یابانجی یه‌كه‌م وشه‌یه‌ك كه له توركیا فێری بووم
ئیبراهیم مه‌لازاده……
له مێژه بڕوام به‌وه هێناوه، له ده‌ره‌وه‌ی زمان شتێك نییه بوونی هه‌بێت. ڕاسته ئێمه‌ی كورد له باشووری نیشتمانی لهیهكترازێنراومان له مێژ ساڵه به كوردی قسه ده‌كه‌ین و هه‌ندێك سه‌رده‌میش به كوردی ده‌خوێندرا، تا سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین. به‌ڵام هێشتا زمانی كوردی سه‌روه‌ری پێ نه‌به‌خشراوه. هێشتا ماناكان له چوارچێوه‌ی وشه‌كاندا زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێن و ڕێگای پراكتیزهكردنیان ناگیرێته به‌ر. بۆیه ده‌بینین نه ئازادی مانای خۆی ده‌به‌خشێت و نه ڕزگاریش و نه دیموكراسیه‌تیش و نه هیچ وشه‌یه‌كی تر. به‌ڵام لای گه‌لانی تر هه‌موو وشه‌كان مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن.
كه بۆ یه‌كه‌م جار ملی ڕێگای ئه‌وروپام گرته به‌ر، له توركیا بۆ ماوه‌ی سێ مانگ چه‌قیم. له‌سه‌ر داوای نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نێردرامه ئه‌سكی شه‌هر، ئه‌و شاره‌ی تا هه‌نوكه‌ش یادی ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ناخۆشترینی ڕۆژه‌كانی ژیانم تێدا به‌سه‌ر بردووه، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك هاو نه‌ته‌وه‌یی منی تێدا بوون و هه‌رگیز چاكه‌یان له‌بیر ناكه‌م. یه‌كه‌م وشه‌یه‌ك كه له‌و شاره مام ناوه‌نجیه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی كه ته‌نانه‌ت وشه‌ی كوردبوونیشمان پێ ڕه‌وا نابینێت، وشه‌ی "یابانجی" بوو فێری بووم. یابانجی واته بیانی یان بێگانه. نكوڵیم له‌وه نه‌بوو كه بێگانه‌م له‌و وڵاته. دانیشم به‌و ڕاستییه‌دا نابوو. به‌ڵام له‌سه‌ر داوای (UN) ده‌بوایه بچمه قه‌ره‌قۆل و له‌وی خۆم بناسێنم، تا له لایه‌ن (UN) به په‌نابه‌ر قبوڵ ده‌كرێم. ئیتر قهرهقۆلیش به‌سه‌ریدا سه‌پاندم كه ده‌بوایه هه‌موو ڕۆژێك بچمه ئه‌وێ و خۆمیان پیشان بده‌م. یه‌كه‌م وشه‌یه‌كیش كه هه‌موو ڕۆژێك ده‌مبیسته‌وه و وه‌كو بۆمبێك له بن گوێم‌دا ده‌ته‌قیه‌وه، "یابانجیلهر" بوو. ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ش كه به‌رپرس بوو له دۆسیه‌ی من هه‌موو ڕۆژێك به ده‌نگێكی به‌رز ده‌یگووت، یابانجیلهر!
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له‌گه‌ڵ وڵاتی خۆمان بكه‌ین، بیانی هه‌میشه به چاوێكی ڕێزه‌وه ته‌ماشای ده‌كرێت، قه‌تیشم گوێ لێ نه‌بووه به بێگانه‌یه‌ك بگووترێ تۆ بێگانه‌یت، داخه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه له‌وڵاتی خۆمان ڕێزی لێ ناگیرێت خۆمانین، هه‌میشه ڕقمان له یه‌كه و له‌سه‌ر ڕه‌نگ و ده‌نگی جیاواز یه‌كتر قبوڵ ناكه‌ین. به‌ڵام بێگانه‌مان به جوان و ناشیرینه‌وه، قبوڵه، به دوو قسه‌ی خۆش پشتی هاونیشتمانی خۆمانیان بۆ له زه‌وی ده‌ده‌ین و هه‌رچی نهێنی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه ده‌خه‌ینه به‌ر ده‌ستیان، كه هیچ ئاساییشێكی نه‌ته‌وه‌ییشمان نییه. بێجگه له پاراستنی ئاساییشی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌یان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر خاك و خۆڵ، به‌ڵكو مێژوو و چاره‌نووس و زمان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیشیان دابه‌شكردووه، له هه‌مووش پۆلك تر و قوڕگیر تر باوهڕهێنانمانه به‌و دابه‌شبوونه ملهوڕییه. بۆیه كورده‌كانی هه‌ر به‌شێك له به‌شه‌كه‌ی تر بێگانه‌ن، به‌ڵام دانیشتوانی نهتهوهكاتی تری ئه‌و وڵاته‌ی كه وڵاتی ئێمه‌ی پێوه لكێنراوه هاووڵاتین. ئای كه هاوكێشه‌یه‌كی ناڕه‌سه‌نی نابووتی ناجسنی ناڕاسته. ئارهوێك له باشووری نیشتمانه‌كه‌م هاووڵاتیمه، به‌ڵام كوردێكی ڕۆژهه‌ڵات یا باكوور، بێگانه‌یه، من له ئامه‌د، یابانجیم، به‌ڵام توركێكی كه به خوێنی ئامهدییهك تینووه هاوڵاتییه، ئاخر هه‌ر ویژدانێك ئه‌و هاوكێشه‌یه قبوڵ بكات ویژدانی دۆزه‌خه. نه‌ك هه‌ر وه‌چه‌یه‌ك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك دابه‌ش ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌مه‌شیان كت و مت شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی جه‌نه‌ساید، شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی ئه‌نفال.
با بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و شاره‌ی كه سه‌ده‌ها كوردی دڵسۆز و زمان بڕاوی تێدایه و زمانی جه‌نه‌ساید كراوه، زۆربه‌شیان هه‌ژار و نه‌دار و بێ ده‌ره‌تان بوون، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ڕه‌گه‌زنامه‌ی توركیان له گیرفانه، به‌ڵام هه‌رگیز هه‌ستم نه‌ده‌كرد ئه‌وانه هه‌ست به هاووڵاتی بوونی ئه‌و وڵاته بكه‌ن یا به‌خته‌وه‌ر بن به‌و هاوڵاتی بوونه. زۆربه‌یان له‌به‌ر نه‌داری كوردستانیان به‌جێ هێشتبوو و هاتبوونه ئاسكی شه‌هر، هه‌ندێكیشیان قوربانی شه‌ڕی سه‌پێنراو بوون به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان. ئاسكی شه‌هر، شارێكی ئه‌فسوناوی ڕازاوه و جوان بوو، كه ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ڕۆمانه‌كه‌ی به‌فری ئۆڕهان بامۆكم بینی، به‌فری ئاسكی شههرم به بیر هاته‌وه، كه له مانگی یه‌ك و دووی 1997 له‌وێ بووم و شێتك كه به زێدی خۆمی ببهستبامهوه ته‌نها به‌فر بوو، هیچ شێتێكی ئه‌و شاره له زێدی منی نه‌ده‌كرد بێجگه له به‌فر. له‌وێ براده‌رێكی خوێندكاری خه‌ڵكی ئامه‌دم هه‌بوو، چه‌ند جار له‌ژێر كڵۆ پانه‌كانی به‌فر و له‌سه‌ر به‌فر و ده‌رباره‌ی به‌فر، گفتوگۆمان له نێواندا گه‌رم ده‌بوو، هه‌سته‌كانی ئه‌ویش هه‌روا بوون، هه‌موو جارێ كه به ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ دایكی ده‌كرد ده‌یگووت، "دیا من هه‌ڕه ژێر به‌فرێ با ئه‌ز ل ڤڕ هه‌ڕم به‌فرێ ماچ بكه‌م"، جارێكیان له شه‌قامێك گه‌یشتینه توركێك و ئه‌وی ده‌ناسی و لێی حاڵی بووم كه گووتی: ئه‌و براده‌ره‌ت یابانجییه؟ ئه‌و ته‌ماشایه‌كی كردم و ته‌ماشایه‌كی ئه‌ویشی كرد و گووتی، "ئا بۆ ته یابانجییه، لێ بۆ من نه‌ء" وه‌ها ڕۆژانی ئاسكی شههرم به‌سه‌ر ده‌بردن، هه‌موو ڕۆژێ ده‌بوایه بچمه قه‌ره‌قۆل و خۆمیان پیشان بده‌م، هه‌موو جارێش هه‌ر یه‌ك ئه‌فسه‌رم ده‌بینی، بۆ ماوه‌ی دوو مانگ هه‌موو ڕۆژێك ئه‌و دهمو چاوه ناشیرینه دووباره ده‌بوونه‌وه، به‌لامه‌وه سه‌یر بوو ڕۆژێك به‌و زستانه نه‌خۆشیش نه‌كه‌وت، هه‌ر جاره‌ی تهشقهڵهیهكی پێده‌كردم. یا ده‌یگووت زوو هاتوویت، بڕۆ له تۆڵه دوای كاتژمێرێكی تریش وه‌ره‌وه. یا ده‌یگووت دره‌نگ هاتوویت، بڕۆ یابانجیلهر ئێواره وه‌ره‌وه. تا بۆ دواجار به‌و براده‌رانه‌م ڕاگه‌یاند من چیتر ناتوانم ده‌مووچاوی ئه‌و ئه‌فسه‌ره ببینم، كه‌سێكی داخ له‌دڵ و بێ ڕێز بوو. بۆیه جارێكیان له شوێنێك هه‌مان گله‌ییم دووباره كرده‌وه، یه‌كێك له‌وێ بوو گووتی، "به‌یانی من له‌گه‌ڵت دێم و وا ده‌كه‌م له به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و كه‌سه نه‌مێنی". ئه‌و كه‌سه‌ش بۆ من یابانجی بوو، "تورك" بوو. به‌ڵام كه‌سێكی به‌ڕێز و به‌سۆز بوو. بۆ به‌یانی له‌گه‌ڵم هات، چووینه لای ئه‌فسه‌رێكی به پله گه‌وره تر. كێشه‌كه‌ی خۆم به ته‌واوی بۆ گێڕایه‌وه، گوتی، "زۆر باشه، چاره‌سه‌ری زۆر ئاسانه" پارچه كاغه‌زێكی دایه ده‌ستم و گووتی، "به‌یانی ده‌چیته لای ئه‌و كه‌سه". زۆر متمانه‌م نه‌بوو، به‌ڵام دووباره هیوایه‌كم بۆ په‌یدا بوو كه ئیتر له‌ده‌ست ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پێشوو ڕزگارم بوو.
