ئەحمەد هەردی: رێبەر و نوێنەری رۆمانتیكی خود لە شیعری نوێی كوردییدا…2
دەقی هۆنراوەكە:
بناغه و چینی دیواری
ته‌لاری به‌رزی دڵداریی
به‌سه‌ر لانه‌ی دڵا رووخا! ته‌پ و تۆزی خه‌می هێنا
به‌دووی باڵداری ئاواتی فڕیوی بێ سهروشوێنا.
ده‌سا ئه‌ی پاییزی ماته‌م! ئه‌وه‌نده‌م تاسه پێ ماوه:
هه‌موو ئه‌و یادگاره‌ی له‌و: ژیانی عه‌شقه جێ ماوه
به جارێ وه‌ك گه‌ڵا سروه‌ی خه‌زانت گشتی ڕاماڵێ،
به وردیی هه‌ر گهڵاێکی، ببا بۆ: قوژبن و چاڵێ..!
ده‌با باڕه‌ش له دواییدا
له بیابانی.. لماوییدا
ته‌پ و تۆزێکی وا بێنێ، هه‌وا یه‌کجاری بخرۆشێ
سه‌ری ئه‌و قوژبن و چاڵه، وه‌کو گۆڕیچه داپۆشێ
له پاشانا به بای وه‌شتا، له‌سه‌ردا هه‌وری ره‌ش بێنێ؟
به گۆڕی یادگارا، با، به خوڕ تاوێ… ببارێنێ!
ده‌با بمرێ به یه‌کجاری له گۆڕی ته‌نگ و ته‌نیادا
نیشانه و ناوی هه‌ڵگیرێ له‌ناو: بازاڕی دنیادا..!
به‌ڵێ با گه‌رده‌لوولێ بێ
ئه‌وه‌ی بۆنێکی تۆی لێ بێ
وه‌کو ئه‌و پووشه راپێچی بکا بۆ: گۆڕی ته‌نیایی
به گوێیا با بپچرێنێ: نقامی عومری کۆتایی
پەپوو هاوڕازی وێرانه و، نیشانه‌ی مه‌رگی رووناکی
به ده‌نگی شوومی با شیوه‌ن بکا بۆ گیانی ناپاکی..
له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگ و ئاوازه، ده‌با شه‌یتانی ڕارایی …
سه‌مای پر ته‌وسی بێشه‌رمیی، بکا بۆ عه‌شقی کۆتایی..!
ده‌با ده‌ستی سته‌مکاریی:
ژیانی پڕ له زۆرداریی
له یادا بیسڕێ شێوه‌ت، له یادی ژین و گه‌ردوونا..!
به‌بێ ڕه‌حمانه غەرقی کا، له به‌حری قووڵی ونبوونا..!
ونی کا با له‌به‌ر چاوم، نیگاری چاوی فێڵاویت
گوڵی بێ بۆنی جوانیت و بزه‌ی سه‌ر لێوی ژه‌هراویت
به تاپۆی یادگاری تێکشکاوی بێ سه‌ر و پێوه..
به دڵداریی عومر کورت و شه‌وانی جوانە مەرگێوه..!!
پێشەكی
له ” ڕازی ته‌نیایی” دا ئێمه ڕازی ناهومێدیی دڵی شاعیرێكی گه‌نجمان بیست. ئه‌م ڕازه شۆڕشێك بوو، به‌ڵام هی یاخی بوون نا. شۆڕشێکی ڕۆمانتیکی بوو، شۆڕشی خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی ڕۆح بۆ سازه‌کانی یه‌ئس و ئاوازه‌کانی ته‌نیایی و بێکه‌سیی. ئه‌م شۆڕشه له زماندا به به‌رپاکردنی ڕاپەڕینێکی ئیستاتیکی، جۆشدانی له‌شکری وشه‌ی جوان و په‌تی زمانی کوردی، ته‌کنیك و تفاقی ده‌نگ و وێنه و ریتمی شیعری به‌دی هات. ڕه‌نگه ئه‌و په‌ریزاده‌ی هه‌ردی له ڕازی ته‌نیاییدا خۆزگه‌ی بۆ ده‌باراند و دڵی بۆ ده‌کرده مناڵێکی ساوا تا له به‌ر مه‌مکه‌کانیدا به سنگدا بکه‌وێت، ڕه‌نگه ئه‌و په‌ریزاده ئاخری تریفه‌ی چاوی حەز و تریقه‌ی خه‌نده‌ی نازی ڕشتبێته ناو دنیا تاریك و کپهکهی هه‌ردی یه‌وه. ڕه‌نگه له یه‌که‌م تیله‌ی چاودا، پێوه بووبێ، له‌گه‌ڵ یه‌که‌م خه‌نده‌دا خه‌نی بوو بێ، به یه‌که‌م چرپه هه‌موو چراکانی خۆی له چاوی ئه‌و پهریزادهدا ههڵکردبن.
ڕۆمانتیسیزم: هه‌ڵوه‌دابوونی رۆحه به دوای هیوای دووره ده‌ستد؛ عه‌وداڵبوونی دڵه به دوای خه‌ونێکدا ناونیشانه‌که‌ی ئارامیی ئه‌به‌دیی و ئاسووده‌یی ئاسمانیی بێ. هه‌ندێ ده‌ڵێن: ڕۆمانتیسیزم ته‌نانه‌ت حه‌ز و ئاره‌زووی سه‌یر و بێ بن و سنووریش نییه، به‌ڵکو “‘گه‌رانه به دوای حه‌ز خۆیدا.” رۆمانتیکییه‌کان له دار و به‌رد و هه‌رد و هه‌رشتێ له‌م جیهانه جه‌نجاڵه و زه‌مینه زهبهندهدا هه‌یه، به دوای سه‌یر و نائاسایی و جوان و ساکار و به‌ردل و به‌رهه‌ستدا ده‌گه‌ڕێن. هیچ شتێ نییه ده‌ستی هونه‌ری رۆمانسی بگاتێ و به زمانی شیعر یان جوانیی یان نائاسایی نه‌یه‌ته قسه. چ حه‌زێکی قووڵ بۆ دڵی نه‌رم و باوه‌شی گه‌رم و پرشنگی ئاسووده‌به‌خش و تریقه‌ی خه‌مڕه‌وێن، له‌ناو رازی ته‌نیاییدا خۆی خواردەوه و هه‌موو کون و که‌لێنه‌کانی له‌ش و دڵ و گیانی پڕکرد و ته‌قیه‌وه؟ هه‌ردی وای لێ‌کردین نه‌ك (حه‌ز) و (دڵداری) مان خۆش بوێ به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ماسۆشیزمانهش حه‌ز به ئازار و ژان و سووتانه‌که‌ی بکه‌ین؟!
باشه مامۆستا گیان ده‌ستمان بگرەو ڕێبه‌رمان به. ببه به پیری موغانی عیشق و رێگه‌ی عاشقان نیشانی ئێمه‌ی شاگردی بێ سه‌واد و بێ ئه‌زموون بده.
مامۆستا گیان، پێمان بڵێ دوای ئه‌و هه‌موو یه‌ئس و تێشکانه روحییه، هه‌ستانه‌وه هه‌یه؟ له‌م ژێر زه‌مینه تاریکه‌ی رۆحدا هه‌روا به ته‌نیایی و بێکه‌سیی له‌ناو گۆڕستانێکی وێران و چۆلێکی بێ ئامانی ونی سه‌رسامیدا ده‌مێنینه‌وه؟ ئایا موعجیزه‌یه‌ك روو نادا؟ له ناکاوا ئه‌م تاریکستانه به شریخه‌ی هه‌وره تریشقه‌ی تریقه‌ی پهریزادێك شه‌به‌قی تێ ناکه‌وێ؟
ئایا شنه‌بای به‌یانییه‌کی جادوویی ئه‌م هه‌موو ته‌م و تاریکایی یه راناماڵێ و خۆمان وه‌ك کۆرپه له‌به‌رده‌م جه‌سته‌ی رووتی کچی خه‌ونه‌کانماندا نادۆزینه‌وه؟ ئه‌ی پیری رازناسی ده‌روون! له حیکمه‌تی خۆت و ئه‌زموونی عیشقی خۆت بێ به‌ریمان مه‌که. ئێمه تازه هه‌ستمان له‌گه‌ڵ هێمای سۆفیانه‌ی عیشقی تۆدا تێکه‌ڵ بووه!
نا، چاوه‌رێم نه‌ده‌کرد وازوو له ئێمه‌ی نابەڵەد و بێ که‌ره‌سه و بێ ئه‌زموون داوای شۆرش بکه‌ی؟ شۆڕش به‌سه‌ر چیدا؟ به‌سه‌ر ئه‌و حه‌زه قووڵ و رۆحهگیانهدا که رازه‌کانی ته‌نیایی ته‌قاندنه‌وه!
خوێندنەوەی شۆڕشی نائومێدیی
دوای ئه‌زموونی ڕازی ته‌نیایی، ئه‌و چل وشه‌یه‌ی هه‌ردی وه‌ك ڕوونکردنه‌وه بۆ ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی نووسیوه، وه‌ك ئه‌وه وایه به‌رمیلێك سه‌هۆڵاو به‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئاگراویتدا بکه‌ن.. وشه‌ی (تریقه) تان له بیره؟ تریقه‌ی ئه‌و په‌ریزاده‌ی له ئاخری‌دا هه‌موو حه‌زی گه‌نجانه‌ی هه‌ردی و ڕازی ته‌نیایه‌که‌ی به خۆگرت:
تریقه‌ی ئه‌و، ته‌می ئه‌م یه‌ئسه راماڵێ له‌سه‌ر چاوم
وه‌کو لایلایه ژیریی کا، دڵی منداڵی گریاوم.
ئێ، ئه‌وا په‌ریزاد هات و به تریقهکهی وه‌ك لافاوێکی سپی هه‌رچی ته‌م و مژی ژیانه ڕایماڵی. ئه‌ی کۆرپه‌ی دڵ ده هه‌ڵپه‌ڕه و شاد به و شایی که!!
به‌لام؟
هه‌ردی ده‌نووسێ:
‘”له کاتێکدا که ئاده‌میزاد، به ڕێکه‌وت بۆی ده‌رئه‌که‌وێت: که ئه‌و تریقه‌ی پێکه‌نینانه‌ی، به ماڵی خۆشه‌ویستی ئه‌زانێ، هه‌وێنی ته‌فره‌دان و ده‌ست بڕینه، له کاتی وادا، ئاده‌میزاد، ڕقی له دڵداریی و خۆشه‌ویستی به جۆرێك هه‌ڵئه‌ستێ که حه‌ز ناکات ته‌نانه‌ت چاره‌ی ئه‌و یادگارانهش ببینێ که له‌و دڵدارییه به‌جێ ماون:
له کاتێکی ئاوادا ئه‌م هه‌ڵبه‌سته دانراوه.”
ئاه. مامۆستا گیان!
تریقه بوو به ته‌فره‌دان
ده‌ستگوشین بوو به ده‌ستبڕین
حه‌ز له دڵداریی و دیارییه‌کانی، به ڕق له خۆشه‌ویستی و یادگاره‌کانی!!
من چاوه‌ڕێی ئه‌وه نه‌بووم وا زوو له به‌هه‌شت ده‌رکرێم. چاوه‌ڕێ نه‌بووم له‌گه‌ڵ یه‌که‌م قه‌پاڵم له سێوه لاسووره، دیسانه‌وه له‌ناو چۆڵی سه‌رسامیی و دۆزەخی تەنیاییدا: بێکه‌س، بێ هیوا، بێ نه‌وا، خۆم ببینمه‌وه؟!
به‌ڵام، به‌ڵێنه و به دووت که‌وتووم، شاگردێکی به زانست و به‌وه‌فام. ئێستا له‌م که‌لاوه‌ی ڕۆمانسییه‌تی ساوێلکهدا، چ هێزێکم ده‌ده‌یتێ ههڵمسێنێتهوه؟
چ گڕێك ده‌خه‌یته ده‌روونمه‌وه، گوڕێك بداته‌وه به ژیانم؟
دوای ئه‌و ناهومێدییه به‌ر چاوو به‌رهه‌ست و، به ڕۆح ئه‌زموونکراوه، چ ئیختیارێکمان بۆ ماوه‌ته‌وه! من نامه‌وێ دنیای ڕۆمانسییه‌ت به‌جێ بێڵم، من نامه‌وێ به‌یه‌ك ئه‌زموونی حه‌ز به‌زێن، خه‌ونه‌کانی دڵم هه‌ڵوه‌شێته‌وه. نا ئه‌مه بهرخواستی خۆم نییه. ناژیم گه‌ر خه‌ون نه‌بینم! ناسرهوم گه‌ر حهزداریی نه‌که‌م. ئۆقره ناگرم گه‌ر له جۆش و خرۆشیی ڕۆمانسیانه بکه‌وم!!
ڕۆمانیسزم یه‌ك جۆری نییه. یه‌ك سه‌رچاوه و جۆگه‌ی نییه.
چاوگه‌کانی بێ بنن، هێزه‌کانی بێ کۆتان.
ڕواڵه‌ته‌کانی له ژمار نایه‌ن. به قه‌ده‌ر جیاوازی ڕۆح و تهماکان، خولیا ڕۆمانسییه‌کان به‌رین و به‌ر بڵاون.
له ڕازی ته‌نیاییدا رۆمانسیزم چاوگه‌یه‌کی بێ بنی خه‌مخواردن و خۆخواردنه‌وه له نا ئومێدی و ته‌نیایدا بوو.. کڵپه‌ی حه‌زێکی روو له ئاسمان و پڕ به جیهان بوو. رازی ته‌نیایی حه‌زی له‌و خه‌مه بوو که خۆی نوێنه‌ری حهزهکهبوو، کۆرپه‌ی حه‌زه‌که بوو؛ له‌و خه‌مه ده‌روونیه‌دا خه‌ونه‌که خه‌وتبوو. بۆیه هێزی هۆنراوه‌که له‌وه‌دایه که کێشه‌که چاره‌سه‌ر ناکات، ده‌رگای ده‌رچوون له‌به‌رده‌م بێئومێدییەکهدا ناکاته‌وه ته‌نانه‌ت رێگه نادا له هیچ کون و که‌لێنێکه‌وه به‌هه‌ڵه‌ش تنۆکه نزیفهیهك یان شنه‌بایه‌ك چییه بچێته ناو ئەو ژێر زه‌مینه‌وه که گوڕێکی وێرانه و چۆلێکی تاریکایی و سه‌رسامیی رۆحه.
ئه‌مه‌یه وزەی بێ بنی رۆمانسییه‌ت له خۆشویستنی خه‌م و بێ هومێدی، به‌لام دیوێکی دیشی هه‌یه، ده دیوی دیشی هه‌یه.
رۆمانسیزم هه‌روا چاوگهیهك یان گڕکانێکه بۆ هێز و وزه‌ی یاخی بوون و ته‌قینه‌وه و شۆرش:
شۆڕشی خۆیی.
شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی.
شۆڕشی سیاسیی و شۆڕشی مرۆڤایه‌تی.
ڕۆمانسیزم نزیکترین هه‌سته له ڕۆحه‌وه، بۆیه ئه‌و وزه‌ی خۆی له رۆح وه‌رده‌گرێ. هه‌ر ساتێ رۆحیش هه‌ستی کرد که ئازار ده‌درێ، ناپاکیی به‌رامبه‌ر ده‌کرێ، نادادیی ده‌رژێته سه‌ر، رۆح رادهچلهکێ، راده‌په‌ڕێ، یاخی ده‌بێ، شۆرشێکی بێ ئامان به‌رپا ده‌کا!!
ره‌نگه له داهاتوودا، لای رۆمانسیزمی خۆمالیی یان جیهانیی، بێ بچینه ناو دنیای ئه‌و شۆرشه کۆمه‌ڵی و سیاسیی و مرۆڤییانهشهوه که ڕۆمانسیزم به‌رپای کردوون و به‌رپایان ده‌کا.
به‌ڵام ئێستا ئه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی پیری عیشقمانداین، ئه‌و ده‌ستی هه‌ست و هه‌ناسه‌ی حه‌په‌سان راده‌کێشێ بۆ به‌شداریی له‌و شۆرشه ههورهتریشقهییهی خۆی بەسەر یادگاری عیشقی درۆدا ئه‌نجامی داوه.
هۆنراوه‌که:
ئه‌وه‌ی یه‌که‌م جار سه‌رنجمان راده‌کێشێ شێوه‌ی نووسینه‌وه‌ی هۆنراوه‌که‌یه واته شێوه‌ی ده‌رکه‌وتنی نووسینه‌که‌ی، چاپه‌که‌ی له‌سه‌ر لاپه‌ره‌ی کاغه‌زی به‌رده‌ممان.
هۆنراوه‌که له چوار ستانزای هه‌شت دێڕی (چوار به‌یتی) پێك هاتووه.
هه‌ریه‌ك له‌و چوار ستانزایه به دوو دێڕی هه‌شت بڕگه‌ی قافیه‌دار ده‌ست پێ ده‌که‌ن. به دوای ئه‌وانه‌دا شه‌ش دێڕی شانزه بڕگه‌یی هاتوون که به ئاشکرایی له ناوه‌ڕاستدا له‌تکراون. لێره‌دا به پێچه‌وانه‌ی رازی ته‌نیایی که‌سێ دێڕی کورتی هه‌شت بڕگه‌یی دوای شه‌ش دێڕه شازده بڕگهییەكان ده‌هات، ئێستا له‌م هۆنراوه‌دا دوو دێڕی کورتی هه‌شت بڕگه‌یی له سه‌ره‌تادا پێشکه‌ش کراون..
ده‌کرێ له سه‌ره‌تاوه وای بۆ بچین که شاعیر له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێ ده‌یه‌وێ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه کورته‌ی بابه‌ته‌که‌یمان بداتێ؟ ئه‌م بۆچوونه له جێی خۆیه‌تی به‌ڵام هه‌ر جۆره خوێندنه‌وه و بۆچوونێك بۆ شیعر، هۆنراوه، ده‌بێ له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌که خۆیه‌وه به‌رهه‌م هاتبێت.
که‌وایه با هه‌وڵ بده‌ین به وردی هۆنراوه‌که بخوێنینه‌وه.
1- بابه‌ت یان نێوباسی ( تیمی) هۆنراوه‌که چییه؟
بۆ تێگه‌یشتنی نێوباس و ناوه‌ڕۆکی هه‌ر هۆنراوه‌یه‌ك ده‌کرێ یه‌که‌م جار نیشانده‌رێك لهناونیشانهکهوه وه‌رگرین. لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بڵێم که مه‌رج نییه ناونیشان نیشانده‌ری ناوهڕۆك و بابه‌تی هۆنراوه بێ به تایبه‌تی له شیعری نوێ‌دا شاعیران ده‌شێ بۆ ستراتیج و ته‌کتیکی تایبه‌تی ناونیشان دابنێن یان دا نه‌نێن. ره‌نگه هه‌ندێ جار مه‌به‌ستی ناونیشان ئه‌وه‌بێ ناوه‌ڕۆکه‌که بشارێته‌وه، یان زیاتر ئاڵۆز و نامۆی بکات. به‌ڵام دیاره له‌م ناونیشانه‌ی هه‌ردی دا ((شۆرشی نائومێدی)) مه‌به‌ستی شاعیر ئاشکرا کردنی یان پێشکه‌ش کردنی ناوه‌ڕۆکی هۆنراوهکهیهتی. ئه‌و هه‌ر له هه‌ره سه‌ره‌تاوه پێمان ده‌ڵێ خۆمان بۆ به‌ره‌و روو بوونه‌وه‌ی شۆرشێك ئاماده ده‌که‌ین شۆرشی نا ئومێدی: که ده‌شێ دوو مانای جیاواز به‌ڵام دژ نا به‌ڵکو ته‌واوکه‌ری هه‌بێ:
1- شۆرشێك که له ئه‌نجامی نا ئومێدی دا پێگه‌یوه و ته‌قیوه‌ته‌وه.
2- شۆرشێك به‌سه‌ر نائومێدی دا: واته دژی نائومێدی و به مه‌به‌ستی سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ریدا..
جگه له‌مه‌ش وه‌ك له سه‌ره‌تاوه باسم کرد هه‌ردی ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کیشی بۆ هۆنراوه‌که نووسیوه. نیشانی ده‌دا ئه‌م هۆنراوه‌یه زاده‌ی له‌حزه‌یه‌کی دۆزینه‌وه‌یه‌کی وێرانکه‌ره: ئه‌وه‌ی که ده‌یبینێ ئه‌وه نییه که به ده‌ستی دێنێ. تریقه تهفرهیه، خۆشه‌ویستی خۆههڵخلهتاندن و ههڵخهڵهتاوییه. به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره خۆشه‌ویستییه ساخته و دڵدارییه دووروییه، چ بۆ دڵ ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه نه‌بێ شۆرشێکی به‌سه‌ردا به‌رپا بکا، تا ئه‌مجاره هه‌موو یادگار و ئاکار و جێشوێنێکی ئه‌و ساخته‌یی و ئه‌و نائومێدییه‌ی لێیه‌وه درووست بووه: راماڵێ! شۆرشێکی هێنده قووڵ که تا سه‌ر ره‌گی رۆح رۆچووبێ، ئەگینا چ جۆره شۆرشێك ده‌توانێ شوێنه‌واره‌کانی بشواته‌وه؟!
ئێمه ئه‌م وه‌ڵامه‌مان له هه‌ردی ده‌وێ.
که‌وایه تا ئێستا ئه‌وه تێگه‌یشتین که نێو باسی (تیمی) یان بیری سه‌ره‌کی هۆنراوه‌که بریتییه له: شۆرش کردن به‌سه‌ر ئه‌و ناهومێدیهدا که له عیشقی درۆوه دڵ و ده‌روونی مرۆڤی عاشق پڕ ده‌کا.
