شیعر له ده‌روازه‌ی هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا
ئێمه له‌م وتاره‌دا باس له شیعری ڕامبۆ، ڤیرلێن، کیتس و بایرۆن و ئاراگوون ناکه‌ین. هه‌روه‌ک باسیش له ڕه‌ونشاده‌یلی وه‌ک جزیری، خانی، نالی، مه‌حوی، مه‌وله‌وی و گۆڕانیش ناکه‌ین. به‌ڵکو مه‌به‌ستمان پێ شیعری دوای ڕاپه‌ڕینه، که زێده‌گۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم شاعیرانی ئه‌م دوو ده‌یه‌یه‌ی دوایی، چه‌ندان جار هێنده‌ی هه‌موو شاعیرانی کلاسیک، له باباتاهیره‌وه تا دەگاتە هێمن، شیعریان به‌رهه‌مهێناوه. به‌ڵام چۆن شیعرێک؟
ئه‌مڕۆ شیعر له به‌رانبه‌ر ئه‌ده‌بی گێرانه‌وه‌دا، به چیرۆک و ڕۆمانه‌وه، به تایبه‌تی له به‌رانبه‌ر ڕۆماندا له پاشه‌کشه‌دایه. ئه‌مه ڕایه‌کی بێ به‌ڵگه نییه. به‌ڵکو له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع وه‌ها که‌وتووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌تا له‌کن خۆیشمان ئه‌م شاعیره‌یان ڕۆمانی شیعری ده‌نووسێت، ئه‌ویان ڕۆمانی ئاسایی و ئه‌وی تریان ساتیره چیرۆک ده‌نووسێت. هه‌یشیانه لێبڕاوه هه‌ر نه‌بێت ڕۆمان وه‌ربگێڕێته سه‌ر زمانی کوردی. وه‌ک هێژایان که‌ریم ده‌شتی، هیوا قادر، حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن و عه‌بدولقاد‌ر سه‌عید و چه‌ندانی تر. هه‌یانه ماوه‌یه‌که به جیددی مژووڵی چیڕچیرۆک نووسینه، وه‌ک عه‌باس عه‌بدوڵڵا، یوسف، که ئه‌مه‌یان کورتترین ژانرێکه سه‌ر به ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه بێت. ئه‌م بادانه‌وه‌یه، ڕه‌خنه گرانیشی به هه‌مان ئاقاره‌دا بردووه. هه‌ندێکیان جاران، که سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌ی شیعر بوون، نها خه‌ریکی به‌شویندا چوونی ڕۆمانی ئه‌و ڕۆماننووسانه‌ن، که جاران شیعریان نووسیوه، بێ گوێدانه ئاستی به‌رهه‌مه‌کانیان.
بره‌وی ڕۆمان به‌ڕاده‌یه‌کی ئه‌وتۆیه، نووسه‌ر هه‌ن هێشتا زمانی کوردی به‌باشی فێرنه‌بوون، که‌چی دێن به‌ڕاست و چه‌پدا له‌سه‌ر ڕۆمانه نه‌به‌کامه‌کان ده‌نووسن. ئه‌م دیارده‌یه، له‌پێش هه‌موو شتێکدا نیشانه‌ی گرنگیدانه به ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه.
پێده‌چێت یه‌که‌م شاعری لای خۆمان، که ده‌ستی دابێته چیرۆکنووسین دوای ئه‌حمه‌د موختار جاف، کامه‌ران موکری بووبێت. هه‌روه‌ک پێده‌چێت یه‌که‌م شاعیری لای خۆمان، که هه‌ستی به پاشه‌کشه‌ی شیعر کردبێت، دڵشاد مه‌ریوانی بووبێت. ئه‌ویش وه‌ک نزار قه‌بانی هێشتا دوامای سه‌ده‌ی ییسته‌م بوو هه‌ستی به‌م دیارده‌یه کرد. بۆیه دڵشاد شان به شانی شیعر که‌وته نووسینی چیرۆکان. ئه‌وه‌نده هه‌یه نزار قه‌بانی له بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆیدا به ئاشکرا جاڕی مه‌رگی شیعری دا.