كه به‌یانی به هاوڕێیه‌تی هه‌ڤاڵی ئامه‌دی چوومه‌وه قه‌ره‌قۆل، ناوی ئه‌فسه‌ره نوێیه‌كه‌م هێنا، یه‌كێك له سه‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه سه‌ری خۆی له‌قاند و به‌ده‌ست هێمای بۆ كردم كه ئیتر ته‌واو، ده‌توانم بڕۆم. هه‌ڤاڵی ئامه‌دیش گووتی: "كهكی من ته‌واو، ئه‌م دكارین ههڕین"، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی تر منج و مۆڕ له پێشه‌وه، له هه‌مان شوێنی جاران دانیشتبوو، زۆر به وردی لێی ده‌ڕوانیم. له ده‌رچوونمان كه گه‌یشتینه لای ئه‌و، بڵند بوو و به نه‌رمی گووتی، "چما هه‌ڤاڵ، ئه‌ز ژی كرمانجم"، من بۆم نه‌بوو قسه بكه‌م، چونكه میوان بووم، به‌ڵام هه‌ڤاڵی ئامه‌دی ڕووی تێ كرد و پێی گووت، "ته كرمانجی ئان یابانجی؟". ئه‌م وه‌ڵامه‌ی هه‌ڤاڵی ئامه‌دی برینی هه‌موو ڕۆژانی ڕابردووی تیمار كردم، ئه‌و كرمانجه خۆفرۆشه‌ش وه‌كو ته‌ڵه‌ی ته‌قیو چاوه‌ڕوانی ئه‌و زه‌بره كوشنده‌یه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئه‌و چركه سات نه‌مزانی بوو ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی منی هێنده ئه‌زیه‌ت داوه تورك نه‌بوو، به‌ڵكو كوردێكی ویژدان فرۆش و خۆ به‌كه‌م زان بوو.
لێره‌وه زانیم كه ئێمه‌ی كورد یه‌كتر به یابانجی و یابانجییهكانیش به دۆست و پشتیوان تێده‌گه‌ین. باپیرانیش له كۆنه‌وه فه‌رموویانه "ئه‌گه‌ر بێگانه ببێته پردیش به‌سه‌ریدا مه‌په‌ڕنه‌وه". به‌ڵام ده‌بێ كێ هه‌بێ به‌گوێی ئه‌و په‌نده زێڕینانه بكات؟
ئه‌و وێسته‌گه‌ی ژیانم فێری وشه‌ی یابانجی كردم، به‌ڵام له‌وێوه فێری ئه‌وه‌ش بووم كه ئێمه‌ی كورد هێشتا نرخی زمان و بوونی خۆمان لا نییه، له پێشه‌وه‌ی هه‌مووشمان، سه‌ركرده‌كانمان كه هه‌ر كوڕی ئه‌و میلله‌ته‌ن و ئه‌وانیش وه‌كو هه‌ر كوردێكی تر هێشتا شۆكی یه‌كه‌م دابه‌شبوون به‌ری نه‌داون. كه‌واته نه‌خۆشییه‌كه‌مان كوشنده‌یه، ئه‌گه‌ر له ژێره‌وه، له خه‌ڵكی ساده‌وه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، سه‌ركرده‌كانیشمان فێر نابن، بزانن یابانجییهكان كێن؟.
* ئه‌م بابه‌ته له ژماره 32 ی ساڵی سێیه‌م/ له 13-04-08 ی هه‌فته‌نامه‌ی هه‌ڵگۆرد، كه له چۆمان ده‌رده‌چێت، بڵاوكراوه‌ته‌وه.