
چیرۆک و چه‌مکی شوێن
مرۆڤ له مێژووی سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه، هه‌م به‌زه‌وی کاریگه‌ربووه، هه‌میش کاریگه‌ریی به‌سه‌ریه‌وه هه‌بووه. له ئه‌نجامدا ئێمه چه‌ند له‌مه‌ڕ مێژووی شوێن بدوێین، هه‌ر ده‌کاته‌وه مێژووی مرۆڤ خۆی. داخۆ مرۆڤ به‌ده‌ر له گۆی زه‌وی، که ده‌کاته شوێن، یان زێد، کوێی دیکه له‌بۆ حه‌وانه‌وه، ئارامی، له‌بۆ گۆڵمه‌ز و جه‌نگه‌کانی گومان ده‌بات؟ مرۆڤ له ژیان و مه‌رگیدا، به‌ده‌م ڕێوه و له تافی فڕین‌دا، یان له‌کاتی خه‌ونبینیندا، ده‌سته‌به‌رداری شوێن نابێت، یان شوێن لێی نابێته‌وه. مرۆڤه کاغهزینهکانی چیرۆکیش هه‌ر وه‌هان، به‌بێ شوێن نایانکرێت و ناژین. وه‌لێ ئه‌وه‌نده هه‌یه، کات نرخی مێژووی به‌شوێن ده‌به‌خشێت.
ئه‌فسوونی شوێن به‌ڕاده‌یه‌که، وه‌ک چۆن سرووش به‌شێوه‌کار ده‌به‌خشێت، به چیرۆکنووسیشی ده‌به‌خشێت. میتافۆر و وێنه شیعرییه‌کان به‌زۆری ده‌چنه‌وه سه‌ر شوێن و ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی، که له ڕووبه‌ری شوێندا په‌یدا و چالاکن. به‌تایبه‌ت بۆ به‌نده، که زۆر مژووڵی شوێنم و هه‌وڵم داوه له ڕه‌نگه‌کانی، له ده‌نگه‌کانی، له تۆپۆگرافیای شوێن بگوێزمه‌وه بۆ نێو فه‌زای چیرۆکه‌کانم و ده‌قه‌کانمی پێ به‌رجه‌سته و ده‌وڵه‌مه‌ندتر و ڕازاوه‌تر بکه‌م. به‌نده سهروساختیشم له‌ته‌ک دنیای ڕه‌نگ، بارسته، گونجاندن و له‌نگه‌رگرتن، له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ده‌قه‌کان هه‌یه. په‌رۆشی گواستنه‌وه‌ی هاوئاهه‌نگی و هارمۆنیای ڕه‌نگم له‌نێو سروشتی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه بۆ ڕووبه‌ری ده‌قه‌کان.
شوێن هه‌ر ئه‌و ڕووبه‌ره‌یه، که کاره‌کته‌ر، یان کاره‌کته‌ره‌یل ده‌گرێته ئامێز. له‌وێدا ده‌جووڵێن، تێکه‌ڵ به خه‌ڵک و به دنیا ده‌بن. پێوه‌ندی له‌ته‌ک ده‌وروبه‌ردا گرێده‌ده‌ن، ده‌په‌یڤن و سه‌رگه‌رمی سهرهڕۆیییهکانی خۆیانن. ده‌شێ شوێن ئازادیت لێ زه‌وت بکات، وه‌ک زیندان. ته‌نگه‌به‌ر و داخراو بێت، وه‌ک ماڵ، یان ده‌شێ کراوه و هه‌راو بێت وه‌ک باخچهسهرایهک، یان ده‌شێ سروشتی کراوه بێت، که له‌وێدا بوار بۆ جووڵه و مانۆر زیاتره و قاره‌مان له‌وێدا هه‌ست به پێوه‌ندیی پتر ده‌کات.. له‌م سه‌رده‌مه‌دا، له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی، که هه‌موومان ده‌یزانین، جیهان له‌پێش قاره‌ماندا کراوه‌یه.
شوێن هێزێکی ئه‌فسانه‌یی شاردراوه‌ی تێدایه، که به سۆز و حه‌نین بۆ لای خۆی که‌مه‌ندکێشمان ده‌کات، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خۆمان، یان باپیرانمان، به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان، به‌و شوێنه‌وه په‌یوه‌ست بووبین و یادگاریمان له‌وێنده‌رێ جێهێشتبێت. شوێنی وه‌ها ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر زه‌ینی نه‌وه‌کانیشدا ده‌بێت، چونکه زێدی باپیرانیانه. شوێن هه‌یه شیعری و ڕۆمانتیکییه. شوێنیش هه‌یه دۆزه‌خێکه له‌سه‌ر زه‌وی چێکراوه وه‌ک، بیابانی دیوانییه و عه‌رعه‌ر و نوگره‌سه‌لمان و (قصر النهایة) و زیندانه‌کانی ئه‌بوغریب و مووسڵ و… تاد
وه‌سف ده‌بێته زه‌مینه، یان پاشخانی چیرۆک و ده‌یڕازێنێته‌وه، کاتێک له گه‌رمه‌ی ڕووداو و به‌یه‌کدا ههڵپژاندا، چیرۆکبێژ ده‌چێته سه‌ر وه‌سفی ئه‌و شوێنه‌ی ڕووداوی تێدا ده‌گوزه‌رێت، یان وه‌سفی دیوی ده‌ره‌وه‌ی قاره‌مان و که‌لوپه‌له‌کانی ده‌کات. هه‌موو ئه‌م وهسفانهیش به ڕووداوه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. له‌ڕاستیدا به‌بێ ئامده‌بوونی وه‌سف، چیرۆک و ڕۆمان نانووسرێن. چونکه هه‌رچی شوێن و قاره‌مان و پێداویستییه ته‌واوکه‌ره‌کانی کاره‌کته‌ر هه‌ن، به‌هۆی وه‌سفه‌وه له‌یادی خوێنه‌ردا به‌زیندوویی ده‌مێننه‌وه.
