Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
ئایا سێ سەرکردەکە لە خەمی خەڵکی کوردستاندان….

ئایا سێ سەرکردەکە لە خەمی خەڵکی کوردستاندان….

Closed
by September 27, 2012 گشتی

 

ئایا سێ سەرکردەکە لە خەمی خەڵکی کوردستاندان کاتێک جیا دەبنەوە و کاتێکی تر یەکدەگرنەوە؟

 

سەردانی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرکردایەتی سەرۆکی بزوتنەوەکە(نەوشیروان مستەفا) بۆ لای سەرۆکی گشتی یەکێتی نیشتمانی بەڕێز(جەلال تاڵەبانی) ڕۆژی ٢٤/٩/٢٠١٢ ، تەنها بۆ لێپرسینەوە نەبوو لە تەندروستی کەسی دوەم، بەڵکو ئەو ساتە هۆکارێکی گرنگ بوو تا ئەوەی جارێکی تر ئەو دوو کەسایەتیە بەرپرسە، لەو ڕێگایەوە، وە باتایبەتیش بۆ کەسی بەرپرسی یەکەمیان، داوای ئەوە بکات کە ساتەوەختی  یەکگرتنەوە و پێکەوە کارکردن، کاتی هاتوە.

مێژوی بزوتنەوەی کوردایەتی پڕیەتی لەم هەڵچون و داچونانەی نێوانیان، هەر لە سەردەمی جیابونەوەی باڵی (ئیبراهیم ئەحمەد) لە سەردەمی (مەلا مستەفای بارزانی) سەرۆکی ئەو کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان- تا ئێستا دەیان جار خودی ئەم بزوتنەوە ناسیۆنالیستیە، لە شەڕ وپێکدادان و دیسانەوە گفتوگۆی دوقۆڵی و ئاشتبونەوەدا، جێوڕێی خۆیان لە مێژوی ڕابردو ئێستادا بنیات ناوە. دیارە لە کۆی ئەو ساتەوەختانەشدا ئەوەی پرسی پێنەکرابێت خودی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بوە. بە پێچەوانەوە لە نێو کۆی ئەو هەڵچون و داچونانەدا، هەردەم دەسەڵاتەکانی چواردەور بەشێکی سەرەکی بوون لە هەڵگیرسانی شەڕ و ئاشتی نێوانیاندا. دەکرێت بپرسین، بۆچی سەرۆکی ئەم حیزبە گەورانە لە ژێر ناوی خەڵکی کوردستاندا هەمیشە یەکگرتنیان و جیابونەوەیان دیاری کردوە و لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ساتێکیش پرسی پێشوەختیان بە خەڵکی کوردستان نەکردوە لەسەر ئەو بارودۆخانەی هاتوەتە پێشیان؟ ئاخۆ هۆکار ئەوەیە کە لە ئەسڵدا خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان هیچ بەهایەکیان لای ئەم سەرۆک و سەرکردانە نیە یان ئەمان بەلەجیاتی دانان و بەبێ گەڕانەوە بۆ پرس کردن بەو خەڵکە- خۆیان هەرچیان بوێت دەیکەن و دەستی بۆ دەبەن؟ تا ئەم ساتەوەختە بە هۆکاری گرژی و بەرژەوەندیە جیاوازەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە گەورەیەی لە کوردستاندا هەیە، بەهەزاران  لەخەڵکی بێدیفاع ی کوردستان، کرانە قوربانی نێو جەنگە ناڕەواکانیانەوە.

 لە نێو فەرهەنگی دەسەڵاتدارێتی ڕۆژهەڵاتیانەدا، تا ئەم ساتەوەختەشی لەگەڵدا بێت، تەنها و تەنها، یەک سیستەمی دیکتاتۆریانە لە ژێر ناوی دیموکراسی و ئازادی خەڵکیدا درێژەی هەیە. ڕاپەڕینەکانی خەڵکی ناڕازای لە وڵاتانی عەرەبی، کە بە بەهاری عەرەبی ناسرا، بۆخۆی بوو بە بەهاری بزوتنەوە سەلەفی و ئیخوانیەکان و خودی ڕاپەڕین دیسانەوە بوو بە پایز بۆ ژیانی خەڵکی. لێرەدا مەبەست لەو کۆ ئاڵوگۆڕانەیە لە ناوچەکەدا دێنە دەرەوە. لەم نێوەندەدا ئەوەی بە نەمری دەمێنێتەوە خودی خەباتی خەڵکی ئازادیخواز و چەوساوە نیە، بەڵکو خودی ئەو سیستەمە دیکتاتۆریەیە کە بوە بە نەخۆشی ژێرپەنجەو بەربوتە نێو جەستەی کۆمەڵگا، خودی ئەو سیستەمە دیکتاتۆریەی ئێستا لە ژێر ناوی فرە حیزبیدا خۆی دەبینێتەوە، تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی زلهێزانی جیهانە، تا ئەوەی خەڵکی چەوساوە هەر لە دواکەوتوییدا بمێنێتەوە و سەری نەپەرژێتە سەر ئەوەی ئیرادەی بەتوانای خۆی بناسێت. درۆ گەورەکانی خودی سەرانی ئەحزابی ناسیۆنالیست و ئیسلامی سیاسی لەمەڕ باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگا و بەرفراوان بونی ئازادیەکان و گەشتنی مافی هاوڵاتی بوون بە خواست و مافەکانی خۆی لە وڵاتانی عەرەبیدا، نەک خەڵکی بە خواستەکانی خۆی گەیشتوە، بەڵکو هێندەی تر جیهانبینی دیکتاتۆریەتی سەلەفی و ئیخوانیەکان لە هەوڵی خۆ زاڵ کردنن بەسەر ڕەوتی ژیانی کۆمەڵگاوە، دیسانەوە مەسەلەی بێکاری و گرانیش با لەولاوە بوەستێت، کە لە ئەسڵدا خودی ڕاپەڕینەکان لەو دەرئەنجامەوە سەری خۆی هەڵدا ، تا ئەوەی زۆرینەی کۆمەڵگا دەستی بگات بە ژیانێکی شایستەی شایان بەمرۆڤ بێت. 

دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانیشدا بەهامان ڕێچکەی ئەو سیستەمە پاوان خوازیە دیکتاتۆریەدا گوزەر دەکات کە خودی وڵاتانی ڕۆژهەڵات پێیدا تێدەپەڕن، مەسەلەی ناوی سیستەمی دیموکراسی و پەرلەمانی، بەشێکی ترن لەو وەهمانەی کە دەسەڵات بڵاوی دەکاتەوە لە نێو کۆمەڵگادا، گەر نا ، کوا ڕۆژێک لە ڕۆژان، پێش ئەوەی سەرانی ئەم حیزبانە کە بەرپرسی یەکەمن لە ژیانی خەڵکی، ڕۆشتبن بۆ وڵاتێکی دی و  ئامادە بوبن پێش سەفەرەکەیان ڕاوبۆچونی کۆمەڵگا وەرگرن، یاخود بەلانی کەمەوە گەر ڕاستەوخۆش ناخوازن ئەو کارە بکەن، خۆ بە حیساب پەرلەمان نوێنەری حیزب نیە و بەڵکو نوێنەری ڕاستەوخۆی خەڵکە، لەگەڵ ئەوەشدا دیسانەوە ئەم سەرۆکانە هیچ حسابێکیان بۆ ئەو پەرلەمانەش نەکردوە. کەواتە دەبێت بڵێین ئیتر ئەم شێوازە لە دەسەڵاتدارێتی دیکتاتۆریانەیە یان دیموکراسیانە؟

بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە ساڵی ٢٠٠٩ وە تا ئیستا و وەرگرتنی ٢٥ کورسی پەرلەمانی لەسەر حیسابی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان، نەک نەبوە بەبەشێکی جیاواز لە خودی کەلتور و فەرهەنگی حیزبی دەسەڵاتدار، بەڵکو بۆخۆی هەر هەڵقوڵاوی نێو ئەو ئایدۆلۆژیا و ڕێوڕەسمەیە کە سەرانی حیزبی قائید هەیانە. ئاخۆ لە چ دەرفەتێکدا سەرانی ئەم بزوتنەوەیە هەر لە دانیشتنە ناوخۆییەکانی نێوان خۆیان و پارتی دیموکراتی کوردستان و تا دەگات بە دانیشتنە نهێنیەکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی و دواجار بانگهێشتەکانی نەوشیروان مستەفا لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران و تورکیاوە، لەکام ساتەوەختدا ئەم بزوتنەوەی کە ناویان ناوە گۆڕان، توانیان جیاوازتر بن لە کۆی سیاسەتی دەسەڵاتی حاکم و بێن پرسێک بە کۆمەڵگا بکەن لەمەڕ ئەو دانیشتن و بانگهێشتە نهێنیانە، کە خۆیان نەبێت کی دەزانێت بە چ مەبەستێکەوە کراوە؟! بۆیە دەتوانم بڵێم ئەوەی لە نێو ئەم هاوکێشانەدا وەزن و توانای نەبێت خودی خەڵکی کوردستانە. ئەو خەڵکەی لە نێوان خودی خواست و ئامانجەکانی ئەم حیزبانەدا دابەش کراون و، هەرچ کاتێک خودی ئەم سەرۆکانە بخوازن، ئەم خەڵکە دەکەن بەگژی یەکدیدا و بە پێچەوانەشەوە هەرچ کاتێک بەرژەوەندیەکانیان لەسەرەوە گونجاو بێت، ئەوا ئەو خەڵکەی تا دوێنی کرابون بە دوژمنی یەکدی، ئەمڕۆ پێکەوە هەڵپەڕکێیان پێدەکەن.

