
ئاره‌زووی هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕۆمانێك
بێگومان ڕۆمان له مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا، تا ڕاده‌یه‌ك هونه‌رێكی (ژانرێكی) نوێیه؛ یان با بڵێین، هونه‌رێكی هه‌ندێك دانسقه‌یه؛ ئه‌مه‌ش به‌ر له هه‌ر شتێك، له ژماره‌ی كه‌می ڕۆماننووسه‌كانمان به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ. ئێمه ده‌توانین بڵێین، هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ژانره له ئه‌ده‌بی كوردیدا – له هه‌ر نه‌وه‌یه‌كی ڕۆشنبیرییماندا – ته‌نها یه‌ك دوو ڕۆماننووسی جددی و به‌رچاو به‌دی ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ ئه‌مڕۆش هه‌ر وه‌ك دوێنێ، ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی ئێمه، له قه‌یرانی گوتاری گێڕانه‌وه‌دا ده‌ژی؛ بۆیه‌ش چیرۆكی باش و ڕۆمانی باش كه‌م به‌دی ده‌كه‌ین. ده‌شێ بڵێین، كێشه هه‌ره گه‌وره‌كه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی كوردی (وه‌ك هه‌موو ئه‌ده‌بی كوردی) ئه‌وه‌یه،كه یان زمانی ئایدیۆلۆژیا، یانیش زمانی ئه‌بستراكت به‌سه‌ریدا زاڵه: زۆر جاریش زمانه ئایدیۆلۆژییه‌كه له گوتاری گێڕانه‌وه‌ی هه‌واڵی ڕۆژنامه‌ییدا به‌رجه‌سته ده‌بێ؛ زمانه ئه‌بستراكته‌كه‌ش له گوتاری نووسینی داڕشتنێكی ساده‌دا – وه‌ك ئه‌وه‌ی كه قوتابیان بۆ وانه‌ی داڕشتن له فێرگه‌كانی بنه‌ڕه‌تی و دواناوه‌ندیدا ده‌ینووسن- به‌رجه‌سته ده‌بێ؛ بۆیه زۆربه‌ی چیرۆك و ڕۆمانه‌كانی ئێمه كه‌س تاقه‌تی نییه بیانخوێنێته‌وه.(1) گرفتی زمانی گێڕانه‌وه له ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا ئه‌وه‌یه، كه ناتوانێ قووڵ بین و ئازاد بێ؛ ناتوانێ به قووڵی و به ئازادی و به بێلایه‌نی بچێته ناو جیهانی فراوانی ڕۆحی كه‌سایه‌تی و كاره‌كته‌ره‌كان، ئه‌مه‌ش وا ده‌كا حاڵه‌تێكی میكانیكانه به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی كوردیدا زاڵ ببێ، یانیش له باشترین حاڵه‌تدا زمانی عاتیفه‌ی شیعر (وه‌ك سه‌رمه‌شقی سه‌رله‌به‌ری ژیانی ڕۆشنبیرییمان) به‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ده‌به‌شدا زاڵ ده‌بێ، بۆیه گه‌لێك جار چیرۆكنووس و ڕۆماننووسه‌كانیشمان، به هه‌ناسه‌ی (ڕۆحی) شاعیر ده‌قه‌كانیان ده‌نووسن. لێره‌شدا ئێمه له بری وه‌سفی دیارده و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوی كۆنكریت و به‌رجه‌سته، وه‌سف و ڕووداوی ئه‌بستراكت به‌دی ده‌كه‌ین، بۆیه‌ش ڕۆمان و چیرۆك وه‌ك شیعر، ته‌نیا وه‌سفی شته‌كانمان بۆ ده‌كه‌ن و ناتوانن به شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته ڕووداوه‌كانمان بۆ بگێڕنه‌وه (واته ڕۆمان و چیرۆكه‌كانیش وه‌ك شیعر، به زمانێكی زۆر زاتیانه ده‌نووسرێن).(2)پێشده‌چێ ئه‌مه به‌پله‌ی یه‌كه‌م ده‌لاله‌ت له غیابی عه‌قڵانییه‌ت بكا له ئه‌ده‌بی (ڕۆشنبیریی) ئێمه‌دا: عه‌قڵانییه‌تی مه‌عریفیی. یه‌كێكیش له نیشانه هه‌ره زه‌قه‌كانی ئه‌م غیابه ئه‌مڕۆ – به ڕای ئێمه – زۆری قه‌ڵه‌م به ده‌ست و زۆر و بۆری بێ وێنه‌ی نووسینی كرچ و كاڵ و بێزار بوون و كه‌می خوێنه‌ری جددییه؛ یان با بڵێم كه‌می ده‌قی جددییه، كه خوێنه‌ری جددی به دوایدا بگه‌ڕێ. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین، كه ده‌قی باش هه‌میشه خوێنه‌ری باش و زۆر به‌رهه‌م ده‌هێنێ. ئێمه ناتوانین خوێنه‌ر ببینین، هه‌تا ده‌قی باش نه‌بینین. ده‌قی باشیش وه‌ك ئیلهام و سروش له ئاسمانه‌وه بۆ كه‌س نایێته خوارێ، به‌ڵكو به‌رهه‌می ماندوو بوون و عه‌قڵێكی مه‌عریفییه. مه‌عریفه‌ش به ئاسانی په‌یدا نابێ، به‌ڵكو ماندوو بوون و هێزی عه‌قڵانییه‌تی ده‌وێ. ئا لێره‌دا ڕۆشنبیریی كوردی كێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ماهیه‌تی عه‌قڵدا هه‌یه. ئێمه ئه‌وه‌ش ده‌بینین، كه له ئاكامی نه‌بوونی عه‌قڵانیییه‌تدا، ڕه‌خنه‌شمان به مانا مه‌عریفییه قووڵه‌كه‌ی نییه. هه‌ڵبه‌ت ماهیه‌تی عه‌قڵ له ئه‌ده‌بدا – وه‌ك هه‌ر كایه‌یه‌كی دیكه‌ی ڕۆشنبیریی- ئه‌وه‌یه، كه پڕ له مه‌عریفه بێ: ئه‌ده‌بێك بێ به قووڵی ته‌ماشای جیهان و ته‌ماشای كێشه‌كانی ژیانی مرۆڤ بكا، كه‌چی به داخه‌وه، ئه‌ده‌بی ئێمه وه‌ك سه‌رله‌به‌ری ژیانی ڕۆشنبیرییمان به ساده‌یی ده‌دوێ و به ساده‌ییش بیر ده‌كاته‌وه؛ به ساده‌یی و نابه‌رپرسانه‌ش وشه ده‌رده‌بڕێ؛ به ده‌گمه‌نیش نه‌بێ هه‌رگیز ڕانامێنێ له قووڵایی ده‌لاله‌تی وشه؛ ڕانامێنێ له قووڵایی دیارده و شته‌كان؛ بۆیه‌ش به ڕوواڵه‌ت و سه‌رپێی بیر ده‌كاته‌وه و ده‌دوێ. لێره‌شه‌وه ده‌قه مه‌عریفییه‌كان (داهێنه‌ره‌كان) له ئه‌ده‌بی (ڕۆشنبیریی) ئێمه‌دا یه‌كجار كه‌من. ئێمه لێره له خۆمان ده‌پرسین: ئایا چه‌مكی داهێنان چییه؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین: بێگومان ئه‌م چه‌مكه وه‌سفێكی (پێناسه‌یه‌كی) دیاریكراوی نییه. ئه‌م چه‌مكه فره ڕه‌هه‌نده: ده‌شێ دیتنی قووڵایی شته‌كان بێ و ده‌شێ دیتنی جوانناسانه‌ی ڕووكه‌شی دیارده و شته‌كان بێ، به‌ڵام هه‌میشه له ساته‌وه‌ختی داهێناندا، مه‌عریفه و ئیستێتیكا پێكه‌وه كۆ ده‌بنه‌وه (به واتای ئه‌ده‌بیش له ده‌ره‌وه‌ی مه‌عریفه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییدا، ناتوانێ به‌های ئیستێتیكا به‌رهه‌م بهێنێ؛ ئه‌ده‌ب له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م مه‌عریفه‌یه‌دا ناتوانێ حاڵه‌تێكی ئیستێتیكیی بێ. به واتایه‌كی دیكه بڵێین: ئه‌ده‌ب ناتوانێ خۆی له خۆیدا ئیستێتیكا