کۆچ، وه‌ک دیارده‌یه‌ک
کۆچ له باشووری کوردستانه‌وه به‌وه‌ر ئه‌وروپا هێشتا هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵک جاران به تاک کۆچیان ده‌کرد، ئێتسا به خێزان کۆچ ده‌که‌ن. واته، ئه‌م دیارده‌یه پێی ناوه‌ته قۆناغێکی نوێوه.. له ٢٢ ی کانوونی دووه‌می ئه‌مساڵدا (٢٠١٠)، ئاژانسه‌کان هه‌واڵی گه‌یشتنی سه‌د هاووڵاتیی کوردیان به دورگه‌ی (کۆرسیکا)ی فرانسی بڵاوکرده‌وه، که (30) که‌سیان، ته‌مه‌نیان له ده ساڵ که‌متر بوو، (٥) ژنی دووگیانیشیان له نێودا بوو.
له سه‌روبه‌ندێکدا، که کوردی باشوور خۆی حوکمی خۆی ده‌کات، کۆچکردنی خێزانی کورد، گۆڕانێکی چلۆنایه‌تییه له دیارده‌ی کۆچدا، بۆیه ئه‌م دیارده‌یه جێی ڕامان و له‌سه‌ر وه‌ستانی جدییه. نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که، خێزان له‌وێ به‌ڕه‌وڕووی ته‌نگژه و کێشه‌ی ئه‌وتۆ ده‌بێته‌وه، له توانایدا نییه خۆی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه. بۆیه به‌لای ئه‌و خێزانانه‌وه، چاره‌سه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌یه، شڕه‌وشاتاڵیان هه‌ڕاجفرۆش بکه‌ن؛ به ژنی دووگیان و منداڵه ورده‌کانه‌وه کۆچ بکه‌ن. واته میلله‌تێک له‌سه‌ر کۆچه.
شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویسته که هیچ مرۆڤێک له‌م دنیایه‌دا پێی خۆش نییه وڵاتی خۆی جێبێڵێت. هه‌ر ده‌بێت هۆکارێک، یان کۆمه‌ڵه هۆکارێک له پشت ئه‌م کۆچه‌وه هه‌بێت. جاران به‌عس به تۆپزی کۆچی به خه‌ڵک ده‌کرد، ئیستا خه‌ڵکانێک هه‌ن هاتۆته سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی، ده‌رگه‌کانی ژیانیان لێ داخراوه و ته‌نیا سه‌رهه‌ڵگرتنیان له پێشدا ماوه.
بۆچی له سایه‌ی حوکمڕانی نیشتمانیدا خێزانی کورد کۆچ ده‌کات؟ کێن ئه‌وانه‌ی سه‌ریان له کۆچ کردن ده‌خورێت؟ پێم وایه ته‌نگژه‌که له بونیادی کۆمه‌ڵگه‌دایه، که له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا، زۆر به خێرایی گۆڕانی چاوه‌ڕواننه‌کراوی به‌سه‌ردا هات. هه‌ندێک له‌و گۆڕانکارییانه له به‌رژه‌وه‌ندیی چینه‌کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵدا نه‌بوون. ئه‌وه‌تا ڕۆژ له دوای ڕۆژ، جیاوازی چینایه‌تی ڕووی له زیادبوونه. چین و توێژه‌کان له باشوور، چیدی پێکه‌وه هه‌ڵناکه‌ن و ناگونجێن. به‌ڵکو به خێرایی له‌یه‌ک دوور ده‌که‌ونه‌وه. نهۆ لێکدابڕانێکی ترسناکی ئه‌وتۆ له ئارادایه، کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری، له مێژووی کۆن و نوێیدا، به خۆیه‌وه نه‌دیوه.