له‌مه‌ڕ جۆره‌کانی وه‌سف له چیرۆکی کوردی‌دا، دیارترینیان وه‌سفی تۆپۆگرافییه. واته نووسه‌ر زیاتر له‌سه‌ر وه‌سفی ئه‌و دیمه‌ن و شوێنانه ڕاده‌وه‌ستێت و ڕاده‌مێنێت، که وه‌ک چوارچێوه، یان زه‌مینه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ڕووداوه‌یلی چیرۆکه‌که‌ی هه‌ڵیبژاردوون. وه‌سفی شوێن بۆی هه‌یه هه‌ستی قاره‌مانمان بۆ دیاربخات. ڕه‌نگه مه‌به‌ستی ستاتیکیشی له‌پشته‌وه بێت.
وه‌سفی شوێن بۆی هه‌یه ده‌ست له‌سه‌ر ئه‌وێتیی (شوناس) کاره‌ته‌ری چیرۆک دابگرێت و ڕای قاره‌مان له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی وا ڕووداوی لێ ده‌گوزه‌رێت به‌دیاربخات. ڕاستت ده‌وێت، به‌شێک له توانای ئه‌ده‌بیی نووسه‌ر به ڕه‌گه‌زی وه‌سفدا ده‌رده‌که‌وێت، چونکه وه‌سف، پێوستیی به ڕه‌وانبێژی و داڕشتنی به‌هێزی گوزارشت و ڕسته‌سازی هه‌یه.
هه‌میشه یاده‌وه‌ری بۆ لای شوێنه دێرینه‌کانمان ده‌باته‌وه و شوێناوشوێن ده‌مانگێڕێت. زۆر جاران، هه‌ر له ڕه‌گه‌زی شوێنه‌وه گێڕانه‌وه ده‌ستپێده‌کات. یان کرده‌ی گێڕانه‌وه به وه‌سفی هه‌ڵکه‌وت و بونیادی شوێن ده‌ستپێده‌کات، که له‌وێدا ڕووداوه‌یل به‌رجه‌سته ده‌بن. شوێنیش تژییه له جوانکاری، کاتێک نووسه‌ر لێده‌بڕێت وه‌سفی بکات. له پانتایی شوێندا هه‌م ڕووداو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌میش گۆڕان به‌سه‌ر کاره‌که‌ته‌ر و ڕووداودا دێت.
شوێن به‌و پێودانگه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ڕووداوه‌کانی ده‌ق ده‌یخوازن، هه‌میشه ئاماده‌یه. شوێنی کڕێن و قاقڕ. شوێنی بژوێن و دلڤه‌که‌ر، شوێنی هێمن و شوێنی به‌سه‌ریه‌کدا پژاوی جه‌نجاڵی بڕ ده‌نگه‌ده‌نگ. کاتێک به‌نده سوودم له هونه‌ری سینه‌ما و ئه‌له‌مێنته‌کانی هونه‌ری حه‌وته‌م وه‌رگرتبێ. واته گرنگی زۆرم به ڕه‌گه‌زی شوێن داوه، وه‌ک چلۆن ده‌رهێنه‌ر و کامێرامان گرنگی به لۆکه‌یشن و گۆشه‌ی بینین بۆ وێنه‌گرتن و گرنگی به ڕووگه‌ی سووڕانی کامێرا ده‌ده‌ن، بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیاوترین گرته، به‌پێی پێوستیی دیمه‌ن و پێشهاته‌کان. هه‌روه‌ک هه‌ڵبژاردنی شوێن له ڕیاڵه‌وه بۆ که‌شوهه‌وای شوێنی خورافی و خه‌یاڵی، به‌و جۆره‌ی قاره‌مان و ڕووداوی چیرۆک ده‌یخوازن. ده‌بێته به‌شێک له تانوپۆی چیرۆک.
تۆ هه‌روا سه‌رنج بده، هه‌ر نووسه‌رێک ده‌ستی بۆ مێژووی قه‌ڵای دمدم بردبێت. هینده‌ی کاره‌کته‌ری یه‌که‌می نێو قه‌ڵای ناوبراو، که خانی لهپزێڕینه، ئه‌وه‌نده و بگره زیاتریش گرینگی به خودی قه‌ڵایه‌که داوه. قه‌ڵا به قولله و شووره‌ی به‌رزیه‌وه. به تووله‌ڕێ پهنامهکییهکانییهوه، به‌سه‌رچاوه‌ی ئاوییه‌وه. بهکهشوههوای دیوی ناوه‌وه و ده‌رێی قه‌ڵاوه.. ئایا ده‌کرێت به‌بێ وێناکردنی ورده‌کارییه‌کانی قه‌ڵا، چیرۆک، یا ڕۆمانی قه‌لای دمدم بنووسرێت؟ له‌وێدا قه‌ڵا یه‌کسانه به پانتایی کوردستان. سه‌رنج بده، هه‌رکام له چیرۆک، یان ڕۆمانه‌که ناوی شوێنی هه‌ڵگرتووه، که ئه‌ویش قه‌ڵای دهمدمه. وێرای ئه‌وه‌ی قه‌ڵایه‌که بۆخۆیشی پاژێکه له هونه‌ری ته‌لارسازی. واته نووسه‌ر شانبه‌شانی چیرۆک، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌ردا کردووه. ده‌توانی له‌لای خۆته‌وه سه‌دان چیرۆک و ڕۆمانی جیهانی بژمێریت، که ناوی شوێنیان هه‌ڵگرتووه. ئایا به‌بێ وێناکردن و ئاماده‌بوونی بیابان، ئه‌و شوێنه قاقڕ، ده‌موشک و لمستانه، چیرۆک و به‌سه‌رهاتی ئه‌نفال ده‌نووسرێت؟
که باس له ژینگه‌ی بیابان بێت، له‌جێیه لێره‌دا ناوی (إبراهیم الکوني) به نموونه بهێنمه‌وه، که ڕۆماننووسێکی خه‌ڵکی وڵاتی لێبیایه، ئه‌و چه‌ندین ڕۆمانی نایابی له‌سه‌ر ژینگه‌ی بیابان و پێوه‌ندیی خێڵه بیابانگه‌ڕه‌کانی ته‌واریق، له‌گه‌ڵ ئه‌م ژینگه دهموشکهدا و به‌ستنه‌وه‌یان به قه‌ده‌ره‌وه، نووسیووه.
