سڕینه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان خود و ئه‌وانی دیکه … 1
سڕینه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان خود و ئه‌وانی دیکه
له شیعری (هه‌وڵدانێکی تر بۆ گرتنی مه‌وداکان)ی جه‌لال به‌رزنجی
خود له‌گه‌ڵ هه‌موو شته‌کانی ده‌ورووبه‌ری هه‌میشه مه‌ودایه‌ک له نێوانیاندا بوونی هه‌یه. بوونی ئه‌و مه‌ودایه، ڕۆڵێکی گرنگ له ناخی مرۆڤدا ده‌گێڕێ. بوونی مه‌ودا کرۆک و جه‌وهه‌ری شته‌کان بۆ مرۆڤ نیشان ده‌دا. ئه‌گه‌ر بۆ مرۆڤێکی ئاسایی زۆرجار ئه‌و مه‌ودایانه بایه‌خیان نه‌بێ، ئه‌وا شاعیر هه‌میشه له هه‌وڵی به‌یه‌کگه‌یشتنه له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌ویدی، سرووشت، نیشتمان، ژن…تاد، له ڕێی گرتن یان پڕکردنه‌وه‌ی مه‌وداکان. خودی مرۆڤ هه‌میشه ناجێگره، یان هه‌رده‌م خودێکی ناته‌واوه. کاتێک هه‌وڵی ته‌واوکردنی خودی خۆی ده‌دا، هه‌ست به مه‌ودایه‌ک له‌نێوان خۆی و ئه‌و بوونه‌ی (شته‌ی) ده‌یوێ له ڕێیه‌وه بوونی خۆی پێ ته‌واو بکا ده‌کا. ئه‌م ناته‌واوی بوونی مرۆڤ مێژوویه‌کی درێژی هه‌یه، که هێندێکجار وا له مرۆڤ ده‌کا سه‌رڕای ته‌واوکردنی بوونی، هه‌وڵی داگیرکردنی بوونه‌کان، شته‌کانی دیکه ده‌دا. ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌یری ئه‌فسانه‌ی (پریمۆردیاڵ) بكه‌ین. كه ئه‌رستۆڤانس بۆمان ده‌گێڕێته‌وه جۆره ڕه‌گه‌زێك بوونی هه‌بووه كه هه‌ردوو پره‌نسیپی نێر‌و مێی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه. ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌یش (هیرمافرۆدیت) بووه. ئه‌مانه جۆره مرۆڤێک بوون چوار ده‌ست و چوار قاچ و دوو ڕووخساری هاوشێوه‌یان هه‌بووه، ئه‌مانه زۆر به‌هێز بوون، بۆیه‌یش په‌لاماری خواكانیاندا دواجار، شكست ده‌هێنن. زیۆسی خواوه‌ند به‌زه‌یی پێیاندا دێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی چیتر یاخی نه‌بن هه‌ریه‌كه‌یان ده‌كات به دوو دانه، لێره‌وه بوونه‌وه‌ری یه‌ك جێنده‌ر سه‌رهه‌ڵده‌دات.1 بۆیه‌یش ئه‌مانه به‌دوای یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌م گه‌ڕانه گه‌ڕانێكه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كدی ته‌واو بكه‌ن. هه‌رچه‌نده ئه‌مه زێتر ڕاڤه‌یه‌کی عیشقی هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڵام ده‌کارێ ئه‌و ڕاڤه‌یه‌یشی بۆ بکه‌ین، که هه‌ریه‌ک له‌و بوونه ناته‌واوانه هه‌وڵی ته‌واوکردنی بوونی خۆی ده‌دا، به‌ڵام هه‌ریه‌که‌و به جۆرێک. یه‌کێک بوونی خۆی به ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ری ته‌واو ده‌کا، یه‌کێکیتر به داهێنان ( داهێنانی زانستی یان ئه‌ده‌بی).