له‌پڕێکدا، دوو خێزانی دراوسێ، که جاران ته‌باو ئاشنا بوون و ده‌رامه‌تیان له یه‌که‌وه نزیک بووه، ئێستا یه‌کێکیان بووه به ملیۆنێر و دووه‌میان به هه‌زار ناری عه‌لی ئه‌وجا ده‌توانێت بژێوی ڕۆژانه بۆ ئه‌ندامانی په‌یدا بکات. ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانی یه‌که‌م له کاردان، تۆڕێکی پێوه‌ندییان دۆزیوه‌ته‌وه، که ڕاسته‌وخۆ به که‌سانی ده‌ستڕۆیشتووه‌وه گرێیان ده‌دات. که‌چی ئه‌ندامانی خێزانی دووه‌م بێکار و ته‌نیاباڵن و که‌س لێیان ناپرسێته‌وه. واته، چیتر بوار بۆ ئه‌وه نه‌ماوه‌ته‌وه ئه‌م دوو خێزانه، وه‌ک جاران پێکه‌وه بنووسێن و بچنه سه‌ردانی یه‌کودوو.. به‌ڵکو به‌شی ئه‌وه‌نده‌یشی تێدا نه‌ماوه، ئه‌ندامانی ئه‌م دوو خێزانه له ڕێوبان، سڵاویش له یه‌کتری بکه‌ن. چونکه ئه‌وان به ڕاده‌یه‌ک له یه‌کتری دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه، چیتر زمانی هاوبه‌شیان له نێواندا نه‌ماوه و له یه‌کتری حاڵی نابن. به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان، دید و بۆچوونیشیان، ئاسمان و ڕێسمان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و خه‌ره‌ندێک که‌وتووه‌ته نێوانیان. واته خاڵی هاوبه‌ش له نێواندا نه‌ماوه تاکو کۆیانبکاته‌وه.
خێزانێکیان به قه‌ڵه‌مبازێکی ئه‌فسانه‌یی، چینێک یان دوو چینی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رکه‌وتووه، خێزانی دووه‌میش، چینێک داچووه. ئێستا ئیتر ئه‌م دوو خێزانه شیروتیر له‌یه‌ک ده‌سوون.. به گشتی، سۆزبه‌ندیی له نێوان چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵدا ڕووی له کزی کردووه. ئه‌و پێوه‌ندییه گه‌رموگوڕه‌ی جارانی خزمایه‌تی، سۆزبه‌ندی، ڕه‌حم و به‌زه‌یی، دۆستایه‌تی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن، ته‌واو کاڵ بوونه‌ته‌وه.
ئه‌م جیاوازییه زۆر و له‌پڕه چلۆن دروست بوو؟ خۆ هه‌تا ماوه‌یه‌کیش له‌مه‌وبه‌ر، له ڕووی ده‌رامه‌ته‌وه، هه‌ردوو لایان له یه‌ک ئاستدا بوون. ئه‌وان وه‌ک یه‌ک ڕه‌نجیان داوه و کاریان کردووه. ڕه‌نگه خێزانه هه‌ژارکه‌وتووه‌که، پتریش ڕه‌نجی دابێت. دیاره هه‌ردوو لایشیان سه‌ر به هه‌مان جڤاکن و له یه‌ک سه‌رده‌مدا ده‌ژین!
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بێت ئه‌وه‌یه که، ئه‌مڕۆ واقیع له جێیه‌که، دید و بۆچوونی به‌رپرسانیش له جێیه‌کی دیکه‌یه. ده‌توانم بڵێم، ئه‌م دیارده‌یه‌یان، گه‌لێک له دوورکه‌وتنه‌وه‌ی بێ سنووری نێوان چینه‌کان خه‌ته‌رناکتره. چونکه دۆخی وه‌ها ناکۆک، توندوتیژی و کینه به‌رهه‌م دێنێت. ئه‌م دۆخه، ئه‌گه‌ر چاری بۆ نه‌دۆزرێته‌وه، ئه‌وا هیچ گومانی تێدا نییه، که توندوتیژی له نێوان توێژه‌کانیشدا، له فۆرمی جیاوازدا سه‌رهه‌ڵده‌دات.. حاڵی حازر، له‌وه ناچێت هه‌وڵی ئه‌وه له ئارادا بێت، هارمۆنیایه‌ک له نێوان خێزان و ده‌سته‌ڵاتدا، له نێوان تاک و ده‌سته‌ڵاتدا کاری بۆ کرابێت، یان پرۆژه‌ی به‌و ئاقاره له نه‌خشه و پلانی داهاتووی نزیکدا هه‌بێت.
