Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
رۆحى شیعریەت و پێناسەى ژنبوون لەلاى نەزەند بەگیخانى

رۆحى شیعریەت و پێناسەى ژنبوون لەلاى نەزەند بەگیخانى

Closed
by April 24, 2008 ئەدەب

زاناسامان……

(زەمەن لەناو شیعرەکانى نەزەند بەگیخانیدا هەڵدەقوڵێ یابەناویدا رێدەکات)
((ریچارد مەکەیین))…

دیارە هێنانەوەى ئەم دێرەى سەرەوە، وەرگیراوە لە خوێندنەوەى یەکێک لە شاعیر و وەرگێرە‌ ناودارەکانى وڵاتى (بەریتانیا) کەلەساڵى 2004دا خوێندنەوەیەکى قووڵى فەلسەفیانەى بۆ شاعیرى کوردستانى خاتوو(نەزەند بەگیخانى) کردوو، بووە جێگەى باسو قسە لەسەرکردنى تابەتمەندیانەى ئەو ژنە شاعیرە کوردە، کە ئێستاشى لەگەڵدا بێتو لەهەر شوێنو جێگەیەک باسى خاتوو نەزەند بێتە ئاراى قسە لەسەرکردنەوە، راستەوخۆ باس لەپڕمانایى ئەو خوێندنەوە قوڵە دەکرێت کە ریچارد مەکینى وەرگێڕى نازم حیکمەت ئانا ئەخما تۆڤە بۆ سەر زمانى ئینگیلزى، .بۆ شیعرەکانى نەزەندى کردووە.
(بەرزایەکانى ئەزمەر، بەرزایەکانى وەزەرینگ).. ناونیشانى ئەو دەقەیە کەپێشتر بەکورتى باسم لەسەرکردو ئێستا بەو نیازەى کەبتوانم شتێک نهێنیى پشت پەردەیى لەو دەقە تازەیە ئاشکرا بکه‌م و بە تەواوى دۆستانى شیعرەکانى نەزەند بڵێم: ئەها.. نەزەند بەگەیخانى ئەمجارەیان چیمان پێدەڵێت.
(من ئەوم
کاترین
رۆحیانەتى ژنێکى عاشق
لە بەرزایەکانى وەزەرینگەوە
دەدەمە شەقەى باڵ)
ئەمەى سەرەوە کە وەک سەرەتاى ئیشەکەم هێناومەتەوە، لەهەمان کاتدا لە دەقە جوانبینەیەکەى نەزەندیشدا، بووەتە دەستپێکى شیعرەکەىو خوێنەر بەرەو قوڵایەکى نادیار دەبات، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجدان بێت ئەوەیە کە ئەم دەقە تازەیەى نەزەند.. راستەوخۆ تایبەتمەندیەتى خودى ژنبوونى رۆژهەڵاتى تێدا بەدەردەکەوێتو هەوڵدانێکە بۆ بەفەلسەفەکردنى تایبەتمەندیەکانى ژنى کوردو لەسەرو ئەمانەشەوە خودیەتى شاعیرو هەستى دنیابینیەتى خۆى وەک ژنێکى رۆژهەڵاتى کەزیاترو لەسەرو هەموو شتێکەوە وێناندنى ناوەوەى خۆى بەدەر دەخات.
کاتێک شاعیر پێمان دەڵێت:
من ئەوم/ کاترین/ رۆحیانەتى ژنێکى عاشق..
کەواتە دەگەینە ئەو دەرئەنجامە شیکاریەى کە مەبەستەکەمان بەرە و قوڵایى تێگەیشتنى ئەدەبیانەى خودیەتى شاعیر دەباتو
ئالەو دەست پێکەدا پێمان دەڵێت:
ژنبوونى من بریتیە لەو ژیانە دروستکراوە پڕ فزولیەتەى کە لەخۆراو بەبێ هیچ بەڵگەیەکى هیومانیزمیەت تاوان دەخەنە پاڵ بوونمان، لەگەڵ ئەوەشدا شاعیر پێمان دەڵێت: ئەگەر تێفکرینەوەیەکى قوڵى رۆشنبیریەت هەبێت، ئەو کات رەگەزى بەرامبەر تێدەگەیشت کە ژنبوونى ئەم سەردەمى کەم حاڵیبوونە، چەندە تەواوکەرى ئیشوکارەکانى خودیەتى ئەوى رەگەزى بەرامبەرە. کاتێک نەزەند پێمان دەڵێت: من ئەوم.. دەبێت راستەوخۆ تێبگەین کە شاعیر لەسەرو هەموو شتێکەوە دەیەوێت ئەو واقیعیەتەى کە بووەتە مایەوى جودایى نێوان رەگەزەکان بڵێت:
ئێمەى ژن لەپێناوى ئەو راستیەدا تێدەکۆشین کە دەبێت.. دواى سەلماندنى راستیەکان شتێک رەوانى بگەیەنینە ئەوى بەرامبەرەکەمان، لەڕویەکى تروە ئەوەیە کە ئەو ژنى شیعرە هەوڵى بەدەرخستنى فەلسەفیەتى خۆیمان بۆدەداتن کە دواترو لەناوەرۆکى کارەکەمدا بەووردى قەسى خۆمى لەبارەوە دەکەم.
(وەک بوومەلەرزە
من رادەچڵەکێم