2. گرژییه سایکۆلۆجییه ده‌روونییه رۆمانسییه‌که له کوێدایه؟
وشه‌ی ناهومێدی خۆی ئه‌و گرژییه‌ی گرتۆته خۆی.
ناهومێدی مانای نه‌مانی هومێد. که‌وایه له‌لایه‌که‌وه هومێدێ، هیوایه، تاسه‌یه، حه‌زێ، ئاره‌زوویه، خه‌ونێ، ئاواتێ هه‌بووه، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی تاڵی ئه‌وین ئه‌وه‌ی نیشان داوه که ئه‌و هومێده له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌تاڵ هه‌ڵچنراوه.
ئه‌مه به‌شی یه‌که‌می ئاڵۆزییهکەیە: ناهومێدی به‌رامبه‌ر به هومێد و حه‌زو خه‌ون، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك شیکردنه‌وه‌ی ناونیشانه‌که بۆی ڕوون کردینه‌وه، لایه‌کی دیکه‌ش بۆ ئه‌م گرژییه هه‌یه. ده‌شێ وه‌ك شیعری (رازی ته‌نیایی) شاعیری ئه‌وه‌نده كەساس کردبا که دیسانه‌وه ( شیوه‌ن) و لاواندنه‌وه‌یه‌کی رۆمانسی به‌سۆزی بۆ ئه‌و ئه‌زموونه تێکشکێنه‌ر و بێ هیواکهرهی نووسیبا. ئه‌وسا ئێمه‌ش به‌راده‌ی دڵسۆزیی و جوانیی شیعره‌که‌ی له گه‌لیا ده‌گریاین و ده‌ستی ناکامیمان ده‌خسته سه‌ر چۆکی به‌زین. به‌ڵام له‌م شیعره‌دا شاعیر به‌ڵێنێکی دی پێداوین؛ ته‌نانه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وریاشی کردووینه‌وه که خۆمان بۆ پرۆسه‌ی شۆرشێکی توند و تیژی درێژ خایه‌ن ته‌یار و ته‌داره‌ك ده‌ین. له‌م هۆنراوهیەدا شاعیر به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی رۆمانسیزم هه‌ڵده‌بژێرێ: به‌ره‌ی شۆرشی ناخ به‌سه‌ر داخی بێ هومێدی ناخ دا!!
ئێمه وا چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین که گه‌شته‌که‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ شاعیر بریتی بێ له: یه‌که‌م: روونکردنه‌وه‌یه‌کی داستانی ئه‌و بێهومێدییه.
دووەم- ڕێنوێنی کردنی له پرۆسه‌ی شۆڕشه توند و تیژه‌که‌ی به‌سه‌ر ناهومێدی عیشقدا.
3) ستانزای یه‌که‌م:
به‌ڵێ: له یه‌که‌م دوو دێڕی کورتی هه‌شت بڕگه‌یی، که به شێوه‌ی دیار و سهرووگر له‌ناوه‌راستی لاپه‌ره‌که‌وه و له سه‌رووی شه‌ش دێڕه‌که‌ی دوایی نووسراون، به شێوه‌یه‌کی به هێز، به کامیرایه‌کی وێنه نزیك که‌ره‌وه، یان له‌مه‌ش پتر به راسته‌وخۆ ده‌ستگرتنمان بۆ سه‌یری درامای داڕمانه‌که، شاعیر کت و پڕ بێ پێشه‌کی ( جگه له‌و پێشه‌کییه پهخشانییهی ئه‌م دێڕانه وه‌ك به‌رده‌وامی ئه‌وان و ناونیشانه‌که ده‌رده‌که‌وێ) هه‌ره‌سی ته‌لاری خۆشه‌ویستییه بنبهتاڵهکهیمان نیشان ده‌دا!
چ وێنه‌یه‌کی رۆمانسیانه‌ی به‌رز؟ چ ئارکتێکچهرێکی شیعری بناغه پته‌و و به هێز!
هێزی شیعره‌که له‌وه‌دایه له‌م ئایرۆنیهدا له‌م پێچمانایهدا شاعیر له‌سه‌ره‌تاوه دیمه‌نی روخانێکی بێ ئامانمان پێشکه‌ش ده‌کا. رووخان به‌ڵام به زمانێکی توند و تۆڵ و دارشتنی ستراکتورێکی به‌هێز و پته‌و که هیچ شتێ نایروخێنێ!!
لەمه‌دا پەرەدۆكسی شیعرهکە به‌رجه‌سته بووه؟ له‌مه‌دا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه فۆرم و ناوهڕۆك وا پێکه‌وه گرێدراون جیاکردنه‌وه‌یان ته‌فرو تونای لێ ده‌که‌وێته‌وه. ئه‌و ته‌فرو تونایهش که هێز و پته‌ویی شیعره‌که هه‌وڵی بۆ ده‌دا، پته‌ویی و هێز و وزه‌ی ئه‌و ستراکتور و دارشته به هێز و وزه شۆرشگێرانهکهیه! وزه‌ی شۆرشه دژی دارمانهکه، له کاتێکدا شۆرش، له شێوه‌ی رابردوویه‌کی ساخته‌دا ده‌رووخێنێ، تازه‌یه‌ك، له شێوه‌ی شۆرشێکی شیعریی پایه پته‌و و بنچینه به‌هێز و هه‌میشه هه‌بوو-و نه‌مردا، ئافه‌ریده ده‌کات!!
بناغه و چینی دیواری!
ته‌لاری به‌رزی دڵداریی
به‌سه‌ر لانه‌ی دڵا رووخا!
سڵاو، مامۆستا گیان، سڵاو.
سڵاو له گیانت.
سڵاو له زیندووێتیی وشه و بیرت.
سڵاو له‌و هێز و وزه به‌هێزه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌م ناسۆر و ناکامییه ناوه‌ندییه‌ی ده‌روونم پێت به‌خشیوم. ئێستا ده‌زانم که له به‌دواکه‌وتنی چرا تاریکه‌کانت، خهڵهتاوو هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو نه‌بووم. ئێستا ده‌زانم بۆچی له تاریکستانی گۆڕستانی که‌لاوه‌ی رازی ته‌نیاییدا، چاوی رۆحم وا رووناك دەیبینی. ئێستا تێگه‌یشتم بۆچی هێنده تامه‌زرۆی ئه‌وه بووین له تریفه‌ی ده‌ره‌وه‌ی چاوێکدا چاوگه‌ی رۆح بدۆزینه‌وه، بۆچی هه‌ڵوه‌دای ئه‌وه بووین له تریقه‌ی پهریزادێکدا بپه‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌و به‌هه‌شته‌ی لێی ده‌رکراین! ئێستا تێده‌گه‌م بۆچی لێگه‌ڕاین دڵمان ببێته مناڵێکی به‌سته‌زمان و برسی و شه‌یدای شیری مه‌مکێکی ئه‌فسانه‌یی!
پێشره‌و به پیری عیشق و شۆرش!
پێشه‌نگ به! موریدهکهت بێ دوو دڵی به‌دواته‌وه‌یه. له هه‌ر هێمایه‌کدا هێزێك ده‌دۆزێته‌وه. وزه‌م ده‌یه، گه‌وره‌م با ره‌شه‌بایه‌ك، ته‌وژمێك، تاوێك دروست که‌ین ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیی و ساخته‌ییه‌ی ده‌ورمان هه‌ر له بناغه هه‌ره قووڵ و بۆشهکانییهوه هه‌ڵته‌کێنێ و وه‌کو ته‌پ و تۆز بۆ زهلکاوخانهی مێژوو رایبماڵێ!
مامۆستا‌م، چرای رهشهبایهکان داگیرسێنه.
مامۆستا‌م، کڵپه‌ی لافاوه‌کان خۆش که.
پیرم، پرۆژه‌ی شۆڕشه‌که‌ت بکه به‌دیاری ئه‌به‌دیی گه‌نجه که‌ساس و بێ پاشهرۆژهکانی وڵاته‌که‌م. ئێمه هه‌موو ژیانمان، گیانمان، ته‌مه‌نمان، خه‌ونمان به خۆشه‌ویستی ساخته به‌خشی. هه‌موو تریفه و تریقهکان ته‌فره ده‌رچوون. مامۆستا گیان هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌کان خیانه‌تێکی نه‌فره‌تی نه‌بوون. هه‌موو نووسینه‌کانمان له‌سه‌ر ئاو بوون. هه‌موو سووتانهکانمان له‌ناو زه‌لکاودا بوون.
پیری وشه‌ی کوردی راست و ره‌سه‌ن! زاهیدی که‌مترین خواز و که‌مترین زۆرترین به‌خش! دێرێکی تۆ بۆ من دنیایه‌که. هه‌ڵبه‌ستێکی تۆ بۆ من هه‌ڵایسانێکی ئهبەدییه. چۆن شاگه‌شگه نه‌بم. ئه‌وه‌تا تۆیه‌ك که منت به له‌زه‌ت دیتن له ئازار، به ئارام وه‌رگرتن له گۆڕستان، به خه‌مڕه‌واندن له خه‌وبینیندا فێرکرد، ئه‌وه‌تا به هه‌موو وزه و هێز و گۆڕێکی گه‌نجانه‌وه، بۆ ناو کڵپه برایمییهکانی شۆڕشی راماڵین و راستکردنهوهمان ده‌به‌ی!
فه‌رموو، پیرم، رۆحم لاته! بیرم وه‌ك پشکۆ ده‌سووتێ. هه‌ستم هاڵاوی لێ ده‌ستێ. ده‌ستم هێزی رۆسته‌میی تێدا به‌رجه‌سته بووه تا له‌گه‌ڵ تۆدا دیوارە ساخته‌کان بڕمێنم.
بناغه و چینی دیواری!
ته‌لاری به‌رزی دڵداری
به‌سه‌ر لانه‌ی دڵا رووخا! تهپو تۆزی خه‌می هێنا
به دووی باڵداری ئاواتی فڕیوی بێ سه‌ر و شوێنا
ئه‌وه‌تا پێچەوانەو (پەرەدۆكسێكی) دی، به‌راوژوو بوونه‌وه‌یه‌کی دی به چاوی خۆتان ده‌بینن!!
هۆنراوه‌که به وشه‌ی: بناغه ده‌ست پێ ده‌کا ئه‌وسا ( چین و دیوار)!
دۆزینه‌وه‌ی ساخته‌ییه‌که، دۆزینه‌وه‌ی تهفرهبوونی (تریقه)، که ساخته‌یی بناغه‌که ده‌رده‌خا. بناغه‌که بۆشه که‌وایه هیچ نییه له‌سه‌ری بوه‌ستێ. خۆی له خۆیه‌وه له روویه‌که‌وه داڕماوه. ته‌نیا له مێشکی ئێمه‌دا له ساوێلکه‌یی بیرکردنه‌وه و به دواکه‌وتنی ئێمه‌دا، بناغه و چینی دیواری هه‌بووه! ئه‌وه‌ی ده‌یبینین وا له سه‌ره‌وه زه‌ق و دیاره و له هه‌ره‌سهێنان دایه وێنه رواڵه‌تییه‌که‌ی ئه‌و ( ته‌لاره) بهرزەیه.
له یه‌که‌م وشه‌وه وێنه‌یه‌کی به‌هێز ده‌بینن. ئه‌وه‌ی ئێستا وه‌ك بۆشاڵ، وه‌ك وههم، به ته‌لاری به‌رزی دڵداریمان داده‌نا، پێی سه‌رسام بووین، دڵمان بۆی تاسه‌دار بوو، ئه‌وه‌تا ئێستا بناغه و چینی دیواره‌که‌ی ده‌بینین که ده‌رووخێ.
لێره‌دا، شاعیر ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌کاته سه‌ره‌تا! ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ش ده‌کاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له‌وێوه سه‌ره‌تایه‌کی نوێ داده‌نێ: سه‌ره‌تای شۆڕش!
هه‌موو شتێ ده‌بێ بنچینه و بناغه‌ی هه‌بێ. له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه (چینی دیوار) داده‌نرێ و داده‌مه‌زرێ. ئه‌و (بناغه و چینه) ڕۆژانێك هی دامه‌زراندن و به‌رزکردنه‌وه‌ی ته‌لاری دڵداری بوون.
بناغه‌که ئه‌و تریقه سه‌ره‌تاییه ساده‌یه‌ی خۆشه‌ویستی بوو که دڵی ڕازی ته‌نیایی هێنده به حه‌سره‌ته‌وه بوو بۆی، هه‌ر زوو خۆی هاویشته ناو باوه‌شی به‌ڵێنی ئه‌وین و هیوای حه‌زێکی ئاگرین. به خه‌ونه خۆشه‌کانی و تاسه گه‌رمه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه چین له دوای چین بناغه‌ی ته‌ما و پاشه ڕۆژی به‌خته‌وه‌ریی هه‌ڵچنی، تا ته‌لاره‌که یه‌کجار به‌رز بۆوه. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی مابوو دڵ بار بکا بۆی و به یه‌کجاری بیکاته هێلانه‌ی به‌خت و به‌خته‌وه‌ریی هه‌میشه‌یی خۆی.
ڕێکه‌وتێ (هه‌ردی ده‌ڵێ)، خوا ده‌زانێ چ بووە، عاشقی پاك ڕۆح و ساده دڵی له خه‌وه مۆتهکهیهکهی به خه‌به‌ر هێنا. خۆ ئه‌وه تریقه نه‌بوو، ته‌فره بوو، خۆ ئه‌وه دهسگوشین نه‌بوو ده‌ست بڕین بوو. له پڕێکا ئه‌و ته‌لاره به‌رزه، وه‌ك ئێستا ده‌یبینن، هه‌ره‌سی هێنا. به‌ڵێ: یه‌ك حه‌قیقه‌تی ساده و بێ شك و بێ گومان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌وره‌تریشقه‌یه‌کی له ناکاو له گه‌وره‌ترین ته‌لاری له سه‌ر درۆ و گزیی بنیاتراو بدات و سه‌رنگونی بکات. ئه‌و ڕاستییه ڕێکه‌وته‌ی هه‌ردی پێی زانی به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شته‌که بهراوەژووە بکاته‌وه: بناغه‌ی ته‌لاره‌که بکاته نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی و به‌سه‌ر بۆشایی خۆیدا دایڕمێنێ.
ئێ، که وایه، با لێره‌دا ببڕێته‌وه، ئه‌وا حه‌قیقه‌ته‌که خۆ‌یا بوو، ته‌لاره‌که ڕووخا، کۆشکه بۆشاییه‌که هه‌ره‌سی هێنا. ئیدی شۆڕش و مۆڕشی بۆ چییه؟
نا، ئه‌ی عاشقی هه‌رزه! گه‌ر تۆ مریدێکی عیشقی دنیادیده و به ئه‌زموون بی، ده‌زانی کاره‌که وا سانا نییه، باره‌که وا به ئاسانی هه‌ڵناگیرێ، چیرۆکه‌که لێره‌دا کۆتایی نایه، کاره‌ساته‌که، له دروستبوونی درۆیییانهی ته‌لاره‌که و، داڕمانی به زه‌بری پاڵێکی به ڕێکه‌وتدا، نییه.
کاره‌ساته‌که، له ساوێلکه‌یی خۆم دایه.
له‌وه‌دایه خۆشباوه‌ڕ بووم.
تریقهم له تەفره جیا نه‌کرده‌وه.
دڵداریم له دڵبازاڕیی جیا نه‌کرده‌وه.
هه‌ر خۆم بناغهکهم له‌گه‌ڵ دانا. ڕاستی بناغه‌که تریقه‌ی ساخته‌ی ئه‌وو، هه‌ناسه و فرمێسك و ئاره‌قی ڕەنجی ڕاسته‌قینه‌ی من بوو. له دیوی ده‌ره‌وه خه‌نده‌ی ڕواڵه‌تێکی ئه‌و بوو. له ناوه‌وه، دڵ و گۆشت و ئێسقانی من بوو. به‌رزییه‌که هی ئه‌و بوو، نزمییهکه هی من. شیرینییه‌که بۆ ئه‌و بوو، تاڵاوه‌که بۆ من. ئه‌و ته‌لاره، هه‌رچه‌نده ساخته بوو، لای من ڕاسته‌قینه بوو. خشته‌کانی چینی دیواره‌که‌ی ده‌ست و په‌نجه و مه‌چه‌ك و شان و بازووی من بوون. بۆیه کاتێکیش ڕووخا:
به‌سه‌ر لانه‌ی دڵا ڕووخا!
من ئه‌و کۆشکه‌م بۆیه به ڕه‌نج و فرمێسك و هیوا دروست کرد بۆ ئه‌وه‌ی ببێته لانه‌ی دڵم. به‌ڵام، نه‌ك هه‌ر نه‌بوو، به‌ڵکو له‌سه‌ره‌وه‌ڕا به‌سه‌ریدا ڕووخا.
-ته‌پ و تۆزی خه‌می هێنا
به‌دووی باڵداری ئاواتی فڕیوی بێ سهروشوێنا.
دڵم وه‌ك پهرهسێلکهیهك که به په‌لکه پووش و قوڕهشینی دووریی، ئه‌و هێلانه ڕاسته‌قینه‌یه‌ی له پاڵ ئه‌و ته‌لاره‌دا بۆ خۆی هه‌ڵده‌به‌ست، له پڕێکا به خۆی زانی ته‌لاره‌که هه‌ره‌س دێنێ، به‌ڵام چونکه بێ بناغه‌ی ڕاست و دیواری پته‌و بوو، هه‌ر له بۆشایی وڕتووش دروست بوو بوو، باڵداری دڵم ده‌ربازی بوو و ، بۆ خۆده‌ربازکردن له‌م هه‌ره‌سه، له شه‌قه‌ی باڵیدا و فڕی. ته‌پ و تۆزی ته‌لاری ڕووخاو، به‌دووی که‌وت و ڕێوبانهکانی لێ ته‌نین! بێ سه‌ر و شوێن بوو!
* * *
تا ئێره هه‌ردی، ههرهسهکهمان بۆ وه‌سف ده‌کا:
به چوار دێڕی به‌هێزی پته‌و داڕێژراو. ده‌ربڕینه‌که به‌هێزه. لێکدانی وێنه و ده‌نگه، لێکدانی بزاڤ و مۆسیقایه.
سێ نیوه دێڕی یه‌که‌م:
بناغه و چنی دیواری
ته‌لاری به‌رزی دڵداری
به‌سه‌ر لانه‌ی دڵا ڕووخا! ته‌پ و تۆزی خه‌می هێنا.
هه‌رسێکیان یه‌ك ڕسته پێك دێنن. وشه‌کان وه‌ك هه‌ڵڕژان، یان داڕمان، به دووی یه‌که‌یدا دێن و له وشه‌ی (ڕووخا) دا دهگریرسێنهوه. واته هه‌موو وشه‌کان وه‌ك خشت یه‌ك یه‌ك به‌رده‌بنه‌وه و به‌سه‌ر (ڕووخان)ی دا ده‌که‌ون و له وێدا ده‌گیرسێنه‌وه! ئه‌وسا، ته‌نیا، ئه‌وسا، چڕ و پڕی ئه‌و ته‌پ و تۆزه ده‌بینین که لێیانه‌وه هه‌ڵده‌ستێ. له دوای وشه‌ی “‘ڕووخا” ئیستێك هه‌یه. ئیستی ڕوودانی ڕووخانهكه، له‌و ئیسته‌وه ته‌پوتۆزه‌که به‌رز ده‌بێته‌وه.
ته‌پ و تۆزی خه‌می هێنا.
ئه‌وسا له ناو تهپوتۆزهکهشدا یان له پێشیه‌وه شتێك ده‌بینین ده‌جوڵێته‌وه. شتێك که ته‌پ و تۆز به‌دوای ده‌که‌وێ و ئه‌و ده‌یه‌وێ لێی ده‌رباز بێ. ئه‌و شته‌ش باڵدارێکه که ده‌فڕێ:
به دووی باڵداری ئاواتی، فڕیوی بێ سهروشوێنا!
بۆ کوێ ده‌فڕێ نازانین!
بۆ؟ ده‌زانین!
چونکه هێلانه‌که‌ی نه‌ك هه‌ر لێ تێکچووه به‌ڵکو که‌وتۆته ژێر هه‌ره‌سی ته‌لارێکی به‌رزه‌وه و به‌مه‌ش ده‌ربازی نه‌بوو، ته‌پ و تۆزه خەماوییەکهشی ڕێی لێ گوم کردووه.
بۆیه بێ سه‌ر و شوێن بووه ده‌فڕێ بۆ ده‌رباز بوون له‌وه‌ی هه‌یه و تووشی هاتووه، نه‌ك بۆ گه‌یشتنی به‌شتێکی نوێ؟
* * *
مامۆستا‌م، ڕێگا بده لێره‌دا ده‌مه‌وێ پشوویه بده‌م. ئه‌ی ئه‌و ئارکیتێکچهره به‌هێزه‌ی دروستکردنه‌وه بۆ؟ ئه‌ی چۆن ده‌بێ باڵداری ئاواتی دڵ، هه‌روا بێ سه‌ر و شوێن به دنیای گومراییدا باڵه شکاوه‌کانی لێك بدا و نه‌زانێ به‌ره‌و کوێ ده‌چێ؟
ڕێگام نیشان ده، پیرم!
* * *
ئارکیتێکچه‌ری ئه‌م چوار دێڕه وێنه‌ی ڕووخانه‌که‌ی بنیات نا!! له ڕووخاندا درووست بوو، له هه‌ره‌سدا هه‌ستا و بناغه‌که‌ی کرده سه‌ری خۆی! ئه‌ی ڕاسته، که وایه، بۆ ناتوانین ئا لێره‌دا بوه‌ستین و دهسبکهین به دروستکردنه‌وه‌ی شتێکی نوێ؟
بۆ نه‌فڕین و نه‌فڕین بۆ دوور. بۆ شارێکی دی، که عه‌شقی ڕاستی تێدا بێ.