بابه‌تی بوون و خود مێژوویه‌کی دوور و درێژی هه‌یه. هه‌ر له ئه‌فسانه‌کانی سۆمه‌ری و دواتر بۆ سه‌رده‌می یۆنانییه‌کان تا ده‌گاته ئێستا، زۆری له‌سه‌ر نووسراوه و گوتراوه. زۆر له فه‌یله‌سووفان بوونیان به ناته‌واو داناوه، بۆ نموونه هیگڵ. ئه‌رستۆ بوون، به بوونێکی ته‌واو و پڕ و نه‌گۆڕ داده‌نێ. ئه‌م بوونه‌ی لای ئه‌رستۆ بوونی هه‌موو بوونه‌کانه، تاکه زانستێک بتوانی له‌مه‌یش بکۆڵێته‌وه فه‌لسه‌فه‌یه، چونکوو به‌بڕوای ئه‌و زانسته‌کانی دیکه هه‌ریه‌که‌ی له لایه‌نێکی بوون ده‌کۆڵنه‌وه. به‌ڵام هیگڵ ڕای پێچه‌وانه‌ی ئه‌رستۆ بوو. هیگڵ بوون به شتێکی ته‌واو نازانێت، (( له‌و باوه‌ڕه‌دایه بوون ناته‌واو و نه‌ناسراوه بۆ خۆ ته‌واوکردنی پێویسته خۆی تووشی نامۆیی، وه‌کو ده‌رچوونی جیهانی ده‌ره‌کی له خۆیه‌وه بکات و له هه‌مانکاتدا هه‌وڵبدات له ڕێگه‌ی یه‌کگرتنیه‌وه له‌گه‌ڵ جیهانه ده‌ره‌کییه‌که‌دا به‌سه‌ر نامۆیی زاڵبێ ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته ڕاڕه‌وی یه‌کانه‌گی بوون.))2 بوون، یان خود به بۆچوونی هیگڵ که دێته جیهانه‌وه تووشی نامۆیی ده‌بێ، ئه‌م نامۆییه زۆر پێویسته، چونکوو هانی بوون ده‌دا هه‌وڵی یه‌کگرتن له‌گه‌ڵ جیهانه ده‌ره‌کییه‌که بدا، بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و نامۆییه، ئه‌و جیهانه ده‌ره‌کییه‌ش هه‌ر له‌نێو بوونه‌وه هاتووه، که‌واته به‌ڕای هیگڵ بوون بنه‌ره‌تی ئۆنتۆلۆجییه. هایدیگه‌ر ڕه‌خنه‌ی زۆری له هیگڵ گرت. چونکوو فه‌یله‌سووفانی پاش ئه‌رستۆ ده‌یانگوت بوون پێناسه ناکرێ. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌مان له‌باره‌ی بوونه‌وه نییه، به‌ڵکه له ڕێیه‌که‌وه په‌یوه‌ندی به بوونه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش توێژینه‌وه‌یه له شیعری ( هه‌وڵدانێکی تر بۆ گرتنی مه‌وداکان)3ی (جه‌لال به‌رزنجی). له‌م شیعره‌دا شاعیر کار له‌سه‌ر پڕکردنه‌وه‌ی مه‌وداکانی نێوان خۆی و ئه‌وانی تر ده‌کا، مه‌به‌ستمان له ئه‌وانی تر ته‌نێ مرۆڤه‌کان نین، به‌ڵکه هه‌رچی له ده‌ورووبه‌ری شاعیر بوونی هه‌یه فیزیک و نافیزیک.
شاعیر له‌م شیعره‌دا بوونێکی ناته‌واوه، ته‌نانه‌ت هه‌موو بونه‌کانی دیکه‌ی وه‌کوو خۆر، خاک، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست…تاد مه‌ودا له دوای خۆیان جێده‌هێڵن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاعیر بوونێکی ڕه‌سه‌نی هه‌یه، ئه‌و بوونه‌ی که هایدیگه‌ر به بوونێکی خاوه‌ن پڕۆژه و سه‌ربه‌خۆی داده‌نێ. بوونێکه خۆی خاوه‌نی بوونی خۆیه‌تی، نه‌ک وه‌کوو بوونی ناڕه‌سه‌ن که هیچ پڕۆژه‌یه‌کی نییه، له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌وانی تردا کارده‌کا، سه‌ربه‌خۆ نییه، ئه‌م بوونه سه‌ڕرای ناته‌واوی له بوونیدا، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی مه‌وداکان و ته‌واوکردنی بوونی خۆی نادا. به‌ڵام بوونی ڕه‌سه‌ن ئه‌م هه‌وڵه ده‌دا، هه‌وڵده‌دا بوونی خۆی ته‌واوبکا. هه‌بوونی مه‌ودا له‌نێوان بوون (خود) و ئه‌وانی تر( مرۆڤ، سرووشت…تاد) هه‌میشه ئاماده‌یی هه‌یه، ئه‌م ئاماده‌ییه ده‌بێ هه‌بێ وه‌کوو پێشمه‌رجێکه بۆ زانین و هه‌ستکردن به بوونی خۆمان، چونکوو هه‌ر خودێک کاتێک هه‌ست به مه‌ودایه‌ک ده‌کا، بیر له بوونی خۆی ده‌کاته‌وه، که‌واته هه‌ست به بوونی خۆی ده‌کا.
