توركیا له دوا راپۆرتی یه‌كێتی ئه‌وروپا دا
ئه‌وه‌ی له دوا راپۆرتی كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به دواداچوونی ره‌وشی توركیا بۆ ئه‌ندامێتی ئه‌و یه‌كێتییه باس كراوه، به تایبه‌تی ئه‌و ئاماژانه‌ی له راپۆرته‌كه‌دا ده‌رباره‌ی رۆژه‌ڤی كورد له‌و توركیا هه‌ن، هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵناگرێت، جگه له شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره بۆ كۆماری توركیا و به تایبه‌تی بۆ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان. له راپۆرته‌كه‌دا ته‌نانه‌ت باس له كۆمه‌ڵكوژی رۆبۆسكێ-یش كراوه.
له راپۆرته‌كانیدا و به تایبه‌تیش له راپۆرتێكی وه‌هادا كه ئاستی بوون به ئه‌ندامێتی توركیا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌و قسانه له‌سه‌ر بنه‌مای له‌ق و بێ به‌ڵگه بڵاو ناكاته‌وه. ئه‌وان به گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی و سه‌رچاوه‌ی دروست راپۆرتێكی وه‌ها ده‌نووسن. ئایا ده‌سه‌ڵاتدارنی توركیا و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان وه‌ڵامێكیان بۆ ئه‌و راپۆرته ده‌بێت؟ بێگومان وه‌ڵام، نه‌ك شتێكی تر.
یه‌كێتی ئه‌وروپا له دوا راپۆرتی خۆیدا به شێوه‌یه‌كی روون ده‌نووسێت:
“كێشه‌ی كورد و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ رێگری گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنی توركیا و پێشكه‌وتنی مافی مرۆڤ و دیمۆكراسی له‌و وه‌ڵاته”. ئه‌و راپۆرته به روونی باس له‌وه ده‌كات چۆن ” به‌رپرسێكی پۆلیس مرۆڤ ئه‌شكه‌نجه ده‌دات و پاش ئه‌و كریاره‌ی پله‌ی به‌رز ده‌كرێته‌وه”.
ئه‌وه بۆچوونی یه‌كێتی ئه‌وروپایه، كه بۆچوونێكی گرنگه بۆ ئه‌وروپا و ناوه‌نده گرنگه‌كانی بڕیار له جیهاندا و هه‌روه‌ها بۆ بابه‌تی به‌خۆداچوونه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و كۆماری توركیا، ئه‌و كۆماره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی تازه له خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنه‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وێتی عوسمانییه‌كان.
توركیا له مێژووی نوێی خۆیدا و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وه‌ڵاته بۆ پته‌وكردنی كۆماره‌كه‌یان زۆر نه‌ته‌وه‌یان هه‌ڵلوشی و زۆر زمان و كولتوریان له‌ناو دا. له‌و هه‌ڵمه‌ته‌یاندا چه‌ندین زمان و كو‌لتور بوون به ژێره‌وه و بۆ هه‌میشه له ناوچوون. ئاشكرایه كوردیش زیانی پشتشكێنی به‌ر كه‌وت. قه‌لسبوونی زمانی كوردی له‌وێ و قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و زمانه یه‌كێكه له‌و نمونانه‌ی مۆته‌كه‌ی به‌رده‌وامه بۆ مرۆڤی كورد. به‌ڵام كورد و كێشه‌كه‌ی نه‌ك له ناونه‌چوون، به‌ڵكو ده‌بینین كێشه‌ی كورد چۆن كۆماری توركیای خستۆته سه‌ر دووڕیانێكی چاره‌نووسساز. دووڕیانێك یان توركیا رووبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره ده‌كاته‌وه یاخود سیاسه‌توانانی ئه‌و وه‌ڵاته ناچارن بوێر بن و ئاماده‌ی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كه ببن. ئه‌ویش به ده‌ستهه‌ڵگرتن له كورد كوشتن و كورد گرتن و لادانی قه‌ده‌غه له‌سه‌ر زمانی میلله‌تێك. به‌ڵام نه‌ك بوێری پڕ له فشه‌ڵی وه‌كو ئه‌وه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وه‌ڵاته، ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو، كاتێك ده‌ڵێت: (ده‌مه‌وێ فێری كوردی بم!). ئه‌وه جگه له گاڵته‌پێكردن به خۆی و سووك ته‌ماشاكردنی زمان و كولتوری ئه‌وانی تر هیچی تر نییه و شوره‌ییه دیپلۆماتی ژماره یه‌كی وه‌ڵاتێك وه‌ها بدوێ. با ئه‌و فێری كوردی نه‌بێت، به‌ڵام له مرۆڤی كوردی قه‌ده‌غه نه‌كات.
ئه‌گه‌ر میدیای كوردی رووبه‌ری پێویست بده‌ن به‌م راپۆرته‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا یان هه‌موو ئه‌و زانیارییه گرنگانه‌ی په‌یوه‌ندی به كێشه‌ی كورد-توركیاوه هه‌یه بڵاو بكه‌نه‌وه، ئه‌و ده‌مه لای ئێمه‌یش پێشڤه‌چوونه‌كان له توركیا روون ده‌بنه‌وه و مرۆڤی ئێمه ئاگای له‌وه ده‌بێت له توركیا هێشتا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤی كورد و كێشه‌ی كورددا ده‌كرێت. مامه‌ڵه‌كردنێكی هێشتا دوور، زۆر دوور له ئاستی مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ مرۆڤی ئاسایی‌دا. ئه‌ردۆگان زاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه له شوێنێكی وه‌كو ئه‌ڵه‌مانیا باس له گرنگی فێربوونی زمانی توركی بۆ ره‌وه‌ندی تورك له ئه‌ڵه‌مانیا بكات و بڵێت: “له‌و بواره‌دا ئه‌ڵه‌مانه‌كان سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌یان له دژی توركی وه‌ڵاته‌كه‌یان به‌كارهێناوه” چ سه‌رچڵییه‌كه! ئایا “به‌رده‌فڕكێ”ی وه‌ها بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی وه‌ڵاتێك وا بۆ سه‌د ساڵ ده‌چێـت كۆمه‌ڵێ زمان له وه‌ڵاته‌كه‌یاندا قه‌ده‌غه‌یه، چ لێكدانه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت؟
میدیای ئێمه پێویسته كێشه‌ی كورد وه‌كو كه هه‌یه له توركیا، هیچ لایه‌نگری ناوێت، بخاته روو. تا هه‌مووان له‌وه ئاگادار بن بانگه‌شه‌ی هه‌ندێ لایه‌نی ئیسلامی سیاسی له كوردستان چه‌ند بێ بنه‌مایه، كاتێك رایده‌گه‌یه‌نن كوردی باكور له سێڤانی پارتێكی ئیسلامی‌دا (پارتی داد و گه‌شه‌پێدان) ده‌ستكه‌وتی گرنگیان! چنگ كه‌وتووه!