به‌هه‌رحاڵ شاعیره‌یل هه‌ن چیرۆکان ده‌گێرنه‌وه، واته ئه‌وان له شیعره‌وه بایانداوه‌ته‌وه سه‌ر ژانری چیرۆک. ڕه‌خنه‌گریش هه‌ن جاران گرنگییان به توێژینه‌وه‌ی شیعر ده‌دا، که‌چی ئەوە ماوه‌یه‌که له‌سه‌ر چیرۆک و ڕۆمانیش قسان ده‌که‌ن. ئه‌م بادانه‌وه‌یه له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانه‌وه. له خۆیدا داننانه به پاشه کشه‌ی شیعر، له سه‌ر حیسابی به‌ره‌وپێش چوونی چیرۆک و ڕۆمان.
ده‌زگه له‌پێشه‌کانی چاپ و په‌خش، وه‌ک ئاراس و سه‌رده‌م هه‌تا ڕۆمان وه‌ستابێت شیعر چاپ و بڵاوناکه‌نه‌وه. ئه‌وانیش گرنگیی پتر به ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه ده‌ده‌ن هه‌تا شیعر. به‌م پێیه ده‌زگه فه‌رهه‌نگییه‌کانیش شیعریان به‌هه‌ند نه‌گرتووه. خوێنه‌ری کامڵ و هۆشیاریش زیاتر به‌ده‌نگ ڕۆمانه‌وه ده‌چن هه‌تا شیعر، وه‌لێ نزیکه‌ی سی ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م هاوکێشه‌یه پێچه‌وانه‌ی ئێستا بوو.
ئایا شاعیره‌یلی کورد شیعریان خه‌تم کردووه و خه‌یاڵدانیان چکی کردووه، یان هێشتا فره باسه‌یلی تر و بابه‌ته‌یلی تری جوان ماون به شیعر نه‌کراون؟ پێموایە به‌هره‌ی شیعر هه‌یه، واته شیعر چک ناکات، وه‌ک چۆن به‌هره‌ی شێوه‌کاری و نواندن و هونه‌ری حه‌وته‌م چک ناکه‌ن. ئێستایش وه‌ک سه‌رده‌می جزیری و نالی و گۆران، شیعر له خه‌یاڵدانی مروڤه هه‌ستیاره‌کاندا ده‌ست ده‌که‌ون. وێڕای ئه‌وه‌ی شیعر له‌هه‌ر کارێکی هونه‌ری و غه‌یره هونه‌ریدا، وه‌ک په‌یکه‌رسازی، ته‌لارسازی و ته‌نانه‌ت شیعر له خه‌ونی مرۆڤیش‌دا ئامادیه. هێشتا زۆر دۆخه‌یل و باسوخواسیش ماون به‌شیعر بکرێن، به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌یل و باسوخواسانه وه‌ک شیعری زه‌نگ (شیعری خالیس) ده‌رناکه‌ون، به‌ڵکو نهۆ شیعر ماڵی ڕاستینه‌ی خۆی بۆ نێو وێنه‌ی جووڵاو و بۆ نێو پێکهاته‌ی ڕۆمان، چیرۆک، شانۆ و که‌ڤاڵه‌یلی شێوه‌کاری گوێزاوه‌ته‌وه که چیرۆک و ڕۆمانیش زۆر به‌ئاسانی به وێنه‌ی جووڵاو ده‌کرێن و ده‌بنه سینه‌ما و دراما. ئه‌مرۆ له ته‌واوی دنیادا زمانی وێنه‌ی جووڵاو، که پێکهاته‌ی سینه‌ما و داراما ته‌له‌ڤزیۆنییه‌کانه، به‌سه‌ر ژانره‌یلی دیکه‌دا زاڵه. شیعریش بۆی هه‌یه بخزێته نێو وێنه‌وه و جوانتری بکات. ده‌توانین بڵێین وێنه‌ی جووڵاو یه‌کێکه له‌و ڕه‌گه‌زه هه‌ره به‌هیزانه‌ی، که له‌م سه‌رده‌مه‌دا جێی به ژانری شیعر لێژ کردووه، له ڕاسته شه‌قامه‌وه فڕێیداوه‌ته نێو کۆڵانه ته‌نگه‌به‌ره‌کانی دواوه، که ده‌رناچن.
