Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
دیداری ڕۆژنامەی میدیا لەگەڵ گۆران هەڵەبجەیی

دیداری ڕۆژنامەی میدیا لەگەڵ گۆران هەڵەبجەیی

Closed
by September 29, 2012 گشتی

بەڕێز کاک هەڵۆ مەرگەیی رۆژنامەنووس، داوای لێکردم کە وەرامی چەند پرسیارێکی بدەمەوە بۆ ڕۆژنامەی میدیا. دەمێک پرسیارەکانی نارد بۆم منیش بەخۆشحاڵیەوە  وەڵامەکانم ناردوە بۆ بەڕێزی.

بەڵام  دەمێک لە ڕۆژنامەی میدیا خوێندمەوە هەندێک لە وەلامەکانیان بڵاو نەکردبوویەوە، وێرای ئەمەش بڕێک لە وەڵامەکانیان دەستکاری کردبوو ،یانی کورتیان کردبوویەوە.

من لاریم لە کورتکردنەوە نیە ،دیارە هەر ڕۆژنامەیەک سنووری دیاریکراوی هەیە بۆ هەر بابەتێك، بەڵام خۆزگە پرسیان بەخۆم بکردایە، یا خۆمیان سەرپشک بکردایە لە کورتکردنەوەیدا.

جا بە پێوستی دەزانم لێرەدا وەلامەکانم وەک خۆی بڵاو بکەمەوە.

سەرنج / ئەم دیدارە لە ڕۆژنامەی میدیا ژمارە 549 ڕێکەوتی25/9 دا بڵاو کراوەتەوە.

 

میدیا /  دەگووترێ سەرکردایەتی سیاسی کورد بەردەوام گووتاری ڕابردووی دووبارە دەکاتەوە،ئەوە تا چەند ڕاستە؟

و/  ڕاستی تێدایە ،سەرکردایەتی سیاسی کورد تا ئێستا نەیتوانیوە تەجاوازی  گووتاری ڕابردوو بکات ،چونکە لە رۆژی ئەمڕۆدا گووتارێکی ئەڵتەرناتیڤی پێ نیە کە بتوانێت شەقامی پێ ڕازی بکات .جاگەر  لایەنێک حیزبێک نەیتوانی خیتابەکانی وەلام دەرەوەی خواستەکانی ئەمڕۆی خەڵک بن ،ئەوە پەنا دەباتە بەر ڕابردوو ،لە هەگبەی ڕابردوودا دەگەرێت بەدووی  جۆرە گوتارێکدا   کە لە ئەمڕۆدا ڕەسیدی پی بەرزبکاتەوە .

سەرکردایەتی کورد لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئیستا بەجۆرێک وابەستەی گوتاری شاخ  بووە کە زاڵ بووە بەسەر هەموو گووتارەکاندا.

هەر کەس  و لایەنێک ڕەخنەیەک لە دەسەڵات و سیاسەتیان بگرێت ئەو دەمە دەست دەکەن بە سندووقە کۆنەکانداو خیتابە کۆنەکان دەردەهێنن و دەیفرۆشنەوە بەخەلک. ئیکاری ناکرێت تێکۆشاون تەزحیەیانداوە چەرمەسەریان چەشتووەو خەڵکی کوردستان بەمانە دەزانێت.بەڵام ناکرێت ئەمە ببێتە گووتارێکی نەگۆڕ .

ئەو سەرکرادەیەتە دەبێ بزانێت ،هەر سەردەمێک گووتاری تایبەتی خۆی هەیە ،ناکرێت بۆ هەتا هەتایە پەیوەست بن بەو جۆرە پاساوانەوە.

دەربازبوون لەو گووتارانە تەنهاو تەنها بەوە دەبێت کە جۆرێکی دیکە لە سیاسەت پەڕەو بکەن، سیاسەتێکی لۆژیکانە کە لە گەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێت و بەلانی کەم بڕێک لە خواستەکانی خەڵکی کوردستان لە خۆ بگرێت. جا بە بۆچوونی من ئەو دەربازبوونە لە ئێستا بەدوور دەزانم. چونکە بەکورتی و کوردی ئیرادە لە ئارادانیە بۆ گۆڕینی ئەوخیتابە. 


