Skip to Content

Sunday, April 28th, 2024
وانەکانی وەرزش و وێنە و مۆزیک

وانەکانی وەرزش و وێنە و مۆزیک

Closed
by September 27, 2012 گشتی

 

 

بۆچی لە قوتابخانەکانی وڵاتانی لای ئێمە، چ لە سەرەتایی (بنەڕەتیی) و چ لە ناوەندی و چ لە ئامادەیی و تەنانەت لە زانکۆکانیش، ئەم سێ وانەیە: وەرزش، وێنە، مۆزیک، پشتگوێ دەخرێن؟ بۆچی بە وانەی سەرەکی دانانرێن و بە وانەی پەراوێز دادەنرێن؟ بۆچی هێند بێبایەخ کراون، کە تەنیا بۆ نمرەدان هێڵراونەتەوە و بەکاردەهێنرێن؟ تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی کە مامۆستا بۆ ئەم وانانە ناگیرێت و، مووچەکەیان دابەشدەکرێت و دەدرێت بە مامۆستای وانەکانی تر. مامۆستایان، ئەم وانانە هێندە بە سووک و نزم تەماشا دەکەن، کە نایانەوێت ببنە مامۆستای ئەم وانانە. بۆیە زۆرجار، مامۆستای وانەکانی تر کە بێ پۆلن و دەسبەتاڵن، لەگەڵ دەستی خۆیاندا ئەم وانانەش دەڵێنەوە.

ـ “مامۆستا فڵان! ئەگەر شاغریت و دەرست نییە، فڵان پۆل شاغرە (واتە یا وێنەیان هەیە یا مۆزیک، کە لای خۆمان پێی دەڵێن سروود، یا وەرزش)، بچۆرە سەریان”.

کە پۆلێک لە یەکێک لە (وانە گرنگەکان)ی وەک ئەدەبی عەرەبی، بیرکاری، ڕێزمان، فیزیا، کیمیا…، دواکەوتووە، لە کاتی ئەم وانانە تەرخان دەکرێت بۆ ئەو پۆلە، کە بگەنەوە بە پۆلەکانی تر.

. . .

چونکە بنەمای سیستمی پەروەردەی ئێمە، لەسەر لەبەرکردن و دەرخکردن و بە تووتی کردنی قوتابی و کۆپیکردنەوە و قۆپیکردن بنیاد نراوە و داڕێژراوە. ئەو وانانەی کە ئەمانەی تێدا ناکرێن وەرزش و وێنە و مۆزیکە.

بۆیە بە پێچەوانەی ئێمە، سیستمی پەروەردە لە ئەورووپادا، وەک سیستمی یۆنانی کۆن، لەسەر ئەم سێ وانەیە بنیادنراوە.

پتۆلێمێ (٩٠زـ ١٦٨ز) ئەستێرەناس و ژیۆگرافیناسی گەورەی یۆنانی، لە کتێبەکەیدا (هارمۆنییەکان)، ١٩٠٠ ساڵ پێش ئیستە، باس لە بیرکاری (ماتماتیک) دەکات وەک بنەمای مۆزیک. (هەڵبەتە لە وشەی مۆزیک، مەبەست لە دەهۆڵ و زوڕنا یا سروودوتنەوە نییە، وەک لای خۆمان).

یۆنانییەکان دەیانوت: هزری تەندرووست لە لەشێکی تەندرووستدا.

سۆکرات و پلاتۆن (ئەفلاتۆن)، پێیان وابوو بنەماکانی پەروەردەی درووست دەبێ لەمانە پێکهاتبن: مۆزیک ژەنی، وەرزشکردن (سوارچاکی و ئەسپسواری، شمشێربازی، هونەرەکانی جەنگ..) هەروەها لۆژیک (فەلسەفە و بیرکاری).

ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەورووپا دەیبینین، هیچ نییە لە گەڕانەوە زیاتر بۆ ڕوانینی یۆنانی کۆن بۆ پەروەردە و بنەماکانی پەروەردەی درووست. بۆیە دەڵێن شارستانیەتی گریکی یۆنان، دایکی شارستانیەتی ئەمڕۆی ڕۆژئاوایە.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، مرۆڤایەتی دەکەوێتە پەرستنی گیان (ڕۆح) و بێبایەخکردنی لەش (جەستە)، بۆیە بە سەدە تاریکەکان ناودەبرێن، ئەو سەردەمە بە چاخی ئاسنینیش دادەنرێت، چونکە لەو ڕۆژگارانەدا لەش هیچ نرخێکی نییە. چونکە ژیانی ئێرە و ژیانی سەرزەوی و ژیانی ڕۆژانە و ژیانی تاکەکان، هیچ بەهای نییە، گرنگ ژیانی جاویدانی ئەودنیایە، گرنگ ئەوەیە گیانت بە (پاکی) بهێڵیتەوە، ڕزگاری بکەیت، بیگەیێنیتە ئەودنیا. ئەودنیا واتە ژیانی هەتاهەتایی، ژیانی (ڕاستەقینە).