ڕاسته زۆربه‌ی نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه، سه‌رتا به شیعر ده‌ستیان پێ کردووه، به‌ڵام ئه‌و لێکدانه‌وه و بۆچوونه کۆنه ڕاست نییه، که ده‌ڵێت، گوایه ئه‌وانه به یه‌کجاری ده‌ستبه‌رداری شیعر نووسین بوونه. به‌ڵکو هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه، ته‌نیا له شیعری زه‌نگ (الشعر الخالص) دوور که‌وتوونه‌ته‌وه. ئه‌وان به‌شێوه و ستایلی خۆیان شیعریان گوێزاوه‌ته‌وه بۆ نێو ڕۆمان، چیرۆک، شانۆ و سینه‌ما، که له‌و شوێنانه‌دا، شیعر جوانتر و کارێگه‌ریشی له‌سه‌ر زه‌ین و ویژدانی بینه‌ر، یان خوێنه‌ر زیاتره.
که‌ره‌سه‌ی شیعر له کایه‌کانی ژیاندا ئاماده‌یه، له ڕه‌وت و تافه‌ی ڕوباردا، له چریکه‌ی بانگخۆشکه و سروه‌ی شه‌ماڵدا هه‌یه، کاتێک ده‌بێت به میوانی چڕه دارستانێک، یان به‌سه‌ر په‌ڵه‌یه‌ک ئاوه‌نیای سه‌وزدا ڕه‌تده‌بێت. وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌تا گۆرانی و سروود هه‌بن، شیعری سروود و گۆرانییش ده‌مێنن. وه‌لێ پێناچێ چیتر قه‌سیده بتوانێت پارێزگاری له ئۆرت و ئیعتیباری جارانی خۆی بکات. چونکه شیعری ئه‌م سه‌رده‌مه زۆر جارن هه‌ر خه‌یاڵی ڕووته، فڕی به‌سه‌ر ژیان و واقیعه‌وه نییه. بڕێک جاران خه‌یاڵی لێ ده‌بێته وه‌هم. مرۆڤی سه‌رده‌می گلوبالیزه‌یشنیش ئه‌ده‌بێک، یان شانۆ و سینه‌مایه‌کی گه‌ره‌که، به ئاوایه‌کی کۆنکریتی باس له کێشه‌کانی ژیانی ئێستا و داهاتووی بکات. ده‌سا ئه‌م ڕه‌گه‌زه هێشتا له سینه‌ما و شانۆدا ماوه، بۆیه شانۆ و سینه‌ما و زنجیره داراماکان وه‌ک جاران و پتریش جه‌ماوه‌ریان هه‌یه. با ئه‌وه‌یش ڕوون بێت، که ئه‌وه‌ی هه‌ندێک له شاعیران ده‌ینووسن وه‌همه نه‌ک خه‌یاڵ، که هه‌ودایه‌کیان نێوانه.
پێشتر وتمان هه‌تا گۆرانی مابێت ئه‌وا شیعری گۆرانییش ده‌مێنیت. به‌ڵام له‌یادت بێت، که شیعری گۆرانی ڕه‌گه‌زی گێڕانه‌وه‌ی تیدایه. شیعری گۆرانی به‌زۆری کورته درامایه‌که، به‌زمانی وێنه‌ی شیعری حیکایه‌تی خۆشه‌ویستیی نێوان دڵدار و دولبه‌رێکمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، که له‌بونیاددا وه‌ک چیرۆکه. سه‌ره‌تاو و گرێ و کۆتایی هه‌یه. واته لێره‌دا شیعر چووه‌ته خزمه‌تی گێڕانه‌وه‌وه. ئاواز و مووسیکیش، به‌هاوکاریی ده‌نگێکی مرۆڤانه‌ی به‌جۆش و خرۆش، نه‌مریی به شیعره‌که به‌خشیوه.
