له هه‌ر نیشتنه‌وه‌یه‌ك جێ باڵێك له یاده‌وه‌ری
مورتكه
ئێره مورتكه‌یه، به‌ڵام نه مورتك نه هیچ دره‌ختێ نابینم، نازانم ته‌ور به ناویان وه‌ربووه یان شه‌ڕ گه‌یشتووه و سووتاندوونی، دووریش نیه له بنی دره‌ختێكی به خۆیه‌وه نه‌دیتبێ، وه‌ك زۆر گوندیدی ئاشنای سێبه‌ر و به‌ر و كه‌سكایی دره‌خت نه‌بێ، له‌و ده‌شتی هه‌ولێره زۆر گوند هه‌یه له گه‌ڕه‌كێكی شار به ئاوتره، كه‌چی ده‌ڵێی له بیابان هه‌ڵیانداوه، ئه‌و خۆشناوه‌ی قهرتاڵهكهی وا بزانم ترێ بوو ده‌یگوت:
به چاوی گورگ چاو بگێڕی، بۆ هێستر به‌ستنه‌وه‌ش دره‌ختێك نابینیه‌وه.
به‌ڵام مام عجیل كه به ده‌گمه‌ن نه‌با، تفه‌نگه‌كه‌ی یان له شان بوو یان له سه‌ر چۆكی، ده‌یگوت:
له‌و ده‌شته بۆ تفه‌نگ پێوه‌كردن، لقه دارێ نیه.
رۆژ ئاوابووه، زه‌رده‌ی ماوه، پێشمه‌رگه له پشت گوند له ناو پووشو په‌لاش خۆیان حه‌شار داوه، ئه‌وشه‌و شتێكیان له چاوه، ئه‌گه‌ر چ روونه‌دا خۆ به مۆڵگه‌یه‌كدا ده‌ده‌ن و ره‌نگه نه‌خش بێنن، ئێستا مێوانی گوندن، دوو دوو به سه‌ر ماڵان‌دا دابه‌ش بوون، له هه‌ندێك ماڵ مێوانی خوێن شیرنن، له هه‌ندێ ماڵیش تاڵ تاڵ، تاڵترین مێوان…
ده‌بێ هه‌ڵه‌یه‌ك له نه‌خشه‌كه‌دا هه‌بووبێ، یان دواتر تێیكهوتبێ، نا، رووداوێك له ده‌ره‌وه‌ی نه‌خشه روویدا و نه‌خشه‌ی تێكوپێك دا، باش بوو تێكچوو، دوور نه‌بوو تێدا بچم، یان ده‌ستم به خوێنی جاشێك سه‌ربازێك سووربا، دواتر، دوای چه‌ند شه‌وێك پێشمه‌رگه كه‌مێك له‌ولاتر، كانه‌بی گچكه گوته‌نی:
(( نه‌خشێكی هێنا، مێژوو ئه‌گه‌ر خوێڕی نه‌ینووسێته‌وه، له لاپه‌ڕه‌یه‌كی خۆیدا جوان ده‌ینه‌خشێنێ))
به‌ڵام من له‌وێ نه‌مابووم، ههڵفڕیبووم، ده‌زانن له كوێ نیشتبوومهوه!
ئاخوڕه
ئه‌ها، به‌یان ئه‌نگوت، له‌و بڵنداییه، له‌گه‌ڵ نیشتنه‌وه‌ی من به‌یان ئه‌نگوت، به‌و لێژاییهدا لێژدهبینهوه، ئه‌بوو ره‌شا ده‌ناسمه‌وه، له پێشه من لێژده‌بێته‌وه، پێی رۆیی، خۆی به لقه دارێ گرته‌وه، چه‌ند بنه دارێك به پێوه مابوونه‌وه، ئێره(ئاخوڕه) یه، رێی مورتكه بۆ ئاخوره به ترومبێل هه‌ر بایی دالغهیهكی كورتی منه، به‌ڵام به پێی پێشمه‌رگه كاتژمێرم نه‌گرته‌وه، نه‌مزانی چه‌نده، پێشتر له بابمم بیستبوو كه ئاخوره له (ئاخوڕ)ه‌وه هاتووه و خه‌ڵكی لایده ئه‌و ناوه‌یان به سه‌ردا بڕیوه، به‌وه‌ی كه ئاخوڕی زۆریان له‌و جێیه دیوه، ئاخوڕی به‌رزه و ره‌شه‌وڵاخ، ئاخوری بزن، به‌ڵام ئێستا ئاخوڕهی پڕ ئاخوڕ تاكه ئاخورێكی نیه، له ده‌و بیره ئاوه‌كانی كۆڵێكی ئاو نابینرێ، ئاخوڕه چ گوندێكی نا گونده! نه قۆڕه‌ی چێڵێ، نه قاڕه‌ی بزنێ، نه حیله‌ی ماینێ، نه زه‌ڕه‌ی كه‌رێ، نه قووقه‌ی كهڵهبابێ، نه گاره‌گاری مریشكێ، ئاخوڕه چه‌ند نا گونده، نه كونده و كوندهڵان، نه كۆڵیتی مریشكان، چه‌ند ناگونده! له وه‌رزی دۆ له ئاخوره جامه دۆیهك ده‌ستناكه‌وێ، دووسهگه كلك له سهرپشتهكان له وه‌ڕین ناكه‌ون.. پیاوێك كه كۆڵێكی گه‌وره‌ی له پشتێیه، به‌ڵام ره‌نگه سووك بێ، كڵاشینكۆفێكی قۆنداخهداری به شانه‌وه، له سه‌ر رۆیشتنه، ده‌ڵێ:
ده‌مێكه ئاخوڕه بێ ماڵاته، ئه‌وه‌ی هه‌بوو سه‌ربازی عاره‌ب تاڵانی كرد، ته‌واو ژیان لێره نه‌ما، گوند سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ
ئه‌بوو ره‌شا لێپرسی:
تۆ بۆ كوێ؟
كابرای كۆڵ له پشت:
قوزی داكی عاره‌ب
ئه‌بوو ره‌شا به كوردیه‌كی خۆش و پێكه‌نیناوی:
من عوربی، تۆ قوزت داكم چوو
كابرای ئاخوڕهیی:
تۆ عاره‌ب نی
ئه‌بوو ره‌شا به پێكه‌نینه‌وه:
وه‌ڵڵا من عه‌ره‌ب
كابرای تفه‌نگ له شان:
باشه ده‌چمه قوزی داكی سه‌دام، خۆی ناڵێی سه‌دامم
ئه‌بوو ره‌شا:
نا، بچو، به‌س دربالهك له رێی قوز داك سه‌دام جاش مه‌وجود.
كابرای كۆڵ له پشتی تفه‌نگ له شانی ئاخوڕهیی ده‌ستی له ملی ئه‌بوو ره‌شا كرد و به گریانه‌وه رۆیشت..
هێشتا له ئاقاری ئاخوڕهین، ده‌نگی فڕۆكه دێ، ده‌بێ خۆ بشارینه‌وه..
باواجی
سه‌رهه‌ڵبڕه، (باواجی)یه، دیوی لای شاری دیار نیه، به‌ڵام دیوی دۆڵی، دۆڵی سماقووڵی له بن سێبه‌ری چه‌ند په‌له هه‌ورێ، له به‌هاردا راكشاوه، ئه‌و تهنكێشهی باواجی كه له‌منه‌وه جوان دیاره، له‌و به‌هاره‌دا ده‌ڵێی كه‌وێ كه‌سكه‌كه‌ی نه‌نكمه به سه‌ر رسته‌وه..
(( كهوێكهی من تیلمێكه له باواجیم هه‌ڵبڕیوه))
ئه‌و رسته شیعریه هی نه‌نه ئایشه‌ی نه‌خوێنده‌واره، پتر له به‌هاراندا ده‌یگوته‌وه، نه‌كم ژنێكی باواجیی بوو، ده‌یگوت:
((من كۆیی نیم باواجییم))
دایكم زۆر جار ده‌ڵێ:
((نیوه‌ی باواجی هی باپیری من بوو، به‌ڵام له بن ده‌ستیان ده‌رهێنا و ئێستا جێی گۆڕێكیشمان له‌وێ نیه))
تۆپێك منی هێنایه‌وه ناو پێشمه‌رگه، ده‌نا له سه‌ر ده‌رگای ماڵێ له نێوان نه‌نكم و دایكم دانیشتبووم، بیرم له نیوه‌ی له ده‌ستچووی باواجی و كه‌وێی باواجی ده‌كرده‌وه، من وام، هه‌ر جێگه‌یه‌ك ببینم یان ناوی بێ، ئه‌گه‌ر له منداڵی دیتبێتم یان باسیان كردبێ، یه‌كسه‌ر ده‌گه‌ڕێمه‌وه منداڵی..