بۆ ئاسمانێکی دی، که هه‌تاوی حه‌قیقه‌تی تێدا هه‌ڵبێ.
یان بۆ، هه‌ر نه‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ لانه وێرانه‌که‌مان و به پووش و په‌ڵاش پێکیه‌وه نەنێینهوه، به هه‌ناسه ساردیی و برسێتیی و ده‌رده سه‌ریی له سه‌رما و گه‌رمادا، له ژێر دهواریی بێ که‌سیدا، هه‌ڵکه‌ین و ئه‌م ژیانه به‌سه‌ربه‌رین که کۆتاییه‌که‌ی خوویایه؟ و لێگه‌ڕێین له‌و لاشه‌وه عاشقه ساخته‌که ته‌لاری درۆ بۆ خه‌ڵك و ته‌لاری پادشایی بۆ خۆی دروست بکا؟
* * *
نا. نا. نا
پیری عه‌شق ده‌فه‌رموێ.
هه‌موو وه‌رزه‌کان سیحر و مانا و نه‌خشه و هێزی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه.
ته‌پ و تۆزی هه‌ره‌سه‌که ڕه‌وییه‌وه. پایزی ماته‌م جێی گرته‌وه. سروه‌ی پاییز ته‌پ وتۆزهکهی ته‌کاند. به‌ڵام له ژێره‌وه هه‌ندێ پاشماوه‌ی ئه‌و ئه‌وینه ساخته‌یه خۆیان نیشان ده‌ده‌ن، هێشتا ده‌یانه‌وێ ئاکارێك بۆ بوون و ئه‌رکیاریی خۆیان به‌جێ بێڵن. هێشتا ده‌یانه‌وێ پێمان بڵێن: ئێوه به هه‌ڵه چوون، ئێمه تێکه‌ڵاو به شتێکی گه‌وهه‌ریی ژیانی ئێوه‌ین، ئێمه دروستکه و په‌روه‌رده‌که‌ری عیشقی ئێوه‌ین!!
پیری عه‌شق ده‌فه‌رموێ:
تازه‌ی پاك، تازه‌ی چاك، تازه‌ی ڕووناك ناتوانین دروستبکه‌ین تا دوا ده‌نگ و ڕه‌نگ و ته‌پ وتۆزی درۆ و ساخته‌یی ڕانهماڵین.
ئه‌مه‌یه: بانگه‌وازی شۆڕشی زه‌رده‌شتیی من! ئه‌مه‌یه ئه‌و هێز و وزه ڕۆحییه ڕۆمانسییه بێ بن و بێ سنووره‌ی بۆ به‌رپا کردنی شۆڕشه مه‌زنه‌که‌م سازم داوه.
ئه‌وه‌تا پاییز! پاییز پڕه له وزه و هێز. پڕه له خه‌م و نیگه‌رانیی. پاییز هاوڕێی ڕۆحمه. ئامێزی خه‌م و ماتیمه. له ڕازه‌کانم تێده‌گا. خانه‌خۆیی خه‌ونه‌کانمه. من له‌وه‌م زیاتر له پاییز ده‌وێ که به شنه و نمهکانی ته‌پ و تۆزه‌که‌ی بۆ ڕه‌واندمه‌وه.
من ده‌مه‌وێ بگاته فریام. نه‌یه‌ڵێ به یه‌کجاری له خه‌ونی عیشق ده‌سبه‌ردار بم. ده‌مه‌وێ ئه‌و تۆزه تاسه‌یه‌ی که ماومه هه‌ڵیگرم بۆ عیشقێکی نوێی ڕاسته‌قینه. به‌ڵام من پێویستیم به هێزی سروه بای پاییزه، که بێته هێزی پێشه‌نگی شۆڕشه ڕاماڵکهرهکهم. ئه‌و شۆڕشه‌ی هه‌موو ئاکار و یادگارێکی (ئه‌وینی) ساخته و ته‌فره و ده‌ست بڕین، له ڕه‌گه‌وه ڕاده‌ماڵێ.
ده‌سا ئه‌ی پاییزی ماته‌م! ئه‌وه‌نده‌م تاسه پێ ماوه!
هه‌موو ئه‌و یادگاره‌ی لەو: ژیانی عه‌شقه جێ ماوه
به جارێ وه‌ك گه‌ڵا سروه‌ی خه‌زانت گشتی ڕاماڵێ،
به وردی هه‌ر گه‌ڵایێکی، ببا بۆ: قوژبن و چاڵێ..!
* * *
4) بەكارهێنانی سەروێنە
له چوار دێری (سه‌ره‌تایی) یه‌که‌مدا هه‌ردی کۆمه‌ڵێ وێنه‌ی به‌کار هێنا.
ئه‌و وێنانه هه‌مووی له رێگای ته‌کنیکی (سه‌ر وێنه) واته میتافۆره‌وه دروست کراون. سەروێنەكەش درێژكراوەو بەردەوامە.
میتافۆر ئه‌وه‌یه که شتێك به هۆی شتێکی تره‌وه نیشان بده‌ین. هه‌ندێ جار ئه‌و میتافۆره یان سه‌ر وێنه‌یه له هه‌مان کاتدا ده‌بێ به نیشان یان ره‌مز. له زۆربه‌ی کاتدا ئێمه شتی ئه‌بستراکت یان (واتایی) ،مه‌عنه‌وی، به شتی ماددی کۆنکرێتی به‌رهه‌ست و به‌رچاو نیشان ده‌ده‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر (سه‌ر وێنه) / میتافۆر روون که‌ینه‌وه له‌گه‌ڵ ( لێچوون) به‌راوردی ده‌که‌ین. له لێچوون یا لێچوواندندا ئێمه پێکاری پێچواندن واته وشه‌ی: وه‌ك، مینا، ده‌ڵێی، لێی ده‌چێ. هتد به‌کاردێنین.
بۆ نموونه گه‌ر بڵێین: ئاواتی من وه‌ك باڵدارێکه و عیشق وه‌ك هێلانه‌یه بۆی.
ئه‌وه ئێمه ئاوات به باڵدار ده‌چوێنین و عیشق به هێلانه..
به‌ڵام گه‌ر وشه‌ی (وه‌ك) لابەرین و بڵێین:
ئاواتی من باڵدارێکه، عیشق هێلانهیهتی.
ئه‌وه ئێمه یه‌کسه‌ر وشه‌ی باڵدارمان بۆ ئاوات و هێلانه‌مان بۆ عیشق خواستووه یان وه‌رگرتووه. واته یه‌کسه‌ر ئاواتمان کردووه به باڵدار له کاتێکدا دیاره که (ئاوات) باڵدار نییه و نابێ به باڵدار. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا ئێمه نه‌ك هه‌ر ژیرکاریی و لۆژیك له‌و له‌بری دانانه‌دا ده‌بینین، به‌ڵکو پێشمان خۆشه و هه‌ست ده‌که‌ین هه‌ردوو وشه‌که یان ناوه‌که به‌و پێوه‌ندی و جێگۆرکێیه هونه‌رییه‌ی له نێوانیاندا کراوه دامێن و پێگه‌شه‌ی potential ئێستاتیکی و واتایی یان ده‌وڵه‌مه‌ند تر و رازاوه تر بووه. سه‌ر وێنه (میتافۆر) گرنگترین و گه‌وهه‌رترین ته‌کنیکی ستراتیجی شیعره. ئارکێتێکچهری شیعری نوێ به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ( بناغه و چینی دیوار) ی سه‌ر وێنه درووست کراوه. هه‌روا له‌م هۆنراوه‌یه‌ی هه‌ردی دا میتافۆر بناغه و چینی دیواری هۆنراوه‌که‌یه. که‌واته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له یه‌که‌م وشه‌وه وشه‌ی ( بناغه) ئێمه ده‌بێ هۆنراوه‌که له دوو ئاستی یه‌کتر نوێن و یه‌کتر ده‌وڵه‌مه‌ندکه‌ر دا ببینین.
1- ئاستی وێنه‌کانی ده‌ره‌وه ( وێنه فیزیکییه ماددیه‌کان) که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاسایین و هه‌موو رۆژێ به‌چاو ده‌یانبینین و ده‌یانناسین و هه‌ستیان پێ ده‌که‌ین، ئه‌وه بۆ ئێمه ئاسانه له تایبه‌تمه‌ندیی هه‌بوون و هه‌ل و مه‌رجی شوناس و پێوه‌ندییه‌کانیان حاڵی ببین. له‌م ئاسته‌دا
بناغه: بناغه‌ی خانووه و (چینی دیوار) چینی دیواری بنیاتنانهکهیهتی و باڵدار: ئه‌و مه‌له‌یه که ده‌فڕێ. لانه: هێلانه‌یه و ته‌پ و تۆز ئه‌و ته‌پ و تۆزه‌یه که له ماڵه‌وه و له کۆڵان و له شه‌قام و له هه‌موو شوێنێکدا چاو و لووتمان پڕ ده‌کا! پاییزیش: ئه‌وا ئه‌و وه‌رزه زه‌ردباو و بارانیی و باگر و خه‌مباره‌یه که ساڵی جارێك، سێ چوار مانگێك، ده‌بێته میوانی به‌قه‌در و کۆنه ئاشنای سروشت و ژیان.
ئێستا: خوای شیعر دێت و ده‌ستێکی موعجیزه‌یی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌دا دێنێ. له‌پڕێکا هه‌موو ئه‌و شتانه ره‌نگ و روخسار و دره‌وشانه‌وه‌یه‌کی تازه وه‌رده‌گرن: شتێکیان لێ ده‌بریقێته‌وه که له پرشنگی رۆح ده‌چێ! رۆح یش هیچ نییه ئه‌و هه‌سته قووڵ و ئاساییانه‌ی مرۆڤی ساده نه‌بێ که بۆ دروست کردنی مانایه‌ك بۆ ئه‌و ژیانه پر چه‌ڵه‌مه و ته‌لیسمه‌ی تێیدایه په‌نایان بۆ ده‌با و له ناویاندا ده‌ره‌وه دروست ده‌کاته‌وه و له ده‌ره‌وه‌دا ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌خوێنێته‌وه. ئه‌م جێگۆرکێیه هه‌ستیی و بیرییهی نێوان ناوه‌وه و ده‌ره‌وه، نێوان بیر و بابه‌ت، نێوان هه‌ست و وێنه، نێوان تێگه‌یشتنی شت و شت خۆی، نێوان ناونان و ناونراوە که له سه‌ره‌تاوه هه‌م زمان خۆی هه‌م میکانیزمییه ماناییه‌کان و ئیستراتیجه ئێستاییه‌کانی داده‌مه‌زرێنێ.
گه‌ر هه‌موو وشه و وێنه‌یه‌کی ئه‌م هۆنراوه‌یه لێکبده‌ینه‌وه و شی بکه‌مه‌وه ره‌نگه به نامیلکه‌یه‌کیش ته‌واو نه‌بێ.
بناغه و چینی دیواری
ته‌لاری به‌رزی دڵداری
به‌سه‌ر لانه‌ی دڵا رووخا!
پێشتر دیمه‌نه بهرچاوییهکهم روون کرده‌وه.
وشه هه‌ستییه، مانهوهییهکه لێره‌دا وشه‌ی ( دڵدارییه) .
دڵداری به مانای هه‌ستی خۆشه‌ویستی نێوان دوو که‌س، دوو خۆشه‌ویست..
ئه‌م وشه هه‌ستییه ویژدانییه، ناوه‌وه‌یی یه یە که هه‌موو وشه فیزیکی یه‌کانی دی:
بناغه، چینی دیوار، ته‌لاری به‌رز، بۆ ئاستێکی واتایی و بیری جیا و باڵا ده‌گوێزێته‌وه.
به‌مه شته‌کان له دوو ئاستدا ژیانیان هه‌یه: له ئاستی فیزیکی خۆیاندا و له ئاستی سایکۆلۆجی ( ناوه‌وه‌دا). به‌ڵام ئه‌و رووداوه به‌رچاوانه‌ی ده‌یانبینین: له ده‌ره‌وه‌دا روو ناده‌ن. دارشته یا پێکهاته‌یه‌کی سایکۆلۆجی ناوه‌وه‌ن. بناغه (سه‌ر وێنه‌یه), بناغه‌ی خانووی ئاسایی نییه. بناغه‌ی خانه‌ی خۆشه‌ویستییه. هه‌روا (چینی دیواریش) ئه‌و خه‌م و خولیا و ئاوات و ئارهزووانهن که له ئه‌نجامدا وێنه‌ی به رواڵه‌ت ته‌واوی ته‌لاره‌که دروست ده‌که‌ن. ( ته‌لاری به‌رز) وێنه و ره‌مزی پێگه‌یشتنی و ته‌واوبوونی ژیانی ژن و مێردیی و خێزانیی دوای ته‌واو بوونی پرۆسه‌ی دڵداری دووکه‌س. به‌هێزترین وشه-وێنه دیاره میتافۆری رووخانه. ئه‌و ته‌لاره به‌رزه جوان و رازاوه، که وا دیاره ترۆپکی ته‌واو بوونی پرۆسه‌ی دروست کردنه بناغه و خشت له دوای خشت و چین له دوای چینی پایه و دیواره‌کانه، ئه‌و ته‌لاره جوانه هه‌ر وه‌ك کۆشکی کارت بێ له‌ناکاوێکدا: رووخا. رووخان: میتافۆره بۆ هه‌ره‌سهێنانی هه‌موو ئه‌و پرۆسه خۆشه‌ویستییه‌ی تا ئێستا له یه‌که‌م تریقه و تریفەی ئەوەوه درووست ببوو.
له سه‌ره‌تاوه رووخانه‌که وشه‌که و شێوه‌ی نیشاندانه‌که‌ی دامێنێکی (بوعدێکی) دیکه‌ی سایکۆلۆژی پێوه دیاره: رق. به‌ڵێ رقێك له پاش وشه‌ی رووخانهکەوە هه‌یه. ده‌نگی بڕنده‌ی / ڕ/ له‌گه‌ڵ ده‌نگی بزوێنی ( وو) ی / خا/ به دوایدا، ئه‌و رقه خه‌ماوییه به هێزه‌ی له‌ناویدا یان له پشتییه‌وه هه‌یه ده‌نوێنێ.
تا ئێرە شاعیر به ته‌نگ رووخانهکهوه خۆی له خۆیدا نییه، به ته‌نگ (ته‌پ و تۆز) ه که‌یه‌وه.
پێوه‌ندی نێوان رووخانی (ته‌لارێکی به‌رز) و بایه‌خ دان ته‌نیا به ( ته‌پ و تۆزه‌که‌ی) ره‌نگه لای خوێنه‌ر ژیرکارانه ( لۆجیکی) نه‌بێ، به‌ڵام گرنگی ماناکه و وێنه‌که له مه‌دایه!!
بۆچی رووخانی ته‌لاره‌که به‌سه‌ر لانه‌که‌دا نه‌بووه هۆی له‌ناوبردنی (مه‌له) که.
باڵدارهکه: نیشانه‌ی میتافۆری ئه‌و تاسه و هیوای خۆشهویستییهیە که شاعیر هه‌یبووه. ئه‌و تاسه‌ش كە ماوەتەوە و دەخوازێ قەقنەسیی بژێتەوە.
لانه‌که: ژیانی خۆشه‌ویستی و خێزانی ره‌چاوکراوه، یان ئه‌و نیاز و خۆشه‌ویستییه گه‌رمه‌ی به‌و ئاواته‌وه ماوه‌ته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك پێشتر روونم کرده‌وه، بناغه‌که و چینی دیواره‌که و ته‌لاره‌که خۆشی، هه‌مووی ساخته بوون! شاعیر رووخانه‌که یان به گرنگ دانانێ، پێشتر ره‌چاوی کردووه، ئێستا ئه‌وەتا له یه‌که‌م وشه‌وه ته‌نیا هه‌واڵه‌که‌ی ئه‌و رووخانه و نه‌خشه‌ی دوای ئه‌وه‌مان بۆ باس ده‌کا.
( ته‌پ و تۆز) سه‌ر وێنەیە، نیشانه و ره‌مزه بۆ ئه‌و ئاڵۆزیی حاڵ و ناخۆشیی و سه‌ر لێشێواوییه‌ی که دوای هه‌ر ئه‌زموونێکی تێکشکانی ده‌روونیی و عاتیفی دێته ئاراوه. شاعیر خۆی ته‌پوتۆزه‌که وه‌ك (ته‌پ و تۆزی خه‌م) وه‌سف ده‌کا، (خه‌م) وه‌ك وشه‌یه‌کی (گشتی) خهستکهرهوهی هه‌موو ئه‌و نه‌گبه‌تی و دهردهسهرییانهی دوای رووخانی ته‌لاره ساختهکهوه تووشی هاتن. کاری ئه‌و ته‌پ و تۆزه، ئه‌و ئه‌نجامه نه‌کار و غهمبارکهرانه، ئه‌وه‌یه ( باڵداری ئاوات)، واته هیوا و نیازی خۆشه‌ویستی که به ته‌مابوو له شه‌قه‌ی باڵی ئازادی بۆ ئاسمانه‌کانی به‌خته‌وه‌ری بدا و دڵنیاش بێ له گه‌رانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی بۆ ناو هێلانه چه‌سپاو و ئارامه‌که‌ی ( دڵداری)، ئێستا ئه‌و ( لانه) شی جێ هێشت که وه‌ك پاشماوه و یادگاری ئه‌و خۆشه‌ویستییه ساختهیەیە و فڕی تا په‌نایه‌کی نوێ بدۆزێته‌وه. (فڕینه‌که) سه‌ر وێنه‌یه بۆ هه‌ڵاتن و ده‌ربازبوون له ده‌ست ته‌لاره رووخاوه‌که و هێلانه‌که‌ی خواره‌وه‌ش. لێره‌دا ئه‌و وێنه د ژانهمان هەن
ته‌لاری به‌رز x لانه‌ی دڵ
چین و دیواری پته‌و x هه‌ره‌س هێنان و رووخان
باڵداری ئاوات x به دواکه‌وتنی ته‌پ و تۆز/ بێ سه‌ر و شوێنی و گومڕایی
به‌م چه‌شنه به‌شی یه‌که‌می تیمی یان بیری سه‌ره‌کی هۆنراوه‌که خۆی دارشت.
لێکدانه‌وه‌ی تیمه‌که ته‌نیا به شیکردنه‌وه‌یه‌کی وردی وێنه ماددی و وێنه هۆشبهندییهکان ( بەرزەینەکان) ده‌رده‌که‌وێ. له‌م به‌شه‌دا هه‌ردی (کێشه‌که‌ی) پێشکه‌ش کردین: کێشه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ساخته‌یی و خیانه‌تی خۆشه‌ویستی. ئه‌م به‌شه گێرانه‌وه‌یه. واته ئاخاوتنی چیرۆكخوانییه. شاعیر به‌شێک، چهپتهرێکمان، له چیرۆکی ئه‌وینێك بۆ ده‌گێرێته‌وه که ترۆپکی واته کلایماکس و له هه‌مان کاتدا ئه‌نتی کلایماکس (دژه لوتکه) ی چیرۆکه‌که‌یه. ئه‌و له تۆپکه و لوتکه‌وه ده‌ست پێ ده‌کا. ئه‌و پێشهکییهکهیمان بۆ باس ناکا، ته‌نیا له رونکردنه‌وه‌که‌دا باكگراوندهکهمان ده‌داتێ: رێکه‌وتێکی ساده، ساخته‌یی داستانێکی عیشقی ئاشکرا کرد. ئه‌مه به‌سه که ببێته هه‌وره بروسکه‌یه‌ك بۆ رووخاندنی ته‌لاره‌که که له ئه‌ساسدا نه‌بووه، به‌ڵام زۆر به راستیش هه‌بووه(ئەمە پەرەدۆكسە گرنگەكەیە) : هه‌بووه نه‌ك له حه‌قیقه‌تی خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ری دوو دڵداردا، به‌ڵکو ته‌نیا له بیری ساکار و دڵی ساویلکه و گیانی بێ گوناهی خۆیدا. بۆیه ئێستا هه‌موو ته‌لاره‌که ته‌نیا به‌سه‌ر ئه‌ودا رووخاوه. ته‌نیا لانه‌که‌ی ئه‌وی تێکداوه. ته‌پوتۆزه‌که‌ی ته‌نیا به دوای باڵداره هه‌ڵاتووه‌که‌ی ئه‌وه‌وه‌یه. بۆیه ئه‌و دڵداره دڵشکسته هه‌قی به ده‌سته تووڕه بێ، یه‌کجار تووره بێ، هه‌ست به‌و هه‌موو ناهه‌قی و سته‌می هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه بێ ویژدانانه بکا که دڵی ساوای ئه‌وی تووشی سه‌ودایه‌کی دۆزه‌خیی کردووه. لێره‌دایه په‌نا ده‌باته به‌ر رۆحی رۆمانسیه‌تی یاخی بوون.
وه‌ك سه‌رنج ده‌ده‌ین زه‌حمه‌ته ئه‌وه‌ی شاعیر ده‌یڵێ به په‌خشان ته‌رجه‌مه‌ی بکه‌ین و له یه‌ك دوو وشه‌دا کۆی بکه‌ینه‌وه. ئه‌مه نهێنی شیعری شیعره. ئه‌و شیعره‌ی نایه‌وێ بچێته ده‌ره‌وه‌ی شیعرێتیی خۆیه‌وه، ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی وێنه و مانا، ده‌نگ و رۆح، شێوه و ناوه‌رۆك، بنکار و ناواخن، وا پێکه‌وه به‌ند و تێکهه‌ڵکێش دەکا که جیاکردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه.