به‌هه‌شت و دۆژ، دوو ڕه‌گه‌زی دژبه‌یه‌کی پێکهاته‌ی هه‌ر ئاینێکی ئاسمانین و ئێمه شوێنه خۆش و ناخۆشه‌کانیان پێ ده‌چوێنین. بڕوامان پێیان بێت یان نا، ڕۆژانه له‌سه‌ر زارن. ئه‌م دوو شوێنه، که دروستکراوی خه‌یاڵی فراوانی ئاینن، دوو شوێنی نموونه‌یین بۆ وه‌سفی ئه‌وپه‌ڕی و خۆشی و ئه‌وپه‌ڕی ناخۆشی. شوێن وه‌ک (باشلا‌ر) به کتێبێک باسی کردووه، مه‌زنترین ڕه‌گه‌زی شیعر و شیعرایهتییه و ژیانی بوونه‌وه‌ری پێوه گرێدراوه.
یه‌ک له‌باری خۆم، ئه‌زموونێکی زۆرم له‌گه‌ڵ شوێندا هه‌یه، نێو ڕه‌وه‌ند و گونده‌کانی کوردستان له گه‌رمیان و شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه و پێنجوێنی سه‌وز و شارۆکه‌ی قه‌ره‌داخ و شاره‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی، که لێیان ژیاوم. ده‌شتی هه‌ولێریش، که به‌پانی و درێژییدا ته‌راتێنم کردووه، به زورگهزراویشهوه، که ئه‌وسا جێی ڕه‌وه ئاسک بوو. چه‌ند شارێکی دیوی ڕۆژهه‌ڵاتیشم دیوه. وێڕای ئه‌وه‌ی به گه‌شت چه‌ندین وڵات گه‌ڕاوم. شاره‌کانی ئه‌وروپای به ئه‌لکوولی و که‌مایه‌تی جه‌نجاڵ، که هه‌ریه‌که له قوڕنه‌یه‌کی دووری ئه‌م جیهانه به‌رینه‌وه سه‌ری کێشاوه‌ته خۆرئاوا و ڕۆژێک له ڕۆژان جێده‌ستێک له‌و شارانه‌دا جێناهێڵن. ئه‌و شوێنانه، وه‌ک پێگه‌ی مرۆڤ و شارستانه‌تی جیاواز، که هه‌ر یه‌کێکیان تایبه‌تمه‌ندی و جوانیی خۆی هه‌یه، له‌لام بوون به یاده‌وه‌ری، تا له ژیاندا مابم، ڕوو له هه‌ر کوێیه‌ک بکه‌م له‌ته‌ک خۆمدا ده‌یانگێڕم و تا دێت ڕووبه‌ری شوێن له یاده‌وریمدا ده‌کشێت و فراوان ده‌بێت.
مرۆڤ وابه‌سته‌ی شوێنه. شوێن ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شێوازی ژیان و توانا و هزرینی ئه‌و کۆمه‌ڵه مرۆڤه‌یه، که له‌سه‌ری ده‌ژین. شوێنی نیشته‌جێبوون و ژیانی مرۆڤ هه‌یه، هێشتا کاره‌بای پێنه‌گه‌یشتووه، هێشتا خانووی به‌مرۆڤ شیاوی لێ چێنه‌بووه، که‌چی شوێنیش هه‌یه چراخانه و ته‌لاره‌کانی سه‌ر له‌هه‌ور ده‌سوون. شوێن هه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌و تاکانه‌وه، که له‌سه‌ری ده‌ژین به پیرۆز سه‌یرده‌کرێت. گوایه له‌وێدا ئاسمان شه‌ق بووه، پێغه‌مبه‌ران له‌وێڕا خواوه‌ندیان بینیوه و گفتوگۆشیان له ته‌کدا کردووه. واته شوێن پێوه‌ندیی پیرۆز له‌لای تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ چێده‌کات.
کورد له لای خۆیه‌وه چیای جودی به شوێنێکی پیرۆز ده‌زانێت، چونکه پێیوایه که‌شتییه‌که‌ی نووح پێغه‌مبه‌ر له‌وێ گیرساوه‌ته‌وه. ئێزدییه‌کان خاکی لالش به پیرۆز ده‌زانن و پێیانوایه زه‌وین له‌و ڕووبه‌ره زه‌وییه‌وه په‌یدا بووه و کشاوه. واته ژیان له ئه‌زه‌لدا، له‌وێوه ده‌ستبه‌کار بووه و سه‌ریهه‌ڵداوه. وه‌لێ جه‌نگ شوێن و مرۆڤ و هه‌ندێک جاران گیاندارانیش به ئامانج ده‌گرێت و وێرانیشیان ده‌کات.