تۆپ، تۆپ، دیسان تۆپ، رێی پێگۆڕین تۆپ، رووه و كه‌نده‌كه شۆڕبووینه‌وه، باواجی بزر بوو، تۆپ نه‌یهێشت تێربم له‌و جوانیه‌ی باواجی كه له كهوێكهی نه‌نكم ده‌چوو، كۆپتهریش گه‌یشت، زرمۆهۆڕه، ئیدی باواجی هه‌ر نیوه‌ی نا، هه‌مووی له ده‌ستچوو، له بیرمه حه‌مه‌ی ئایشه گوڵ ده‌یگوت:
رۆژێك دێت له سه‌ری باواجی خانووێك درووستده‌كه‌ین، جار جاره له به‌هاران لێی دهمێنینیهوه، سه‌رهاتی رۆژانی پێشمه‌رگایه‌تی تێدا ده‌گێڕینه‌وه
به‌ڵام ساری ده‌ڵێ:
له خه‌ونێ!
كانی شیلانه
مانگه‌شه‌وێكی هاوینیه، له دووره‌وه جاش سه‌رباز لێكدی جیاده‌كرێنه‌وه، تینوێتی نه‌با، له‌و سه‌ر كانیه نهدهنیشتینهوه، ره‌نگه( شۆرش)ێكی خۆشناویی بووبێ، گوتی:
(( ئه‌وه‌ش كانی شیلانه، ئای چه‌ند تامه‌زرۆتم))
ئێره كانی شیلانهیه؟ زۆرم خوارده‌وه، به‌ڵام نه‌گه‌یشته زگاوبوون، مهتارهكهم پڕ كرد، به راست ئه‌وه كانی شیلانهیه؟ پێشتر جارێك كانی شیلانه‌م دیتووه و ئاوم لێی خواردۆته‌وه و تێر شیلانهكانیشم بۆنكردووه، به‌ڵام ده‌ڵێی گۆڕاوه! نا، ئه‌و كانی شیلانه‌ی من له به‌ر تیشكی خۆر سه‌ردانیم كرد، كانی شیلانه‌ی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و نیه، پێده‌چێ ئه‌وده‌مه‌ی مانگ به سه‌ر جێگه‌یه‌كدا هه‌ڵدێ، هه‌ندێ سیمای رۆژ و به‌ر خۆری لێبكاته‌وه و سیمای تریفه‌یی بداتێ، به شێوه‌یه‌ك چاو به سانایی نه‌یناسێته‌وه، (ئازاد)ێك له ته‌نیشتمه، به ئه‌سپایی هه‌ر ئه‌وه‌ته ده‌بیستم، گۆرانی ده‌ڵێ:
كانیه‌كی روونی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و
له بنیا بله‌رزێ مرواری زیخ و چه‌و
(كامه‌ران)ێك ده‌ڵێی بۆ من قسه‌ده‌كات:
((ئه‌و رێگایه‌ی به شه‌و پێدا ده‌ڕۆی، كاتێ به رۆژیش به هه‌مان رێگا ده‌ڕۆی، زۆر جیایه، هه‌ر ئه‌وه‌ته ده‌یناسیته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه‌ش..))
كوڕێك له یاده‌وه‌ریمدا نه ره‌نگی ماوه نه ناوی، به‌ڵام ئه‌و رسته‌یه وه‌ك خۆی له گوێم ده‌زرینگێته‌وه:
(( ده‌ڵێی رێت هه‌ڵه كردووه، به‌وه خۆت ده‌په‌ڕێنیته‌وه، چاوساخ!))
له‌و رسته یاده‌وه‌ریه، ته‌نها وشه‌ی (ده‌لیل)م گۆڕی به چاو ساخ.
كامه‌ران له دڵه‌وه و به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێ:
(( له هه‌موو جێیه‌ك بزربم، له سه‌فین و ئاقاری سه‌فین نا، ده‌زانم له‌و سه‌فینه چه‌ند كانی و ته‌ڕایی هه‌یه، چه‌ند رێ و رێچكه هه‌یه، چه‌ند گابه‌رد و بنه‌دار هه‌یه، له تاریكهشهوی باراناوی به هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌ومه‌وه، له بن به‌فرێ، پێیاندهكهومهوه..))
یه‌ك یه‌ك، به دووی یه‌كا، دوور له یه‌كتر، به بنارا خۆش خۆش ده‌ڕۆین، له‌وانه‌یه پێشمه‌رگه‌ی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و ئه‌گه‌ر له ته‌له‌فزیۆن نیشانبدرێ، له چاودا جوان خۆ بنوێنێ، من له‌و بناره تریفه‌ییه، له گژ وێنه‌یه‌كم، ده‌مه‌وێ به وشه بیكێشم، وشه له پێشمه‌رگه یاخیتره، ده‌سته‌مۆ نابێ، دهسڕێژهك هێنامیه‌وه رێزی پێشمه‌رگان، چه‌ند دهسرێژهك رۆیشتنی پێشمه‌رگه‌ی پساندهوه، خۆم داوه‌ته په‌نای بنه داره‌ك، چاو له به‌رد ده‌گێڕم، نابینم، ته‌قه گه‌رمه، هی ئه‌وه نیه، وا بمێنیه‌وه، ده‌بێ دهستبكهیتهوه، تهقو هۆڕه، چاره‌گێكی نه‌برد، ده‌رچووین، له به‌ختی من، ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی بۆسه‌كه‌ی كێشابوو، یان نه‌زان بووه یان ترسنۆك…
ماكۆك
قسهكم بیستیه، نازانم كێ دایڕشتیه:
(( سه‌فین به هه‌ر لایه‌كدا هه‌ڵتدا، هه‌ڵدانه‌كه حێل بێ یان هێدی، چیایه‌ك ده‌تگرێته‌وه و له ده‌شتایی و دۆڵ ناكهویهوه))
ئه‌و قسه‌یه بۆ من راستكهوتهوه، له سه‌فینه‌وه هه‌ڵفڕیم، له لاپالێك نیشتمه‌وه، گوتیان:
(( سه‌رهه‌ڵبڕه، ئه‌ها ئه‌وه چیای ماكۆكه))
له سه‌فینه‌وه لۆ ماكۆك ته‌نها دوو رێ هه‌یه، رێی سێیه‌م ئه‌گه‌ر هه‌شبێ به خه‌یاڵدا خه‌یاڵ و خه‌یاڵ ده‌ڕوات، ئه‌و دوو رێیه یه‌كیان رێی پێشمه‌رگه‌یه، ئه‌ویدی رێی فڕۆكه و كۆپته‌ره، كۆپته‌ر تا ده‌یگاتێ خهوهنووچكه ده‌باته‌وه، به‌ڵام پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر مه‌تاره‌كه‌ی پڕ و له كۆڵهپشتهكهشی چه‌ند نوردووه نانێك و دوو مسته قه‌سپ هه‌بێ، ئه‌وا ره‌نگه له رێیێ هه‌ر جارێك ده‌ست به ئاو بگه‌یه‌نێ، مام مه‌جیدی برا گچكه به ده‌نگی نزم بۆ یه‌ك دوو پێشمه‌رگه‌ی ده‌گێڕایه‌وه:
(( به‌و ده‌ستنوێژه‌ی له كانی شیلانه‌ی سه‌فین هه‌ڵمگرت، له بناری ماكۆك نوێژم كردووه، ده‌ستنوێژ سووك بووبوو، به‌ڵام نه شكا))
مام بایزی برا گه‌وره بۆ گوێی لێنابێ! پفێك به دارجگهرهكهیدا ده‌كات، گولله‌ی ده‌مانچه‌ش هه‌ر هێنده تۆز و خۆڵه به‌رزده‌كاته‌وه:
(( مه‌جه، بیبڕه‌وه، زۆری نه‌ماوه منیش باوهڕبكهم!))
حاجی به‌ختیار ده‌ڵێ:
(( دوای رزگاری و چوونه‌وه، پێویسته مام مه‌جید ببێته سه‌رقافله‌ی حاجیان))
]به‌ڵام دوای هاتنه‌وه، له سه‌روبه‌ندی گرانیه‌كه من به چاوی خۆم چه‌ند جارێ مام مه‌جیدم له كۆڵانان به دوای تڕومبێڵی زبڵڕێژهوه دیت[
ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ههتاوگهسته به‌و ده‌مه‌و عه‌سره هاوینیه ده‌ڵێی قهتێن به ماكۆكهوه، هێند خۆیان داوه‌ته تاو، ره‌نگی قهتێیان گرتووه، هه‌ر به راستی له چاوی منه‌وه زۆر له قه‌تێ ده‌چن، مام هیدایه‌ت كه ته‌مه‌نێكه پێشمه‌رگه‌یه، زوو گوتبووی:
(( خودا ئه‌گه‌ر له پیاو بگۆڕێ، ده‌بێته پێشمه‌رگه، ئه‌گه‌ر له پێشمه‌رگه‌شی گۆڕی ده‌بێته قه‌تێ))
جێیهكهمان بێ دار وبار نیه، به‌ڵام دیوی سێبه‌ری دار قه‌ره‌قاج، له دیوی هه‌تاوه‌كه‌ی گه‌رمتره، كه‌م مهتارهش ماوه چۆڕبڕ نه‌بووبێ..