میدیا / ڕەوشی میدیای کوردی لەم قۆناغەدا چۆن دەبینی؟

و / ڕەوشی میدیای کوردی لە ئێستادا بە خراپترین و دژوارترین دۆخدا  تێدەپەڕێت.

من بەر لە [5] ساڵ وتارێکم لە سەر میدیای کوردی نوسی بەنیوی[ پتر بێدەسەڵاتکردنی دەسەڵاتی چوارەم] تێیدا ئاماژەم بەوە دابوو گەر بێت و سنوورێک بۆ ئەم تەجاوازەت و سوکایەتیە دانەرێت ،ئەوە میدیای کوردی ئایندەیەکی ڕەش چاوەڕیی دەکات.

ئەمڕۆ میدیای کوردی لە ئاستێکدایە کەس حەسودی پی نابات، تابێت بەرو ڕۆچوون دەروات ،میدیاکار ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی کار بکات ، لە کاتی کارکردندا دونیایەک ئاستەنگی  دێتەڕیێەڕێ. 

ئەمە لایەکی مەسەلەکەیە ،لاکەی دیکەی پەیوەندی بەو  جۆرە میدیایەوە هەیە کە پیێ دەوترێت میدیای دەسەڵات یا حیزب. ئەمانە بەردەوام خەریکی پۆشینی کەموکوڕیەکانی حیزبەکانیان و هەرچی ناشیرینیە  لە سیمای سیاسەتیاندا میکیاجی دەکەن و  بە جوانی دەیدەنە خەڵک و بەمەش ڕاستیەکان دەشێوێنن.

ئەم جۆرە میدیاکارانە زۆربەیان ڕێز لە پیشەکەیان ناگرن و دژ بە خواستی خۆیان کار دەکەن ،ئەمەش تەنا بۆ ئەوەی حیزبەکەیان رازی بکەن و مووچەکەیان بپارێزن.

ئەمانە بە ئاگابێ یا بێ ئاگا ڕاگەیاندنی کوردئ ناشیرین و لاوازدەکەن.

 

میدیا / زۆر جار باس لەوەدەکرێ میدیای ئەهلی لەکوردستان بوونی نیە و سێبەری کەس و لایەن و حیزبی لەسەرە؟

و / من ناتوانم بڵێم میدیای ئەهلی بوونی نیە ،چونکە ئەمە دەبێتە ناهەقیەکی گەورە،بەڵام گەر  میدیای ئەهلی لای خۆمان لەگەڵ میدیای ئەهلی لە ولاتە دیموکراتی و پێشەتووەکاندا بەراورد بکەین ئەو دەمە دەتوانین بڵیین میدیای ئەهلی لای خۆمان کون و کەلەبەری تێدایە، دیارە ئەویش وەک بەشێک لە بواری میدیاکاری لە کوردستاندا کەم تا زۆر ئاستەنگی و کێشەی خۆی هەیە.

بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ئەو میدیایەی ئیمرۆ بەناوی ئەهلیەوە بوونی هەیە ،کاری باشی کردوە زۆر کەیسی جوڵاندوە ،لەدەرگای زۆر بابەتی هەستیاری داوە ،خەڵکی هۆشیار کردوەتەوە ،عەقڵیەتێکی نوی هێناوەتە ئاراوە لە بواری کاری میدیدا.

هەر لەبەر ئەو ڕۆڵەی ئیمڕۆ میدیای ئەهلی دەیگێڕێت ،لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە  بەردەوام ئاستەنگی بۆ درووستدەکرێت  .تائێستا چەندین تەجاوەز کراوەتە سەر دەزگاکانی میدیای ئەهلی و کارمەندەکانیان.بەمەش دەیانەوێت ئەو دەنگانە نەهێڵن و تەنها خۆیان لە گۆڕەپانەکەدا بمیننەوە.

 

لە ئێستادا هەودارانی میدیای ئەهلی زۆرترن لە میدیا حیزبیەکان .ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بڕیکی زۆر لە ڕاستیەکان لای ئەوان چنگ دەکەوێت. خۆم یەکێکم لەوانەی گەر بمەوێت هەواڵیێی راست و درووستم دەست کەوێت لە نیو میدیای ئەهلیدا بۆی دەگەڕیم.

