Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
بازاڕ و شیعر … حەمەفەریق حەسەن

بازاڕ و شیعر … حەمەفەریق حەسەن

Closed

 

 

 

یه‌ک له‌باری ئێمه‌ی کورد، ئێستا پتر له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێکی مێژوویی، شیعر به‌رهه‌م دێنین. تەواو بە پێچەوانەی، گەلانی دنیای پێشکەتووەوە. ته‌نیا له‌م ده‌یه‌یه‌ی دواییدا بارته‌قای هه‌موو سه‌ده‌ی نۆزده‌ و بیست شیعر نووسراوه‌، لەگەڵ ئەوەیشدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خوێنه‌ری شیعر ڕوو لە کەمییە‌! به‌ڵام شیعری ئه‌وسا، به ‌به‌راورد له‌گه‌ڵ شیعری ئیستادا، هه‌م قووڵ، هه‌میش جوان و لەبەردڵان بوو.

 

هەیە بە تەمەنێکی کەمەوە، چەندان دیوانە شیعری بەچاپ گەیاندووە، بەڵام بەهەموو دیوانەکانی ئۆرتی تاکە قەسیدەیەکی شاعیرانی کلاسیکیان نییە. چونکە هەرچی شیعرە کۆنەکەیە، هەموو کەرەسە و هونەرەکانی شیعری تێدا خرابوونە کار. ئه‌مڕۆ، کە دنیا له‌ سه‌رده‌می جیهانگیریدایه‌، تاکی هۆشیار ئه‌وه‌نده‌ ناکه‌وێته‌ شوێن خه‌مه‌ کەسەکی و زاتییه‌کانی شاعیر و خۆیانی تێدا نابینێته‌وه. تاکی ئه‌مڕۆ وه‌ک جاران، به‌ شیعر سۆزی ناجووڵێت و هەڵناچێت. چونکە تاکەکان بابه‌تییانه‌ بیرده‌که‌نه‌وه‌‌. ئەوان زیاتر گوێ بە ژانرێک، یان بابەتێک دەدەن کۆنکریتی باسی ژیانیان بکات و لە مەینەتی و کێشەکانیان بدوێت و بکۆڵێتەوە. کەڵکەڵەی شیعر نووسین لە ئێستا و کۆنیشدا، لە سۆنگەی خەیاڵفڕین و ئاشقبوون، یان ئەوەتا لە سۆنگەی پەیدابوونی بۆشایییەکەوە، پەڕیوەتە نێو زەینی زۆرێکیان.

 

هەندێک لەو نووسەرانەی پێشتر شیعریان دەنووسی و خۆیان بە خاوەن بەهرە دەزانی، بگرە شانازیشیان بە بەهرەی شیعریی خۆیانەوە دەکرد، ئەوە ماوەیەکە لە سۆنگەی نادڵنیایی ئۆرتی شیعرەوە، لەپاڵ بەهرەکەی خۆیداندا، ڕوویشیان کردووەتە، ڕۆماننووسین و توێژینەوەنووسین، وەرگێران و درامانووسین. 

 

لە گۆڤاری الجسر، العدد، (٥)، شتاء ٢٠١٢، (المجتمع الکردي قصصییا)دا، عبد الکریم یحیی الزیباري، لە جێیەکدا دەڵێت: ((هناک مثل کوردي یقول: أن لم یکن الکردي فلاحا أو راعیا، أصبح شاعرا)) واتە: (( تاکی کورد، ئەگەر بە جووتیاری و شوانکارەیییەوە خەریک نەبوو، ئەوا دەبێت بە شاعیر!)) من ئەم وتەیەم بە نەختێک دەستکارییەوە، لەلای هەندێک ڕۆژهەڵاتناسیش بەرچاو کەوتووە و پیشتریش لە شوێنی تردا، ئاماژەم پێداوە. ئەم ڕایە ڕاستیی تێدایە. ئەوەتا (وەلیی دێوانە) هەم شوان بووە هەمیش شاعیر. لە ڕاستیدا ئەم ڕایە هەڵدەگرێت زۆری لەسەر بنووسرێت. چونکە بڕێک ڕۆشنایی دەخاتە سەر مگێز و هەڵکەوتەی کەسیەتیی تاکی کورد و پیشانی دەدات کە تاکی کورد هەم نوقمی خەیاڵاتە هەمیش دەستەوسانە و پیشەیەکی ئەوتۆ بۆ ژیان و گوزەران گومان نابات. ئەوەتا لەم سەردەمی جیهانگیرییەدا کار گەیشتووتە ئاستێک تەلەڤریۆنەکانیش خەریکی پەخشی شیعرن، شاعیرانی زیندوو خۆیان دێنە سەرخەت، کۆچکردووەکانیش بێکارێک دێت بۆیان دەخوێنێتەوە. ئەمەیان دیاردەیەکی بەم سەردەمە نامۆیە و لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیادا وێنەی نییە.