یۆنانییە کۆنەکان و ڕۆمانییەکان، لەشپەرست بوون.. مرۆڤپەرست بوون.. ئەم دنیاپەرست بوون.. لە ئاینەکەیاندا ئەو دنیا نەبوو.. تەنانەت خوداکانیش هەموو لێرە بوون.. لە ئاسمانە نزیکەکاندا.. لە بەرزاییەکاندا.. لەسەر زەوی.. خوداکان هەندێ جار، دڵیان دەچووە سەر مرۆڤێک، لەگەڵیدا هاونوێنییان دەکرد.. تەنانەت منداڵیشیان لە مرۆڤ دەبوو..

شەڕکردن بۆ ئەوان سیاسەتکردن نەبوو، شەڕی ڕووبەڕوو بوو.. دادپەروەرانە بوو.. بەپێی یاسا بوو.. جۆرێک بوو لە وەرزش. لای ئەوان جوانی یەکسان بوو بە هێز و توانا، جووڵە و داهێنان. ئەو کەسەی ڕاستگۆ و دەملەڕوو و سنگ کراوەیە، داهێنەر و بزوێنەرە لە ژیانیدا، بەتوانا و بەهێزە، پێی دەڵێن: کەسێکی جوان. جوانی لای ئەوان، یەکسانبوو بە هێز و توانا، وزە و جووڵە و داهێنان، هارمۆنی لە هەڵسوکەوتدا، هاوسەنگی لەنێوان ئەندامەکانی لەشدا، باوەشکردنی لەش بە دەرووندا.

ئاینە یەکتاپەرستییەکان، ئەمانەیان پێچەوانە کردەوە: ئەوەی شەرمنە، کەمڕووە، لە هەموو ئارەزوو و خولیایێک دوور کەوتووەتەوە، ملکەچ و سەرکوتکراو و چەپێنراوە، ئەوە پاکە و جوانە و لەودنیا پاداشتی دەبێ.

ئاینە یەکتاپەرستییەکان، بەوەی کە ئەم ژیانەیان بەنەفرەت کرد، لەشی مرۆڤیان بەنەفرەت کرد. ژیانێکی تر (ئەودنیا)یان داهێنا، ئەویان پیرۆز کرد.

ئەوەیشی دەچێتە ئەودنیا گیانە (ڕۆح)، نەک لەش. “گرنگ ژیانی ئەولایە، کە هەمیشەیی و راستەقینەیە. ژیانی ئێرە ئەندێشەیە، بێنرخە، ماندووبوونە، یارییە، نابێ گوێی بدرێتێ و بە گرنگ بزانرێت. ئەوپەڕی دەبێ بۆ نوێژ و خوداپەرستی بەکاربهێنرێ.”

ئاینە یەکتاپەرستییەکان کە دووانەی (گیان ـ لەش)یان داهێنا، بە فێڵێک وایان کرد باوەڕ بەم ئەفسانەیە بهێنین کە ئێمە لە دوو شت پێک هاتووین، لەش و گیان. لەشیان کردە ڕێگر لەبەردەم گیاندا. لەشمانیان کردە دوژمنی گیانمان. گوایە لەش گیان پیس دەکات، گیان تووشی لاری و چەوتی و خراپە و وێڵبوون و لەڕێلادان دەکات. تاوانبارە گەورەکە لەشە. ئەوە ئەوە کە گیانی پاکمان، کە لە سەرەتاوە بێ خەوش و بێگەردە، چەواشە دەکات و هەڵدەخڵەتێنێ.

ئاخر ئاین پیرێکی فێڵباز و جادوباز و ئەفسوونگەرە، وەک زانست نییە، زانست ئەو هەمیشەلاوە دەم لەڕوو و راستگۆ و بێ مەکرە.