زۆر گرنگە  میدیای ئەهلی شتەکان وەک خۆی بگوێزیتەوە ،بی لایەنانە مامەلە لەتەک هەواڵەکاندا بکات ،نابێت بکەوێتە مەوقعی معارەزەوە، گەر وای کرد ئەو دەمە متمانە لەدەست دەدات. بەداخەوە هەندێک جار میدیای ئەهلی لە ئەرکە پیرۆزەکەی کە بێ لایەنیە لادەدات و وەک ئۆپۆزشیۆن ڕەفتاردەکات ،کە نابێت ئەمە ڕووبات.

میدیای ئەهلی لە کوردستاندا وەک ئاماژەم  پیدا لە ژێر فشاردایە، جا بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت و مهەنیەت لەدەستنەدات ،لەوانیە  سەرەداوێکی لەگەڵ کەسانی دەسترۆشتوو لەم لا ولا هەبێت. من ناتوانم بڵێم ئەمە سەد لەسەد وایە ،بەڵام رەوشی ڕاگەیاندنی کوردی مادام بە قۆناغیکی ناسرووشتیدا تێدەپەڕێت پێدەچێت ئەو جۆرە پەیوەیەش هەبێت.

 

میدیا / هەندێک لە بەرپرسە حیزبیەکان لە کوردستان خاوەنی میدیای خۆیانن ، هۆکار چیە؟

 و/  ڕاستە لە کوردستان  جگە لەوەی زۆر بەی حیزبەکان خاوەنی چەندین دەزگای راگەیاندنن، هاوکات هەندێک لە بەرپرسەکانیش بەتایبەتی هی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە ، هەرکەسەیان بۆ خۆی دەزگایەکی راگەیاندنی هەیە ، ئەمەش لە پێناوی خۆ دەرخستندایە، چونکە لەوانەیە  ئەو بەرپرسە نەتوانێت لە رێگەی ڕاگەیاندنی حیزبەکەیەوە چی بوێت بیلێت ،بەڵام لە دەزگایەکی وەهادا کە خۆی خاوەنیتی چی بوێت دەیڵێت. 

هەر لە ڕێگەی ئەو دازگایانەوە  باشترین پڕوپاگەندە بۆخۆیان دەکەن .هەروها ئەمە جۆرێکیشە لە  چاولێکەری سیاسەتمەدارانی جیهانی ،کە هەندێکیان خاوەنی ئیمراتۆریەتی میدیایین. بەڵام هەرچۆن بێت ئەوانەی ئەورپا  وەک سەرچاوەیەک بۆ قازنج سەیری دەکەن،بەڵام لای خۆمان نەک قازانج  بگرە زەرەریشی تێدا دەکەن ،دیارە ئەو خەرجیەش لە پارەی میللەت دەردەجێت نەک لە گیرفانی خۆیان. 

لە ئەنجامدا ئەم جۆرە راگەیاندنانە شتێکی ئەوتۆ ئیزافە ناکەنە سەر میدیای کوردی  ، دەتوانم بڵیم درێژەدەری ئەو میدیایەن کە پیی دەوترێت حیزبی ،بەڵام بە شیوەیەکی تا رادەیەک شاراوە .

 

میدیا / زۆرجار ڕۆڵی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان  بە نەرینی هەژمار دەکرێت،هۆکاری ئەوە چیە؟

و / لە ڕژێمە تۆتالیتارو دیکاتاتۆرەکاندا بۆ چاوبەستنی خەڵک و شێواندنی راستیەکان، ئەو دەسەڵاتانە جۆرەها دامەزراوەی  پاشکۆ درووست دەکەن کە هەردەم لە ئامادە باشیدان بۆ پشتگیری لەو ڕژێمانە .ئەم جۆرە دامەزراوانە داکۆکیکاری سەرسەختن لە دەسەڵات و حیزبەکانی نیو دەسەڵات.

جا لە کوردستانیشدا ئەم شتە بەدی دەکەین ،وەک ڕێکخراوەکانی ،خوێندکاران،لاوان،ئافرەتان مامۆستایان و رۆژنامەنووسان و تاد،،،.

ئەم ڕیکخراوانە تا ئێستا نەیانتوانیوە ببنە جێگەی متمانەی ئەو توێژەی کە گوایە نوێنەرایەتی دەکەن،بەدووری دەزانم لە ئایندەشدا بتوانن ڕۆڵی راستەقینەی خۆیان ببینن. 

جا سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش نمونەیەکی بەرچاوە لەو ریکخراوانە.