لێره‌وه، له‌و دووره‌وه، له دووربینه‌وه، بێتواته له چه‌ند هێشووه ترێیه‌كی ره‌شی خۆڵاویی ناو قه‌رتاڵه ده‌چێ، ئه‌رێ چی وای كرد بێتواته له بۆڵووه ترێ بچێ، حه‌زی چوونه ترێ!!
تینوێتی تاوی سه‌ندووه، ماكۆكیش هێشتا زۆری ماوه رۆژی لێ ئاوابێ، تا ماكۆك نه‌چێته باوه‌شی تاریكیه‌وه، بن ئه‌و چه‌ند بنه دار و گابه‌رده ماڵی پێشمه‌رگه‌یه و بۆی نیه پێ ئاودیوی ده‌رێی ماڵ بكات، ئێره خوا ده‌زانی چاوی چه‌ند جاش و سه‌ربازی له سه‌ره، خوا ده‌زانی له ناو سێرهی چه‌ند تۆپ و دۆشكه و تفه‌نگه، میزی خۆمان خواردبێته‌وه، تا تاریك دانێ هه‌ر لێره‌ین…
حاجی به‌ختیار پێده‌چێ زۆری تینوو بێ، بۆیه چیرۆكی رووبار ده‌گێڕێته‌وه:
(( له‌و پێچه بسووڕێیته‌وه، سهرشاخانه، رووباره‌كه‌یه، ئه‌و رووباره‌ی له دڵی ماكۆكهوه هه‌ڵده‌قووڵێ، سارد سارد كه‌لله ته‌زێن، ئه‌و ئاوه هه‌میشه‌ییه، كانی دنیا چك بكات، رووباری دنیا وشك بكات، رووباری ماكۆك هه‌ر رووباره))
هاته‌وه بیرم، پێشتر له رێی خاڵێكمهوه( شه‌فیق) ماكۆك و كانیه‌كانی ماكۆكم به شێوه‌یه‌ك بیستبوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی به چاوی خۆم دیتبێتم، ئه‌و شه‌فیقه له پێشمه‌رگایه‌تی كه‌م چیا هه‌یه نه‌یدیتبێ، ئه‌وه بوو كه كوڕێكی بوو له ناو چیایان (ماكۆك) بۆ هه‌ڵبژارد، به‌ڵام من له‌و عه‌سره هاوینیه، گه‌رما و تینوێتی ماكۆك وای لێنه‌كردم كه هیچ جوانیه‌كی لێ ببینمه‌وه، له به‌رخۆمه‌وه ده‌مگوت:
كوڕی خۆم به بیابان ناودێربكهم، ناوی نانێم ماكۆك.
ئۆخه‌یش وا ماكۆك كه‌وته تاریكیه‌وه، ره‌نگه گوتبێتم:
ماكۆك، هه‌ر له تاریكی بتبینم!
شۆڕبووینه‌وه، گه‌یشتینه ئاو، ده‌رچووین، به‌لام به‌و رێیه نا كه ده‌چۆوه سه‌ر ئاوه‌كه‌ی دڵی ماكۆك..
دواتر زۆر دواتر، نه حاجی به‌ختیار مابوو، نه پێشمه‌رگایه‌تی، ساڵ له وشكه‌ساڵی وه‌رزه‌كانی ده‌سووڕانده‌وه، سه‌ر له سپێده‌یه‌ك به ترومبێل رێم كه‌وته‌وه بێتواته، له چاوی من هه‌ر له هێشووه ترێ ده‌چوو، به‌ڵام له ناو قه‌رتاڵه نا، به داره‌وه، سه‌رم به به‌ژنی ماكۆكدا هه‌ڵبڕی، چ چیایه‌كه ماكۆك! چوومه سه‌رشاخان و خۆم خسته رووبارهكهیهوه، چ ئاوێكه، ئاوی دڵی ماكۆك! راستی گۆ حاجی به‌ختیار، شه‌فیقیش جوانناس بوو..
هه‌ندرێن
كوڕێك هه‌یه به چیایه‌ك دڵی دانه‌كه‌وت، ناوی دوو چیای له خۆی ناوه (هه‌ندرێن پێرس)، تێنه‌گه‌یشتم بۆ جیاكردنه‌وه‌ی له ههندرێنهكانیدی پێرسێكیشی به خۆیه‌وه ناوه، یان شتێك هه‌یه له‌و دووه كه‌س به‌لایدا نه‌چووه، (ئه‌بوو لاوك)ێكمان له‌گه‌ڵه له رۆژه‌كانی به چیادا هه‌ڵگه‌ڕان، كه ئاره‌قه له قوونیهوه ده‌هاته خواره‌وه، گوتم رۆژه‌كان نهمگوته ساته‌كان، چونكێ چیا هه‌بووه چه‌ند رۆژی ویستووه تا لێی ی ئاودیو بووی، ئه‌وجا ئه‌و ئه‌بوو لاوكه ده‌ست به بنهدارێكهوه ده‌گرێ، پشوویه‌ك ده‌دات، دوو قوم له مه‌تاره‌كه‌ی ده‌دات، دوای لێبوونه‌وه له لاوكه‌كه‌ی، روو له دوو چیا، به عه‌ره‌بی ده‌ڵێ:
پێشمه‌رگه دوو گون له خۆی نێ، له‌و باشتره ناوی دوو چیا له خۆی نێ.
دوو چیا ده‌ڵێ:
گونم! لۆ خۆت لاوكی چیایی بڵێ
ئه‌و ئه‌بوو لاوكه، بابی شتێكیدیه، بابی لاوك نیه, به‌ڵام هێند لاوكی گۆ، بووه ئه‌بوو لاوك، چ لاوكێكیش! هه‌مووی شه‌ش (لێ) و حه‌فت (لۆ)یه‌ك، وشهیدی نهدهگۆ: (( لێ لێ لێ لێ لێ لێ، لۆ لۆ لۆ لۆ لۆ لۆ لۆ)) هێنده و به‌س، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێ مه‌ترسی با، هێنده‌ی ده‌گۆته‌وه مێشكی ده‌بردی، ئه‌بوو لاوك ده‌پرسێ:
ئه‌رێ ئه‌و چیایه ناوی چیه وا نازانم له كه‌نگێوه به ده‌وریا خولدهخۆینهوه؟
دوو چیا ده‌ڵێ:
ئه‌وه منم
ئه‌بوو لاوك ده‌پرسێ:
كام لات؟
دوو چیا وه‌ڵامده‌داته‌وه:
لای گونم
ئه‌بوو لاوك ده‌یویست شتێك بڵێ، به‌ڵام پێكه‌نین رێی نه‌دا كه‌س گوێی له وشه‌یه‌ك بێ…
شێرزاد ده‌ڵێ:
له‌و خواره كانیه‌ك هه‌یه، مهتارهكانمان پڕده‌كه‌ین.
نه‌مزانی كێ بوو:
له پێشمان كانی نیه؟
شێرزدا وه‌ك ناوله‌پی خۆی شاره‌زای هه‌ندرێنه ده‌ڵێ:
نیه، هه‌ندرێن كانی كه‌مه.
ئه‌و قسه‌یه منی گه‌ڕانده‌وه لای خاڵم كه چیا نه‌بووه شهریِ لێنهكردبێ، ده‌یگوت:
(( له بیابان لێت بقه‌ومێ له هه‌ندرێن لێت نه‌قه‌ومێ، چیایه‌كه بێ كانی))
كانه‌بی گه‌وره كه خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌رچی شاخ و دوند هه‌یه، هه‌یه و به خوێنیش له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن ده‌گه‌نه‌وه یه‌ك، سه‌یر بوو له‌و خولانه‌وه ههندرێنیه له باره‌ی هه‌ندرێنه‌وه ورته‌ی لێوه نه‌هات..
ئۆخه‌یش ئاقاری هه‌ندرێنمان بڕی و لێمان نه‌قه‌وما..