شوێن هه‌یه کۆنکریتی و ڕیاڵه، له سه‌ر نه‌خشه بوونی هه‌یه. شوێنیش هه‌یه ده‌ستچنی خه‌یاڵی مرۆڤه. ئه‌وه‌تا که‌س دوانه‌ی دژ به‌یه‌کی به‌هه‌شت و دۆزه‌خی نه‌دیوه، که‌چی هه‌میشه له‌سه‌ر زارن و وێناشیان ده‌که‌ن و باسیان ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نێکیان له‌وێ به‌سه‌ربردبێ. وێڕای جووته شوێنی دژ به‌یه‌کی زه‌وین و ئاسمان، له سه‌متی ئه‌فسانه کۆنه‌کاندا دوانه‌یه‌کی دیکه‌ی شوێنی دژبه‌یه‌ک هه‌نه، ئه‌وانیش جیهانی خواره‌وه، که جیهانی مردوانه، له به‌رانبه‌ر جیهانی زیندوواندا. که‌سیش ڕۆژێک له ڕۆژان له‌دنیای مردوانه‌وه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه تاکو گه‌واهیی له‌سه‌ر بدات. جیهان، یان شوێنی دیکه‌ی ئه‌فسانه‌ییش هه‌یه، که له ئه‌فسانه کۆنه‌کاندا ته‌نیا خواوه‌ند، یان نیمچه خواوه‌نده‌کان، توانیویانه پێی شادببن و لێی بژین.
یه‌ک له‌باری چیرۆک، شوێن ئه‌گه‌ر واقیعی بێت یان خه‌یاڵی، گرینگ ئه‌وه‌یه ڕووداوه‌کان له‌وێدا به‌ڕێوه‌ده‌چن و په‌ره‌ده‌سێنن. قاره‌مانه‌کان له‌وێدا چالاکی ده‌نوێنن. هه‌ر شوێنه‌یش تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه. شوێن گۆڕه‌پانی گه‌مه‌ی کاره‌کته‌ره لهیهکنهچووهکانه.
ته‌واوی قاره‌مانانی چیرۆک، له ئامێزی شوێندا چالاکی ده‌نوێنن، یان ده‌مرن. واته ئه‌رکی شوێن ئه‌وه‌یه کاره‌که‌ته‌ر به چالاکییه‌کانییه‌وه له‌سه‌ر پانتایی خۆی کۆبکاته‌وه و جێبکاته‌وه. هه‌ر دیمه‌نێک بگریت، له شوێنێکی تایبه‌ت به‌خۆیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. هه‌ر کاتێک گۆڕان به‌سه‌ر شوێندا هات، ئه‌وا سه‌متی ڕووداو و به‌ڕێوه‌چوونی ملانێکانیش گۆڕانیان به‌سه‌ردادێت. واته ڕووداو مۆرکی شوێن به‌خۆوه ده‌گرێ. شوێن ده‌بێته پاشخان و دیکۆر بۆ کاره‌کته‌ر و پێشهات و له‌کن بینه‌ر، یان خوێنه‌ر به‌رجه‌سته‌یان ده‌کات.
زۆر جارانیش ڕه‌گه‌زی شوێن، به ڕووداوێکی گرینگه‌وه وابه‌سته‌یه، جا ئه‌و ڕووداوه سیاسی بێت یان کۆمه‌ڵایه‌تی. وه‌لێ بیرت بێت، چیرۆک په‌یڕه‌وی یه‌کێتیی شوێن و کات و ڕووداو ده‌کات، به‌بێ به‌کارهێنانی هونه‌ره‌کانی وه‌ک گه‌ڕانه‌وه و مۆنۆلۆگ و فلاشباک و… ناکرێ ئه‌و یه‌کێتییانه ببه‌زێنێت. هونه‌ری کورته چیرۆک به به‌رییه‌وه نییه ڕووداوه‌که‌ی کاتێکی زۆر بخایێنێت و له چه‌ند شوێنێکیشدا بگوزه‌رێت. جێی ئاماژه‌پێدانه، تا ئێستایش زۆرێک له شاره‌زایانی ئه‌م بواره، پێیانوایه، نابێ زه‌مه‌نی کورته چیرۆک له ڕۆژێک زیاتر بخایێنێت.
زۆر جاران، ئامانجیش له ورووژاندنی پرسی شوێن، ئازادکردنیه‌تی. به‌کورتی ده‌شێ بڵێین، له‌کن زۆر چیرۆک‌نووسی کورد، شوێن یه‌کسانه به نیشتمان، که ژینگه‌ی تاک و خێزانه. یه‌ک له‌باری خۆم، نزیکه‌ی هه‌موو ئه‌و وێنه و ڕسته شیعرییانه‌ی، که له ده‌قی چیرۆکه‌کانمدا ده‌یانخوێنییه‌وه، به جوانکارییه‌کانی شوێن هۆنراونه‌ته‌وه. واته ئه‌وه ڕه‌گه‌زی شوێنه که‌شوهه‌وای چیرۆکه‌کانی شیعریی کردووه. هه‌ڵکه‌وتی ژینگه‌ی کوردستانیش هینده به فیگه‌ری جوان و به ورده‌کاری ده‌وڵه‌مه‌نده، ئێمه له‌به‌ر زۆر هۆکار، هێشتا به‌ته‌واوی په‌یمان پێ نه‌بردووه. وه‌ک چۆن ئه‌و فره ڕه‌نگییه ڕووبه‌ری خاکه‌که‌ی ڕازاندووه‌ته‌وه، چیرۆکه‌کانیش ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کات ئه‌گه‌ر له‌جێی خۆیاندا بیانخه‌ینه‌کار. بۆیه چیرۆکه‌کان بۆنوبه‌رامه‌ی شوێنیان هه‌ڵگرتووه. ئه‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێت، شاعیر هه‌یه له‌درێژایی ئه‌زموونی خۆیدا کاری له‌سه‌ر شوێن کردووه.
