رێكلام له‌نێوان ئێتیك‌و یاسای راگه‌یاندندا
بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر (رێكلام) له‌نێو هاوكێشه‌ی ئێتیك‌و یاسای راگه‌یاندندا، به‌جۆرێك “رون‌و ئاسان” بێت (كه ئه‌مه له‌ڕوی زانستییه‌وه داوایه‌كی ئێجگار قورس‌و به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه) سه‌ره‌تا پێویستمان به‌وه ده‌بێت كه‌مێك له‌سه‌ر هه‌ر سێ چه‌مكه‌كه (رێكلام، ئێتیك، یاسا) ههڵوهستهبكهینو به‌پشتبه‌ستن به‌سه‌رچاوه زانستیه‌كان به‌كورتی بیانناسێنین، دواتر له‌و سۆنگه‌یه‌وه وه‌ڵامێكی گونجاو بۆ پرسه‌كه بخه‌ینه‌ڕو.
رێكلام (الإعلان- Advertising): چالاكییه‌كی كهمیونیكهیشنه، فرۆشیار له‌ئه‌نجامی كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر كڕیار له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی شێواز‌و ئامرازه نا شه‌خسیه‌كان ئه‌نجامیده‌دات، به‌شێوه‌یه‌ك رێكلامكار له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی ئامرازه‌كانی ماس كهمیونیكهیشنهوه گوزارشت لهكهسێتیی خۆی ده‌كات. جۆره‌كانی رێكلام: سیاسی، بازرگانی، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی…تاد.
ئێتیكی كاری میدیایی (أخلاقیات العمل الإعلامی- Press Professional Ethics): كۆمه‌ڵێ چوارچێوه‌و رێسایه، كه ده‌بێت رۆژنامهنوسو میدیاكاران خۆویستانه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ویژدانیی خۆیان، له‌كاتی پیاده‌كردنی پیشه‌كه‌یاندا له‌به‌رچاوی بگرن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچاركرابن، یان فشارێكی ده‌ره‌كییان له‌سه‌ر بێت، یاخود له‌كاتی ره‌چاونه‌كردنی، یان سه‌رپێچیكردن لێی، توشی سزای یاسایی بن.
یاسای راگه‌یاندن (قانون الإعلام- Law Media): كۆمه‌ڵێ چوارچێوه‌و رێسایه، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌پێناو رێكخستنی پیشه‌ی میدیا‌و ده‌ستنیشانكردنی ئهركو مافی میدیاكاران دایاندهنێتو، به‌سه‌ر میدیاكارانیشی ده‌سه‌پێنێت پێیه‌وه پابه‌ندبن، له‌كاتی سهرپێچیكردنیش سزای مادی دانراوه.
هه‌روه‌ها، رێكلامكار، ئه‌و كه‌سه‌یه كه سه‌رپه‌رشتیی كاری رێكلام له‌دامه‌زراوه‌یه‌كی دیاریكراوی میدیایی ده‌كات، واته ئه‌و خاڵی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌و كۆمپانیا‌و ده‌زگایه‌یه، كه ده‌یه‌وێت رێكلام بۆ كاڵا، خواردن، یان شوێنی كاره‌كه‌ی بكات، له‌گه‌ڵ ده‌زگا میدیاییه‌كه‌دا، بۆیه پێویسته ره‌چاوی لایه‌نی ئێتیكی بكات‌و، ده‌زگاكه‌ی، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌كانی خۆی به‌كارنه‌هێنێت، دوچاری هه‌ڵه‌ی ئێتیكی نه‌كات، هه‌روه‌ها رێگه به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێكلامانهیش نه‌دات، كه لهروهكانی یاسایی، په‌روه‌رده‌یی، ته‌ندروستی، كۆمه‌ڵایه‌تی… زیانیان هه‌یه‌و رێگه‌پێدراونین، بۆنمونه رێكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و دهرمانو ماده هۆشبهرهكانو…تاد.