تا ئەم رێکخراوە فەرمان لە حیزبەوە وەربگرێت ،لەبری ئەوەی چاوی لە ڕۆژنامەنووسان بێت ،بەردەوام چاوی لە حیزب بێت  بێگومان ناتوانێت بەردێک بنێتە سەر بەردێک.

ئەم ڕێکخراوانە حیزب درووستی کردوون و بە فەرمانی حێزب دەجوڵینەوە ،کەواتە ناکرێت ریکخراوێک یا دەزگایەک حیزبێک دروستی کردبێت و  هەمان حیزب رێگەی پی بدات دژی سیاسەتی خۆی کار بکات .

بۆ ئەوەی پیشەی سەندیکایی پتر ناشیرین نەکەن باشترە  بەرپرسانی ئەو سەندیکایە دەرگای سەندیکاکەیان دابخەن و بچنە مالەوە.

لەو دەمەی ئەم سەندیکایە هەیە کارێکی نەکردووە یا هەڵویستێکی نەنوواندوە کە خزمەت بە ڕۆژنامەنووسان بکات و بچیتە خانەی پشتگیری لە ڕۆژنامەنووسە ماف پێشێلکراوەکانەوە .

ڕاستە جگە لە ڕۆژنامەنووسانی سەربە دوو حیزبە باڵادەستەکە هەندێک رۆژنامەنووسی سەربە حیزبەکانی  دیکەش ئەندامن تێیدا ،بەڵام ئەوانە هیچ دەسەڵاتێکیان نیەو لە زۆر مەسەلەدا پرسیشیان پێناکرێت.

ئاخر ئەمە چ لۆژیکێکە ڕۆژنامەنووسێک لەلایەن بەرپرسیکی باڵای حیزبێکەوە بەتەلەفۆن چەندین جنێوی ناشیرینی پیدەدرێت و هەرەشەی لێ دەکرێت، ئا لەو کاتەدا شوان داوادی جێگری نەقیبی سەندیکا  لەبڕی  پشتگیری لە هاوپێشەکەی دێت پاساوی بێ ماناو لاوازدێنێتەوە و دەڵێت .ئەو گۆڤارەی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەری دەکات مۆڵەتی نیە.گەر ئەمە هەڵوێستی جێگری ئەو سەندیکایەبێت ئیدی مرۆڤ چ ئومێدێکی بەو سەندیکایە دەبێت ؟گەرەک بوو کاک شوان سەرەتا ئەرکەکەی خۆی بەجێ بهێنایە و پشتگیری لە هاوپیشەکەی بکردایە،ئەوجا مەسەلەی مۆلەت کە کاری ئەو  نیە جێی بهێشتایە بۆ دادگا.

هێندەی بزانم جگە لە رۆژمانەنووسانی دووحیزبەکە و بڕێکی کەم لە ڕۆژنامەنووسانی دیکە، هیچ رۆژنامەنووسێک ئەو سەندیکایە بە هی خۆی نازانێت و چاوەرێی کاری چاکەشی لێناکات.

سەندیکایەک گەر نەتوانێت وەک پێویست پشتگیری لە ئەندامەکانی یا هەر رۆژنامەنووسێک بکات ئیدی بوونی مایەی پێکە نینە.

کەم ڕۆژ هەیە لێدان، سوکایەی ،زیندانی ،هەڕەشە وقسەی ناشیرین بە ڕۆژنامەنووسان نەکرێت و نەدرێت.ئەی کوا هەڵوێستی سەندیکا؟نمونەی پێشێلکاریەکان هێندە زۆرن بوار نیە لێرەدا باسیان بکەم. دیارە جاروبار لە ژێر فشاردا سەندیکا بەیاننامەی شەرمنی دەرکردووە ، بەڵام بێ  ئەوەی لەلایەن پێشێلکارانەوە  حسابی بۆکرابێت.