به‌نده گه‌لێک جاران، بۆ له نزیکه‌وه دیتنی ورده‌کارییه‌کانی شوێن، چاوی کامێرا ده‌خه‌مه‌کار. وه‌ک له چیرۆکه‌کانی (دووربین و خۆرکه‌وتن)دا، به‌ڕوونی ئه‌م کاره به‌دیار ده‌که‌وێت.. ده‌شێ بڵێم، ژماره‌یه‌ک له چیرۆکه‌کان، چیرۆکی شوێنن، چونکه کاره‌کته‌ره‌کان به هه‌موو توانایانه‌وه به‌رگریی له شوێن (زێد) ده‌که‌ن. ئه‌وه چه‌ندین سه‌ده‌یه، چه‌قی کێشه‌ی نێوان ئێمه‌ی کورد و داگیرکه‌ران له‌سه‌ر پرسی شوێن درێژه‌ی هه‌یه.
شوێن شوناسی سه‌ره‌کی و هه‌ره گرینگی ئێمه پێکده‌هێنێت، به‌ڕاده‌یه‌ک گرینگه، هه‌بوون و نهبوونمانی پێوه گرێدراوه. زۆر جار مرۆڤ ناچارکراوه، له‌سه‌ر بستێک زه‌وی ببێته قوربانی. حاڵی حازر مه‌زنترین کێشه‌ی شوێن له که‌رکوکه. وه‌لێ له داهاتوودا زۆر کێشه‌ی دیکه‌ی شوێن دێنه پێشه‌وه، چونکه جوگرافیای کوردستان چه‌ندین شاری وه‌ک که‌رکوکی تێدا هه‌ڵکه‌وتووه. هاوکات ژماره‌یه‌ک وردیله چیرۆکیشم نووسیه‌وه، ده‌شێ بڵێم، ئه‌وانه چیرۆکی جوانییه‌کانی شوێنن.
قاره‌مانی هه‌ر چیرۆکێک، وه‌ک ئێمه‌ی ده‌رێی دنیای چیرۆک، یاده‌وه‌ریی شوێنی له هزری خۆیدا هه‌ڵگرتووه. ئه‌و یاده‌وه‌رییانه نه‌خشیان له ڕووبه‌ری که‌سیه‌تیی ئه‌ودا هه‌ڵکۆڵیوه. ڕوو له هه‌رکوێیه‌ک بکه‌ن، تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و شوێنه نمایشده‌که‌نه‌وه. ده‌شێ بڵێین چیرۆک هه‌ن، یاده‌وه‌ریی شوێن ده‌گێڕنه‌وه. له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکدا ناشێ شوین، ڕووت و ئه‌بستراکت بێت. شوێن به بوونه‌وه‌ره‌کانی سه‌رییه‌وه، به جێده‌ستی ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌وه، که دێنه نێو ڕووبه‌ری چیرۆکه‌وه وێناده‌کرێت.. هه‌رکه شوێن ده‌رکه‌وت، کاتیش له‌ته‌ک خۆیدا ده‌هێنێت. چونکه شوێن حیکایه‌تی سه‌رده‌مێک ده‌گێڕێته‌وه، به مۆرک و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانییه‌وه. به ئاستی گه‌شه‌سه‌ندنی مێژووییه‌وه. به‌و واتایه‌ی، ناکرێ ئێمه شوێن و کات له یه‌ک دابڕین. شوێن بۆنی مرۆڤ و سه‌روه‌رییه‌کانی مرۆڤی لێدێت. بۆنی خیچان و جه‌نگ و بۆنسۆی سووتاندنی گونده‌کانی لێوه دێت. شوێن به‌ته‌نیا به‌ردو دار‌و، ئاو‌و وشکانی نییه.
هه‌ریه‌کێک له ئێمه منداڵی شوێنێکین(زێدێکین)، شانازیی پێوه‌ده‌که‌ین، که له‌وێ له‌دایک بووینه، گه‌رچی ڕه‌نگه ئه‌و شوێنه کوێره دێیه‌کیش بێت. ڕاستینه بێت یان به خه‌یاڵ و یاده‌وه‌ری، ده‌یان جار بۆی ده‌گه‌ڕێینه‌وه، چونکه غه‌ریبیی ده‌که‌ین. کاتێک لێی دوورین، وا هه‌ستده‌که‌ین شتێکمان ونکردووه، یان له‌ده‌ستداوه، یان به‌جێهێشتووه و ده‌بێ بۆی بگه‌ڕێینه‌وه. له‌سه‌رێکی تره‌وه، ده‌شێ بڵێین، کاتێک ئێمه غه‌ریب ده‌که‌وین و دووریش ده‌که‌وینه‌وه، هێشتا هه‌ر بڕێک ڕه‌گ و مه‌یلمان له‌وێ به‌جێده‌مێنێ. بڕێ جاران له‌وێنده‌رێ ته‌واو هه‌ست به هاونیشتمانیبوونی خۆمان ده‌که‌ین. تۆ هه‌روا سه‌رنج بده پۆشاک و خۆراکمان، شوناسی شوێنیان به‌خۆیانه‌وه هه‌ڵگرتووه، کاتێک ده‌ڵێین شاڵ وکڵاشی هه‌ورامان و پشتێنی سه‌قزییان… زار و شێوه زاریشمان دیسانه‌که وابه‌سته‌ی شوێنن. ئه‌و کهشوههوایهشی پێی ڕاهاتووین، دیسان تایبه‌تمه‌ندیی شوێنی هه‌ڵگرتووه.