شاعیر هه‌یه خۆی گرفت بۆ شیعره‌کانی چێ ده‌کات. کاتێک ئه‌و له‌نێو کێشه گچکه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیدا نوقم ده‌بێت، کێشه‌گه‌لێک که پێوه‌ندیی ئه‌وتۆیان به ئێمه‌ی خوێنه‌ره‌وه نییه و چێژێکی ئەوتۆیان بۆ ئێمه تێدا نییه. به شێوه‌یه‌کی تر بڵێین، ئه‌و شاعیره نه‌یتوانیوه کێشه تایبه‌تییه‌کانی خۆی بگشتێنێت. ئه‌وه‌تا ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه پڕ بووه له دیوانه شیعری ئاستنزم. بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێگه و جێگه‌یه‌کی شایسته به نووسه‌ر ببه‌خشن و ئه‌سه‌رێک له دوای خۆیان جێبێڵن. د. جابر عصفور پێی وایه: ((هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ وه‌ڵامی ئه‌م ژانرانه‌دا به‌رانبه‌ر به واقیع، گۆڕانکارییه‌ک له ڕیزبه‌ندیی ژانره ئه‌ده‌بییه‌کاندا ڕوویداوه. شیعر خه‌ریکه شوێن و جێگه‌ی خۆی، به‌تایبه‌تی بۆ چیرۆک و ڕۆمان چۆڵ ده‌کات.)) له قسه‌کانی کاک عوسفووره‌وه تێده‌گه‌ین، که شیعر وه‌ک جاران ناتوانێت وه‌ڵامی کێشه‌کانی ناو واقیعی ژیان بداته‌وه. پێده‌چێت هه‌تا زانست و ته‌کنۆلۆجیا به‌ره‌وپێش بچن، تاکه‌کان که‌متر حه‌وه‌جه‌یان بکه‌وێته شیعری زه‌نگ.
ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بێت گوایه شاعیره‌یلی کوردیش شوێنپێی شاعیره‌یلی خۆرئاوا و ناوچه‌که‌یان هه‌ڵگرتووه و پشتیان کردووه‌ته شیعری ستوونی، لێره‌یشه‌وه له ڕه‌گه‌زه گرینگه‌کانی شیعر دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه، ئه‌وا ئه‌م دۆخه بۆ پرسی چیرۆک و ڕۆمانیش هه‌مان شته. چونکه نها زۆرێک له مه‌رجه‌کانی ڕۆمان نووسین وه‌ک خۆیان نه‌ماون. که‌واته له‌پای چی ئێستا شیعر وه‌ک جاران له سه‌ره‌وه‌ی ڕیزبه‌ندیی لیستی ژانره‌کاندا نییه و له سۆنگه‌ی چییه‌وه پێگه‌ی خۆی له‌ده‌ست داوه؟ وه‌ڵامی دروست بۆ ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌یه، شاعیره‌یل هه‌ن، له سایەی دروشمی نوێخوازیدا شیعریان له هونه‌ر ڕووت کرد‌ووه‌ته‌وه. له‌لای هه‌ندێک، چه‌مکی شیعر له‌نێو په‌خشانه شیعردا ون بووه. بۆیه شیعر نووسین ته‌واو ساکار و ئاسان بووه، جا کارێکیش به‌و ڕاده‌یه ئاسان بێت، هه‌ر خوێنده‌وارێک بێت ڕۆیبنێت، ئه‌وا ئه‌و ئۆرت و ڕێزه‌ی نامینێت.
چیرۆک و ڕۆمانی نوێ سوود له شیعر، شانۆ، سینه‌ما، ڕۆژنامه و هونه‌ری شێوه‌کارییش وه‌رده‌گرن. بۆیه ئاسایییه ئه‌گه‌ر شاعیر ڕووبکاته، چیرۆک و ڕۆمان و له‌و بوارانه‌دا به‌ختی خۆی تاقیبکاته‌وه، که خوێنه‌ری زیاتریان هه‌یه. هه‌رچی ڕۆمانه به ڕاشکاوی باس له تابووه‌کانی وه‌ک ئیرۆتیکا، ئاین و سیاسه‌ت ده‌کات، که ڕه‌نگه شیعر، به‌و ڕاسته‌وخۆیی، ڕه‌هایی و درێژییه‌ی ڕۆمان بۆی نه‌لوێ تیشکیان بهاوێته سه‌ر و به‌تانیاندا بێته خوار.