به‌هه‌رحاڵ پوخته‌ی ئه‌م به‌شه سه‌ره‌تاییە هه‌واڵییه ئه‌وه‌یه:
ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی له‌گه‌ڵ دڵداره‌که‌م به‌یه‌که‌وه بناغه‌ی پته‌وی بڕوا و ئه‌وینمان دانا و هه‌نگاو به هه‌نگاو، قۆناغ به قۆناغ، چین و دیواری ته‌لاری خه‌ونی پێك گه‌یشتن و پێكشاد بوونمان له‌سه‌ر هه‌ڵچنی، له ناکاوێکدا بۆم ده‌رکه‌وت یه‌ك لایه‌نی بوو. دڵدار نه‌بووم، دڵفریودراو بووم. ئه‌و خۆشه‌ویست نه‌بوو هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بوو. که ئه‌م راستییه‌م دۆزیه‌وه، ئه‌و ته‌لاره به‌رزه جوانه‌ی به هی خۆشه‌ویستی راستم ده‌زانی، لام بوو به شتێکی بێ بناغه و بۆش و له له‌حزه‌یه‌کدا هه‌مووی داڕما. ئه‌و هێلانه خۆشه‌ویستییه‌ی بچوکه‌ی خۆشم که به دڵسۆزیی و راستگۆیی و ئه‌وینی پاك دروستم کردبوو ئه‌ویش به ژێره‌وه بوو. به‌حاڵ توانیم باڵداری ئاوات هیوام رزگار بکه‌م. به‌ڵام ئه‌م رووخانه نه‌بێ کۆتایی بێ . جارێ ئه‌و هێلانه‌ی مێژووی خۆشه‌ویستی و یادگارییه‌کانم هه‌یه، هه‌روا ته‌پ و تۆزی خه‌م و ئازاره‌کانی ئه‌و رووخانه نه‌یانهێشت باڵداری ئاواتم هه‌روا به ئاسانی و ئاسایی و به‌رچاوو ڕوونی و بیر ساغی و بۆی ده‌رچێ و به‌دوای هێلانه‌یه‌کی دیکه و ئاسمانێکی دیکه‌دا بگه‌ڕێ. به‌ڵکه ته‌پ و تۆزی خه‌مه‌کان به‌دوای که‌وت و به‌رچاوی لێڵ کرد، سه‌ری لێشێواند و فڕینه‌که‌ی بێ سه‌ر و شوێن بوو. ئێستا، ئاوا ئه‌و دڵداره ده‌ستی بڕیم، دنیای عیشقی سه‌راو بن کردم، ڕێبازی ژیانی لێ شێواندم. ئێستا چ بکه‌م؟ ئایا به‌دیار هێلانه‌ی وێران و یادگاری کۆنی عه‌شقی ساخته‌وه دانیشم؟
ئایا ڕی بده‌م برینه‌کان له ناوه‌وه ته‌شه‌نه بکه‌ن و به درێژایی ژیانم ژه‌هری ئازار به قوڕگمدا که‌ن.
نا.. من نه‌خشه‌یه‌کی دیکه‌م هه‌یه.
5) به‌شی دووه‌می ستانزای یه‌که‌م
به‌شی دووه‌می ستانزای یه‌که‌م له وشه‌ی (ده‌سا ئه‌ی پاییزی ماته‌م!) ەوە، ده‌ست پێ ده‌کا.
ده‌سا ئاخاوتنڕێژه. واته وشهیهکە پێشکه‌شکردنی بابه‌تێکی نوێ به‌بێ پچڕاندنی زنجیره‌ی باسه‌که‌ی پێشوو ئاسان ده‌کا.. {وه‌ك وشه‌ی (نییه) له هۆنراوه‌ی ته‌نیایی دا}.
ده‌سا: به مانای” ده‌ی که‌وایه”.
ده‌ی: بۆ هاندانه
که‌وایه: بنیات نانه له‌سه‌ر هۆ و هۆکار و به‌ڵگه و ئاخاوتنی پێشتر باس‌کراو.
به‌م جۆره وشه‌ی (ده‌سا)، له سه‌ر بنچینەی (که‌وایه) ی ئاخاوتنه‌که‌ی پێشوو واته چیرۆکی ساخته‌یی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌که، ئاخاوتنه خه‌ماوییه‌که‌ی شاعیر له لایه‌که‌وه به‌رده‌وام ده‌کا و له‌لایه‌کی دیکه‌وه ده‌یخاته به‌رده‌م (بوێریی)، ته‌حه‌ددای، ئه‌وه‌ی شتێ بکا، هه‌ڵوێستی خۆی ڕوون کاته‌وه، به ڕوونی بڵێ که ئه‌و ئاوای لێ‌کرا و پێکرا، وه‌ڵامی چییه؟ پرۆژه‌ی چییه؟..
ده‌سا، هه‌ر وه‌ك زنجیره‌ی ئه‌م باسانه ناپچڕێنێ، هه‌ر واش که‌ژی (مه‌ناخی، ئه‌تموسفێری) بابهتەكە له وێنه‌کانی پێشووی دا نابڕێ.
(پاییزی ماته‌م) دابڕان نیه له‌و بیر و مه‌به‌ست و جیهانه ڕووخاوه‌ی چوار دێڕی یه‌که‌م دروستیان کرد.
پایزی ماته‌م: گه‌ر ئه‌نجامیشی نه‌بێ، هاو ئه‌نجام و هاوتا و شایه‌تی ئه‌و ڕووخانه‌یه.
له ئه‌نجامی ئه‌و بێ سه‌ر و شوێنه‌ی باڵداری ئاواتیا، وێرانبوونی هێلانه‌ی عیشق، سهرنگونبوونی دنیای خۆشه‌ویستی، شاعیر دیسانه‌وه، ته‌نیا و دڵ وێران که‌وتۆته گۆڕێ. خۆی له (پاییزی ماته‌م) دا ده‌بینێته‌وه.
”پاییز” بابه‌تێکی به‌پێزه بۆ شیعری ڕۆمانسی. دوو هۆنراوه‌که‌ی گۆران بۆ پاییز له هۆنراوه هه‌ره جوانه‌کانی ئه‌ون. له هه‌موو ئه‌ده‌بی ڕۆمانسی جیهانیدا پاییز شوێنێکی دیاری هه‌یه و شاعیرانی ڕۆمانسی و ته‌نانه‌ت کلاسیکیش، به زۆر بۆچوون و لێکدانه‌وه‌ی پێکچوو، یان جیاواز و ڕه‌نگا و ڕه‌نگه‌وه، باسی پاییزیان کردوه.
بۆچی شاعیر ”ده‌سا” یه‌که‌ی به‌ره و ڕووی پاییز ده‌کاته‌وه و بۆچی ئه‌و پاییزه پاییزی ماته‌مه؟
شاعیر خۆی له پاییزدا ده‌بینێته‌وه، یان پاییز له‌خۆیدا، له ئاکامی چیرۆکه‌که‌یدا ده‌بینێته‌وه. له پڕێکدا پاییز ده‌بینێ، پایزی ماته‌مه. وشه‌ی ماته‌م وه‌ك لەدهنگەكەدا دەبیسرێ، دوو وشه‌ی مات و ته‌م لێك ده‌دا. هه‌روه‌ها وشه‌ی ماته‌مینه که له (مأتم) ی عه‌ره‌بی هاتووه و زمانی کوردی تواندوویهتییهوه و کردوویه‌تی به وشه‌یه‌کی په‌تی خۆماڵی به مانای پرسه و شیوه‌ن له‌سه‌ر مردوو، یان شتی له ده‌ستچوو.
پاییز ده‌شێ ڕه‌نگ و ڕوخسار و بۆ و به‌رامه‌ی جیاواز وه‌ربگرێ. ده‌شێ له بووكێکی زێڕ بچێ.. هتد. به‌ڵام لێره‌دا پاییزی ماته‌مه، پاییزی نوێنه‌ر و نیشانده‌ر و کۆکه‌ره‌وه و خهستکهریی کاره‌ساته خه‌ماوییه‌که‌ی دڵداری ته‌لار ڕووخاوه.
پێشتر وتم شاعیر ئێستا له ڕوانگه‌ی ڕۆمانسییه‌تی یاخی و شۆڕشگێره‌وه سه‌رنجی شته‌کان ده‌دا. وه‌ك لای (گۆران) پاییز ئه‌و بووکه پرچ زه‌رده نییه که له حاڵێکی سۆفییانه‌دا له‌گه‌ڵ شاعیر هه‌ر بگری و بگری و فرمێسکی نه‌سڕێ. بگری له‌سه‌ر گه‌ڵاوه‌ریوه‌کان، فرمێسك بڕێژی و به‌س. نا.. ئه‌وه شاعیره‌که‌ی ڕازی ته‌نیاییش نییه، که ده‌ستی به دامێنی خه‌فه‌ته‌وه گرتووه و به‌ری نادا.
ئه‌وه شاعیرێکه که له پڕێکدا حه‌قیقه‌تێکی دۆزیوه‌ته‌وه که سه‌رتاپای ژیانی قڵپ کردۆته‌وه. شاعیرێکه ڕووت و قووت، هیچی نه‌ماوه بیدۆڕێنێ، به‌ڵام شتێك، گه‌وهه‌رێکی ماوه که بیپارێزێ: ئه‌ویش
(ئه‌وه‌نده‌م تاسه پێماوه)
که‌مە تاسه‌یه! حه‌زی مرۆڤانه، ئاره‌زووی ژیان و خۆشه‌ویستی. ئه‌و گه‌وهه‌ری مرۆڤایهتییەیە که شاعیری له ڕووخانی یه‌کجاریی و ده‌ستبه‌ردان له ژیان یان خۆکوشتن پاراستووه.
به‌و تۆزه پشکۆ پڕ له تین و گهشێتییهی له بن خۆڵ و ژیله‌مۆ و ته‌پ وتۆزی ناکامی خۆشه‌ویستییه دۆڕاوه‌که‌ی دهچووزێنێتهوه، شاعیر ده‌یه‌وێ (بناغه‌یه‌کی) دیکه‌ی پرۆژه‌یه‌کی نوێ دابنێ.
پۆیه پێویستی به پاییزی ماته‌مه!
چی له پاییز ده‌وێ؟
له پاییزی ده‌وێ پرۆژه‌که‌ی ئه‌ویش بکاته به‌شێك له پرۆژه‌ی خه‌زانی خۆی.. خه‌زان یانی هه‌ڵوه‌رین، به تایبه‌تی هه‌ڵوه‌رینی فێستیڤاڵیی غهمناکانهی گه‌ڵا زه‌رده‌کان، هه‌موو گه‌ڵا زه‌رده‌کان وه‌ك ڕیچوالێکی ساڵانه‌ی گه‌ردوون.
ئه‌مه داواکه‌ی شاعیره له پاییز:
ده‌سا ئه‌ی پاییزی ماته‌م! ئه‌وه‌نده‌م تاسه پێ ماوه:
هه‌موو ئه‌و یادگاره‌ی له‌و: ژیانی عه‌شقه جێ ماوه
به جارێ وه‌ك گه‌ڵا سروه‌ی خه‌زانت گشتی ڕاماڵێ،
به وردی هه‌ر گه‌ڵایێکی، ببا بۆ: قوژبن و چاڵێ..!
شاعیر ئێستا له پاییزی ماته‌مدایه و به‌سه‌رهاته‌که‌ی خۆشی له چاوی پاییز و لۆجیکی پاییزه‌وه ده‌بینێ! له‌و خۆشه‌ویستییه تێشکاوهی چه‌ند یادگارێکی بۆ به‌جێ ماوه، چه‌ند بیرهوەریی و پاشماوه‌یه‌کی وێران. ئه‌و له پاییز ده‌خوازێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌رکه سروشتییه گه‌ردوونیه حه‌تمییه‌ی خۆی که به‌سروه‌ی خه‌زانی گهڵازهردهکان ڕاده‌ماڵێ، با به وردیش، به هێمنیش هه‌ر گه‌ڵایه‌کی یادگاری ئه‌وه ڕاپێچی کا و له قوژبن و چاڵێکدا (هه‌ڵبه‌ت بۆ مه‌رگ و له ناو چوون) به‌جێی بێڵێ..
لێره‌دا ستانزای یه‌که‌م ته‌واو ده‌بێ.
دیاره ده‌بێ ئه‌م ستانزایه جارێکی دی به پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ته‌واوی هۆنراوه‌که‌دا واته له‌گه‌ڵ سێ ستانزاکانی دیکه‌دا بخوێنێنه‌وه، ئه‌وسا شوێنی ئه‌م ستانزا سه‌ره‌تاییه له ته‌واوی ههڵچنراوهی شیعره‌که‌دا دیاری بکه‌ین..
بیری سه‌ره‌کی ئه‌م شیعره بیری شۆڕشه.
شۆڕش دژی ناهومێدی عه‌شقێکی به ساخته ده‌رچوو.
ستانزای یه‌که‌م: پێشینه و ئێستای هه‌ل و مه‌رجی دروستبوونی شۆڕشه‌که‌ی ڕوون کرده‌وه. ئه‌وسا له هه‌نگاوی دووه‌مدا: ستراتیجی بۆ دانا. ستراتیجه‌که ستراتیجی شۆڕشێکی ڕادیکاڵی توند و تیژی ڕاماڵکهره، ڕاماڵکهری ڕابردووی ساخته و هه‌موو شوێنه‌وار و یادگاره‌کانی.
شۆڕش بیری ورد و لێکدانه‌وه‌ی هێمنی ده‌وێ.
بۆیه شاعیر له قۆناغی یه‌که‌مدا (نه‌رم) ده‌ست پێ ده‌کا.
له خه‌زان ده‌خوازێ، ئه‌و بایه نا که هه‌موو گه‌ڵایه‌ك و ته‌نانه‌ت چڵ و پۆیهکانیش ده‌وه‌رێنێ، به‌ڵکو ده‌یه‌وێ (سروه‌ی خه‌زانه‌که‌ی) به‌کاربێنێ… به کارهێنانی (سروه‌ی خه‌زان) وه‌ك سه‌روێنه (میتافۆر) بۆ هێزی یه‌که‌می ڕاماڵین له پرۆژه‌ی شۆڕشه‌که‌یدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه شاعیر ده‌یه‌وێ به چاوێکی ڕوونه‌وه کاره‌که‌ی بکا، ئه‌و نایه‌وێ ڕه‌شه‌بایه‌کی له پڕ (ئاژاوه‌یه‌کی بێ سه‌ر وبه‌ر) له‌پڕا هه‌موو شتێکی لێ ئاڵۆز و بڵۆز بکا. ئه‌و ده‌یه‌وێ ڕابردووی ساخته هه‌مووی ڕاماڵێ. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ئه‌وه بکا ده‌بێ له پێشه‌وه به وردی هه‌موو (گه‌ڵا) ی یادگاره زه‌رده بێ رۆحه‌کان ده‌ستنیشان بکات. بۆ ئه‌وه‌ی هیچیان نه‌بوێرێ.
که‌واته ده‌وری (سروه‌ی خه‌زان) ده‌ورێکی سیاسی ئایدۆلۆجییه. ده‌وری جیاکردنه‌وه و گرتن و حه‌پس کردنی (یادگاره) جێماوه‌کانی پرۆژه‌ی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی عه‌شقی درۆزنه‌یه!
(سروه‌ی خه‌زان) ئه‌و هێزه پێشه‌نگه‌یه که هه‌موو گهڵازهردهکان ده‌دۆزێته‌وه، ده‌گرێ و به هێمنی ڕاپێچی (قوژبن و چاڵه‌کانیان) ده‌کا.
لێره‌شدا وه‌ك ده‌بینین کۆمه‌ڵێ سه‌روێنه‌ی تێك ئاڵا و بۆ وه‌سف کردنی ئه‌و پرۆسه‌یه به‌کار هاتوون. وێنه‌کان دژایه‌تی بیره‌کان و کاراکته‌ره‌کان ده‌رده‌بڕن.
پاییزی ماته‌م: توڕه‌یی شاعیر
یادگاره‌کانی عیشق: تاسه‌ی (زیندوو)
سروه‌ی خه‌زان: گه‌ڵای ڕاماڵراو
هه‌نگاوی ورد: قوژبن و بن چاڵ
هه‌نگاوی یه‌که‌م به نه‌خشه‌ی ته‌یار کردنی هێزی سروه‌ی خه‌زانی پاییز بۆ ڕادان و خڕکردنه‌وه‌ی گه‌ڵای یادگاری عیشقی ساخته له چاڵ و قوژبنه‌کاندا ته‌واو ده‌بێ.
6) ستانزای دووه‌م:
له‌م ستانزایهدا پرۆژه‌ی شۆڕشەكە بازێکی گه‌وره بۆ توندوتیژبوون ده‌دا.
شاعیر دڵی به‌وه ناخواته‌وه ئه‌و گه‌ڵا زه‌رده‌ی یادگارانه له‌و چاڵ و قوژبنانه‌دا (که هێمایه بۆ چاڵ و قوژبنی مێشک و ده‌روونی) بمێنێته‌وه. ته‌نانه‌ت به نیوه مردووییش. یان وه‌ك تارماییه‌کی دوور له بێ ئاگایی ئه‌ودا. ئه‌و نایه‌وێ ئه‌و گه‌ڵایانه تۆوێکیان هه‌ڵگرتبی که شایانی ژیانه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه بن؛ نایه‌وێ ڕه‌نگ و نه‌خشه و بۆن و ههڵاوێکیان لێ هه‌ستێ که ئه‌و ئه‌زموونه ژانداره بیربێنێته‌وه. بۆیه ئێستا دوای سه‌رکه‌وتنی له ههڵچینهوهی که‌رت و په‌رت و له‌ت و کوته‌کانی یاده‌کانی له هه‌موو قۆناغ و کون‌و که‌له‌به‌رێکی ژیانیدا و جیاکردنه‌وه‌ی هه‌رچی پێوه‌ندی به (ئه‌وه) وه هه‌یه له (خانه و کون و قوژبنی) تایبه‌تی له مێشکیدا، ئه‌وسا هێزێکی به‌هێزتر ده‌خوازێ که ئه‌و (کون و قوژبنانهش) وا داپۆشێ بیانکاته گۆڕ و ئه‌وه‌ی له ناویاندایه لە ناوبەرێ. که ئه‌و هێزه‌ش هێزی (باڕه‌شه):
ده‌با باڕه‌ش له دواییدا
له بیابانی.. لماویدا
ته‌پ و تۆزێکی وا بێنێ، هه‌وا یه‌کجاری بخرۆشێ
سه‌ری ئه‌و قوژبن و چاڵه، وه‌کو گۆڕیچه داپۆشێ!
لێره‌شدا ده‌بێ به چاوی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه، سه‌یری ئه‌م وێنانه بکه‌ین.
له پێشه‌وه ده‌بینین که” ده‌سا” بوو به ”ده‌با”. دەسا هاواری ده‌نگدان و ڕاپه‌ڕاندنه. ده‌با فه‌رمانی کار و جێبه‌جێ کردنه. ده‌با وشه‌یه‌که که له‌ناو خۆیدا بڕیاری هه‌ڵگرتووه، بڕیاری به ئه‌نجامدانی کارێك ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌رچییه‌ك بێ! هێزی قۆناغی دووه‌می شۆرشه‌که‌ی بریتییه له ( باره‌ش) : ئه‌مه میتافۆری هێزی رامانکهر و روخێنه‌ر و گۆڕکهره. ئه‌و ( بارهشه) ئاستێکی دیکه‌یه له ئاستی رقی سایکۆلۆجی شاعیر.. ئه‌و هێزه له (بیانی لماوی) مێشکیدا که میتافۆره بۆ ئه‌و هه‌موو زڕیی و بێ هوده‌یی و ناکامییه‌ی له‌و عیشقه‌دا به‌ری که‌وت، ده‌دۆزێته‌وه. له‌وێوه به‌رامبه‌ر به ( ته‌پ و تۆزی) رووخانی ته‌لاره‌که ئه‌و ره‌شه‌با توند و تیژه و ره‌ش و رقاوییه تهپو تۆزێکی وا دێنێ که هه‌موو هه‌وا بخرۆشێنێ و بجۆشێنێ هه‌رچی خۆڵ و تۆزه بیهێنێ و ئه‌و ( قوژبن) و چاڵانه‌ی گه‌ڵای یاده‌کانی تێدان بکاته گۆڕیچه و سه‌ریان داپۆشێ. له‌م به‌شه‌دا ترسی سایکۆلۆجی شاعیرمان بۆ ده‌رده‌که‌وێ له‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر چی له قۆناغی یه‌که‌می شۆرشهکهیدا ده‌توانێ هه‌موو یادگاره‌کان له کونجێکی لابه‌لای مێشکیدا کۆبکاته‌وه و په‌راوێزیی و بێلایه‌نیان بکا، ئه‌و هێشتا له‌وه به گومانه که مادام ( سه‌ری ئه‌و چاڵ و قوژبن) ا نه نه‌گیراوه، واته مادام هێشتا هێز و ده‌رفه‌تیان ماوه که له بێ ئاگایشدا بێ، له خه‌یال و خه‌ون و یادکردنهوهشدا بێ، بپرژێنەوە ناو ژیانی، ئه‌وا ئه‌و ناتوانێ بیر ئارام بێ. بۆیه هێزی (باڕه‌ش) ی سلێمانی، واته هێزی ده‌روونیی مه‌زن ده‌خاته کار تا سه‌ری ئه‌و چاڵانه بگرێ و بیکاته گۆڕ بۆیان.
ئای، له‌م هه‌موو رق و توند و تیژییه.
به‌ڵام ئایا دڵی ته‌فره‌دراو به‌مه ئاو ده‌خواته‌وه؟
نا: هێشتا له سه‌ره‌تای پرۆژه‌ی شۆڕشه‌که داین.