تەنها لایەنێک  کە بە جددی دفاع لە ڕۆژنامە نووسان دەکات و دێتە دەنگ و بەدواچون بۆ پێشێلکاریەکان دەکات، سەنتەری میترۆیە.بەهۆی ئەوەی ئەم سەنتەرە دەسەلاتی جێبەجیکردنی  نیە ،دەبینین کارەکانی لە چوارچیوەی بەیاننامە و ئیدانەو داتاکردنی پێشێلکاریەکان و بلاوکردنەوەیی و ئاگادارکردنەوەی لایەنە نێودەوڵەتیەکان تەجاوز ناکات.لەگەل ئەوەشدا نابێت ئەم کارانە بەکەم تەماشا بکەین،چونکە لەدۆخێکی  وەک کوردستاندا هەر ئەوە دەکرێت ،مانەوەی  ئەو سەنتەرە پێویستەو گرنگیشە ،هەر بۆ هیچ نەبێت بۆخستنە رووی تەجاوازاتەکان.

 

میدیا / ئۆپۆزشێۆن لە کوردستان لە چ ئاستێکدایە و تا چەند خاوەنی گووتاری سەربەخۆی خۆیەتی؟

و / لە  ناوەڕاستی سەدەی رابردوودا سەرۆک وەزیرانی یەکێک لە ولاتە ئەوروپیەکان[بەداخەوە ناوەکەیم کە یاد نیە]وتوویەتی ،گەر لە ولاتەکەمدا ئۆپۆزشیۆن نەبێت ئەوە خۆم درووستی دەکەم.

ئەو سەرۆک وەزیرانە کەسێکی سیاسی ژیر بووە، دەرکی بە پێویستی بوونی موعارەزە کردوە وەک تەواوکەرێ سیستەمی حکومڕانی.چونکە گەر موعارەزە نەبوو پێشکەوتن ڕوونادات و کاری حکومەت وەک ڕۆتین و بی ئاستەنگی دەڕوات بەڕیوە.

کەواتە بوونی معارەزە بەرامبەر بە هەر  حیزبێک یا چەند حیزبێکی دەسەلاتدار پیوستە. من نەبوونی موعارەزە بەوە دەشوبهێنم کە  لە گۆرەپانی یاری تۆپی پیدا تەنها یەک تیپ وازی بکات.

موعارەزە جگە لەوەی ڕەقیبە بە سەر دەسەڵاتەوە هاوکات گەرم وگووڕی دەداتە دانیشتنەکانی پەرلەمان و لە کاتی گفتووگۆدا لەسەر  هەر دۆسیەیەک بە ئاسانی تێناپەڕێنرێت،بەڵکو تارادەیەک بە تێروتەسەلی قسەی لە بارەوە دەکرێت.ئیدی لە کۆتایدا تیدەپەڕینرێت یا نا ،ئەوە پەیوەندی بە ژمارەی کورسیەکانی لایەنەکانەوە هەیە.

کەواتە مادام لە کوردستانیش دووحیزب بە کوالیسێۆن حکومەت بەڕیوە دەبەن ،ئیدی بوونی  ئۆپۆزشیۆن پێداویستیەکی گرنگە.

گەر قسە لەسەر ئەوە بکەین کە ئەو معارەزەیە لە چ ئاستێکدایە،یا خاوەنی گوتاری سەربەخۆی خۆیەتی ،ئەمەش جارێکی تر دەمانگەڕینێتەوە بۆ  قسەکردن لە سەر ئەو هەوڵومەرجەی کوردستانی تیدا تیدەپەرێت کە وەک چۆن پێشتر سەبارەت بە میدیای ئەهلی ئاماژەم پێدا.

گەر خۆمان بەراورد بکەین لە گەڵ ولاتانی دەوروبەرو دونیادا  دەبینین ئێمە لە بواری بەڕیوەبردنی دەوڵەتدا ئەزموونێکی دووروودرێژمان نیە .لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستا پرۆسەی دەسەلاتی  ئیداری و پەرلەمان بە کۆمەڵێک کەناڵی ناسرووشتیدا تێپەڕیوە ،ململانێیەکی تووندووتیژو کارەساتدار لە نیوان ئەو دووحیزبەدا روویداوە، ئەوە تەنها چەند ساڵێکە کابینە گۆڕینەوە هەیە ،بەڵام ئەمەش تژیە لە کەمووکووڕی ،جا لە دۆخیکی وەها دا دەمێک ئۆپۆزشێۆن دێتە ئاراوە ،بێگومان ئەو ئۆپۆزشێۆنەش دەرئەنجامی ئەو دۆخە دەبێت و لە ئاکامدا هەڵگری هەندێک خەسلەتی ئەو بارودۆخە دەبێت.