جەستەى چیا بەقودرەتى تاسەى من دەجووڵێ
تۆ کڕووزانەوەى دڵى ئەم بەردانە نابیستى؟
هەڵبزڕکانى رەنگى ئەم تاڵە گیایانە نابینى؟)
ئەگەر زۆر راستگۆیانە بنوسم، دەبێت پێش هەر شتێک بڵێم: ئەوەى بۆ یەکەمین جارە دەیخوێنمەوە سەبارەت بە جوامێرى ژنى کورد ئالەم دەقەى (نەزەند)دا بووە، کە وایلێکردم بەبێ راوەستان قسەى خۆمى لەبارەوە بکەمو هەوڵى سەرلەنوێ گێرانەوەى بدەم بەڵام لەروانگەى خوێندوەى خۆمەوە، مایەى شانازیە بۆ خاتوونێکى شاعیرى کورد هێندە راستڕەوو جوامێرانە ژنبوون و عاشقبوونى خۆى دەربڕێت و ئەودیوى راستیەکان بۆ ئێمەى پیاو ئاشکرا بکات، با بڵێین چۆن..؟،( وەک بوومەلەرزە.. من رادەچڵەکێم).. لێرەدا ماهیەتو قودرەتى ژنێکى کوردمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە گەلێک راشکاوانەو بەبێ هیچ ترسێک پێمان دەڵێت: وەک بومەلەرزە رادەچڵەکێم، کە دەکاتە حەماسیەت و بێپایانى ئەو شاعیرەو  خستنە رووى راشکاوانەى راستیەکان، کارێک دەکات کە هەوڵى جدى بدەین لەپێناوى دۆزینەوەى مەبەستەکانیدا، یەکەمین شت ئەوەیە کەشاعیر ئەوە ئاشکرا دەکات کە بەبێ ئەوى ژن ژیان هیچ ماهیەتێکى نیەو ئیدى دواى بەرچاوخستنى ئەو واقیعیەتە، بەرەو دیوێکى ترى خۆى راپێچمان دەکاتو هەنگاوەکانى  تا نوسینى دەقەکەى مەبەستى بێت، بەرەو قوڵاییەکى فەلسەفیانەى تایەبەت دەمانبات، چۆن..؟،
جەستەى چیا بەقودرەتى تاسەى من دەجووڵێ کەواتە ئەوەى مەبەستى قسە لەسەرکردنى ئێمەیە رووەو ئاشکراکردن دەچێت، لەبەر ئەوەى کە دەمەوێت ئەوە بڵێم: ئەگەرچى قوڵایى تێفکرینەوەکان بەرەو ئاستەمى ناحاڵى بوون دەچن لەم دەقەدا، بەڵام گرنگترین کارکردن ئەوەیە بزانین چۆن هەوڵى وەدەرخستنى مەبەستەکانى شاعیر دەدەین، پێویستە پەى بەوە بهێنرێت کەژنە شاعیرێک بەبێ سڵەمینەوە کارو کاردانەوەکانى خۆیمان بۆ دەخاتە نێو خانەى بەشیعرکردنەوەو پێمان دەڵێت..
ئەى پیاو.. ئەگەر تۆ چیاش بیت، دڵنیابە بەقودرەتى تاسەى من دەکەویتە جوڵە بۆ پێناسەکردنى ژیان، بۆیە گرنگە باسى ئەوەش بکەین کە (نەزەند) لێرەداو لەناوەرۆکى ئەم دەقەدا بەبێ هیچ مجامەلەیەک، هەستى پێدەکەین کە ژنێکە تا خوا حەزبکات خۆیىو تانوسین مەیلى هەبێت شاعیرێکى (ژن) و تائەو پەڕى عاشقە،(عەشقى ژیان، عەشقى ئاوێتە بوون بە وجود، بەویترى خۆشەویستدواتر هەڵکشان  بەناو داهێنانى شیعردا بۆ گەیشتن بە رۆح، بەخودا)   من کە لێرەدا ژنم خستۆتە نێو ئەو دوو کەوانەیەوە، مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم: نەزەند هێند مناڵیکى چەتوونە بۆ خستنەرووى واقیعیەتى ژنبوون، نیو ئەوەندە کەسایەتیەک نیە لەژندا، کە خۆى بەکۆیلەیەکى پیاو بزانێت، کەواتە لەوێنەبە وێنەى نێو ئەم قەسیدەیەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى کە هەوڵە جوامێریەکانى شاعیر وادەکات، گۆرانکاریەکى ریشەیى بەسەر ژنى کوردا بکاتو بانگەوازى جوامێریەت بخوێنێت بەگوێیاندا، کۆتا یى خو ێندنەوە بۆکردنەکەى من بەو چەشنە کارو کاردانەوەکان وەگەڕ دەخاتو ئەوەندەى هەوڵمداوە، دەمەوێت بڵێم: خوازیارم شتێک نهێنى ئەو دیوى ئەم قەسیدەیەم ئاشکراکردبێت، کە دەکاتە نوسینو دارشتنى دەق بەهۆى فکرەیەکى قوڵى شاعیرانەیى خاتوو(نەزەند بەگیخانى).

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.