لە کولتووری ئێمەدا، کە لەڕاستیدا ئێمە چیدی، بگرە دەمێکە کولتوورمان نەماوە، لەجێی کولتوور ئاینمان ئاخنیوەتە هەموو سووچ و بنجێکی ژیان و جیهان و بیر و هۆش و گۆشت و ئێسکمانەوە، کەواتە دەبێ بڵێم، لە ئاینی ئێمەدا، لەش بەنەفرەت دەکرێ، چونکە ژیانی ئەم دنیا، ژیانی ئێرە، ژیانی سەر زەوی، نرخی نییە.

ـ “دوژمنی سەرەکی ئێمە ئەم ژیانەیە کە لە ژیانی ڕاستەقینەی ئەودنیا، ژیانی هەتایی، ژیانی بەهەشت، ژیانی نەمری لای خودا خۆی، دوورمان دەخاتەوە. هەر لەبەر ئەوە، دوژمنی گەورەمان لەشمانە، کە ڕێگرە لەوەی ڕزگارمان بێت و بە بەهەشت شاد بین. لەش تووشی گوناهمان دەکات، لەش دەمانفەوتێنێ. ئەم ژیانە هیچە، ئەم ژیانە دوژمنە، چونکە گیانمان پیس دەکا، ئەودنیامان لێ (حەرام) دەکا. وەک چۆن بەهەشتی یەکەمی لە باوە ئادەممان حەرام کرد.”

ئەی کێ بەرپرسیاری دەرکردنی باوە ئادەمە لە بەهەشتی یەکەم؟ بێگومان دایە حەوا. دایە حەوا، ئەو کەمهۆشە هزر کەمئەندامە، ئەو نیوە مێشکە، ئەو ناقیسەتولعەقلە بوو لە درەختی زانینی خوارد.. بە قسەی شەیتانی کرد و سێوەکەی گەست. بۆیە دەبێ نەوەکانی دایە حەوا (واتە ژنان)، هەتا ماون باجی ئەم تاوانەی بدەن. هەتا ماون دەبێ خزمەتی نەوەکانی باوە ئادەم(واتە پیاوان) بکەن. کۆیلەبن، ملکەچ و سەرشۆڕبن، ئینجا کەمێک لە گوناهی خۆیان دەشۆنەوە. ئینجا ئەگەر ئێمەی نەوەکانی باوکە ئادەمیش، لە دایە حەوا ببوورین، خودامان لێی نابوورێت لەو سەرپێچییە گەورەیەی کە کردی. بۆیە گەر ئێمە بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی تریش بکەن، سزای نەوەکانی بدەین یا بیانکوژین، دەستمان سەوز دەبێ، پەروەردگار لێمان ڕازییە.

هۆڵدەرلین (١٧٧٠ـ١٨٤٣) و بیریارانی پاش شۆڕشی چاکسازی پڕۆتێستانتی، هیگڵ و شێلینگ… و ئەوانەی ڕۆشنگەری و پێش و پاش شۆڕشی فەڕەنسا، ڤۆلتێر، ڕووسۆ، دیدرۆ، سپینۆزا و نیتچە، هەموو کارێکیان بۆ دامەزراندنی هزر و هۆشمەندی بوو، بەهۆ و لەڕێی ڕزگارکردنی پەروەردە لەدەست و لەچنگ و لەژێر ڕکێفی ئاین و مێتافیزیک و گیانپەرستی.

سپنۆزا بوو سەلماندی کە دووانەی گیان ـ لەش، درۆیەکی گەورەی ئاین و مێتافیزیکی ڕەوشتپەرستانە. ئەم دووانە یەک شتن.

ئەوەی ئاین پێی دەڵێ گیان، بریتییە لە سێ شت: دەروون، داهێنان، یادەوەری.

دەروون: هەموو ئەو یاسا و هێز و وزە و بیر و ئەندێشانەیە کە لە ناخی مرۆڤدان و، بە درێژایی مێژووی ژیانی لای گەڵاڵە کراون و کەڵەکە بوون. ئەو زانستەشی کار لە لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنی دەکات پێی دەڵێن دەروونناسی و دەروون شیکاری.

داهێنان: هەموو ئەو کار و کردارانەی مرۆڤ، کە کاریگەری هزری و دەروونی و بەرجەستەیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا هەیە.

یادەوری: هەموو ئەو ساتانەی ژیانی مرۆڤ، کە لە یادەوەری خێزان و دۆست و هاوڕێ و ناسیاوانی تۆمار کراون. یا کەسێک بە نووسین و بە بەرهەمێکی هونەری نەمری پێ بەخشیون.