له هیچ شوێنێک نه‌نووسراوه ((ئێمه بێلایه‌نمان ناوێت!))، به‌ڵام ئه‌مه دروشمێکی باوی ناڕاسته‌وخۆیه و به (ئه‌مری واقیع) بووه. تۆ ده‌توانی له ڕووخسار و ده‌مودووی هه‌ر به‌رپرسێکدا بیخوێنییه‌وه، کاتێک ئیشێکت تێی ده‌که‌وێت. توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، هیچکام له جومگه‌کانی ده‌وڵه‌ت و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی گرینگی پێ ناده‌ن و به‌سه‌ریناکه‌نه‌وه. یان وه‌ک وته میللیه‌که ده‌ڵێت، (نایانخوێننه‌وه). لێره‌دا، تاک وا هه‌ست ده‌کات ئاوه‌کییه و به زۆر خۆی به‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هه‌ڵواسیوه.
ئه‌و وا هه‌ست ده‌کات تاکێکی نه‌خوازراوه و له هیچ داموده‌زگه‌یه‌کدا خێرئامای لێ ناکرێت. هۆیه‌که‌یشی ئه‌وه‌یه، مامێک، خاڵێک، که‌سێکی نزیک که باڵاده‌ست بێت، گومان نابات، تاکو په‌لی بگرێت و هه‌نگاوێک بیباته پێش. یان به په‌یژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا پله‌یه‌ک سه‌ری بخات. که‌واته ئه‌و، هاووڵاتییه‌کی کورد نییه و بێهووده خۆی به کورد له قه‌ڵه‌م ده‌دات.
ئه‌و تاکه، هه‌ست به‌وه ده‌کات فه‌رامۆش کراوه. فه‌رامۆش کردنیش له خۆیدا سزا (عقوبه) یه‌کی گه‌لێک سه‌خته و سوێیه‌که‌ی له دڵ ده‌رناچێت. تاکی وه‌ها، له جێی خۆی ده‌چه‌قێت و ناتوانێت بستێک له بواره‌کانی ژیاندا بچێته پێش. ئه‌لفی پێ ناگاته بێ. کارێکی سوودبه‌خشی بۆ مه‌یسه‌ر نابێت. ئه‌م دۆخه نه‌رێنییه، له ناخه‌وه تاک ماندو ده‌کات. به خۆیدا ده‌شکێته‌وه و هه‌ستی کێماسی و (ڕه‌فیقکه‌می) تێی ده‌ئاڵێت. چونکه ئه‌و له نێو جه‌نگه‌ی ڕووداودا نییه، به‌ڵکو تاکێکی پاسیڤی په‌راوێزخراوه. زۆرن ئه‌وانه‌ی سی ڕۆژه‌ی ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژو ده‌بن، وه‌لێ ناتوانن پێداویستییه‌کانی جه‌ژن بۆ منداڵه‌کانیان دابین بکه‌ن. ئه‌وانیش وه‌ک من و تۆ کوردن، به‌ڵام کاتێک نه‌ورۆز به‌سه‌ردادێت، ناتوانن وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکه له شارده‌رچن و به‌شداری خۆشی و ئاهه‌نگه‌کان بن. ئه‌وان له شیرین‌ترین بۆنه‌کانیشدا هه‌ر له په‌راوێزدان.
