چیرۆک و مه‌عریفه … حەمەفەریق حەسەن
کاتێک ده‌ڵێین چیرۆک مه‌عریفه‌یه، یان چیرۆک‌نووس مه‌عریفه به‌رهه‌مده‌هێنێ، پرسه‌که وا به‌و ڕاسته‌وخۆیی و ساکارییه ناکه‌وێته‌وه، وه‌ک هه‌ندێک بۆی چوون. ئه‌م ئیدیعایه به‌و واتایه نییه، گوایه چیرۆکه‌کان ئاوێنه‌ی پێشکه‌وتنی زانست و هونه‌رن بن، یان زانست و ته‌کنۆلۆجیای سه‌رده‌میان به‌رهه‌مهێنابێ. خۆ ژانری چیرۆک تێوری زانستی و کارگه‌ی به‌رهه‌مهێن نییه، تاکو چیرۆک‌نووس به خۆیدا ڕابپهرموێت و به خوێنه‌رانی خۆی بڵێ، مژده‌تان ده‌ده‌مێ، له‌مه‌ودوا چیدی پێویستیتان به خوێندنه‌وه و خۆ پێگه‌یاندن نابێت. وه‌رن لێره له نێو دێڕی کۆچیرۆکهکانهوه به زانست و مه‌عریفه شادببن! نا، پرۆسێسه‌که به‌و میکانیزمه ئاسانه به‌ڕێوه ناچێت.
ئه‌وه‌نده هه‌یه ئه‌و مه‌عریفه و زانسته‌ی که چیرۆک‌نووس به دێژایی ته‌مه‌نی خۆی، وه‌ک ئه‌زموونی ژیان، له بان یه‌ک ههڵیچنیون، له پاڵ ئه‌و زانستانه‌ی له قۆناغه‌کانی خوێندندا فێریان بووه، له ته‌ک ئه‌و شاره‌زاییه‌ی له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه و به‌شوێنداچوونی به‌رده‌وام، هه‌م له ڕشته‌که‌ی خۆیدا، هه‌میش له بواره‌کانی دیکه‌دا به‌ده‌ستی هێناون، هاتووه له ده‌قی چیرۆک و ڕۆمانه‌کانیدا بۆ زمانی گوزارشت، هزر، شێواز، وێنه‌ی جوان و ته‌کنیک، به شێوه‌یه‌ک وه‌ریگێڕاون و بهگهڕیخستوون که پێشتر له پانتایی هیچ ده‌قێکی دیکه‌دا، به‌و جۆره به‌رچاو نه‌که‌وتوون.. ئه‌و ڕامان و داچهڵهکینهی که به کاریگه‌ریی ده‌قه‌کانی ئه‌و، تووشی خوێنه‌ر ده‌بێت و کار له ناخ و هه‌سته‌کانیان ده‌کات، پێشتر له لای نووسه‌ری دیکه به‌رچاو نه‌که‌وتوون.
داهێنراوی ئه‌ده‌بی، وه‌ک ئامێرێکی نوێ کارناکات و به‌دیار ناکه‌وێت، وه‌لێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێ ده‌کرێت، داهێنانی نوێ به بونیادی ده‌قه‌که‌وه دیاربێت، تاکو گه‌واهی ئه‌وه‌ی بۆ بدات، که نووسه‌رێکی به توانای خاوه‌نی ئه‌زموون و مه‌عریفه‌ی له پشته‌وه‌یه، که ده‌توانێ هه‌سته‌کانی خوێنه‌ر گه‌شه پێ بدات. ڕوانینی خوێنه‌ر بۆ دیارده‌کان و بۆ دنیا، له جاران جوانتر و قووڵتر بکات. خۆ به‌گه‌ڕخستنی زمان به شێوه‌یه‌کی نرتونوێ و سه‌رنجکێش و گه‌مه‌کردنی نوێ به وشه‌کان له بۆشاییه‌وه سه‌رهه‌ڵناده‌ن. به‌ڵکو ئه‌مانه له خۆیاندا، جۆره چالاکییه‌کن له پاشخانێکی تژی له مه‌عریفه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه. وێڕای ئه‌وه‌ی، نووسه‌ر له نێو زماندا کنه و داهێنان ده‌کات و لای خۆیه‌وه په‌ره به زمان و به چێژی خوێنه‌ریش ده‌دات.
