته‌وه.
“ولیام کێنتریدگه” وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی به سه‌لیقه له ستر‌کتوری پرۆژه‌که‌یه‌وه، وه‌ک دیدێکی هونه‌ری، په‌نا ده‌باته به‌ر دونیایه‌کی ناجێگیر و نادڵنیا و نادیار و له‌م باره نائارامه‌وه زه‌مه‌نێکی چڕ و فره‌میدیا و فره‌کلتووری تر ده‌خوڵقێنێت. ئه‌م هونه‌رمه‌نده جگه له کاری ڕیژی، ڕۆڵی حیکایه‌تخوان ده‌بینێت و به یارمه‌تی هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له مۆسیقا و سه‌ما و گۆرانی ئه‌فریقایی و ئه‌وڕوپی، ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌کی جیاوازی ئه‌م دوو کیشوهرهمان بۆ به‌رجه‌سته بکات. هه‌موو نه‌مایشه‌که خوێندنه‌وه‌یه‌که بۆ چه‌مکه‌کانی زه‌مه‌ن و تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن.
وێنه و گۆرانی و گه‌مه ڕیتمئامێزهکان به چه‌شنی سه‌مایه‌کی سه‌ره‌تایی گوزارشت له زه‌مه‌نی ئێستا و له ڕابردوودا ده‌که‌ن، ئەمە جگە لەوەی کە گوزارشت له زه‌مه‌ن له شوێنه جیاوازه‌کانیش ده‌که‌ن، بۆ نموونه زه‌مه‌ن له ئه‌وڕوپا و له ئه‌فریقیا، ئه‌مه‌ش پێکداچوونێکی زه‌مه‌نه له دوو کیشوه‌ری جیاواز و له هه‌مانکاتدا له دوو زه‌مه‌نی جیاوازیشدا. له‌م ده‌روازه‌یه‌شه‌وه وههم و واقیع، له ئه‌وڕوپا و له ئه‌فریقیا (لێره و له‌وێ) ده‌بێته ڕاستییه‌کی دووفاق، به‌ڵام ڕه‌ها. نه‌مایشی “دژهزهمهن” به مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن و گۆڕینی ڕیتمه‌کان، وه‌کو گه‌مه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی تر، له کیشوه‌رێکه‌وه بۆ کیشوه‌رێکی تر (ئه‌وڕوپا و ئه‌فریقیا)، هه‌روه‌ها چه‌مکه سیاسییه‌که‌ش ڕوون ده‌کاته‌وه. زه‌مه‌نی داگیرکردنی ئه‌فریقیا و زه‌مه‌نی هێرشی ئه‌وڕوپییه‌کان و دابه‌شکردنی ئه‌فریقیا: دابه‌شکردنی زه‌مه‌ن و شوێن و جوگرافیا و مێژووه.
ئه‌م نه‌مایشه ده‌یه‌وێت له زه‌مه‌نێکی وه‌همدا ڕه‌هه‌نده‌کانی پۆست کۆڵۆنیالیزمی ئه‌وڕوپی بخاته ژێر پرسیاره‌وه و له هه‌مانکاتدا، وههم و واقیع له بنه‌ما پۆست کۆڵۆنیالیزمهکانهوه ببه‌ستێته‌وه به زه‌مه‌نێکی بزۆز و ناجێگیری ئه‌فریقاوه.
“ولیام کێنتریدگه” به نه‌مایشی “دژهزهمهن” له ڕێگه‌ی وێنه و گۆرانی و سه‌ماوه، هێزی چه‌مکه‌کانی زه‌مه‌ن له گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فییه‌وه، له دواوه، له زه‌مه‌نه به‌سه‌رچووه‌کانه‌وه بۆ خاڵی سفر تاقی دەکاتەوە و مامه‌ڵه‌یه‌کی هونه‌ری و ئێستاتیکیان له‌گه‌ڵدا دەکات. یاده‌وه‌رییه‌کان له چاوتروکاندنێکی تروسکهئاسادا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و خاڵه‌ی، بۆ ئه‌و ئاسته‌ی، که هێشتا ڕوویان نه‌داوه یان به چه‌شنێک بمانه‌وێت ڕێگا له‌و زه‌مه‌نه بگرین و نه‌یه‌ڵین هه‌رگیز ڕوو بده‌ن.