به‌یانییان که خۆر هه‌ڵدێ،
مه‌ودا دوای خۆی جێ دێڵێ
ئێواران،
که ئاوا ده‌بێت،
مه‌ودا ده‌بێته ڕه‌شاتییه‌کی تۆخ،
که سه‌فه‌ر ده‌که‌م،
هه‌میشه په‌له‌مه بگه‌مه جێ،
که ده‌گه‌مه جێ،
مه‌ودایه‌کی تر،
پێش من له‌وێنده‌ره.
شاعیر نه‌ک ته‌نێ هه‌ست به بوونی مه‌ودای نێوان خۆی ئه‌وانی تر ده‌کا، به‌ڵکه هه‌ست به‌و مه‌ودایه‌یش ده‌کا، که خۆر له‌کاتی هه‌ڵهاتن و ئاوابوونی له‌دوای خۆی جیده‌هێڵێ. زۆر ڕێ بۆ سڕینه‌وه و نه‌هێشتنی مه‌ودا هه‌ن، چونکوو بوونی مه‌ودا هه‌میشه بۆشاییه‌ک له نێوان شته‌کان دروست ده‌کا. مه‌ودا ناهێڵێ ئه‌و خوده به‌ره‌و ته‌واوی و پڕی بڕوا. شاعیر کاتێک ده‌یوێ سه‌فه‌ر بکا، به‌مه‌به‌ستی سڕینه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان خۆی و ئه‌و دنیایه‌ی که ده‌یوێ دروستی بکا، به‌ڵام له‌وێش مه‌ودای دیکه دروست ده‌بن. هه‌موو باودۆخێکی ناهه‌موار وا له مرۆڤی بیرکه‌ره‌وه ده‌کا هه‌ست به بوونی مه‌ودا له نێوان خۆی و ده‌ورووبه‌ری بکا. شاعیر به هۆی شه‌ڕی ناوه‌خۆی نه‌وه‌ده‌کان هه‌ست به بوونی مه‌ودایه‌ک له‌گه‌ڵ خۆی و کۆمه‌ڵگاکه‌ی، ژینگه‌که‌ی، ده‌ورووبه‌ری ده‌کا، بۆیه‌یش هه‌وڵده‌دا له ڕێی سه‌فه‌رکردنه‌وه ئه‌و مه‌ودایانه له دوای خۆی جێبهێڵێ، چونکوو له‌و بڕوایه‌دایه ئه‌و شوێنه نوێیه‌ی سه‌فه‌ری بۆ ده‌کا، زوو ده‌توانێ له‌گه‌ڵی یه‌کبگرێ و چ مه‌ودایان له نێوان خۆی و ئه‌وێنده‌ر نه‌بێ، به‌ڵام له‌وێش به‌هۆی به‌رکه‌وتنی به شاری تازه، کلتووری تازه، دنیایه‌کی دیکه پاته مه‌ودا له نێوان خۆی و دورووبه‌ری دروست ده‌بێ. ئه‌و مه‌ودایانه وه‌کو بزوێنه‌رن، هه‌میشه شاعیر ده‌جووڵێنن بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌وڵدا بێ.
هه‌ندێک سات،
له چاوتروکانێکدا،
له که‌نه‌داوه،
که سه‌یری لای ڕۆژهه‌ڵات ده‌که‌م،
مه‌وداکان وه‌ک،
پاسارییه‌کی له فڕین ماندووبوو،
ده‌که‌ون،
و به ئاسانی بۆم ده‌گیرێن،
که‌متر له چاوترووکانێک،
خیراتر له تیشکی خۆر،
ده‌چمه‌وه یاده‌وه‌رییه‌کانم،
که ده‌گه‌ڕێمه‌وه ناو ژیان.