ئه‌و تاکه بێ که‌س و ته‌په‌سه‌ره، پسووڵه‌یه‌کی له باخه‌ڵدا نییه پاڵپشتی بێت. پسووڵه‌یه‌ک، که به پێی ڕه‌نگه‌که‌ی، هێز و کاریگه‌ری جیاوازی هه‌یه. که‌واته ئه‌و تاکه‌ی پسووڵه‌ی ده‌ستکه‌وته‌کان و په‌ڕینه‌وه له ته‌نگژه‌کان گومان نه‌بات، ته‌نیاباڵ ده‌مێنێت. وه‌ک ئه‌وه‌ی له لایه‌ن هێزێکی نه‌یاره‌وه دۆڵپێچ کرابێت و ته‌نیا قاچاخه‌ڕییه‌کی مینڕێژکراویان له پێشدا هێشتبێته‌وه، ناچار کرابێت، بۆ ده‌ربازبوون هه‌ر ئه‌و ڕێیه‌یان بگرێته‌به‌ر. ئه‌ویش ڕێگه‌ی هه‌نده‌رانه، که ڕێگه‌ی سه‌رهه‌ڵگرتنی یه‌کجاره‌کی و ڕێی هاتونه‌هاته. واته ئه‌م سه‌رهه‌ڵگرتنه، له نێوڕۆکدا، پشت کردنه نیشتمانێکه، یان پشت کردنه دایکێکی دڵڕه‌قه، لایه‌کی به‌خێر له جگه‌رگۆشه‌ی خۆی ناکاته‌وه و په‌راوێزی خستووه.
تۆ هه‌روا بیهێنه پێش چاوی خۆت، مامۆستایه‌ک، له پۆلێکدا چه‌ند قوتابییه‌کی خۆی فه‌رامۆش بکات و په‌راوێزیان بخات. له ماوه‌ی ساڵێکی خوێندندا، بۆ سه‌ر ته‌خته‌ی ڕه‌ش هه‌ڵیاننه‌سێنیت، لێێان نه‌پرسێته‌وه و پرسیاریان لێ نه‌کات. ده‌فته‌ره‌کانیان چێک نه‌کات و ئافه‌رینێکیان نه‌کات. داخۆ ئه‌و قوتابییانه چی‌یان لێ دێت و هه‌ست به چی ده‌که‌ن؟ بیهێنه پێش چاوت له دیوه‌خانێکدا میوان بیت، وه‌لێ خاوه‌نماڵ به‌خێرت نه‌هێنێ و دوو قسه‌ت له ته‌کدا نه‌کات، ئه‌و حه‌له ته‌نیا یه‌ک ڕێگه‌ت له‌به‌ره. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، هه‌رچی زووه، به حه‌یای خۆته‌وه چۆڵی بکه‌یت!
تاک کاتێک ده‌ترنجێنرێته گۆشه‌یه‌کی وه‌ها ته‌نگه‌به‌ره‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌یه به خورتی گوێڕایه‌ڵییان بۆ خاک و زێدی خۆی لێ سه‌ندبێته‌وه. تاکی وه‌ها ئه‌رکی ده‌که‌وێته سه‌رشان، به‌ڵام مافی پێ ڕه‌وا نابینرێت. تاکی وه‌ها دڵه‌ڕاوکێ تێی ده‌ئاڵێت و ده‌پرسێت: بۆچی وه‌های به‌سه‌ر هاتووه؟ تاکی وه‌ها، نازانێت چلۆن پێناسه‌ی پێگه‌ی خۆی له نێو کۆمه‌ڵدا بکات.