به‌رهه‌م بهێنێ، ئه‌گه‌ر هه‌ستێكی – یان عه‌قڵێكی – مه‌عریفیی له پشتیدا نه‌بوو؛ ته‌نانه‌ت ئه‌و شیعره‌ی، كه ته‌نیا به ڕووتی باسی جوانی سروشتیش ده‌كا، به بێ ئه‌م هه‌سته و ئه‌م عه‌قڵه به باشی له دایك نابێ). دیسان لێره جارێكی دیكه جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه، كه گرفتی ئه‌ده‌بی ئێمه (به‌ڵكو سه‌رله‌به‌ری ژیانی ڕۆشنبیرییمان) ئه‌وه‌یه، كه عیشقی زمانی شیعره (واته هه‌موو ژانره ئه‌ده‌بیه‌كان حه‌ز له‌م زمانه ده‌كه‌ن)؛ عیشقی ئه‌و زمانه‌یه، كه ناتوانێ سنووره‌كانی ببه‌زێنێ (دیاره ئه‌م زمانه‌ش به ته‌نیا ناتوانێ مه‌عریفه و ڕه‌خنه‌ی مه‌عریفی بنیاد بنێ)؛ كه‌واته ڕۆشنبیریی ئێمه ڕۆشنبیرییه‌كی عاتیفی و ڕۆشنبیرییه‌كی ناعه‌قڵانییه ( ئه‌م قسه‌یه به‌و مانایه نییه، كه له شیعردا ڕه‌گه‌زی عه‌قڵانییه‌ت بوونی نییه، به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین، كه له شیعردا به پله‌ی یه‌كه‌م زمانی سۆز و زمانی ڕۆحێكی ناعه‌قڵانی زاڵن؛ ئه‌مه خه‌سڵه‌تی شیعره، تا بتوانێ به زمانێكی میتافیزیكیی ناعه‌قڵانی – به زمانی خوازه – له‌گه‌ڵ دیارده‌كانی جیهاندا بدوێ؛ ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ، شیعر ناتوانێ كۆت و به‌ندی عه‌قڵانییه‌ت تێك بشكێنێ. عه‌قڵانییه‌ت تاكه هێزێكه، كه شیعر كۆت و به‌ند ده‌كا. به‌م شێوه‌یه ده‌شێ گوتاری شیعر، دژ به گوتاری عه‌قلانییه‌ت بێ). لێره‌دا ناودژێكی (موفاره‌قه‌یه‌كی) سه‌یریش به‌دی ده‌كرێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه ئه‌دیبانی ئێمه زۆر باسی چه‌مكی ئیستێتیكا ده‌كه‌ن و خوویان به‌م چه‌مكه‌وه گرتووه، كه‌چی زۆر كه‌م ده‌قی داهێنه‌ری جوان ده‌نووسن. زۆر باسی (هه‌ڵبه‌ت به شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكتانه) چه‌مكی داهێنانیش ده‌كه‌ن، كه‌چی ئێمه داهێنانمان یه‌كجار كه‌م و ده‌گمه‌نه: دیاره كاری داهێنان – وه‌ك پێشتریش گوتمان – ئیراده‌یه‌كی مه‌عریفیی به هێزی ده‌وێ؛ ئیراده‌یه‌كی ده‌وێ، كه عیشقی مانای داهێنان بێ و به‌های داهێنان بخاته سه‌رووی هه‌موو به‌ها و هه‌موو شتێكه‌وه. ئه‌وه‌ش ئاشكرایه، كه ده‌قی باش خۆی له خۆیدا پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌شه، بۆیه‌ش پێده‌چێ – پێشتر ئاماژه‌مان به‌م خاڵه‌ش كرد – كه له ناو هه‌موو مه‌عریفه‌یه‌كی قووڵدا به‌های ئیستێتیكاش هه‌بێ. ئێمه پێشمانوایه ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی، كه به ڕووتی (تجرید) ته‌ماشای مانای ئیستێتیكا ده‌كا، ناتوانێ به‌های ئیستێتیكای ڕاسته‌قینه به‌رهه‌م بهێنێ. ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی، كه ئیستێتیكا له عه‌قڵ و هزر، له ڕه‌هه‌ندی بابه‌ته‌كی (مه‌وزوعی) داده‌بڕێنێ، ناتوانێ ئیستێتیكا به‌رهه‌م بهێنێ و ناشتوانێ ئه‌ده‌بێكی داهێنه‌ر بێ. له هه‌مان كاتدا ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی هیچ وه‌زیفه‌یه‌ك به خۆی نابه‌خشێ، ناتوانێ ئه‌ده‌بێكی سه‌ركه‌وتوو و داهێنه‌ر بێ. ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی، كه پێی وایه وه‌زیفه‌ی ئه‌و ئه‌وه نییه، كه له ژیان تێ بگا؛ وه‌زیفه‌ی ئه‌و ئه‌وه نییه، كه قسه له‌سه‌ر كێشه گه‌وره و بچووكه‌كانی ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی بكا؛ ئه‌وه ئه‌م ئه‌ده‌به نه ده‌توانێ ئیستێتیكا به‌رهه‌م بهێنێ، نه ده‌شتوانێ ئه‌ده‌بێكی نه‌مر و داهێنه‌ر بێ (دیاره هیچ داهێنانێكی ئه‌ده‌بیش له ئاسته ته‌كنیكییه‌كه‌ی نووسین دانابڕێ. ته‌كنیك ڕۆحی فۆرمی نوێ و جوان پێكده‌هێنێ). هه‌ڵبه‌ت له‌م جوغزه‌دا سه‌نته‌ری هه‌موو شتێكیش ده‌بێ مرۆڤ بێ؛ مرۆڤ به هه‌موو شته باش وخراپه‌كانیه‌وه؛ به هه‌موو شته جوان و ناشیرینیه‌كانیه‌وه. ئه‌ده‌ب وه‌زیفه‌ی ئه‌وه‌یه، كه جیهان (ڕۆحه نه‌خۆشه‌كه‌ی مرۆڤ) باشتر و جوانتر بكا. چه‌ند فریو خواردوون ئه‌وانه‌ی پێیان وایه، كه ئه‌ده‌ب هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی ئاكاره‌كی (ئه‌خلاقیی) نییه! له ڕاستیدا نووسین (ئه‌ده‌ب) خۆی له خۆیدا وه‌زیفه‌یه‌كی ئاكارییشه. ده‌بێ بزانین، هه‌موو وه‌زیفه‌یه‌كیش له ده‌ره‌وه‌ی مانا و به‌ها ئاكارییه‌كاندا، ده‌بێته وه‌زیفه‌یه‌كی بێ هووده و بێ مانا و ڕه‌نگه له ئاكامدا ببێته وه‌زیفه‌یه‌كی نه‌رێنی و وێرانكه‌ریش (هه‌ر بۆیه‌شه، كه مرۆڤ له به‌ها ئاكارییه‌كان دابڕا، ده‌شێ ببێته بوونه‌وه‌رێكی دڕنده). به‌هه‌ر حاڵ ئێمه لێره له ڕوانگه‌ی ئه‌م پێشه‌كییه كورته تیۆرییه‌وه، ده‌مانه‌وێ قسه له‌سه‌ر ڕۆمانێكی نووسه‌رێكی هاوچه‌رخی دیاری كورد بكه‌ین، كه ئه‌ویش ڕۆمانی ((كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان)) ی به‌ختیار عه‌لی – یه. پێمان وایه ئه‌م ڕۆمانه‌ش وه‌كو هه‌موو ڕۆمانه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م نووسه‌ره، ئه‌وه ده‌هێنێ، كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی جددی و سه‌رنجڕاكێشی بۆ بكرێ، چونكه هه‌ر هیچ نه‌بێ له‌م ڕۆمانانه‌دا، وه‌ك هه‌موو نووسینه‌كانی دیكه‌ی به‌ختیار، بابه‌ت و بیرۆكه و مانای زیندوو هه‌ن؛ ئه‌وه بێجگه له‌وه‌ی زمانیش به فۆرمێكی شیعریانه‌ی جوان خۆی ده‌نوێنێ (ئه‌گه‌رچیش زمانی نووسینی به‌ختیار له ڕووی ڕێزمانه‌وه گرفتی زۆری تێدایه، كه دواتر ده‌چینه سه‌ری و هه‌ندێك نموونه‌ی لێ ده‌هێنینه‌وه…)؛ ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، هه‌میشه له نووسینه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا، تێڕوانینێكی قووڵ و به‌ر فراوانی ئاكاره‌كی (ئه‌خلاقیی) به‌دی ده‌كرێ. له لای ئه‌و نووسین به‌ده‌ر نییه له ده‌سه‌ڵاتی فیكر و له به‌ها ئاكارییه‌كان؛ لێره‌ش ئیستێتیكا له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه به‌رهه‌م دێ. به‌ختیار هه‌میشه – له نووسینه‌كانیدا- به‌رگری له كێشه گرنگ و گه‌وره‌كانی مرۆڤ ده‌كا و هاوده‌مێكی نزیكی ڕۆحه ماندووه‌كه‌ی مرۆڤه. هه‌میشه واقیعی ژیان (ژیانی مرۆڤ)، گه‌وهه‌ر و چوارچێوه‌ی ڕۆمانه‌كانی ئه‌و پێكده‌هێنێ، بۆیه‌ش گوتارێكی ئه‌ده‌بی و فیكری زیندوو له ڕۆمانه‌كانی ئه‌ودا هه‌ن. