Skip to Content

Monday, May 20th, 2024
هێر شمیدتی گۆڵفەر … ئازاد ئەحمەد

هێر شمیدتی گۆڵفەر … ئازاد ئەحمەد

Closed

 

 

 

بەیانیان زوو، بە ترەینەری سپی و شۆرتێکی خاکی یەوە ، لە (هیتن پارك) سەگە ئەڵمانیەکەی ئەگەڕێنێ و، بە تەنیا یاریی گۆڵف ئەکات. پاشان لەسەر سەکۆیەك دا، لەژێر برژانگە بژو  سپییەکانیاوە، چاو بە سەردێڕەکانی رۆژنامەی Daily Mirror دا ئەخشێنێ، بۆ هەواڵێکی خۆی ئەگەڕێ. وێنەیەکی ساڵانی چلی ئەفسەرێکی نازی، لەگەڵ سەردێڕی: “دواجار، دەستگیر کرا”، دڵی میستەر سمیث، یان هێڕ شمیدت (ناوە راستەقینەکەی) دائەخورپێنێ

شەوان؛ بێجامە خەت خەتەکانی کامپی ئاوشڤیتز، هۆڵی پڕ لە پێڵاوی کەڵەکە کراو، دووکەڵی سووتانگەکان؛ ئەبن بە تریشقەو زرمە لە خەونەکانی هەڵئەسێنن. پاش نیوەشەوان، لەناو باوڵێکی کۆنی ژێر سیسەمەکەی دا، جلێکی گێستاپۆی بە دیقەتەوە قەدکراو دەرئەهێنێ و، لەبەر ئاوێنەیەکی زل دا ئەستێرەکانی لە یەخەی ئەنێ . سمێڵێکی کورت بە لێویەوە ئەنووسێنێ و دەستی راستی هەڵئەبڕێ: “هایل هیتلەر”! 

ئەم بەیانی یە، لەسەر داوای دراوسێکان، پۆلیسی گرەیتەر مانچستەر دەرگای فلاتەکەیان بە سلیندەر شکاند. هێڕ شمیدتی هەشتاو کسور ساڵە لەسەر قەنەفەدا ملی لار بوبۆوە. پەرداخی ویسکی یە رژاوەکەی دەستی توند گوشیبوو. سەگەکەی بە نووزەوە دەست و پەنجەی ئەلستەوە. لە تەلەڤزیۆنی پلازمای شاشە 42″ دا ئەکتەرێکی کۆمێدی و دەنگی پێکەنینی جەماوەر. کەس نەیزانی هێڕ شمیدت لە کەیەوە گیانی لەدەست داوە. کەس نەیزانی هێڕ شمیدت لە جەنگی دووەمی جیهانی دا، سیناگۆگی  بەسەر خێزانە جووەکان دا ئەڕووخاند. فەرمانی ئەدایە تیمی ئیعدام و، فیشەکی بەزەیی ئەنا بە نێوچەوانی  کوژراوەکانەوە. کەس نەیزانی.

کەسیش نازانێ، هەرگیز.

 

azadAhmad_adibNadir_860757495.jpg

ئێوارەیەک لەگەڵ ئەدیب نادردا لە سۆهۆ

 

لە چاینا تاونی لەندەن،

کچێکی punk ی قژ شین وسووری نێو جووت کەوان، بە نەخشەیەکی زل و، کۆڵەپشتێکی درێژکۆلەو، هێدفۆنێکی پەمەیی؛ بازنەیەکی سووری بەدەوری سۆهۆدا کێشابوو.

وتم؛ لە لەیدی گاگا ئەچیت. 

بە خەیاڵ، جلەکانیم یەك یەك لەبەر داکەند. پشتی تێکردین و، بە ڕووتی، بەرەو سۆهۆ خوار بووەوە. 

قەیرە کچانی جامخانە، وەك ئەوەی دوایین رۆژی جیهان بێ، بە بیکینی و زەردەخەنەی دەسکردو چرچولۆچی لاچاوەوە، نمایشی ئاڵۆش ئەکەن.

لەسەر کێکی لەدایك بوون؛ نەقشی ئەندامی نێرینە

 لەودیو پەردەی زەنگیانەی درێژو دەنك زلەوە، لەسەر شاشەیەکی بەرزدا فیلمی کامەسوترا..   

کچە پەنکەکەی چاینا تاون، لەبەر جامخانەی کۆگایەك دا ئەڕوانێتە خۆی: “لەیدی گاگا؟”

ماما میا!

لەناوەڕاستی شەقام دا؛ کامیرامان و تاقمی فیلم، لەسەر سکەدا پاڵ بە کامیراوە ئەنێن

لەیدی گاگا، بە دوو چاوی پڵینگەوە، جووت کەوانەکەی ئەخات و، پۆنچۆ کورتەکەی لەقەد کورسیی سەر شۆستەی باڕێك دا هەڵئەواسێ. فیشکەیەكی بۆ ئەکات کەڵبەکانی دەرئەکەون، لە لاملی کوڕە هاوڕێکەشیدا؛ دوو کونی سوور. 

 

 

کۆیلەی ژێر ئۆقیانووس

 

دوو سەدەیە؛ لە قووڵایی نووتەکی ئۆقیانووس دا راکشاوم، قەرش کەڵبە لە ڕانم گیر ئەکاو، وردە ماسی لەدەوری ئەندامی زاوزێم دا ئاپۆرە ئەبەستن، لە دەممەوە دێنە ژوورێ، لەچاومەوە ئەچنە دەرێ. یارام نی یە گوریسی تۆڕی پڕ لە بەرد لە قاچم بکەمەوە. چاوەڕێم پەریی دەریا، بە خەندەوە، قورسایی ئاو لەسەر سینگم لاباو بەرزم بکاتەوە. زەوی وەرگەڕێ و ئۆقیانووس بڕژێتە بۆشایی ئاسمان.

سەمای ژنانی نیمچە رووتی گوندەکەمان. غاردان بەپێی پەتی لەسەر لمی قرچاو. زایەڵەی رەزمی ئەو تەپڵانەی پڵینگمان پێ ئەتۆقاند، خورپە ئەخەنە دڵی ئیسفەنجیم.  

 بە رمێکی درێژەوە خەریکی راوە گامێش بووم، لەپڕا تۆڕێكی ناو خۆڵ و خاشاك بەرز بووەوەو، تا ترۆپکی درەختێك هەڵیبڕیم. بە کەلەپچەو زنجیر پەلکێش کرامە ناو کەشتی یەکی چارۆکەدار. پاش دوو مانگ گەشتی دەریایی، لە چەقی ئۆقیانووس دا لە دڕندە سپی یەکان یاخی بووین. لە کەشتییەوە هەڵیاندام، شاقووڵی  بەرەو قووڵایی. شڵپەی ئاوو پەلەقاژەم هەناوی ئۆقیانووسی هەڵدڕی، سوێراو گەرووی پڕ کردم و هەناسەی لێ بڕیم. کەشتی و چارۆکەکانی لە ژوور سەرما ئەلەرینەوە…  

رەنگە ئێستا مانگ قڵیشابێ، خۆر بووبێتە پشکۆیەکی خامۆش، کیشوەرەکان نوقمی ئاو بن، مرۆڤ قڕی تێ کەوتبێ  

دوو سەدەیە؛ تەکان ئەدەم سەرئاو بکەوم، پڕ بە سی یەکانم هەوا هەڵمژم، پێ بنێمەوە سەر زەوی و، لەژێر تیشکی خۆر، یان باران، تێر غار بدەم. 

 

 

بەریتانیا

ئابی 2012

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.