کەواتە ناکرێ  بڵێین ئۆپۆزشێۆن  لە ئاستێکدایە وەک ئاستی ئۆپۆزشیونەکانی ئەو وڵاتانەی ئەزموونێکی مێژووییان هەیە لە ژیانی حکومداری و ئۆپۆزشێۆنیدا.

دیارە سەرتا ئۆپۆزشیۆن بەم شیوەی ئێستا چالاک نەبوو بەڵام دەتوانم بڵێم دوای درووستبوونی بزووتنەوەی گۆران تەکانێکی مەزن بە ئۆپۆزسێۆن درا و جۆرە  هاوهەڵوێستی و هاو خیتابی هاتە ئاراوە.

بەهۆی ئەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزسێۆن  سەر بە بیرباوەرو ئایدۆلۆجیای جۆراوجۆرن  ،سرووشتیە گەر  لە هەندێک حاڵەتدا خاوەنی  خیتابێکی یەکگرتوونەبن .بەڵام هێندەی هەست پپێدەکرێت  وەک پێشتر ئاماژەم پیدا هەمەئاهەنگیەک و کۆدەنگیەک سەبارەت بە مەسەلە چارەنووسساز و هەستیارەکان لەننیوانیاندا بەدی دەکرێت،جا بۆیە دەتوانم بڵێم تارادەیەک خاوەنی خیتابی سیاسی خۆیانن. بەلام ئەمە ئەوە ناسریتەوە کە لایەنێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزشێۆن پەیوەندی بەم وڵات یا ئەو وڵاتی دەرەکی هەبێت وبڕێک لە ئەجنداکانی ئەوان لە هەندێک بۆچوونیدا رەنگ بداتەوە.

بێگومان هەر ئۆپۆزسێۆنێک کە دەبێتە ئۆپۆزسێۆن دەبی پرۆژەی تایبەت بەخۆی هەبێت ،گەر ئەوە نەبێت دەنا بۆ ئۆپۆزشێۆنە .خۆ ئۆپۆزشێۆن هەر ئەوە نیە لە دژی حیزبەکانی حکومران  تەنها دەست بەرز کاتەوە .بەڵکو دەبێ خاوەن تێروانین پڕۆژە و  بەرنامەی خۆی بێت ،و تاڕادەیەکی زۆر جیاوازبێت لە بەرنامەی حیزبەکانی نیو دەسەلات .هاوکات دەبێ ئەو بەرنامەیە هێندە نزیک بێت لە داخوازیەکانی خەڵکەوە کە بە بەرنامەی خۆیانی بزانن و قەناعەتی پێبهێنن .

لەگەل ئەو کەمووکوڕیانەی ئیمڕۆ لە ڕێزەکانی معارەزەدا هەن ،بەڵام توانیویانە معارەزەیەکی چالاک بن.

گەر موعارەزە نەبوایە ئیمڕۆ بارودۆخی کوردستان لە پەنای یەکیەتی و پارتیدا زۆر لە ئیستا دژوارتر دەبوو، بە تیابەتی لەسەر ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک.

میدیا / سەبارەت بە پرسی نەوت لە کوردستان قسەو باس زۆر دەکرێت،چۆن لەو پرسە دەڕوانیت؟

و / بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵیم خۆزگە کوردستان نەوتی تیدانە بوایە، چونکە لە بری ئەوەی ئەو نەوتە بێتە خێر بۆ هاولاتیانی ،بوەتە مایەی نەهامەتی بۆی.

ئەو خۆشگوزەرانیەی لە وڵاتانی کەنداودا بەدی دەکرێت بەهۆی نەوتەوەیە ،ئەوان توانیویانە سود لەو ئاڵتوونە ڕەشە وەربگرن و خۆیان بگەیەنە ئاستیکی پێشکەوتوو.

بەڵام بەداخەوە نەوت لای ئێمە  تەنها بۆ سوودی دوو حیزبەو بە تایبەتیش بۆچەند کەسێکی دیاری کراو.

هەرچی خەڵک و موعارەزە دەیڵێن لە بارەی ناشەفافیەتی داهاتی نەوت و دزینی داهاتەکەی و یا بەقاجاخ بردنی، هەمووی ڕاستە.

ئاخر ناکرێت سامانێکی وا گرنگ تاڵان فرۆش بکرێت و خەڵکیش تەنها سەیرکەر بن.