ئه‌وه‌تا وێڕای توندڕه‌ویی توندڕه‌وان و کولتووری دواکه‌وتووی ڕۆژهه‌ڵات و پێشێلکردنی مافه‌یلی مێینه‌کان، ڕۆمان ده‌توانێت به سه‌رکه‌وتوویی و به شێوه‌یه‌کی کۆنکریتی، ده‌م له هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌وه بدات، نه‌ک به هێما و لابه‌لا وه‌ک شیعر. واته کام بابه‌ته‌ی ورووژاندنی له کۆمه‌ڵدا بڤه و قه‌ده‌غه‌یه، ڕۆمان و چیرۆک پێی ده‌وێرن و خۆیانی له قه‌ره ده‌ده‌ن. به‌چڕیش ڕۆشنایی ده‌خه‌نه سه‌ر لایه‌نه تاریکه‌کانی. ئێمه له هه‌رکوێیه‌کی ئه‌م دنیایه‌دا بژین، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ڕێی ڕۆمانه‌وه ده‌زانین چی له کۆمه‌ڵی پاشڤه‌ڕۆ و داخراوی سعودیه و ئه‌فغانستاندا ڕووده‌دات، ناتوانین چاره‌کی ئه‌وه‌یش له‌ڕێی هیچ ژانر و که‌ناڵێکی دیکه‌وه، به ژانری شیعریشه‌وه ئه‌و دۆخه بزانین. وه‌لێ زمانی شیعر له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ڕۆمان و چیرۆکی له جاران ده‌وڵه‌مه‌ندتر و جوانتر کردووه. بواری ده‌ربڕینیشی له‌پێشدا فراوانتر کردووه. واته خوێنه‌ری زیاتریشی بۆ ڕۆمان په‌یداکردووه.
له‌لای خۆمان وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، دوای مه‌رگی چه‌ند چه‌ند شاعیرێکی ناسراو، که به ژماره له په‌نجه‌ی ده‌ستێک تێناپه‌ڕن، چیی‌تر ده‌زگه‌کانی چاپ و بڵاکردنه‌وه، دیوانه شیعر چاپ نه‌که‌ن. گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانیش له فارگۆنی دواوه‌ی خۆیاندا شیعر بارنه‌که‌ن. چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له بیست سی ساڵی ئاینده‌دا، شیعر جێی خۆی له لاپه‌ڕه‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانه‌وه بۆ سەر فه‌یسبووک و ماڵپه‌ڕه ئه‌لکترۆنییه‌کان بگوێزێته‌وه. واته شیعر له کاغه‌زییه‌وه ببێت به ئه‌لکترۆنی. وه‌کوتر ببێت و به ئه‌ده‌بی بۆنه‌کان. له نه‌ورۆز و ئه‌نفال و ساڵیادی کیمیاباراندا، ڤیستیفاڵ بۆ شیعر ساز بکرێت. ئه‌وسا ئه‌وانه‌ی خوێنه‌ر و نوووسه‌ری شیعر بن، ڕوو ده‌که‌نه تۆڕه‌یلی ئینته‌رنێت. که بڵاو کردنه‌وه‌ی شیعر له‌وێدا خه‌رجییه‌کیان له‌سه‌ر ناکه‌وێت.
له‌لایه‌کی تره‌وه پێموایه ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچووه، که شیعریش وه‌ک بارووت بۆ شۆڕش و شۆڕشگێڕان پێوست بێت. شیعر هه‌ژاران تێرناکات و جوتیاران به‌شۆڕشگێڕ ناکات. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه، که ئێمه‌ی خوێنه‌ر، یان وه‌رگر پێشتر ئه‌وه‌مان نه‌زانیبوو، که شاعیره‌یلیش وه‌ک مرۆڤی ئاسایی به‌ئاسانی له به‌رانبه‌ر پاره و ده‌ستکه‌وتدا ده‌نوشتێنه‌وه و له ئاستی پله‌وپایه‌دا قه‌ڵه‌مه‌کانیان له‌گۆ ده‌که‌ون و دەخاپێن!