وههم و واقیع له خاڵی سفره‌وه، له خه‌ونه‌کانه‌وه، له فه‌نتازیا و له‌نێو چه‌مکه کلتوورییه‌کاندا، له بنه‌ما جیاوازه‌کانی کلتوورهکانهوه، مانایه‌کی تر له‌خۆ ده‌گرێت. وه‌ک “سیمۆن ماک بۆرنی” ئاماژه‌ی بۆ ده‌کات “ده‌بێته ئه‌و وه‌همه‌ی، که ئێمه ژیانی واقیعی خۆمانمان له‌سه‌ر ڕۆناوه” له‌پڕ زه‌مه‌ن له‌نێو وه‌همێکی ته‌مومژاویدا ده‌بێته واقیعێکی ڕه‌ها و واقیعیش ده‌بێته وێنه‌یه‌کی ته‌ڵخ و نادیاری وه‌همێکی ئاماده.
به‌ڵام هونه‌رمه‌ند، “سۆفی کاڵ” به فۆرم و ستایلێکی تر کاری له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌کانی زه‌مه‌ن کردووه. ئه‌م هونه‌رمه‌نده له مه‌رگی دایکییه‌وه، به فیلمێکی یانزه ده‌قیقه‌یی، که له کلێسایه‌کدا پێشان ده‌درێت، وه‌همێکمان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌کات زیاتر ئاوێزانی دونیایه‌کی نادیار بووه تا له واقیعێکی هه‌ستپێکراو. فیلمەکه زیاتر له دوو توێی ده‌موچاو و سیمای نزیکی ئافره‌تێکه‌وه (دایکه‌وه) گیراوه. ئه‌م ئافره‌ته نووستووه یان له غهیبووبهیهکی ئه‌به‌دی دایه، به ڕێگاوه‌یه به‌ره‌و سنووره‌کانی واقیعێکی نادیار، به‌ره‌و دونیای مه‌رگ. خودی فیلمەکه گێڕانه‌وه‌ی گه‌شتی دایکێکه له بارودۆخێکی نائامادهوه، له ژیانێکی له‌ده‌ستچووه‌وه بۆ سنووره‌کانی مهرگ٦. ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌م کاره وه‌همێکمان بۆ ده‌خوڵقێنێت، که به‌رجه‌سته‌ی واقیعێکی نادیار، واقیعی مه‌رگمان بۆ ده‌کات به‌م شێوه‌یه‌ش فیڵمه‌که ده‌بێته چیرۆکی گێڕانه‌وه‌ی مه‌رگی هه‌موو دایکه‌کان. هەڵبژاردنی کلێسایەکیش بۆ پێشاندانی ئەم فیلمە کورتە، چەندین مانا دەگەیەنێت، لە ڕووی دینییەوە خانووبەرەی کلێساکە دەبێتە هێمای جێگایەکی پیرۆز لە بەینی دونیای ئێمەو دونیای مردووەکاندا، لەهەمانکاتدا هەڵۆێستە کردنێکە لە رووی پێگەو رۆڵی کلێسا لە کۆمەڵگایەکی سەکولاردا. کلێساکان دەسەڵاتی ڕەهای چاخەکانی ناوەراستیان نەماوە، بەڵام پلاتفۆرمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هونەرییان هەیە.