له پاشانا به بای وه‌شتا، له‌سه‌ردا هه‌وری ره‌ش بێنێ؟
به گۆڕی یادگارا، با، به خوڕ تاوێ ببارێنێ!
ده‌با بمرێ به یه‌کجاری له گۆڕی ته‌نگ و ته‌نیادا
نیشانه و ناوی هه‌ڵگیرێ له‌ناو: بازاڕی دنیادا..!
دوای باره‌ش شاعیر په‌نا ده‌باته به‌ر ( هه‌وری ره‌ش) – سەرنجی وشەی رەش بدەن كە سێ مانا كۆ دەكاتەوە: خیانەت، ماتەمیی، هێزی رووخێنەر– به‌ر هێزی بارانی به‌تاوو، به خوڕ، تا ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بزاڤێکی ژیان له‌ناو گۆڕا مابێ بیخنکێنێ و بیکوژێ.. به چه‌شنێ که ئاسه‌واری گۆرهکهش نه‌مێنێ و هیچ نیشانه و ناوێك نه‌مێنێ که جارێکی دی له ( بازاڕی دنیادا) ئه‌و چیرۆك و یادگارانه بێننه ناو ناوانه‌وه.
له بای بیابانی لمه‌وه بۆ بای وه‌شت و هه‌وری ره‌ش.
گۆڕی یادگار: هه‌وری ڕه‌ش و بارانی به‌خوڕ.
نیشانه و ناو له دنیادا: مردن له گۆڕی ته‌نگ و ته‌نیادا.
لێره‌دا ستانزای دووه‌م کۆتایی دێ. چاڵه ته‌نگه‌کانی یادگار نه‌ك ته‌نیا به لم و خۆڵ داپۆشراوه و بوونه گۆڕی ته‌نگ، ئێستا رههێڵهیهکی واشیانی به‌سه‌ر داباری که هه‌م هه‌رچی هه‌ناسه و ژیان له ژێره‌وه هه‌یه خنکاندنی هه‌م شوێنه‌وار و ناونیشانی گۆڕهکانیشی نه‌هێشت.
ئایا له‌م هه‌موو توند و تیژییه زیاتر هه‌یه؟ ئه‌ی پیری عیشق! تۆ جهللادنی، تۆ بکوژ نی. تۆ خواستکاری توند و تیژیی نی. تۆ ئازاری که‌س ناده‌ی، ته‌نیا ته‌وژم و تینی تووڕه‌ییت ده‌که‌یته ره‌شه‌با تا شوێنه‌واری فریوو ساخته‌یی و خیانه‌ت بسڕێته‌وه. تۆ ناته‌وێ ته‌نیا په‌ڵه‌یه‌ك، گه‌ڵایه‌ك، شوێن پێ و شوێن چرپهکی یادگار و ئه‌دگاری خیانه‌ت: خیانه‌ت له خۆشه‌ویستی، له پیرۆزترین هه‌ست و پێوه‌ندی مرۆڤیی: له هیچ حه‌سار و بنار و ئاراگه و بۆشگای بیر و هۆشدا بمێنێته‌وه..
ئه‌ی پیری عه‌شق: ئه‌وه ئه‌رکه‌که‌ت ته‌واو. ئه‌وا پاشماوه‌ی که‌لاوه‌ی عه‌شقی درۆت خسته ناو چاڵی نه‌مانه‌وه و هیچ به‌ڵگه و ناونیشانێکت نه‌هێشت؟ ئه‌م شۆرشه زۆر توند و تیژ ده‌بینم. خه‌ریکه به‌رچاوم لێڵ ده‌بێ. خه‌ریکه وزه‌ی خۆڕاگرتنم نامێنێ. ده‌شێ لێره‌دا بوه‌ستین و بگه‌رێینه‌وه خەراباتهکهمان. با خۆمان مه‌ست که‌ین و دنیا له بیر خۆمان به‌رینه‌وه. با ئه‌و ئه‌زموونه پڕ ئازارە لە نهمانگای خۆیدا هه‌پروون و بێ نیشان بمێنێته‌وه.
به‌ڵام، نا. ئه‌م شۆرشه کۆتایی نه‌هاتووه، ئازاری خیانه‌ت ئه‌وه‌نده قووڵه، دامێن و مه‌ودا و دوورییه‌کانی ئه‌وه‌نده به‌ربڵاون، توانستی خۆ خواردنه‌وه و گهراکردنهوهی ئه‌وه‌نده به‌هێزه، که شۆرشی دڵ ناتوانێ په‌یامه‌که‌ی نیوه ناچڵ به‌جێ بێڵێ. ده‌بێ بگاته قنیاتی ره‌ها که هه‌رچی پێوه‌ندی به‌و ئه‌زموونه و دهراویشتهکانیهوه هه‌یه، جارێکی دی به هیچ ره‌نگێك، شێوه‌یه‌ك، سروشتێك، ده‌رناکه‌ونه‌وه. سه‌ر هه‌ڵناده‌نه‌وه.
ئێستا قۆناغی سێیه‌مه، قۆناغی گه‌رده‌لوولی تۆڵه.
7) ستانزای سێیەم
به‌ڵێ با گه‌رده‌لوولێ بێ.
ئه‌وه‌ی بۆنێکی تۆی لێ بێ
وه‌کو ئه‌و پووشه راپێچی بکا بۆ: گۆڕی ته‌نیایی
به گوێیا با بپچرێنێ: نقامی عومری کۆتایی
پەپووی هەمڕازی وێرانه و نیشانه‌ی مه‌رگی رووناکی
به ده‌نگی شومی با شیوه‌ن بکا بۆ گیانی ناپاکی
له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگ و ئاوازه، ده‌با شه‌یتانی ڕارایی
سه‌مای پر ته‌وسی بێ شه‌رمیی بکا بۆ عه‌شقی کۆتایی.
لێره‌دا شۆرشه‌که ده‌چێته قۆناغێکی زۆر توند و تیژترهوه که ده‌شێ به قۆناغی ( گه‌رده‌لوولی تۆڵه) ی دابنێن. لێره‌دا هه‌ڵچوونی رقه‌که تا ئاستێکه که له سنووری هه‌ستیاری و هۆشبهندی تێده‌په‌رێنێ. لێره‌دا رقه‌که وه‌ك دوو ستانزای پێشوو ئاراسته‌ی خودی یادگاره‌کانی عه‌شقه ههڵگهراوهکه نه‌کراوه.. عاشقی توڕه و دڵبریندار، تووشی گیرکاری ( ) پێناسه‌ی ( له‌ناوچوون) و ( نه‌مان) بووه. پرسی ئه‌و له‌ناوبردنی شتێکی فیزیکی و له کۆڵکردنه‌وه‌ی نییه. گه‌ر ئه‌مه بووایه، له رووی پێناسه‌ی پرۆسه و ئاکامی له‌ناوبردن، کاره‌که ئاسانتر ده‌بوو. به‌ڵام ئه‌م عاشقه ده‌یه‌وێ: یادگاری خۆشه‌ویستی (ساخته) له‌ناو به‌رێ. گرفته‌که له‌وه‌دایه که ئه‌و خۆشه‌ویستییه که ئێستا ساخته‌یه راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه دوو جۆره ژیان و دوو جۆره مێژووی هه‌یه.
تا ئه‌و له‌حزه‌یه‌ی عاشقه‌که دوو روویی و ساخته‌یی و خیانه‌تی دڵداره‌که‌ی بۆ ده‌رکه‌وتووه، خۆشه‌ویستی یه‌که دڵداریه‌کی دوولایی ئاسایی بووه. به یه‌که‌وه بناغه‌یان داناوه، به‌یه‌که‌وه چینی دیواره‌که‌یان درووست کردووه، به یه‌که‌وه کردوویانه‌ته ته‌لارێکی به‌رز و له‌پاڵ ئه‌و ته‌لاره به‌رزه‌دا ئه‌میش ورده ورده ( هێلانه) واته هه‌نگاوی پراتیکی دروستکردنی خانه و ماڵ و که‌لوپه‌لی ناوماڵ و تفاقی ژیانی هاوسه‌رێتی دروست کردووه و چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه بووه که له به‌هارێکی به‌خته‌وه‌ریدا ژووانی ئه‌به‌دی دروست بکه‌ن.
به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو ته‌لاره‌که رما.
ئێستا په‌یامی دڵداره‌که ئه‌مه‌یه هه‌موو ئه‌م مێژووە، هه‌موو ئه‌م پێکه‌وه بوونه، هه‌موو تاڵی و خۆشه‌ویستی و جوانیی و ناشرینێتی ئه‌و مێژووە بسڕێته‌وه و شوێنه‌واری نه‌هێڵێ.
راسته: ئێستا هه‌موو شتێ ناشیرین بووه. به‌ڵام ئه‌مه حاڵه‌تێکی سایکۆلۆجییه. ئه‌مه سه‌یرکردنه‌و خوێندنه‌وه‌ی رابردووه به‌چاوی ئێستا، بینینی ئه‌وه‌ی زه‌مانێ به دڵداریی و خۆشه‌ویستی داده‌نرا به چاوی گومان و رق.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌وه راسته که له یه‌ك له‌حزه‌دا سایکۆلۆجی مرۆڤ نه‌ك هه‌ر ده‌توانێ رابردوو به‌راوه‌ژوو کاته‌وه، به‌ڵکو ئه‌و بهراوهژووکردنهوهیه هه‌مووی له ئێستایه‌کی پێچه‌وانه‌دا کۆکاته‌وه. ئه‌مه پهرهدۆكسی سه‌ره‌کی هۆنراوه‌که‌یه.
راسته دڵداره‌که بیره‌وه‌ری خۆشی له‌گه‌ڵ عاشقه‌که‌یدا هه‌ن. راسته کاتی جوان و به‌له‌زه‌تیان پێکه‌وه به‌سه‌ر بردووه. راسته له دڵه‌وه هه‌ستی به قووڵی و خۆشه‌ویستی و به‌خته‌وه‌ری ژووان و هاودڵیی کردووه!!
به‌ڵام کاره‌ساته ده‌روونی و داوه‌شانه بیرییهکه له‌وه‌دایه: ئێستا ئه‌م هه‌موو (راسته) یانه راست نه‌بوون: له روانگەی هه‌ڵوێستی (ئه‌وی دیکه) وه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن بوون، فریودان بوون، سووکایه‌تی و گاڵته پێکردن بوون، داوبۆنانه‌وه و ده‌ست بڕین بوون.
بۆیه ئێستا به فلاشباکێکی سایکۆلۆجی میلانکۆلییانه و غه‌مبارانه (ورد ورد) ( سه‌رنجی وشه‌ی ورد له دێڕی 8 دا بده‌ن) به تاك تاکی ئه‌و بۆنه و بیره‌وه‌رییانه‌دا ده‌چێته‌وه، یه‌ك به یه‌ك (که ئه‌وسا گه‌ڵایه‌کی سه‌وز بوون)، وه‌ك گه‌ڵایه‌کی زه‌رد (هه‌ڵبه‌ت به یارمه‌تی سروه‌ی خه‌زان) کۆیان ده‌کاته‌وه بۆ چاڵی مه‌رگ و له‌ناو چوونی ئه‌به‌دی رایان ده‌دا!!
برینه‌که‌ی شاعیر دووجار قووڵه:
یه‌که‌م: که ئێستا خۆشه‌ویسته‌که‌ی لێ جیابۆته‌وه.
دوه‌م: که له رابردووش‌دا به ناوی خۆشه‌ویستی یه‌وه فریو دراوه.
که‌وایه ئه‌و دڵداره ساخته‌یه نه‌ك ته‌نیا ئێستا و پاشه رۆژی عاشقه‌که‌ی وێران کردووه به‌ڵکو نه‌شی هێشتووه خاوه‌نی (مێژوو) بێ، خاوه‌نی رابردووبێ، خاوه‌نی یادگار بێ ( چونکه ئه‌مانه هه‌مووی فریوو و ساخته‌یی بوون). لێره‌وه بڵێسه‌ی ئه‌و رقه بێ ئامانه له‌ناو قووڵایی ده‌روونی عاشقهکهوه به‌رز ده‌بێته‌وه. لێره‌وەیە که ئه‌و نایه‌وێ خاوه‌نی مێژوویه‌ك، رابردوویه‌ك، یادگارێك بێ که ئه‌وی تێدا وه‌ك که‌ره‌سه‌یه‌کی گاڵته پێکردن، بابه‌تێکی پێ رابواردن، تێدا دروست كراوە. که‌سێکی بێ که‌سایه‌تی کراوه‌ته ئه‌کته‌ر و ده‌ور بینه‌ر.
***
که‌وایه ئه‌ی خوێنه‌ری هێژا له پیری عه‌شق مهرهنجێ که ناتوانێ سنوورێ بۆ ته‌وژمی تووره‌یی خۆی دابنێ. که سه‌رسامه چۆن بتوانێ خۆی له خۆی، له رابردووی خۆی، پاك بکاته‌وه!!
ئه‌وه‌تا ئه‌م جاره په‌نا ده‌باته به‌ر گه‌رده‌لوول، بۆ؟
له‌و هه‌موو پێوه‌ندییه‌ی به‌رابردووی له‌گه‌ڵ دڵداره‌که‌یدا زۆر (گه‌ڵا) که‌وتونه‌ته نێوانیانه‌وه، زۆر دیاری گۆڕدرانه‌وه: شووشه عه‌تر، چه‌پکه گوڵ، سابوونی بۆن خۆش، ده‌سه‌سڕی ره‌نگاو ره‌نگ. یان ره‌نگه هه‌ندێ جار کچەکه شووشه عه‌تره‌که‌ی خۆی ده‌رهێنابێ و به جله‌کانی ئه‌وه‌ی وهرکردبێ. ره‌نگه هه‌ندێ جار بۆنی خۆشی قژه‌کانی به‌ر جله‌کانی که‌وتبێ. ره‌نگه هه‌ر بۆنی له‌ش و باڵای به‌شته‌کانی ماڵه‌که‌یه‌وه: ئهسکهمیل و کورسی و قه‌ره‌وێڵه و نوێن و قاپ و قاچاخه‌وه نیشتبێ. ره‌نگه ئه‌و بۆنه) هه‌ر زه‌ینی بێ، هه‌ر خه‌یاڵیی بێ، هه‌ر ( بوونی) ئه‌و له‌هه‌ر بۆنه‌یه‌کدا ئه‌و ( بۆنه) ی لێ بێ!!
بۆن: ره‌مزه بۆ ته‌واوی پێوه‌ندییه‌که، بۆ هه‌بوونی کچه‌که
بۆن: راگه‌یاندنێکی statement به هێزی بوونه. بۆن تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه. بۆنی ژن جیاوازه له بۆنی پیاو. که‌وایه ستراتیژی شۆرش ئه‌نجامی خۆی نه‌پێکاوه. تا ئه‌و بۆنه‌ش، که ئێستا بۆنی فێڵ و خیانه‌ته، بمێنێ، گیانی عاشقی بریندار ئارام ناگرێ. ئێستا گه‌رده‌لوولی تۆڵه دژی بۆنه، بۆ سڕینه‌وه‌ی دوا شوێنه‌وار و هه‌ناسه‌ی بۆنه!!
شۆڕشه‌که‌ی عاشق له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێکدا، ستانزایهکدا توند و تیژ تر ده‌بێ. لێره‌دا هێزی (گه‌رده‌لوول) ده‌خاته کار.
گۆڕانێکی گرنگ له‌م ستانزایهدا هه‌یه. له ستانزای یه‌که‌م و دووه‌مدا ڕقه‌که‌ی هه‌مووی به‌رامبه‌ر یادگاره بهجێماوهکانه لە عهشقهکهوه. {هه‌موو ئه‌و یادگاره‌ی له‌و ژیانی عه‌شقه جێماوه..}، به‌ڵام لێره‌دا له دێڕی دووه‌مدا یه‌کسه‌ر ڕوو ده‌کاته کۆنه عاشقه‌که و وشه‌ی: تۆ به‌کاردێنێ. لێره‌دا ئاخاوتنه‌که ده‌بێته ڕاسته‌وخۆ و یه‌کسه‌ری. سه‌یره‌که له‌وه‌دایه له‌گه‌ڵ به‌کارهێنانی وشه‌ی (تۆ)، ئاخاوتنه‌که توند تر و تیژ تر و بڕنده تر و تۆڵاویی تر ده‌بێ. وه‌ك ئه‌وه وایه که عاشقێك له ڕووی عاشقه (به خیانه‌ت تاوانبار کراوه‌که‌یدا) بته‌قێته‌وه و بێبه‌ریی بوونی خۆی له ئێستا و ڕابردووی به‌سه‌ردا ببارێنێ.
به‌ڵام له‌مه‌ش توند تره!
به دڵداره‌که‌ی ده‌ڵێ:
با گه‌رده‌لوولێ بێ هه‌رچی بۆنی تۆی لێ دێ وه‌ك پووش بۆ گۆڕی ته‌نیایی (هه‌ڵبه‌ت ئه‌و گۆڕه بێ ناونیشانه‌ی یادگاره‌کان) ڕاپێچی کا.
به‌مه‌ش دڵی ناخواته‌وه. ده‌یه‌وێ ڕق و پیشخواردنه‌وه‌ی ناخی زیاتر بۆ (تۆ) یه‌که‌ی، بۆ دڵداره‌که‌ی، روون کاته‌وه. ده‌یه‌وێ ئه‌و گه‌رده‌لووله به ڕاپێچکردنی بۆ گۆڕی ته‌نیایی واز نه‌هێنێ، به‌ڵکو ئه‌و ریچوال و ڕێوڕه‌سمانه‌ش به‌جێ بێنێ که بۆ ڕاگه‌یاندنی حه‌قیقه‌تی مردن ده‌کرێن.
شاعیر له‌م ستانزایهدا ته‌واوی (ئاخاوتنی مردن) دروست ده‌کاته‌وه. مردن هه‌ر ئه‌وه نییه که‌سێك بمرێ. ده‌بێ گه‌ر به مردوییش بێ (له ڕێگای ته‌لقینه‌وه) پێی بوترێ که مردووه! هه‌تا (زمان) وه‌ك (ڕاگه‌یاندن) مردنی مردن ڕانهگهینێ مردنه‌که ته‌واو نابێ. ئه‌مه ڕیچوالی مردنه وه‌ك ڕووداوێکی ته‌نیا و لاته‌ریك نا، به‌ڵکو وه‌ك ڕووداوێکی کۆمه‌ڵایەتی، مرۆڤیی، ڕووداوێك که پێوه‌ندی به کۆمه‌ڵ و که‌سانی دیکه‌شه‌وه هه‌یه.
ئه‌مه لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یه‌تی: شاعیر ده‌یه‌وێ گه‌رده‌لوول (هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که بۆنی ئه‌ویان لێ دێ ته‌نیا بۆ گۆڕی ته‌نیایی ڕاپێچ نه‌کا: به‌ڵکو به گوێشیاندا بچڕێنێ: ئێوه کۆتاییتان هات! ئێره ئه‌و شوێنه‌یه که گۆڕ و نزرگه‌ی نه‌مانی ئێوه‌یه! لایه‌نێکی دیکه‌ی (مردن)، هه‌ست کرد به ڕووخان و کۆتایی هاتن و کوێربوونه‌وه و تاریکستان و هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه که دژی بوون‌و زیندوویی و رووناکین. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه: مردوو شیوه‌نیان له‌سه‌ر ده‌کرێ. تووڕه‌یی شاعیر تا ئاستێکه نایه‌وێ ئه‌و شیوهنهش به‌و مانا مرۆڤییه کۆمه‌ڵایه‌تییه بێ که په‌رۆش بۆ مردوو ده‌ربڕێ، که کاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وانه به‌جێ بهێڵێ که لێیان جیابوونه‌ته‌وه، که هیوای ئه‌وه‌ی هه‌بێ ناونیشانێکیان، بیرهوهریهکیان، شوێن و پله و پایه‌یه‌کی لهمهوپێش و وێنه‌یه‌کی له‌مه‌ودوایان، له‌هیچ مێشکێکدا جێ ده‌مێنێ…. بۆیه ئه‌و بۆ کۆڕی شیوه‌نه‌که (په‌پوو) دێنێ که له جیاتی (ته‌لقین و ئاوازی دینی) شیوه‌ن بۆ ئه‌و (گیانه ناپاکه) بکات. بۆ ته‌واو کردنی تقووسی شیوه‌نه‌که شاعیر شه‌یتانی ڕاڕایی و گومڕاکردن دێنێ که (بێ شه‌رمانه) سه‌مای پڕ ته‌وس و توانج بۆ (عه‌شقی کۆتایی) بکات!!
* * *
هه‌قمان نییه لێره‌دا هاوارکه‌ین و بڵێین: ئای له‌م هه‌موو دڵڕه‌قییه!!
پیری عیشق، له مردنیشدا واز له‌و (مردووه) ناهێنێ و له مردنیشدا ناشتنێکی ئاسایی و ته‌لقین و پرسه‌یه‌کی ڕهچاوکراوی پێ ڕه‌وا نابینێ!
سه‌یری وێنه‌که بکه‌ن:
له‌لایه‌که‌وه (ئه‌و) ێك {هه‌ر شتێ بۆنی ئه‌وی لێ بێ، که ڕهمزە بۆ عیشقه‌که خۆی (عه‌شقی کۆتایی) له‌و (گۆڕی ته‌نیایی} یە هاخنراوه. گه‌رده‌لوول ته‌لقینی ده‌دا و هه‌وڵی مردنه‌که‌ی پێ ڕاده‌گه‌ینێ. ئه‌وسا په‌پوو دێن و (شیوه‌نی شادیی) بۆ (گیانی ناپاکی) ده‌که‌ن و هه‌ر له‌وکاتیشدا شه‌یتانه‌کانی ناپاکی و ههڵخهڵەتاندنو ڕاڕایی سه‌مای بێشه‌رمی له‌سه‌ر گۆڕه‌که ده‌که‌ن!!
