مرۆڤ له‌نێوان هیچ و ناكۆتادا
حه‌قیقه‌تی بونی مرۆیی له‌ئاسۆی فه‌لسه‌فه‌ی بلێز پاسكاڵ دا
ئه‌توانم زۆرئاسان بیهێنمه پێشچاوم , مرۆڤ بێ ده‌ست و قاچ , به‌ڵام ناتوانم وێنای مرۆڤ بكه‌م به‌بێ هزر ؛ ئه‌وه به‌رد , یانه‌كو ئاژه‌ڵ ئه‌بوو , نه‌ك مرۆڤ . “پاسكاڵ”
پاسكاڵ ده‌پرسێ , مرۆڤ چیه له سروشتا ؟ هه‌رخۆی وه‌ڵامده‌داته‌وه : مرۆڤ “هیچ” ه به‌به‌راورد به ناكۆتا
و, “هه‌موو” ه له‌به‌رابه‌ر “هیچ”دا , مرۆڤ له‌ناوه‌ندی “هیچ” و “هه‌موو” دایه. له توانای ئه‌ودا نیه‌ده‌ستڕاگه‌یشتن به ترۆپك و كۆتایی شته‌كان , بێگومان سه‌ره‌تاكه‌شیان شاراوه‌یه له نهینیه‌یه‌كی ئاشكرانه‌كراودا . مرۆڤ وه‌كویه‌ك , هه‌م ناتوانایه له دیتنی “هیچ” , كه لێوه‌ی ده‌رهاتوه , وه‌هه‌م “ناكۆتا” ش , كه ئه‌وی هه‌ڵلوشیوه “1” . ڕه‌نگه هه‌ڵوه‌شاندنی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و پرسیاره گرنگ بێ , كه ده‌رباره‌ی مرۆڤ ئه‌پرسێ “مرۆڤ چیه؟” , مه‌ترسی ئه‌و پرسیاره له‌كوێدایه ؟ بێگومان له‌وه‌دایه كه ده‌رباره‌ی شتیه‌تی مرۆڤ ئه‌دوێ , پێشدیاریكردنی مرۆڤه وه‌ك شت , كاتێ ئێژێ مرۆڤ “چیه؟” . لێره‌دا وشه‌ی “چیه” كاریگه‌ره , هێنده‌ی كێشه‌ی بوونی مرۆڤ قوڵتر ده‌كاته‌وه , هێنده ناكارێ ڕۆشنیبكا , ئه‌شێ به‌شێ بێ له‌و تاریكییه‌ی , كه ئاسۆكانی ئه‌و بوونه‌ی نادیاركردووه , به‌ده‌رله‌وه‌ی ئه‌و پرسه هه‌ڵگری بیرێكه , كه له‌كۆنه‌ستی خۆیدا وێنا و شوناسی مرۆڤی , وه‌ك شتێ له شته‌كان حه‌شارداوه . هه‌ربۆیه له‌وانه‌یه له‌و پرسه‌دا پرسی ڕاسته‌قینه ده‌رباره‌ی بوون و مانای بوون له‌ناوبچێ , كه له‌بنه‌مادا پرسه ده‌رباره‌ی جه‌وهه‌ری مرۆڤ , نه‌ك “چیبوون یا شتبوون” ی ئه‌و له جیهاندا , یان ته‌نانه‌ت “كێبوون”ی ئه‌و , چونكه هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌مان له‌وێدایه , كه به‌پێشینه‌یی “كێبوون” و ” چیبوون” ی ئه‌و دیاریبكه‌ین , ئه‌وه‌ش نه‌ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی “چیبوون” دژبه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی كرۆكی مرۆڤانه‌یه , به‌ڵكو له‌هه‌مانكات كوشتنی ناجێگیری و بێ‌شوناسی مرۆڤه , دیاریكردن و سنوربه‌ندكردنی ئه‌و بوونه‌یه .
گرفتی گه‌وره ئه‌وه‌یه بمانه‌وێ له‌ئاست ناكۆتادا شوناسی مرۆڤ دیاریبكه‌ین , یانه‌كو پێناسێكی بۆ بدۆزینه‌وه , له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ وه‌ك مرۆڤ پێناسه و شوناسێكی دیاریكراوی ته‌واو هه‌ڵناگرێ ؛ هه‌وڵێكی وه‌ها ده‌بێته خۆكوشتن بۆ مرۆڤ , ڕه‌نگه ته‌نها شوناسێ یان پێناسێك بۆ ئه‌و بێ‌شوناسی بێ . بۆیه فه‌یله‌سوف نابێ مرۆڤی ده‌ستنیایی بئه‌فرێنێ , ئه‌و پێویسته مرۆڤ بهێنێته‌باسكردن وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه . هه‌موو دیاریكردن و پێناسه‌كردنێكی مرۆڤ هیچ نیه جگه‌له ساده‌گۆیی و خه‌مڵاندنێكی ئێجگار ساكار , ئه‌گه‌ر له‌بان بنه‌ڕه‌تی ئه‌زمون دانه‌مه‌زاربێتن , وه ئه‌زمون پشتڕاستیان نه‌كاته‌وه . شێوازێكی دیكه نیه بۆ تێگه‌یشتن له مرۆڤ , جگه له ڕوانینه ژیان و ڕه‌فتاری ئه‌و بوونه مرۆییه . بێگومان هه‌رچیه‌ك له‌وباره‌وه ده‌ربخه‌ین , به‌هیچ ڕه‌نگێ ناتوانرێ به‌ته‌نها یه‌ك شێواز فۆرمۆله‌بكرێ . حه‌تمیترین دۆخی بوونی مرۆیی دژبه‌رییه . مرۆڤ تێكه‌ڵه‌یه‌كی سه‌رسامكه‌ر و ناوازه‌ی بوون و نه‌بوونه . پێگه‌ی مرۆڤ له‌نێوان ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌دایه “2”.ئه‌وه دۆخێكه , كه پاسكاڵ تێیدا مرۆڤ ده‌بینێ , وه به‌رده‌وام له یاریكردنایه له‌و نێوانه‌دا .
ئه‌گه‌ر نیگه‌رانی ده‌رباره‌ی بوونی مرۆڤ له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه بێ , گوایه ئه‌و بوونه بێ‌توانا و بچوكه له‌به‌رانبه‌ر ناكۆتادا , ئه‌وه نیگه‌رانیمان ناتوانێ خزمه‌ت به ڕه‌سه‌نیه‌تی ئه‌و بوونه بكا . ڕاسته , مرۆڤ نابێته “هیچ” , واته پوچ و ناكه‌س نیه به‌رانبه‌ر “هیچ” , به‌ڵام “هیچ”ه له به‌رده‌م ناكۆتادا , ئه‌مه له گۆشه‌نیگای پاسكاڵه‌وه . لێره‌دا ئه‌شێ هه‌ڵه‌یه‌ك له‌و بیركردنه‌وه‌یه‌دا هه‌بێ , ئه‌ویش ئه‌وه‌یه : مرۆڤ ناكۆتا نییه , له‌به‌رئه‌وه “هیچ” ه به‌به‌راورد به‌و ناكۆتایه . ئه‌شێ دیدێكی سیمبۆلیانه‌بێ ئه‌وه‌ی , كه “مرۆڤ له‌ئاست ناكۆتادا هیچه” , به‌ڵام ته‌واو نالۆژیكییه ,چونكه ئه‌گه‌ر له‌ڕووی فیزیكیه‌وه بڕوانینه مرۆڤ , به‌رانبه‌ر به هه‌موو بوون , یان ناكۆتا ئێجگار بچوكه , به‌ڵام ئه‌و بچوكیه نابێته “هیچ” یان نه‌بوون . ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ڕه‌هه‌ندێكی تری ئه‌و بۆچوونه بكه‌ین : مرۆڤ به‌به‌راورد به هیچیه‌تی و ناكه‌سێتی بریتییه له “هه‌موو” , به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌به‌راورد به ناكۆتا هیچ بێ , هه‌رگیز ناتوانێ له‌به‌رانبه‌ر “هیچێتی” دا هه‌موو بێ , “هه‌موو” به پێوابوونی هایدیگه‌ر –بوونه به‌گشتی .
نه‌بوونی مرۆڤ بوونی نیه , نه‌ك ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌بوون له‌ده‌ره‌وه‌ی بوون نییه , به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ هاوار و ده‌نگی هه‌یه , ئه‌و بیرده‌كاته‌وه , هه‌ڵبه‌ت بیرنه‌كردنه‌وه‌ی مرۆڤ مانای نه‌بوونی ئه‌و نییه , واته لێره‌دا نامانه‌وێ بیركردنه‌وه بكه‌ینه مه‌رجی بوون , یان وه‌كو دیكارت :من بیرده‌كه‌مه‌وه ,كه‌واته, من بوونم . هه‌رچه‌نده به‌پێچه‌وانه‌وه من تێده‌گه‌م : بیركردنه‌وه بۆ من مه‌رجیشه و مه‌رجیش نیه بۆ بوونی مرۆڤ : مه‌رج نیه بۆ بوونی مرۆڤ به‌و واتایه‌ی بیركردنه‌وه وه‌ك “هیچ” نابێته بنه‌مای بوون , ئه‌و ئه‌فرێنه‌ری بوون نییه . ئه‌مه‌ش ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیده میتافیزیكییه‌یه , كه بوون بۆ كن ڕه‌هه‌ندێكی ڕۆحی یان دونیایه‌كی ترانسدێنتالی ده‌گێڕێته‌وه ؛ كاتێ بیركردنه‌وه مه‌رجی بوونه , ئه‌وه له دوو باردایه , یه‌كه‌م : بیركردنه‌وه وه‌ك هاواری بوون , وه‌ك جوڵه‌ی بوون , وه‌ك خۆنمایشكردنی بوون , وه‌ك ده‌نگی بوون بۆ كن بوونێكی دیكه , بۆ نمونه بیركردنه‌وه‌ی فه‌یله‌سوف بلێز پاسكاڵ بووه‌ته مه‌رج بۆ بوونی ئه‌و له لای من , ئه‌گه‌ر بهاتباو به‌و ئاسته بیرینه‌كردایه‌ته‌وه , نه‌یده‌توانی بوونی ببێ له‌كن مندا , پاسكاڵ به‌هۆی بیری خۆیه‌وه بوونی خۆی سه‌لماندووه . هه‌ڵبه‌ت به‌بێئه‌وه‌ی , كه زانینی من ده‌رباره‌ی بوونی ئه‌و ببێته پێشمه‌رجی بنه‌ڕه‌تی بوونی ئه‌و . ئه‌م بیرمه‌نده بوونی بووه , به‌ڵام بۆمن به‌فاكتۆری بیركردنه‌وه‌یه‌وه هاتۆته بوون . دووه‌م : بیركردنه‌وه وه‌ك گه‌شه و گۆڕانی بوونی مرۆڤ وه‌ك پێشمه‌رجی ڕه‌سه‌نبونی ئه‌و بوونه , وه‌ك هه‌وڵی خۆقوتاركردنی مرۆڤ له حه‌شامات “ئه‌وان” , واته بیركردنه‌وه وه‌ك جوڵه و ئاماده‌یی مرۆڤ له شوێن , له جیهان و , وه له بووندا .
پاسكاڵ به‌رده‌وام مرۆڤ به كه‌م توانا ده‌بینێ له تێگه‌یشتنی سروشتا , سروشت بۆ ئه‌و وه‌ك هه‌موو بوون و, گه‌ردوون , یان ناكۆتا و , ده‌نوسێ : به‌شێ له فاكتۆره‌كانی بێهزری مرۆڤ له په‌یوه‌ند به سروشته‌وه ئه‌وه‌یه : سروشت ناكۆتایه , به‌ڵام مرۆڤ كۆتایه و سنوربه‌نده ؛ سروشت به‌رده‌وام ده‌بێ و بوونی ده‌بێ به‌بێ وه‌ستان , به‌ڵام مرۆڤ تێپه‌ڕه و مه‌رگاوییه ؛ شته‌كان له ڕووه‌یه‌كیاندا له‌ناوده‌چن و ده‌گۆڕێن هه‌موو ساتێ , به‌ڵام مرۆڤ ته‌نها كه‌مێ له‌ئه‌وان ده‌بینێ ؛ شته‌كان سه‌ره‌تا و كۆتایی خۆیان هه‌یه , به‌ڵام مرۆڤ هیچ یه‌كێ له‌وانه نازانێ ؛ ئه‌وان ساده‌ن , به‌ڵام مرۆڤ له‌دوو سروشتی جیاواز پێكهاتووه “3” . ڕه‌نگه سه‌رنجڕاكێش بێ , ئه‌گه‌ر بنواڕینه بێهزری و گه‌وجێتی مرۆڤ به‌و پێیه‌ی پاسكاڵ باسی ده‌كا . بۆچی مرۆڤ به‌و ئاسته له‌به‌رده‌م سروشتی بێپایاندا بیركردنه‌وه‌ی ده‌گاته ئاستی وڕاوه‌كردن و گه‌وجێتی ؟ ئایا ئه‌وه په‌یوه‌ندیداره به‌ده‌ركنه‌كردن و نه‌ناسینی خه‌سڵه‌ته ئۆنتۆلۆژییه‌كانی بوونی خۆی یان نا ؟ له‌وانه‌یه بشێ به‌پێچه‌وانه‌ی پاسكاڵه‌وه بێژین : بێهزری و كه‌مبیری مرۆڤ له‌وه‌وه په‌یدانابێ , كه بوونی ئه‌و كۆتایه و سنوربه‌نده , مرۆڤ كۆتادار و سنوربه‌نده به‌وپێیه‌ی ئه‌و بوونێكی ڕوو له‌مه‌رگه . مرۆڤ ته‌نها به‌هه‌ڵگرتنی پێشمه‌رجه ئۆنتۆلۆژییه‌كانی خۆی له شوێن و جیهاندایه , وه له‌ته‌ك ئه‌وانی دیكه‌دایه . ئه‌و بونێكی میژووییه , مه‌رگاوییه , ئه‌و پرۆژه‌ی بوونی خۆیه‌تی , به‌ڵام پرۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه , كۆتایی ئه‌و پرۆژه‌یه , كۆتایی “شیاو-بوون” ی بوونی مرۆییه , واته مه‌رگ . ئاماده‌بوونی مرۆڤ توند گرێدراوه به مه‌رجه ئۆنتۆلۆژییه‌كانیه‌وه , وه خودبوونی ئه‌و ته‌نها له‌وانه‌وه په‌یداده‌بێ . تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی مرۆڤ , نه‌مایه‌ی گه‌وجێتی ئه‌ون , وه نه له‌بنه‌ڕه‌تیشه‌وه ده‌توانن مرۆڤ بكه‌نه بوونێكی هۆشمه‌ند . مرۆڤ هه‌روا له‌ناو سروشت , یاخود بوونی ناكۆتادا بێهزر و گه‌وج نابێ , به‌ڵكو ناڕه‌سه‌نی و گه‌وجێتی ئه‌و له‌وه‌دایه , كه بوون و جه‌وهه‌ری بوونی خۆی و بنه‌ڕه‌تی ئۆنتۆلۆژی خۆی نه‌هزرێنێ , ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سته‌وسان له‌ئاست پرۆسێسی خۆناسینا ڕابوه‌ستێ , هه‌رگیز له‌ناو بێپایانی بوونا ناتوانێ وه‌دوی نهێنییه‌كانا وێڵبێ .