قه‌ڵاتی دوین له بن دره‌ختێكه‌وه
له‌و جێیه‌ی قه‌ندیلی ده‌ڵێنێ، قه‌ندیلی ههورگری به ئاسمانداچوو ناڵێم، قه‌ندیلی ئاوایی دهوزێی گه‌وره، ئه‌و جێیه‌ی كه پێشمه‌رگه به شڕه به‌له‌مێك بادینانی به سۆرانه‌وه گرێده‌دا، له‌و قه‌ندیله، له‌و پنته په‌یوه‌ندیه‌وه، تا ئێره نیو شه‌وی پایزی ویست، له سه‌ر زێ به رێكه‌وتین نیوه شه‌و بوو، ئه‌وه لێره له‌و سه‌ر بستووه، له‌و بن ئه‌و داره به تهمهنداچووه، سپێده‌ی دا، به پێی پێشه‌رگه نه‌با به شه‌و و رۆژێكیش ئه‌و هه‌موو ئاقاره نه‌ده‌بڕا، ئاقاری قوڕه به‌گ و رك و هاڕهش و گڕاو و نازانم چی و چی…
سپێده‌یه‌كی به واتا سپێدهییه، گزنگ تاڵ تاڵاَ له سه‌ر و قژی دره‌خت ئاڵاوه، دره‌ختێكی تابڵێی بڵند و پان و پۆڕ، چ به تاكه دره‌خت نه‌ده‌چوو، ده‌تگوت چه‌ندان دره‌خت لق و پۆیان لێكدی ئالۆزكاوه، مام ره‌سووڵ پێشتر گوتبووی:
((له چله‌ی هاوینێ نیوه‌ی خێلی خه‌یلانیان له‌و بن داره دانیشن، كه‌سیان له سێبه‌ر بێبه‌ری نابێ و حێیهكی له به‌ر هه‌تاو نامێنێته‌وه))
ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌م نه‌بیستبا، به قه‌ڵه‌مبڕ له قه‌دی نیوه كلۆری دره‌خت نه‌مده‌نووسی (داربه‌ڕووی خه‌یلانی)، هه‌ر له باره‌ی داربه‌ڕووی خه‌یلانی سهفینێكی سه‌ر له سه‌فین بڵندتر ده‌یگوت:
(( بیستمه له‌و ناوه داری مه‌سره‌تی هه‌یه، وا بزانم هه‌ر ئه‌و داربهڕووهیه، ده‌ڵێن هه‌ر كێشه‌یه‌ك بكه‌وێته نێوان خه‌یلانی و زراریان له‌و بن داره داده‌نیشن و داره‌ك به به‌ینیاندا دێنن))
ده‌مویست به دوای داربه‌ڕووی خه‌یلانی بنووسم( بۆ مه‌سره‌تی) به‌ڵام قسه‌یه‌كی جاسم خه‌یلانی پهشیمانیكردمهوه:
((كه خین رژا، داری مه‌سره‌تی چی! داربهڕووهكانیش ده‌بنه تفه‌نگ و به رووی یه‌كتردا ده‌ته‌قنه‌وه))
داربه‌ڕوو تاقه دار نیه، له ده‌وروبه‌ری هه‌شت نۆ ده داربهڕوویدی هه‌ڵچوونه، به‌ڵام له چاو خهیلانیهكه له بنه گوێنی ده‌چن، بۆیه جوانی و گرنگیی تاقه‌داری پێوه‌یه، له چاوی منه‌وه هه‌ر تاقه‌داره، ئێستا له بنه مه‌تاره و به ئاگری گچكه چایه لێده‌نێین، پێشمه‌رگه ده‌بێ بێ دووكه‌ڵ بێ، دووكه‌ڵ له هه‌ر جێ بێ، تۆپ ده‌یبینێ و ده‌یگاتێ، كێ بوو؟ گوتی:
((ئه‌ها له قه‌ڵاتی دوینه‌وه دووكه‌ڵێكی گه‌وره به‌رزبۆوه))
ئای، چما ئه‌وه قه‌ڵاتی دوینه، نه‌مزانیبوو، لێره‌وه به دووربین روون دیاره، هه‌وه به شه‌و له‌و دیوه‌وه له دیوی ئاوایی (دوین)ه‌وه، له دیوی گۆڕستانه پڕ كێلهكهیهوه له قه‌ڵاتی دوین نزیكبوومهتهوه، وه‌ك ده‌ڵێن دنیایه‌ك سه‌رباز و جاشی به سه‌ره‌وه‌یه، قه‌ڵات به دیوی دویندا هه‌ندێك شوڕبیهوه، مێرگ و زه‌نوێره، به‌ڵام به دیوی ئێمه‌دا له رووباره‌وه تا سه‌رێ رژد و هه‌ڵدێره، كه‌س نایگاتێ، هه‌رچی پێشمه‌رگه‌یه په‌لامارده‌ن، ناگیرێ، سێ چه‌كدار له‌و قه‌ڵاته‌وه ده‌توانن شه‌رێ له‌شكرێك بكه‌ن..
سه‌فین چاوی له دوین بڕیوه:
ئه‌و قه‌راته به ده‌ستی هه‌ر كێوه بێ، ناگیرێ
خه‌یلانی ده‌ڵێ:
ئه‌گه‌ر له تێری نان و ئاویان هه‌بێ و فیشه‌كیان لێنهبڕێ.
مام ره‌سووڵ ئاهێك هه‌ڵده‌كێشێ:
یه‌ك ناپاك قهڵاتهك به چۆكدادێنێ
به دیار دوینی ناو گزنگه‌وه، چایه ده‌خۆینه‌وه، به هه‌ڵه نه‌چووبم، كۆڵه‌پشت جگه له نوردووی نان هێلكه‌ی كوڵاویشی تێدایه…
دره‌نگه، خۆر كه‌وت، ئه‌ها، پشت له دوێن به چیایه‌كی ركدا ده‌لێی نێریه كێوین هه‌ڵده‌گه‌ڕێین، ته‌ق ته‌ق، بمب بمب، ده‌ی ئه‌گه‌ر له ئاسمانیشه‌وه پهلامارنهدرێین، زه‌وی فشه‌یه، ترسم نیه، ناپاكمان تێدا نیه، دیسان نیشتنه‌وه به سه‌فینه‌وه و ههڵفڕینێكیتر…
كێله شین
ئێره بناری حهسهنبهگه، چیایه‌كه پێده‌چێ سه‌ری له له ئاسمان بسوێ، ده‌ڵێن سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی ساكهگۆڕێكی وایه جێی چه‌ند رۆژه جووتێكه، بیستبووم جێی پشووی كۆپته‌ره، كه له شاخ و دۆڵان ماندوو ده‌بێ، ده‌چێ له‌وێ ده‌نیشێته‌وه، پشووده‌دات، خۆی پڕده‌كاته‌وه و به ئاسمان وهردهبێتهوه، ده‌ڵێن ئه‌و حهسهنبهگه به قه‌د چه‌ندان مێگه‌ڵ بزن سه‌رباز و جاشی پێوه‌یه، ئه‌وه‌تا دوو كۆپته‌ر به سه‌رماندا سه‌ره و ئاسمان سه‌ره‌و حه‌سه‌نبه‌گ رێ‌یان گرتووه، ئه‌ها سێ كۆپتهریش له ئاسمان دابه‌زین ، ئه‌گه‌ر ماندوێتی ئاراسته‌كانی لێ نهئاڵۆزاندبم، به ئاراسته‌ی لۆلان باڵیانگرت، ده‌ڵێی نیازی دڵی ئێمه‌یان خوێندۆته‌وه، ئێمه‌ش هه‌ر لۆلانمان مه‌به‌سته، لێره‌وه بۆ لۆلان كێ ده‌زانی چه‌ند رۆژه رێیه، ده‌بێ شه‌و جێی هه‌ندێ له رۆژه‌كان بگرێته‌وه، ماڵاوا حه‌سه‌نبه‌گ، ده‌مویست به ده‌ستی خۆم لاسكه رێواسێكی به‌رۆكت بقرتێنم، با پیریش بووبێ، هه‌ر به‌تامه، به‌ڵام، تۆ به مه‌رگ ده‌ور دراوی و كه‌ڵكی نیه له‌وه پتر لێتنزیكبكهومهوه، به‌و ده‌سته بچووكه‌وه هی(( شه‌ڕی حه‌سه‌نبه‌گ))نین، ماڵاوا..
بڕۆ، بڕۆ، پشوو، دیسان رۆیشتن، لادانه ئاواییه‌ك، ره‌شماڵێك، شله ساوارێك، ژاژی، په‌نیر، جامه دۆیهك، دیسان رۆیشتن، رۆیشتنی پێچاوپێچ، هه‌وراز و نشێو، كه‌م راستوراست، له‌مێژه به ئاسماندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێین، به‌ڵام به رێیه‌ك كه ههستمنهكرد ركیم بێته رێ، ئێره كوێیه؟ ده‌ڵێی هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه، نا ره‌نگه هه‌واڵێك رێی پێگۆڕیبین، له بیرم نیه، نازانم چی بوو، شتێك هاته پێشێ، لۆلانم نه‌دیت، به‌ڵام له جێیه‌ك خۆمان دیته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ستی هه‌ڵه‌ی تێدابووبێت، حه‌زده‌كه‌م هه‌میشه هه‌ڵه ده‌ستی هه‌بێ و من ده‌ست بخه‌مه ده‌ستی هه‌ڵه‌وه، رزگار ده‌ڵێ:
ئێره كێلهشینه..
كێله‌شین! ده‌مێكه ناوم بیستووی و نهمدیتووی، كێله‌شین چ كێله‌شین! كوێستانێكه له ئاسمان، له‌و چله‌ی هاوینه ته‌ڕ ته‌ڕ، به‌هارێكه له جێیان له به‌هاریش به‌هاری وا نیه، فێنك فێنك، شنه بایه‌ك هه‌ڵیكردووه، نازانم تا گه‌یشتۆته ئێره په‌نجه‌ی به رووی چه‌ند به‌فر كه‌وتووه، با نه‌رم نه‌رم ده‌ڵێی له لاولاوه و باڕێزه‌وه هاتووه، خودایه كێله‌شین ئه‌و هه‌موو كهسكاییهی ئه‌و هه‌موو ره‌نگه‌ی له كوێ هێناوه، ئه‌و هه‌موو گوڵه‌ی له كوێ چنیوه و له یه‌خه‌ی خۆی داوه.. كۆمه‌ڵێ ره‌شماڵ له كوێستانی كێله‌شینێ له ئاسمانێ هه‌ڵیانداوه، هێنده په‌یوه‌ندیان به كێشه‌كانی زه‌ویه‌وه نه‌ماوه، رهشماڵنشینهك هه‌ر له زاركی رهشماڵێ ده‌ڵێ:
به‌خێربێن بۆ كێله شینێ، بڵندترین كوێستانێ
ئازاد ده‌ڵێ:
ئێره بڵندترین كوێستانه؟
رهشماڵنشین:
بڵندترین كوێستانی كوردستانه، كۆچه‌ری له هه‌موو لایه‌كه‌وه رووی تێده‌كه‌ن..