خه‌ڵکی گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشینه‌کانی که‌ناری شاره‌گه‌وره‌کان، له خانه‌ی په‌راوێزخراوه‌کاندان. ئه‌وانه‌ی له خانووی چینکۆ و کووخدا ده‌ژین و له ژێر چادردا زستانی سارد و هاوینی گه‌رم به‌سه‌رده‌به‌ن و له زۆربه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌کان بێ به‌شن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌ر ڕۆژه‌ی لایه‌نێک ده‌کاته سه‌ریان و دوایان لێ ده‌کات چۆڵی که‌ن. له نێو ئه‌م توێژه‌ی کۆمه‌ڵدا و له پێناوی ژیاندا، ناچار ده‌بن منداڵه‌کانیان له‌به‌ر خوێندن هه‌ڵبگرن. واته هه‌میشه له‌ژێر فشاردان. پیاوخراپ و ئه‌لکولی و به‌کاربه‌ری مادده هۆشبه‌ره‌کان و بازرگانی پێوه‌کردنیان، به‌زۆری هه‌ر له‌نێو ئه‌م توێژه‌دا په‌یدا ده‌بن.
هه‌ندێک له‌و په‌راوێزخراوانه، تێکه‌ڵ به بانده توندڕه‌وه‌کان ده‌بن. به توندوتیژی و وێرانکاری وه‌ڵامی ئه‌و دۆخه‌ی تێی که‌وتوون ده‌ده‌نه‌وه. هه‌موو بێ لانه‌وبانه‌کان و خاوه‌ن عه‌ربانه ده‌ستییه‌کان و ده‌ستفرۆشه‌کان، ده‌چنه خانه‌ی په‌راوێزخراوه‌کانه‌وه.. له وڵاتێک‌دا که بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت، ئیدی بێکار و که‌یبانۆی ماڵ و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت و کرێچی و بێ لانه‌وبانه‌کان، ده‌چنه خانه‌ی مرۆڤی په‌راوێزخراوه‌وه.
ئازا و خاوه‌ن ئیراده‌کانیان، ئه‌وانه‌ن که بڕوایان به توانای خۆیان هه‌یه و ده‌توانن به‌ره‌وڕووی دڵڕه‌قی سروشت و پۆلیسی سنوور و خاڵی پشکنینه‌کان ببنه‌وه و قاچاخه‌ڕێ مینڕێژکراوه‌کان ببڕن؛ به‌ڵام له توانایاندا نییه کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان بگۆڕن. له زه‌ینی خۆیاندا ده‌ستیان له گۆڕینی کۆمه‌ڵگه شۆردووه. ئه‌وانه‌ن وڵات جێ‌دێڵن، چونکه ده‌بینن ڕۆژ له دوای ڕۆژ، له سه‌نته‌ری ده‌سته‌ڵات دوورده‌که‌ونه‌وه و چیتر چاوی ده‌سته‌ڵات ئه‌مان نابینێت. جیاوازییه‌کانیش تا دێت په‌ره‌ده‌ستێنن و خه‌ڵکه‌که له یه‌ک ده‌ترازێن و دوورده‌که‌ونه‌وه.. چادر له کوێ و کۆشک له کوێ! مۆنیکا له کوێ و عه‌ره‌بانه‌ی ده‌ستگێڕ له کوێ!
تۆ هه‌روا سه‌رنج بده، هه‌ر شار و شاره‌دێیه‌ک، پرۆژه‌کان ڕووی تێ نه‌که‌ن و ڕۆڵه‌کانیان بێکار بن، له‌وێنده‌رێ دیاره‌ی کۆچ له لوتکه‌دایه. بێ مه‌ڵامه‌ت نییه که گه‌نجانی شاره‌دێی (ته‌کێی به‌رده‌ربه‌ند) و که‌لار و ده‌ربه‌ندیخان و کوێ و کوێ، به‌و ژماره زۆره به‌ره‌و هه‌نده‌ران سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن. ئه‌و خه‌ڵکه ئازا و به‌وه‌جه‌ی، لێبڕاوانه تاڵاوی ڕه‌و، قاتوقڕی، ئابلووقه‌ی ئابووری و جه‌نگی نێوخۆیان چه‌شت و ده‌ستبه‌رداری وڵاتی خۆیان نه‌بوون، به‌ڵام له سه‌روه‌ختی کرانه‌وه و ته‌بایی و ئه‌وپه‌ڕی ده‌وڵه‌مه‌ندیدا ناچار به کۆچ ده‌بن.