سه‌باره‌ت به ناتوانایی مرۆڤ له ڕۆشنكردنه‌وه‌ی سروشت و ناكۆتادا كه پاسكال هێمای پێكردووه , كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌دروست ده‌كا , وه له‌هه‌مانكاتا دژیه‌كیشه له‌بیری ئه‌ودا , چونكه ده‌رخستنی گه‌وجێتی مرۆڤ و , ناكۆتایی سروشت , وه زانین ده‌رباره‌ی گۆڕان و له‌ناوچونی شته‌كان و, كێماسی گه‌وره‌ی مرۆڤ له‌دیتنی ئه‌و دوودۆخه جیاوازه‌ی شت , وه هه‌روه‌ها هۆشیاربوون به‌وه‌ی شته‌كان سه‌ره‌تا و كۆتاییان هه‌س و , له‌هه‌مانكاتا مرۆڤ ئه‌وانه نازانێ ؛ هه‌موو ئه‌وانه ئه‌گه‌ر زانین و ڕۆشنكردنه‌وه نه‌بن چین ؟ بۆیه دادوه‌رانه‌یه بپرسین : ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئێجگار زۆر گه‌وج بێ , چلۆن ده‌كارێ ئه‌و هه‌مووه نهێنیه , ئه‌و هه‌مووه زانینه , هه‌م ده‌رباره‌ی خۆی , جا ئه‌گه‌ر كێماسی و گه‌مژه‌یه‌كانیشی بێ , وه هه‌م ده‌رباره‌ی ناكۆتایی سروشت و بوون بزانێ ؟
پاسكاڵ ده‌رباره‌ی مرۆڤ له‌دوو ڕوانگه‌وه داوه‌ری ده‌كا , پێیوایه : ئه‌گه‌ر به‌په‌یوه‌ند به ئامانجی ئه‌وه‌وه داوه‌ری بكه‌ین , له‌وێڕا مرۆڤ وه‌ك بوونیكی مه‌زن و بێهاوتا وه‌ده‌رده‌كه‌وێ ؛یان ئه‌وه‌تا وه‌ك زۆرینه‌ی خه‌ڵك داوه‌ریده‌كه‌ن , بۆنمونه : ده‌رباره‌ی سروشتی ئه‌سپ یان سه‌گ , ئایا به‌باشی ڕاده‌كا ,یان ئایا خه‌سڵه‌تگه‌لی باشی هه‌ن؟ له‌م شێوه داوه‌ریكردنه‌دا مرۆڤ قێزه‌ون و شوره‌ییئامێز ده‌بێ “4”. ئه‌م داوه‌ریكردنه‌ی پاسكاڵ نزیكمان ده‌كاته‌وه له‌و تێڕوانینه‌ی , كه گۆشه‌نیگایه‌كی هایدیگه‌رییه و كێشه‌ی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاواییه , كه له فه‌رامۆشكردنی پرسی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی ده‌رباره‌ی مانای بوون و بوونی مرۆڤدا ده‌رده‌كه‌وێ . هه‌روه‌ك چۆن هه‌ڵه‌نین گه‌ر بێژین پێش هایدیگه‌ر به‌نزیكه‌ی سێ سه‌ده پاسكاڵ ئه‌و دوو ڕێگا و داوه‌ریه دیاریده‌كا , كه له داوه‌ریكردنی یه‌كه‌ما , مرۆڤ كێشه‌ی خۆی له‌ته‌ك ئامانجی بوونی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ده‌كا , ئه‌مه‌ش گه‌ڕانی مرۆڤ و بیركردنه‌وه‌یه ده‌رباره‌ی مانای ئه‌وبوونه , ته‌نها به‌م شكڵه پرسی جه‌وهه‌ری ئه‌و دێته گۆڕێ . ئاوڕدانه‌وه‌ی جدی له‌ئامانج و مانای بوونی مرۆڤ , ده‌مانخاته به‌رده‌م كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی و خۆلێلانه‌دراوی جه‌وهه‌ری مرۆڤ , لێره‌وه ده‌شێ پرۆسێسی گه‌ڕان و نوێكردنه‌وه‌ی پرسیاره بنچینه‌ییه‌كه‌ی فه‌لسه‌فه بخه‌ینه‌وه سه‌رڕێ ڕاستینه‌كه‌ی خۆی . به‌م شیوه‌یه , فه‌لسه‌فاندن ده‌رباره‌ی ئه‌و , مه‌زنكردن و بێهاوتاكردنی بوونه , واته ئیدی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ربه‌راوردكردنێ له‌نێوان مرۆڤ و نامرۆڤه‌كانا .
وه‌ك بلێز پاسكال پێیوایه , داوه‌ریكردنی خه‌ڵك ده‌رباره‌ی مرۆڤ وه‌ك داوه‌ریكردنیانه ده‌رباره‌ی ئاژه‌ڵگه‌لێك , كه له‌باره‌ی ڕه‌فتاری باش و توانای فیزیكی ئه‌وانه‌وه به‌گرنگییه‌وه مشتومڕده‌كه‌ن , بۆیه له‌م باره‌دا مرۆڤ ته‌نها وه‌ك بوونێكی قێزه‌ون و كه‌ساس ده‌رده‌كه‌وێ . لێره‌وه ڕوونه بۆ ئێمه , كه به‌كێشه‌كردن و به‌چه‌قكردنی پرسی مانا و ئامانجی بوون به‌شێوه‌یه‌كی ڕادیكالی فڕێمانده‌داته به‌رده‌م سه‌ختیه‌مه‌زنه‌كانه‌وه له بیركردنه‌وه‌دا و , ناچارمانده‌كا به‌بیركردنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه , كه بوونمان له‌بناغه‌وه ده‌هه‌ژێنێ . ئه‌م دۆخه هه‌ر ساده‌گۆییه‌كی میتافیزیكیانه , یاخود ئه‌ته‌یستیانه خاپورده‌كا . مرۆڤ ده‌توانێ به‌ته‌نها له‌ئاست بوون به‌گشتی و , بوونی خۆیدا ڕابوه‌ستێ له‌كاتێكا له ماڵی فه‌لسه‌فه‌دا نیشته‌جێ بێ , ئه‌م ماڵه زێدی ته‌نیایی گه‌ردوونیه .
فه‌لسه‌فه “هێنه‌ر” ی غه‌م و نیگه‌رانی ڕاسته‌قینه‌یه ده‌رباره‌ی پرسی مانا و چاره‌نوسی بوونمان , ئه‌م غه‌م و نیگه‌رانیه ئێجگار قوڵتر و تێكشكێنه‌رتره له دۆخی زیندانیه‌ك , كه بۆ خستنه‌سارای نهێنیه‌كان ناچارده‌كرێ و تینوده‌كرێ تانزیكبوونه‌وه له مردن , ئه‌و له‌وه‌ها تروكه‌یه‌كا له‌به‌رده‌م ڕه‌هاترین دوو هه‌ڵبژارده‌دایه , یان نۆشینی چه‌ند تنۆكه‌ئاوێك و شكاندنی تینویه‌تی , یان هه‌ڵبژاردنی تینویه‌تیه‌كی هه‌میشه‌گی , وه‌ك چۆن مرۆڤ ئه‌شێ له‌سای سه‌رمه‌دیبوونی غه‌م و نیگه‌رانی پرسی مانا و چاره‌نوسی بووندا به‌تنۆكه‌ئاوه‌كانی ئاین و ئایدۆلۆژیا , یان زانست تینویه‌تی بیركردنه‌وه و بوونی بشكێنێ و , تا هه‌تایه له شێوه‌یه‌كی سه‌قامگیریدا , یانه‌كو خه‌وێكی قوڵدا به‌هێمنیه‌ك شادببێ ؛ یان ئه‌وه‌تا , نه‌خێر , ئه‌و تینویه‌تیه‌كی هه‌میشه‌یی فه‌لسه‌فیانه هه‌ڵده‌بژێرێ و , تاهه‌تایه وه‌ك بوونیكی تینوی حه‌قیقه‌ت ده‌مێنێته‌وه .
نزمترین نه‌خش له مرۆڤدا , به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا مه‌زنترین هێمای پایه‌به‌رزی ئه‌و , گه‌ڕانیه‌تی به‌دوای شكۆمه‌ندییا “5” به‌هه‌ڵه‌یا ناچین ئه‌گه‌ر ئه‌م گوته‌یه‌ی پاسكاڵ به‌كردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌كی نكۆڵیلێنه‌كراوی بوونی مرۆیی دابنێین , كه ورد و ڕوون په‌نجه‌ی هاویشتۆته بان هه‌م پنتێكی نزمی و كێماسی بوونیه‌تی مرۆڤ , وه هه‌م پایه‌بڵندی مرۆڤ , كه له‌وێڵبوونی ئه‌ودا به‌شوێن شكۆمه‌نییا نیشته‌جێیه . ڕه‌نگه وه‌ها پرسێ وه‌گۆڕكه‌وێ : ئایا چۆن شیاویبوونه , نه‌خش و خه‌سڵه‌تێكی بنه‌مایی مرۆڤ له‌یه‌ك كاتا هێمای نزمی و كێماسی و , هه‌م پایه‌به‌رزی ئه‌وبێ ؟ ئایا بۆچی پاسكاڵ “گه‌ڕان” له‌دوای شكۆمه‌ندی ته‌نها له یه‌كێك له‌هێماكاندا نابینێته‌وه , به‌ڵكو دوو ڕووی جیای مرۆڤی تێدا ڕۆشنده‌كا ؟ بۆئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی پرسه‌بنه‌ڕه‌تیه‌كانمان بیربكه‌ینه‌وه و خۆمانتاقیبكه‌ینه‌وه ئه‌شێ بێژین : مرۆڤ بوونێكه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌تاڵه له “شكۆمه‌ندی” , وه به‌تاڵیشه له “ناشكۆمه‌ندی” , به‌ڵام كێماسی ئه‌و له نه‌بوونی شكۆدایه , هه‌رچه‌نده ئه‌م نه‌بوونه به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها هێمای نزمیه‌تی ئه‌و نیه , واته ناشكۆمه‌ندی مرۆڤ پێوه‌ستی پێش- بوونی خۆی نیه , ئه‌وه پرسێكه ته‌نها له‌پاش وه‌بوونهاتنیه‌وه وه‌بووندێ و ده‌بێته غه‌می ئه‌و بوونه . كاتێ ناشكۆمه‌ندی یان نه‌بوونی شكۆی پێشینه‌یی له‌كن مرۆڤ ده‌بێته كێشه , وه مرۆڤ له‌و ئاسته‌یا غه‌مزه‌ده ئه‌بێ , ئه‌وا ئیدی ئه‌و وه‌ك سه‌وداسه‌ری شكۆمه‌ندی وه‌دیارده‌كه‌وێ , ئه‌مه چركه‌ساتێكه , كه گه‌ڕان به‌دوای شكۆمه‌ندییا وه‌ك هێمای پایه‌به‌رزی مرۆڤ له‌پێنوسده‌درێ . به‌ڵام نه‌بوونی شكۆمه‌ندی كێماسی و ناته‌واوی مرۆڤه له‌پاش وه‌بوونهاتنی , وه گه‌ڕان به‌دوای شكۆمه‌ندییا هێمایه به بوونی ئه‌و “نه‌بوونی شكۆمه‌ندییه” , واته مرۆڤ له‌ساتێكا عه‌وداڵی شكۆمه‌ندییه , ئه‌وه نیشانه‌ی پێزانینی ئه‌وه ده‌رباره‌ی نه‌بوونی شكۆمه‌ندی له‌كن خۆیدا , به‌ڵام گه‌ڕان و سه‌وداسه‌رییه‌كه‌ی ئه‌و هێماگه‌لی قوڵترن به پایه‌به‌رزی مرۆڤ , هێمان به شیاو-بۆ-بوونی بیركردنه‌وه , ئه‌و شیاو-بۆ-بوونه له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌شێ وه‌ك “هیچ””6” ی مرۆڤ تێیبگه‌ین , واته نه “بوون” , وه نه “نه‌بوون” ی ئه‌و , ئه‌م دۆخه خودی ئازادییه , ئه‌و دۆخه‌یه , كه سارته‌ر به ناچاریه‌تی مرۆڤ به‌ئازادی ناوی ده‌با .
نیگه‌رانی و غه‌می هه‌میشه‌یی مرۆڤ له‌ئاست بوونی خۆیدا سه‌رچاوه‌ی نابه‌خته‌وه‌رییه‌كانی ئه‌وه , یانه‌كو خودی نابه‌خته‌وه‌رین , هه‌موو ئه‌مه‌ش گرێدراوی توندی هۆشمه‌ندی مرۆڤه , پاسكاڵ له‌وباره‌وه ده‌نوسێ :ته‌نها بوونێكی ئاگامه‌ند ده‌توانێ نابه‌خته‌وه‌ربێ , ماڵی وێران ناكارێ نابه‌خته‌وه‌ربێ “7” . لێره‌دا , كه باس له به‌خته‌وه‌ری ده‌كه‌ین , وادیارده‌كه‌وێ , كه به‌خته‌وه‌ری بوونی هه‌بێ . بۆیه گرنگه بێژم : به‌خته‌وه‌ری پێكهاتووه له ده‌ركنه‌كردن و ناهۆشمه‌ندی مرۆڤ له ئاست نابه‌خته‌وه‌ری و ئازاردا , یاخود ڕوونتر , به‌خته‌وه‌ری خۆقوتاركردنی مرۆڤه له له‌كۆڵگرتنی غه‌م و نیگه‌رانیه بونگه‌راییه‌كانی خۆی , هه‌روه‌ك چۆن پاسكاڵ گوزارشتی له‌و ڕه‌هه‌نده كردووه له‌وه‌دا , كه ته‌نها بوویه‌كی هۆشمه‌ند ده‌توانێ نابه‌خته‌وه‌ر بێ , واته ناهۆشمه‌ندی بنه‌ڕه‌تی به‌خته‌وه‌رییه . به‌باوه‌ڕی من , نابه‌خته‌وه‌ری , نیگه‌رانی و غه‌م , هه‌میشه‌گین , له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه شتێ به‌ناوی به‌خته‌وه‌ری ناتوانێ بوونی هه‌بێ , به‌تایبه‌ت له‌كن مرۆڤانێكا , كه هۆشمه‌ندانه له‌ئاست غه‌م و نیگه‌رانیه‌كانی بوونا ئاماده‌ییانببێ . نمونه‌یه‌كی هه‌ره قه‌شه‌نگ باس ده‌كا : “ماڵێكی داڕماو ناتوانێ نابه‌خته‌وه‌ر بێ ” , ئه‌و ماڵه هێمای مرۆڤێكی تێكشكاوه , كه بونێكی نائاگامه‌نده , مانه‌وه و خۆڕاگرتنیشی له بوون و جیهانا له وه‌ستانی هۆشمه‌ندانه‌یه‌وه نیه له‌ئاست نیگه‌رانیه‌كانی بوونیدا , ئه‌وه‌نده‌ی له بێباكی و نائاگامه‌ندی ئه‌وه‌وه‌یه به‌رانبه‌ر كێشه‌بنه‌ڕه‌تیه‌كان . مانه‌وه و خۆگرتن له بوون و جیهان بۆ مرۆڤگه‌لێكی له‌و شێوه‌یه نیشانه‌ی مه‌زنی و بایه‌بڵندی نییه .
هه‌رگه‌وره‌بوون و پایه‌بڵندبوونێكی مرۆڤ له یه‌كه‌م پنتی به‌ره‌وبانچونیدا گرێدراوی ڕۆشنكردن و كردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی نزمی و گچكه‌ییه له‌بوونی ئه‌ودا , واته ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه له‌ته‌ك كێشه‌بنه‌ڕه‌تیه‌كانیدا ,ته‌نها ئه‌وكاته ئه‌شێ مه‌زنبوون كرۆكی ڕاستینه‌یی خۆی هه‌بێ .