ئەدیسۆن و بن لادن و نالی و ئەتاتورک و شێکسپیر و بەلزاک و هیتلەر و خومەینی و بێتهۆڤن و قەزافی… نەمرن، لێرە نەمرن. لەبەر ئەو کاریگەرییانەی کە لەسەر جیهان جێیان هێشتووە.. گیانیان بریتییە لە درێژەی ئەو کاریگەرییانەیان.. چ باش بووبێتن و چ خراپ.

. . .

پێویست ناکات نموونە بهێنمەوە لە ناو ئەدەب و شعری کوردیدا، بۆ ئەوەی بیسەلمێنم چەندە مێژوومان بریتییە لە بێنرخکردن و بێبایەخکردن و بێبەهاکردن و سووک کردن و ڕسواکردنی لەش. بریتییە لە بەرز نرخاندن و بایەخدان و پیرۆزکردن و ڕێزلێنانی گیان.

کە سەرنج دەدەین، دەبینین هەموو ئەدەبمان بریتییە لە هۆنراوەیەک، بەسەر گیاندا و لەدژی لەش وتراوە.

هەموو ڕووناکبیر و ڕۆشنبیرانی ئەمڕۆمان و تەنانەت هونەرمەندانیشمان، لەسەر ئەوە کۆکن کە لەش پیسە، قێزەونە، بێکەڵکە، زیانبەخشە، بێنرخە و، گیان پاکە، پیرۆزە، ڕزگارکەرە، بەنرخە.

بۆ سەلماندنی راستی ئەم بۆچوونەم، بڕۆ خۆت بەرهەمی شیعر کلاسیکیمان و ئەدەب و نووسینی هەر کامێک لە شاعر و ئەدیبانمان دەگریت، بیهێنە و بیخوێنەوە. هەمیشە لەم ئەدەبەدا گیان بە ڕۆحی شیرین و گیانی شیرین ناوبراوە. هەمیشە دڵدار و مەعشوقە بە گیان و ڕۆح بانگ کراوە. هەمیشە لەش سووتاوە و سووتێنراوە، وێڵی کووچە و کۆڵان و دەشت و دەر کراوە. سەرمای کوێستانان و گڕ و تینی ئاگری بیابانانی چەشتووە. ئەم لەشە بە هەموو شێوەیەک سووکایەتی پێکراوە: بە برژانگ خاکی بەرپێی یاری پێ گسکدراوە.. یار بە پێکانیەوە بەسەر پێڵووی چاوەکاندا ڕۆیشتووە.. پێی ناوە بە چاودا.. دەست شکاوە.. زمان لاڵ بووە.. ئەژنۆ شل بووە.. سنگ ئاگری تێ بەربووە.. پەنجە هەڵوەریوە.. لەش کراوە بە دارا.. لە زیندانا ڕزیوە.. سەری خراوەتە ڕێی یار.. جەرگ کون کون کراوە.. دڵ سووتاوە وەک قاوە.. ڕەنگ زەرد بووە.. تاد. ئەدەبی کوردی ئەو پەڕی بێڕێزی و دڕندەیی بەرامبەر بە لەش دەنوێنێ.

حاجی قادری کۆیی و گۆرانی لێدەرچێت، هەر لە بابا تاهیرەوە تا ئەمڕۆ، مێژووی بێنرخکردن و بێبەهاکردن و سووککردنی لەشە و پیرۆزکردن و بەرز نرخاندنی گیانە (ڕۆح)، بەتایبەت کتێبە پیرۆزەکەی موسوڵمانان و شعری نالی و (شتەکانی) بەختیار عەلی.

ئیتر دەپرسن ئەم هەموو ژنە بۆ دەکوژرێ و بۆ خۆی دەسووتێنێ؟ ئیتر دەپرسن لە وڵاتی ئێمەدا گیانبەخشین و شەهیدبوون بۆ هێندە پیرۆزە؟ ئیتر دەپرسن بۆچی لە وڵاتی ئێمەدا ژیانی ئێرە و ژیانی مرۆڤەکان بۆ هێندە بێنرخە؟

. . .

وەرزش، وێنە، مۆزیک

واتە بەهاکانی: لەش، بیر، زەوی

واتە بەهەشتی ئەو دنیا نا، کە تەنیا بە مردن پێی دەگەیت، تەنیا گیانت پێی دەگا، واتە ئەم دنیا، کە تەنیا بە ژیان پێی دەگەیت، تەنیا لەشت پێی دەگا.