 میدیا حیزبیەکانی سەر بەم دەسەڵاتانە، هیچ پەروەردەیەکی ناڕێک و نادروست نەما لە دژی یەکتری نەیڵێن و کۆمەڵگاش لەو ڕێیەوە فێری هەمان کەلتور نەکەن، لە کاتێکدا بارگرژی و بەرژەوەندیە جیاوازەکانی باڵا دەستان لە ناکۆک بوندا بوبێت. بە پێچەوانەشەوە هەر بەئەمری سەرەوە، کاتێک بەرژەوەندیەکانی سەرەوە لە تەریب بوندا بوایە، ئەوا دیسان هەر لە ڕێگای پێشکەش کار و بێژەرەکانەوە، جارێکی تر باسی پێکەوە کار کردن و ئاشتی نیشتمانی و …تاد، لە نێو میدایاکانیانەوە بڵاو دەکرانەوە.  ئاخۆ بڵێی بۆ جارێکیش ئەو بێژەرانە پرسیارێکیان لە خۆیان کردبێت، دەبێت کێش و وەزنی ئەوان لە نێو ئەو هەڵچون و داچونانەی سەرانی حیزب  پێیان دەکەن لە کوێدا بێت؟ ئاخۆ ئەوان تەنها ڕۆبۆتی حیزبن یاخود بۆخۆیان خاوەن ئیرادە و کەسایەتی سەربەخۆی خۆیانن؟ (بەختیار عەلی، لە ڕۆمانی کەشتی فریشتەکاندا) زۆر بەجوانی لە کەلتور و فەرهەنگی حیزبی کوردی دەدوێت، لەوەی کە کاتێک دەبیتە کەسێکی حیزبی یان دەچیتە نێو شۆڕشەوە، ئیتر تۆ لە ئەسڵدا خۆت نیت، یان ئیتر تۆ خاوەنی کەسایەتی خۆت نیت، بەڵکو ئەوە  حیزب و شۆڕشە دەبنە تۆ و تۆ هەڵدەسوڕێنن. دیارە ئەم جۆرە فەرهەنگە حیزبیە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات تا دەگات بە کوردستانیش بونی خۆی هەیە. (لەگەڵ ڕێزم بۆ میدیاکاران و بێژەرانی سەر بەو کەناڵە حیزبیانە، ئەوانیش پێدەچێت بچنە هەمان خانەی ئەو کەسانەی لە و ڕۆمانەدا باسیان لێوە دەکرێت). ئاخۆ گەر ئەم سەرۆکانە بیانزانیبایە خەڵکی کوردستان خاوەن ئیرادەی سیاسی  خۆیانن، دەیان توانی ئاوا بیانکەن بە مەخسەرەی نێو بەرژەوەندیەکانی خۆیان؟ یان ئەوکات هیچ شتێکیان نەدەکرد بەبێ پرس و گەڕانەوە بۆ ڕاپرسی بەخەڵکی و خودی ڕێکخراوە جەماوەریەکان و تا دەگات بەو دەزگایەی ناوی پەرلەمانە؟

 یەکگرتنی خودی ئەم دەسەڵاتانە گەر لەبەر قازانجی باشتر کردنی ژیانی خەڵکی کوردستان و فراوان کردنی پێگە ئازادیخوازیەکان بێت، ئەوا خەڵکی کوردستان دەتوانێت هەمیشە دەستخۆشیان لێبکات، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە، هیچ کات ئەم سەرۆکانە لە پێناو قازانجی خەڵکی کوردستاندا نە جەنگەکانیان کردوە وە نە  ئاشتەیەکانی نێوانیان ئەنجام داوە، هێندەی پەیوەست بوە بە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خودی سەرۆک و خودی حیزبەکانیان و دواجار پاراستنی بەرژەوەندیە دەرەکیەکانی وڵاتانی چوار دەور و زلهێزانی جیهان، کە بەشێکی دانەبڕوا بون لە نێو ئەو کایەی جەنگ و ئاشتیانەدا. خودی ئەم ڕێکەوتنانەش، هێندەی ساتی دەستپێکردنی شەڕی نێوانیان کە لەبەر خاتری بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان بوو لە کۆمەڵگادا، تا ئەوەی هەیبەتی پاراستنی بە ڕەعیەت بوون هەردەم درێژەی هەبێت لە پێناو خواستی سەرکەوتنی بە موقەدەس کردنی سەرۆکدا. ڕێکەوتنەکانی نێوان ئەم حیزبانە لە بەرخاتری پاراستنی بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی سەرەوەدایە نەک لە پێناو پاراستنی جیهانێکی ئارامتر و باشتر بۆ خەڵکی کوردستان. خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هەمیشە قوربانی بوە لەم نێوەدا، نەک خواستی ڕزگار کردنی لە جیهانبینی ڕەعیەت بوون.

 

تاهیر حاجی حەسەن

٢٥/٩/٢٠١٢

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.