ماڵێكی ڕووخاو چیدی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ڕوخاندنا نیه , ناكرێ باس له هه‌وڵدان بۆ وێرانكردنی بكرێ , ئه‌و ماڵه ئه‌مێستا داڕماوه ؛ هه‌روه‌ك چۆن مرۆیه‌كی ناهۆشیار له هۆشمه‌ندی داڕماوی خۆیدا ناتوانایه له نیگه‌رانبوندا , هه‌ربۆیه‌ناتوانێ نابه‌خته‌وه‌ر بێ . به‌خته‌وه‌ری مناڵی بیر و ئاگامه‌ندیه‌كی داڕماوه , مرۆڤێكی خودان به‌خته‌وه‌رییه‌كی ئه‌وها وه‌ك ماڵێكی وێرانه, كه به‌سه‌ر داروپه‌ردووی خاپوربوویدا ساویلكانه به‌ده‌م به‌خته‌وه‌ریه‌كه‌یه‌وه پێده‌كه‌نێ .
مرۆڤ مه‌زنه , كه دۆخی ناله‌بار و ناجۆری خۆی پێبزانێ . دره‌خت هوشیارنیه به‌باری نه‌شیاوی خۆی . كه‌واته : هه‌ژاربوون مانای هوشیاربوونه به دۆخی هه‌ژارییه‌كه : به‌ڵام ئه‌م هوشیارییه هیمای پایه‌بڵندیه “8” . مه‌زنی مرۆڤ , یانه‌كو گچكه‌یی ئه‌و مشتومڕێكی ناكۆتایه , ناكۆتایی ئه‌و مشتومڕه په‌یوه‌ندی به‌ناكۆتا جوڵه و گۆڕانی مرۆڤه‌وه هه‌یه , به‌شێوه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ر ئه‌و ناسه‌قامگیری و بێ شوناسیه هه‌میشه‌گیه ڕاوه‌ستاوه كه له بوونی مرۆڤایه , وه‌پێویسته تێیدابێ , ئه‌گه‌رنا یان مه‌رگی هه‌قیقی ئه‌وه , یان مه‌رگێكی ڕه‌مزی بوونی ئه‌و . بوونی ڕووله‌مه‌رگی مرۆڤ , له‌هه‌مانكاتا پرۆژه‌ی بوونی ئه‌وه ڕووه‌و كۆتایی شیاو-بۆ-بوونی خۆی ؛هه‌ڵبه‌ت پرۆژه‌یه‌كه , هه‌ڵگری ئه‌و خه‌سڵه‌ت و مه‌رج و بنه‌ڕه‌ته ئۆنتۆلۆژیانه‌یه كه به‌پێویست نیشته‌جێی بوونی مرۆڤن , ته‌نانه‌ت بوونی ئه‌و پێشمه‌رجانه و زیاتر كاریگه‌رییان له‌سه‌رگه‌شه‌ی هه‌ربوونێكی مرۆیی گرێدراوه به قوڵیه‌تی ده‌رككردن و پێزانییان , واته پرۆسێسی بوونناسی و خودناسی مرۆڤ واڵاكه‌ری دۆخی قێزه‌ون و بێزراوی ئه‌ون , هه‌رئه‌م خۆیه‌كاڵاكردنه‌وه‌یه له‌به‌رده‌م “خود” دا بنچینه‌ی گه‌وره‌یی مرۆڤن , وه‌ك پاسكاڵ ئێژێ : دره‌خت هوشیاری به‌كێماسی خۆی نیه , ئه‌مه‌ش هۆیه‌كه‌یه , كه دره‌خت وه‌ك دره‌خت ده‌مێنێته‌وه , ئه‌گه‌رنا دره‌خت نه‌ده‌بو. پاسكاڵ هه‌ژاربوون وه‌ك هوشیاری به‌و دۆخه پێناسه‌ده‌كا , واته هه‌موو كه‌س ناتوانێ هه‌ژارانه‌بژی ,ئه‌گه‌ر هۆشمه‌ندانه له‌ئاست ئه‌و شێوه‌ژیانه‌یا نه‌وه‌ستێ , ئه‌وه‌ی به‌قوڵی پێده‌زانێ ,ده‌شتوانێ به‌هه‌ژاری بوونی هه‌بێ .
مرۆڤه‌كان هه‌م مه‌زنی , وه هه‌م گرگنی له‌خۆیاندا ده‌بیننه‌وه . مرۆڤ گچكه و گرگنه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌وشكڵه‌یه و ئه‌وها بونی هه‌یه له داكه‌وتا ؛ به‌ڵام مه‌زنیشه , چونكه ئاگامه‌نده به‌وه “9” . ڕه‌نگه پاسكاڵ یه‌ك له‌و بیریارانه‌بێ , كه له‌قوڵاییه‌وه ڕاستینه بنه‌ڕه‌تیه ئۆنتۆلۆژییه‌كانی پێزانیبێ , كه مرۆڤ تێیاندا هیچ شوناسێكی ڕه‌های نیه , ئه‌و نه مه‌زنه و , نه پوچه له‌سروشته‌وه . مرۆڤ له‌خۆیا خودان شیاوبوونی هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌كه‌یه , ئه‌و شیاو-بۆ-بوونی مه‌زنی و گرگنیه . خراپی ڕه‌وشی بوونی مرۆڤ , یان كێماسی ئه‌و بوونه له‌بێشوناسییه‌كه‌یدایه‌تی ؛ هه‌ڵبه‌ت واده‌رده‌كه‌وێ , بێ‌شوناسی هه‌م كه‌میه‌تی بوون , وه هه‌م خه‌سڵه‌تی پۆزه‌تیڤانه‌ی بوونی مرۆڤ بێ . به‌ڵێ ئه‌وه ڕاستیه‌كی ڕه‌تنه‌كراوه‌یه , به‌ڵام دژبه‌ری یه‌كدیش نین. مرۆڤ وه‌ك بێ‌شوناس , بێ به‌ها , بێ جه‌وهه‌ری ڕه‌ها , ئه‌وانه كێماسی ئه‌ون , واته ئێمه باس له كۆمه‌ڵێ ڕه‌هه‌ند ده‌كه‌ین كه بوونیان پێویسته بۆبوونی مرۆیی , بێگومان بوونیان وه‌ك پرۆسێس , نه‌ك وه‌ك ده‌رئه‌نجامێكی ڕه‌های پرۆسه‌یه‌كی دیاریكراو , چونكه ئاماده‌گییان دواجار له‌سه‌رهه‌میشه‌ئاماده‌ییان وه‌ك پرۆسێس ده‌وه‌ستێ . كه‌واته مرۆڤ وه‌ك بوونێكی ناته‌واو ده‌شێ بوونی ببێ , ئه‌و ناته‌واوییه بێلایه‌نه , بێشوناسه , وه بێجه‌وهه‌رییه . ئه‌م فاكته‌ره‌یه , كه لێیه‌وه كرانه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ڕووی پێداویستیه‌كانی بوونا ده‌بێ له‌دایكبێ . وه هه‌ر له‌هه‌ناوی ئه‌و ناته‌واوییه‌وه‌یه ئاسۆی ئازادی ئه‌و هه‌ڵدێ . هۆشمه‌ندی به‌و ناته‌واوییه خودی ئه‌و ئاسۆیه‌یه , كه كرانه‌وه به‌ڕووی پرۆژه‌ی بوون و پێداویستیه‌كانی بوون و , ئازادی ده‌هێنێته گۆڕێ , وه پریشكی ئه‌و كرانه‌وه‌یه له‌و ئاسۆیه‌وه ده‌گاته سه‌رزه‌مینی بوونی مرۆڤ .
ترسناكه , ئه‌گه‌ر زیادله‌ڕاده لێكچونه‌كانی له‌ته‌ك ئاژه‌ڵانا پیشانی مرۆڤ بده‌ی , بێئه‌وه‌ی لایه‌نی پایه‌باڵایی نیشانبده‌ی . به‌هه‌مانشێوه ترسناكه ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی كات سه‌رنجی مرۆڤ بهاوێژرێته سه‌ر مه‌زنایه‌تی ئه‌و , بێئه‌وه‌ی هیچیه‌تی خۆی وه‌بیربهێنرێته‌وه . له‌هه‌موو ئه‌وانه ترسناكتر ئه‌وه‌یه , كه مرۆڤ له نائاگامه‌ندی به‌و دوو ڕه‌هه‌نده‌یا به‌جێبهێڵرێت . له‌به‌رانبه‌ردا ,ئێجگار به‌كه‌ڵكه كه هه‌ردوو باره‌كه‌ی بخرێته‌به‌رده‌م”10″. مرۆڤ له‌لای پاسكاڵ بابه‌تی بنه‌ڕه‌تی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیه . مرۆڤ هاتۆته‌بوون ,بۆئه‌وه‌ی بیربكاته‌وه : له‌وه‌دایه به‌ها و شكۆی ئه‌و , بیركردنه‌وه ئه‌ركی مرۆڤه . ڕێكوپێكی بیركردنه‌وه له‌وه‌دایه كه له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ستپێبكا , له خۆیه‌وه وه‌ك مه‌به‌ست و ئامانج . فه‌لسه‌فه پێداگیری له‌وه‌ئه‌كا , كه بیركردنه‌وه سه‌لمێنه‌ری مه‌زنی مرۆڤه . مه‌زنی مرۆڤ به‌رچاوده‌بێ ته‌نانه‌ت هێنده‌ی كه بتوانین له هیچێتی و نزمیه‌تی خودی مرۆڤه‌وه وه‌ده‌ریخه‌ین , له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه ئێژین “چ ئاژه‌ڵییه‌كه!!” , مه‌به‌ستمان سه‌زه‌نشتكردنی كه‌سگه‌لێكه , كه داكه‌وتونه‌خوارێ تا دۆخێكی ئاژه‌ڵییانه . هه‌ربه‌دیدی پاسكاڵ , پایه‌بڵندی ڕاسته‌قینه له‌توانایی میهره‌بانبوونایه . دره‌خت هاوئازاری و هاوغه‌می نازانێ , بۆیه چاره‌نوسی مه‌زنه‌كان ئێجگارزۆر میهره‌بانبوونه”11″ .
بێگومان پاسكاڵ به‌گرنگییه‌كی گه‌وره‌وه ئیش له‌سه‌ر لایه‌نێكی بنچینه‌یی بیركردنه‌وه ده‌رباره‌ی مرۆڤ , وه ده‌رباره‌ی خودی بیركردنه‌وه ده‌كا . له‌سۆنگه‌یه‌كه‌وه , كه بیركردنه‌وه پێویسته خۆپێكبهێنێ وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی خود له خود ,ته‌نها له‌وه‌ها ئاستێكا ده‌شێ ئه‌و هاوسه‌نگیه ڕابگیرێ ,كه به‌پێویست ئه‌بێ له‌بوونی مرۆیی و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و بوونه‌دا ئاماده‌گی هه‌بێ . به‌راوردكردنی مرۆڤ له‌ته‌ك ئاژه‌ڵانا ناڕه‌وایه , دژه‌به‌جه‌وهه‌ری مرۆڤ , كه مرۆڤبوونه‌كه‌یه‌تی . ئه‌وها , ئاژه‌ڵبوون به‌نیسبه‌ت مرۆڤه‌وه دۆزه‌خی ئه‌وبوونه‌یه , دۆزه‌خی مرۆڤه به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌به‌های ئاژه‌ڵان كه‌مبكه‌ینه‌وه . مرۆڤ هیچ كاتێ ناكرێ به‌ئاژه‌ڵی دابنێین , ئه‌مه نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ئاژه‌ڵییانه له‌مرۆدا به‌ردیده‌ناكه‌وێ , به‌ڵكو ئه‌م شێوازه له‌ڕه‌فتار بۆ خۆی هێمایه به فۆرمێكی سه‌رچاوه‌نه‌گرتوو له ئه‌قڵه‌وه , ڕونتر و دروستتر , كردارگه‌لێ كه دانه‌مه‌زرابن له‌سه‌ر بنه‌مای پرۆسێسێكی قوڵی بیركردنه‌وه و , ئه‌گۆمێنتسازییه‌كی پته‌و .
ئاژه‌ڵ ئه‌رگۆمینتسازی بۆ ڕه‌فتاره‌كانی ناكا , وه هه‌رگیز ئه‌و هێزه‌شی نییه , هه‌ڵبه‌ت ئاژه‌ڵبوون بۆ ئاژه‌ڵ ڕه‌وایه , بۆیه جوڵه و ڕه‌فتاره‌كانی ڕه‌وان , وه پێویست به ئه‌رگۆمێنتسازی ناكا . ئه‌وان بوونیان ئاگامه‌ندانه نیه , وه به‌بێ ئه‌و ئاگامه‌ندییه ڕه‌فتارده‌كه‌ن . به‌ڵام ڕه‌فتار و كرده‌ی نائه‌قڵانی , كه له‌بونیادیاندا مومكینیه‌تێكی ئه‌قڵی و هزری نیه , ئه‌وه سه‌ربه‌دونیای مرۆڤ نین , وه‌ك بوونێكی شیاو بۆ ئاگامه‌ندبوون . ڕوو له جیهانێكه , كه كێشه‌كانی خۆی ناناسێ , نه‌مانای بوون و , نه مه‌رگی خۆی نابنه پرسی چاره‌نوسسازی ئه‌و . ئه‌شێ ئه‌م جیهانه به ڕه‌هایی ئاژه‌ڵی بێ , بێ ئه‌وه‌ی بكارین مرۆڤ بهاوینه نێوه‌ندی ئه‌و جیهانه‌وه . ئه‌مه ساتێكه , ئه‌شێ ده‌ركه‌وتنی مرۆڤبێ زیاتر وه‌ك دیارده‌یه‌كی بایۆلۆژی . بۆچی نه‌شیاوه به‌راوردكردنی مرۆڤ-ئاژه‌ڵ ؟ ئه‌وه ڕوونه , هه‌رچه‌نده لێره‌دا به‌شێوه‌یه‌له‌شێوه‌كان ئه‌و به‌راورده ئه‌كه‌م , به‌ڵام ئه‌و جیاكارییه ئه‌بێ بكرێ : به‌راورد بۆ لێچواندنی مرۆڤ به ئاژه‌ڵ خودی مه‌ترسیه‌كه‌یه , به‌قوڵی نامرۆڤانه‌یه . لێره‌ڕا به‌راورد بۆ ڕۆشنكردنی ئه‌وه‌یه , كه پێشمه‌رجگه‌لی بنه‌ڕه‌تی-ئۆنتۆلۆژی مرۆڤ , به‌توندی و كاریگه‌رانه و ڕادیكالیانه ئه‌و بوونه ده‌كاته بێهاوتا ؛ مرۆڤ له‌ئاست پرۆژه‌ی بوونی خۆیدا به‌هۆشمه‌ندییه‌وه كراوه‌یه ,یانه‌كو پێویسته كراوه‌بێ . شیاو-بۆ-بوونی گۆڕان به‌هۆشمه‌ندییه‌وه ته‌نها مرۆڤ خاوه‌نمه‌ندیه‌تی .
بۆچی پێویسته هه‌موو مه‌ترسییه‌كان و ڕه‌هه‌نده‌جیاوه‌زه‌كانیان وه‌بیری مرۆڤ بخرێته‌وه ؟ بێگومان ئه‌مه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه له مناڵدانی نیگه‌رانی هه‌میشه‌گی بوونه‌وه دێته‌ده‌رێ , به‌وپێیه‌ی , مرۆڤ به‌هه‌میشه‌یی ئه‌بێ نیگه‌ران بێ , نیگه‌رانی ئه‌ركی بوونهاوه‌رانه‌ی ئه‌وه , له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌ما , نیگه‌رانبوونه له‌به‌رده‌م بوونی خۆیدا , نه‌ك له خۆپه‌رستییه‌وه , به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌هۆی بوونی خۆیه‌وه توانامه‌نده بۆ بوون , بۆیه نیگه‌رانی ده‌رباره‌ی ئه‌و بنه‌ڕه‌تیه . ئاسۆی بوونێكی هاوسه‌نگ , زیته‌ڵه , ڕه‌سه‌ن له گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ئێجگار وریایانه و هۆشیارانه‌ی ئه‌ودایه بۆ كن بوونی خۆی , تاكو نه‌كرێ , نه له دۆزه‌خی بوونی مرۆیی‌دا غه‌رقببێ , وه نه له ڕه‌هایی مه‌زنی خۆیدا بێباكانه ئه‌سیرببێ .
