
نووستن و نووسین … دیدار مەسیفی
تیپ و وشه و رسته و پهرهگرافهکانم هه‌تا دڵ ده‌ڵێت به‌س، خۆشده‌وێن. هیچ سه‌یر نییه که بڵێم ئه‌وانم به ره‌نگیی رهشوسپیی خۆشتردهوێن. ناچارم و، له مێژه خووم به خوێندنه‌وه گرتووه و لاپه‌ڕه‌ی کتێبانم پتر له هی رۆژنامه و گۆڤاران هه‌ڵداونه‌ته‌وه. له‌و کاته‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه گووتهیهم سوورتر بووم، سه‌ر له سپێده‌یه‌ک بوو و ئێشکگربووم له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌یه‌کی چل نهۆمیدا و یه‌که‌م جارم بوو چاو به‌سه‌ر بازنه‌ی ینگ و یانگ دابگرم. دواتریش سه‌باره‌ت به رهشوسپیی و هاوسه‌نگی شته‌کان شتگه‌لێکی زۆرم له ده‌قه‌کانی [لاو تزو] ی فه‌یله‌سوفی چینی خوێندنه‌وه. هه‌رچه‌نده بێئه‌وه‌ی به خۆم بزانم، من پێشتر له دیمه‌نی ئه‌و باڵنده و گیانله‌به‌رانه‌ی وه‌ک په‌ره‌سێلکه، قه‌لی رهشوسپیی، په‌نگوین، پاندا، جۆرێک له لیمهر و، نه‌هه‌نگی ئۆرکا ڕامابووم، هه‌رده‌م ره‌نگ و ئاکاریان بۆم جێگه‌ی پرسیار بوون، که چۆن هه‌ردوو ره‌نگی ره‌ش وسپیی وه‌ک شه‌و و رۆژ و بازنه‌ی ینگ و یانگ تیایاندا ته‌رازوو و هاوسه‌نگن! پرسیارێکی گه‌وره‌تریش دوای ئه‌وه، ده‌بێت بۆچی له چاو گشت باڵنده و گیانله‌به‌رانی دونیا ئه‌وانه‌ی له سه‌روو ناویانم هیناوه ژیرتر و پتر دۆستی مرۆڤن بن؟
ده‌زانن بۆقی ره‌نگاوڕه‌نگ هه‌یه هه‌تا بڵێیت جوانه، به‌ڵام ژه‌هراویین و مرۆڤ به ده‌ست لێدانیان رۆحی ده‌رده‌چێت!
له بابه‌ته‌که دوور ناکه‌ومه‌وه و بیر له‌م تایتڵه ده‌که‌مه‌وه که له سه‌روو دامناوه و، چاوانم رێشکه و پێشکه ده‌که‌ن. وه‌ک بڵێیت که منیش نووستن و نووسینم هه‌ر بۆ ئه‌وه داناوه هه‌تا هاوسه‌نگییه‌ک نێوانیاندا بدۆزمه‌وه و بپرسم که بۆچی له زمانی شیرینی کوردییدا ئه‌م دوو وشه‌یه ئه‌وه‌نده له یه‌کتریی ده‌چن؟
پتر خه‌و دامده‌گرێت و له بڕی نووسین حه‌زم ده‌چێته نووستن. چاوانم له رێشکه و پێشکه کردندا به‌رده‌وامن. ده‌که‌ون و له‌گه‌ڵیاندا دوو نوخته‌که‌ی سه‌ر تیپی (تێ) ش ده‌که‌ون. سه‌یره، ڕاده‌چڵه‌کێم و نووستن له پڕێکدا ده‌بێته‌وه نووسین. گه‌مه‌یه‌کی سه‌یره که ئه‌م دوو وشه‌یه له‌گه‌ڵ مندا ده‌یکه‌ن و ڕێناده‌ن شتێک بنووسم که پتر شایانی خوێندنه‌وه بێت.
نانووسم و دووباره به خۆم ده‌ڵێم، من مه‌ره‌که‌بی ره‌شی سه‌ر کاغه‌زی سپییم خۆش ده‌وێت. بۆیه ئه‌گه‌ر به کیبۆرد و به‌رنامه‌ی وۆردی کۆمپیوته‌ر بنووسم، یان به قه‌ڵه‌م و کاغه‌ز به‌کاربهێنم بۆ شت نووسین، هه‌رده‌م ڕه‌شوسپیی هه‌ڵده‌بژێرم.
له‌م شه‌و و رۆژه‌ی نێوان نووستن و نووسیندا، من ده‌ڵێم تیپ و وشه و رسته و په‌ره‌گرافه‌کان وه‌ک مرۆ رۆحلهبهرن ئه‌گه‌ر به راستگۆییه‌کی ره‌ها بنووسرێن. ده‌قه نه‌مره‌کان گه‌وره‌ترین گه‌واهیی ئه‌م قسه‌یه‌ن.
هه‌ر بۆیه من سه‌ر و پێی نووستن و نووسین ده‌بڕم و ده‌چمه نێو ناخی هه‌ردوو وشه‌که. نووستن و نووسین وه‌ک دوو باڵنده، دوو گیانله‌به‌ر یان دوو مرۆ ده‌بینم که له سه‌ر و بندا هاوشێوه‌ن و له یه‌کتریی ده‌چن.
نوو و تیپی (نوون) له کۆتایی هه‌ردوو وشه‌دا ره‌ش ده‌که‌مه‌وه و تایتڵهکهشم ده‌گۆڕم. وه‌ک ئه‌وه‌ی بمه‌وێت شتێک بنووسم به دروستی ڕاڤه له ناخ و رۆحی ئه‌م دوو وشه‌یه‌ی زمانی کوردیی بکات که له هه‌مان کاتدا له یه‌کتریی ده‌چن و له یه‌کترییش ناچن.
ئه‌وه‌ی سه‌رسوڕهینه‌ره، (ست) و (سی) له هه‌ردوو وشه‌که ده‌مێننه‌وه و، که به زمانی ئینگلیزیی دهیانخوێنیننهوه (Sit) به مانای دانیشتن و داکهسان دێت و (See) به مانای دیتن و ڕامان.
یان ده‌کرێت بڵێم بۆ ئه‌وه‌ی به دروستی بازنه‌ی ینگ و یانگ بپێکیت، ده‌بێت رۆژانه (ست) واته شه‌ش کاتژمێر بنوویت و حه‌فتانه‌ش (سی) کاتژمێر بخوێنیته‌وه.
نه‌وه‌ک هه‌رگیز نووستن نابێت به نووسین!
• ئه‌م نووسینه له گۆشه‌ی دیدگا له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری (زاری کرمانجی ژماره 12) بڵاوکراوه‌ته‌وه.