چ دیمه‌نێکی نائاسایی و سوپهرناتورالییە!
هه‌موو وێنه‌کان به سه‌روێنه (میتافۆر) داڕێژراون، که هه‌ر وه‌ك وێنه‌کانی پێشوو دوو دیویان هه‌یه:دیوی ده‌ره‌وه‌ی وشه‌که وه‌ك مانای ڕواڵه‌تی ئاسایی: دیوی ناوه‌وه‌ی: ئه‌و حاڵه‌ته سایکۆلۆجیی قووڵه‌ی له که‌ره‌سه‌ی ڕق و تاڵاوی خۆی ئه‌و مه‌خلوقه ناسازو دزێو و شه‌ڕخواز و مهرگخوایانه دروست ده‌کات.
وێنه دژه تێکچڕاوهکان ئه‌مانه‌ن:
گه‌رده‌لوول: ئه‌و شتانه‌ی بۆنی ئه‌ویان لێ دێ
پووش: گۆڕی ته‌نیایی
چرپەو نقا: مه‌رگ
ڕووناکی: په‌پوو
سه‌ما: ته‌وسی بێ شه‌رمی
شه‌یتانی ڕاڕایی: عیشقی کۆتایی
ئه‌م ستانزایهش به دوو دێڕی کورتکراوه‌ی (چوار برگه‌یی 4×4) که شوێنێکی ناوه‌ڕاستی بۆ دێڕه‌کانی دوایی هه‌یه نووسراوه. هه‌موو ئه‌م سه‌ره‌تا ستانزایانە (دوو دێڕی، دوو نیوه دێڕیییانه)، به (ده‌با، به‌ڵێ، ده‌با): ده‌ست پێ ده‌که‌ن و به‌و زه‌قییه له سه‌ره‌وه دیارن تا ده‌ستپێکردنی قۆناغێکی نوێ یان بڕیارێکی نوێی پرۆژه‌ی شۆڕشه‌که ده‌ستنیشان بکه‌ن و پێشکه‌ش بکه‌ن.
له‌م ستانزایهدا شاعیر جه‌خت له‌سه‌ر نێوهندێتی و گرنگیی (بۆن) ده‌کا.. ئه‌و بۆنه‌ی که خۆی له خۆیدا ناتوانرێ له‌ناو ببرێ. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و شتە ماددییانه‌ی که ئه‌و بۆنه‌یان هه‌ڵگرتووه ده‌بێ له‌ناو ببردرێن. له‌پێشدا ده‌بێ ئه‌و شتانه (بی نرخ) بکرێن تا شایانی له‌ناو بردن بن. بۆیه له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا شاعیر (شته، بۆنی ئه‌و، داره‌کان) به (پووش) ده‌چوێنێ.
سه‌ر وێنه‌ی، میتافۆری، (پووش) دوو ئه‌رك به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێ. یه‌که‌م بێ بایه‌خ کردن و هیچ کردنی ئه‌و شتانه. بۆنه‌که لێره‌دا له جیاتی به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌های شته‌کان ده‌بێته مارکه و هۆکاری بێ نرخ کردنیان. به‌ڵام دیاره خۆی له خۆیدا نا، به‌ڵکو به‌پێی بڕیارێك که له ده‌ره‌وه هاتووه، بڕیاری شۆڕشگێڕانه‌ی خاوه‌نی پرۆژه‌ی شۆڕشه‌که! ئه‌رکی دووه‌می وێنه‌که ئه‌وه‌یه سووکی ده‌کا (به مانای به‌رزه‌ین و ماددی): واته ئاسان ده‌بێ بۆ هه‌ڵگرتن و ڕاپێچ کردن له‌لایه‌ن (گه‌رده‌لوول) ه‌وه.
شاعیر وه‌ك وتمان: ڕاسته‌وخۆ قسه له‌گه‌ڵ (ئه‌و) ده‌کا. واته لێره‌دا دوو مرۆڤ به‌شداری ئه‌و ئاخاوتنهن. ئه‌گه‌ر چی یه‌کیان وه‌ك گوێگری نه‌کاره (سه‌لبی) و له هه‌مان کاتدا (بابه‌ت) و (ئامانجی) ئاخاوتنه‌که و عاتیفه به‌هێز و توند و تیژهکانە.
له‌م ده‌وروبه‌ره مرۆڤییه‌وه، شاعیر ته‌کنیکی (که‌ساندن) Personification به‌کار ده‌هێنێ. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه که ناسکار و تایبه‌تمه‌ندی (که‌س)، یان مرۆڤ، (بهشت) یا دیارده‌ی (نامرۆڤی) بده‌ین.. لێره‌دا (گه‌رده‌لوول) یه‌ك جار وه‌ك هێزێکی ڕاماڵکهر و ڕاپێچکهر سه‌یر کراوه. (ڕاپێچ) کردن کردارێکه مرۆڤ ده‌یکا، به‌تایبه‌تی هێزێکی ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ك ڕاپێچکردنی که‌سێك بۆ زیندان، یان گواستنه‌وه‌ی به‌زۆر. سه‌یر ئه‌وه‌یه له‌پڕێکا له‌م دیمه‌نه توند و مهرگاوویه (ڕاپێچ کردن بۆ گۆڕی ته‌نیایی) وشه‌یه‌کی ناسکی به‌دوا دا دێ:
(به‌گوێیا با بچرپێنێ).
چرپاندن (به گوێدا) له حاڵه‌تی ئاسایی دا بۆ ڕازی خۆشه‌ویستی و نهێنی دڵبهندانهی نێوان که‌سانی دۆست و لێك نزیکه. شاعیر (گه‌رده‌لوول) ی کردووه به (مرۆڤ) ئه‌و ئه‌رکه‌شی پێ سپاردووه که به گوێی (ئه‌و) یان (ئه‌وه‌کان) دا بچرپێنێ:
ئایا به‌کارهێنانی ئه‌م کرداره له شوێن خۆیدایه؟
ڕەنگه له پرۆسه‌ی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه له شیعره‌کانی هه‌ردی دوایی به‌و ئاکامه بگه‌ین که شاعیر هیچ وشه و کردارێکی به‌بێ لێوردبوونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و مه‌به‌ستی تایبه‌تی هه‌ڵنه‌بژاردووه. (له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه دامێنێکی ده‌روونی هه‌یه که دوایی باسی ده‌که‌ین) وه‌ڵامه‌که ئه‌وه‌یه ئه‌ڵێ:
بەڵێ سه‌رکه‌وتووه و به ئه‌نقه‌سته!!
وتم: ئه‌و قسه له‌گه‌ڵ دڵداره‌که‌ی ده‌کا..
بیهێنه به‌رچاوی خۆت: که له ڕسته‌ی تووڕه‌یی سه‌ره‌تاوه، دڵداره‌که له پڕێکا هێمن بێته‌وه. سه‌ر و ده‌می بۆ گوێی دڵداره‌که درێژ بکا و به‌گوێیدا بچرپێنێ.
له کاتێکدا دڵداره‌که ڕه‌نگه چاوه‌ڕێی قسه و په‌یامێکی خۆش بکا، ئه‌و چی پێ ده‌ڵێ:
تۆ ته‌واو! له ژیانی مندا مردی!
دێڕه‌که و وێنه‌ی چرپاندنهکه ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی هه‌یه، ئه‌و ناسکی و نه‌رمی و هێمنی و هاوسۆزییه‌ی وشه‌ی (چرپه) بۆ مه‌به‌ستێکی ته‌واو، پڕا و پڕ پێچه‌وانه و به‌راوه‌ژووی ئه‌و مانایانه‌یه: بۆ ئه‌وه‌یه (نقامی عومری کۆتایی) به‌گوێی (ئه‌و) دا بچرپێنێ، پێی بڵێ: ته‌واو، تۆ له گۆڕی ته‌نیای و کۆتایی هاتنت له ژیان مندای! چرپە: دەنگێکی نزم و بە ئاستەم وتراوو بیسراوە. لێرەدا نزیكبوونەوە لە مەرگ دەگەیەنێ.
بێنه پێش چاوت دوای ئه‌م چرپه‌یه: قاقایه‌ك وه‌ك لاسایی (ده‌نگی کونده په‌پوو) بکات تا کاریگه‌ری چرپه‌که به‌هێزتر بکا. ئه‌وسا جووڵه و سه‌مایه‌کی پڕ ته‌وس و به‌ده‌ست و قاچ ده‌ست پێبکا، تا (ناپاکی و بێشه‌رمی) ئه‌و نیشان بدات!
شیکردنه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی قووڵتری وشه‌کانی ئه‌م ستانزایه میتافوری مردن لهلایهنە کۆمهڵایهتییهکهوهیه به سێ ئاست داده‌مه‌زرێنێ:
1- له ئاستی پێوه‌ندی که‌سی عاتیفی نێوان ئه‌و دوو دڵداره (ئێستا نرخی خۆشه‌ویستی ئه‌و لای ئه‌م پووشه)
2- مردنی ناو و ناوبانگی و پێوه‌ندیه کۆمه‌ڵییه‌کان: ته‌نیا که‌سانی وه‌ك (په‌پوو)، ناحه‌ز و نا ساز و شه‌ڕخواز و خراپه خواز، په‌رۆشی مه‌رگی ئه‌ویانه یان له‌م به‌ره‌نگارییه‌دا لایه‌نگیری ئه‌و ده‌که‌ن.
3- مردنێکی مۆڕاڵی/ ڕه‌وشتی.
وشه‌کانی (ناپاك) و (بێ شه‌رمی) ئه‌وه ده‌رده‌بڕن.
با جارێکی دی ستانزایهکه بخوێنینه‌وه و: گرنگی ناوهێنانی (تۆ) سه‌رنج بده‌ینه‌وه.
دڵداره‌که ڕاسته‌وخۆ بۆ کۆنه عاشقه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌که‌ی ده‌دوێ.
له ستانزای یه‌که‌مدا ته‌نیا پێی وتین: ته‌لاری دڵدارییهکه ڕما و ئێستا ئه‌و ڕقی له هه‌موو یادگاره‌کانی ده‌بێته‌وه.
له ستانزای دووه‌مدا هه‌موو ئه‌و مێژووی یادگاری ئه‌و (ژیانی عهشقەی) کوشت و ناشت.
ته‌نیا له‌م ستانزایهدا که ئه‌و یان (تۆ) خۆی ئاماده‌یه، ئه‌و هۆکاری ئه‌و ڕقه چڕه‌ی خۆیمان بۆ ئاشکرا ده‌کا..
(ڕێکه‌وتی) دۆزینه‌وه‌ی (ته‌فره و ده‌ست بڕینه‌که) ڕێکهوتێكی ساکار و بێ گوناه نه‌بووه.
لێره‌دا نیشان ده‌دا که کێشه‌ی (ناپاکی و بێشەرمی) له گۆڕییه. یان دڵداره‌که‌ی به ناپاکیی و بێشه‌رمیی تاوانبار ده‌کا. واته به ئاشکرا به‌وه تاوانباری ده‌کا که خیانه‌تی لێکردووه. که (ناپاك) بووه له عیشقهکهیدا، که له پشت ئه‌م عاشقه (وه‌ك ده‌رده‌که‌وێ پاك و دڵسۆزه‌وه) ده‌ستی له‌گه‌ڵ که‌سێکی تر یان که‌سانی تردا تێکه‌ڵاو کردووه. ته‌نیا دۆزینه‌وه‌یه‌کی ئاوا ده‌توانی یه‌کجار ته‌لاره‌که بڕمینێ و به‌دوای خۆیدا ئه‌م ڕه‌شه‌بای ڕقه ڕووخێنه‌ره بهێنێ!!
* * *
(8) ستانزای چواره‌م
ئه‌وه شاعیر ته‌لاری دڵدارییهکەی ڕما. (ستانزای یه‌که‌م) هه‌رچی یادگاره کۆی کرده‌وه و له قوژبنێکدا فڕێی دان. (ستانزای یه‌ك) ئه‌وسا ناشتنی و دووری خستنه‌وه.
تا ناونیشانی ئه‌و جارێکی دی به یادیا نه‌یه‌ته‌وه (ستانزای دوو). هه‌رچی له ده‌ره‌وه‌ش پێوه‌ندی به ئه‌وه‌وه هه‌بێ، ئه‌وانیشی (توور هه‌ڵداوه) فه‌رمانی مه‌رگی بۆ دان و زه‌ماوه‌ندی له ناوچوونی به‌و شێوه سوپهرناتورالیه بۆ گێڕان. (ستانزای سێ)
* * *
باشه، دوای هه‌موو ئه‌وانه چیرۆکه‌که کۆتایی هات؟
ڕاسته یادگاره‌کانی نێژران و خنکێنران و شوینه‌واریان سڕایه‌وه؟!
ڕاسته (بۆن) ه که‌ش له (بوونی) ئه‌مدا له‌گه‌ڵ چرپه‌ی مه‌رگدا ڕۆیی؟
ئاه، ئه‌ی دڵداری هه‌ژار.
ته‌مه‌نی گه‌نجیی، ته‌مه‌نی ساوایی عیشقه.
دڵ بێ ئه‌زموون و بێ گوناهه، به‌هه‌ر شیرینییەکی پهریزادەیی ، دروستکه‌ر و نوێنه‌ر و موژده به‌خشی به‌دی هاتنی خه‌ونه‌کانی، فریو دەخوا.
خه‌ڵکینه! به‌ڕاستی پیری عیشق شه‌یدای ئه‌و کچه بوو. به‌ڕاستی هه‌موو مانا و مه‌به‌ستێكی، هه‌موو چرکه و چرپه‌یه‌کی ژیان،ی له‌و عیشقه‌دا ده‌دۆزیه‌وه.
به ڕاستی که ئه‌و (گوناه) ی خیانه‌تی بینی، ئه‌و (ڕقه) ی (كه داڕشته‌یه‌کی سایکۆلۆجی، سۆسیۆلۆجی، ئه‌خلاقیی ئاڵۆز و پڕ کێشه‌یه) له دڵی دا قووڵپی دا، ئه‌وه‌نده به‌هێز بوو که وای مه‌زنده کرد ئه‌و شۆڕشه‌ی به‌رپای ده‌کا، ته‌ڕ و وشك ده‌سوتێنێ و هیچ یاد و یادگارێكی (ئه‌و) لای (ئه‌م) نامێنێ و له‌خه‌ویشدا ناو و دیمه‌نی نابیسێ و نابینێته‌وه.
بینیمان پرۆژه‌ی شۆڕشێکی (سروشتی و سه‌روسروشتی) و سایکۆلۆجی و پاراسایکۆلۆجی چ توند و تیژ و سه‌یر و نائاسایی به‌رپا ده‌کا.
دوا وشه‌ی ستانزای سێیه‌م (عه‌شقی کۆتایی) یه!
به‌ڵام ئایا ئه‌م عه‌شقه کۆتایی هات؟ ئایا عه‌شق کۆتایی دێ؟ هه‌یه؟
با گوێ له پاشماوه‌ی چیرۆکه‌که بگرین له زمانی شاعیره دڵدارهکهوه خۆی بگرین:
ده‌با ده‌ستی سته‌مکاری:
ژیانی پڕ له زۆرداری
له یادا بیسڕێ شێوه‌ت له یادی ژین و گه‌ردوونا..!
به‌بێ ڕه‌حمانه غه‌رقی کا، له به‌حری قووڵی ونبوونا..!
ونی کا با له‌به‌ر چاوم، نیگاری چاوی فێڵاویت
گوڵی بێ بۆنی جوانیت و بزه‌ی سه‌ر لێوی ژه‌هراویت
به تاپۆی یادگاری تێکشکاوی بێ سه‌ر و پێوه..
به دڵداری عومر کورت و شه‌وانی جوانە مەرگێوه..!!
خه‌ڵکینه: بانە شه‌رم بتانگرێ، نه دڵ ڕقی بتانکاته به‌رد! وه‌رن با بۆ ئه‌م عاشقه شۆڕشهوانه بگرین!!
ئه‌مه چ عیشقێکه کۆتایی نییه؟ ئایا به‌ڕاست مردووه و وه‌ك قه‌قنه‌س زیندوو ده‌بێته‌وه؟ یان هه‌ر له سه‌رەتا و (بناغه و بنچنیهکانیدا) به شێوه‌یه‌ك درووست بووه که شایانی مردن و لە ناوبردن نه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ستراتیژییەی به‌کارهێنانی هێز و توند و تیژییهشدا، من که په‌یامی ئه‌و (شۆڕشه) پڕ توند و تیژهم له (پیری عیشق) بیست، حه‌په‌سام. من ده‌مزانی برینداره و حه‌قی به‌ده‌سته. ده‌مزانی (خیانه‌ت) له (عیشقی ڕاسته‌قینه) و داپۆشینی (خیانه‌ت) به ڕواڵه‌ت و درۆ و فێڵ و کهڵهکهبازیی، تاوانێکی گه‌وره‌یه و شایانی ئه‌وه‌یه شۆڕشی به‌سه‌ردا بکرێ.
به‌ڵام حه‌په‌سان و سهرسامییهكەم له‌وه‌دا بوو، که هه‌موو عیشقه‌که خیانهتاوی بکرێ، که عیشقه‌که خۆی وه‌ك ماکی ئه‌و خیانه‌ته ڕاماڵرێ!! ئایا ئه‌مه کارێکه شایانی کردنه؟
من دڵم نه‌هات و له تێگه‌یشتنی مریدانهی خۆم ڕانه‌ده‌بینی نامهقوڵییهکی ئاوا له حزووری پیری عیشق دا بکه‌م. به‌ڵام هه‌ر حه‌فته‌ی پێشوو بوو گوێم لێ‌بوو ئاوا دڵداره‌که‌ی ده‌لاوانده‌وه:
به دوو چاوێ که شه‌وقی چاوه‌ڕوانی ئهیتروکێنێ
به دوو چاوێ که سڕڕی قووڵی لاوێتی، ئه‌درکێنێ
سه‌رنجی ڕێ ئه‌ده‌م، ڕێگا، هه‌موو شێوه‌ی ئه‌وی تیایه
وه‌کو دنیا له ناو جوانی ئه‌وا توابێته‌وه،.. وایه
شنه‌ی با، باسی جوانی ئه‌و، به گوێی مندا ئه‌چرپێنێ
هه‌موو ده‌رکه‌وتنی شۆخێ، دڵی من دائهخورپێنێ.
به‌ڵام خورپه‌ی ته‌واوی دڵ، له‌گه‌ڵ هه‌نگاوی ئه‌و دایه
که سه‌رتاپا له ئاوازی به‌هه‌شتی خواوه.. په‌یدایه
به‌ڵێ! کاتێ (ئه‌و ده‌رکه‌وت، ئیتر من بێ سهروشوێنم)
به تیشکی خۆری جوانی ئه‌و، به جارێ قوڵپ ئه‌دا خوێنم
وه‌ك چۆن نه‌و نه‌مامێ، گه‌رده‌لوولێ ئه‌یبات و ئه‌یهێنێ
له‌شم موچرکی دڵداری، وه‌ها ناخی ئه‌بزوێنێ!
* * *
ئه‌وسا که ئه‌و شیعره‌ی بۆ وتم وه‌ك سۆفی زیکری گرتبوو.
لای پیری عیشق: دنیا مانای نه‌مابوو.. یان دنیا پڕ بوو له یەك مانا!
تاقه مانایه‌ك، تاقه مه‌به‌ستێك که له جوانی ئه‌وه‌وه ده‌ستی پێده‌کرد و له جوانی ئه‌ودا کۆتایی ده‌هات.
لای ئه‌و، ئه‌و عاشقه کچێکی عاشق نه‌بوو، عیشق خۆی بوو. عیشق لەودا به‌رجه‌سته بوو بوو. هه‌ر له‌ویشدا ده‌یتوانی خۆی ده‌رخا و خۆی بنوێنێ و خۆی ببزوێنێ.
شنه‌ی با باسی جوانی ئه‌وی بۆ ده‌کرد. هه‌نگاوه‌کانی ئه‌و کچه خورپه‌ی عیشقیان له ئاوازە به‌هه‌شتییه‌کانی خواوه بۆ دێنا.
هه‌موو جار ده‌مبینی، که ئه‌و کچه له به‌رده‌می یان له نزیکییه‌وه گوزه‌ری ده‌کرد، ئیتر پیری عیشق ده‌که‌وته حاڵ، دڵی گه‌رم داده‌هات، خوێنی به تینی عیشقی ئه‌و کوڵپی ده‌دا، له حاڵه‌تێکی عه‌شقی سۆفیانه‌دا غه‌یب ده‌بوو.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، ئێمه مرۆڤین، پیری عیشقیش په‌روه‌رده‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵە و داب و نه‌ریت و بیره بهراوژووهکان بوو:
ئه‌و بیرەی له‌لایه‌ک عیشق وا پیرۆز ده‌کا ده‌یگه‌یه‌نێته ناو باره‌گا و دیداری خودا خۆی. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه: تاقه هه‌ڵه و زهللهیهك، یان ده‌ربڕینێکی سروشتیی حه‌ز و ئاره‌زوویه‌ك، به گوناهێکی وا داده‌نێ که عاشق دێنێته پاڵ (شه‌یتانی ڕاڕایی) و عیشقه‌که ده‌کا به (عیشقی ناپاك) و مێژووه‌که‌ی ده‌کا به مێژووی (بێ شه‌رمی)!
من ده‌مزانی تلانه‌وه‌ی پیری عیشق ئه‌وه‌ندەی به‌هۆی دۆزینه‌وه ڕێکهوتییهکهی (گوناه) ی عاشقه‌که‌ی بوو، ئه‌وه‌نده زیاتر، زۆر زیاتر، ئه‌نجامی ئه‌و ناکۆکییه ڕۆحییه بوو که هه‌ستی پێ ده‌کرد!!