هه‌ندێک جاران، مرۆڤ شوناسی خۆی به‌ڕاده‌یه‌ک بچووک ده‌کاته‌وه، ده‌یباته‌وه سه‌ر گه‌ڕه‌کێکی گچکه، له شارێکی چه‌ند ملیۆنیدا، یان ده‌یباته‌وه سه‌ر گوندێک. له چیرۆکه‌کاندا گوند ڕووبه‌رێکی به‌رفراوانیان به‌رده‌که‌وێت. کاردۆخ، که به زۆری له چیرۆکه‌کانمدا دووباره‌ده‌بێته‌وه، ته‌نیا گوندێک نییه، به‌ڵکو به‌لای خۆمه‌وه هه‌موو کوردستانه. وه‌ک ده‌بینیت، گرنگیی زۆرم به ژینگه‌ی گوند داوه. ڕاستت ده‌وێت ئه‌و گوندانه وه‌ک ماکێتی کوردستان وان، یان هه‌ر بۆخۆیان کوردستانێکی گچکه‌ن. وه‌ک ڕه‌سه‌نایه‌تی و مێژوو، له شاره‌کان کۆنترن. پێموایه تاک له ژینگه‌ی گونددا پتر هه‌ست به ڵنیایی ده‌کات.
ئه‌و گوندانه‌یش، که لێیان ژیاوم نه‌خشیان له‌سه‌ر ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کانم هه‌ڵکۆڵیوه. ئێستا ئه‌و ژینگانه وه‌ک ئه‌وسا نه‌ماون. نه قه‌راخ قه‌راخه‌که‌ی ئه‌وسایه، نه هه‌ڵه‌بجه هه‌ڵه‌بجه‌که‌ی ئه‌وسا. زه‌مان دێت و ده‌ڕوات، به‌ڵام ئاسه‌وار له‌سه‌ر شوێن، له دوای خۆی جێدێڵێت. ئاسه‌وار له‌سه‌ر ڕوخساری مرۆڤه‌کانیش جێدێڵێت. گومناویشیان ده‌کات و له‌ناویشیان ده‌بات.
ڕه‌نگه یه‌کێک له هۆیه‌کانیشی ئه‌وه بێت، به‌شێک له ژیانم له دێهات به‌سه‌ربردووه. نۆ ساڵان به مامۆستایه‌تی له‌نێو وه‌رزێر و جووتیار و ئاغادا بووم. دیاره له‌وێ ژیان ساکاره، تۆی نووسه‌ر ده‌توانی به ئاسانی دوای ورده‌کارییه‌کانی ژیانی خه‌ڵک و کێشه‌کانیان بکه‌ویت. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی شار دوو ڕوو، یان پتریان هه‌بێت، خه‌ڵکی گوند به‌زۆری یه‌ک ڕوویان هه‌یه و ئاڵۆز نین. زوو ده‌بنه هاوڕێت و گرێی دڵیانت له‌لا ده‌که‌نه‌وه. وه‌کوتر گشت ئه‌و کێشه و ده‌رده کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی کورد پێیانه‌وه ده‌ناڵێنێت له‌وێ به‌رجه‌سته و له‌به‌رچاون. ڕه‌نگه له‌م سۆنگه‌یه‌وه بووبێت زۆرێک له چیرۆکی نووسه‌رانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌ڵقوڵاوی ژینگه‌ی گوندن. ڕه‌نگه نوستالجیا و گه‌ڕانه‌وه بۆ دنیای ڕۆمانتیکی و ئامێزی سروشتی جوان و به‌رائه‌تی دانیشتوانه‌که‌ی و ڕه‌سه‌نایه‌تی، پاڵنه‌ر و هۆکاری ئه‌م دیارده‌یه بووبن. خورافه و ئه‌فسانه و حیکایه‌تیش، به‌زۆری هه‌ڵقوڵاوی ژینگه‌ی دێهاتن. خێڵ و سه‌رچڵییه‌کانی، یاسا نه‌نووسراوه‌کانی، که حوکمی یاسایان هه‌یه، له‌وێ ئاماده‌ن.