پاسكاڵ ده‌نوسێ : من هۆشیارم به‌وه‌ی , كه ده‌متوانی نه‌بوومایه , چونكه “من” ی من له بیروهزری مندایه ؛به‌وشێوه‌یه , “من” , كه بیرده‌كاته‌وه , بوونی نه‌ده‌بوو , ئه‌گه‌ر بهاتبا دایكمیان بكوشتبا پێش ئه‌وه‌ی ڕۆحم وه‌ده‌ستبێنم ؛ كه‌واته , من بوونێكی ناپێویستم . واته من هه‌میشه‌یی نیم , ناكۆتانیم ؛ به‌ڵام به‌ڕوونی له سروشتا بوونێكی پێویست ده‌بینم , كه هه‌میشه‌گی و ناكۆتایه “12” . لێره‌دا ئه‌وه‌ی به‌بایه‌خه ئه‌وه‌یه , كه “من” ی پاسكاڵ ده‌بێته پێشمه‌رجی بوونی ئه‌و , دیاره “بوون” به‌مانای بوونی ڕاسته‌قینه , یان ئاماده‌بوو-لێره , چونكه “من” له بیر و هزردایه , “من” گوزارشتكه‌ر و قسه‌كه‌ری بوونی مرۆڤه , ئه‌مه ئه‌گه‌ر له‌سۆنگه‌ی هایدیگه‌ره‌وه بنواڕین , ئه‌شێ بێژین , ئه‌و كاته‌ی پاسكاڵ ئێژێ “ده‌متوانی هه‌رنه‌بوبام” , ئه‌وه دۆخێكه , كه مرۆڤ بۆ خۆی پێویسته دازاینی خۆی بئه‌فرێنێ و ئازادیبكا , واته ببێته بوون-لێره , ئه‌م ڕه‌وشه‌ی بوون ئه‌شێ وه‌ك “من” ی ئه‌وبوونه تێیبگه‌ین . “من” له بیروهزردا قه‌راریگرتووه ,مانای ئه‌وه‌یه ,كه “بیر” ماڵی “من” ی مرۆڤه , وه مه‌رجی بوونی “من”ه . له‌هه‌مانكاتا پاسكاڵ پارێزگاری له‌و بیره‌بنه‌ڕه‌تیه‌ی خۆی ده‌كا , كه ده‌كارم بێژم پێشمه‌رجی بوونی مرۆڤ به ئۆنتۆلۆژییانه ده‌ستنیشان ده‌كا , له‌به‌رئه‌وه‌ی پێی وایه “من” ی بیركه‌ره‌وه‌م نه‌ده‌بوو ئه‌گه‌ر بهاتباو دایكی منیان كۆشتبایه پێش گه‌یشتنی ڕۆحم ؛ ڕاسته فه‌یله‌سوف هێما به ڕۆح ده‌كا , به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تا بوونی دایك وه‌ك پێشمه‌رجی بوونی ئه‌و دێته‌هزراندن . بوونی پاسكاڵ شیاو-بۆ-بوونی دازاینی خۆیه‌تی , واته زه‌مینه‌ی بنه‌ڕه‌تی ڕه‌سه‌نیه‌تی ئه‌وه .
پاسكاڵ بوون جودائه‌كاته‌وه له “من” , كاتێ ده‌ڵێ ده‌متوانی هه‌رنه‌بووبام , چونگه “من” له بیردا نیشته‌جێیه و , له ڕووی كاته‌وه ده‌كه‌وێته پاش بوونه‌وه , “من” دیوه ئه‌قڵی و گیانیه‌كه‌ی بوونی مرۆییه , وه كه‌سیه‌تی بوونه . ئه‌شێ وه‌ك لێكه‌وته و كارلێك و گۆڕانی ئه‌و بوونه له‌پێنوسبدرێ . ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌و ڕاستیه ڕۆشنده‌كاته‌وه , كه مه‌رجی بوونی “من” ی مرۆڤێ بریتیه له‌بوونی خودی ئه‌و مرۆڤه , ئه‌وه‌یه , كه بوونی دایك پێشمه‌رجی بوونی “من” ی بیركه‌ره‌وه‌یه . ئه‌مه‌ش وایلێده‌كا بوونی مرۆڤ به بوونێكی ناپێویست دابنێ , ئه‌وها فه‌یله‌سوف به‌دوای بوونێكی پێویستبوودا ده‌گه‌ڕێ و , هێما به كۆتایبوونی مرۆڤ ده‌كا , بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌وه بگاته كن بوونێكی پێویست-بۆ-بوون .
پاسكاڵ له‌باره‌ی دابڕانی مرۆڤ له حه‌قیقه‌ت ,پێیوایه : چه‌نده پێگه‌ی جیهانیمان باڵاببێ , ئه‌وه‌نده‌وزیاتر داده‌بڕێین له حه‌قیقه‌ت “13” . ڕه‌نگه هه‌ڵه‌نه‌بین له بیركردنه‌وه‌مانا , ئه‌گه‌ر پێوابوونمان وابێ , كه جیهانیبوون به‌پێچه‌وانه‌ی پاسكاڵه‌وه واتای دابڕان له ڕاستینه ناگه‌یه‌نێ , به‌وپێیه‌ی بوون-له-جیهانا پێشمه‌رجێكی ئۆنتۆلۆژی-بنه‌ڕه‌تیه , ڕوونتر , ئه‌وه له سۆنگه‌ی مارتین هایدیگێره‌وه , ته‌نها له‌م ڕه‌وشه‌دا مرۆڤ له‌توانایدایه پێبنێته نێو ڕۆشنه-پانتایی بوونه‌وه . بۆیه ئاشنابوون له‌ته‌ك ئاسۆی بوون له‌و ڕۆشنه-پانتایه‌دا شیاویڕودانه , ئاماده‌گی له‌و ڕۆشنه-پانتاییه‌دا هێمای بنه‌ڕه‌تی خودبوونه , نیشانه‌ی گه‌شه‌كردنی “من” ی مرۆڤه , ئه‌مه دۆخی ڕه‌سه‌نبوونه . دیاره گۆشه‌نیگای پاسكاڵ لێره‌دا ,گۆشه‌نیگایه‌كی میتافیزیكیه , به‌وبه‌ڵگه‌یه‌ی , ئه‌م بیرمه‌نده جه‌خت له په‌یوه‌ندی مرۆڤ به بوونی میتافیزیكیه‌وه ده‌كاته‌وه , ئه‌و خۆی پێیوایه , كه بوونێكی ناكۆتا و هه‌میشه‌گی له‌سروشتا ده‌بینێ , به‌ڵام دیاریكردنی بیری ئه‌و وه‌ك بیرێكی میتافیزیكی بۆ من , په‌یوه‌نده به‌وه‌ی كه بوون ده‌گێڕێته‌وه بۆ كن “هیچ” , ئه‌و بوون داده‌مه‌زرێنێ له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی ئه‌و “هیچ”ه ,كه له بوونێكی میتافیزیكیدا خۆیده‌نوێنێ .
دادوه‌رانه‌یه , ئه‌گه‌ر ڕوویه‌كی دیكه‌ی ئه‌و دیدگایه ته‌ته‌ڵه‌بكه‌ین , پایه‌به‌رزبوونه‌وه‌ی جیهانیانه دابڕانه له ڕاستینه ,ئه‌وه ئه‌شێ كاتێ بێ , كه مرۆڤ ئێجگارزۆر بایۆلۆژیانه ئه‌زمونی بوونی جیهانیانه‌ی خۆی ده‌كا و , ده‌بێته بوونێكی ڕۆژانه‌یی , وه ئه‌زمونی ڕوویه‌كی ته‌نكی ژیان و بوونی خۆی ده‌كا ,وه‌ك وابێ له‌قوڵاییدا نیشته‌جێبێ . بۆمن سه‌رنجڕاكێشه گوته‌یه‌كی فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی ڕووس “لێڤ شێسته‌ڤ” : ماسی ده‌گه‌ڕێ , له‌كوێ قوڵتره , مرۆڤ له‌كوێ ژیان باشتره . به‌ڵام هه‌ندێ جار مرۆڤ ده‌گه‌ڕێ له‌كوێ قوڵتره , هه‌رچه‌نده به‌ڕوونی ده‌بینێ له‌وێ نه‌ك باشترنیه , به‌ڵكو ئێجگار خراپه . به‌رده‌وام ده‌بێ و ده‌نوسێ , مرۆڤ له‌كاتێكدا , كه “قوڵتر” له‌شوێنی “باشتر” داده‌نێ , ئیدی نزیكه‌كانی له‌وه‌ده‌وه‌ستن تێیبگه‌ن و ده‌ستده‌كه‌ن به ڕكابه‌ریكردنی “14” . بۆیه پاسكاڵیش له‌وه‌دا دروست پێكاویه‌تی , كه تا پله‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هتد ی مرۆڤ بڵندتر و دیارتربێ , ده‌رفه‌تی لادانی مه‌زن له ڕاسته‌ڕێی مرۆڤانه فراوانترده‌بێ , ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وه‌یه له پێناو وننه‌كردنی پێگه جیهانیه‌كان “ڕامیاری , كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد” مرۆڤ زۆر جار ده‌كه‌وێته به‌ره‌ی دژایه‌تیكردنی ڕاستینه‌وه , دووڕوویی و درۆ شوێنی حه‌قیقه‌ت ده‌گرنه‌وه .
پاسكاڵ ده‌رباره‌ی كات و په‌یوه‌ندی مرۆڤ به كاته‌وه ورد سه‌رنجیداوه و , پێوابونی وایه , كه “ئێستا”
هیچ كاتێ ئامانجه‌كانی ئێمه پێكناهێنێ , “رابردوو” و “ئێستا” ئامرازی ئێمه‌ن , ته‌نها یه‌ك
ئامانجمان هه‌یه , ئه‌ویش “ئاینده” یه . ئه‌وهایه ,كه ناتوانین له هیچ كاتێكا بژین , به‌ڵكو هیواخوازی ژیانكردنین ؛ هه‌میشه به‌و شێوه‌یه ده‌نواڕینه به‌خته‌وه‌ری ,بۆیه بێگومان هیچ ساتێ به‌خته‌وه‌ر نابین”15″ به‌ته‌واوی ئه‌وه دروسته : “ئێستا” ئامانجه‌كانی ئێمه‌ی مرۆڤ پێكناهێنێ , له سوچێكه‌وه , په‌یوه‌ندی به كێشه‌ی فره‌مانایی و فره‌تێگه‌یشتنه‌وه هه‌یه له زمانا , وه په‌یوه‌ستیشه به‌تێگه‌یشتن له تێگه‌یشتنه جیاوازه‌كان ده‌رباره‌ی كات . له‌ده‌مێكدا , كه باس له ئامانج ده‌كه‌ین , هه‌میشه باس له ئه‌گه‌رێك ده‌كه‌ین له‌پێشمانه‌وه‌یه , جا هه‌رچه‌نده به ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێ , هه‌ر بۆیه ئه‌مه ناوده‌نێین “ئاینده” . هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجه گه‌یشت به ئێمه و , ئێمه‌ش به ئه‌و , واته یه‌كتربینینی ئێمه و ئامانجه‌كانمان له كاتێكدایه , كه بۆ ئێمه “ئێستا” یه , به‌م شكڵه ئه‌و ساتی یه‌كتربینینه لێره‌وه ده‌بێته “ڕابردوو” , ئه‌مه‌ش به‌هۆكاری بوون به “ئێستا” ی “ئاینده”یه‌كی دیكه‌وه یه , به‌ڵام “ئێستا”ی تێپه‌ڕیو زۆر جار ده‌یهه‌وێ , یانه‌كو ئێمه ده‌مانه‌وێ به‌هۆی ئه‌وه‌وه كۆنترۆڵی “ئاینده” بكه‌ین . له‌م كاته‌دا “ئێستا”یه‌كی گوزه‌ركردوو ده‌چێته‌وه بۆ “ئاینده” , وه دیسان به تێپه‌رٍینه‌وه به ئاینده‌دا خۆده‌هاوێته‌وه ناو “ئێستا” .
ئێمه هه‌موو شته‌كان فڕێده‌ده‌ینه‌وه بۆ ناو”ئاینده” , ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ته‌واویش ڕایانبووردبێ , واته هه‌ممو ئه‌و شتانه‌ی یان ئه‌و بیرانه‌ی ده‌مانه‌وێن و , نه‌مانگه‌ره‌كه به‌جێمان بهێڵن , یا به‌جێیان بهێڵین . به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌نها “ئاینده” هه‌میشه‌گی و ناهه‌میشه‌گییه و , دوو خه‌سڵه‌تی دژبه‌یه‌كی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه , بۆیه سته‌مكارێكی گه‌وره‌شه , هه‌موو “كات” ی “بوون”ی داگیركردووه , ئه‌و هه‌ممو “ئێستاكان” مانی پڕكردووه , هه‌روه‌ك چۆن “ڕابردووه‌كان”یشی لێوانلێوكردووه له خۆی . واته “ئێستا” و “ڕابردوو” دیوه ناهه‌میشه‌ییه‌كه‌ی “ئاینده” ن , كه بریتیه له خۆڵه‌مێشی “ئاینده” , جه‌سته‌ی مردووی “ئاینده” یه . ئه‌م دیوه ناهه‌میشه‌ییه‌ی “ئاینده” , كه هه‌ردوو شێوه‌كه‌ی تری “كات” ی بوونی داگیركردووه , ته‌نها ده‌شێ وه‌ك كه‌ره‌سته , وه‌ك مادده‌ی خاو له “ئاینده” دا به‌شدارببێته‌وه و , گیانی “ئاینده” به‌به‌رخۆیدا بكاته‌وه.
كێشه‌ی “ئاینده” , كێشه‌یه‌كی چاره‌نوسسازه . ئاینده له‌خۆیدا خودی چاره‌نوسه , هه‌رچه‌نده “چاره‌نوس” ده‌شێ وه‌ك هه‌موو شتێ تێپه‌ڕێ به “ئێستا” دا و , بچێته “ڕابردوو” وه‌وه . ئێمه له‌ناو خودی “چاره‌نوس” دا ده‌ژین , “چاره‌نوس” له‌پێشمانه‌وه نیه به‌ته‌نها , ئه‌وه‌ی ئێمه چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ین , چاره‌نوسی خودی “چاره‌نوس” ه , واته له‌ناو خودی “چاره‌نوس” دا ئێمه چاوه‌ڕێ , یان به‌دوای ئه‌گه‌ری جیاوازی چاره‌نوسدا ده‌گه‌ڕێین.