كه‌واته، له‌و ده‌سپێكه‌ی سه‌ره‌وه‌وه، ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی، میدیا‌و كه‌میونیكه‌یشن هۆكارێكی گرنگن بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كان له‌نێره‌ره‌وه بۆ وه‌رگر، به‌ڵام میدیا ته‌نها له‌سه‌ر گه‌یاندنی په‌یام ناوه‌ستێت، به‌ڵكو جه‌خت له‌سه‌ر كاریگه‌ریی ئه‌و په‌یامه‌و فیدباكی له‌سه‌ر وه‌رگریش ده‌كاته‌وه. بۆیه له‌و نێوانه‌دا ئێتیك‌و یاسا-یش قوتده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌یش له‌و پێناوه‌ی په‌یامه‌كان بهدروستیو بێشێواندن بگهنهجێی مه‌به‌ست، چونكه نابێ هه‌رگیز ئه‌و راستیه به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌مان بیربچێت، راگه‌یاندن له‌گه‌وهه‌ردا پیشه‌یه‌كه بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه‌و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی تاكه‌كان، نه‌ك بۆ چه‌واشه‌كاری‌و خهڵهتاندنو ده‌ستخستنی هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی. راگه‌یاندن خاوه‌نی كۆمه‌ڵێ ئه‌ركی گرنگه، له‌وانه: هه‌واڵ‌و زانیاریگه‌یاندن، چاودێركاری، دروستكردنی بۆچون‌و ئاراسته‌كان، په‌روه‌رده‌و فێركردن، رۆشنبیركردن، كۆمه‌ڵایه‌تی، رێكلام‌و بهبازاڕكردن، گه‌شه‌پێدانی مرۆیی… تاد. بۆیه وه‌كچۆن خۆی پێویسته چاودێرێكی بابه‌تیی سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دیكه‌و كایه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه بێت، ناشبێت چاودێریكردنی خۆی ره‌ت بكاته‌وه، هه‌م چاودێریی ئێتیكی، هه‌م چاودێریی یاسایی. چونكه زۆرجار له‌غیابی ئه‌و چاودێریكردنانهی میدیاكار، میدیا لهراستهڕێی راسته‌قینه‌ی خۆی لادهدرێتو ده‌كرێته كێڵگه‌ی هێنانه‌دیی كۆمه‌ڵێ ئامانجی نائێتیكی، ناویژدانیو نامرۆیی. هه‌روا ئازادییه‌كانی رادهربڕینو به‌ده‌ستهێنانی زانیاری‌و بڵاوكردنه‌وه، كه پێویستیی حه‌تمیی كۆمهڵگهنو له‌رێگه‌ی میدیاوه په‌یڕه‌وده‌كرێن، نابێت خراپ بهكاربهێنرێنو له‌رێگه‌یانه‌وه ئازادیی تاكه‌كان پێشێل بكرێت، ئه‌مه‌یش هاوسه‌نگكردنی دو تای ته‌رازوه‌كه (ئه‌رك، ماف) پیشانده‌دات، كه بۆ هه‌ر بوار‌و پیشه‌یه‌ك پێویسته.
وه‌ك له‌سه‌ره‌وه، به‌كورتی ئاماژه‌مان پێدا، رێكلام جگه‌له‌وه‌ی چالاكییه‌كی كه‌میونیكه‌یشن- ئابورییه، ئه‌ركێكی گرنگی میدیایشه، كه‌واته له‌و بازنه‌یه ناچێته ده‌ره‌وه‌و ئه‌ویش ده‌بێت له‌ئاست داخوازییه‌كانی میدیایه‌كی تهندروستو پیشه‌گه‌ر (پرۆفێشناڵ)دا بێت.
زۆرجار، گوزارشتی “چه‌كی دو ده‌م” وه‌كچۆن به‌رامبه‌ر چه‌مكی راگه‌یاندن به‌كارده‌هێنرێت، هه‌ندێجار بۆ چه‌مكی رێكلام-یش ده‌وترێت، ئه‌مه‌یش له‌وه‌وه هاتوه، ئه‌گه‌ر رێكلامسازیو بڵاوكردنه‌وه‌ی رێكلام لهراستهڕێی خۆی ده‌ربچێت، ده‌می دوه‌می چه‌كه‌كه ده‌كه‌وێته‌كار، كه بێگومان زیانمه‌ند ده‌بێت. كه‌واته پێویسته هه‌م له‌ڕوی ئێتیكی، هه‌م له‌ڕوی یاساییه‌وه میدیاكار، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌بواری رێكڵامدا كارده‌كه‌ن، به‌وریایی زۆره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا بكه‌ن.