له‌م به‌ستێنه‌دا، ئێمه پێویستیمان به پێناسه‌ی چیرۆک نابێت. وه‌لێ پێویستیمان به چاوگێڕانێک به چه‌مکی مه‌عریفه‌دا هه‌یه، تاکو شتێک له‌مه‌ڕ کارکردی ئه‌م چه‌مکه له‌سه‌ر هونه‌ری چیرۆک بزانین. پێش هه‌موو شتێک، سه‌رچاوه‌کانی فه‌رهه‌نگ و مه‌عریفه چک ناکه‌ن، به‌ڵکو به‌رده‌وام جۆگه‌له‌ی نوێیان تێ ده‌ڕژێ. هه‌رچی مه‌عریفه له سه‌ریه‌ک کهڵهکهبووهکهیشه، گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و ده‌وڵه‌مندتر ده‌بێت. هه‌روه‌ک بۆی هه‌یه هه‌ندێ جارانیش ڕه‌ت بکرێته‌وه. ئه‌وه‌تا به‌م دواییه، تێورییهکهی (دارۆین)، له‌مه‌ڕ ئه‌ڵقه ونبووه‌که‌ی نێوان مرۆڤ و مه‌یموون، پووشێکی تێکه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی زانایانی ئه‌مریکا ئێسکه‌په‌یکه‌ری مرۆڤێکی زۆر کۆنیان دۆزییه‌وه.
مارکسییه‌ک (وه‌ک نموونه) هه‌ڤۆته‌کانی مارکس به سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی مه‌عریفه ده‌زانێت. بۆیه هه‌رچی له‌ودیو مه‌تریالیزمی مێژووی و مه‌تریالیزمی دایهلهکتیکهوه بێ، ئه‌و نایسه‌لمێنێ. ئه‌و پێی وایه کارکردی ئابووری و ملانێی به‌رده‌وامی نێوان چینه‌کان بزوێنه‌ری مێژوون. هه‌موو ڕێگه‌کانیش ده‌چنه‌وه سه‌ر ملانێی چینایه‌تی. دواجار کرێکاران سیستمی سه‌رمایه‌داری به سۆسیالیستی ده‌گۆڕن و دواڕۆژی مرۆڤایه‌تییش کۆمۆنیزمه.
وه‌لێ به‌لای ئیماندارێکی موسوڵمانه‌وه، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی مه‌عریفه قورئانی حه‌کیمه. دواترێ نۆره دێته سه‌ر سوننه‌تی محه‌مه‌د و ڕاوبۆچوونی ئیمامه‌کان. یه‌ک له باری ئیماندارێکی کریستیان، ئه‌ویش سه‌باره‌ت به پرسی مه‌عریفه سه‌رچاوه‌ی خۆی هه‌یه. که‌چی ڕه‌نگه فرۆیدییهک هیچ کام له‌مانه به سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی مه‌عریفه نه‌زانێ. وه‌لێ کاتێک مارکسییه‌ک، یان ئیماندارێکی موسوڵمان، یان کریستیانێک لێی ده‌قه‌ومێ و به نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونی گرفتار ده‌بێت، به ناچاری ڕوو له (کلینیک)ی شیکارهدهروونییهکهی له‌مه‌ڕ فرۆید، یان قوتابییانی فرۆید ده‌کات.
به‌سه‌رێکی دیکه، زۆرێک له‌م خاوه‌ن باوه‌ڕ و دیده جیاوازانه که له‌نێو کۆمه‌ڵدا هه‌ن، له‌و شاره‌زاییه‌ی که سه‌رده‌مێک کۆیانکردووه‌ته‌وه و به قووڵی باوه‌ڕیان پێی بووه، په‌شیمان ده‌بنه‌وه. ده‌بینی له پڕێکدا گۆڕانێکی گه‌وهه‌ریی ئه‌وتۆ له زه‌ینی مارکسییهکدا په‌یدا ده‌بێت، فه‌لسه‌فه‌ی مه‌تریالیزم و سه‌رمایه‌که‌ی له هه‌مبه‌ڕ کارل مارکس (که‌پیتاڵ) به ته‌زبیحێکی سه‌دویه‌ک ده‌نکی ده‌گۆرێته‌وه و باده‌داته‌وه سه‌ر ئایین و ده‌یکات به مه‌رجه‌عی سه‌ره‌کیی مه‌عریفه‌ی خۆی. یان ده‌بێته که‌سێکی وجودی.. ئیماندارێکیش باده‌داته‌وه و ده‌بێته مارکسی. زانای فیزیک ئه‌لبێرت ئانشتاین هه‌ر دیارده‌یه‌کی ده‌برده‌وه سه‌ر تێوری ڕێژه‌یی. ئه‌م هه‌موو ڕه‌ده‌ڵ و به‌ده‌ڵ و تێکهولێکهیهیش نیشانه‌ی گومان، ڕاڕایی و نادڵنیایی مرۆڤه‌کانه. هه‌ر له ئه‌نجامی ئه‌م نادڵنیاییه‌ی مرۆڤیشه‌وه‌یه، که ئه‌م هه‌موو ڕێبازه سۆفیگه‌ری و فه‌لسه‌فییانه په‌یدابوون. که‌م سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌یش هه‌یه هه‌موو لایه‌ک ته‌واو له سه‌ری کۆک بن.