لێره‌دا هه‌ست به دوو لایه‌نی بوون ده‌که‌ین، بوونێکی واقیعی و له‌نێو ژیان، بوونێکی نێو یاده‌وه‌ری و زیهنی. ئه‌گه‌ر تماشای وشه‌ی (ڕۆژهه‌ڵات) بکه‌ین، کۆدێکه، شاعیر بۆچی ته‌نێ (کوردستان)، یان نیشتمانی به‌کارنه‌بردووه؟ دیاره کوردستانیش به‌شێکه له ڕۆژهه‌ڵات، ڕۆژهه‌ڵات شوێنێکه مه‌ودا له‌نێوان تاکه‌کان به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو بوونی هه‌یه. مه‌ودای نێوان تاک و تاک، تاک و کۆمه‌ڵگه، تاک و سرووشت. شاعیر خۆی له تاراوگه‌یه و مه‌ودایه‌ک له نیشتیمانی جیاده‌کاته‌وه، له‌نێو نیشتیمانیش مه‌ودایه‌کی دیکه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیدیکه جیای ده‌کاته‌وه، که‌واته مه‌ودا له‌نێو مه‌ودا بوونی هه‌یه. بۆ بڕین و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ودایانه شاعیر په‌نا وه‌به‌ر یادوه‌ری ده‌با. یادوه‌ری ده‌نگی ناخی شاعیره، که‌واته زمان لێره‌دا ڕۆڵ ده‌بینێ، هایدیگه‌ر له‌وبڕوایه‌دایه شاعیر چ له ناخی خۆی خه‌ریکی ئاخاوتن بێ، چ له‌گه‌ڵ شاعیرێکی دیکه خه‌ریکی ئاخاوتن بێ، هه‌ردووکیان دیالۆگن، بێگومان دیالۆگیش به زمان دێته‌به‌رهه‌م. (( ئاخاوتن له زه‌یندا، بیستنی ده‌نگی نێوه‌کی، ئاخاوتن له‌گه‌ڵ که‌سی دی، بیستنی ده‌نگی که‌سێکی دی، له گه‌وهه‌ری خۆیاندا یه‌کسانن، چونکه سرووشتی دیالۆگ ئاسایان هه‌یه.))4 کاتێک دیالۆگ بوونی ده‌بێ، که‌واته دوو بوون بوونیان هه‌یه، هه‌ر به‌بۆچوونی هایدیگه‌ر یه‌کێ له پێشمه‌رجه‌کانی بوونی مرۆڤ، بوونی که‌سانی دیکه‌یه، هه‌ریه‌ک له ئێمه به هۆی به‌رکه‌وتنی به بوونی ئه‌وانیدیکه هه‌ست به بوونی خۆمان ده‌که‌ین، بێگومان ئه‌مه یه‌کێ له پیشمه‌رجه‌کانه. که‌واته شاعیر له هه‌وڵی دانانی پێشمه‌رجێکه بۆ بوونی خۆی، کاتێک له یادوه‌رییه‌کانی هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی مه‌وداکان ده‌دا، ئه‌وا هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی نێو ژیان ده‌دا. پارچه‌ی: ( که‌متر له چاوترووکانێک،/ خێراتر له تیشکی خۆر،/ ده‌چمه‌وه یاده‌وه‌رییه‌کانم،/ که ده‌گه‌ڕێمه‌وه ناو ژیان.) بۆ بڕینی مه‌ودایه‌کان و گه‌یشتن به شوێنپێیه‌کانی یادوه‌ری، له خودی یادوه‌ری خێراتر نادۆزێته‌وه. له‌نێو یادوه‌رییه‌کانی ژیانێک بوونی هه‌یه، ئه‌م ژیانه‌یش له ڕێی پاته‌بنیادنانه‌وه و خولقاندنه‌وه و به‌ریه‌ککه‌وتنی شاعیر له‌گه‌ڵ شوێنپێیه‌کان بوونی ده‌بێ. مه‌ودایه‌کی فراوان له نێوان ئێستای شاعیر و ئه‌وسای شاعیردا هه‌یه، ژیانی ڕاسته‌قینه‌یش که تێیدا هه‌ست بوونی خۆی بکا، له ڕابردووی شاعیره، بۆیه‌یش له‌ڕێی یادوه‌رییه‌وه هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ودایه فراوانه ده‌دا تاکوو بگه‌ڕێته‌وه نێو ژیان. ئه‌م هێڵکارییه زێتر به‌رچاومان ڕوونده‌کاته‌وه:
مه‌وداکان
ڕێی یادوه‌ری
زمانی دیالۆگی نێو زیهنی شاعیر، بوونێک به بوونی شاعیر ده‌به‌خشێ. که‌واته له‌ژیانی واقیعییدا مه‌وداکان بوونیان له شاعیر زه‌وتکردووه، تاکه ڕێ بۆ هێنانه‌وه‌ی بوونی خۆی، که به که‌مترین مه‌ودا وه‌کوو عیفریته‌که‌ی سوله‌یمان چۆن له چاوترووکانێکدا ته‌ختی پاشایی به‌لقیسی بۆهێنا، ئه‌و مه‌ودایه ببڕێ، به‌کاربردنی هێڵیی ترامی زه‌ینه. هه‌بوونی مه‌ودا واته هه‌بوونی ماوه، هه‌بوونی لێکجودابوونه‌وه.