زۆرجار , ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین , له‌وه تێده‌گه‌ین , “ئاینده” مرۆڤه‌كان به‌سه‌ر دوو پۆلدا دابه‌شده‌كا , پۆلێكیان سه‌ر به‌ڕووه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی “ئاینده” ن , ئه‌وی دیكه‌یان پێوه‌ست به ڕه‌هه‌نده ناهه‌میشه‌گییه‌كه‌یین . ئه‌وانه‌ی له دیوه هه‌میشه‌گیه‌كه‌دا قه‌راریان گرتووه , بیرێكی ته‌واو دیاریكراو , نه‌خشێكی ڕوون و زانراو , یانه‌كو چاوه‌ڕوانكراوێكی ئاشكراكراویان نیه , ئه‌وان به‌رده‌وام یا له ئه‌گه‌ری فره و فره شوناسدا , یان به‌ته‌واوی له “ئاینده” یه‌كی بێ شوناس و نادیاریكراودا ده‌رگیرن , ئه‌م پۆله خه‌ون به‌ئاینده‌وه ده‌بینن . به‌ڵام پۆله‌مرۆییه‌كه‌ی دی , كۆمه‌ڵگه‌لێكن , كه له دیوه مه‌رگاوییه‌كه‌ی “ئاینده” دا ئاینده‌ی خۆیان ده‌بینن , ئه‌مان نه‌خشێكی دیاریكراو , بیرێكی چوارچێوه‌دار و , “نائه‌گه‌ر” یان هه‌یه , واته خودان “كات” تاقیكراوه‌ن , وه هه‌رگیز خه‌ون به “ئاینده” وه نابینن , به‌ڵكو ئه‌مان پێوابوونیان واسه , كه “ئاینده” به‌ڕۆشنی ده‌بینن.
ئێمه ده‌توانین له ڕووداوێ , یان شتێ , یا بوونی كه‌سێ , زیاتر بكۆڵینه‌وه و له‌باره‌یه‌وه بزانین , كه ڕوویدابێ , شتێك بێ هه‌بێ , یان كه‌سێ بێ بوونی هه‌بێ , یان كۆتایی به مومكینیه‌تی بوونی هاتبێ , به‌ڵام ئه‌گه‌ر “ئاینده” ئه‌وه‌بێ , كه هێشتا تاقیماننه‌كردبێته‌وه , ئه‌وا نه‌كرده‌یه به‌ته‌واوی زانینی , ناتوانین بیبینین , به‌ڵام شیاوه ده‌رباره‌ی خه‌ون ببینین , خه‌یاڵبكه‌ین , وه بیرله‌ئه‌گه‌ره جیاوازه‌كانی بكه‌ینه‌وه , به‌پێچه‌وانه‌وه , ئه‌گه‌ر بینیمان , زانیمان , كه چی چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین , یانه‌كو به‌ته‌واوی یا نیمچه ته‌واوی نه‌خشی ڕووداوه‌كانیمان له‌به‌رده‌ستدابوو , ئیدی لێره‌دا ئه‌شێ بێژین , ئه‌وه دیوه ناهه‌میشه‌ییه‌كه‌ی “ئاینده” یه , له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌شێ “ڕابردوو” ی له كۆنترۆڵ ده‌رچووبێ , كه بوونی نیه له‌كن ئێمه‌دا له ئێستادا.
یه‌كێ له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی مرۆڤ به‌رده‌وام له‌چاوه‌نواڕیدایه تاكو له “ئاینده” وه بێت و بیگاتێ
یان مرۆڤ بگاته ئه‌و , ئه‌وه “به‌خته‌وه‌ری”یه . هه‌ڵبه‌ت “به‌خته‌وه‌ری” “وشه”یه , وه “ئاینده” ش به‌هه‌مان شێوه , هه‌ردوكیشیان سه‌ربه ماڵی زمانن , ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه , ئێمه له چاوه‌ڕوانی هاتنی “وشه”یه‌كداین , كه له جه‌وهه‌ری “وشه” یه‌كی دیكه‌وه له‌دایك بێ , ئه‌م وشه‌یه بۆ خۆی له‌ژێر زه‌بری كۆڵینه‌وه و فره تێگه‌یشتندایه , ئه‌و خۆی هێشتا به ڕه‌هایی یان به ته‌واوی نه‌یتوانیوه گوزارشت له “كات” ێكی دیاریكراو بكا , خودان هیچ جه‌وهه‌رێكی دیاریكراونیه , له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه بێ جه‌وهه‌ره , چونكه هێشتا بوونی نیه , لانی كه‌م ئه‌وه‌ی بوونی نه‌بێ , وه بۆ ئێمه ده‌رنه‌كه‌وتبێ , وه ڕوو-ی-نه‌دابێ بۆ ئێمه یان به ئێمه , ئه‌گه‌ر نه‌توانین به‌ته‌واوی “بوون”ی ڕه‌تبكه‌ینه‌وه , ئه‌وا هه‌رگیز ناشتوانین “بوون” ی بسه‌لمێنین , ئیدی چۆن ده‌كرێ باس له جه‌وهه‌ری ئه‌و بوونه بكه‌ین , كه هێشتا نه‌بووه به “بوون” , بێگومان ناكرێ . كه‌واته “به‌خته‌وه‌ری” له گێژاوێكی ئه‌وهادا چۆن ده‌شێ شوناسی دیاریبكه‌ین؟ به‌خته‌وه‌ری كه‌وتۆته شوێنێكه‌وه , كه هێشتا نه‌بووه به شوێن , ماڵی ئه‌و له “ئاینده” دایه , كه هێشتا “ئاینده” خۆی بۆ خۆی نه‌بووه به “ماڵ” , بۆیه وه‌ك پاسكاڵ ئێژێ ئه‌شێ هه‌رگیز پێینه‌گه‌ین.
كاتێك , له‌سه‌ره‌نجاما , توشی بێئومێدی ئه‌بین له گه‌ڕانی بێكه‌ڵك به‌شوێن چاكه‌دا , خۆمان له‌ئامێزی ڕزگاركه‌ردا ئه‌بینینه‌وه . وای لێهاتووه , كه مرۆڤ شایانی په‌ژاره‌بۆخواردن بێ , چونكی نازانێ به‌چ ئاقارێكا ئه‌شێ گلۆرببێته‌وه . ئه‌و ده‌رچووه له ڕێگه‌ی ڕاسته‌قینه , وه گه‌ڕانیش به‌دوایدا هیوابه‌خش نیه . له جیهانی هیچێتی ئۆنتۆلۆژیانه‌ی مرۆڤدا , پاسكاڵ بانگی مانای ژیان ئه‌دا , كه ناتوانرێ له ته‌نهاییدا بدۆزرێته‌وه . به‌ڵام مرۆگه‌لی دیكه , ساتێ كه له نه‌زۆكی و بیهوده‌یی گه‌ڕانی بۆ مانا ده‌گه‌ن , هه‌ندێكیان ڕابواردن و خۆشگوزه‌رانی هه‌ڵده‌بژێرن . بۆ ئه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ربن ,ئه‌وه‌نده‌یان به‌سه , بیرنه‌كه‌نه‌وه ده‌رباره‌ی مه‌رگ , نه‌زانی و خراپكاری . به‌ڵام ئه‌و خۆشگوزه‌رانی و ڕابواردنه هه‌ڵگری به‌شی گه‌وره‌ی كاره‌ساته‌كانمانه , چونكه سڕه‌ره‌وه‌ی نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌یه ده‌رباره‌ی خودی خۆمان و , بێگه‌ڕانه‌وه په‌لكێشكردنمانه بۆ له‌ناوچوون . به‌بێ ئه‌و هزرینه بنه‌ڕه‌تیه ده‌كه‌وینه دۆخی داهێزران و نیگه‌رانیه‌كی پاسیڤه‌وه , به‌ڵام غه‌م و نیگه‌رانی له ڕوه ڕاستینه‌كه‌ی خۆیانا مۆتیڤی گه‌ڕانی مرۆڤن به‌دوای شتێكی به‌هێزتر و كاریگه‌ردانه‌رتردا “16” . ڕه‌نگه لێره‌یا ئه‌و ڕاستیه بوونی هه‌بێ , كه مرۆڤ له گه‌ڕانی هه‌میشه‌ییدا هیچ ده‌رئه‌نجام و وه‌ڵامێكی دیاریكراو و له‌پێشینه‌ی نیه , به‌ڵكو پێویسته بشزانێ له‌و گه‌ڕانه‌ی دا , هیچ شتێ , به‌هایه‌ك , یان وه‌ڵامێكی لێ نه‌شاردراوه‌ته‌وه , تاكو به‌دوایا بگه‌ڕێ . ئه‌وه‌ی نهێنی بوونه بۆ مرۆڤ , ڕه‌نگه له‌ئاشكراكردنی نه‌بوونی نهێنیه‌كی دیاریكراوا بێ له‌پشت بوونه‌وه , یانه‌كو كردنه‌وه‌ی نهێنی نائاماده‌گی مانای له‌پێشینه‌یی و سه‌رمه‌دی بێ .
گه‌ڕان , وێڵبوون نیه به‌دوای مانا و بنه‌ڕه‌تێكی ئاماده‌بوو له ماڵێكی نهێنی و میتافیزیكیدا , ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌فراندنی هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌ر و مانایانه‌یه , كه مرۆڤ وێڵببوه به‌دوایانا . ئه‌م ناكۆتاییه‌ی گه‌ڕان له‌ئاستی جیاوازدا كاریگه‌ری نائومێدكه‌رانه‌ی له‌سه‌ر بوونیه‌تی مرۆڤ داده‌نێ . هه‌میشه نائومێدی له‌گه‌ڕانی ناكۆتادا مرۆڤی فڕێداوه‌ته به‌رده‌م بژارده‌ی هه‌مه‌جۆره‌وه ؛ به‌تایبه‌ت بژارده‌ی وه‌ڵامێكی ڕه‌ها و دڵنیاكه‌ره‌وه , كه ئاسانترین و ساده‌گۆیانه‌ترینه , كه په‌نابردن و ڕاده‌ستبوونه له ئاست بوونی ترانسدێنتالیدا .
بانگكردنی پاسكاڵ بۆ كن مانای ژیان , كه له ته‌نهاییدا ناتوانرێ وه‌دیبهێنرێ , داننانه به بنه‌ڕه‌تیبوونی پێشمه‌رجێكی ئۆنتۆلۆژیدا بوونی مرۆڤا , واته بوون-له‌ته‌ك-ئه‌وانیدیكه . ته‌نها له‌و سۆنگه‌یه‌وه , مرۆڤ ئه‌كارێ وه‌ك بوون-لێره ده‌ربكه‌وێ و , به‌رپرسیاریه‌تی “ئێره” ی بكه‌وێته ئه‌ستۆَ .
كێشه‌ی مانای ژیان و بوون كێشه‌گه‌لی بوونه‌وین . به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌فراندنی مانا پرسێكی جیهانیانه‌یه , خودی ئاماده‌بوونی مرۆڤ له ڕۆشنه-پانتایی بوونا مانای ناجێگیر و ناكۆتای بوونی ئه‌وه .
ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی هه‌ڵهاتنی مرۆڤ له‌گه‌ڕانی هه‌میشه‌یی به‌دوای مانادا , خوگرتن و خۆنقومكردنه له خۆشڕابواردن و سه‌رگه‌رمی نابنه‌ڕه‌تیدا , وه‌ك ڕێگه‌یه‌ك بۆ چیدی بیرنه‌كردنه‌وه له بنه‌ڕه‌ت و گرفته‌بنچینه‌ییه‌كانی مرۆڤ . به‌دیوێكی ترا خۆدزینه‌وه‌یه له هزراندنی مه‌رگ وه‌ك كۆتاییه‌كی ڕه‌ها و یه‌كلابووه‌وه . له‌سه‌ره‌نجامی نه‌هزرین و سه‌رگه‌رمییه‌وه , بوونی مرۆیی داده‌ڕوخێ تائاستی سستی و داهێزرانێكی بیریی و گیانی وه‌ها , كه غه‌می بچوك و ناڕه‌سه‌ن وه‌به‌ردێ , غه‌مێ , كه ناتوانێ غه‌می بوون و مانا بێ و , نه‌ك پاڵنه‌رنابێ بۆ گه‌ڕانی هه‌میشه‌یی به‌دوای مه‌زنێتیدا , به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌بێته مایه‌ی كلۆركردنی مرۆڤ له‌كرۆكه ئۆنتۆلۆژیه‌كه‌ی .
پاسكاڵ , پێوابوونی وایه , كه مرۆڤ نه فریشته‌یه و , نه ئاژه‌ڵ . هه‌ندێ له‌مرۆڤه‌كان به‌توندی تێئه‌كۆشن سۆزه‌كان له‌خۆیاندا خامۆشبكه‌ن , بۆئه‌وه‌ی نزیكببنه‌وه له فریشته . به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه گه‌ره‌كیانه ئه‌قڵ ڕه‌تبكه‌نه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه به‌ره‌و هاوشێوه‌یی له‌ته‌ك ئاژه‌ڵدان , ئه‌مه به‌ته‌واوی ژیانێكی شوره‌یی ئامێزه . له‌نێوان ئه‌و دووجه‌مسه‌رییه‌ی سروشتی مرۆییا پێویسته سروشتی هزرییانه و بیریاریانه په‌ره‌یپێبدرێ . ته‌نها له‌بان وه‌ها ڕێگه‌یه‌ك شیاویه‌تی زاڵبوون به‌سه‌ر هیچێتی مرۆیی و به‌هێزكردنی مه‌زنێتی ئه‌ودا بوونی هه‌یه , كه ته‌نها له هزر و بیردا پێیئه‌درێ “17” . فریشته‌نه‌بوون و ئاژه‌ڵنه‌بوونی مرۆڤ له‌خۆیدا گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌س , ئه‌ویش پێداگیرییه له‌باره‌ی تاقانه‌یی و بێهاوتایی مرۆڤ و , تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌و بوونه , كه كردویه‌تیه چه‌قی بیركردنه‌وه , وه له هه‌مان كاتا خودان شیاویه‌تی هزراندن . كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌م دیاریكردنه , جه‌وهه‌رییه بۆ بوونی مرۆیی , چونكه دانانی دوو ئه‌گه‌ری پێناسه‌كراو و ڕه‌ها له‌به‌رده‌م مرۆڤا , كه مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان و به‌پێی ئه‌و ئاستی گه‌شه‌كردنه‌ی پێیدا گوزه‌رئه‌كا , له هه‌ڵپه‌ی گه‌یشتنه كن یه‌كێ له‌و ئه‌گه‌رانه‌یه , فریشته‌بوون , یانه‌كو ئاژه‌ڵێتی . ئه‌مه دژبه‌ری بوونیه‌تی مرۆیی , هه‌م ناته‌با به ئازادی ئه‌و بوونه‌یه . ئازادی “هیچ” ی بوونی مرۆڤه , ئه‌م “هیچ” ه شیاو-بۆ-بوونی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌وه . “هیچ” ی بوونی مرۆڤ بژارده‌ی له‌پێشینه‌دانراو و دراو قبوڵناكا . “هیچ” بۆ خۆی نه‌بوونی هه‌ردیاركراوێتی و مه‌نزڵگایه‌كه , كه پێویستكرابێ مرۆڤ بۆ لایان بگه‌ڕێته‌وه و بۆ لایان هه‌ڵپه‌بكا .
هه‌ڵپه‌كردنی مرۆڤ ئه‌بێ ته‌نها بۆ كن خۆی بێ و , به‌گوزه‌ركردن به‌هه‌ناوی خۆ‌یا پێبنێته په‌یوه‌ندییه‌وه له‌ته‌ك ئه‌وانی تر‌و دونیادا . هه‌موو ئه‌مه‌ش له‌بان ڕاستینه‌یه‌ك وه‌ستاوه , واته بێهاوتایی مرۆڤ و , شیاویه‌تی “بوون به‌مرۆڤ” ته‌نها له‌پێشده‌می ئه‌ودا , ته‌نانه‌ت له شوێنگه‌ل و كاتگه‌لێكیشدا , كه ئه‌شێ ده‌رچوونی گه‌وره له مرۆڤبوون ڕوویدابێ , به‌ڵام ئه‌و “شیاوبوون” ه له بوونیه‌تی بوونه‌وه‌رانی تردا نائاماده‌یه . شیاو-بۆ-بوونی هۆشمه‌ندانه , “هیچ” ی بوونی مرۆییه و , پێشمه‌رجی بوونی ئازادییه . ئه‌وه‌ی ئێجگار گرنگه پێداگرتنی شێلگیرانه‌ی پاسكاڵه له‌باره‌ی چاره‌نوسسازیه‌تی بیركردنه‌وه‌وه , به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌موو به‌رخودانێ بۆ هه‌پرونكردنی هیچێتی بوونی مرۆیی و , قوڵكردنه‌وه‌ی مه‌زنێتی گرێیئه‌یاته‌وه به قوڵیه‌تی و ئاماده‌گی بیركردنه‌وه و هزرینی ڕه‌سه‌نه‌وه .