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ئێمه له خۆمان ده‌پرسین: ئایا هیچ زیندوویه‌تییه‌ك (داهێنانێك) هه‌یه، كه له واقیعی ژیانی مرۆڤایه‌تی به دوور بێ ؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین: بێگومان ئه‌ده‌ب، ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بێكی واقیعیش نه‌بێ (واته به پێی ڕێبازێكی واقیعیش نه‌نووسرا بێ)، به‌ڵام نابێ له ڕۆحی واقیعی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی داببڕێ. له‌م باره‌یه‌وه یۆستاین گارده‌ر له ڕۆمانی مایا- دا، له‌سه‌ر زاری جۆن سپۆك دبێژه: (( من وا ڕاهاتووم ڕۆمانه‌كانم له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی واقیعی هه‌ڵبچنم، به‌ڵام ئه‌مه به‌م مانایه نییه كه من كه‌سێكی بێ فانتازیا بم)) (3) ئێمه‌ش له‌لای خۆمانه‌وه به ته‌واویی ئه‌م مۆركه فانتازییه – كه وه‌ك ده‌شزانین فانتازیا جۆرێكه له جۆره‌كانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه – له ڕۆمانه‌كه‌ی (ڕۆمانه‌كانی) به‌ختیاردا به‌دی ده‌كه‌ین؛ به‌ڵكو ده‌شێ بڵێین، كه ئه‌م ڕۆمانه‌ی به‌ختیار – وه‌ك سه‌رله‌به‌ری ڕۆمانه‌كانی دیكه‌شی – ڕۆمانێكی واقیعییه، به‌ڵام له ((به‌رگی فانتازیا)) دا؛ هه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی ((كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان)) به‌خۆی ناونیشانێكی فانتازییه. ناوی زۆربه‌ی پاڵه‌وانه‌كانیش ئه‌م ده‌لاله‌ته‌مان پێده‌به‌خشن: ( گوڵدانچی، ئاموون، مه‌نگوڕی بابه گه‌وره، قه‌له‌نده‌ر، كامه‌رانی سه‌لما، مه‌نسوور ئه‌سرین…). ته‌نانه‌ت به‌های (( جوانیی)) ش له‌م ڕۆمانه‌دا، مانایه‌كی ڕه‌مزیی هه‌یه، ئه‌مه‌ش به ته‌واوی له وه‌سفكردنی كه‌سایه‌تی سه‌وسه‌ندا به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ؛ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی – به ڕوواڵه‌ت- جوانییه‌كی پڕ له ((ته‌ناقووز)) مان پێشكه‌ش ده‌كا: له سه‌رێكه‌وه نه‌خۆشه و له سه‌رێكی دیكه‌شه‌وه به جوانییه نائاساییه‌كه‌ی، خه‌ڵكێكی زۆری حه‌په‌ساو و گیرۆده و سه‌رگه‌ردان كردووه. ئه‌م ته‌ناقووزه لێره ته‌ناقووزێكی مه‌عریفییه (ڕۆشنبیرییه)؛ ته‌ناقووزێكه له نێوان زمانی خۆشه‌ویستی و ئه‌و واقیعه‌ی، كه ئه‌م زمانه ناناسێ. لێره‌شدا ئایدیۆلۆژیای (ناوه‌ڕۆكی فیكری) ڕۆمانه‌كه له‌ناو ئه‌م ته‌ناقووزه‌دا، خۆشه‌ویستییه‌كی ئایدیالیستیمان (ئه‌فڵاتوونانه‌مان) بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ: خۆشه‌ویستییه نموونه‌ییه‌كه‌ی نێوان سه‌وسه‌ن و هه‌ر سێ گه‌نجه پاڵه‌وانه‌كه. هه‌موومان ده‌زانین كه‌سایه‌تی سه‌وسه‌ن ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی هه‌موو ڕووداوه‌كانه. ئه‌م كچه هێمای نموونه‌یی عیشقێكه، كه له‌دایك نابێ (ئه‌و عیشقه‌ی هه‌رگیز له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا له دایك نابێ). هه‌موو ڕووداوه (چیرۆكه) تراژیدییه‌كان له ڕۆمانه‌كه‌دا، ده‌لاله‌ت له‌م له دایك نه‌بوونه ده‌كه‌ن. ئه‌و له دایك نه‌بوونه‌ی به‌نده به‌وه‌ی، كه خۆشه‌ویستی نه‌بووه‌ته به‌شێك له ئاكار و ئیراده‌ی ژیانمان. له‌م باره‌یه‌وه ماركیز دبێژه: ((هه‌رده‌م باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه، كه خۆشه‌ویستی ده‌توانێ ڕه‌گه‌زی مرۆ له وێران بوون ڕزگار بكا…)).(4) به‌ختیار (ڕۆماننووس = گێڕه‌ره‌وه) ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ، خۆشه‌ویستی ئه‌زموونه؛ ئه‌زموونێكی گه‌وره‌ی مه‌عریفییه. لێره‌شدا مه‌عریفه به‌نده به كتێب و سه‌فه‌ره‌وه. سه‌وسه‌ن به مانای وشه وه‌ك هه‌موو پاڵه‌وانێكی نموونه‌یی، كه‌سایه‌تییه‌كی دروستكراوه (ده‌شێ بڵێین ڕۆماننووس له‌م خاڵه‌دا، كه‌ڵكی له شێوازی نووسینی ئه‌ده‌بی – ڕۆمانی – واقیعی ئه‌فسووناویی وه‌رگرتووه و ده‌یه‌وێ خۆشه‌ویستی بكاته حاڵه‌تێكی ئه‌فسانه‌یی؛ ماركیزیش له ڕۆمانی ((ئه‌ڤین له سه‌رده‌می كۆلێرادا)) به‌م زمانه ئه‌فسانه‌ییه چیرۆكی خۆشه‌ویستیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه). ئه‌م كچه له هه‌ندێك خه‌سڵه‌تدا به‌و كچه خوێنده‌وار و ڕۆشنبیره ده‌گمه‌نانه‌ی ساڵانی ده‌یه‌ی حه‌فتا و هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردووی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ده‌چێ، كه هه‌ندێ جار به‌شداری كاری سیاسیشیان ده‌كرد، بۆیه له ژیانی باوی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كچانی كۆمه‌ڵگه داده‌بڕان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سه‌وسه‌ن وه‌ك هه‌ر تاكێكی دیكه، به‌نده‌واری داب و نه‌ریتی كۆنی كۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌وه‌ته بابی، كه پێی ده‌ڵێ: ((سه‌وسه‌ن گه‌ر به ڕاستی له تواناتدایه به‌رگه بگریت، ده‌توانم هه‌وڵێك