شیعر ئه‌و بایه‌یه، که ده‌توانێت ته‌نیا په‌ر‌ده‌ی په‌نجه‌ره‌کان بله‌رێنێته‌وه. وه‌لێ ناتوانێت ماڵی زۆرداران بڕووخێنێ. چیی‌تر شیعری ئاگراوی ناکارێ به‌هار بێنێته چۆکان. ده‌نگی شیعری شۆڕشگێر نه‌گه‌یشته گوێی نه‌وه‌ی نوێ وکاری تێنه‌کرد. ته‌نانه‌ت ئێستا فه‌له‌ستینیه‌کانیش موویان به شیعری شۆڕشگێڕی نابزوێ!
ڕۆمان و چیرۆک دروشمی باقوبریق به‌رزناکه‌نه‌وه. ڕۆمان ڕووبه‌رێکی فراوانی به‌ده‌سته‌وه‌یه. له‌وێدا ده‌کارێ ڕۆشنایی بخاته سه‌ر جومگه لاوازه‌کان. ڕۆمان ده‌ستی کراوه‌تره. نوشوستییه‌کان په‌رده‌پۆش ناکات و په‌نجه ده‌خاته سه‌ر زامه‌یل و فێڵه سیاسییه‌کان قاو ده‌دات و به‌گژ گه‌نده‌ڵیدا ده‌چێته‌وه. ڕۆمان چاکتر پێی ده‌کرێت ئاوه‌ز بجووڵێنێت و بیخاته سه‌ر ڕاسته‌ڕێی هزرین و بیرکردنه‌وه. ئه‌گه‌ر شیعر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سۆزدا بکات ئه‌وا ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به گشتی مامه‌ڵه له‌ته‌ک مێنتاڵدا ده‌کات. له‌م سێ ده‌یه‌ی ڕابوردوودا، بارته‌قای سه‌دان ساڵی سه‌ده‌کانی ڕابوردوو گۆڕان ڕویداوه. ئایدیۆلۆجیای زه‌بڵاح و ده‌وڵه‌ته‌یلی زه‌به‌لاح هه‌ره‌سیان هێنا، که ئیلهامبه‌خشی زۆرێک له شاعیره‌یل و نووسه‌ره‌یلی دنیای ڕۆژهه‌ڵات بوون. ئه‌مه‌یش هۆکارێکی تری پاشه‌کشه‌ی شیعر بوو.
به‌ناوی مۆدێرن و دوای مۆدێرنه‌وه، شیعر به ڕاده‌یه‌ک له ڕه‌گوڕیشه‌ی خۆی دوورکه‌وتووه‌ته‌وه، دیوارێک له نێوان شیعری ئێستا و شیعری ڕه‌سه‌نی کوردی‌دا به‌رزبووه‌ته‌وه. چیرۆک و ڕۆمانیش گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا هاتووه، وه‌لێ به‌و ڕاده‌یه‌یش له هونه‌ری گێڕانه‌وه به‌تاڵ نه‌بوونه‌ته‌وه. شیعر ڕووخساری ناناسرێته‌وه. که شیعره، به‌ڵام ڕۆمان به‌و هه‌موو گۆڕان و پێشکه‌وتنه‌ی وا به‌سه‌ریشیدا هاتووه، هێشتا به‌ئاسانی ده‌ناسرێته‌وه. ڕه‌گه‌زه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی گێڕانه‌وه وه‌ک خۆیان ماون و هێشتا ڕۆمان ژانرێکه سه‌ر به ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌یه.
شیعر ده‌ست له‌سه‌ر (من) داده‌گڕێت. منێک که گوزارشت له زاتی شاعر ده‌کات، که شاعیر له‌وێدا تاکێکه خۆی به چه‌قی گه‌ردوون ده‌زانێت. ته‌واو پێچه‌وانه‌ی منی له‌مه‌ڕ چیرۆک و ڕۆمان، که گوزارشت له زاتی نووسه‌ر ناکات. به‌ڵکو (من) له‌وێدا ڕاناوێکه له‌لایه‌ن نووسه‌ره به په‌سه‌ند زانراوه تاکو گێڕانه‌وه‌ی حیکایه‌تی پێ بسپێرێت، له‌کاتێکدا منی شاعیر، به زۆری باس له ته‌نگژه‌کانی ناخی خۆی، نامۆیی و بێتاقه‌تی خۆی ده‌کات، که ئه‌و له‌هیچ سه‌رده‌مێکدا به‌م ڕاده‌یه‌ی ئێستا به خه‌مه که‌سه‌کییه‌کانی خۆیه‌وه سه‌رقاڵ نه‌بووه. واته ته‌نگژه‌که له لایه‌ک لای شاعیر و له ناوخۆی شیعر و ئامرازه‌کانی شیعردایه، له لایه‌کی تره‌وه له ده‌ره‌وه‌ی شیعریشدایه. سه‌رده‌مێک بوو، هه‌م ئێمه‌ی خوێنه‌ر، هه‌میش ڕه‌خنه‌گر ئومێدی گه‌وره‌مان به ژانری شیعر هه‌بوو. ئێمه ئه‌رکی زۆریان به‌کۆڵی شیعر و به‌سه‌ر شانی شاعیریشدا دابوو، وا دیاره ئێمه زێده‌ڕۆییمان له‌و ئه‌رکانه‌د‌ا کردبوو.
ڕۆمان و چیرۆک مێژوویه‌ک ده‌نووسنه‌وه، که مێژوونووسان له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بووبیت خۆیان لێ بواردووه و نه‌چوونه‌ته ژێر باری. ڕۆمان و چیرۆک گومان له ته‌واوی ئه‌و پرۆژانه ده‌که‌ن، که به‌بێ که‌موکووڕی خۆیان لای ئێمه ده‌خه‌نه‌ڕوو.
له‌سه‌رێکی تره‌وه ته‌نگژه له بواری ڕه‌خنەیشدا هه‌یه، که ئه‌مه‌یان هه‌ر به شیعر تایبه‌ت نییه به‌ڵکو هه‌موو بواره‌کانی ئه‌ده‌بی گرتووه‌ته‌وه، جێی وتنه خێڵه‌یلی گچکه‌ی ئه‌ده‌بی له‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌دا کوارگ ئاسا هه‌ڵتۆقیون و سه‌ریان به‌یه‌کدا کردوووه، به ڕاست و چه‌پدا وه‌ک ده‌ستیاو، بێ بنه‌ما به شان و باڵی به‌رهه‌می یه‌کودوودا هه‌ڵده‌ده‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر شاعیر و چیرۆکنووسێک سه‌ر به خێڵه ئه‌ده‌بییه‌که‌ی خۆیان بێت، ئه‌وا هه‌ڵیده‌نێن و سه‌ری ده‌یگه‌یه‌ننه په‌ڕه‌که‌ی ئاسمان. نووسه‌ری هەڵنراویش په‌ڕ و باڵی لێ ده‌روێت و پرۆڤه‌ی فڕین ده‌کات، که ئه‌و هێشتا فێری زۆرێک له ورده‌کارییه‌کانی شیعر نه‌بووه. هێندێک جاران له نه‌دیته، واته هێشتا شاعیر، یان نووسه‌ر هێشتا به‌رهه‌مه‌که‌ی خۆی بڵاو نه‌کردووه‌ته‌وه، که‌چی ڕه‌خنه‌گری خێڵ، چاکیان لێ کردووە بەلادا و که‌وتووه‌ته په‌سه‌ندان و به‌باڵابڕینی.