جوانییه‌کی ئاوا موتڵه‌ق، خۆشه‌ویستییه‌کی ئاوا ناخگر، چۆن به ڕێکه‌وتێك و شۆڕشێكی ڕێکه‌وتی کۆتای‌یان دێ؟!
سه‌یری وێنه‌ی (با) له‌م دوو دیمه‌نه‌دا بکه‌ن:
شنه‌ی با باسی جوانی ئه‌و، به گوێی مندا ئه‌چرپێنێ.
(هۆنراوه‌ی چاوه‌ڕوانی بێهووده)
ده‌با (باڕه‌ش) له دواییدا..
ته‌پ و تۆزێکی وا بێنێ… هه‌وا یه‌کجاری بخروشێ.
شنه‌ی با و خرۆشانه گه‌ردوونییه‌که‌ی بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی جوانی ئه‌وه.
باڕه‌ش و خرووشانی هه‌واکه‌ی: بۆ به‌رپا کردنی شۆڕشی له ناوبردنه دژی یادگاری ئه‌و جوانییه!!
سه‌رنجی ئه‌رکیاریی (وه‌زیفه‌ی) وشه‌ی به‌ڵێ له‌م دوو دێڕه‌دا به‌دن:
به‌ڵێ! کاتێ که ئه‌و ده‌رکه‌وت ئیتر من بێ سه‌ر و شوێنم. ( چاوه‌ڕوانی بێهووده).
به‌ڵێ با گه‌رده‌لوولێ بێ
ئه‌وی بۆنێکی تۆی لێ بێ
… راپێچی بکا بۆ گۆڕی ته‌نیایی!! (شۆڕشی نائۆمیدیی)
له یه‌که‌مدا به‌ڵێ یه‌کی رۆحی عیشق په‌روه‌رانه‌یه که به نه‌رمی له حاڵه‌تی دڵهۆگریی سۆفیاندا، خود ( بێ سه‌ر و شوێن) ده‌کا. به‌ڵێ ی دووه‌م: روخسه‌ت دانه، فه‌رمان دانی رق ئامێزه، بۆ سڕینه‌وه و بێ سه‌ر و شوێن کردنی هه‌موو یادگار ە به‌جێماوه‌کانی ئه‌و عیشقه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من چییه‌تی و چۆنێتی مێژووی ئه‌و عیشقه‌م ده‌زانی، گومانم هه‌بوو که هیچ خه‌زانێ، ره‌شه‌بایه، گه‌رده‌لوولێ بتوانێ له ناو دڵی عاشقی خه‌سته‌دا کۆتایی پێ بێنێ.
به‌ڵێ، ئێمه مرۆڤین و (رق) سروشتزا یه‌که له گه‌ڵمان له دایك ده‌بێ. نازانین چۆن ئاوا ده‌ستی دارمێنهرانهی له ناخمان گیر ده‌کا. پیری عیشق هه‌قی بوو له‌و هه‌موو مانایانه‌ی ڕێکه‌وتی (گوناه) بۆ ئه‌وی ههڵرێژتن، جامێکی ئاگراوی و ژه‌هراوی رق له‌ناو دڵ و ناخیدا کۆبێته‌وه و بکه‌وێته قوڵپی تۆله!
پرۆژه‌ی شورشهکهی به‌رپاکرد: هه‌رچی یادگاره له‌ناوی برد، هه‌رچی یادهێنه‌ره‌وه‌یه ونی کرد و با گۆڕی کرد؟ به‌ڵام هاوار؟
کچێ دنیا له‌ناو جوانی ئه‌وا توابێته‌وه،
کچێ هه‌موو سروه‌یه‌کی با جوانی ئه‌و بگێڕێته‌وه،
کچێ، ده‌رکه‌وتنی ئه‌و نه‌ك تەنێ خورپه‌ی له دڵا هه‌ڵکه‌ندبێ، به‌ڵکو بوونی عاشقی له حاڵه‌تی جه‌زبه‌ی هه‌بووندا هه‌ڵپه‌سارد بێ.
ئایا.. ده‌کرێ، هه‌موو یادگار و شوێنه‌وارێکی ئه‌و عەشق و عاشقه له ناو ببرێ؟
ده‌شێ به بڕیاری شۆڕشێکی خودیاریی (زاتی)، خۆمان له‌و مێژووه بهاوینه ده‌ره‌وه، که مێژووی ئه‌و عیشقه‌یه و، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و، عاشق، مه‌گه‌ر هه‌بوونێكی تارمایی هه‌بێ؟!
دوا ستانزای هۆنراوه‌که وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌مان ده‌داته‌وه.
ئێمه وامان زانی هه‌موو شتێ کۆتایی هات.
په‌پوو گۆرانی خۆی وت و شه‌یتانیش سه‌مای خۆی کرد.
که‌جی زه‌مانێکی زۆر دوای ئه‌مه، پیره عاشق سه‌یر ده‌کا، هه‌رچه‌نی ژیان و بوونی هه‌یه ئه‌و کۆنه عیشقه خیانهتاوییه داگیری کردووه.
هیچ ڕواڵه‌ت و هیزێکی سروشت کاری خۆی نه‌کرد.
هیچ هێزێکی ناوه‌وه (نه‌یتوانی) ناوی بسڕێته‌وه و نه‌یتوانی به چاو و دڵ و گوێ و هه‌سته‌کانی ، ئه‌و دیمه‌ن و وێنانه ههڵابوێرێ که هۆگریان بوو بوون.
چ شتێ هه‌یه: هێزێکی وا دروست کا، که ئه‌م گیرۆده‌ییه ڕۆحییه داوهشێنێ!
وه‌ك دوا هه‌وڵ، دوا ته‌قه‌ڵای (بێهووده) شاعیر بۆ دنیای ریالیزم داده‌به‌زێ و بێ هومێدانه و ناچار هانا ده‌باته ئه‌و هێزانه‌ی ژیان كە خودی ژیان، خۆی له‌ناو ده‌به‌ن! مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌و کاته‌ی که ئه‌و هێزه کۆمه‌ڵییه سته‌مکارانه ده‌ستی سته‌مکارییان خسته کار ئه‌وسا دوا یادی ئه‌ویش بسڕدرێته‌وه.
ده‌با ده‌ستی سته‌مکاری..
ژیانی پڕ له زۆرداری
له یادا بیسڕێ شیوهت له یادی ژین و گه‌ردوونا..!!
سه‌رنجی ئه‌م گوزاره‌یه بدەن: (بیسڕێ شێوه‌ت له یادی ژین و گه‌ردوونا).
ئه‌مه پڕا و پڕ ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م دێڕه‌یه:
سه‌رنجی رێ ئه‌ده‌م، ڕێگا. هه‌موو شێوه‌ی ئه‌وی تیایه
وه‌کو دنیا له ناو جوانی ئه‌وا توایته‌وه وایه
به‌ڵکو له‌مه‌ش زیاتر!
دوای ئه‌و هه‌موو شۆڕشی سڕینه‌وه و له‌ناو بردن، هێشتا شێوه‌ی له ته‌واوی یادی ژین و لە هه‌موو گه‌ردوونا ده‌بینێ!!
هێشتا نیگاری چاوی ده‌بینێ،
هێشتا گوڵی جوانی و بزه‌ی سه‌ر لێوی ده‌بینێ.
ببه‌ڵام جیاوازییه‌که ئه‌وه‌یه ئێستا..
نیگاری چاوه‌که: فێڵاوییە
گوڵی جوانییه‌که: بێ بونه
بزه‌ی سه‌ر لێو: ژه‌هراوییه.
کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌م دژانه، یان زیاد کردنی ئه‌م (داشکێنه‌ر و سووكکهرانه)، قووڵی ژاندارییهکهی (موعاناتی) دڵداره‌که ده‌ردەبڕن: ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه.
1- هێشتا ئه‌و دڵداره هه‌بوون و ئاگادارییه‌کی سه‌رتاسه‌ریی و گه‌ردوونیی له ژیانیدا هه‌یه.
2- هێشتا به‌چاوی ناوه‌وه‌ی، له دنیای هه‌ستیا، له سه‌رنجدانی بۆ دنیا و شوێن و شاره‌که‌یان، له هه‌موو شوێنێكدا، نیگار و بزه و گوڵی جوانی ئه‌و ده‌بینێ.
3- جیاوازییه‌که ئه‌وه‌یه ئه‌و (گوناه)ە كردی هه‌موو ئه‌و جوانییانه‌ی له سه‌رچاوه‌ی ڕێز و خۆشییه‌وه بۆ ئه‌و، کردۆته چاوگه‌ی بێ به‌ری بوون و داخ و ئازار.
ئه‌و ناتوانێ ئه‌و عیشقه وه‌ك خۆی بژێنێته‌وه. دڵداره‌که‌ی خیانه‌تی لێ کردووه و وازی لێ هێناوه. به‌ڵام ناشتوانێ ئه‌و عه‌شقه‌ی لای ئه‌و ڕۆحیی و گه‌ردوونی بوو و به‌م شێوه‌ش له مێژووی دڵی ئه‌ودا تۆمارکراوه، لهبیربباتەوه.
(زۆر كەڕەت) هه‌وڵی دا له ڕێگای ڕه‌شه‌با و باو بۆران و گه‌رده‌لوولی ڕقه‌وه، (ئه‌و) ڕاماڵێ و له بیری به‌رێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌تا ده‌بینین، وه‌ك جاران، یاده‌کانی ژیان و گه‌ردوونیان پڕ کردووه.
ته‌نانه‌ت (کوشتن و ناشتن و ته‌لقین و هه‌ڵپه‌ڕکێی شه‌یتان) له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ش، کۆتایی به‌م (عه‌شقی کۆتایی) یه (ناپاکه) نه‌هێنا.
ئێستا دوای مردن و ناشتنی سو-هرناتورالییانه، ئه‌و عیشقه گۆڕانێكی سوپهرناتورالی به‌سه‌ردا هاتووه.
ئێستا بۆته تاپوو تارمایی یادگارێکی تێکشکاوی بێ سه‌ر و پێ!!
ئه‌م وێنه بێننه به‌رچاوتان:
که‌سێ ده‌کوژی، دهینێژی، له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی هه‌ڵده‌په‌ڕی و ده‌ڕۆیه‌وه به‌و خه‌یاڵه‌ی (ئیدی ته‌واو)، کۆتایی هات.
که‌چی سه‌یرده‌که‌ی له هه‌موو شوێنێكدا شێوه‌ی له‌به‌رده‌متدا ئاماده‌یه.
له‌مه‌ش زیاتر دوای مردنه‌که‌ی بووه به (تارماییه‌ك)، تارمایی زیندویهکی تێکشکاوی بێ سه‌ر و پێ! چ دیمه‌نێکی سامناك و مێشك تێکده‌ره!
ئایا ئه‌م عاشقه هه‌ژاره میلانکولی و خه‌مه ڕه‌شه‌که‌ی گه‌یاندوویه‌تییه ئه‌و پله‌ی تووشی تێکچوونی عه‌قڵیش بێ و تارمایی ببینێ؟
دوا دێڕی هۆنراوه‌که پوخته‌ی هه‌موو چیرۆکی (ژیانی عه‌شق) ی پێکهوهیانه:
دڵدارییه‌کی ته‌مه‌ن کورت. شه‌وه‌کانی خه‌ڵوه‌ت و خۆشی شه‌وان جوانه‌مه‌رگ بوون. واته له هه‌ڕه‌تی لاوێتی و سه‌ره‌تایی ئه‌وین، له ناکاودا، کۆتای‌یان پێ هێنرا!.
به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان نه‌دایه‌وه:
ئه‌و عیشقه‌ی ئاوا ڕه‌گی له‌گه‌ڵ ڕه‌گی ژیاندا تێکه‌ڵ بووه و مه‌حاڵه بتوانی له ڕووی عاتیفی و سایکۆلۆجییه‌وه له بیری به‌رێته‌وه و ئه‌وی گه‌یاندۆته سه‌ر ڕۆخی شێت بوون و تارمایه‌که‌ی له هه‌موو شوێنێکدا ده‌بینێ، چ شتێ هه‌یه بتوانێ له‌م ژانه بوونیارییه ده‌روونییه رزگاری بکا؟
ئه‌و به هێزی ناوه‌وه‌ی خۆی به هه‌وڵدانی بۆ ئه‌وه‌ی ڕوانگه‌یه‌کی نوێی ناحه‌ز بۆ سروشت و ژیان به‌ده‌ست بێنێ و مێژووی ڕابردوویان به‌شێوه‌یه‌کی خۆیی نوێ بسڕێتەوە و ڕاڤه بکات، نه‌یتوانی خۆی له قورسایی باری سایکۆلۆجی ئه‌زموونه نامرادهکهی رزگار بکات. ئه‌ی چی ئاخری کۆتایی به‌م تراژیدیایه دێنێ؟
وه‌ڵام:
ده‌ستی سته‌مکاری
ژیانی پڕ له زۆرداری
ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی (ژیان و ئه‌رکی ناخۆشی) هۆنراوه‌ی (ڕازی ته‌نیایی) تێدایه.
به‌ڵام له‌وێدا، ته‌نیا ڕاگوزاری باسی کراوه و ده‌وری نه‌دراوه‌تێ له‌وه زیاتر که سه‌ره‌تای درامای شکستی دڵدارییه‌که‌ی دروست کردووه. ئه‌وسا ئه‌زموونه‌که به‌جیا و دوور له هۆکاره‌که‌ی وه‌ك ئه‌زموونێکی خودیاریی سایکۆلۆجیی په‌تی، ژیندار کراوه و وه‌سف کراوه.
لێره‌دا ئه‌فسووس، شته‌که که به پێچه‌وانه‌یه.
ژیان: ژیانێکه پڕ له زۆرداریی.
ده‌ستی سته‌مکارییش ئه‌وه‌نده به هێزه که هیچ شتێ خۆی بۆ ناگرێ.
ئه‌و ده‌ستی زۆردارییه یه که مرۆڤ تووشی ئه‌وه‌نده گێره و کێشه و گێچه‌ڵ و ئازار و ناره‌حه‌تی ژیان ده‌کات که ئاخری ژیانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤیش به چاك و خراپه و له‌گه‌ڵ خۆی دادەتەپێنێ.
له ئاست زۆرداریی کۆبه‌ندیی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ نایپه‌رژێته سه‌ر لاواندنه‌وه‌ی عیشق و خۆته‌رخان کردن بۆ خولیا خودیارییهکان. ئه‌و ژیانه پڕ سته‌مه: ورده ورده دڵداره‌که خه‌مبار و ژاندار و په‌ك که‌وته ده‌کا. ئه‌وسا ئه‌و یادانه‌ی خۆشه‌ویستییە جه‌رگ بڕه‌که‌ش له ژێر شاڵاوی راسته‌قینه‌ی لافاوی ئه‌واندا ده‌سڕێته‌وه.
شاعیر له بێ هومێدیهوه، به‌رامبه‌ر ژیان له لایه‌که‌وه و به‌رامبه‌ر، خۆشه‌ویستییه ناکامه‌که‌ی له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌م ئه‌نجامه پڕ ره‌شبینیه قبووڵ ده‌کات.
وێنه دژه‌کانی ئه‌م به‌شه:
ژیان: زۆرداری و ده‌ستی سته‌مکاری
یادی ژین و گه‌ردوون: به‌حری قووڵی ونبوون
نیگا: چاوی فێڵاوی
گوڵ: جوانی بێ بۆن
بزه: لێوی ژه‌هراوی
یادگار: تارمایی تێکشکاو
ته‌مه‌نی دڵداری: کورتی
خۆشیی: جوانه‌مه‌رگی
وێنه‌کان:
ده‌ستی سته‌مکاری: میتافۆر و کهساندنیشه.
زۆرداری وه‌ك که‌سێك ده‌ستی هه‌بێ باس کراوه ئه‌وسا میتافۆر و کهساندنهکانی دی به دوایدا دێن: بیسڕێ بێ ره‌حمانه غه‌رقی کا.
ونبوون: وه‌ك ده‌ریایه‌کی قووڵ سه‌ر وێنه‌کراوه.
یادگار: وێنهکراوە وه‌ك تارمایی که‌سێکی بێ سه‌ر و پێ.
دڵداریی: وه‌ك مرۆڤێکی خاوه‌ن ته‌مه‌نی کورت سه‌ر وێنه‌کراوه.
شه‌وانی دڵداری: وه‌ك کۆرپه‌ی جوانه مه‌رگ وه‌سف کراون.
(10) کێش و ئاهه‌نگ:
سه‌رنجێکی خێرای کێش و ئاهه‌نگی هۆنراوه‌که بده‌ین.
وه‌ك (رازی ته‌نیایی) ئه‌م هۆنراوه‌ش له‌سه‌ر کێشی کوردی بڕگه‌یی ( یان په‌نجه‌ی) شازده بڕگه‌یی کاپلێت ( دوو دێڕی یان قافیه دار) cc aa bb دارێژراوه.
دێری یه‌که‌می هه‌ر ستانزایهك کراوه‌ته دوو نیوه دێری قافیه‌داری هه‌شت بڕگه‌یی و له سه‌ره‌وه و ناوه‌ڕاستدا نووسراوه.
ب نا/ غه و چی/ نی دی/ وا ری 8
ته لا/ ری به‌ر/ زی دڵ/ دا ریی 8
پاشماوه‌ی شیعره‌که دێری شازده بڕگه‌یین که ئه‌وانیش له ناوه‌راست به هۆی ئێستێکی ئاهەنگەكەوه به‌سه‌ر کێشی 8 لا 8 دا دابه‌شکراون.
به سه‌ر/ ل انه‌ی/ د ڵا/ روو خا/ ا: ته پو/ تۆ زی/ خه می/ هێ نا/ 8 x 8
له پاڵ وشە پەتی و ناسکاكاندا، دارشتنه رێزمانییه کوردییە ساغ و پته‌وه‌که‌ی، وێنه و نیشانە و رەمزە تێکچرژاوهکاندا، رێزمانی مۆسیقی هۆنراوه‌که‌ش: هاوتێکهڵکێشی کێش و ئاهه‌نگه‌که‌ی ئاراگه‌ی سایکۆلۆجی و بزاڤی سروشت و تەوژمی ده‌روون و مانای قووڵ، له هه‌ر ستانزایهکدا دیاری ده‌که‌ن. وشه‌ی ( ده‌با) و ( با) ی هاندان له پاڵ وێنه‌ی ( با) و ( ره‌شه‌با) و ( بای وه‌شت) و گه‌رده‌لوول و تاوی باران و هه‌وری ره‌ش و راپێچکردن، دینامێکێکی کاریگه‌ر بۆ بزواندن و به‌گه‌رخستنی ده‌یان مانا و مه‌به‌ستی هۆنراوه‌که دروست ده‌که‌ن.
وشه‌ی { ده‌با} و پیتی (ب) ی کرداری داهاتووی گریمانی وێنه‌یه‌کی زه‌ینی داهاتوویه‌کی رابردوو یان رابردوویه‌کی داهاتوو درووست ده‌کا.
له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگ و ئاوازه ده‌با شه‌یتانی راڕایی
سه‌مای پر ته‌وسی بێ شه‌رمیی بکا بۆ عه‌شقی کۆتایی!
( ده‌با) و ( بکا) ئه‌و میکانیزمه زهینییهن که به پرۆژه‌یه‌کی ئێستایی، رابردوویه‌ك له داهاتوودا ته‌واو ده‌که‌ن!
تێگه‌یشتنی ئه‌م میکانیزمه‌ی (کات) ی شیعره‌که گرنگه بۆ شیکردنه‌وه‌ی پێشباوهڕییهکانی presumption شیعره‌که، شێوه‌ی هه‌ڵچوونی ئاخاوتنه‌که و ئاشکراکردنی پێچه‌وانه و پهرهدۆکسی رووخاندن و درووستکردن و مانه‌وه و له‌ناوبردن و بۆشایی و پته‌ویی و راستی و بۆشاڵ ( وههم) له ستراکتوور و سیمانتیکی هۆنراوه‌که‌دا.
11) ئه‌نجام:
زه‌حمه‌ته ئه‌نجامێك بۆ ئه‌م لێکۆلینه‌وه‌یه بنووسین که پێناسه و هه‌لسه‌نگاندنێکی ته‌واوی هۆنراوه‌که زامن بکات. هۆنراوه‌که له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك دارێژراوه له هه‌ر ئاستێک‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیا هه‌ڵده‌گرێ. گه‌ر له روانگه‌یه‌کی ستراکتوورالی (بونیه‌وی) یان وه‌ك ( ئاخاوتن) ( به‌و مانایه‌ی فۆکۆ وه‌سفی ده‌کا) سه‌رنجی بده‌ین هێشتا بۆ-هەبووی ( ئیحتیمالاتی) خوێندنه‌وه‌ی جیا پێشکه‌ش ده‌کات. هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌ی سایکۆلۆجی فزۆییدیانه دیسانه‌وه ئه‌نجامه‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کات.
هۆنراوه‌ی ( شۆرشی نائومێدی) له چوار ستانزای دێڕبەند واته (28) دێڕ پێك هاتووه.