بده‌م بۆ ئه‌وه‌ی سه‌فه‌ر بكه‌یت و بڕۆیت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌گه‌ر ده‌زانیت به‌وه ئاسووده ده‌بیت بڕۆ، له‌وێ به ئاره‌زووی خۆت دنیا ببینه، من لاریم نییه و ڕێگریت ناكه‌م)). (5) له وه‌ڵامدا كچه‌كه به باوكی ده‌ڵێ: ((بابه من له‌وه لاوازترم كه تۆ تێم ده‌گه‌یت… تۆ زوو له یادی ده‌كه‌یت كه من كچێكی نه‌خۆشم، دوا ئه‌وه تۆ پاره‌ت نییه، تێده‌گه‌یت سه‌فه‌رێكی وه‌ها پاره‌یه‌كی زۆری ده‌وێ، ئینجا چی به تۆ ده‌ڵێن…؟)). (6) ده‌شێ ئه‌م ناكۆكییه له حه‌ز و ویستی سه‌وسه‌ندا، به‌هانه‌یه‌كی باش بێ بۆ له دایك بوون و به‌رده‌وامبوونی پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه. سه‌وسه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ره‌كییه (چه‌قی كار و ڕووداوه‌كانه)؛ ئه‌گه‌ر له شار (وڵات‌دا) نه‌مێنێته‌وه، ده‌شێ په‌ره‌ستاندنی ڕووداوه‌كان (واقیعی گێڕانه‌وه) به‌و شێوه‌یه‌ی، گه گێڕه‌ره‌وه دیتوویه‌تی و ده‌یگێڕێته‌وه، نه‌گاته ئاكام؛ چونكه گێڕه‌ره‌وه خۆی پاڵه‌وانێكی ((شایه‌د حاڵێكی)) ناو ڕووداوه‌كانی كوردستانه. ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ش جیاوازییه‌كی وه‌های له‌گه‌ڵ ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانی دیكه‌ی به‌ختیار – دا نییه. هه‌میشه گێڕه‌ره‌وه كه‌سی یه‌كه‌می تاكه و (هه‌ندێك جار له قاڵبی وشه‌ی ئێمه‌دا) هه‌موو شتێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه و بۆ باس ده‌كا. به زمانێك ده‌دوێ، كه زۆر جار له گوتاری زمانی شیعره‌وه نزیكه و به خه‌یاڵێكیش بیر ده‌كاته‌وه، كه هه‌ندێ جار له خه‌یاڵ و فانتازیای حیكایه‌ته ئه‌فسانه‌ییه‌كان نزیكه. ده‌شێ بڵێین، سه‌وسه‌ن وێنه‌یه‌كی هاوچه‌رخانه‌ی كچه شازاده‌ی حیكایه‌ته كۆنه‌كانی هه‌یه: ئه‌و خاوه‌نی سێ عاشقی تراژیدییه؛ سێ عاشق، كه وه‌ك سێ پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌یی به ناو دارستانه‌كانی جیهاندا ده‌گه‌ڕێن. بێگومان له ناو ئه‌م ڕۆمانه‌دا گێڕه‌ره‌وه لاوه‌كییه‌كانیش – له چوارچێوه‌ی هه‌ندێك كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كیدا – هه‌ن، وه‌ك: مه‌نگوڕی بابه گه‌وره و ساقی مه‌حموود …، كه یارمه‌تی (من) ی گێڕه‌ره‌وه ده‌ده‌ن (دیاره، ئه‌گه‌رچی گێڕه‌ره‌وه هه‌رگیز به سیغه‌ی ڕاناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاك – من – قسه ناكا، به‌ڵكو به سیغه‌ی ڕاناوی كه‌سی یه‌كه‌می كۆ – ئێمه – قسه ده‌كا، به‌ڵام لێره ((من)) له ناو ((ئێمه)) دا قسه ده‌كا و منێكه باڵا ده‌ست و زانای یه‌كه‌مه: ئه‌و گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌موو چیرۆك و ڕووداوه‌كانه). بێجگه له‌مه هه‌ندێك جار به ڕوواڵه‌تیش وه‌ها دیاره، كه گێڕه‌ره‌وه نادیاره‌كانیش هه‌ن زۆربه‌ی چیرۆك و ڕووداوه‌كان (یان ورده‌كاری هه‌ندێك چیرۆك و ڕووداو له شوێنی دووره ده‌ستدا)، بۆ گێڕه‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌م (نووسه‌ر) ده‌گێڕنه‌وه. له‌مه‌وه ئه‌م گێڕه‌ره‌وه‌یه زۆر جار له پێواری (غیابی) خۆیدا باسی كه‌سایه‌تییه‌كانی دیكه ده‌كا و ڕه‌فتار و خه‌سڵه‌ته‌كانیان وه‌سف ده‌كا و چیرۆك و ڕووداوه‌كانی ژیانیان ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام لێره ده‌بێ له خۆمان بپرسین: ئه‌و چۆن له پێواری (غیابی) خۆیدا، ئاگاداری ورد و درشتی ئه‌و هه‌موو چیرۆك و ڕووداوانه‌یه و به هه‌مان وردبینی و ورده‌كاریش بۆ ئێمه‌ی ده‌گێڕێته‌وه؟ له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێین: بێگومان له جیهانی ده‌سه‌ڵاتی نووسین (نووسه‌ران) دا نه‌بێ، ئه‌م شته ئه‌سته‌مه؛ به‌ڵام لێره داهێنه‌رێك هه‌یه، جیهانێك به هه‌موو ورده‌كارییه‌كانیه‌وه ده‌خوڵقێنێ. پێشده‌چێ له سیاقی ئه‌م جیهانه‌دا، گێڕه‌ره‌وه نادیاره – ئاماده‌كان، هه‌موو شتێك بۆ گێڕه‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌میش بگێڕنه‌وه و ئه‌ویش له ئاكامدا به هه‌موو چیرۆك و ڕووداوه‌كان بزانێ و بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌ری بگێڕێته‌وه. پێده‌چێ ئه‌م گێڕه‌ره‌وه ئاماده – نادیارانه، به بێ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ ناویان بهێندرێ و ئاماژه‌یان پێ بدرێ، هه‌ر به خۆیان كه‌سایه‌تی ناو ڕۆمانه‌كان بن، ئه‌و كه‌سایه‌تییانه بن، كه هاوڕێی گێڕه‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌من و پێوه‌ندییه‌كی توند و تۆڵیان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه؛ به نموونه، كه‌سێكی وه‌ك كامه‌رانی سه‌لما له‌م جۆره كه‌سایه‌تییانه‌یه. ئێمه ئه‌م ڕاستییه‌ش له‌و دیمه‌ن و هه‌واڵانه ده‌زانین، كه هه‌ر گێڕه‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌م (سه‌ره‌كی) بۆمانی وه‌سف ده‌كا و بۆمانی ده‌گێڕێته‌وه ، وه‌ك: ((كامه‌ران نزیكی سه‌عاتێك له‌گه‌ڵ سه‌وسه‌ن گوڵدانچیدا مایه‌وه، دواتر دوو قۆڵی چایه‌كی له‌گه‌ڵ فكره‌ت گوڵدانچیدا خوارده‌وه و گه‌ڕایه‌وه بۆ لای ئێمه…))،(7) یان ((له‌و ساته‌وه‌ی كامه‌رانی سه‌لما گه‌ڕایه‌وه و دوا هه‌واڵی به جۆرێكی ڕاست و دروست پێڕاگه‌یاندین، ئاهه‌نگه‌كان ده‌ستیان پێكرد…)).(8) له شوێنێكی دیكه‌شدا گێڕه‌ره‌وه خۆی ده‌ڵێ: ((ئێمه ورده‌كارییه‌كانی شه‌وی یه‌كه‌می بووكێنی سه‌وسه‌نمان له هاوڕێیه‌كی پڕوشه‌وه بیست كه ئه‌ویش كۆی چیرۆكه‌كه‌ی له زاری سه‌وسه‌ن خۆیه‌وه بیست بوو…))،(9) ئه‌گه‌ر نا (من) ی گێڕه‌ره‌وه، چۆن وه‌ها به ڕه‌هایی ورده‌كاری هه‌موو ڕووداوه‌كان ده‌زانێ و زۆر جار له غیابی خۆیدا هه‌موو شتێك ده‌زانێ؟ چۆن ده‌زانێ، كه كامه‌ران و فكره‌ت له ماڵی فكره‌تدا پێكه‌وه چایان خوارده‌وه؟ ئایا ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ، كه نووسه‌ر (گێڕه‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌م)، ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های به سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا هه‌یه و له ئاكامدا ئه‌و داهێنه‌ر و خوڵقێنه‌ری هه‌موو شته‌كانه و خاوه‌نی نهێنیه‌كانی جیهانی نووسینه؟ ئێمه ئه‌وه‌ش ده‌زانین، كه نابێ ((گێڕه‌ره‌وه‌ی خه‌یاڵی و نووسه‌ری واقیعی تێكه‌ڵی یه‌ك بكرێن… گێڕه‌ره‌وه كه‌سایه‌تییه‌كی جیاوازه و به ته‌واوی سه‌ر به كاری ئه‌ده‌بیه)).(10) بارت له‌م باره‌یه‌وه دبێژه: ((گێڕه‌ره‌وه و كه‌سایه‌تییه‌كان له بنچینه‌دا بوونه‌وه‌ری كاغه‌زین، بۆیه ناشێ دانه‌ری (ماددی) حیكایه‌ت، له‌گه‌ڵ گێڕه‌ره‌وه‌ی ئه‌م حیكایه‌ته تێكه‌ڵی یه‌ك بكرێن))،(11) به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌تێكدا نووسه‌ر خوڵقێنه‌ری هه‌موو شته‌كانه. به‌هه‌رحاڵ، ده‌شێ بڵێین ئه‌م ڕۆمانه‌ی به‌ختیار له یه‌ك وه‌ختدا، هه‌م ڕۆمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و هه‌م ڕۆمانێكی ده‌روونییشه؛ چونكه هه‌م به درێژی و به وردی – هه‌ندێك جار به ڕاده‌ی درێژدادڕییه‌كی زۆر له وه‌سفكردنی حاڵه‌ت و دیارده‌كاندا – باسی حاڵه‌ته ده‌روونییه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كانمان بۆ ده‌كا؛ هه‌م به درێژی و به چڕیش باسی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان بۆ ده‌كا؛ ئه‌و باسكردن و وه‌سفكردن و گێڕانه‌وه‌یه‌ی، كه له مۆركی گوتارێكی ئایدیۆلۆژیی و ئاكاره‌كی ڕه‌خنه‌گرانه به‌دی ده‌كرێ (ئه‌م گوتاره ته‌واوی ئایدیۆلۆژیای ناو ڕۆمانه‌كه پێكده‌هێنێ)؛ ئه‌و مۆركه‌ی كه ده‌توانم بڵێم، سه‌رله‌به‌ری ده‌قه ئه‌ده‌بی و سیاسییه‌كانی به‌ختیاری پێ ده‌ناسرێته‌وه (بێ گومان ئه‌م مۆركه مۆركێكی عه‌لمانی چه‌پڕۆیانه‌یه، كه بانگه‌شه بۆ ئازادی و دیموكراسی ده‌كا)، بۆیه‌ش نووسه‌ر هه‌ندێك جار له ڕۆمانه‌كانیشیدا ڕه‌خنه‌گرێكی بڕیارده‌ره له‌سه‌ر واقیعی شته‌كان و كار و كرده‌وه و چاره‌نووسی كه‌سایه‌تییه‌كاندا، یان هه‌ر هیچ نه‌بێ وا دێته به‌ر چاومان و حوكمه ئایدیۆلۆژیی و ئاكارییه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه وامان پێ ده‌ڵێن. پێشده‌چێ له هه‌موو ڕۆمانێكی (گوتارێكی) واقیعیدا، ئه‌م جۆره بڕیار دان و حوكم دانه هه‌بێ. به‌نموونه: گێڕه‌ره‌وه له ڕۆمانی برایانی كارامازۆف – ی دیستۆیڤسكی – دا، به خراپترین و به‌دكارترین شێوه وێنه‌ی كه‌سایه‌تی فیۆدۆر پاولۆویچ – مان بۆ ده‌كێشێ. به‌ختیار – یش به زمانێكی ڕیپۆرتاژانه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه، كه ئاوسه به هه‌ڵسه‌نگاندنه سیاسییه‌كان، له ڕۆمانه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: (( له‌و ئێواره‌یه‌وه ساقی مه‌حمود و فكره‌ت گوڵدانچی بوون به دۆستێكی زۆر نزیك… تاكه شتێك كه هه‌ردووكیان سوێندیان له‌سه‌ر خوارد بوو نه‌یكه‌ن باسی سیاسه‌ت بوو، به تایبه‌تی باسی دوو حزبه گه‌وره‌كه‌ی وڵات، هه‌ردووكیان له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون هه‌ر مرۆڤێك بتوانێت غه‌می ئه‌و دوو هێزه له دڵ نه‌گرێت، ده‌بێت به به‌خته‌وه‌رترین مرۆڤی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته)). (12){له‌م بڕگه‌یه‌دا به بۆچوونی ئێمه وا باش بوو، كه له بری ده‌سته‌واژه‌ی ((هه‌ر مرۆڤێك)) ده‌سته‌واژه‌ی ((هه‌ر كه‌سێك)) به‌كار بهێندرێ، چونكه كه‌سه‌كه دیاره، كه كه‌سی كورده (كوردستانییه)، به‌ڵام مرۆڤ چه‌مكێكی گشتی ئه‌بستراكتی بێ شوناسه؛ پتر بۆ ئینتیمای جیهان به‌كار دێ، نه‌ك مه‌مله‌كه‌تێكی دیاریكراو}. دیاره – وه‌ك زه‌مه‌نی گوتاری گێڕانه‌وه و ئاكامی ڕووداوه‌كان پێمانی ده‌ڵێن – گێڕه‌ره‌وه (یان با بڵێین خه‌یاڵی نووسه‌ر)، لایه‌نگری له هه‌ندێك له‌و كه‌سایه‌تییانه ده‌كا، كه به خۆی خۆشی ده‌وێن، به‌ڵام ئه‌م لایه‌نگرییه ڕاشكاو و ڕاسته‌وخۆ نییه، به‌ڵكو له‌ناو هێڵی فیكری (ئایدیۆلۆژیای) ڕۆمانه‌كه‌دا په‌نامه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه به‌ختیار (نووسه‌ر = گێڕره‌وه)، پاڵه‌وانی نه‌رێنی و پاڵه‌وانی ئه‌رێنی بۆ دیاری كردووین: بنه‌ماڵه‌ی گوڵدانچی و بنه‌ماڵه‌ی ئاموونییه‌كان؛ هه‌ر له ناوه‌كانیشڕا ئه‌م ڕاستییه به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ. ئه‌م ناوانه هێمان بۆ حوكمه ئایدیۆلۆژیی و ئاكارییه‌كان و خراپ و باش له یه‌كدی جودا ده‌كه‌نه‌وه؛ گوڵدانچییه‌كان پاڵه‌وانه فریشته‌ییه ئه‌رێنییه‌كانن و ئاموونی و هاوشێوه‌كانیشیان، پاڵه‌وانه نه‌رێنییه‌كانن ؛ بۆیه هه‌ر چه‌نده خالید ئاموون وه‌ك عاشقه‌كانی دیكه، قوربانی زۆر بۆ خۆشه‌ویستی سه‌وسه‌ن ده‌دا، به‌ڵام بێهووده‌یه و وه‌ك بڵێی قه‌ده‌ری وه‌ها بێ و له چاره‌ی نووسرابێ، كه هه‌ر ده‌بێ كه‌سێكی نه‌رێنی بێ. ئه‌م وێنا كردنه‌ی به‌ختیار بۆ حه‌قیقه‌تی مۆدی كه‌سایه‌تییه‌كان، ڕاستییه‌كی زۆری تێدایه له واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا؛ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی، كه هه‌رگیزا و هه‌رگیز بڕوای به مانای چه‌مكی خۆشه‌ویستیی نییه، بۆیه‌ش نووسه‌ر ئه‌م قه‌یرانه (قه‌یرانی نه‌بوونی خۆشه‌ویستی) ، ده‌كاته