دابه‌شبووینه رهشماڵان، ژاژی هات، هه‌ندێك پێشمه‌رگه ناویان نابوو (تی‌ئێن‌تی)، ئاخر هه‌رچیت به سه‌ردا ده‌كرد، نه‌ده‌چووه خوارێ، كه دهشچوو گه‌ده‌ی سه‌روبن ده‌كرد، من چه‌ند جارێ به ژاژی وام لێهات، به‌ڵام چ ده‌كه‌ی، ده‌خۆی ژاژیه، ناخۆی هه‌ر ژاژیه، ده‌ڵێی ئه‌و ژاژیه ره‌نگوبۆی جودایه له‌و ژاژیانهی پێشتر له پێشم دانراوه، ژنه قۆڵ و باسك به‌فریه چاو رهژگوڵیه گهردنكێلهكه چایه‌ی تێكرد، ئای! ئه‌وه ژاژی نیه، چ تامێكی هه‌یه! قه‌ت ژاژی وام تام نه‌كردووه، سه‌ره‌تا پێموابوو، برسێتی، یان قسه خۆشی و جوانیی ژنه، ژاژیه تیئێنتیهكهی به تام كردووه، نا، له جێیدیش، له سه‌ر برسێتی و به دیار ژنی له‌وه جوانتریشهوه ژاژیم خواردووه، به‌ڵام هه‌ر ژاژی بووه، ده‌مویست بپرسم، شێرزاد پێشدهستیكرد:
ئه‌و ژاژیه زۆر خۆشه، له ژاژی جێیان ناچێ، چۆنی درووستده‌كه‌ن؟
ژنه كوێستانی وا بزانم ناوی فاتم بوو:
هه‌موو ژاژی كوێستانێ ئه‌وهایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له جێیان له پێشهنگۆیان دانایه، ژاژی نیه، هه‌ر ناوی ژاژیه..
له پیاوه‌كه‌م پرسی:
ئه‌رێ ئه‌و كێلهشینه، هه‌ر ئه‌و كێله شینه نیه كه حه‌سه‌ن زیره‌ك باسی ده‌كات؟
پیاوه‌كه به پێكه‌نینه‌وه:
ده‌بێ هه‌و بێ، گۆرانی فاتمۆكێ ده‌ڵێی!
له رۆیشتنێ هه‌ندێك په‌نیر و ژاژیان بۆ له كۆڵهپشتێ كردین، له‌وێ بۆ چه‌ند ساتێ هێنده‌ی ئه‌و ورده گیایه‌ی له ژاژیهكهدا بوو، هیچ واتایهكم له پێشمه‌رگایه‌تی نه‌دیته‌وه، ده‌مگوت چه‌ند خۆش بوو كۆچهریهك بام، وه‌رزی جارێك بۆنی گه‌ردنی كێلگهردنێكی وام كردبا، چیم ده‌ویست!! له‌وێ له كوێستانی كێله‌شینێ چه‌ند تامه‌زرۆبووم گوێم له گۆرانی ( فاتمۆكێ)ی حه‌سه‌ن زیره‌ك با، قسه‌یه‌ك له‌و گۆرانیه نه‌كه‌م له كوێستانی كێله‌شینێ نایه‌مه خواره‌وه..
پێشمه‌رگه‌یه‌ك، مه‌یله‌و نووسه‌ریش بوو، به‌و با گوێی له ده‌نگی حه‌سه‌ن زیره‌ك نه‌با، جگه له‌وه‌ش پێیوابوو گۆرانیه‌كانی زۆر قۆڕ و بێ واتان، ناوه ناوه دێرێك، كۆپله‌یه‌كی بۆ نموونه‌ی قۆڕی ده‌هێنایه‌وه، جارێك به‌و نیوه دێره‌ی گرت:
فاتمۆكێ، كێلگهردن، به‌هار بڕوا هاوێنه..
گوتی:
ده له‌و نیوه دێره وردبنه‌وه، چ واتایه‌كی هه‌یه، كه‌س هه‌یه نه‌زانی دوای به‌هار هاوێنه؟!
به خۆم نه‌وه‌ستام، هه‌ڵمدایێ:
واتای ئه‌و نیوه دێره به نیوهكهیترهوه به‌نده، ته‌واوی بكه..
گوتی:
نیوهكهیتر هه‌رچی بێ، ئه‌و نیوه‌یان هیچ نیه..
گوتم:
وا نیه، چیرۆكێكی ناسك له پشت ئه‌و دێره‌وه هه‌یه.
نه‌یسه‌لماند، به‌ڵام من پێموایه، نیوه‌ی دووه‌م، نیوه‌ی یه‌كه‌می پڕپڕ واتا كردووه:
فاتمۆكێ، بۆت مردم، كوێستانمان كێله شینه
تا كوێستانی كێله شینم نه‌دیت، مێوانی ره‌شماڵی فاتمۆكێی كێلگهردن نه‌بووم، هێنده په‌له‌م نه‌بوو له زه‌ردبوونی به‌هار و هاتنی هاوین، ئاخر تا هاوین نه‌یه، ماڵی فاتمۆكێ ناچنه كوێستانی كێله شینێ، منیش جگه له هه‌واری كێله‌شینێ رێناكهوێ له چ جێیان فاتمۆكێ ببینم، ئێستاش زۆر جار له به‌ر خۆمه‌وه فاتمۆكێی حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌ڵێمه‌وه:
فاتمۆكێ، كێلگهردن، به‌هار بڕوا هاوینه
فاتمۆكی، بۆت مردم، كوێستانمان كێلهشینه
مه‌تین
مه‌تین هێمنه، له پایزیشدا له‌و ده‌مه‌ی په‌لكی داران به ده‌ست با وه په‌نایه‌ك نیه خۆیان لێبشارنه‌وه، هه‌ر هێمنه، به‌هارانیش كه باڵنده‌ی دنیای پێوه‌و بۆ كهسكاییهكهی ده‌خوێنن، هه‌ر هێمنه، هاوینان كه جاروبار هوڕهبا رووی تێده‌كات و تاشه به‌رده‌كانی به شێوه‌یه‌ك داخ ده‌بن، پووشوپهلاشیان به‌ركه‌وێ گڕده‌گرن، هه‌ر هێمنه، زستانانیش له به‌ر به‌فر و بارانێ هه‌ر هێمنه، مه‌تین له هه‌ر چوار وه‌رزه‌ی تۆپبارانێ هێمنایه‌تی خۆی له ده‌ست نادا، من دیتمه مه‌تینم له بن تۆپباراندا دیتیه، له زه‌وی و ئاسمانه‌وه ئاگر و ئاسنی بۆ ده‌هات، به‌ڵام ههڵنهدهشاخا و هه‌ر به هێمنی مایه‌وه..
ئێره نازانم كوێی مه‌تینه، لووتكه‌ی چه‌نده‌می مه‌تینه، ده‌گه‌یته هه‌ر لووتكه‌یه‌ك، لووتكهیهكیدی له سه‌ر سه‌رته، ئێمه هه‌ر له بنارین، وابه دیوی ئامێدی ئه‌و شاره‌ی مه‌گه‌ر كچه‌كانی هێنده جوان بن، رێدهكهین، دهستهیهكین خوا لێی گۆڕیوین، ده‌نا به‌و زستانه كه‌س به مه‌تین ده‌كه‌وێ، هه‌ورێكی هێنا، حه‌یده‌ر به عه‌ره‌بی ده‌ڵێ:
(( من بزانم ئه‌و هه‌وره به‌فرێكی ئه‌ستووری پێیه))
به‌ره‌ڤان به كوردی ده‌ڵێ:
هێشتا زووه بۆ به‌فر
حه‌یده‌ر ده‌ڵێ:
حه‌فت ساڵه له سه‌ر چیا‌و ناو هه‌ورم، له نیازی هه‌ور به هه‌ڵه‌دا ناچم.