جێی وتنه، له کوردستاندا تۆێژێک له نووسه‌ر و ڕووناک‌بیری په‌راوێزخراویش هه‌یه. هۆی په‌راوێزخستنیشیان ته‌نیا ئه‌وه‌یه، ڕه‌نگ و پسووڵه‌ی هیچ لایه‌نێکیان له باخه‌ڵدا نییه و عیزه‌تی نه‌فسی خۆیان ڕاگرتووه. بۆیه ناڕاسته‌وخۆ، به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه: ((ئێمه بێلایه‌نمان ناوێت!))
گروو، یان توێژی په‌راوێزخراو ناتوانێ به ئاسانی خۆی له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا بگونجێنێت و ئاوێته‌ی ببێ (Integration). ئه‌وان له ڕووی ئابوورییه‌وه هیچ نه‌خشێکیان نییه. چونکه به‌رهه‌می ماددیان نییه و هیچ کاڵایه‌ک به‌رهه‌م ناهێننن. ئێمه بۆ خۆیشمان له په‌راوێزی پیشه‌سازی و فه‌رهه‌نگیی خۆرئاوا و ناوچه‌که‌یشداین.. هه‌ست کردن به بزربوون له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پڕله هه‌راوزه‌نای بێ به‌زه‌ییدا، دڵه‌ڕاوکێ ده‌خاته‌وه و لێره‌وه وه‌همی به‌هه‌شتی خۆرئاوا و هه‌نده‌ران له‌لای تاک چه‌که‌ره ده‌کات.
به سه‌رێکی دیکه، زۆرینه‌ی خه‌ڵک نه ده‌توانن پشکداری له فه‌رمانڕه‌واییدا بکه‌ن و نه ده‌یشتوانن به چاکه‌ی خۆیان بیگۆڕن. ئه‌و تاکه‌ی سه‌ربه خێڵێکی به‌هێز و ده‌ستڕۆیشتوو نه‌بێت، سه‌رباری به په‌راوێزبوون، هه‌ست به غه‌ریبیش ده‌کات. هێزه‌کانی ئێمه‌یش به ڕاده‌یه‌ک هه‌ستیارن، کاتێک به‌رانبه‌ر به ناجۆرییه‌کان، ته‌نانه‌ت به‌رانبه‌ر به جه‌نگی نێوخۆیش ده‌نگت هه‌ڵده‌بڕی، ئه‌وان به‌و حاڵه‌یشه‌وه په‌راوێزیان ده‌خستی.. یان ناچار‌یان ده‌کردیت، تۆی ڕووناکبیر خۆت خۆت په‌راوێز بخه‌یت و له کونجێکدا بێده‌نگه‌ی لێ بکه‌یت. یان چۆڵی بکه‌یت و سه‌ری خۆت هه‌ڵبگریت. تۆ هه‌ر ده‌بوو لایه‌کت هه‌ڵبژاردایه، ده‌نا په‌رواێز ده‌خرایت، خۆت و نه‌وه‌کانیشت نک و نا‌ئومێد به هیچ نه‌ده‌بوون.
ده‌ستڕۆیشتووه‌کانی ئێستایش، کاتی خۆی هه‌ستیان به‌و ڕاستییه کردبوو، که هه‌م ته‌واوی میلله‌ته‌که و هه‌م خۆیان له نیشتمانی خۆیاندا په‌راوێز خراون. بۆیه وه‌ک کوڕی حیکایه‌ت کوردستانیان جێهێشت. وه‌ک کوڕی حیکایه‌تیش به سه‌ر فه‌رشی سوورادا گه‌ڕانه‌وه. خۆ ئه‌وانیش سه‌رده‌مێک ڕێی هاتونه‌هاتیان به‌ره‌و چیا و ئێران و هه‌نده‌رانی دوور گرته‌به‌ر و سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت. وه‌لێ دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ئه‌و ڕابوردووه نزیکه‌ی خۆیان له‌یادکرد.. به‌هه‌ر حاڵ مێژوو وامان پێ ده‌ڵێت که خه‌ڵکی ئه‌م جیهانه، ئه‌وسا و ئێستایش، کاتێک په‌راوێزده‌خرێن، به‌ناچاری له باشووری گۆی زه‌وییه‌وه به‌ره‌و باکوور ڕه‌و ده‌که‌ن.
