
قوتابخانه … پشكۆ ناكام
… جیا له هه‌مو قوتابخانه‌كانی دونیا، له گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه قوتابخانه‌یه‌ك هه‌یه سه‌ر به هیچ داموده‌زگایه‌ك نیه، جگه‌له‌وانه‌ی خۆیان به ته‌له‌به‌ی ئه‌زانن، ئه‌م قوتابخانه‌یه نهعیلمیه و نه ئه‌ده‌بی، هیچ فۆڕم و رهسمیاتێكی نیه بۆ وه‌رگرتن، ده‌رس وتنه‌وه‌ی تیا نیه، هه‌ر كه‌س سه‌ر به‌و قوتابخانه‌یه بێت و هه‌ڵگری رێبازه‌كه‌ی بێت، بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی پاشه‌ڵی چۆنه و جه‌دوه‌ل ئهعمالهكهی چی تیایه، ئه‌بێت به باشترین كوردپه‌روه‌ر، خه‌باتگێڕ.
له گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه قوتابخانه‌ی تریشی تیایه، به‌ڵام ئه‌م قوتابخانه‌یه خۆی به (پێشڕه‌و)ی هه‌مو ئه‌وانی تر ئه‌زانێ، مه‌رجی ته‌مه‌ن و ره‌گه‌زی تیا نیه، كه له‌سه‌ر (رێباز) ئه‌و قوتابخانه‌یه بێت له زۆر میحنه‌ت رزگارت ئه‌بێت، گه‌ر له‌به‌رده‌م پۆلێكی ئه‌و قوتابخانه‌یه، مناڵێكی توڕه بكوژیت، پێت ئه‌ڵێن به‌رگری له خۆی كردوه، پاشه‌ڵ پیس بیت، پێت ئه‌ڵێن زه‌وقی جوانه، كۆنه جاش بوبیت، ئه‌ڵێن (خهتمائیل) بوه، دز بیت ئه‌ڵێن ده‌ستبڵاوه، خۆ ئه‌گه‌ر خوانه‌كرده نه‌یاری ئه‌م قوتابخانه‌یه بیت، ئه‌بێت بزانیت چی ئه‌ڵێی كه‌ی ئه‌ڵێی، كه وتیشت به‌رپرسیاری له هه‌ر جومله و وشه و فاریزه و سه‌ری دێڕێك، بچوكترین خواروخێچی به‌رامبه‌ر به‌م قوتابخانه‌یه، ره‌نگه شه‌ڕی هه‌مو گه‌ڕه‌كه‌كه و ته‌له‌به‌كانی ئه‌م قوتابخانه‌یه تیابكهوێتهوه.
گه‌رچی له‌م قوتابخانه‌یه، دو دێڕی نوسراوی دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی نا‌بینیت كه‌چی هه‌مو ده‌ستكه‌وتێكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان به‌هی ئه‌و قوتابخانه‌یه دائه‌نرێت، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر ئه‌و قوتابخانه‌یه‌و ته‌له‌به‌كانی(!) رێبازه‌كه‌ی هه‌چ نههامهتیهكیان توشی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان كردبێت، ئه‌وه ئه‌ڵێن هه‌موی وا له‌چاوی ناحه‌زانی قوتابخانه‌كه، واته ئه‌م قوتابخانه‌یه هه‌ر له ده‌ستكه‌وتدا به‌رپرسیارێتی هه‌یه، له نه‌گبه‌تی و ماڵوێرانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان، قوتابخانه‌كه هیچ به‌ر ئه‌و ناكه‌وێت… هه‌مو به‌لوعه و موڵك و ماڵاتی گه‌ڕه‌كه‌كه وا له‌به‌رده‌ست به‌ڕێوه‌به‌رانی قوتابخانه‌كه و به‌ناوی هه‌مو گه‌ڕه‌كه‌وه ئه‌ینێرنه گه‌ڕه‌كه‌كانی تر، بێ ئه‌وه‌ی له قازانجه‌كه‌ی به‌شی یه‌ك ماڵی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆمانی لێ بده‌ن…
ئه‌ڵێن، بۆ رۆژی ره‌شیش، ئه‌م قوتابخانه‌یه چه‌ن هه‌زار ته‌له‌به‌یه‌كی هه‌ڵگری رێبازه‌كه‌ی داناوه بۆ خۆته‌قینه‌وه، به‌ڵام نازانرێت، ئه‌وانه كلیلی به‌هه‌شتیان پێیه، یان وه‌ك كۆمپیوته‌ر به كۆد (password) ئه‌چنه ژوره‌وه… سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به نوسین نیه، به‌ڵام قوتابخانه‌یه، دایمه ده‌ستی له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌كه ناحهزانهكانی ئێمه تێكه‌ڵه و زۆر كه‌یف خۆشن به دۆستایه‌تیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی حه‌زیان له چاره‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه نیه و زو زوش دزه ئه‌كه‌نه ناومانه‌وه…
ته‌له‌به‌كانی ئه‌م قه‌تابخانه‌یه، واتا ئه‌وانه‌ی رێبازه‌كه‌یان هه‌ڵگرتوه، ئیكمال و راسیبیان نیه، هه‌مو هه‌ر ده‌رئه‌چن، به‌ڵام پله‌وپایه به‌پێی گوێڕایه‌ڵی و قه‌واره‌ی خۆ به بچوك زانیه، هه‌تا له ئاست ئه‌م قوتابخانه‌یه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی بچوك بیته‌وه، ئه‌وه‌نه پله‌ت به‌ز و گیرفانت قورس ئه‌بێت، هه‌مو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌م قوتابخانه‌یه له هه‌زار پیاو تێناپه‌ڕێت، كه‌چی ئه‌وێت سوڵتانی هه‌مو گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان بێت، له حاڵه‌تێكدا ره‌تت كرد و به دڵت نه‌بو، به‌پێی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی قوتابخانه‌كه تۆمه‌تبار ئه‌كرێیت، ژماره‌ی به‌دبه‌ختی ئه‌م قوتابخانه‌یه حهفتاوپێنجه و ژماره‌ی خۆشبه‌ختی و شانازی قوتابخانه‌كه سی و یه‌كه…