ڕوونیی زانینی وه‌ده‌ستهاتومان زۆرجار ئازارچه‌شته‌ی ئه‌و كاریگه‌رییه‌یه , كه سۆز و ئه‌ندێشه له سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ هه‌یانه . ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان له‌سه‌ر خه‌ڵك ئێجگار گه‌وره‌یه , ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤانه‌ش , كه به‌رده‌وام له‌تێكۆشینی خۆڕزگاركردندان له سۆزه‌كان , وه له وه‌هم و هۆنینه‌وه خه‌یاڵیه‌كان؛ مرۆڤێك نییه بتوانێ به‌ته‌واوی له‌كاریگه‌رییه‌كه‌یان خۆی قوتاربكا . ئه‌و هه‌ژان و شۆكانه‌ی جه‌سته‌مان ئه‌زمونی ئه‌كا له‌ژێر كاریگه‌ری دیارده‌كانی ده‌وروپشتا , له‌ته‌كخۆیدا گۆڕانی بونیادی به‌سه‌ر بیره‌كانا ئه‌هێنێ , له‌هه‌مانكاتیشا به‌ربه‌سته له‌به‌رده‌م تێگه‌یشتنی دروست له‌دیارده‌كان . پاسكاڵ وه‌ها گوتارێ ده‌كاته گاڵته‌جاڕی , كه پێیوایه گیانی مرۆڤ سه‌ربه‌خۆیه هه‌م له جه‌سته‌ی مرۆڤ و , هه‌م له ڕه‌وشی ماتێریاڵی ده‌وروبه‌ر . زۆرجار هزر و ئه‌قڵی مرۆڤ بێبه‌ری ئه‌بێ له‌توانایی به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌رك وئیشی خۆی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه , كه جه‌سته‌ی مرۆیی ئه‌شڵه‌ژێنێ . به‌ڵام كاتێكیش مرۆڤ ته‌ندروسته , نه‌ك ته‌نها زرمه‌ی تۆپه‌كان , به‌ڵكو گیزه‌گیزی مێشه‌كانیش ده‌رفه‌تی بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروستی لێئه‌گرن.
سه‌رباری ئه‌وه , مه‌زنترین به‌ربه‌ست له‌ڕێگه‌ی ناسینی ڕاستینه‌دا , له‌سۆنگه‌ی پاسكاڵه‌وه , بریتییه له ئاماده‌یی ڕوئیای نا-ڕه‌خنه‌یی و پێشبڕیاری له هۆشیاریماندا “18” . كێشه‌ئامێزی تێگه‌یشتن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام له‌سای هه‌ژمونی سۆز و هۆنینه‌وه ئه‌ندێشه‌ییه‌كانی مرۆڤایه , ئه‌م كاریگه‌رییه نه له‌یه‌ك شوێن و , وه نه له‌كن یه‌ككۆمه‌ڵه مرۆڤ یان تاكه‌كه‌سدایه , به‌ڵكو گشتگیر و فره‌شوێن و فره‌كاریگه‌ره . ئه‌مه‌ش وایكردووه كه مرۆڤ له‌مێژووی بیركردنه‌وه‌ی خۆ‌یا نه‌گاته ئاستێكی دیاریكراو و كۆتایی , كه بشێ وه‌ك دواهه‌مین بیركردنه‌وه له‌پێنوسبدرێ , ئه‌و دۆخه هه‌رگیز شیاویوه‌دیهاتن نییه . كه‌لێنی بیركردنه‌وه قوڵ و هه‌میشه‌ییه , ناشێ پڕ بكرێته‌وه , وه پڕكردنه‌وه‌شی ناتوانێ ,نه چاره‌نوسی بیركردنه‌وه , وه نه‌چاره‌نوسی بوونی مرۆیی بگه‌یه‌نێته زێدی ڕه‌سه‌نی خۆیان , ئه‌شێ به‌پێچه‌وانه‌وه , تێكۆشین بۆ ساڕێژكردن و ئاخنینی كه‌لێنی بیركردنه‌وه ته‌نها سه‌رئه‌نجامێ , كه لێوه‌ی بێته به‌رهه‌م ته‌نگه‌نه‌فه‌سكردن , تا ئه‌گاته خنكاندنی بیركردنه‌وه . ئه‌م فۆرمه‌ی كۆشش , كه تیایدا شیاوبوونی پرۆسێسی هزرین به‌كۆتایی ئه‌گا , ئایدۆلۆژیا و ئاینه‌كان خاوه‌نداریه‌تی مێژوویی ئه‌كه‌ن. ڕه‌هه‌ندێكی بێهاوتای بیری پاسكاڵ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئایدیای سه‌ربه‌خۆیی گیانی مرۆڤه له له‌ش و ڕه‌وشی ماتێریاڵی . ئه‌مه له‌دوو ڕوانگه‌وه ئه‌شێ به‌گرنگییه‌وه تێیبنواڕین . یه‌كه‌م سه‌رباری باوه‌ڕداری پاسكاڵ , به‌ڵام ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه دایئه‌بڕێ له‌و جیهانبینیه ئاینییه‌ی , كه تاهه‌نوكه‌ش له‌كاردایه , وه پێوابوونی وایه : گیان جودایه و سه‌ربه‌خۆیه و , جه‌سته وه‌ك زیندانی ئه‌و گیانه نمایشده‌كا . دووه‌م , كه بۆ من بنه‌ڕه‌تیتره , ئه‌وه‌یه , ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه مرۆڤ به‌خۆیی و جه‌سته و گیانییه‌وه فڕێده‌داته جیهانه‌وه و , له‌به‌رده‌م هه‌موو ئه‌گه‌ر و ڕووداوه‌كانی دونیادا ڕایئه‌وه‌ستێنێ . چلۆن جه‌سته به‌ركاریگه‌ری دونیا ئه‌كه‌وێ , ئه‌وهایش گیان هه‌ڵگری هه‌مان كارلێكراویه‌تییه‌یه . ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌یه , ژیانییه بۆ فه‌لسه‌فه‌یه‌ك , كه بوونی مرۆڤ وه‌ك بوونێكی جیهانیانه دێنێته هزراندن و , “ئاماده‌گی” وه‌ك ته‌وه‌ری بنچینه‌یی خودبوون و ڕه‌سه‌نبوونی مرۆڤ ئه‌سه‌لمێنێ .
له‌گۆشه‌نیگای فه‌لسه‌فی پاسكاڵه‌وه جگه له‌هه‌بوونی به‌ربه‌ستی جه‌سه‌دی : ئه‌وه‌ی هه‌م له‌ڕه‌وشی نه‌خۆشی مرۆڤا كاریگه‌ری دائه‌نێ , وه هه‌م له‌باری ته‌ندروستبوونیشیدا , به‌و پێیه‌ی گه‌لێجار مرۆڤ ئه‌خزێته ژێركاریگه‌ری ڕووداوگه‌ل و دیارده‌گه‌لی ئێجگاربچوك , كه ڕێگه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ته‌ندروستانه و هه‌نگاوهاویشتنی لێئه‌گرن ڕووه‌و ڕاستینه . به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ربه‌ستر و كاریگه‌رتره , نائاماده‌گی جیهانبینی ڕه‌خنه‌گرانه‌یه , له‌ته‌ك بوونی پێشداوه‌ری و بیره‌له‌پێشینه‌كان له بونیادی هزری و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤدا .
پاسكاڵ پێداگیری له‌وه ئه‌كا , كه هیچ زانستێ ناكارێ بابه‌ته‌كه‌ی خۆی دیاریی و سنورداربكا . ئه‌و ده‌نوسێ : مرۆڤه‌كان له‌توانای فراوانكردن و ڕۆشنكردن و به‌ره‌وته‌واوكردنی زانیارییه وه‌ده‌ستهاتووه‌كانیاندان له‌باره‌ی جیهانه‌وه . له‌و زانیاریانه‌دا گه‌لێ شتی ته‌واو و باوه‌ڕپێكراو هه‌ن و , له‌ته‌ك گه‌شه‌كردنی زانستا به‌رده‌وام په‌ره‌ده‌سێنن , ئه‌مه هێنده‌ی زاناكان سه‌ركه‌وتوانه بتوانن ڕووبه‌ری دیارده‌لێكۆڵراوه‌كانیان فراوانبكه‌ن و , زاڵببن به‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه‌ی پێشتر به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیون . به‌ڵام زانینی ئێمه , چه‌نده توانیبێتمان ته‌واویانبكه‌ین , هه‌میشه ناته‌واون , له‌واندا به‌رده‌وام ناڕوونی و هه‌ڵه بوونیان هه‌یه . له‌وه‌بانتریش , زانینه‌كانمان به‌هه‌میشه‌یی ئێجگار دوورن له‌وه‌ی بتوانن كۆتا زانین بن و , پێویستیان به ڕاستكردنه‌وه نه‌بێ “19” . ئه‌وه‌ی نكۆڵیلێناكرێ ئه‌و جیاوازییه‌یه له نێوان زانین و زانیاری‌دا هه‌یه , وه‌ك پاسكاڵ بیرئه‌كاته‌وه مرۆڤه‌كان له‌توانای ئه‌وه‌دان زانیارییه‌كانیان ده‌رباره‌ی دونیا فراوانبكه‌ن , ڕوونیابكه‌نه‌وه و , ته‌نانه‌ت به‌ره‌و ته‌واویه‌تییان ببه‌ن . ئه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زانیاری , زۆرجار یان هه‌ندێ جار ئه‌شێ باوه‌ڕپێكراوبێ , باوه‌ڕپێكراویه‌تی زانیاری له‌به‌ره‌ئه‌وه‌نیه , كه توانای بوون به “ڕاستینه” ی هه‌بێ , چونكه زانیاری وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌باره‌ی شتێ یا دیارده‌یه‌كه‌وه‌یه له‌كن مرۆگه‌لێكا , كه ئه‌شێ كامڵ و جێیمتمانه‌بێ ؛ به‌ڵام متمانه‌پێكراوی و ته‌واویه‌تی ئه‌و زانیارییه گرێدراوی ئه‌و ئاسته‌یه له‌گه‌شه , كه خودی زانیارییه‌كه گه‌یشتویه‌تێ . به‌ڵام ئه‌وه‌ی “زانین” ه به‌رینتر و ئازادتره , باوه‌ڕپێكراویه‌تی و ته‌واویه‌تی له‌ودا نیه , خودان كه‌لێنی گه‌وره‌یه , بێگومان ئه‌مانه خه‌سڵه‌تی بنچینه‌یی و پۆزه‌تیڤی ئه‌ون . “زانین” نامانگه‌یه‌نێته كۆتا پنت , له زانیندا بنبه‌ست نیه , ئه‌مه مانای ساخته‌یی زانین نیه . زانین نامانگه‌یه‌نێته ڕاستینه “حه‌قیقه‌ت” , به‌ڵكو به‌رده‌وام ڕووه‌و ئه‌و ڕاستینه‌یه ده‌مانئاژوێ. له زانیندا شادبوون به ڕاستینه بوونی نیه و نابێ , ئه‌وه‌ی ئه‌بێت : عه‌وداڵبوونه به حه‌قیقه‌ت “ڕاستینه” . ئێمه له زانینا ده‌رگیرین له‌ته‌ك فه‌لسه‌فه و , له فه‌لسه‌فه‌شدا له‌گه‌ل بێكۆتایی زانینا ؛ به‌ڵام له زانستا ده‌رگیرین له‌گه‌ل زانیاری , له زانیاریشدا له‌ته‌ك یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یی و ڕه‌هاییدا , ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه په‌یوه‌ستبێ به‌وه‌ی , كه زانست بیرناكاته‌وه . هه‌ڵبه‌ت ئه‌شێ بیرنه‌كردنه‌وه‌ی زانست هێمای كێماسی و ڕسوایی ئه‌و نه‌بێ , به‌ڵكو ئه‌شێ بیرنه‌كردنه‌وه خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تی زانست بێ . به‌ڵام زانین و فه‌لسه‌فه مانای خۆیان , وه پێشمه‌رجی بوون و به‌رده‌وامییان ته‌نها و ته‌نها بیركردنه‌وه‌یه .
پاسكاڵ , ڕاستینه ده‌چوێنێ به خاڵێكی ئێجگار بچوك , كه مرۆڤ له‌ڕێگه‌ی به‌كاربردنی ئاله‌ت و هۆی ناڕێكوپێكه‌وه گه‌ره‌كیه‌تی بكه‌وێته ناوی , به‌ڵام زۆربه‌ی جار واده‌رئه‌كه‌وێ , كه نیشانه‌كه‌ی نه‌پێكابێ . كاتێك مرۆڤ پێیوابێ , سه‌ركه‌وتوانه پێیناوه‌ته ناو ئه‌و خاڵه بچوكه‌وه , به‌پێچه‌وانه‌وه چوونه‌كه‌ی خۆی ته‌نها له په‌رشبوونه‌وه و داگیركردنی ڕوبه‌رێكی گه‌وره‌ی ڕوواڵه‌تی ده‌وروبه‌ری ئه‌و خاڵه‌دا ئه‌بینێته‌وه , وه له‌بری ده‌ستگه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت , ئاوێزانی چه‌وتی و سه‌رلێشێوان بووه . له‌و زانیاریانه‌دا , كه له‌سه‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه له داكه‌وت وه‌به‌رهه‌مدێ , وه له‌ته‌ك بوونی زانینی باوه‌ڕپێكراودا , گومانیتێدا نیه , هه‌میشه بڕێكی ئێجگار گه‌وره له چه‌وتی و سه‌رلێشێواوی دێنه‌گۆڕێ . هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه , پێویسته له‌په‌یوه‌ند به هه‌ر زانیارییه‌كدا , مامه‌ڵه و په‌یوه‌ندیمان ڕه‌خنه‌یی بێ , له‌گه‌ل بوونی بێمتمانه‌یی و وریاییه‌كی ئێجگار زۆردا “20” . ده‌ستڕاگه‌یشتن به ڕاستینه شیاویبوون نیه , ئه‌مه‌ش هێمای په‌رشبوونه‌وه و یه‌كاڵابوونه‌وه‌مانه له‌توێكڵ و ڕوواڵه‌تێكی فراوانی ده‌وروبه‌ری ڕاستینه‌دا . باوه‌ڕبوون و بانگه‌شه‌كردن بۆ واڵاكردنه‌وه‌ی ڕاستینه , ته‌نها پێوابوونی ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ئه‌وه . هه‌موو ئه‌مه ئه‌مانخاته به‌رده‌م ده‌روازه‌ی جیهانبینیه‌كی ڕادیكالییانه و, كاریگه‌ر و چاره‌نوسساز به‌نیسبه‌ت بوونی بیركردنه‌وه و هزرینی ڕه‌سه‌نی مرۆڤه‌وه . به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره به زانین و زانیارییه‌وه , چونكه “زانین” له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه بریتی نیه له زانیاری , به‌جیاواز له‌زانیاری شتی باوه‌ڕپێكراو و یه‌كلابووه‌وه‌مان پێنابه‌خشێ . به‌ڵام زانیاری به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان وه‌ك كۆتاپنت ده‌رده‌كه‌وێ , وه‌ك ڕاستینه خۆیئه‌كاته‌وه . پێویسته ئه‌وه وه‌ربگرین , ڕایه‌كی وه‌ها نایه‌ته گۆڕێ , كه زانین حه‌قیقه‌ته یان حه‌قیقه‌ت نیه , ئه‌م گوزارشته , له بیری منا , هه‌ر ناتوانێ كێشه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری بێ , وه نه‌شیاوه له‌باره‌ی ڕاستینه‌بوون یان ڕاستینه‌نه‌بوونیه‌وه بپرسین . ته‌نها ئه‌وه‌نده هه‌یه , زانین نه ڕاستینه‌یه , وه نه ڕاستینه‌ش نیه , به‌ڵكو ده‌رباره‌ی هه‌مو ئه‌وانه‌یه .