لەش: واتە هەست و بیر و خولیاو ئارەزوو و ئەندێشە و خەون و داهێنان و توانا و هێز و ویست و دەروون و ناخ و دڵ و هەناسە و سووڕی خوێن و هەموو شتێکی پەیوەند بە مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ.

ئاخر ئەگەر میللەتێک هەموو پەروەردەی خۆی خستە خزمەتی لەش و ژیانی مرۆڤ، دوایی چۆن بتوانێ بەم مرۆڤە بڵێ: “ئەم ژیانە هیچە، گرنگ ئەو دنیایە. لەش بێنرخ و پیسە، گرنگ گیانە”؟

ئاخر کە پیاوێک لەسەر ئەم بەهایانە کچەکەی خۆی پەروەردە کرد، کە هەموو توانای خۆی لە ئەم جۆرە پەروەردەیە بۆ کچەکەی تەرخان کرد، دوایی چۆن بە کوڕەکەی بڵێ: “بڕۆ لەشی خوشکەکەت لەناوببە”؟.. “بڕۆ گیانی خوشکەکەت ڕزگار بکە لە ئاگری دۆزەخی ئەودنیا”؟

گرنگیدان بە لەش، واتە گرنگیدان بە وانەکانی وەرزش و مۆزیک و وێنە، واتە گرنگیدان بەم ژیانە، ئەمەش پێچەوانەی ئاین (مەبەستم کولتووری)ی ئێمەیە.

ئەوەی پاکە لەشە.. ئەوەی گەندەڵ دەبێ هەر لەشە. دەروون ناخی لەشە. بیرکردنەوە و هەستکردن لە سەردا و لەڕێی هەستەکانەوە ڕوو دەدن، کە ئەوانەیش بەشێکن لە لەش. ئەوە لەشە لەڕێی بەرهەم و کردارەکانیەوە کاریگەری بەسەر دەرەوەی خۆی هەیە، واتە هەر لەشە کە نەمرە.

گیان گەرەترین درۆیە کە ئاین لەگەڵ مرۆڤدا کردوویەتی. کەمێک بیری لێ بکەرەوە، ئەوسا دەبینیت ئەم درۆیە چەندە زەقە، چەندە گەمژانەیە، چەندە نەزانانەیە، چەندە کۆنە. مەگەر تەنیا مرۆڤ و ڕۆشنبیری جیهانی ئێمە لەئاستی درۆیەکی وا ناشیریندا بێ.

ئەو میللەتەی ڕێز لە لەش ناگرێ، ڕێز لە مرۆڤ ناگرێ، ڕێز لە ئاژەڵ ناگرێ، ڕێز لە تەن ناگرێ، ڕێز لە ژیان ناگرێ. ڕێز لە ئافرەت ناگرێ، لەش لە ئافرەتەوە لەدایک دەبێ، بە خوێن و گوناهەوە دێتە ئەم دنیا. گیانیش خودا پێمانی دەبەخشێ، بە پاک و بێگەردی پءمانی سپاردووە، دەبێ بە زووترین کات بیدەینەوە، تا لەکەدار و پیس نەبووە.

وەرزش و مۆزیک و وێنە، گیانی ئاینی لەکەدار دەکەن، لەشی شارستانیەتێکی گەردوونی پەروەردە دەکەن.

کە وێنە دەکێشیت یا وەرزش دەکەیت یا مۆزیک دەژەنیت، نەدەتوانی شتەکان دەرخ بکەیت، نە تووتی ئاسا بیانڵێیتەوە، نە قۆپییان بکەیت. ناچاریت بە ڕاستی فێریان بیت. واتە ناچاریت داهێنەر بیت. بە مافی خۆت و بە ماندووبوونی خۆت نمرە وەربگریت و پلەکان ببڕیت. مامۆستاکەشت وەک تۆ، تەنیا بە توانای خۆی دەتوانێ وانەکان بڵێتەوە، نەک بەهۆی (مەلزەمە)وە و، لەڕێی پارت و لایەنەکەیەوە بڕوانامەی پێ ببەخشرێت و دابمەزرێ. بۆیە جێی ڕێزی قوتابیان دەبێت و خوێندن دەبێتە پێویستییێکی ڕاستەقینە و بەرهەمهێن. خوێندنگاش دەبیتە شوێنی فێربوون.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.