
كتێب و یاده‌وه‌ری … محه‌مه‌د كوردۆ
بێگومان كتێب یه‌كێك له گه‌وره‌ترین و كاریگه‌رترین داهێنراوه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تییه. من له یه‌كێك له گۆشه‌كانی پێشوودا باسی كتێبم كرد. لێره‌دا ده‌مه‌وێت بۆچوونی خۆم سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره بخه‌مه ڕوو كه ده‌ڵێت: ئایا كتێبی كاغه‌زین، ده‌توانێت له‌سه‌رده‌می ئینته‌رنێتدا به‌ها و بایه‌خی خۆی بپارێزێت و درێژه به ژیانی خۆی بدات؟ من وه‌كو خۆم، ڕه‌نگه له سه‌روه‌ختێكدا بڕوام به‌وه هێنابێت كه ئیدی ورده ورده كتێبی كاغه‌زین ماڵئاوایی ده‌كات و كتێبی ئه‌له‌كترۆنی جێی ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام چه‌ند زیاتر نوسراوی ئه‌له‌كترۆنی ده‌خوێنمه‌وه، زیاتر له‌و بڕوایه‌م په‌شیمان ده‌بمه‌وه. هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و ئاشنایه‌تیه‌ی له‌گه‌ڵ كتێبی كاغه‌زیندا هه‌مه، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ كتێبی ئه‌له‌كترۆنیدا نیمه. له‌گه‌ڵ كتێبی ئه‌له‌كترۆنیدا هه‌ست به غه‌ریبییه‌ك ده‌كه‌م، كه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ كتێبی كاغه‌زیندا ئه‌و هه‌سته‌م نییه. بۆیه ئێستا پێم وایه نه‌خێر كتێبی ئه‌له‌كترۆنی ناتوانێت جێی كتێبی كاغه‌زین بگرێته‌وه. ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكاری جۆراوجۆری هه‌یه، كه من لێره‌دا نامه‌وێت ئه‌و هۆكارانه ڕیز بكه‌م. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه قسه‌كردنه له‌سه‌ر یه‌ك هۆكار، كه پێم وایه له گرنگترین هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌ی كتێبه. من ده‌مه‌وێت باسی ڕۆڵی یاده‌وریی بكه‌م. سه‌دان ساڵه مرۆڤ له‌گه‌ڵ كتێبدا ده‌ژی، كتێب به‌شێكی گه‌وره‌ی له یاده‌وریی مرۆڤایه‌تی داگیر كردووه. ته‌نانه‌ت به پێی ئایینه ئاسمانییه‌كان، كتێب به‌شێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ر له په‌یوه‌ندی نێوان خودا و مرۆڤه‌كان پێك ده‌هێنێت. ئه‌وه كتێبه، كه خودا له ڕێیه‌وه په‌یامه‌كانی خۆی به خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێت. په‌یامبه‌ره‌كان ده‌مرن، به‌ڵام كتێبه‌كان ده‌مێننه‌وه. كه‌م مرۆڤی خوێنده‌وار هه‌یه كه‌م و زۆر بیره‌وه‌ری خۆش و ناخۆشی له‌گه‌ڵ كتێبدا نه‌بێت و كتێب نه‌بووبێته به‌شێك له یاده‌وه‌ریی ئه‌و. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ناتوانێت به ئاسانی له یاده‌وریی خۆی هه‌ڵبێت، ناشتوانێت به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری كتێب بێت، كه به درێژایی سه‌دان ساڵ له ناو یاده‌وریی مرۆڤایه‌تییدا، وه‌كو كاراكته‌رێكی سه‌ره‌كی ڕۆڵی بینیوه. ڕه‌نگه زیاده‌ڕۆیی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێین: كاتێ كتێبێكی كاغه‌زین ده‌خوێنینه‌وه، وه‌كو ئه‌وه وایه جگه‌رگۆشه‌یه‌كی خۆمان له باوه‌ش گرتبێت، به‌ڵام كاتێ كتێبێكی ئه‌له‌كترۆنی ده‌خوێنینه‌وه، وه‌كو ئه‌وه وایه منداڵی كه‌سێكی دیكه‌مان له باوه‌ش گرتبێت، كه هه‌ر چه‌ند خۆشیشمان بوێت، به‌ڵام به‌شێك نییه له ئێمه.
*گۆشه‌ی ڕاز و نیاز، كوردستانی نوێ، ژماره (5891) 28/ 9 / 2012