 

ئاخر ئەگەر یەکێک بیەوێت توێژینەوە بنووسێت ، ئەوا دەبێ ئەو هەمیشە بخوێنێتەوە و بە شوێن سەرچاوەدا بگەڕێت، لانی کەم زمانێکی زیندو بزانێت، تاکو بۆی بلوێت گەرماوگەرم ئاگاداری ئەو سەرچاوە پەیوەندیدارانە بێت، کە تازەکی لە خۆرئاوا چاپ بوون، نەک کتێنی پەنجایەکانی سەدەی پێشوو بکات بە سەرچاوەی باسەکەی. دەسا زۆرێک لە شاعیرانی ئەم سەردەمە هەتا قۆناغی ناوەندییان خوێندووە، دەڵێن گوایە هێندێکیان سەرەتاییشیان بۆ تەواو نەکراوە. زۆرێک لەوان بەدەر لە کوردییەکی ناڕەوان و شپرزە، زمانێکی تر نازانن. وێڕای ئەوەی هێندێک جاران، توێژەر پێویستیی بە ئامار دەبێت. یان ناچارە بچێتە ناو خەڵکەوە، بۆ ئەوەی دەمودوویان تاقیبکاتەوە.

 

هەرچی هونەری ڕۆمانووسینیشە، پرۆسێسێکە پشووی درێژی دەوێت، شارەزایی تەکنیکی گەرەکە و بە ماوەیەکی زۆر ئەوجا ڕۆمان دێتە بەرهەم. ئەوەی ڕۆمان دەنووسێت، دەبێ بە ڕاستی ڕووناکبیر بێت. هێندەی کۆمەڵناسێک شارەزای کون و کەلەبەری کۆمەڵگەی خۆی بێت. چونکە ئەو ناچارە کارەکتەر لە ژینگەی خۆیەوە بهێنێت، بیاجووڵێنێت و شوێنیان بکەوێت، بە کارەکتەری خێڵەکی و دێهاتی و شارییەوە؛ بە خوێندەوار و نەخوێندەواریانەوە، بە دیندار و بێ دینیانەوە. له‌ نێو ده‌قی ڕۆماندا شارستانه‌ت، ژیان، زه‌مان و که‌سه‌کان پێکه‌وه‌ کۆده‌بنه‌وه‌ و گوتوبێژ ده‌که‌ن. خۆسیه‌ ساراماگۆ دەڵێت: ((من بۆیه‌ به‌ڕۆمانه‌وه‌ خه‌ریکم، چونکه‌ ناتوانم توێژینه‌وه‌ بنووسم. شیعر بۆ نموونه‌ له‌ سه‌رده‌می وێنه‌دا زیانی پتری به‌رکه‌وتووه. چونکه‌ شیعر ئه‌بستراکته‌ و غینائیتره، له‌ کاتێکدا ڕۆمان قووڵتر به‌نێو ژیانی که‌سه‌کی و زاتیدا ڕۆده‌چێت.))