ئه‌گه‌رچی رێكلام ره‌هه‌ندێكی ئابوری هه‌یه‌و له‌پانتایی نمایشه میدیاییه‌كه‌دا (چ به‌نوسراو، بینراو، بیستراو، ئه‌لیكترۆنی، یان تێكه‌ڵ) دهردهكهوێتو كۆمه‌ڵێ ئامرازی یاریده‌ده‌ری ده‌خرێته‌وه خزمه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌پێش ئه‌مه‌یشه‌وه، له‌روی ئێتیكیو یاساییه‌وه چه‌ند ره‌هه‌ندێكی تریشی هه‌یه، كه نابێ راگه‌یاندنه‌كه فه‌رامۆشیان بكات:
یه‌كه‌م: ره‌هه‌ندی ئێتیكی/ واته ئه‌و پره‌نسیپه ئێتیكییانهی پێویسته میدیاكار له‌ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێكی پیشه‌ییدا ره‌چاویان بكات‌و نادیده‌یان نه‌گرێت، له‌وانه: به‌رپرسیارێتی، وردی، راستی، بابه‌تیبون، بێلایه‌نی، رێزگرتنی ژیانی تایبه‌ت… تاد.
دوه‌م: ره‌هه‌ندی مرۆیی/ كه هه‌ندێ به‌درێژكراوه‌ی ره‌هه‌ندی یه‌كه‌می ده‌زانن. ئه‌و به‌ها مرۆییانه ده‌گرێته‌وه كه مرۆڤ وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌و گرنگ تهماشادهكاتو ده‌یكاته سه‌نته‌ری كۆمه‌ڵگه.
سێیه‌م: ره‌هه‌ندی په‌روه‌رده‌یی/ مه‌به‌ست له‌پێوه‌ره هاوچه‌رخه‌كانی په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروسته، كه هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر دروستكردنی كه‌سێتییه‌كی كامڵ‌و دهروندروستو خاوه‌ن ره‌فتاری نۆرماڵ‌و ئایینده‌ی گه‌ش بۆ منداڵ‌و لاوان ده‌كاته‌وه.
چواره‌م: ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی/ كه هه‌ندێجار (ره‌هه‌ندی كلتوری)یشی پێده‌وترێت، مه‌به‌ست لێی پاراستنی به‌ها كلتوریییهكانی كۆمه‌ڵگه‌یه، ئه‌و به‌هایانه‌ی لانیكه‌م كۆعهقڵی كۆمه‌ڵگه له‌م قۆناغه‌دا له‌سه‌ر ی كۆكنو، لادان لێیان زیانی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه.
پێنجه‌م: ره‌هه‌ندی ته‌ندروستی/ ئه‌و بنه‌ماو راستییانه‌ن كه زانستی پزیشكی‌و ته‌ندروستی چ له‌ڕوی جهستهییو چ له‌ڕوی ده‌رونییه‌وه دیاریانكردونو جه‌ختیان له‌سه‌ركردۆته‌وه.
سه‌رچاوه زانستییه‌كان ئه‌و ئاماژانه ده‌خه‌نه‌ڕو، له‌سه‌ر ئاستی دنیادا به‌گشتی، له‌مڕۆی میدیادا، له‌گرنگترین ئه‌و كێشانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر رێكلام هه‌یه، ئاره‌زوه بۆ به‌كارهێنانی سیمبوڵو ئیحاگهلی سێكسی‌و فراوان له‌به‌كارهێنانی ئافره‌ت لهرێكلامدا له‌زۆربه‌ی كاڵا‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان كه بۆ وروژاندنی حهزهكانو هاندانی بینه‌ران په‌یڕه‌وده‌كرێن، له‌كاتێكدا ئه‌مه ره‌فتارێكه له‌ڕوی پێویستیی راسته‌قینه‌وه، لۆژیكی نیه.