یاخوا حه‌یده‌ر به هه‌ڵه‌دا چووبێ، ئاخر رێمان زۆر دووره، له ئێستاوه به‌فر دابكات، ناگه‌ینه چ ئاواییه‌كی بێ مه‌ترسی، هه‌ور یان به ده‌ردی به‌ره‌ڤان گۆتی ( سوپای ئاسمان)، وا ده‌وری مه‌تینی دا، ده‌بێ پێ هه‌ڵێنین، ئه‌ها هه‌ور مه‌تینی داپۆشی، ئه‌ی، ده‌پرووشێنێ، هه‌وه، به‌فر پرووشه ده‌كات، حه‌یده‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چوو، به‌فر كلوو كلوو، نه‌رم نه‌رم ده‌بارێ، عه‌ردی سپیكرد، رێچكهكان بزربوون، ترسمان نیه، چاوساخمان كوڕه ئامێدیهكهیه، به‌فر به‌ژنێك بكه‌وێ، رێ بزرناكات، قاسم ده‌ڵێ:
زریان هه‌ڵنه‌كات، به‌فر چ نیه ،با چۆكێك بكه‌وێ..
ترسی زریانیش سه‌ربار، نا، من مه‌تین بناسم، نایكاته زریان و هێمنیی خۆی ده‌پارێزێ، پاراستی، له مه‌تین دابه‌زین، بهفرێكه چاو چاو نابینێ، به‌فر نزیكه‌ی بستێك كه‌وتووه، حه‌فت هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی سپی له ناو به‌فرێ هێشتا تیژ ده‌ڕۆن و ماندوێتی پێی نه‌گرتوون، بڕۆ، به‌فر لێناكاته‌وه، پێشمه‌رگه له رۆیشتن شل بووه، ماندووه، به‌وه‌ی باشه كۆڵه‌پشت نان و قه‌سپی تێدایه، به‌فر لێیكرده‌وه، دوو بستێك باریوه، دنیا سارده، ره‌نگه عهسرانێكی دره‌نگ بێ، له‌وێوه تا ئێره دوو سێ كهڕهتێ پشوومان داوه، كهڕهتێ له بن ئه‌شكه‌فتێكی گچكه، كه‌ڕه‌تێك له پاڵ دوو سێ گابه‌ردی گه‌وره كه سه‌ریان به یه‌كتر كردبوو، كه‌ڕه‌تێكیش له‌بن چه‌تری دوو بنه‌دار كه لق وپۆیان هه‌ند پڕ و چڕ بوو، به‌فریان ده‌گێڕایه‌وه، ئه‌و دوو بنه داره له دووره‌وه له چه‌ترێكی زۆر گه‌وره‌ی سپی ده‌چوو، كوڕه ئامێدیهكه ده‌ڵێ:
((زۆر نه‌ماوه بۆ رۆژاوا ده‌گه‌ینه بناڤێ))
بناڤێ خۆت نزیكبكهوه، ماندووین، تهزیوین، پێشمه‌رگه‌یه‌ك به پێكه‌نینه‌وه:
((ته‌ماشاكه‌ن، سێ هاورێی تریش هاتن))
ئای، خۆ گورگن، بۆچی به دوامانه‌وه‌ن! ویستم تفه‌نگ سوار بكه‌م، كوڕه ئامێدیهكه حه‌یف ناویم له یاد نیه، گوتی:
نا، ته‌قه نه‌كه
قاسم ده‌ڵێ:
دیاره رێی گوند پێنازانن، به شوێنپێی ئێمه‌دا دێن.
+ ده‌بێ له كوێوه به دوامانه‌وه بن؟
– ره‌نگه له مه‌تینه‌وه
پێده‌چێت رۆژ له سه‌ر ئاوابوون بێ، ئۆخه‌یش دووكه‌ڵ دووكه‌ڵ، له لووله‌ی سۆبه‌ی ماڵانه‌وه، حوسێن ده‌ڵێ:
باشتره گورگه‌كان بكوژین، ده‌نا به ئاژه‌ڵی گوند وه‌رده‌بن.
كوڕه ئامێدیهكه ده‌ڵێ:
نا، بۆ سه‌گه‌كانی به جێبێله
هێشتا قسه‌كه‌ی ته‌واونه‌كردبوو، سه‌گ وه‌ڕی، سه‌گ وه‌ڕین و گورگ ده‌رپه‌ڕین، باش بوو له‌به‌ر گورگه‌كان سه‌گ ئاگایان له ئێمه نه‌ما و بێ ده‌رده‌سه‌ری سه‌گ، به سه‌ر ماڵه گه‌رمه‌كانی بناڤێدا دابه‌شبووین..
له شه‌وی سپی بناڤێ، شه‌وی گه‌رمی بناڤێ، بناڤێی پڕ له خۆشه‌ویستی و مێواندۆستی، شتێك هه‌یه له بیرمناچێته‌وه، سه‌ر له ئێواره‌كه‌ی نووستم، خهونێَك به‌ئاگای هێنامه‌وه، خه‌وم زڕا و نهنووستمهوه، له‌وێ دوو كورتیله شیعرم نووسی، دواتر بلاومكردنهوه،له شیعرێكیان شتێكم له بیره:
كپی من و
كپی به‌فر و
كپی شه‌و
له پاڵ یه‌كدی راكشابوون،
له پڕ ده‌نگی باران…
……………
چه‌ند كه‌پرێ به كوێستانه‌وه
به بن هه‌تاودا گه‌یشتمه ئێره، هه‌تاوێك گه‌رمیانیش هه‌تاوی وای لێنه‌داوه، ئه‌و چیاوچۆله هاوینه‌كه‌ی بۆ وا گه‌رمه! گه‌رم گه‌رم، جۆگه‌له‌یه‌ك ئاره‌قه‌ی پێڕشتم، ئه‌گه‌ر كانیه‌كانی رێ زوو زوو مه‌تاره‌ی به‌تاڵیان لێم وه‌رنه‌گرتبا، وه‌ك ئه‌و ئاوماڵكانهی ناو چه‌می ههڵپرووكاو وشكدهبوومهوه كه ده‌ڵێی له بنی ئاویان نه‌دیوه و ئاو نهیهێناون، ئێره، له هیچ له ده‌ره‌وه‌ی ئێره ناچێ، ئێره دۆڵێكی گچكه، تۆ بڵێ دهربهندێكه، هه‌مووی داروباره، چنار و سپیندارو بی و مێو، تووتڕك، پڕ‌و چڕ، سێبه‌ر سێبه‌ر، له جێ جێ، جێی كه‌پرێكی گچكه هه‌تاو، لێره‌و له‌وێ كه‌پر كه‌پر، به ریز كه‌پر، ئه‌و كه‌پرانه ده‌بێ بۆ گێڕانه‌وه‌ی جیقنه‌ی مه‌ل بن، نه‌ك بۆ سێبه‌ر، ئێره یه‌ك پارچه جووكه و جریوه‌ی باڵنده‌یه، ئێره ئه‌گه‌ر ناوی (دهرهبندی مه‌ل) بێ، له هه‌موو ناوێك جوانتری لێدێ، دهبهندی مه‌ل كه‌وتۆته نێوان دووچیای بڵند، له كه‌لێنی دره‌خته‌كانه‌وه دیاره كه چیایهكیان زۆر بڵنده‌وه، ئێره له كه‌لێنی گه‌لای دره‌خته‌كانه‌وه رووناكی وه‌رده‌گرێ، بڕوانن، تیشكی ناو په‌لكی داران چ تابلۆیه‌كی نه‌خشاندووه..
باوه‌شێك ئاو به پێش كهپرهكاندا ده‌ڕوات، ئاوێك ده‌ڵێی له كوێستانه‌وه هه‌ڵده‌قووڵێ، نه‌مزانی ئه‌و ئاوه سه‌رچاوه‌كه‌ی له كوێیه، له ده‌ره‌وه ئێره، یان هه‌ر لێره، بای ئێره فێنك فێنك ده‌ڵێی له سه‌ر به‌فره‌وه دێ، ئه‌رێ ئێره كوێیه؟ به چ بزانم ئێره كوێیه، ئهودهمانێ نه‌مزانی، ئێستا به چی بزانم! به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمه‌وێت پێبكهومهوه، ده‌بێت بچمه‌وه گاره، له بیرمه له گاره‌وه رێیه‌ك بردمیه ده‌ربه‌ندی په‌ڕه كاخهزان، كاخهزهكه هی كوڕێكه ناوی (دارا) یه، لێیم پرسی:
ئێره كوێیه؟ ناوی چیه؟
به پێكه‌نینه‌وه:
نابینی! ئێره ده‌ربه‌ندی په‌ڕه كاخهزانه..
ده‌ڵێی وایه، كه‌پره‌كان پڕ له كتێب و بڵاوكراوهن، پڕ له په‌ڕه كاخهزن، وا دیاره راگه‌یاندن لێره‌یه، نازانم چۆن بوو رێم كه‌وته ده‌ربه‌ندی په‌ڕه كاخهزان، به‌ڵام دیدارێكی خۆش بوو، ده‌بوو ئه‌و دیداره زووتر با، كوڕێكی ره‌شتاڵه، تفه‌نگ به شان، ردێنی له سه‌ر سینگ، له سه‌روه‌ی دوا كه‌پر ئه‌و كه‌پره‌ی ژنێك ده‌ڵێی (ئه‌ستێره)هیه له ناو جلكی پیاوان خۆی نیشانده‌دات، كوڕه راوه‌ستاوه، دیاره ئێشكگره، دیتم ورد لێم ده‌ڕوانی، ئه‌و كوڕه! وێنای ده‌كه‌م، به‌ڵام نایناسمه‌وه، ئه‌و كوڕه ئاشنایه، كێیه، به پرتاو هات، منی ناسیوه‌ته‌وه، من هێشتا نایناسمه‌وه، به خێرهاتنی كردم:
+ تۆ…نیت؟
– به‌ڵێ، تۆش..