 

خۆ ئەگەر باس لە هونەری سینەما بێت، ئەوەی وا سیناریۆ دەنووسێت، کەسێکە هەم نووسەرە هەمیش هونەرمەند. ئەو دەبێت لە نزیکەوە ئاگاداری پیشەسازیی سینەما بێت و بە خوێندن خوێندبێتی. وەک بەهایش، سیناریۆ گرانبەهاترین ژانرە، چونکە سیناریۆی سەرکەوتوو زۆر کەمە. وێڕای ئەوەی، لەنێوان دەیان سیناریۆدا دەرهێنەر دێت یەکێکیان بەگەن دەکات.

سەبارەت شانۆیی، ئەوەیان هەر نەیکردبێت، چەند نووسینی کارێکی گەلێک قورسە. نەک هەر بۆ ئێمە بەڵکو لە جیهانیشدا دەقی سەرکەوتوو دەگمەنە. هەمیشە دەرهینەری شانۆ گلەیی لە نەبوونی دەقی نوێی شانۆیی هەیە. من لێرەدا باس لە چیرۆک ناکەم، چونکە بۆخۆم بەزۆری چیرۆکان دەنووسم. بەڵام هەرچی شیعرە حەیاتەکەیە، بەتایبەتی شیعری ئەم سەردەمە، لەلای زۆرێک پێویستیی بە زانینی هونەری شیعر نییە.

 

بۆشاییەک، یان چۆڵەوانییەکی وەحشەتناک لە ژیانی ڕۆژانەی زۆرێک شاعیرانی سەردەمی کۆندا هەبووە. زۆریان کەسانی دەستوپێ سپی بوون. لە سرووتەکانی حوجرە و مەدرەسە بترازێت، گەمە و پیشەیەکی سوودمەندی ئەوتۆ شارەزا نەبوون، تاکو بیگرنەدەست. زۆرێک لەوان داهێنەری گەورەیش نەبوون. هێندێکیان هاتوون بە کەمێک دەستکارییەوە لاسایی شاعیرانی عەرەب و فارس و تورکیان کردووەتەوە. زەین و خەیاڵی ئەوانیان دووبارە کردووەتەوە. ئەوانەی کە شارەزای شیعری کلاسیکی عەرەبی و فارسی بن، ئەم ڕاستییەیان هەست پێ کردووە و دەیزانن. بەم دواییە، جاوروبار لەم بەستێنەدا قسەی خۆیشیان کردووە.

 

وەلێ خەم، خولیا، سەرگەرمی و پێداویستییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە جەنجاڵە جیاوازن و لە پێداویستییەکانی مرۆڤی پەنجا ساڵێک لەمەوبەر گەلێک زۆرتریشن. تاکی ئێستا کێشەکانیشی ئاڵۆزترن، بە دەر و دراوسێ، بە مەلای گوند و بە ڕیشسپییەکانی خێڵیش چارەسەر ناکرێن. بۆیە ژانری شیعر دەرۆسیان نایەت و ناتوانێت پڕواپڕ گوزارشتیان لێ بکات. فریاش ناکەوێت ئەو هەموو مەینەتییانە بگرێتە خۆی و بیانکاتەکۆڵ، کە ڕەنگە هەندێک جاران مەترسییەکان بگەنە ئاستی لەنێوچوونی گروویەکی ئیتنی و سڕینەوەی لەسەر نەخشەی گێتی. بۆیە لەئاستی کێشەکانی ئەم سەردەمەدا ژانری ڕۆمان کاراتر، دەست کراوەترە و گشتگیرترە. ڕۆمان بۆی هەیە فریای ڕاڤە و وێناکردنیان بکەوێت.