ناکرێت وەزارەتێک لە جانتاکەی ئاشتی هەورامیدابێت و هەرخۆیی و چەند کەسێکی دیکە بزانن پارەی داهاتەکەی چەندەو چی لێهاتووەو لەکوێیە.

ئەوتا تەنانەت زۆرێک لە یەکەیتیەکانیش لەو جۆرە مامەڵەیە ناڕازین و دوای شەفافیەت دەکەن لە هەموو بوارەکانی نەوتدا.

بیرم دێت کاتی خۆی ئاشتی هەورامی لەوڵامی پرسێارێکدا کە  داهاتی نەوت چی لێدێت ،ئەو وتی دەچێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمەوە ،هەر زوو بایز تالەبان  وەزیری دارایی وەڵامی دایەوە کە ڕاست نیەو یەک دیناری نەوت نەهاتوەتە خەزێنەوە. جارێکی تر وتی نەخێر لە سندوقێکی تایبەتدایە ،ئەوەش بەدرۆ خرایەوە کە سندوقی وا بوونی نیە.

زۆر سەیرە وەزارەتێک وەزارەتی بەرهەم هێنان بێت و ساڵانە چەندین ملیار قازانجی گرێبەستەکانی بێت کەچی خەرخی وەزارەتەکی ٤٤ جار زیاتر بێت لەداهاتەکەی. ئەمە لەچ شوێنێکی دونیادا ڕوودەدات گەر لە کوردستان نەبێت.

دەمێک ئاشتی هەورامی بۆ پەرلەمانیش بانگ کرا زۆر موسەیتەرانە و بێ منەتانە هەندێک شتی وت کەشتی گشتی بوون و  لە وەڵامی پرسیارە گرنگەکان خۆی دزیەوە. جا گەرپشتی قایم نەبێت، بێگومان بەو شیوە بی باکانە هەڵسوکەوت ناکات.

گەر یاسا سەروەربێت وشەفافیەت هەبێت و حیزب بینەقاقای دەزگاکانی دەولەت نەگرێت ،ئێستا دەبوو ئاشتی هەورامی دادگایی بکرایە. بەلام تا حیزب وا باڵادەست بێت و حساب بۆ موعارەزەو خەڵکی بەشمەینەت نەکا ، بێگومان مەسەلەی نەوت خراپتر دەبێت باشتر نابیت.

 

میدیا /  چۆن دەڕوانیتە ڕێکەوتنە ستراتیجیەکەی نیوان یەکەیتی و پارتی؟

و / ڕێکەوتنە ستراتیژیەکەی نیوان یەکەیتی و پارتی  تەنها بۆ دابەشکردنی سامان و داهاتی گەلەو هیچی تر، ئەسلەن زۆرێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی هەردوو حیزبەکە لەبارەیەوە زۆر نازانن و خاڵەکانی لایان نامۆیە .دەمێک مۆرکرا تەنها بەڕیزان مام جەلال و کاک مەسعود واژۆیان کرد. جگە لەمە ئەم ڕیکەوتنە هەر لەسەرەوە ماوەتەوە و شۆڕ نەبوەتەوە بۆ ئاستی خوارەوە ،زۆرێکیش لە ئەندامانی خوارەوەی هەردوو لا هەر بروایان پێی نیە.

تائێستا جگە لە وەستانی شەڕی نیوانیان و دابەشکردنی داهاتی میللەت لە نیوان خۆیان دا ئەو ڕێکەوتنە هیج بەر هەمێکی دیکەی نەبووە، خەڵکی کوردستانیش هەست بە بوونی ناکەن،چونکە  ئەو ڕێکەوتنە بۆ ئەوان و لە پێناوی ئەواندا نەبووە و پەیوەست نیە بە ژیانیانەوە.

یانی بوونی یا نەبوونی هەر وەک یەکە بۆ خەڵکی کوردستان.

لە ئێستادا دەنگۆ هەیە کە داوای پێداچوونەوە یا هەموارکردنەوە یا هەڵوەشاندنەوەی دەکەن ،بە تایبەتی لە تەرەفی بڕێک لە پلەدارەکانی یەکیەتیەوە ،چونکە هەست دەکەن پارتی  لەم ڕێکەوتنەدا بەشی شێری بۆخۆی بڕیوە و هەوڵی زیاتریش دەدات. بە بۆچوونی من هەر ڕیکەوتنێت ڕاستەوخۆ گاریگەری لە سەر ژیانی خەڵکی کوردستان نەبێت بە ڕوە ئیجابیەکەیدا  ئەوە بۆ بەرژەوەندی ئەوان دروست نەبووەو لەریکەوتنێکی بەرژەوەندی دوولایەن بەولاوە هیچی تر نیە.