به هه‌مان خێرایی،
مه‌ودایه‌کی سارد،
وه‌ک داره‌مه‌یتی بن دیواری مزگه‌وتێک،
چاوه‌ڕوانمه،
له‌گه‌ڵ ساته‌کانی ته‌واوبوونی خۆشه‌ویستیدا
مه‌وداکان گه‌مارۆت ده‌ده‌ن.
زۆرجار مه‌ودای گیانی ده‌بێته فیزیکی،
ده‌بێته کۆسپ له‌به‌رده‌م،
به ئۆرگازم گه‌یشتن،
له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌م.
له‌م پارچه‌یه هه‌وڵده‌ده‌م له کۆد و نیشانه‌ی هێندێک وشه‌کان بدوێم ده‌سته‌واژه‌کانی (مه‌ودای سارد/ داره مه‌یتی بن دیواری مزگه‌وتێک/ ساتی ته‌واوبوونی خۆشه‌ویستی/ مه‌ودای گیانی فیزیکی/ ئۆرگازم) کۆمه‌ڵێک ڕاڤه و ڕه‌هه‌ندییان له پشت خۆیان حه‌شارداوه. ئه‌گه‌ر گوته‌یه‌کی هایدیگه‌ر بهێنینه‌وه که ده‌ڵێ: زمان ده‌دوێ، ئه‌مه‌یش فرمانی سه‌ره‌کیی ئه‌وه: زمان ده‌دوێ نه‌ک مرۆڤ، مرۆڤ ته‌نێ له شوێنێکدا ده‌دوێ که له‌گه‌ڵ زماندا بێ. که‌واته ئه‌وه زمانه، ئه‌وه ده‌قه، نهێنییه‌کانی له‌نێو وشه و ده‌سته‌واژه‌کاندا هه‌ڵگرتووه، نه‌ک شاعیر/نووسه‌ر. ئێمه ئه‌گه‌ر نیه‌تی هه‌ر ڕاڤه‌یه‌کمان هه‌بێ، ده‌بێ پشت به خودی ده‌ق ببه‌ستین، نه‌ک مێژوو و ژیانی نووسه‌ر، هه‌رچه‌نده مێتۆده‌که‌ی ( لۆتمه‌ن) ڕێ به‌وه‌ده‌دا له هه‌ندێک کاتی پێویست ده‌توانین بۆ ژیان و مێژووی نووسه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه. ده‌بینین له نێوان ده‌سته‌واژه‌کانی (مه‌ودایه‌کی سارد) له‌گه‌ڵ (داره‌مه‌یت) هاوبه‌شی و لێکچوون هه‌ن. داره‌مه‌یت بۆ گواستنه‌وه‌ی مردوو و بردنی بۆ گۆڕستان به‌کاردێ، کاتێک که‌سێک ده‌مرێ مه‌ودایه‌ک له نێوان خۆی و ئه‌وانیدیکه به جێده‌هێڵێ. داره‌مه‌یت وێنه‌یه‌کی سارد و بێ ژیان نیشان ده‌دا، مه‌ودای سارد به هه‌مان شێوه واته‌ی نه‌بوونی ژیان نیشان ده‌دا، چونکوو کاتێک مه‌ودایه‌کی سارد بوونی ده‌بێ، که‌واته پله‌یه‌ک دوورتره، فروانتره له مه‌ودایه‌کی ئاسایی، ئاو به نموونه وه‌رگرین، ئاوێکی سارد، له‌گه‌ڵ ئاوێکی گه‌رم هه‌ریه‌که‌یان پله‌ی خۆیان هه‌یه،