له گوند، مرۆڤ زیاتر هه‌ست به خزمایه‌تی، سۆزبه‌ندی و شوناسی خۆی ده‌کات. ڕه‌گه‌مای که‌له‌پوور و کولتووری ئێمه‌یش بۆ دێهات ده‌گه‌ڕێنه‌وه. گوندی کوردستان وه‌ک شار گۆڕانکاریی به‌رده‌وام به خۆیه‌وه نابینێت، هێشتا گوند هه‌ر که‌ره‌سه خاوه‌که‌ی نیشتمانه. له‌وێ زووتر شوێنه‌کان ده‌ناسییه‌وه. که‌سه‌کان ساده‌ن و ده‌یانناسیت. دارستان، چۆم، ڕووبار، زنجیره چیای به‌فرگرتوو، گشت ئه‌و ئاژه‌ڵ و باڵنده ماڵی کێوییانه‌ی کوردستانی پێ ناسراوه هێشتا له‌وێن. تێکه‌ڵبوونی ڕه‌نگ له فیگه‌ره‌کانی ڕه‌شماڵ، جیغ، لباد و خورجه‌زین، بۆ چیرۆکنووسین، بۆ بهکهڤاڵکردن و بۆ دیکۆر و گرته سینه‌ماییه‌کان، بۆ نووسینی دراما و ده‌رهێنانی فیلمه‌کان ئاماده‌ن. ژینگه‌ی گوند له‌خۆیدا که‌رسه‌ی خاوه. هێشتا ژیان له‌وێ به گشت جوانی و به‌رائه‌تێکی خۆیه‌وه ئاماده‌یه و چاوه‌ڕوان. فیگه‌ره‌کان له‌وێ ستاتیکای پتریان تێدایه تاکو بارسته کۆنکریتییه‌کانی شاری جه‌نجاڵی که‌س له‌که‌س. تۆ ته‌نیا سه‌رنجت له‌سه‌ر گونده‌کانی به‌شی باشووری کوردستان نه‌بێت، که وێران بوونه، خۆ کوردستان به‌ته‌نیا به‌شه‌که‌ی باشوور نییه.
زۆربه‌ی چیرۆکنووسانی کورد، تیمه و بابه‌ته‌کانیان له ژینگه‌ی گونده‌وه خواستووه. پێموایه فه‌زای گوند یه‌کسانه به قۆناغی منداڵی، یان به ساوایه‌تیی ته‌مه‌نی مرۆڤایه‌تی. چونکه له‌وێوه ژیان ده‌ستیپێکردووه. له‌و واقیعه سه‌ره‌تایییه‌وه. ده‌شێ بڵێین، ژیانی گوند و ته‌واوی خۆشی و کێشه‌کانی یه‌کسانن به یاده‌وه‌رییه‌کانی منداڵیی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی. گه‌نجینه‌ی داوونه‌ریت و کولتووری سه‌ره‌تایی کوردیش له گوند کۆبوونه‌ته‌وه. ده‌شێ بڵێم، زۆر جاران شوێنه‌کان خوازراو نین، به‌ڵکو سروشتی وڵاتی خۆمانن و هه‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده هه‌بێت ده‌ستێکم پێدا هێناون.
له شاره‌کانی کوردستان، له شاره‌کانی عیراقیشدا، هه‌ندێک قاوه‌خانه‌ی ناسراو هه‌بوون. له‌مێژه خاوه‌نه‌کانیان له دنیا ده‌رچوون و ئاوابوون. شوینه‌کانیشیان کراون به‌بازاڕ و ئاسه‌واریشیان نه‌ماوه. که‌چی به‌ناو و ناوبانگ، هێشتا هه‌ر له یادوه‌ریی زۆر که‌سدا زیندوون. له جڤاکی به بێکاره‌ی داپۆشراو جه‌نجاڵی وه‌ک وڵاتی ئێمه‌دا، چایخانه هه‌ن وه‌ک شوێن، زۆر له دێرینخانه ناسرواتر و جهنجاڵترن و له ده‌قی زۆر چیرۆک و ڕۆماندا جێی خۆیان هه‌یه. له‌ڕاستیدا چیرۆک‌نووس بۆ دامه‌زراندی ده‌قه‌کانی، زۆر پێویستی به‌شوینی وه‌ها هه‌یه. شار با بۆ ئه‌و نووسه‌رانه بێت، که له دووی پرسی ئایدیۆلۆجیا و شۆڕشگێڕی سه‌رخۆش وێڵن. شار بۆ ئه‌و نووسه‌رانی له‌دووی مشه‌خۆر و ڕووناکبیر و قومارچی و بزاڤی کرێکاران و ورده بۆرجوان و به‌نیازن له چیرۆک و ڕۆماندا بیانخه‌نه گه‌ڕ. نه‌خۆشییه‌کانی دڵپه‌رتی، راڕایی و خه‌مۆکییش، زیاتر نه‌خۆشی شارن.
گه‌رماوه‌کانی شاریش به ورده‌کاری و ئێکسسوارهکانییانهوه، بۆ چیرۆک، جوانکاریی زۆریان تێدایه، کاتێک باسی خێوی حه‌مام، توونی حه‌مام، خه‌زێنه‌ی حه‌مام و جورنه، تاس، په‌شته‌ماڵ و دارچینی و… تاد ده‌کرێت. یان کاتێک حه‌مام بۆ بووک قۆرخ ده‌کرێت و ده‌بێت به ڕووداوێکی گرینگی ڕۆژ. بیرت بێ، تاکو ئێستایش، که‌سانێک هه‌ن ده‌ڵێن، فڵانه خانوو، یان دووکانم پێوه نایه‌ت، چونکه ڕزقی سواره. له‌وێدا که‌سێکی ئازیزم مردووه و ئه‌وانگه‌لی هه‌یه و زۆری دیکه‌ی له‌م بابه‌ته، که بڕوایان پێیه‌تی.
نووسه‌ر کاتێک بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی ژینگه‌ی گشتیی ده‌قه‌که‌ی، په‌نا بۆ وه‌سف ده‌بات، ئه‌و وه‌سفی قاره‌مان و کات و شوێن ده‌کات. جا چونکه شوێن و کات هه‌میشه پێکه‌وه دێن، نووسه‌رانی عاره‌ب زاراوه‌ی (زمکان: شوێنکات)یان بۆ ئه‌م پرسه ڕۆناوه. واته پێکه‌وه ناویان دێنن.