 

دنیای نوێی عەولەمە، ڕۆمانی بەکاڵاکردووە، بەڵام وادیارە بەنیاز نییە چییتر شیعر بەکاڵا بکات، واتە ئەوە نەزمی نوێی جیهانە، کە نرخ بۆ شیعر دانانێت. هەر شتێکیش لە بازاڕدا بێ نرخ بوو، ئەوا دەپووکێتەوە. ئەدەبیش کە بوو بە کاڵا، ئیتر دەبێتە ملکەچی یاساکانی بازاڕ. ئەوە دەزگەی پەخش و بڵاوکردنەوەیە (دار النشر) کە بڕیار لەسەر چارەنووسی ژانرەکان دەدات. وەک چۆن بازرگانانی کەڤاڵی شێوەکار بڕیار لەسەر فرۆش و نرخی کەڤاڵەکان دەدەن و ڕێباز و قوتابخانە جیاوزەکان دەنرخێنن. ئەمڕۆ ئەدەبیش ملکەچی کڕین و فرۆشتنە، ملکەچی یاسای خواست و خستنەڕووە.

 

لەم ڕووەوە، زەقترین ڕووداوێک، کە لەمساڵدا (٢٠١٢)، جێی سەرنج بووبێت، وەستانی گۆڤاری (بزاڤی شیعر)ە، لە وڵاتی فرانسە، دوای ٦٢ ساڵ دەرچوونی سەرومڕ. محمد المزیودي، کە لە پاریسەوە ڕاپۆرت دەنێرێت، دەڵێت: (( ڕەنگە چێ کردنی گۆڤارێکی تایبەت بە شیعر کارێکی قورس بێت. لەبەر زۆر هۆکار، کە ڕەنگە بەهێزترینیان ئەوەبێت، بە بەراوردی ڕێژەیی لەچاو خوێندنەوەی ڕۆمان، چیرۆک و ژانرەکانی تری وەک بیۆگرافیا و ئۆتۆبیۆگرافیا و ئەدەبی نامەگۆڕینەوە و گەشتنامەدا، خوێنەر وازی لە شیعر خوێندنەوە هێناوە.)) جێی باسە، وەستانی گۆڤاری ((بزاڤی شیعری)) دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێوەندە فەرهەنگییەکەی ئەورپادا هەبوو. چونکە ئەم گۆڤارە مێژوویەکی درێژ و ڕەنگین و دەوڵەمەندی هەیە. کاتی خۆی لە شاری مەرسیلیا، بە کۆششی دەستەیەک شاعیری بەدەربەست لەدایک بوو. مەزنە نووسەری وەک: پاپلۆ نێرودا، مایاکۆڤسکی، ڕیستۆس، نازم حیکمەت، برێخت، تریستیان تزارا و پۆڵ ئیلوار و زۆر شاعیری تری ناسراو شیعری خۆیان تێدا بڵاوکردووەتەوە… بڕوانە: ((الحرکة الشعریة الفرنسیة تتواری عن عمر ٦٢ سنة، محمد المزیودي، الشرق الاوسط، ٨ حزیران، ٢٠١٢))

 

نووسەرانی عارەب، کە سەردەمێک جەختیان لەسەر دەکرد و دەیانگوت (شیعر دیوانی عارەبانە)، ڕاستیان دەوت ، چونکە ژانری شیعر زۆر لە کۆنەوە زمانی عارەبیی یەکخستووە و پاراستوویەتی، بەرلەوەی، دەوڵەتێک بێت و بە فەرمی ئەم زمانە یەکبخات. بەرلەوەی عارەب دەوڵەتی هەبێت. بەرلەوەی قورئان زمانی فەرمی و ستانداردیان بۆ چێ بکات، شیعر ئەو مەزنە ئەرکەی بۆ ڕاپەڕاندبوون. بەڵام شیعری کوردی، لەبەر زۆر هۆکاری مێژوویی، کە ئێرە جێی باسکردنیان نییە، بۆی نەلواوە ئەو ڕۆڵە مەزنە بگێڕێت. بۆیە ناکرێت ئێمەی کوردیش لاسایی نووسەرانی عارەب بکەینەوە و بێژین: شیعر دیوانی کورد بووە. یەک لەباری ئێمەی کورد، شیعر لە داهاتوویشدا ئەم کارە گرینگەی لەدەست نایەت.

٢٥|٩|٢٠١٢

هزرو هونەر، ژمارە (١٥) ٦|١٠|٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.