جا لەوانەیە هەر کێشەیەکی نەخوازراو  یا لادانی لایەنێکیان لەو ڕێکەوتنە ستراتیژیە  هەمووی هەڵبوەشێنێتەوە.

میدیا / ئایا پەرلەمان توانیەتی نوێنەرایەتی خەڵک بکات 

و/ لەواقیعدا پەرلەمان یانی ئەو شوێنەی کە نوێنەرانی خەڵک کۆدەکاتەوە.

 لە حاڵەتە سروشتیەکەیدا وەک لە دونیای شارستانیدا باوە ،پەرلەمان دەبی نوێنەرایەتی خەڵک بکات . مەگەر لەو چەشنە پەرلەمانانەدانەبێت کە حیزبێکی تاکڕەو یا دکتاتۆر بۆچابەستن درووستی دەکات و کۆمەڵێک خەڵکی لەهەست دابراو چەپڵە لیدەر تێیدا کۆدەبنەوە ،وەک ئەوەی لە زەمەنی سەددام و حوسنی موبارەک و ئێستای سوریادا هەبوون و هەن.

سەبارەت بە پەرلەمانەکەی لە مەڕ خۆمان ،سەرەتا  لە کاتی شەڕی براکووژیدا بووبووە شوێنێک بۆ تەسفیەی حساب، پاشان ماوەیەک لە کار کەوت، لە دوای ئاشتبوونەوی دوو حیزبە سەرەکیە کە،گیانێکی کرا بەبەردا ،بەڵام ئەوە نەبوو خەڵک چاوەڕێی دەکرد ،چونکە زۆرینەی یەکەیتی و پارتی بالادەست بوون تیدا و موعارەزەش بوونی نەبوو، واتە پەرلەمانیکی شکلی بوو . بڕیارەکان دەخوێنرانەوە بە کۆ دەنگیان بۆ دەداو ئاو بێنەو دست بشۆ.

لەم دوایەدا لە پاش درووستبوونی معارەزە جمو جوڵێک کەوتە نێو پەرلەمانەوە و موناقەشەی گەرم و  بگرەوبەردە هاتە گۆڕێ.

هەندێک جار دەنگەندەنگ و تۆمەتبارکردنی ئەم ئەندام یائەو ئەندام و بێ دەنگ کردنی فلان ئەندام  ڕویاندەدا .

ئەمانە هەمووی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە پەرلەمان لە قاڵبە ساردو سست و کۆنەکەی دەرچوو ،وە بەرگێکی نویی کراوە بەبەردا.

یانی بەگشتی گۆرانکاریەکی چلۆنایەتی بەسەر پەرلەماندا هاتووە ،بەتایبەت لە هەمبەر مەسەلە  هەستیارەکان وە چۆنیەتی گفتوگۆ لە بارەیانەوە.

 بەڵام بەهۆی ئەوەی کە زۆرینە بۆ یەکەیتی و پارتیە شتێکی چاوەڕوانکراوە کە  ئاکامی هەر بابەتێک بەو جۆرە دەشکێتەوە کە ئەون دەیخوازن. ئەو دوو حیزبە چیان بوێت تێدەپەڕینن و چیشیان نەوێت شکستی پی دێنن.

من قسەم لەسەر پەرلەمانتارکانی ئۆپۆزسێۆن نیە بەڵام پەرلەمانتارانی سەر بە یەکەیتی و پارتی دەتونم بلێم نوێنەرایەتی حیزبەکانیانن  نەک خەڵک.

لەگەڵ ئەوەشدا بئ ئیرادە کراون و بۆیان نیە دژ بە بریاری سەرەوە کار بکەن، ئاشکرایە زۆربەی مەسەلەکان بەر لەوەی بگاتە پەرلەمان لە لایەن مەکەتەبی سیاسی هەردوو حیزبەکەوە  پێشتر بریاریان لەسەر دراوە ،ئەوان تەنها دەست بەرزکردنەوەیان لەسەرە و هیچی تر.

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.