ده‌شێ هه‌وڵی ڕامکردن و ڕاهێنان، یان گۆڕینی سروشت و هه‌رچییه‌ک که له‌م سروشته‌دا ئاشکرا و په‌نهانه، بۆ خێر و خۆشیی مرۆڤ، چاکترین پێناسه‌ی مه‌عریفه بێت. پرۆفیسۆر (یه‌حیا جه‌بر)، مه‌عریفه به‌سه‌ر سێ جه‌مسه‌ردا دابه‌ش ده‌کات. مه‌عریفه‌ی هه‌ستی، مه‌عریفه‌ی مێنتاڵی (عه‌قلی) و مه‌عریفه‌ی ئاخاوتن، (کلامي) بڕوانه: (دور المعرفة في تشکیل الذات). له وتاری (ما ورا‌ء المعرفة) دا، (د. به‌لیغ حه‌مدی) پێی وایه، وه‌ک چۆن مه‌عریفه هه‌یه ئه‌ودیو مه‌عریفه‌یش (Metacognition) هه‌یه، ئه‌مه‌یش هه‌موو ئه‌و کردانه ده‌گرێته‌وه که تاک بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی خۆی ده‌یانگرێته‌به‌ر، له ڕه‌نگڕشتن و ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌وه بگره، تا ده‌گاته چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌کان.
زه‌ین (عه‌قڵ، مێنتاڵ) یه‌کێکه له سه‌رچاوه‌کانی مه‌عریفه و خۆی له ڕێی ئه‌زموونی ژیانه‌وه شت فێرده‌بێت، به‌ڵام ئه‌زموونی ژیانی تاک چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندیش بێت، هێشتا هه‌ر به ته‌واوی و له هه‌موو بوارێک‌دا فریای تاک ناکه‌وێت. هه‌رده‌بێ به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له دووی بگه‌ڕێت و به‌ده‌ستی بخات.
هه‌رچۆنێک بێت مه‌عریفه به پێی قامووسی ئۆکسفۆرد، ((هه‌موو ئه‌و شاره‌زاییانه‌یه که تاک ده‌توانێت له ڕێی خوێندن و خوێندنه‌وه و ئه‌زموونی خۆیه‌وه پێیان بگات. ئه‌و زانیارییانه‌ی به درێژایی ته‌مه‌نی کۆیان ده‌کاته‌وه، له پاڵ ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه‌ی، که له بواری کاردا که‌ڵه‌که‌ی ده‌کات.))
ئێمـه وه‌ختایێ چیرۆکێک ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ر له شێوازه‌که‌یه‌وه بیگره، که هه‌ژموونی ده‌رونیی له‌سه‌ر ئێمه‌ی خوێنه‌ر هه‌یه و ناچاری کردووین تا خاڵی کۆتایی به دوای ئه‌و ده‌قه‌وه بین و ده‌ستبه‌رداری نه‌بین. دواتر ئه‌و داچهڵهکینهی پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه تووشی ده‌بین و سه‌رساممان ده‌کات؛ هه‌روه‌ها له گۆشه‌نیگای ڕوانین و هوشیاری و شێوه‌ی پێشاندان و به‌یه‌کداچونی ملانێی نێوان قاره‌مانانی ئه‌و کێشه‌یه‌وه که ده‌رکمان پێکردووه، تێده‌گه‌ین، چه‌ند مه‌عیرفه له پشت ئه‌و ده‌قه‌وه په‌نهانه.