ناسیمه‌وه،براده‌ری منداڵیم بوو، له‌وێ ناوی له خۆی نابوو( راوێژ)، گوتی:
+له‌مێژه له چیای؟
– نزیكه‌ی ساڵێكه
ئیدی له ده‌ربه‌ندی پهڕهكاخهزان دابڕاین و چووینه‌وه منداڵی و به ناو كۆڵانه‌كانی به‌لاشاوه كه‌وتینه پیاسه، تۆپانێمان كرد، كه‌لایانێ.. نانی نیوه‌ڕۆ نه‌با هه‌ر له منداڵی ده‌ماینه‌وه و نه‌ده‌گه‌ڕاینه‌وه ناو كه‌پران، ئه‌و كه‌پرانه‌ی به راوێژه‌وه جوانتر خۆیان نیشانده‌دا، پرسی:
+ چ ده‌نووسی؟
– شیعر
داوای شیعری كرد، له كۆڵه پشتهكهم چه‌ند شیعرێ هه‌بوو، شیعرێكم نیشانی دا، ته‌ماشایكرد، گوتی:
+ ئای من ( چلێ نێرگز)م به ده‌ستنووس لای براده‌رێك دیوه، چما هی تۆیه، بڵاوتنهكردۆتهوه
– نا، به‌ڵام له ئاهه‌نگی نه‌ورۆز خوێندمه‌وه.
+ بڵاویبكه‌وه
– نا، ره‌نگه ده‌ستكاری بوێ
+ به‌ڵام بێنه بۆت تایپ ده‌كه‌م
– باشه
زانیم ئێره باره‌گایه‌كی هاوینیه و راگه‌یاندنیشی لێیه، راوێژ ناوی دوو سێ كه‌سی هێنا كه كاری نووسین ده‌كه‌ن و لێره‌ن، ناوێكیانم بیستبوو، پێشتر چیرۆكیم خوێندبۆوه، له دووره‌وه نیشانیدام، له ساتی چای خواردنه‌وه، لێی نزیككهوتمهوه و سلاوێكی گه‌رمم لێ‌كرد، باوه‌ڕناكه‌م له ته‌مه‌نم سلاوی وا گه‌رمم له كه‌س كردبێ، به‌ڵام ئه‌و به ساردی وه‌ریگرته‌وه، وه‌ك بڵێی كێشه‌یه‌كی هه‌بێ، هێنده ئاگای له خۆی نه‌بێ، نازانم، سه‌لامم لێینهكردهوه، دواتریش چه‌ند جارێك دیتم هێنده لێینزیك نه‌بوومه‌وه، ئیدی نه‌بووینه براده‌ر..
بڕشتی نیه
سۆسیالیستێ هه‌یه، ده‌مێكه له زیاده ده‌ژی، له سێبه‌ری سێداره هاتۆته‌وه، ئه‌و پیاوه نازانم كێ جه‌رگه‌ی ده‌ڵێنێ، جه‌رگه، به‌و بێ ئیزرائیل چاكوچۆنی له‌گه‌ڵ بكات به‌ڵام عه‌ره‌بێك به به‌ر ده‌میدا تێنه‌په‌ڕێ، له دنیایێ كه‌س نیه به قه‌د جه‌رگه رقی له عه‌ره‌ب بێته‌وه، جه‌رگه گوتبووی:
ئیزارئیلیش له تیره‌ی عه‌ره‌به به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی لێیان دووركه‌وتۆته‌وه هه‌ندێك به به‌زه‌ییتر و جوانتر بووه..
له جهرگهیان پرسیبوو:
به چی ده‌زانی ئیزرائیل له تیره‌ی عه‌ره‌به؟
گوتبووی:
ئه‌و جاره‌ی له ژووری سێداره بۆم هات، چه‌فیه و عه‌گالی له سه‌ر بوو.
نێوان سۆسیالیست وكۆمۆنیسته‌كان چه‌مێكی ئاوینهییه، یه‌كتری تێدا ده‌بیننه‌وه، جه‌رگه له‌و به‌ری چه‌مه‌وه داده‌مێنێ، سه‌ر دێنێ و ده‌بات، لێی ده‌بڕێ و تێی ده‌بڕێته‌وه، باوهڕناهێنێ، باوه‌ڕ به چاوی خۆی ناكات، چۆن ده‌بێت، عه‌ره‌ب پێشمه‌رگه بێت، ده‌ڵێنه جه‌رگه:
له ناو كۆمۆنیستان كورد و عه‌ره‌ب برانه.
جه‌رگه لێو هه‌ڵده‌قرچێنێ و ده‌ڵێت:
بڕشتی نیه.
ئه‌و پیاوه هه‌ر قسه‌یه‌كی به دڵ نه‌بێت به (بڕشتی نیه) وه‌ڵامده‌داته‌وه، بۆیه هه‌ندێ كه‌س به (بڕشتی نیه) بانگیدهكهن، بڕشتی نیه، تا بڵێی له عه‌ره‌ب داخ له دڵه، به‌و بێ به ساڵ له‌گه‌ڵ سه‌گ بكه‌وێته چاڵێ، به‌ڵام بۆ ساتێ له گه‌ڵ عه‌ره‌ب داده‌نیشێ له ماڵێ، جه‌رگه ناوه‌كه‌ی به خۆیه‌وه، یه‌ك پارچه جه‌رگه، ترسنۆك نیه، به‌ڵام له عه‌ره‌ب ترساوه، مسی به سه‌ردا بتاوێنه‌وه عه‌ره‌ب ده‌رده‌چێت، جه‌رگه ده‌ڵێ:
ئیمامی عه‌لیش له جێی من بێت، هه‌مزه پاڵه‌وانیش له جێی من بێت، سمكۆی شكاكیش له جێی من بێت له عه‌ره‌ب ده‌ترسێت، ئه‌وه‌ی به تووڕه‌یی داوای ناسنامه‌ی لێكردم عه‌ره‌ب بوو، ئه‌وه‌ی به زلله و پێله‌قه و قۆنداخه تفه‌نگ دایبه‌زاندم عه‌ره‌ب بوو، ئه‌وه‌ی راپێچی زیندانی كردم عه‌ره‌ب بوو، ئه‌وه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی دۆزه‌خیانه‌ی دام عه‌ره‌ب بوو، ئه‌وه‌ی بردمیه ژووری سێداره عه‌ره‌ب بوو، ئیزرائیلهكهش هه‌ر عه‌ره‌ب..
ئه‌حمه‌د عه‌ره‌ب كه له رێی ته‌ور و داربه‌ڕووه‌وه بووه براده‌ری جه‌رگه، ده‌ڵێته جه‌رگه:
جهلگه منیش عه‌ره‌بم!
جه‌رگه سه‌ره‌تا باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد ئه‌حمه‌د عه‌ره‌ب عه‌ره‌ب بێت، ئاخر ئه‌و عه‌ره‌به له جه‌مه‌دانی هه‌ركی بوو، له پشتێن كاویس ئاغایی، له قسه‌كردن كه كه‌مێك زمانی ده‌گرت و زمانیشی وا هه‌ڵكه‌وتبوو كه ده‌نگی (ر)یشی ده‌گۆڕی بۆ (ل) ده‌تگوت خه‌ڵكی خۆشناوه‌تیه، جه‌رگه تا باوه‌ڕی هێنا ئه‌و كاوێسه هه‌ركیه خۆشناوه عه‌ره‌به، زۆری برد، ئه‌و عه‌ره‌به ده‌ماری تووڕه‌یی جه‌رگه‌ی دیتبۆوه، زوو زوو ده‌یگرت و ده‌یگوت:
داكم كولده بابم عهلهبه..
جه‌رگه به‌وه تێكده‌چوو، سوورههڵدهگهڕا، له چۆكی خۆی ده‌دا:
ئه‌وه چ كوردێكی كه‌ر كچی خۆی داوه‌ته بابه عه‌ره‌به‌كه‌ی تۆ!
ئه‌حمه‌د عه‌ره‌ب به پێكه‌نینه‌وه:
نه‌ژاد ده‌یناسێت!
جه‌رگه كاتێ زانی ئه‌حمه‌د عه‌ره‌ب عه‌ره‌به، كه‌وته دژایه‌تی ده‌ست و ته‌وری، جه‌رگه ده‌ڵێ:
هه‌ر كاتێ ده‌بینم ئه‌و عه‌ره‌به ته‌ور راده‌وه‌شێنێ داربه‌ڕوو وهلادا دێ، وا هه‌ستده‌كه‌م گازه‌ره‌ی پشتم ده‌شكێنێ..