ئایا کاتی خۆی، به‌شیکی به‌رچاوی سه‌رکرده‌کانی شۆڕشی کورد، سه‌ربه چینه‌کانی خواره‌وه‌ی جڤاکی کورده‌واری نه‌بوون؟ خۆ سووته‌مه‌نی شۆڕشیش هه‌ر هه‌ژاران و په‌راوێزخراوانی کورد بوون. چ خێره ئێستا خۆیان، به ته‌نگ هه‌مان چینه‌وه نین؟ ئایا شۆڕش، له هزری خۆی ژیوان ده‌بێته‌وه؟ (مه‌شخه‌ڵانی شۆڕشی نوێی ئه‌مجاره/ گڕی هیوای ڕه‌نجده‌ران و هه‌ژاره) به‌ڵام ئه‌وه‌تا ڕه‌نجده‌ران بۆ شار کۆچ ده‌که‌ن و هه‌ژاران په‌راوێز ده‌خرێن. ئه‌وه‌یش بزانه، هه‌ر بزاڤێکی جه‌ماوه‌ری بگریت، ئه‌و ده‌مه ده‌بێته شۆڕش، کاتێک هزری کۆن ده‌ڕووخێنێت، له جێی وی هزرێکی دیکه‌ی چاکتر و پێشکه‌وتووتر دێنێته ئاراوه.
پێموایه هه‌ر که‌سێک له وڵاتی خۆی کاری ده‌ست نه‌که‌وت و په‌راوێز خرا، مافی خۆیه‌تی به شوێن کار و گێڕانه‌وه‌ی ئیعتیباری خۆیدا کۆچ بکات؛ به‌ڵکو له‌وێ، له وڵاتی دووه‌م، هه‌ردووکیان به‌ده‌ستبهێنێته‌وه. جێی باسه زۆرێک له‌وانه‌ی کۆچ ده‌که‌ن، خوێنده‌وار و خاوه‌ن بڕوانامه‌ن. له نیشتمانی خۆیان بۆ ئه‌وه ئاماده‌کراون، هه‌ر یه‌که و له‌بواری خۆیدا کادیرێک بێت. پێگه‌یاندنی ئه‌وان، بڕه پاره‌یه‌کی زۆر له‌سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێم که‌وتووه. په‌روه‌رده‌کردنیشیان به‌گران له‌سه‌ر خێزانه‌کانیان وه‌ستاوه.
په‌راوێزخستن، هه‌ژاری به‌رهه‌م دێنێت. ئه‌م واقیعه‌یش، له زۆنێکی وه‌ها ده‌وڵه‌مه‌نددا، دیارده‌یه‌کی مه‌ترسیداره، چونکه تاکی هه‌ژار ناتوانێت به سه‌رچاوه‌کانی ژیان و داهات بگات. په‌راوێزخستن ده‌لاقه‌یه‌که، کینه و توندوتیژی له‌وێوه دزه ده‌که‌ن و په‌ره‌ده‌ستێنن.. مرۆڤ ناچاره شه‌رم دایبگرێت، کاتێک ده‌بیستێت، له هه‌رێمێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌م جیهانه‌دا، هاوکاریی مانگانه‌ی خێزانێکی لێقه‌وماو، جا له هه‌ر سۆنگه‌یه‌که‌وه بێت، بریتی بێت له ته‌نیا په‌نجا هه‌زار دیناری بریمه‌ر!
ڕووبه‌ر، ژماره (٩)، ٦|٤|٢٠١٠