له‌دیارترین كێشه‌كان، بریتیه له‌پیشاندانی منداڵان به‌شێوه‌ی زیانمه‌ندانه، كاتێ لهرێكلامه ته‌له‌فزیۆنیه‌كاندا وشه‌و گوزارشته بازاڕییه‌كان به‌كاردێنن، به‌تایبه‌ت كاتێ ئه‌و گۆرانییانه ده‌ڵێنه‌وه كه ئاماژه‌ی دور لهبههاو پێوه‌ری ئێتیكییان تێدایه.
هه‌روا ده‌بینین، هه‌ندێجار رێكلام لایه‌نی پاراستنی به‌كاربه‌ر (حمایه المستهلك) رهچاوناكات، له‌كاتێكدا پاراستنی به‌كاربه‌ر، بریتیه له‌و رێوشوێنه پێویستانه‌ی بۆ پاراستنی هه‌مو كه‌سێك ده‌گیرێنه‌به‌ر، كه هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی كاڵا، یان خزمه‌تگوزاریی ده‌ده‌ن، به‌ئامانجی تێركردنی پێویستیه كه‌سی‌و خێزانییه‌كان. یان كۆمه‌ڵێ بنه‌ماو سیاسه‌ته، كه ئامانج لێی رێگرتنه له‌زیانگه‌یاندن بهبهكاربهر، هه‌روا گره‌نتیی گه‌یشتنه به‌مافه‌كانی.
چه‌مكی پاراستنی به‌كاربه‌ر له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ر وه‌ستاوه: چاودێریكردن، ته‌وه‌ری ته‌شریعی، رۆشنبیركردنو فێركردن‌و رێنماییكردنی به‌كاربه‌ر.
واته، پێویسته رێكڵام دوربێت له‌رۆحی پۆپۆلیستی، هاندانی توندوتیژی، وروژاندنی سێكسی، پڕوپاگه‌نده، به‌كارهێنانی نادروستانه‌ی منداڵ، به‌كاڵاكردنی ژن، بره‌ودان به‌خواردنی ناته‌ندروست، به‌كارهێنانی گوزارشتی بازاڕی… تاد.
به‌داخه‌وه له‌هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕیی زۆر له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی رێكلامدا هه‌یه. وه‌كچۆن تاكو ئێستا شتێك به‌ناوی رێكلامسازیی دروست‌و شیاوه‌وه نیه، چونكه پرۆسه‌ی دروستكردنی رێكلام یان رێكلامسازی پرۆسه‌یه‌كی هونهریو زانستی‌و میدیایی گرنگه، له‌هه‌مانكاتدا هه‌ندێجار هه‌ندێ رێكڵامی هاورده‌یش له‌میدیای كوردیدا پهخشو بڵاوده‌كرێنه‌وه كه له‌گه‌ڵ كلتوری كوردیدا گونجاونین.
رێكلام له‌ڕوی یاساییه‌وه به‌یاسایه‌ك رێكده‌خرێت، ئه‌و یاسایه‌یش به‌سه‌ربه‌خۆ، یان له‌گه‌ڵ یاسای راگه‌یاندندا رێكده‌خرێت. به‌ڵام تا هه‌نوكه ئه‌مه له‌هه‌رێمدا ئاماده‌گی نیه.
هه‌روا له‌ڕوی ئێتیكییشهوه، وێڕای پابه‌ندیی ویژدانی، پێویسته له‌په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌ف جه‌خت له‌سه‌ر (خۆبه‌دورگرتنی میدیا لهرێكڵامی نادروست) بكرێته‌وه. جێی نیگه‌رانییه تاكو ئێستا ئه‌مه‌یش له‌هه‌رێمی كوردستاندا بونی نیه‌و، میدیاكارانیش تائه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئێتیكی رێكلامكردن (وه‌ك زۆربه‌ی ئێتیكهكانی تر‌و پرهنسپیهكانی ئێتیك) له‌به‌رچاوناگرن.
د.هێرش ره‌سوڵ
پسپۆڕ لهئێتیكو یاسای راگه‌یاندن