ڕه‌خنه‌کان وێڕای ئه‌وه‌ی بێ بنه‌ما و ده‌ستیاون، ڕه‌خنه‌ی ڕۆژنامه‌ن و قووڵبوونه‌وه‌یان تێدا نییه. ڕه‌خنه‌گره‌کانیش هێشتا نه‌بوون به ناوه‌یلی ئه‌وتۆ جێی متمانه‌ی نووسه‌ره جیددییه‌کان بن. ئه‌وه‌نده هه‌یه ده‌توانن خوێنه‌ری ئاسایی ببه‌ن به‌فێڵدا و خۆڵ بکه‌نه چاوی. شاعیره هه‌ڵنراوه‌کانیش ڕۆژانه به باڵای ئه‌و نووسه‌رانه‌دا هه‌ڵده‌ده‌ن، گوایه ئه‌وان توێژه‌ری شاره‌زا و بلیمه‌تی سه‌رده‌می خۆیانن.
دیاره کاری وه‌ها به چاکه‌ی فه‌رهه‌نگی ئێمه ناشکێته‌وه و له‌م ناوه‌دا به‌رهه‌مه نایابه‌کان زیانیده ده‌بن. خۆ ئه‌گه‌ر بهاتایه ژماره‌یه‌کی به‌رچاو توێژه‌ری به‌ده‌ربه‌ست و شاره‌زا له گۆڕه‌پانه‌که‌دا چالاک و ئاماده‌بوونایه، ئه‌وا ڕێیان پیشانی زۆرێک له شاعیره لاوه‌کان ده‌دا. وێڕای ئه‌وه‌ی زۆرێک له‌وانه‌ی وا کڵاوی شیعریان له‌سه‌رنراوه، ئاست و توانای ڕاستینه‌ی خۆیان بۆ ده‌رده‌که‌وت و خۆیان پاشه‌کشه‌یان ده‌کرد و ده‌چوونه‌وه سەر کار و کاسبیی خۆیان. به‌ڵام ژماره‌ی ڕه‌خنه‌گری به‌ده‌ربه‌ست له چاو ئه‌و ژماره زۆره‌ی شاعیردا به‌راورد ناکرێت.
له‌لایه‌کی تره‌وه، وه‌ک چۆن زۆرێک له حیکایه‌ت و ئه‌فسانه‌ی دنیا هه‌ن، ته‌واو له‌یه‌ک ده‌چن. مه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده هه‌بێ کات و شوێنی سه‌رهه‌ڵدانیان جیاواز بێت. نه‌وه‌یه‌ک شاعیریش له‌م باشووری کوردستانه په‌یدابوونه، هەر ده‌ڵێی به قه‌ڵه‌مێک له‌سه‌ر یه‌ک پارچه کاغه‌ز شیعر ده‌نووسن و به یه‌ک مێشکیش بیرده‌که‌نه‌وه. ئه‌وان لێبڕاوانه یه‌کودوو پاته ده‌که‌نه‌وه. له‌کاتێدا هونه‌ر له جیاوازیدایه نه‌ک له لاسایی کردنه‌وه‌دا. پێموایه له‌هه‌ر زه‌مان و زه‌مینێکدا، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می ده نووسه‌ر له‌یه‌ک چوون، ئه‌وا نۆیان زیاده. ئه‌مڕۆ ژماره‌ی ئه‌و شاعیرانه‌ی، که ده‌توانن جیاواز بنووسن ئه‌وه‌نده که‌من، به گۆڕه‌پانه‌که‌وه دیار نین.
به‌م پێیه بێت، ئه‌م هۆکارانه به‌سه‌ریه‌که‌وه گه‌له‌کۆمه‌کێ له ژانری شیعر ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت، له قۆناغه‌کانی خوێندنی زمانی کوردی‌دا، گرنگییه‌کی ئه‌وتۆ به ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه نه‌دراوه و هێشتا له پرۆگرامه‌یلی خوێندندا، ژانری شیعر به کۆن و نوێیه‌وه، ڕۆشنایی زۆرتری له‌سه‌ره.
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
سلێمانی
١٧|٤|٢٠١٢
سه‌رنج: ئه‌م بابه‌ته له فیستیڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی شیعری کوردی‌دا، (هه‌ولێر ١٥_ ١٧/٥/٢٠١٢) خوێندراوه‌ته‌وه.
بڕوانە: ژمارە (٢٣)ی گۆڤاری (واتە)،٢٠١٢