خۆ ڕووداوی چیرۆک له بۆشاییدا به‌ڕێوه‌ناچێت. ڕووداو هه‌ر ده‌بێت ژینگه‌یه‌کی هه‌بێت، جا ئه‌و ژینگه‌یه واقیعی بێت یان خه‌یاڵی. چیرۆک گه‌ر ژینگه‌ی ڕوونی نه‌بێت، ئه‌وا ناکامڵ ده‌رده‌چێت، وه‌ک چۆن قاره‌مانێک، ئه‌گه‌ر ئه‌دگار و ڕواڵه‌تی ڕوونی نه‌بوو، ئه‌وا ده‌بێت به تارمایی. ڕووداو و ژینگه کار له‌یه‌ک ده‌که‌ن و ئامێته‌ی یه‌کودوو ده‌بن. ژینگه‌ی چیرۆکه‌کانی به‌نده‌یش شار و دێهاتی کوردستانه. تۆ سه‌رنجی به‌رهه‌می گه‌وره نووسه‌رانی دنیایش بکه. ده‌بینیت ژینگه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی جێمس جویس دبلن و نه‌جیب مه‌حفووز قاهیره و حسێن عارف به ڕۆمانی (شار) یشه‌وه، به‌زۆری شاری سلێمانییه. هه‌میشه کات و شوێن هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ یه‌کدا دهڕوۆن و جیانابنه‌وه. چیرۆک ئه‌گه‌ر سه‌رده‌م و شوینی مه‌علوومی نه‌بوو، واته ئه‌وێتیی (شوناس) مهعلوومیشی نییه. یان با بڵێین چیرۆکێکی بێ ناسنامه و ژینگه‌یه. له‌م ڕووه‌وه ده‌شێ بڵێین، ڕۆمانی (هه‌ڵکشان به‌ره‌و لوتکه)ی له‌مه‌ڕ عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج، بریتییه له ڕۆمانی تۆپۆگرافیای شاری که‌رکوک.
جا چونکه کورته چیرۆک ئه‌ده‌بێکه جه‌خت له‌سه‌ر ده‌ره‌تانی مرۆڤی تاک ده‌کات، هه‌رده‌بێ ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌ی تێدابێ. واته فۆرمی چیرۆک وابه‌سته‌ی (شوێنکات) ی سنوور بۆ کێشراوه. لێره‌دا شوێن، ئه‌وه‌نده‌ی بینه‌کی و هه‌سته‌کی و میژوویییه، نیو ئه‌وه‌نده لایه‌نه ئهندازهیییهکهی مه‌به‌ست نییه. هه‌ر شوێنێکی تایبه‌تی بگریت بۆنێکی تایبه‌تیشی هه‌یه و هه‌ستێکی تایبه‌تیش ده‌خرۆشێنێت.
ئه‌گه‌ر شوێن بریتی بێت له کۆشک و ته‌لار، پرد، ڕێ و تووله‌ڕێ و ئه‌و پله ڕک و تووشانه‌ی کوناوکهن ڕێبوار به چیا‌و دۆڵه‌کان ئاشناده‌که‌ن؛ ئه‌وا ئه‌و شوێنانه ده‌ستکردی مرۆڤن. ئه‌وه‌ی ده‌مینێته‌وه یان خولقاوی سروشتن یان خولقاوی خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌ی نووسه‌رن.
سه‌باره‌ت به ژانری ڕۆمانیش، شار به چراخانی شه‌وانه‌ی، به شه‌قام و بۆلڤاره به‌رینه‌کانی، به پرد‌و چوارڕێیانه‌کانی، به ته‌لاره به‌رزه‌کانی، شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی ڕووداوه‌کانی ڕۆمانه. زۆرێک له ڕۆمانه‌کانی دنیا به‌وردی وه‌سفی ته‌لار، قومارخانه، شاقام و کافییه‌ی شاران ده‌که‌ن. د. ولیدا أحمد السید، که شاره‌زای بواری ته‌لارسازییه، جارێکیان له‌م ڕووه‌وه نووسیبووی، زۆرێک له ڕۆمانه‌کان وه‌سفی شوێنی مه‌عماریی ده‌که‌ن و شار وه‌ک مینبه‌رێک بۆ گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمان به‌کارده‌هێنن. وه‌ک چۆن شانۆگه‌ری به‌بێ هۆڵ و ته‌خته‌ی شانۆ چێنابێت و پێکنایه‌ت، ڕۆمانیش به‌هیچ جۆرێک به‌بێ شار پێکنایه‌ت.
هه‌ندێک شوێن، پارهچهگهلێکن له هونه‌ری باڵا‌و دانسقه، ده‌ستکاری هه‌زاران ساڵ به‌ری نهۆی باپیرانن. شوێنه‌کان خۆیان به دیواربه‌ندی به‌نرخ و نایاب بوونه، وێڕای جوانیی هونه‌رییه‌که‌یان به میژووییش بوونه. وه‌ک په‌یکه‌ری نه‌رامسین له ده‌ربه‌ند گه‌وری قه‌راخ، یان ڕلیفهکانی قه‌ڵای ئامێدی و ئه‌و ماڵانه‌ی، که هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به زه‌بری قوڵینگ له چیا به‌ردینه‌کان هه‌ڵکۆڵراون. هه‌ندێک شوێنیش لانکه‌ی مرۆڤایه‌تین، وه‌ک ئهشکهوتهیلی شانهدور و ههزامێرد. ئه‌مانه شوێنهیلێکن خۆیان سام و مێژوو و جوانییان تێدایه. کاتێک ئێمه ده‌یانکه‌ین به پاشخانی چیرۆک، وه‌ک که‌ڤاڵه‌یلی هونه‌ریمان هێنابێته نێو ده‌قی چیرۆکه‌وه وایه.