ناونیشانی هۆنراوه‌که ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی له دوو ئاستی گرنگدا ده‌رده‌بڕێ که نادیاری و ئاڵۆزیی یان دوولایی مانای پیرێزهکه ( فرهیزهکه) ده‌ری ده‌بڕێ: ئایا شۆرشی ناهومێدییه ( بێ هومێد بوونی ته‌واو له خۆشه‌ویستییه‌که) یان شۆرشه به‌سه‌ر ناهومێدیدا؟
1- له ئاستی رێزمانی ئاسایی: رێزمانی رسته‌یی یان مانای ده‌ره‌وه‌ی وشه‌کاندا، شاعیر نه‌خشه‌ی شورشێکی ده‌روونیمان به‌سه‌ر به شێکی میژووی ژیانی خۆیدا بۆ ده‌کێشێ. وشه‌کانی ( با، ده‌با) و کرداره‌کانی داهاتووی گریمانی ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که شۆرشه‌که رووی نه‌داوه و شاعیر به توندی و بڕوا و لێبڕانێکی به‌رواڵه‌ت زۆر به هێزه‌وه ده‌یه‌وێ ئه‌و شۆرشه به‌رواڵه‌ت کاریگه‌ره راماڵکهره: هیچ شتێ، ره‌نگێ، بۆنێ، شوێنه‌وارێ، له‌و مێژووەیدا نه‌هێڵێته‌وه. واتە لەم ئاستەدا، پرۆژەكە (دەبایی) یەو جێبەجێ نەكراوە.
2- له ئاستی رێزمانی سایکۆلۆجی هۆنراوه‌که‌دا شۆرشه‌که لە دیوی دەرەوە بە توندی روو ده‌دا. وشه‌کان خۆیان نوێنه‌ر و پرۆسه و ته‌واوکه‌ری شۆرشهکهن. ئه‌م هۆنراوه‌یه پڕه له پێچه‌وانه‌یی و په‌رادۆکسی. له‌م ئاسته ده‌روونیه‌دا شۆرشه‌که ده‌ستی پێ‌کرد، هه‌ڵچوو، کپ بۆوه و ئه‌نجامه‌که‌ش ئاشکرایه!! ده‌وری هۆنراوه‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ئه‌رستۆ پێی ده‌ڵێ: کاثارسیس: , katharsisواته پاك کردنه‌وه یان ساف کردنه‌وه. واته شیعره‌که خۆی وه‌ك ئاخاوتنێکی زمانی و ده‌ربڕینێکی عاتیفی خه‌ست و چڕ و تووڕه, یارمه‌تی ئه‌وه ده‌دا شاعیر ئه‌و گرژییه ده‌روونیه سووك بکات که له ئه‌نجامی سیناریۆی خیانه‌تی دڵدار تووشی هاتووه.
3- به‌ڵام بۆ تێگه‌یشتنی ته‌واوی ئه‌وه‌ی رووده‌دا و روونادا و حه‌قیقه‌تی گرژییه ده‌روونیه‌که کێشه‌که و ئه‌نجامه‌کانی پێویسته له ئاستێکی تری ئاخاوتندا سه‌رنجی هۆنراوه‌که بده‌ین که ئه‌ویش ئاستی گێرانه‌وه‌یه. به‌م پێیه هۆنراوه‌که بریتییه له گێرانه‌وه narrative واته ئاخاوتنێکی چیرۆکخوانییه narrative discovers هه‌ر به‌شه‌ی هۆنراوه‌که به‌شێك یان چهپتهرێکسی چیرۆکه‌که ده‌گرێته‌وه.
ته‌کنیکی گێرانه‌وه‌ی چیرۆکه‌که حاڵه‌تی ئاڵۆزیی ده‌روونی چیرۆکخوان ه و کارکردنی رووداوه سه‌ره‌کییه‌که‌ی چیرۆکه‌که له خۆی وه‌ك پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی یان نیوهسهرهکی چیرۆکه‌که نیشان ده‌دا. ئاخاوتنی ناراسته‌وخۆ ( گێرانه‌وه‌ی رووداوه‌کان بۆ که‌سێک، به‌رامبه‌ر جمهورێك) ، ئاخاوتنی راسته‌وخۆ: قسه‌کردنی راسته‌وخۆ (به شێوه‌ی دایه‌لۆگی یه‌ك لایه‌نی) له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌که‌یدا، پاڵه‌وانی دووه‌م، كە کچهکەیە< به‌کار بردراون. له ستانزای یه‌که‌مدا، له سێ دێڕی یه‌که‌مدا سه‌ره‌تای چیرۆکه‌که، که له پێشینه مێژوویی یەكەیدا دامه‌زراوه، ده‌گێرێته‌وه: چیرۆکی هه‌ڵچوون و داچوونی دڵدارییه‌که‌ی.. ئه‌وسا هه‌موو گێرانه‌وه‌که له‌ناو هه‌ڵچوونی ده‌روونی چیرۆکخواندا روو ده‌دا. ئه‌و بابه‌ت و پاڵه‌وانی چیرۆکه‌که‌ی کچه‌که ده‌گوێزێته‌وه بۆ ئاینده‌یه‌کی تاریك و له روانگه‌ی ئه‌و ئاینده تاریکه‌وه چیرۆکی ژیانی ئه‌و له خاڵی گێرانهوهکهوه تا خاڵی به‌دیهاتنی پاشه‌ڕۆژه تاریکه‌که ده‌گێرێته‌وه، واته لێره‌وه له دوای سێ دێڕی یه‌که‌مه‌وه چیرۆکخوان باسی ئه‌وه ده‌کا که له داهاتوودا چی له رابردوو ده‌ک و دەیكاتە رابردوویەكی تەواو جیاواز یان سڕدراوە ا!! له‌م سیناریۆ سهیرهدایه که ئێمه رابردوویه‌کی زه‌ق و زیندوو ده‌دۆزینه‌وه که کراوه‌ته بابه‌تی پرۆژه‌ی شۆرشێکی ده‌روونی ئاینده‌خواز. بنچینه و پرۆسه و ئامانجه‌کانی شۆرشه‌که به رواڵه‌ت ئه‌مه‌نده روون و ئاشکرا و نزیکه ده‌ستن که داهاتووه‌که نه‌ك وه‌ك ئێستا به‌ڵکو وه‌ك رابوردویه‌کی گریمانی ته‌واو بوو ده‌بینین. ئه‌مه وه‌همێکی زه‌مه‌نی وا درووست ده‌کا که خوێنه‌ری ئاسایی ره‌نگه له رواڵه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ماناکان واته هه‌ڵچوونه شۆرشگرییهکه به‌ولا وە، هیچی دی نه‌خوێنێته‌وه. به‌ڵام له‌م گه‌شته فانتازییەكەدا له رابردووه وه بۆ ئێستا، له ئێستاوه بۆ داهاتووی رابردوو، دیاره کۆمه‌ڵه (بۆشایی) و ( به‌تاڵییه‌کی) ستراکتووری و زه‌ینی درووست ده‌بن. هه‌موو پرۆژه‌که له‌سه‌ر فانتازیا هه‌ڵچنراوه: فانتازیای تۆڵه.
به‌شی یه‌که‌می سیناریۆی فانتازییایهکه پرۆسه‌ی کۆکردنه‌وه و وه‌لانان و کوشتنی و ناشتنی و راماڵینی ره‌گ و یادگار و نیشانه و بیره‌وه‌ری مێژووی کورتی خۆشه‌ویستییه‌که‌یه.
راستیی، ته‌نیا له دوا دێڕدا شاعیر یا چیرۆکخوان پێمان ده‌ڵێ چیرۆکه‌که‌ی به راستی باسی چی ده‌کا: دوا دێڕ ده‌ڵێ: دڵداریی عومر کورت و شه‌وانی جوانه‌مه‌رگی.
ئه‌مه ناوه‌رۆکی ناخیی و قوول و راسته‌قینه‌ی هۆنراوه‌که و چیرۆکه‌که‌یه.
هه‌وڵه فانتازیاکه‌ی چیرۆکخوان بۆ ئه‌وه‌یه: ئه‌و دوو شته نه‌ڵێ، بۆ ئه‌وه‌یه بڵێ: ئه‌و دڵدارییه ته‌مه‌ن کورت و خۆشییه جوانه‌مه‌رگانه‌ی شه‌وانی دڵداری کۆتای‌یان هات و ئیدی من له دڵ و ده‌روون و کون و که‌لێنی مێشکی خۆم بردوومنهتە دەرەوە و باسیان ناکه‌م.
به‌ڵام ده‌رکه‌وتنی چر و بڕنده‌ی ئه‌و دوو ده‌ربڕینه له دوادێڕی ئهنجامبهخشانهی چیرۆکه‌که‌دا ئه‌وه ده‌رده‌خا که دوای ئه‌م شۆرشه فانتازییەكە، برینه‌که هێشتا قووڵتره‌و ئازاره روحییهکه سه‌ختتره!!
ئێستا ده‌توانین هه‌موو پرۆسه‌که به‌راوه‌ژوو که‌ینه‌وه؛ ده‌توانین له‌م دوو پیرێزه‌وه ( فرهیزهوه): (دڵداریی عومر کورت و شه‌وانی جوانه‌مه‌رگیی)ه‌وه بۆ سه‌ره‌تای هۆنراوه‌که بچینه‌وه: واته به‌م پێیه چیرۆک خوان ده‌ڵێ: خه‌ڵکینه لێم گه‌ڕێن باسی دڵدارییه‌کی عومر کورت و عه‌شقێکی خۆشی جوانه‌مه‌رگی خۆمتان بۆ بکه‌م.
عه‌شقێك که ئه‌وه‌نده قووڵ و بڕنده و تێکه‌لاوی رۆحە که هه‌رچه‌ند کردم و ده‌که‌م لێم نابێته‌وه. تاقه چاری ناچارم ئه‌وه‌یه به‌و په‌ڕی ره‌شبینی و بێهومێدییهوه هیوا خوازبم که ئه‌م ژیانه سه‌خت و پر زۆردارییه، به ئازاره گیانتاستێنهکانی خۆی، خورپه و شێوه‌ی ئه‌م عیشقه ناکامهش له رۆحمدا کپ بکات. { ستانزای چواره‌م}
ده‌زانن خه‌ڵکینه بۆ وا ناره‌حه‌تم! ده‌زانن بۆ هێنده دڵ به ئازار و تووڕه‌م: ئه‌و پهیزادهی به دڵ و گیان به نیاز بووم و باوه‌ڕم وابوو به‌هه‌شتی دڵداری ئه‌به‌دیم پێ ده‌به‌خشێ و خه‌ریکی ئاماده‌کردنی لانه‌ی به‌خته‌وه‌ری هاوسەریی بووم لە گەڵیا، ئه‌و دڵدارە ( خیانه‌تی) لێکردم!
ئایا ئاخاوتنی (خیانه‌ت): واته خیانه‌تی ژن و مێردیی له چیرۆکه‌که‌دا هه‌یه!
به‌ڵێ: هه‌موو شته‌کان، راستییه‌کان، نهێنییه پهنگخواردهکانی رۆح ئه‌و کاته ده‌ته‌قنه‌وه که دڵداره‌که راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر عاشقه‌که‌ی ده‌بێته‌وه به راناوی: تۆ: له گه‌ڵیا ده‌په‌یڤێ
ئێستا ده‌توانین ستانزای سێ به جۆرێکی تر له ئاستێكی سایکۆلۆجیدا که برینداریی خیانه‌تی تێدایه، بخوێنینه‌وه. ئێستا مانای ئه‌و ستانزایه ئاوای لێ دێ:
من له‌و هه‌موو شتانه‌ی له بهینماندا بوون و به گیان و دڵ خۆشم ده‌ویستن و به نرخم ده‌زانین چونکه یادگاری خۆشه‌ویستی تۆ بوون، ئێستا هیچیانم به‌لاوه به نرخ نین، هیچن، پووشن. چونکه تۆ لای من مردووی و ئه‌وانیش بۆنی تۆیان لێ دێ.
بۆنی تۆ: بۆنی خیانه‌ته، بۆنی ( گیانێکی ناپاکه) که خیانه‌تی به سوێند و په‌یمان و وه‌فای ئه‌وین کرد. تۆ نه‌تتوانی دڵسۆز و خۆراگر و په‌یمان نه‌شکێن بی. تۆ بێبار بووی، هه‌ر زوو له پێوه‌ندی دڵداریمان دا تووشی دوو دڵی و رارایی بووی. ( شه‌یتانی رارایی) هاته ناو رۆحته‌وه تۆی له خشته برد. ئێستاش من ده‌مه‌وێ هه‌ر ئه‌و شه‌یتانه سه‌مای (بێشه‌رمی) له‌سه‌ر گۆڕی (عیشقه ناپاکهکهت) بکا و رۆژانت پڕ بن له باس و خواس و ترسنۆك و ته‌وس و توانجی ئه‌م خه‌لکه.
وه‌ره پێشه‌وه من دوژمنت نیم- به‌ڵام ده‌مه‌وێ به گوێتا بچرپێنم: تۆ لای من کۆتاییت هات!!
پرسیارێکی دی له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م خوێندنه‌وه و ئاکامه ئه‌وه‌یه ئایا راسته ئه‌مە شۆرش بوو؟ ئایا راسته ئه‌و وشه و ده‌ربڕین و دارشته سایکۆلۆجییانه ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که دڵداره‌که له ناخه‌وه ده‌یه‌وێ ئه‌و شۆرشه وێرانکه‌ره راماڵکهره به‌رپا بکا و هیچ له رابردوویان نه‌هێڵێته‌وه؟! پێشتر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارەم دایه‌وه که دڵداره‌که له سڕینه‌وه‌ی رابردوو و کۆتایی هێنان به چیرۆکه‌که نه‌ك هه‌ر سه‌رنه‌که‌وت به‌ڵکو خه‌ست تر‌و ئازاراوی تری کرد.
راستیه‌که‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌یر ده‌که‌ین پرۆژه‌ی شۆرشه‌که دوو لایه‌نی هه‌یه. گه‌رچی له داخا ده‌یه‌وێ هه‌موو شتێ بروخێنێ، راستییه‌که‌ی ته‌نیا شۆرشه به‌سه‌ر لایه‌نی ناپاکیی و خیانه‌ته‌که‌دا. ئه‌گینا عیشقەکه خۆی له گه‌رمه‌ی شۆرشه رووخێنهرهکهشدا زۆر به نه‌رمی و دڵنه‌واییه‌وه مامه‌ڵه‌ی کراوه!!
شاعیر له سه‌ره‌تاوه نایه هه‌رچی پاشماوه‌و یادگاری دڵدارییان هه‌یه فڕێیان بداته ناو ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه و ئه‌وسا بچێ له زبڵدانێکدا بیاننێژێ.
ستانزای یه‌که‌م له ژێر مانا ده‌ره‌وه‌ییه‌کاندا، ئه‌و پرۆسه ناسکه نیشان ده‌دا که شاعیر به زۆر به ناسکی (ورد ورد) ( وه‌ك سروه‌ی خه‌زان) یادگاره‌کان خڕده‌کاته‌وه و هه‌موویان له قوژبنێکدا داده‌نێ. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌مێ هه‌موویانی له‌به‌ر چاو نه‌بن و به بیرهێنانه‌وه ئازاری نه‌ده‌ن!!
ئه‌وسا نایه یه‌ك گه‌ڵابه قوڕ و زه‌لکاو بێنێ تا ئه‌و قوژبن و چاکه داپۆشێ: ره‌نگه له‌داخا گه‌سکه‌که‌ی به‌م وێنه و به‌و سه‌رین و به‌و به‌تانی و جل و به‌رگه‌دا کێشابێ و تۆزێ ته‌پ و تۆزی لێ ههڵپڕژاندبن. ئه‌مه‌ش خۆلاویان ده‌کا به‌ڵام گۆڕییان بۆ درووست ناکا.
دیسان (بای ده‌شت) به بای خۆراوا ده‌وترێ. بایه‌کی نه‌رم له‌گه‌ڵ هه‌ور و نمه‌ی باراندا دێ. بارانیش خۆی له خۆیدا چه‌ند مانای هه‌یه گه‌رچی بارانی به‌خوڕیش بێ راستی ( باران) ده‌شواته‌وه و هه‌روا دهشژینێتهوه. به باراندنی ئه‌و بارانه به‌سه‌ر ( گۆریچه) خه‌یاڵییه‌که‌دا دڵداره‌که زیاتر له بێئاگایی ره‌وانی خۆیدا، حه‌ز به شتنه‌وه و نوێکردنه‌وه‌ی یاده‌کان ده‌کا.
بای وه‌شت و بارانه‌که‌ش: له‌وه زیاتر نییه که دوای ئه‌وه‌ی دڵداره‌که هه‌موو یان زۆربه‌ی یادگاره‌کانی به‌وردی و هێمن له گۆشه‌یه‌کی ماڵه‌که‌یدا دانان. ئه‌وسا بێ به‌رامبه‌ریان و له‌سه‌ریان لە سە رەتادا ورد ورد و ئه‌وسا خوڕ خوڕ بگری!! ئه‌م هه‌موو هه‌را و هوریا و شۆرشه بێ ئامانه‌ی له سروشتی ده‌ره‌وه‌دا به‌رپای ده‌کا، هه‌مووی هه‌وڵێکه بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و سروشتی ناوه‌وه‌یه که‌چی زمانه سایکۆلۆجییهکه به ئاشکرا ده‌ری ده‌بڕێ!!
ئه‌و بۆچوونه عاتیفییه قووڵه و ئه‌و په‌رۆشه روحییه بۆ عه‌شقه رۆچووهکهی (له ده‌ره‌وه وه‌ك له ده‌ست چوون) و له ناوه‌وه وه‌ك قووڵتربوونه‌وه‌ی پتر به رۆحدا، له ستانزای سێیه‌مدا زیاتر خۆی ده‌رده‌خا. سه‌یری ئه‌م ده‌ربڕینه ناسك و عاتفییه بکه‌ن:
به گوێیا با بچرپێنێ: مقامی عومری کۆتایی!
چرپه چه‌ند ناسکه. نقام: واته بە گۆرانی یان به ئاوازی گۆرانی به گوێیدا بچرپێنێ! ئه‌مه جگه له راز و نیازێکی عاشقانه‌ی ناسك زیاتر نییه. دوای ئه‌و هه‌موو گریان و ئه‌شك رشتنه به‌دیار یادگارهکانهوه دڵداره‌که ده‌توانێ واده‌ی بینینێك له‌گه‌ڵ (عاشق) ه که‌یدا به‌ده‌ست بێنێ، یان به ڕێکه‌وت یان به ئاسایی پێی ده‌گا. به گوێیدا ده‌چرپێنێ: ئاخر جیابوونه‌وه‌ت له من تووشی ژیانێکی ته‌نیاییت ده‌کا وه‌ك گۆڕ ده‌بێ بۆ تۆ. ئێمه ئه‌م هه‌موو بیره‌وه‌رییه خۆشه‌ی خۆشه‌ویستییه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه، بێ من هه‌ڵناکه‌ی. ئه‌وانه‌ی به‌م کاره‌ت دڵخۆش ده‌بن ته‌نیا ئه‌و که‌سانه‌ن که وه‌کو (په‌پووی) شووم وان و حه‌ساده‌ت به هه‌موو خۆشه‌ویستیه‌کی راسته‌قینه ده‌به‌ن. ئه‌وانه به رواڵه‌ت پێت داههڵدهنێن و ساز و ئاوازی نهواییت بۆ ده‌ڵێن، به‌ڵام راستی ده‌یانه‌وێ ژیانی تۆ وێران بکه‌ن، ده‌یانه‌وێ دنیای تۆ تاریك بکه‌ن، که‌وایه دڵه‌که‌م شه‌یتانی رارایی نه‌فره‌ت که و وه‌ره‌وه لام!! ( ستانزای سێ)
دێینه‌وه بۆ ستانزای چواره‌م و دوایی:
دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م هه‌وڵه هه‌ره‌س دێنێ، ئه‌وسا به ناکامی شاعیر فه‌لسه‌فییانه سه‌یری ژیان ده‌کا: ئێمه کێین؟ کوردین. ژیانی ئێمه که‌ی عیشق و ئه‌وینی راسته‌قینه‌ی تێدایه. ئێمه دووچاری ژیانێکی پر سته‌م و ئازار بووین، له ژێر ده‌ستی سته‌مکاریی دوژمن و داگیرکه‌راندا. خۆ ساڵێك نییه ژیانمان ئاسایی بێ و خۆشی له خۆمان ببینین وزۆرداری داگیرکه‌ر به چاوی خۆمان نه‌یبینین. ئیدی خۆ ئازاری ئه‌م عیشقه دۆراوه‌ش له‌م هه‌موو دۆڕانانه زیاتر نییه!
ده‌بێ به‌و ده‌رده‌وه بتلێمه‌وه.
کورته: ته‌مه‌نی دڵداری راسته‌قینه.
جوانه‌مه‌رگ: خورپه‌ی خۆشییه‌کان.
پڕ له سته‌م و تاوانه: دنیا.
ئه‌مه‌یه راستی چیرۆکه‌که‌م ئه‌ی خوێنه‌ری ژیر و هێژا!!
ئێستاش به‌ده‌م ئه‌م ده‌ردانه‌وه، ئه‌م دێڕه شیعره‌م ده‌ڵێمه‌وه:
له کانی قووڵیی دڵما: که بۆته گۆڕی ئاوات
ڕژاوه نه‌خشی باڵای بڵندی ئاڵ و واڵات!!
( هۆنراوه‌ی شانزه ساڵ چاوه‌ڕوانی)
ئه‌ی عاشق:
گه‌ر پێت وابێ من زێده ڕۆییم کردووه و به دهستبڵاوییهوه به‌سه‌ر پیری عیشقی خۆمدا هه‌ڵده‌ڵێم: به‌هه‌ڵه چووی! وشه‌یه‌کم نه‌وتووه که له حه‌قیقه‌ت و ده‌رفه‌ت و مه‌ودا و سروشتی عیشقی پیری عیشقه‌وه سه‌ری ده‌رنه‌کردبێ و بۆ ئه‌و نه‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌وه‌ی وتوومه هێشتا زۆر که‌متره له‌وه‌ی ده‌شێ بوترێ، هه‌ڵده‌گرێ بوترێ، ده‌بێ بوترێ!
=============================