• ڕۆمان له شانۆدا
جگه له چه‌مکه‌کانی وههم و واقیع به شانۆکردنی ڕۆمانی کلاسیکی و مۆدێرنی ئه‌ده‌بی ئه‌وڕوپی، به‌شێکی گرینگی چاڵاکییه‌کانی فێستیڤاڵی ئه‌م ساڵی ئه‌ڤینیۆن پێک دێنێت. ئه‌و نهمایشانهی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئه‌وڕوپی و هونه‌ری ڕۆمان ڕۆنراون، ئه‌فسوونی وشه‌یان کردۆته حاڵه‌تێکی فیزیکی، ڕه‌وشێکی وێنه‌یی و بهشانۆکردنێکی ده‌سه‌ڵاتی وشه.
وه‌کو پێشتر، له ده‌ستپێکی ئه‌م باسه‌دا، ئاماژه‌مان بۆ کرد، “سیمۆن ماک بۆرنی” خوێندنه‌وه‌یه‌کی مۆدێرنی بۆ ڕۆمانی “مامۆستا و مارگه‌ریتا”ی “میکائیل بۆڵگاکۆف” کردووه. ئه‌م هونه‌رمه‌نده به هاریکاری گروپه‌که‌ی توانیویانه ئه‌و ڕۆمانه دێرینه‌ی ئه‌ده‌بی ڕوسی، ئه‌و هوروژمی وشه‌یه له بۆته‌ی شانۆیه‌کی فیزیکی نزیک به سه‌ماوه، به یارمه‌تی ته‌کنیکێکی به‌رزی نوێ و دیدێکی هونه‌ری ئاشکراوه بکه‌نه نه‌مایشێکی باڵا.
“سیمۆن ماک بۆرنی” له‌پڕ دیمه‌نه شانۆییه‌که و سه‌ماکه له چرکه‌ساتێکی بزۆزدا ده‌وه‌ستێنێت، له‌بری ئه‌مه دیمه‌نێکی ڤیدیۆ، فلیمێکی گوزارشتئامێز تێكه‌ڵی ڕووداوه‌کان ده‌بێت. ئه‌کته‌ره‌کان هه‌ر خۆشیان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆکه‌وه ده‌چنه نێو دیمه‌نه سینه‌ماییه‌کانه‌وه و له کرده‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراودا به‌رکه‌وتنێکی سه‌یر له‌نێوان شانۆ و هونه‌ری ڤیدیۆ و کاریگه‌رییه‌کانی ده‌نگدا ڕوو ده‌دات.
ڕیژیسۆری به‌ریتانی “کاتچی میتچڵ” سه‌رله‌نوێ، به ستایله پۆست مۆدێرنه فره میدیاییه‌که‌یه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌ده‌بی کلاسیکی ئهوڕوپی٧. “کاتچی میتچڵ” دوای پرۆژه‌کانی تری له بواری بهشانۆکردنی ڕۆماندا، به تایبه‌تی هه‌وڵه ئه‌زموونگه‌رییه‌کانی له له‌نده‌ن، به‌رلین و ستۆکهۆڵم و گه‌ڕانه بهردهوامەکەی به‌ناو ڕاڕه‌وه نهێنییه‌کانی هونه‌ری ڕۆماندا، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر یه‌کێک له ڕۆمانه‌کانی W. G. Sebald .٨
“کاتچی میتچڵ” له‌م پرۆژه‌یه‌یدا نزیکه له دید و شێوازه‌کانی تری کارکردنی، به تایبه‌تی نه‌مایشی “خاتوو ژٶلیا”، که له به‌رلین و ستۆکهۆڵم پێشکه‌شی کردووه. ئه‌م ڕیژیسۆره هه‌موو پانتایی شانۆکه‌ی کردۆته جۆره ستۆدیۆیه‌ک بۆ به‌کارهێنانی ده‌نگ و ئاماده‌کردن و وێنه‌گرتنی فیلمی سینه‌مایی.