زانین ته‌واوی پرسی هه‌میشه‌یی و كۆی ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌كانی بیری و هزری زانستیانه‌ی مرۆڤه . ئه‌وه‌ی كێشه‌ی گه‌وره‌ی زانینه ئه‌و به‌شه‌ی خۆیه‌تی , كه ئه‌شێ له جێگه و ساتێكی دیاریكراوا ببێته زانیاری , بۆیه به‌هه‌ڵه‌یا ناچین , ئه‌گه‌ر زانیاری به به‌شه مه‌رگاوییه‌كه‌ی زانین له‌پێنوسبده‌ین . به‌سه‌نته‌ركردنی زانیاری نه‌فیكردنی زانینه . زانیاری بنبه‌سته بۆ زانین , به‌ڵام بۆ ئه‌مه , پاسكاڵ پێشنیاری پشكنین و تێنواڕینی ورد و وریایانه ئه‌كا له ئاست هه‌ر زانینێكی متمانه‌پێدراو و زانیارییه‌كا . گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واو ڕه‌خنه‌یی و گومانگه‌رایانه بۆ كن گشت زانیاریه‌ك تۆكمه‌كردنی بنچینه‌ی ڕه‌سه‌نیه‌تی بیركردنه‌وه و هزرینی مرۆڤه.
پاسكاڵ هه‌رگیز كۆششی نزمكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ئه‌قڵی نه‌كردووه , به‌ڵكو هه‌وڵییا شوێنێكی شیاوی بداتێ و , توانا ڕاسته‌قینه‌كانی و سنوره‌كانی بنرخێنێ له ناسینی مرۆڤ و جیهانا . له گۆشه‌نیگای ئه‌م بیرمه‌نده فه‌ره‌نسیه‌وه , تێنه‌گه‌یشتن له توانا و سنوره هێماپێكراوه‌كانی ئه‌قڵ , وه بڵندكردنه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و كوێرانه به‌سه‌ر هه‌موودا و , ناساندنی وه‌ك پێوه‌ری هه‌موو شته‌كان كه‌متر ترسناكتر و كاره‌ساتبارتر نییه له زه‌بونكردن و سوككردنی ئه‌قڵ . له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌خواوه‌ندكردنی بێسنورانه‌ی هۆشمه‌ندی له‌توانایدایه به‌شێوه‌یه‌كی پارادۆكسالیانه له‌كۆتاییدا قوڵاییه‌كان و سه‌ختیه‌كانی ژیان و , بیره ماتێریالی و تیۆره ئه‌قڵانییه‌كان ساده‌ساده بكاته‌وه تا ئاستی نائه‌قڵانیبوون و شێتی, تائاستی هه‌ژمونكردنی غه‌ریزه‌ی خۆپه‌رستی و , هزری هیچگه‌رایه‌تی “21” . ئه‌وه‌ی پێویسته واڵای بكه‌ین , ئه‌وه‌یه , كه پاسكاڵ زۆر قوڵ له‌وه گه‌یشتووه , ئه‌قڵ هه‌مان ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی هه‌ڵگرتووه , كه بوونی مرۆڤ هه‌ڵیگرتووه له نێوان ” هیچ” و “ناكۆتا” دا . واته ئه‌قڵ چه‌نده هێمایه به مه‌زنی مرۆڤ , ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌شێ فاكته‌ری به‌لاڕێدابردنی مرۆڤ بێ , له‌م ئاسۆیه‌وه , هه‌ڵه‌نابێ بێژین , له‌ڕووانگه‌ی پاسكاڵه‌وه له كات و شوێنێكی دیاریكراودا له دژبه‌ری خۆ‌یا هه‌نگاو ئه‌نێ , ئه‌قل نائه‌قڵانی ئه‌بێ , ئه‌مه‌یه هه‌م هێمای مه‌زنی ئه‌قڵ , وه له‌هه‌مانكاتا خه‌سڵه‌تی نزمیه‌تی و گچكه‌یی ئه‌قڵ . گه‌واهیده‌ری ڕه‌هه‌ندی مه‌زنێتی ئه‌قڵ و بوونی مرۆیی ڕه‌گوڕیشه‌ی له پێ‌زانین و هۆشمه‌ندی خۆیدایه‌تی له‌ئاست نزمێتی و سنوربه‌ندیه‌كانی دا . لێره‌وه ده‌رگای باوه‌ڕبوونمان به‌وه بۆ واڵائه‌بێ , كه پاسكاڵ نه له‌ڕیزبه‌ندی بیریاره ئه‌قڵگه‌راكانا ئه‌ژمارئه‌كرێ , وه نه له ته‌نیشت ئه‌نتیڕاشیۆناڵكانا دائه‌نیشێ . ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌ی ئێمه , هه‌م هۆشمه‌نده به هۆشمه‌ندی ئه‌قڵ , وه هه‌م به‌ناهۆشمه‌ندیه‌كانی . بۆیه كێشه‌ی تۆقینه‌ر له‌په‌یوه‌ند به چاره‌نوسی بوونی مرۆڤ و , چاره‌نوسی ئه‌قڵه‌وه , ته‌نها له ڕیسواكردن و نه‌نرخاندن و گچكاندنی پێگه‌ی ئه‌قڵدا نییه , به‌ڵكو هێنده‌ش په‌یوه‌ندیداره به فوتێكردن و به‌خواندكردنێكی سنورنه‌ناس .
گه‌یشتنه بنبه‌ستی ئه‌قڵ له‌و ڕه‌وشه‌ی پێشترا شیاویبوونه , به‌وپێیه‌ی هۆشمه‌ندین به‌وه‌ی , ئایدۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕه ڕه‌هاخوازه‌كان له‌بنچینه‌یا ده‌رهاویشته‌ی خودی ئه‌قڵن , به‌ڵام له‌هه‌مانكاتا بكوژ و كۆتایی مومكینیه‌تی بوونی ئه‌فرێنه‌ره‌كه‌شیانن . ئایدۆلۆژیا و باوه‌ڕه ترانسدێنتالییه‌كان بنبه‌ستی ئه‌قڵ و پرۆسێسی بیركردنه‌وه‌ن . مه‌رگی ئه‌قڵ هه‌ر له‌هه‌ناوی خۆیه‌وه ده‌رئه‌كه‌وێ , یان له گچكاندن و سوككردنیه‌وه , یاخود له بێئه‌ندازه فوتێكردنیه‌وه له ناسینی مرۆڤ و جیهانا . پاسكاڵ بیرمه‌ندێكی دژه ئه‌قڵ و بیركردنه‌وه نیه , به‌ڵام ” فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌قڵانیه‌ت له‌لای پاسكاڵ وه‌رگیراو نیه , چونكه ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه خۆیچڕئه‌كاته‌وه له‌بان ڕه‌هه‌نده ئاشكرا‌و ڕوونه‌كانی ژیان بۆ هۆشمه‌ندی و , لایه‌نه میتافیزیكیه‌كانی قوڵایی بوونی مرۆیی به‌فه‌رامۆشی ئه‌سپێرێ , وه جگه‌له‌وه‌ش له‌ئاسۆی بیری ئه‌م بیرمه‌نده‌وه , فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌قڵانیه‌ت ناسینی زیندووانه و دڵپه‌روه‌رانه‌ی خوداوه‌ند به‌هۆی عیسای مه‌سیحه‌وه پشتكه‌نووئه‌خا” “22” . ڕه‌نگه ئه‌مه , ئه‌و خاڵه جه‌وهه‌رییه‌بێ , كه پاسكاڵ له فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌راییدا كاریگه‌رئه‌كا , به‌ڕاده‌یه‌ك بتوانری وه‌ك یه‌كێ له پێشینه‌كانی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه بێته‌ئه‌ژماركردن ؛ به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ی قسه له‌باره‌ی ” ئێكزیستێنتسییا ” وه ده‌هێنرێته‌گۆڕێ و ئاوائه‌كرێ , چونكه ئێكزیستێنتسیا خۆبه‌ده‌ست ئه‌قڵه‌وه نادا و , به‌ته‌واوی به‌پێوه‌ری ئه‌قڵانی ناپێورێ , ته‌نها ڕێگه‌یه‌ك بۆ هزراندن و ناسینی ئه‌و ڕه‌وشی گه‌شه‌كردنه‌ی بوونی مرۆیی , ئه‌زمونكردن و ژیانكردنی ئێكزیستێنتسیایه , ئاله‌م گۆشه‌یه‌وه , فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی وه‌ك ئه‌نتی ئه‌قڵگه‌رایی دێته‌باسكردن .
پاسكاڵ , وه‌ك ئه‌زانین , ئه‌قڵانیه‌ت به‌فاكتۆری له‌بیركردنی تایبه‌تێتی میتافیزیكیانه‌ی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ دائه‌نێ , له‌ته‌ك ئه‌و زه‌بره كوشنده‌یه‌ی له ناسینی دڵپه‌روه‌رانه و گیانییانه‌ی بوونی ترانسدێنتالی ئه‌دا . ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین , ڕه‌هه‌ندێكی ڕه‌خنه‌ئامێزانه و پۆزه‌تیڤانه‌ی ئه‌قڵانیه‌ت له سۆنگه‌ی نێگه‌تیڤانه‌ی پاسكاڵه‌وه ده‌رباره‌ی خودی ئه‌قڵانیه‌ت هه‌ڵده‌هێنجین ؛ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه , كه فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌قڵانیه‌ت ڕوبه‌ر و پانتاییه‌كانی بێمتمانه‌یی و گومان به‌رینتر و به‌رینترئه‌كا , به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك , كه پاسكاڵ ئه‌و ڕه‌نگدانه‌وه و كاریگه‌رییه وه‌ك خاپوركه‌ری ناسینی دڵپه‌روه‌رانه‌ی خوداوه‌ند دائه‌نێ . ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌ی بیری ئه‌قڵانیه‌ت له دوو ڕووه‌وه بنه‌ڕه‌تییه , یه‌كه‌م ده‌رفه‌تی به بنبه‌ست گه‌یشتن ته‌نانه‌ت له‌خودی ئه‌قڵانیه‌تا به‌رته‌سك ئه‌كاته‌وه , بێگومان له‌كاتێكا , كه ئه‌قڵ هۆشیارانه له‌به‌رده‌م دوو دیوی خۆیدا وه‌ستابێ , دیوی مه‌زنی , وه هه‌م دیوی گرگنی و نزمێتی خۆی . دووه‌م , به‌هه‌مان ئه‌ندازه ئه‌و بنبه‌ستانه تێكئه‌شكێنێ , كه ئه‌شێ له هه‌وڵگه‌لی سۆزگه‌راییانه و دڵپه‌روه‌رانه و گیانپه‌روه‌رانه‌ی مرۆڤه‌وه چێببن .
پاسكاڵ بێئه‌ندازه توندوتیژه له‌په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه , ئه‌و به‌هه‌مان شێوه و به‌هه‌مانئاست تونده له‌په‌یوه‌ند به ئه‌وانیتره‌وه . ئه‌گه‌ر ئێوه گه‌ره‌كتانه له‌ته‌ك ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌یا بگه‌ڕێن , ئه‌و ئێمه له‌گه‌ل خۆ‌یا ئه‌با , به‌ڵام هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌مان پێڕائه‌گه‌یه‌نێ , كه ئه‌م گه‌ڕانه هیچ كامه‌رانیه‌ك بۆ ئیوه ناهێنێ . ڕاستینه‌كانی ئه‌و , واته ئه‌وه‌ی پاسكاڵ ناوی ڕاستینه‌كانی خۆی لێئه‌نێ , توندوتیژن , ئازاراوین , بێبه‌زه‌یین . ئه‌وان ئاسانكاری و ئاسوده‌یی له‌ته‌ك خۆیانا ناهێنن . پاسكاڵ هه‌ممو جۆرێكی ئاسوده‌یی له‌ناوئه‌با . پاسكاڵ به‌رده‌وام له‌گه‌ل نیگه‌رانیه‌كی كۆتایی نه‌هاتودایه . ڕاوه‌ستان ڕێپێنه‌دراوه , پشودان نابێ ؛ ته‌نها ڕۆیشتن پێویسته , ڕۆیشتن به‌بێ كۆتایی و, به‌ره‌و پێشه‌وه . ئێوه ماندوون , ئێوه ئازارچه‌شتوون , به‌ڵام ئه‌وه , ئه‌وه‌یه كه پێویسته . مرۆڤ پێویسته ماندوبێ , ئه‌بێ ئازاراوی بێ “23” . خه‌سڵه‌تی وێڵبوونی پاسكاڵ به‌دوای ڕاستیدا , یان دروستتر ڕووه‌و ڕاستینه , هه‌میشه‌گیبوونه . ئه‌و ناتوانێ زه‌مین و سه‌رایه‌ك بۆ هێوردبوونه‌وه , بۆ ئاشتیه‌كی ناوه‌كی مرۆیی , ببینێته‌وه . ئه‌م بیریاره دژی هه‌رجۆره پشودانێكه . پشودان وه‌ستانه , به‌كۆتایی و بنبه‌ست گه‌یشتنه . وێستگه‌یه‌ك نیه بۆ جێگیربوون , چونكه جێگیربوون و سه‌قامگیری نه‌ك گه‌شتنه هیچ مه‌نزڵێك نییه , به‌ڵكو ونبوونه . ئه‌مه‌ش له‌و سه‌رسه‌ختییه‌ی پاسكاڵه‌وه‌یه هه‌م له‌ئاست خۆیدا , وه هه‌م له‌په‌یوه‌ند به مرۆڤه‌كانی تره‌وه .
ڕه‌نگه نیگه‌رانی و ئازار بنچینه‌گه‌لی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤی پاسكاڵییانه‌بن , چونكه ئازارچه‌شته‌یی و غه‌مزه‌ده‌یی ,وه ڕۆیشتنی هه‌میشه‌یی , پێشمه‌رجن بۆ ڕه‌سه‌نیه‌تی بوونی مرۆڤێ , كه بوونێكی وێڵبووه ڕووه‌و ڕاستینه. ئازارچه‌شته‌یی و غه‌مزه‌ده‌یی پێویستی بنه‌ڕه‌تین , پاسكاڵ پێوابوونی واسه ,كه مرۆڤ به‌پێویست ئه‌بێ له‌مانویه‌تیدابێ , نیگه‌رانبێ و ڕكابه‌ری وه‌ستان و پشودان بێ . ئه‌م ڕه‌وشه ئه‌شێ له دوو ڕوانگه‌وه ته‌ماشابكه‌ین : یه‌كه‌م , وه‌ك ڕه‌شبینی و بێئومێدییه‌كی ته‌واو له‌ئاست بوونی به‌خته‌وه‌ری و هێمنی و سه‌قامگیری , ئه‌مه‌ش دژوه‌ستانه‌وه‌یه له‌گه‌ل هه‌ڵپه‌ی زۆرینه‌ی مرۆڤه‌كان , هه‌رله‌سه‌ره‌تای مێژووه‌وه تاهه‌نوكه , به‌ره‌و ده‌سته‌به‌ركردنی “به‌خته‌وه‌ری” , بێگومان به‌خته‌وه‌ری به‌هه‌موو مانا و ڕه‌هه‌نده‌جیاوازه‌كانییه‌وه , به‌پێی بیر و هزر و جیاوازی كه‌لتوری مرۆڤه‌كان . ڕوئیای پاسكاڵ لێره‌دا جۆرێكی ئێجگار توند و قوڵی سه‌دمه و هه‌ژانه به‌ڕووی مرۆڤ و هیواكانیدا , به‌تایبه‌ت له‌ئاسته جیهانییه‌كه‌یدا .