نه‌ژاد ده‌ڵێ:
باشه، چ كورد چ عه‌ره‌ب دار ببڕێته‌وه، جیاوازی چیه؟!
جه‌رگه ده‌ڵێ:
جیاوازیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كورد كورده، عه‌ره‌ب عه‌ره‌به، به‌ڵام تۆ چ له‌و جیاوازیه تێده‌گه‌یت! ئه‌وان داگیركهرن داگیركه‌ر، هه‌ر كاتێك له حه‌مرین ئاودیو بوون و گه‌ڕانه‌وه ماڵی خۆیان من هیچم له دڵ نامێنێ و برایه‌تیان ده‌كه‌م..
جه‌رگه سه‌رهاتی زۆره، ده‌ڵێن به قه‌د ژماره‌ی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی له ته‌مه‌نی بینیونی له باره‌ی عه‌ره‌به‌وه سه‌رهاتی هه‌یه، به‌ڵام كه‌س نیه بیاننووسێته‌وه، دوا وێنه‌ی جه‌رگه‌م له نیگام پاراستووه، پایزه، باران به سه‌ر ته‌رمی پێشمه‌رگه‌یه‌كی عه‌ره‌بدا نم نم داده‌كات، داره‌بازه له رێی گۆڕستانه، ئه‌وه‌تا جه‌رگه به ته‌نیشت منه‌وه ده‌ستی به دارهبازهوهیه، ده‌بینم چاوه‌كانی ته‌ڕ ته‌ڕ، له هه‌ور ته‌ڕتر، گریا، بۆ عه‌ره‌ب گریا، دواتر ئه‌حمه‌د عه‌ره‌ب له جه‌رگه‌ی ده‌پرسی:
تۆ بۆ عه‌ره‌ب گریای!!
جه‌رگه ده‌ڵێ:
داخ له‌وه ده‌خۆم كه‌س تێمناگات..
باخی ورمێ
به به رانك‌و چۆخه و پشتێن و پێڵاوی پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه، له مێوانخانه‌ی ( حافز) دابه‌زیم، جاری یه‌كه‌ممه بێمه ورمێ، به فارسی پرسیم:
جێ هه‌یه؟
به كوردی:
هه‌مانه
وه‌ك بڵێی به سه‌ر خۆمدا شكامهوه، ژووره‌كه به سه‌ر شه‌قامدا ده‌ڕوانێ، پێش نیوه‌ڕۆیه، ژنی جوان به جاده‌وه، ئای له مێژه شارم نه‌دیوه، ره‌نگه رۆیشتنی شاریم له بیرچووبێته‌وه، جه‌زم له پیاسه‌ی شاره، به‌ڵام هه‌ندرێن له خوویه‌وه دێ، هه‌رێمان دایه لێره یه‌كتر ببینین و بچینه ماڵی بێستوون، نابێ ده‌رچم، دره‌نگ داهات، برسیمه هه‌ر نه‌هات، له ده‌رگا درا، ره‌نگه هه‌ندرێن بێ، له كه‌پره‌كه‌ی ههورێوه نه‌مدیتووه، ده‌بێ زۆر گۆڕا بێ! به گه‌رمی ده‌رگام كرده‌وه، ساردبوومه‌وه، كوڕێكه نایناسم، پرسی:
+ تۆ شوانه‌ی؟
– هه‌وم، تۆ؟
+ هه‌ندرێن نه‌یتوانی بێ، ئه‌و نامه‌ی بۆ ناردووی
له نامه‌كه‌ی شتێكی وای نووسیبوو:
((داخهمهم ته‌لبه‌ندی خۆی ده‌رگای نه‌كرده‌وه، نه‌گه‌یشتم له باخی ورمێ دیدارێ ببه‌ستین.. به‌ڵام بڕۆ لای بێستوون و پشووێك بده)) ناونیشانه‌كه‌ی بێستوونی نووسیبوو، چووم بێستوون و خێزانهكهیم له گوندێكی ده‌وروبه‌ری راژان دیته‌وه، نازانم له كووره بوو له چی ئیشی ده‌كرد، بێستوون كوڕه ناسكه‌كه‌ی قه‌ره‌چووخ، مێوانداریهكیان كردم، گه‌رموگوڕ، له بیرمناچێته‌وه، زۆر هه‌وڵیدا پتر بمێنمه‌وه، نه‌مامه‌وه، نامه‌یه‌كم بۆ هه‌ندرێن لای وی به‌جێهێشت، ئا، هه‌تا ورمێ له‌گه‌ڵم هاته‌وه..
له بازاڕی شاری سمكۆی شكاك، كێ بوو ئه‌و ناوه‌ی لێنا! نه‌ك هه‌ر جلكی كوردی، كوردیشت نه‌ده‌دیته‌وه، ته‌نها له ناو تووتنفرۆش و تهزبێحان ئه‌و شتانه تاق و لۆق پیرێكت ده‌دی به جلكی كوردیه‌وه، له جاده‌و فرۆشگاكانیش چه‌ندی گوێم هه‌ڵده‌خست ئه‌گه‌ر كوو ده‌نا گوێم له رسته‌ی كوردی نه‌ده‌بوو، له‌وانه گه‌ڕێ، ناخۆش ئه‌وه‌یه تۆ به فارسی بپرسی به ئازه‌ریه، توركیه، چیه! وه‌ڵامت بده‌نه‌وه، سه‌ره‌تا وا تێگه‌یشتم رقیان له فارسیه، دره‌نگ پێكه‌وتم، حه‌ز به چاره‌ی من ناكه‌ن..
ئێ، چوومه گه‌رماوێكی گه‌رم، چڵكی پێشمه‌رگایه‌تیم له خۆم كرده‌وه، هێشتا لێنهبووبوومهوه، كێشه‌یه‌كی كاره‌بایی كه‌وته گه‌رماوه‌وه و به پڕه‌پڕ خۆم لهبهركردهوهو ده‌رپه‌ڕیم، بۆ پشتم سه‌رێكم له دكتۆر دا، نازانم كێ عێراقیان ده‌گۆتێ، گۆتی(( چ نیه، خۆی چاك ده‌بێ))
ئێستا به ته‌نێ له باخێكی ورمێ پیاسهدهكهم و له‌به‌ر خۆمه‌وه( هه‌رمێ وه‌ی وه‌ی هه‌رمێ سینگۆلهت باخی ورمێ) ده‌ڵێمه‌وه، ئه‌و گۆرانیه له ناو ورمێ چێژێكی تایبه‌تی هه‌یه، باخ پڕ له ژن و كچی جوانه، حه‌یف، خۆیان وه‌ها پێچابۆوه،چاوت به هه‌رمێی بن پهلكانیش نه‌ده‌كه‌وت، له باخی ورمێ جگه‌ره به ده‌م پیاسه‌وه تامی میوه ده‌دات، ئێستا له بن دره‌ختێكی سه‌ر پڕ چۆله‌كه دانیشتووم، چاوم له سه‌ر ژنانی چه‌فیه به سه‌ره..
+ ئه‌وه چ ده‌كه‌یت لێره؟ تۆ..
– تۆ ئه‌بوو به‌كر..
دیتمه‌وه، ئه‌بوو به‌كر خۆشناوم دیته‌وه، ئه‌و خۆشناوهم له ساڵی ده‌ست له ناو ده‌ستی نه‌یار له بن قه‌رات له ناو كتێبفرۆشان ناسی، زوو یه‌كترمان ناسیه‌وه، له باخی پڕ ورشه وجریوه‌ی ورمێ یه‌كترمان دیته‌وه، به خۆشناوم گوت:
پێش ناسین، تۆم له رێی (( گیڤارای شۆرشگێڕ))ه‌وه ناسی.
گوتی:
زۆر كه‌س له رێی ئه‌و كتێبه‌وه منیان ناسیوهز
گوتم:
دوای ناسین، له رێی ((هه‌ڵوێستی ئه‌ده‌بی)) جوانترم ناسیت.
گوتی:
وا بزانم ئه‌و گۆڤاره ئه‌ده‌بیه، پێویست بوو..
خۆشناو له زێوه‌ی بن ورمێوه گۆڤاری (( هه‌ڵوێستی ئه‌ده‌بی)) ده‌رده‌كرد، یه‌ك دوو شیعری منیشی بڵاو كرده‌وه، هه‌ڵوێستی ئه‌ده‌بی وه‌ستا و ((بانگ)) جێی گرته‌وه، له‌گه‌ڵ خۆشناو قسه‌مان له هه‌ڵوێستی ئه‌ده‌بی و بانگ و شیعر و ئه‌ده‌ب كرد، به‌ڵام په‌نجه‌یه‌ك به لای تفه‌نگ و بستێك چیه به‌لای سیاسه‌تدا نه‌چووین..
خۆشناو پرسی:
+تا كه‌ی له ورمێ ده‌مێنیه‌وه؟
– چه‌ندی زووتر بهجێیبێلم باشتره
+ بیری قه‌ندیل ده‌كه‌یت؟!
– له‌گه‌ڵ شار رابێمهوه، له چیا ناحه‌وێمه‌وه..
كه‌ریم كاكه