چه‌ند که‌سێک له‌سه‌ر شانۆکه ڕووله بینه‌ران ده‌که‌ن و ئه‌و به‌شانه ده‌گێڕنه‌وه، که گوزارشت له “من”ی ڕۆمانه‌که ده‌که‌ن. له هه‌مانکاتدا، شه‌ش که‌سی تر ده‌نگ و مۆسیقا بۆ ئه‌و دیمه‌نه ڕه‌ش و سپییانه ئاماده ده‌که‌ن، که ڕاسته‌وخۆ له‌وێدا وێنه‌یان ده‌گرن و له‌سه‌ر سێ شاشه‌ی گه‌وره، که به دیواره‌کانه‌وه هه‌ڵواسراون، پێشان ئه‌درێن. له هه‌ندێک شوێندا ئه‌و به‌شانه‌ی، که به‌به‌رچاوی بینه‌رانه‌وه ده‌گیرێن، تێکه‌ڵاوی دیمه‌ن و فیلمی دۆکومێنتاری ده‌کرێن. دیمه‌نه‌کان له دیدی ڕۆماننووسهکهوه و له ڕوانگه‌ی وێنه سینه‌ماییه‌کان و هه‌روه‌ها تێکه‌ڵکردنیان به به‌شه دۆکومێنتارییهکانهوه، جۆره خستنه‌ڕوویه‌کی مێژووی ئه‌وڕوپایه.
ڕێژیسۆری ئه‌م ڕۆمانه بهشانۆکراوه ده‌یه‌وێت له ده‌روازه‌کانی ته‌کنیکی سینه‌ما و ئامرازه‌کانی میدیاوه ئه‌م مێژووه له ڕه‌وشێکی پارچه‌پارچه‌کراودا به‌رجه‌سته بکات، که گوزارشت له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌وڕوپا ده‌کات، نه‌ک یه‌کگرتنی. هه‌روه‌ها نه‌مایشه‌که جۆره گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی زه‌مه‌نه له پێناوی گه‌ڕان به‌دوای سه‌ره‌تاکانی کلتووری ئه‌وڕوپا و به‌ستنه‌وه‌ی به‌م چرکه‌ساتانه‌ی ئێستامانه‌وه، ئێستای ئه‌وڕوپا و سترکتورەکانی فره‌کلتووری و بزربوونی پێناس و دروستکردنی وه‌همێکی به‌هێز. له‌و وه‌همه‌دا، واقیع و ئێستا و پێناس و چه‌مکه‌کانی فره‌کلتووری له کۆمه‌ڵگای ئه‌وڕوپادا ده‌بن به چه‌قی وێنه سینه‌ماییه‌کان. ئەم نەمایشە دووپاتی ئەو وەهمەش دەکاتەوە کە سیستەمی ئەمڕۆی ئەوروپا ناچارمان دەکات لەبری واقیع تیا بژین و واقیعی خۆشمان لە بیر بکەین.
دانا ڕه‌ئووف
——————-
پەراوێزەکان
۱ . فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆن گرینگ‌ترین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆییه له‌سه‌ر ئاستی جیهان. ئه‌م فێستیڤاڵه له ساڵی ١٩٤٦ دا دامه‌زراوه و تا ئێستاش ساڵانه له سه‌رتاسه‌ری دونیادا گرینگ‌ترین ته‌وژمه شانۆییه‌کان، شانۆکاره هه‌ره دیاره‌کان و نه‌مایشه به‌رزه‌کان کۆ ده‌کاته‌وه. ئه‌وه چه‌ند ساڵێکه فێستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆن جگه له شانۆ، سه‌ما، فیڵم و مۆسیقاش له‌خۆ ده‌گرێت.