له‌ڕووانگه‌ی دووه‌مه‌وه , غه‌م و ئازارچه‌شتوویی و , بنه‌ڕه‌تیبوونی “پێویستییه‌تی ماندوبونی هه‌میشه‌یی” , گوزارشتگه‌لی قوڵ و كاریگه‌رن له ڕاستینه و داكه‌وتی بوون و ژیانی مرۆڤ له مێژوودا , ئه‌مه ته‌ماشاكردنی تراژیدیای هه‌میشه‌یی بوون و ژیان و جیهانی مرۆییه , قوڵقونه‌وه‌یه له‌بینین و هزراندنی ئه‌و ڕه‌هه‌نده تراژیدیانه‌یا , كه له ڕاستیدا ڕه‌هه‌ندی ئۆنتۆلۆژی بنه‌ڕه‌تی بوونی مرۆڤن , ڕه‌نگه هه‌ر له كێشه له‌بننه‌هاتووه‌كانی وه‌ك : سه‌رمه‌دیه‌ت , ناكۆتایی بوون و گه‌ردون , كۆتابوونی بوونی مرۆیی , مانا و چاره‌نوسی هه‌مو ئه‌وانه ؛ هاوكات گرفته ئێكزیستێنتسیالیه‌كانی بوونی مرۆیی , كه هه‌میشه‌یین و نه‌بڕاوه‌ن : ترس و ئازادی , دادپه‌روه‌ری و جوامێری , جه‌نگ و ئاشتی , ترسی مردن و , ترس له شاراوه و , له‌ته‌ك هه‌رچی كێشه‌كانی تری بوونی مرۆڤ له جیهان و كۆمه‌ڵگه‌دا . ئه‌گه‌ر له‌وسۆنگه‌یه‌وه بنواڕینه بیری پاسكاڵ , ئه‌وه نه‌ك هه‌ر ناشێ وه‌ك ڕه‌شبینگه‌را ته‌ماشای بكه‌ین , به‌ڵكو ته‌نها وه‌ك پیشانده‌ر و ده‌رخه‌ری ڕاستینه ئه‌شێ تێیبگه‌ین , له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌ی بوون و بوون له‌جیهان و مێژووی به‌رده‌وامی مرۆڤایه‌تی پێمان ئه‌ده‌ن هه‌ربایی ئه‌وه‌نده‌ن , كه مرۆڤ به‌پێویست له غه‌م و نیگه‌رانی هه‌میشه‌ییدا بهێڵنه‌وه . هه‌رله‌باره‌ی سروشتی فه‌لسه‌فه‌ی پاسكاڵه‌وه , لێڤ شێسته‌ڤی فه‌یله‌سوف ئه‌نوسێ : ” له‌هه‌موو شتێ , كه بۆ خه‌ڵك قبوڵكراوه پاسكاڵ دورئه‌كه‌وێته‌وه . خه‌ڵكی عاشقی یه‌قینن , پاسكاڵ بێمتمانه‌یی ته‌به‌نیئه‌كا , خه‌ڵكی تامه‌زرۆی شوێن و زه‌مینێكی جێگیرن , به‌ڵام ئه‌و خه‌ره‌ند هه‌ڵئه‌بژێرێ , خه‌ڵكی عاشقی هێمنی و ئاشتی ناوه‌كین , به‌ڵام پاسكاڵ جه‌نگ و نیگه‌رانی شكۆدارئه‌كا , خه‌ڵكی تینوی پشودانن , پاسكاڵ به‌ڵێنی ماندویه‌تی ئه‌دا , ماندویه‌تی بێكۆتایی , خه‌ڵكی به‌شوێن ئاشكرایی و ڕاستینه‌ی به‌رچاودا هه‌ڵپه‌ئه‌كه‌ن , به‌ڵام پاسكاڵ هه‌مو نه‌خشه‌كان تێكه‌ڵ ئه‌كا , ئه‌و هه‌مو شتێ لێڵ ئه‌كا و , ژیانی زه‌مینی ئه‌گێڕێته‌وه بۆ ئاژاوه‌یه‌كی ترسناك . پاسكاڵ ئه‌وه‌ی گوتووه و ته‌واو : هیچ كه‌سێ پێویست نیه بنوێ “24” . ئه‌و ڕه‌هه‌نده بیرییه بوونگه‌راییه‌ی , كه له بیری فه‌یله‌سوفانی وه‌ك مارتین هایدیگه‌ردا هه‌س , به‌قوڵی له‌هه‌ناوی فه‌لسه‌فه‌ی پاسكاڵدا ڕیشه‌یاره . كێشه‌ی دازاینی هایدیگه‌ر و , تاقانه پێشمه‌رجی بنه‌ڕه‌تی بوونی ئه‌و دازاینه , كه له‌پله‌ی یه‌كه‌ما , خۆداده‌مه‌زرێنێ له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری ده‌رچوون و قوتاربوونی له‌بنپێی خه‌ڵكا , “خه‌ڵك یان جه‌ماوه‌ر” به‌مانا هایدیگه‌ریه‌كه‌ی , واته بوونێكی بێكه‌سایه‌تی , ڕۆژانه‌یی و , ڕوواڵتگه‌را , به‌رده‌وام له‌هه‌ڵهاتنایه له قوڵیه‌تی و سه‌ختی . “خه‌ڵك” عاشقی ته‌نكاییه , قوڵبوونه‌وه به‌سه‌رگه‌ردانی و, بوون و یاریكردنی ئه‌و بوونه له ته‌نكاییدا وه‌ك ڕاستینه له‌باوه‌شئه‌گرێ و , ڕه‌زامه‌نده پێی . له‌به‌رئه‌وه‌یه , بوونی “خه‌ڵك” دژبه‌ری دازاینی “بوون-لێره” ی هایدیگه‌ره , كه بونێكه ڕووی له قوڵاییه‌كانه , وه به‌سه‌ختیش غه‌مزه‌ده‌یه له ئاست بوون و كێشه‌بنه‌ڕه‌تیه‌كانی بوونا . له‌م ده‌روازه‌وه ئه‌چینه‌وه لای پاسكاڵ , كه ئه‌شێ وه‌ك دازاینێكی فه‌یله‌سوف ناویببه‌ین , چونكه تاكۆتایی مومكینیه‌تی بونی خۆی له‌ته‌قه‌لای ئازادبوونا ژیا له‌و هه‌ژمونه نامۆیه . هه‌ربۆیه به‌وئه‌ندازه پێداگره له‌وه‌ی , كه مرۆڤ پێویسته هه‌میشه بێداربێ .
ئه‌م پێداگیریكردنه تونده‌ی پاسكاڵ له‌سه‌ر پێویستیه‌تی نكۆڵیلێنه‌كراوی ئازارچه‌شته‌یی و غه‌مزه‌ده‌یی هه‌میشه‌یی و ماندووبون , خودان ڕه‌هه‌ندێكی گرنگی دیكه‌ی فه‌لسه‌فییه , كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌په‌یوه‌ندییایه به‌بوونی خۆیه‌وه , یان به‌تێكڕای فه‌یله‌سوفانه‌وه , ئه‌ویش ئه‌وه‌یه , كه ئازار و غه‌م , نه‌خۆشی و گشت كێشه‌كانی تری مرۆڤ , ئه‌و فاكتۆره كاریگه‌رانه‌ن , كه فه‌یله‌سوف زیاتر ناچاربه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو قوڵاییه‌كانی خۆی ئه‌كا , بۆناو قوڵاییه‌كانی گیان و بوونی خۆی . ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاكێشه , ئه‌و نزیكایه‌تییه‌یه له‌نێوان نیتشه و پاسكاڵ دا هه‌س , به‌تایبه‌ت له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و ئازار و غه‌مه هه‌میشه‌یی و شوێندانه‌ره‌دا . نیتشه له‌ستایشی نه‌خۆشی و ئازاره‌كه‌یا ئه‌نوسێ : ” بێگومان زیاتر له ته‌ندروستیم , من قه‌رداری گه‌وره‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌مم . من په‌یوه‌ست و گرێدراوی ئه‌وم به هه‌موو فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆم . ته‌نها ئازاری مه‌زن ده‌توانێ كۆتا ڕزگاركه‌ری گیان بێ . ئه‌م ئازاره‌یه گومانی مه‌زن په‌روه‌رده‌ئه‌كا . ته‌نها ئازاری گه‌وره , ئازارێكی درێژماوه و هێواش , ده‌توانێ ئێمه , فه‌یله‌سوفان , ناچاربكات به‌ڕۆچون به قوڵاییه‌كانماندا “25” . فه‌یله‌سوف ئه‌و ڕاستیه ڕۆشنئه‌كاته‌وه , كه گه‌وره‌یی و قوڵی كاریگه‌ری ئازار له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ – فه‌یله‌سوفا بۆ ناو قوڵاییه‌كانی خۆی و غه‌مه‌كانی بوون به‌گشتی , شوێندانه‌ره به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك , كه وه‌ك فریادڕه‌سی گیان ده‌یهێنێته هزراندن . ئازار و غه‌مه‌كانی نیتشه , چه‌نده له قوڵایی بوونی فیزیكی و گیانی خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌یانگرتووه , هێنده‌ش ده‌رگیرن له‌ته‌ك ئازار و غه‌مگه‌لێكا , كه بوون و كێشه‌كانی , ویست و مرۆڤ و , مرۆڤ و گه‌وجی و گچكه‌ییه‌كانی ده‌هێننه‌زمان , به‌تایبه‌ت له چاخی مێژوویی بوونی فه‌یله‌سوف خۆی و , هه‌تا دونیای هاوچه‌رخیش .
ڕه‌گ و ڕیشه‌ی هه‌موو نابه‌خته‌وه‌ییه‌كانمان , پاسكاڵ له بنه‌ڕه‌ته بوونه‌وه‌ییه سه‌رتاییه‌كانی مرۆڤدا ئه‌یانبینێ , چونكه ئێمه لاوازین , مه‌رگاوین و , به‌شێوه‌یه‌ك نابه‌خته‌وه‌رین , كه ئاسوده‌ییمان له هیچ شتێكا نییه “26” . كێشه بنه‌ڕه‌تییه ئۆنتۆلۆژی و بونگه‌راییه‌كانی بوونی مرۆیی هێنه‌ر و به‌رجه‌سته‌كه‌ری نابه‌خته‌وه‌ری و نیگه‌رانی خۆلێلانه‌دراو و سه‌رمه‌دی مرۆڤن . خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی گه‌لێكن , نه‌ك هه‌ر دابڕاونین و ئه‌فرێنراونین له بوونی مرۆڤا و بۆ بوونی ئه‌و , به‌ڵكو هاوژیانن له‌گه‌ل ئه‌و بوونه‌یا , وه شوناس و جه‌وهه‌ری ئه‌و بوونه ته‌نها كاتێ به‌ئاقارێكی ڕه‌سه‌نا وه‌ڕێئه‌خرێ , كه مرۆڤ ئاگامه‌ندانه له‌گه‌ل كێشه ئۆنتۆلۆژییه‌كانیدا ده‌رگیر و ده‌سته‌ویه‌خه‌بێ.
ئومێد حه‌مه عه‌لی
سه‌رچاوه‌كان
1 . Паскаль Б : Мысли о религии , перевод : Долгова С , 1892 .
2 . Гуревич П.С:Философия человека , часть первая,москва 2001,стра10.
3 . Паскаль Б : Мысли о религии , перевод : Долгова С , 1892 .
4 . там же …
5 . там же …
6 . “هیچ” : دیاره له فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایدا ئه‌وه ئاشكرایه , به‌تایبه‌ت ئه‌شێ ئاماژه به ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی سارته‌ر بكه‌ین , كه وه‌ك “بوون و نه‌بوون” وه‌رگێردراوه‌ته سه‌رزمانی كوردی , به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا من گه‌ره‌كمه جیاواز بێژمی ,ئه‌وه‌یه , ئه‌شێ له‌بری “نه‌بون” ئێمه وشه‌ی “هیچ” به‌كاربه‌رین , بۆ نمونه له زمانی ڕوسیدا هه‌رچه‌نده وشه‌ی “نه‌بون” هه‌یه , به‌ڵام له‌هه‌موو وه‌رگێڕانه‌كاندا كتێبه‌كه‌ی سارته‌ر وه‌ك ” بوون و هیچ ” وه‌رگێڕراوه . ئه‌مه‌ش له‌به‌رهۆیه‌كی گرنگ و فه‌لسه‌فیه , “نه‌بوون” نییه له‌ده‌ره‌وه‌ی بوون , ته‌نها بوون بوونه , ئه‌وه‌ی وه‌ك “نه‌بون” هێمای پێئه‌كرێ ,له‌ڕاستیدا “هیچ” ه , چونكه كاتێ سارته‌ر یان هایدیگه‌ر باس له “هیچ” ی مرۆڤ وه‌ك مومكینیه‌تی ئازادی و ڕه‌سه‌نیه‌تی ئه‌و بونه ئه‌كه‌ن , ئه‌وان باس له نه‌بوون ناكه‌ن به‌مانای نه‌بوونی ته‌واو , چونكه مرۆڤ بوونی هه‌یه , ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له‌باری ناڕه‌سه‌نی ,یان بون-له-خۆشدا بێ . “هیچ” گوزارشته له دۆخی “هیچ” ی مرۆڤ , واته مرۆڤ به‌بێ هیچ پێشینه‌یه‌ك , ئه‌وان بوونی مرۆڤ بۆ كن “هیچ” ناگێڕنه‌وه , به‌ڵام خودی “هیچ” ده‌گێڕنه‌وه بۆ پاش هاتنه‌بوونی مرۆڤ وه‌ك هیچ , ئه‌م “هیچ” ه خودی مومكینیه‌تی ئازادی یان كۆیله‌بونی مرۆڤه , ته‌نها قبوڵكردن و پێزانینی ئه‌م “هیچ” ی بوونی مرۆییه‌یه , كه مرۆڤ مه‌حكوم ئه‌كات به‌ئازادی , وه‌ك سارته‌ر گوتویه‌تی .
7 . Паскаль Б : Мысли о религии , перевод : Долгова С , 1892 .
8 . там же …
9 . там же …
10 .там же ..
11 .Юрьевич П.В:История зарубеэной философии, http://sbiblio.com .
12 . Паскаль Б : Мысли о религии , перевод : Долгова С , 1892 .
13 . Паскаль Б : Мысли о религии , перевод : Долгова С , 1892 .
14 .Шестов Л:Великие кануны , москва2007,стра 5 .
15 . Паскаль Б : Мысли о религии , перевод : Долгова С , 1892 .
16 . Юрьевич П.В:История зарубеэной философии, http://sbiblio.com .
17 . Юрьевич П.В:История зарубеэной философии, http://sbiblio.com .
18.Богуславский В.М:Скептицизм в философии,1992, sbiblio.com,с.168.
19.Богуславский В.М:Скептицизм в философии,1992,sbiblio.com,с.169.
20. Богуславский В.М:Скептицизм в философии,1992,sbiblio.com,с.171.
21.Наталя Дали : Достоевский и Паскаль,2010, http://www.proza.ru .
22.там же ….
23.Шестов Л : Гефсиманская ночь , http://vzms.org .
24.там же …
25.там же …
26.Гагарин А.С:Человек – «мыслящий тростник» или «пустой бамбук»? (Блез Паскаль в контексте современности), www.sarkado.net .