Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
بریا حه‌جاج به‌ نه‌خۆشی نه‌مردایه!

بریا حه‌جاج به‌ نه‌خۆشی نه‌مردایه!

Closed

 

 

به‌پێی هه‌واڵی ڕۆژنامه‌ کوردییه‌کان، حه‌جاج به‌ نه‌خۆشی مرد! کوردێک له‌م باشووره‌دا نییه‌ ناوی (حه‌جاج)ی نه‌بیستبێ و له‌ زه‌ینی خۆێدا وێنه‌یه‌کی ئه‌وی نه‌کێشابێ. وێنه‌یه‌ک، له‌ مرۆڤ نه‌بێت له‌ هه‌موو بوونه‌وه‌رێکی دیکه‌ ده‌چێت‌. له‌ مێژووی دوور و نزیکی ئێمه‌دا، که‌سێکیش نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م ئه‌فسه‌ره‌، له‌ ئه‌تککردنه‌وه‌ ‌تا کوشتن، ئازاری ئێمه‌ی کوردی دابێ، کاتێک که‌سوکارمان به‌دیلی که‌وتوونه‌ته‌‌‌ به‌رده‌ستی. ئه‌و گورگه‌ مرۆڤه، ‌ده‌یانهه‌زار کوردی ناچار به‌ خواردنه‌وه‌ی ‌ئاوی پیس کردووه‌. له‌به‌ر سووری هه‌تاوی نوگره‌ سه‌لمان، له‌ ستوونی ئاسنی پێچاون تا گیانیان ده‌رچووه‌. دواتر سه‌گی خوێڕی لاشه‌‌ی قوربانییه‌کانی خواردووه‌. له ‌زاری (مام که‌ریم)ه‌وه‌،‌‌ که‌ به‌هۆی ته‌مه‌ن و نه‌خۆشییه‌وه‌‌، ده‌ستیان لێ شۆردبوو، لە نوگرە ئیزنیان دابوو، ئه‌وه‌نده‌م ده‌رباره‌ی دڕندایه‌تی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی سه‌ددام‌ بیستووه‌،‌ لێره‌دا جێی نابێته‌وه‌. 

زۆر به ‌داخه‌وه‌، نه‌ده‌بوو حه‌جاج له‌ نێوجێدا به ‌نه‌خۆشی بمرێ. به‌نده‌ له‌گه‌ڵ له‌داردانی مرۆڤدا نیم، ‌هه‌ڵواسینیش به‌‌ سزا‌ نازانم، چونکه‌ که‌سی هه‌ڵواسراو له‌به‌ینده‌چێت‌ و ده‌رسیش لەو سزایە وه‌رناگرێت. وه‌لێ ڕه‌وایه‌ به‌پێی یاسا، حه‌جاج له‌ زیندانێکی کوردستاندا دوا ساته‌کانی ته‌مه‌نی به‌سه‌رببردایه‌.

دوور له‌ تۆڵه‌ی خێڵه‌کییانه‌، به‌پێی‌ شه‌ریعه‌ته‌ ئاسمانی و زه‌مینییه‌کان، تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ مرۆڤی ‌تاوانکار ڕه‌وایه‌‌. به‌بێ تۆڵه‌ی یاسایی، جیهان ده‌بێته‌ دارستان و به‌هێز بێهێز تێکده‌شکێنێت. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی تاوانی ده‌ر‌هه‌ق به‌ مرۆڤ ئه‌نجامدابێت له‌جێیه‌ بارته‌قای تاوانه‌که‌ی‌ سزابدرێ. وه‌لێ ئه‌وه‌تا کوردکوژان، یان خۆمان ئازادیان ده‌که‌ین، یان به ‌ده‌ردی خوا ده‌مرن.

تۆ سه‌یری‌ مووساییه‌کان بکه‌. ئه‌وان دوای تێپه‌ڕینی‌ زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ به‌سه‌ر جه‌نگی دووه‌مدا، ئێستایش کوناوکن به‌شوێن ئه‌وانه‌دا ده‌گه‌ڕێن هۆلۆکۆستیان به‌سه‌ردا هێنان. ‌گه‌رچی تاوانبار‌ان‌ ناوو نێونیشانی خۆیان گۆڕی، ‌که‌فته‌کار بوون و ته‌مه‌نیان هه‌ڵکشا‌‌، به‌ڵام له‌ هه‌ر قوژبنێکی جیهاندا بن، ده‌یاندۆزنه‌وه‌ و ڕاده‌ستی دادگه‌که‌‌ی له‌مه‌ڕ خۆیانی ده‌که‌ن. 

کورد که‌ بتوانێت چه‌ندین ده‌زگه‌ی گرینگی هه‌بێت، ئیتر بۆچی ناتوانێ دادگه‌یه‌کی باڵا بۆ ڕاپێچ و دادگاییکردنی تاوانبارانی ئه‌نفال و کیمیاباران له‌ دادوه‌رانی خۆی دابمه‌زرێنێت؟ ئه‌گه‌ر مه‌یلی لێبێ، ئه‌وا ده‌توانێ ئه‌و تاوانبارانه‌ له‌بن عه‌ردیش بن‌، بیانخاته‌ سه‌ر عه‌رد. تۆ بڵێی ئه‌و هه‌موو ده‌زگه‌ی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌یه‌، تاوانکارانیان پێ ڕاده‌ستی عه‌داله‌تی کوردی نه‌کرێت؟

ده‌کرێ ئێمه، به‌ هاوکاریی دۆستانی کورد دادگه‌یه‌کمان له‌سه‌ر شێوه‌ی (داگه‌ی جینایاتی نێوده‌وڵه‌تی)ی له‌مه‌ڕ داواکاری گشتی (لویس مورینو ئوکامبو) هه‌بێ، تاکو تاوانباران له‌ هه‌رکوێیه‌کی جیهاندا بن بیاندۆزێته‌وه‌ و دادگایییان بکات. ده‌بووایه‌ کورد خۆی، دوای ڕاپه‌ین دادگه‌یه‌کی باڵای پێکبهێنایه‌؛ تاکو ده‌رسی هه‌موو کۆکوژچییه‌کی دابدایه‌، تاکو چییتر،‌ هیچ ملهوڕێک پڕکێشی ئه‌وه نه‌کات کاری هۆڤانه‌ ده‌رهه‌ق گه‌لێکی مێژووکرد ئه‌نجام بدات.

بۆچی ده‌بێ ئێمه‌ی کورد، بۆ دادگاییکردنی دوژمنانیشمان چاوله‌ده‌ستی عیراق بین؟ ده‌بوو ئێمه‌ به‌ ده‌ستی خۆمان، له‌ دادگه‌ی خۆماندا‌، له‌سه‌ر خاکی خۆمان، له‌به‌ڕ ڕۆشنایی یاسای نێوده‌ڵه‌تی بۆ تاوانبارانی جه‌نگ، دادگایی مولازم حه‌جاجه‌کان بکه‌ین و له‌سه‌ر خاکی خۆیشمان زیندانیان بۆ چێ که‌ین. ئێستایش نەچووە بچێت، ئەگەر کاربەدەستان مەیلیان لێ بێت.

حەمەفەریق حەسەن‌

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.