٢ . من بۆ خۆم له‌وه‌وبه‌ر چه‌ندین کاری ئه‌م گرووپه و سیمۆن ماکبۆرنیم له ستۆکهۆڵم و له‌نده‌ن دیوه. هه‌ندێک له نهمایشهکانیانیشم له کتێبی “شانۆی سویدی”دا به‌سه‌ر کردۆتەوە. خوێنه‌ر بۆ زیاتر شاره‌زابوون له چۆنیه‌تی کاره‌کانی ئه‌م گرووپه‌وه ده‌توانێت بگه‌رێته‌وه بۆ سه‌ر کتێبی ناوبراو، له نووسینی دانا ڕه‌ئووف، چاپی هه‌ولێر، ده‌زگای ئاراس و چاپی سلێمانی، تیپی شانۆی سالار.
٣ . زۆربه‌ی کاره‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه، به تایبه‌تی “کریستۆف مارتهرلێر” و “کاتچی میتچڵ”م له به‌رلین و له ستۆکهۆڵم دیوه و شاره‌زای دید و بۆچوون و شێوازی کارکردنیانم.
٤ . ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه، ئه‌م فێستیڤاڵه بۆ ماوه‌ی سێ هه‌فته‌یه و جگه له‌و هونه‌رمه‌نده مۆدێرنانه‌ی ئه‌مڕۆی پرۆسه‌ی شانۆی ئه‌وڕوپی، چه‌ندین ریژیسۆر و هونه‌رمه‌ندی تر به‌شدارن. “تۆماس ئۆستهرمایهر”، “یهرۆمی بێڵ” و “ڕۆمیۆ کارستۆلیۆسی” به‌شێکن له‌و ناوه دیار و گرینگانه‌ی، که ئه‌م ساڵ به‌شدار بوون.
٥ . مه‌به‌ست له یه‌که‌یه‌کی هونه‌ری و گشتگر ئه‌وه‌یه، که ئه‌کته‌ره‌کان، وه‌ک گروپێکی یه‌کگرتوو، جووڵه‌کانیان، گوزارشتی جه‌سته و په‌یوه‌ندییه فیزیکییه‌کانیان هه‌میشه ته‌واوکه‌ری یه‌کترن، هه‌میشه وه‌ک یه‌که‌یه‌کی هونه‌ری گوزارشتیان له وێنه شانۆییه‌کان ده‌کرد و به هیچ شێوه‌یه‌ک له یه‌کتر جیا نه‌ده‌کرانه‌وه.
٦ . “سۆفی کاڵ” هه‌موو ڕۆژێک به‌ر له پێشاندانی فیلمەکه، چه‌رده‌یه‌ک له یاداشته‌کانی دایکی ده‌خوێنێته‌وه.
٧. “کاتچی میتچڵ” ڕۆمانی “شه‌پۆڵه‌کان”ی “فێرگینا وه‌ڵف” و “گه‌مژه”ی “دەستهێڤسکی” له‌سه‌ر شانۆکانی له‌نده‌ن پێشکه‌ش کردووه.
٨ . W. G. Sebald نووسه‌رێکی ئه‌ڵمانییه. له ساڵی ١٩٤٤دا له دایک بووه. له ساڵی ٢٠٠١یشدا، له به‌ریتانیا کۆچی دوایی کردووه. نووسین و ڕۆمانه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره جێگای سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گران و خوێنه‌رانیش بوون و وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زۆربه‌ی زمانه جیهانییه‌کان و هه‌میشه وه‌ک کاندیدێکی خه‌ڵاتی نۆبڵ له ئه‌ده‌ب ئاماژه‌ی بۆ کراوه. ئه‌م نووسه‌ره ستایلێکی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بووه. بۆ نموونه، خه‌یاڵ و بیۆگرافای ژیانی خۆی و که‌سانی ده‌وروبه‌ری خۆی له‌گه‌ڵ دۆکومێنتهکاندا تێکه‌ڵ کردووه. به واتایه‌کی تر، ڕۆمانه‌کانی تێکه‌ڵاوێکن له خه‌یاڵ، ژیانی خۆی، ژیانی که‌سانی دەوروبەری و دۆکومێنته‌کان.