به‌ردی بناغه‌ی گوتاری گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی. ئه‌و له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته‌شدا یه‌كجار سه‌ركه‌وتووه: عیشق هه‌م به‌هایه‌كی گه‌ردوونیی و مرۆڤایه‌تییه، هه‌م نیشانه‌ی قه‌یرانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌شه. له‌م ڕۆمانه‌دا دوو بیرۆكه‌ی (تیمه‌ی) سه‌ره‌كی و ناكۆك هه‌ن: جه‌نگ و خۆشه‌ویستیی. خه‌ریكه گێڕه‌ره‌وه پێمان بڵێ، كه خۆشه‌ویستی نه‌بێ جه‌نگ هه‌یه. ده‌شێ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش هه‌ر ڕاست بێ. ڕاستییه‌كه‌ی مرۆڤ كه نه‌یتوانی خۆشه‌ویستی بكا، جه‌نگ به‌رپا ده‌كا، چونكه له غیابی خۆشه‌ویستیدا، لۆژیكی بێزاری و قین زاڵ ده‌بن و ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش سه‌ره‌تای شه‌ڕ پێ فرۆشتن و جه‌نگ له پێناو سته‌مكردن و ده‌سه‌ڵات و پاوانخوازیدا پێك ده‌هێنن. سه‌وسه‌ن ده‌یه‌وێ ئه‌م ڕاستییه به عاشقه‌كانی بڵێ، بۆیه ڕه‌وانه‌ی سه‌فه‌رێكی دوور و درێژی جیۆ – مه‌عریفیان ده‌كا، تا له مانای فراوانی چه‌مكی خۆشه‌ویستی تێ بگه‌ن و نه ببنه جه‌نگاوه‌ر و نه له جه‌نگیشدا بكوژرێن، به‌ڵام له ئاكامدا جه‌نگ هه‌موو شتێك له‌ناو ده‌با. گرفته‌كه ئه‌وه‌یه لێره جه‌نگ هه‌یه، نه‌ك خۆشه‌ویستی؛ ته‌نانه‌ت له ناو خودی خۆشه‌ویستیشدا جه‌نگێكی سه‌خت هه‌یه {كاتی خۆیشی به‌ختیار له قه‌سیده‌ی (عه‌شق) دا ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی به‌كار هێنا بوو: عه‌شق سه‌ختتره له جه‌نگ؛ كاتێك له نیوه به‌یتێكدا ده‌ڵێ: ((عه‌شق سه‌ختتره له خه‌یاڵ… سه‌ختتره له جه‌نگ)) }. (13) سه‌وسه‌ن – یش به بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ، ئه‌ویش ته‌ماشاكه‌رێكی (یان كاره‌كته‌رێكی ناو) ئه‌م جه‌نگه‌یه. ئه‌م جه‌نگه جه‌نگێكی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه (ئه‌مه‌ش وه‌ك گوتمان، مۆركی گوتاری گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌یه)؛ ئه‌و جه‌نگه‌ی، كه خه‌سڵه‌تێكی ژیانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه. لێره‌شدا قین و دڵپیسی و بێزار ی و تاوان سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و له كاری خراپ‌دا به‌رجه‌سته ده‌بن؛ به نموونه: كاتێك كه كامه‌رانی سه‌لما به چه‌قۆ له مه‌نسوور ئه‌سرین ده‌دا و ئاموونییه‌كانیش، كه كامه‌ران ده‌كوژن. وه‌ك ده‌شبینین، سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه به شه‌ڕ ده‌ست پێ ده‌كا و كۆتاییه‌كه‌شی به جه‌نگ و كوشتار ته‌واو ده‌بێ: جه‌نگی ناوخۆ، كوشتنی كامه‌ران…، كه‌واته ئه‌م ڕۆمانه ((واقیعیه – فانتازیه‌ی)) به‌ختیار، مۆركێكی تراژیدیشی پێوه‌یه، ئه‌مه‌ش له گێڕانه‌وه‌ی زنجیره چیرۆك و ڕووداوه تراژیدییه‌كان (له گرێچنه تراژیدیه‌كه‌ی) دا به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ: زنجیره چیرۆك و ڕووداوه تراژیدیه‌كانی عیشق و جه‌نگ و سیاسه‌تكردن له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا (له ڕاستیدا ئه‌م ڕۆمانه‌ی به‌ختیار – وه‌ك هه‌موو ڕۆمانه‌كانی دیكه‌ی – ده‌شێ چه‌ند جۆر له ڕۆمان له‌خۆ بگرێ، وه‌ك: ڕۆمانی واقیعی، ڕۆمانی فانتازیی، ڕۆمانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆمانی ده‌روونیی، ڕۆمانی ڕۆمانتیكی…ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌ت و شێوازه ناته‌قلیدییه‌كه‌ی سه‌رله‌به‌ری ڕۆمانه‌كانی به‌ختیارن). وه‌ك ده‌شزانین ئه‌م ڕۆمانه به بێ هیچ پێشه‌كییه‌ك، یه‌كسه‌ر ده‌چێته ناوجه‌رگه‌ی ململانێ و ڕووداوه‌كانه‌وه؛ لێره‌شه‌وه سه‌ره‌تا بێ پێشه‌كییه دراماتیكییه‌كه‌ی ڕۆمانه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌كا: ((یه‌كێك له ئێواره سارده‌كانی زستان بوو كه مه‌نگوڕی بابه گه‌وره و كامه‌رانی سه‌لما له‌سه‌ر سیله‌ی یه‌كێك له كۆڵانه‌كاندا مه‌نسور ئه‌سرینیان بینی. سه‌عاتێك بوو به تایبه‌ت له‌وێدا وه‌ستا بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ببینن. كامه‌رانی سه‌لما سوێندی خوارد بوو گه‌ر قسه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌سریندا نه‌گه‌نه ئه‌نجام، بیكوژێت. سووك و ساده بیكوژێت…)).(14) به‌م شێوه‌یه خوێنه‌ر ده‌كه‌وێته ناو مه‌راقێكی گه‌وره‌وه، تا بزانێ پاشان چ ڕوو ده‌دا؛ ئا ئه‌م تاسه‌ی زانینه‌یه وا ده‌كا، كه خوێنه‌ر بورووژێ و بچێته ناو پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌وه؛ ئه‌مه حاڵه‌تی تامه‌زرۆكردنی (ته‌شویقی) سه‌ره‌تای هه‌موو ده‌قێكی زیندووه؛ هه‌میشه له ڕۆماندا شێوازی (ته‌كنیكی) گێڕانه‌وه یه‌كجار گرنگه؛ له‌م حاڵه‌ته‌دا بچووكترین كار و دیارده و ڕووداویش پڕ له تاسه و چێژ ده‌بن. به‌نموونه ده‌ڵێم، یۆستابین گارده‌ر له ڕۆمانی مایادا به شێوازێكی وه‌ها كاریگه‌ر باس و وه‌سفی مارمێلكه ده‌كا، كه هه‌تا هه‌تایێ ئه‌م گیانله‌به‌ره‌مان خۆشبوێ و لێی نه‌ترسێین و بێزی لێ نه‌كه‌ینه‌وه (وه‌ك كه قێز لێ بوونه‌وه و كوشتنی ئه‌م گیانله‌به‌ره له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا دیارده‌یه‌كی باوه). ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه بخوێنێته‌وه، له نرخی ژیانی هه‌موو گیانله‌به‌رێك تێده‌گا. ده‌زانێ، كه ژیان نرخێكی مه‌زنی هه‌یه. ژیان نرخی خۆی هه‌یه: چ هی مارمێلكه، چ هی مرۆڤ بێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی ڕێزی مرۆڤ بگرێ، ڕێزی هه‌موو گیانله‌به‌رێكیش ده‌گرێ. ئێمه ئه‌م گوتاره مرۆییه له ڕۆمانه‌كه‌ی به‌ختیار – یشدا به‌دی ده‌كه‌ین؛ به‌ڵام گرفتی شێوازی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی (ڕۆمانه‌كانی) به‌ختیار– ئه‌گه‌رچی شێوازێكی كاریگه‌ر و سه‌رنجڕاكێشه- وه‌ك نووسه‌ر، نه‌ك وه‌ك گێڕه‌ره‌وه (چونكه ئه‌مه گرفتی هه‌موو نووسینه‌كانی به‌ختیار – ه)، له چۆنیه‌تی ده‌ربڕینی زمانه‌كه‌یدایه. واته كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی زمانی به‌ختیار كێشه‌یه‌كی ڕێزمانییه؛ ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی بنه‌ماگه‌رانه‌یه و كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه له بنه‌مای ده‌قدا؛ كه زۆر جار نووسه‌ری كورد – به داخه‌وه – بایه‌خ به‌م بنه‌مایه نادا. بێگومان ئه‌م بنه‌مایه به‌نده به بنه‌مای شێوازیشه‌وه (شێوازی نووسین و گێڕانه‌وه). واته زمان یه‌كێكه له بنه‌ما هه‌ره گرنگه‌كانی ده‌ق؛ ئه‌گه‌ر ده‌قێك گرفتی زمانی هه‌بوو، ئه‌وا ئه‌م گرفته كار له ئاستی داهێنانی ئه‌م ده‌قه ده‌كا؛ ئا ڕێك ئه‌مه گرفتی ده‌قه‌كانی به‌ختیار – ه، به ڕۆمانه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ خۆشمانه‌وه: (كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان). ئێمه وای ده‌بینین، كه ته‌ناقوزێكی یه‌كجار گه‌وره له نێوان ئاستی په‌یامی فیكر و ئاستی بنه‌مای زمانی به‌ختیار – دا هه‌یه. من بۆیه وا ده‌ڵێم، چونكه به‌ختیار هه‌ڵه‌ی ڕێزمانیی یه‌كجار ساده و بچووك ده‌كا: ئه‌و له چوارچێوه‌ی ڕسته‌ی ساده و ئاسایی‌دا، وشه‌ی زۆر ساده و ئاسان به هه‌ڵه به كار ده‌هێنێ. به نموونه ئه‌و ده‌ڵێ: ((سه‌ری هه‌ندێك له باڵنده كوژراوه‌كان له ده‌لاقه‌ی نێوان شیشه‌كانه‌وه شۆڕ بوو بووه‌وه)) (15) سه‌یره، ده‌لاقه‌ی دیواران له كوێ و كه‌لێنی نێوان شیشان له كوێ! ئه‌م جۆره هه‌ڵه‌یه نووسه‌رێكی هه‌ره ساده و سه‌ره‌تاییش نایكا؛ یانیش ده‌ڵێ: ((باڵنده‌كانی خالید بێ ئه‌ندازه بێ ده‌نگ بوون، چركه‌یان لێوه نه‌ده‌هات)). (16) هه‌موومان ده‌زانین چركه – ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی چاپ نه‌بێ – بۆ ئامێری ماددی بێ گیانی وه‌ك سه‌عات به‌كار دێ، به‌ڵام بۆ باڵنده چریكه (جوكه، جیكه، جریوه) به كار دێ. ئایا ئه‌مه ته‌ناقوزێكی یه‌كجار سه‌یر و گه‌وره نییه، له نێوان ئاستی ڕۆشنبیریی و ئاستی زمانی به‌ختیار – دا، له كاتێكدا ئه‌و كوردێكی شاری سلێمانی – یه؟ یانیش ده‌ڵێ: ((تۆزێك به جدییه‌ته‌وه چاوی داچه‌قاند)).(17) لێره نازانین مه‌به‌ستی له چاو داچه‌قاندن چییه؟ ئایا مه‌به‌ستی له چاو داگرتنه؟ چاو چۆن چۆنی داده‌چه‌قێ؟ ئایا مه‌به‌ستی له تروكاندنه، نوقاندنه (چوقاندنه)؟ یان با ته‌ماشای ئه‌م ڕسته سه‌یره بكه‌ین، كه ده‌ڵێ: (( مه‌نگوڕ وێرانی ئه‌وه‌ی نه‌بوو بێته پێشتره‌وه )). پێموایه هیچ منداڵێكی كوردیش و هیچ بێگانه‌یه‌كیش، كه تازه فێره كوردی بوو بێ ڕسته‌ی وه‌ها ده‌رنابڕن (نابێژن) و به شێوازی وه‌ها قسه ناكه‌ن. ئه‌م ڕسته‌یه لێره ته‌رجومه‌ی ئه‌و ڕسته عه‌ره‌بیه‌یه (ته‌عریبكراوه‌یه)، كه ده‌ڵێ: ((جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بوو…))، له جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێ: (نه‌یده‌وێرا…). باشه ئێمه لێره له خۆمان ده‌پرسین: بۆ به‌ختیار (له‌م ساته‌وه‌ختانه‌ی نووسیندا)، ناڵێ و ناتوانێ (به‌نموونه) بڵێ: (مه‌نگوڕ نه‌یده‌وێرا پتر بێته پێش {=پێشه‌وه})؛ یان (مه‌نگوڕ نه‌یده‌وێرا بێته پێشتر)؟ تۆ بڵێی ئه‌مه گه‌مه‌ی زمان بێ، كه به‌ختیار بیه‌وێ بیكا، به‌ڵام گه‌مه‌یه‌كی سه‌قه‌ت و خراپ؟ تۆ بڵێی له نه‌خشه‌ی په‌یامی مه‌عریفی و ڕۆشنبیریی به‌ختیاردا، زمانناسیی و مه‌عریفه‌ی زمان ئه‌وه‌نده گرنگ نه‌بن؟ تۆ بڵێی بنه‌مای ڕێزمان (پره‌نسیپه‌كانی زانستی ڕێزمان) به‌شێكی هه‌ره بنجی و گرنگی بنه‌ما و هه‌یكه‌لی هه‌موو ده‌قێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بێ؟ ئه‌گه‌رنا بۆ كه‌سێكی وه‌ك به‌ختیار ئه‌و هه‌موو كه‌مته‌رخه‌میه‌ی له ئاست بنه‌مای (یاسای) ڕێزمانی نووسینه‌كانیدا (ده‌قه‌كانیدا) هه‌یه؟ گوناهه ئه‌و، ئه‌و هه‌موو ده‌قه باشانه‌مان به زمانێكی خراپ پێشكه‌ش بكا (بێگومان من لێره – جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه – مه‌به‌ستم لایه‌نی ڕێزمانی ده‌قه‌كانه، نه‌ك لایه‌نه ڕه‌وانبێژییه ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی)، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك جار ته‌مومژ و كێشه ده‌كه‌وێته ناو شێوازی ده‌ربڕین و گوتاری ڕه‌وانبێژییشه‌وه؛ به نموونه نووسه‌ر ده‌ڵێ: ((قه‌سه‌م به ئه‌سحابه، خه‌ڵكی زیره‌ك له حاڵه‌تی وه‌هادا تێكده‌چن و سه‌ر و لاقی خۆیان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن…)).(18) دیاره ده‌سته‌واژه‌ی ((سه‌ر و لاقی خۆیان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن))، هه‌م له ڕووی ده‌ربڕینه‌وه و هه‌م له ڕووی واتاشه‌وه ناڕێكه: ئێمه نازانین چ له ڕووی واتاوه بێ و چ له ڕووی ڕه‌وانبێژیشه‌وه بێ ((سه‌ر و لاق تێكه‌ڵ بوون)) چ ده‌گه‌یه‌نێ و چ جوانییه‌كی تێدایه؟ (دیاره نووسه‌ر لێره –له‌سه‌ر زاری مه‌نگوڕ – به زمانی خوازه قسه ده‌كا، به‌ڵام ئه‌مه خوازه‌یه‌كی ناقۆڵایه؛ خوازه‌یه‌كی ناكاریگه‌ره و هیچ جوانییه‌كی تێدا نییه). ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه هه‌میشه ئیحای خواردنی پاچه و تێكه‌ڵ بوونی سه‌ر و پێی ئاژه‌ڵمان به بیر ده‌هێنێته‌وه؛ یان ئیحای فه‌وزای مه‌یدانی جه‌نگ و كوشت و كوشتارمان پێده‌به‌خشێ. بۆ ده‌بێ كوردێكی ڕه‌سه‌نی خاوه‌ن ئه‌زموونی وه‌ك مه‌نگوڕی بابه گه‌وره، به زمانێكی وه‌ها شڕ و نامه‌عقوول بدوێ؟ ئایا ده‌لاله‌تی ((ده‌ست و لاق تێكه‌ڵا بوون)) چ پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی به چه‌مكی زیره‌كییه‌وه هه‌یه؟ ئایا مه‌نگوڕ كه‌سێكی هێنده نه‌زانه و هێنده گاڵته‌جاڕه، تا به‌م زمانه تێكشكاو و شڕ و شپڕێوه قسه بكا؟ من پێموایه ده‌ربڕینی وه‌ها، ده‌شێ له زمانی كه‌سێكی سه‌ره‌تایی و گێل و نه‌زان بێته ده‌رێ ( كه ده‌زانین مه‌نگوڕ كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ها نییه)؛ ئه‌م ده‌ربڕینه ئه‌سته‌میشه له سیاقی هیچ زمانێكی گاڵته‌جاڕانه‌شدا جێگه‌ی ببێته‌وه: ئه‌م زمانه گاڵته‌جارانه و میللییه‌ی مه‌نگوڕ هه‌ندێ جار ئاستێك و ئاڕاسته‌یه‌كی یه‌كجار خراپ وه‌رده‌گرێ؛ به‌نموونه مه‌نگوڕ له هه‌موو شوێنێك و له به‌رانبه‌ر هه‌ر كه‌سێكدا بێ (به تایبه‌تیش سه‌وسه‌ن)، به بۆنه و بێ بۆنه وشه‌ی ((قوون)) به كار ده‌هێنێ؛ ئه‌وجا زۆر به زێده‌ڕۆیی و نامه‌عقوولیش به‌كاری ده‌هێنێ (مه‌به‌ستم له نامه‌عقوولییه‌تی ناو زمانی ئه‌ده‌ب و نووسینه؛ بۆیه‌ش گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی به‌ختیار هه‌ندێ جار بنه‌مای واقیعی گێڕانه‌وه، یان بنه‌مای واقیعییه‌تی گێڕانه‌وه له بیر ده‌كا). به درێژایی ڕۆمانه‌كه (46) جار مه‌نگوڕ وشه‌ی قوون به كار ده‌هێنێ؛ ئێمه له بڕوایه‌داین، نه له مێژووی ئه‌فسانه‌دا و نه له واقیعیشدا، هیچ چه‌قۆكێش و سه‌رسه‌ریه‌ك نییه هێنده‌ی مه‌نگوڕ كه‌سایه‌تییه‌كی كارتۆنی و پووچه‌ڵ بێ؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێره نووسه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه بێ، كه مۆركێكی كۆمیدی سه‌رسه‌ریانه (كه‌سایه‌تییه‌كی میللی گاڵته‌جاڕ و چه‌قۆكێشی كورده‌واری) به كه‌سایه‌تی مه‌نگوڕ ببه‌خشێ، ئه‌وا به داخه‌وه – به ڕای ئێمه – له‌م هه‌وڵه‌یدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. ئاخر با بزانین، چ مه‌نتیقێكی ئه‌ده‌بی و ڕه‌وانبێژیی و واقیعی له‌م گوتانه‌ی مه‌نگوڕدا هه‌یه: ((…ئه‌ویش له‌وانه بوو كه بۆ یار تك تك فرمێسك له قوونی ده‌هات)) ؟(19) ئه‌مه چ فانتازیایه‌كه له خه‌یاڵی دروستكردنی كه‌سایه‌تی ڕۆماندا؟ یان ته‌ماشا كه‌ن پاڵه‌وانه كۆمیدی و چه‌قۆكێشه‌كه‌ی به‌ختیار چ به سه‌وسه‌ن ده‌ڵێ: ((زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌یانناسم قوونی خۆیان ناجووڵێنن، بۆ ئه‌وه‌ی تێمبگه‌ن))؛(20) یان ده‌ڵێ: ((هیچ شتێك له مێژوو بێبارتر نییه، كه‌س نازانێت قوونی خۆی چۆن ده‌جووڵێنێته‌وه))؛(21) یانیش ده‌ڵێ: ((كامه‌رانی سه‌لما كه خۆی عه‌شق له قوونی ده‌چۆڕێت))…(22) ده‌یان نموونه‌ی خراپی دیكه‌ی له‌م شێوه‌یه. ئه‌م وشه‌یه لێره ته‌نانه‌ت به مانا مه‌جازییه‌كه‌شی زۆر به سه‌قه‌تی به كار هاتووه. له هه‌موو حاڵه‌تێكدا نه‌ده‌بوایه مه‌نگوڕ هێنده به ناجۆری ئه‌م وشه‌یه به كار بهێنێ؛ خۆ ئه‌گه‌ر نووسه‌ر لێره ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ، كه كۆمه‌ڵگه و ڕٍۆشنبیریی ئێمه پڕه له جنێو و كه‌سایه‌تی چه‌قۆكێشی وه‌ك مه‌نگوڕ، به‌ڵام ده‌كرا و وا باشتر بوو، كه زمانی مه‌نگوڕ نزیكتر بێ له زمانی واقیعی كولتووری جنێوفرۆشی ئێمه و نزیك بێ له ئاستی زمانی میللی ئه‌و كسایه‌تییانه‌ی وه‌ك مه‌نگوڕ وكامه‌رانی سه‌لما، كه ڕۆژانه له واقیعی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆماندا له‌گه‌ڵماندا ده‌ژین و ده‌یانبینین؛ زمانه گاڵته‌جاڕی و جنێوفرۆشییه‌كه‌ی مه‌نگوڕ به شێوه‌یه‌كی وه‌ها میكانیكی و نامه‌عقوول دروستكراوه، كه هیچ پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی به كه‌له‌پووری ده‌وڵه‌مه‌ندی جنێوفرۆشی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌وه نه‌مێنێ؛ ئه‌گه‌ریش زمانی مه‌نگوڕ ته‌نیا زمانی كه‌سایه‌تییه‌كی گاڵته‌جاڕ و قۆشمه‌چی بێ له كۆمه‌ڵگه‌دا، بۆ ده‌بێ – وه‌ك گوتمان – هێنده به زێده‌ڕۆیی و نامه‌عقوولی وشه‌ی ناشیرینی قوون به‌كار بهێنێ ؟(23) له به‌رانبه‌ر كێش؟ له به‌رانبه‌ر كچێكی ناسكی ڕۆشنبیری عاشقی وه‌ك سه‌وسه‌ن ! ئه‌میش ئه‌و زمانه‌ی مه‌نگوڕی هێنده پێ ئاساییه وه‌ك بڵێی نه بای دیتبێ، نه باران. تاكه یه‌كجاریش چییه، نه به قسه، نه به ئاماژه‌یه‌ك ئه‌و زمانه نائاساییه‌ی مه‌نگوڕ ڕه‌تناكاته‌وه{ وه‌ك بڵێی له لای به‌ختیار ته‌نیا مانا(په‌یام) گرنگ بێ، نه‌ك گوتار (ته‌كنیك)}؛ (24) به‌هه‌ر حاڵ ئێمه لێره جارێكی دیكه له‌م ڕۆمانه‌دا، جه‌خت له‌سه‌ر پرسی ئایدیۆلۆژیا و شێوازی نووسینی ڕاپۆرتانه ده‌كه‌ینه‌وه و ده‌ڵێین: ئه‌و شێوازه ڕاپۆرتانه‌یه‌ی، كه به‌ختیار هه‌ندێك كاره‌سات و ڕووداوی سیاسی پێ ده‌گێڕێته‌وه و وه‌سفیان ده‌كا، نه‌ك هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئایدیۆلۆژیای ده‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌دا (ئایدیۆلۆژیای نووسه‌ری ڕاسته‌قینه، كه وه‌ك گوتمان ئایدیۆلۆژیایه‌كی ئاكاره‌كی چه‌پڕۆیانه‌یه) له نرخی ته‌كنیكی پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو ئه‌م شێوازه له ڕووی سه‌رده‌می ڕاگه‌یاندنی واتا و ده‌لاله‌تیشه‌وه، نرخێكی ئه‌وتۆی نییه، چونكه ئه‌م هه‌واڵانه (ڕووداوانه) وه‌ك ((خه‌به‌ر))، ئه‌گه‌ر له سیاقی زمانی ئه‌ده‌بیدا داهێنانیان تێدا نه‌كرێ، هیچ شتێكی نوێی ئه‌وتۆیان تێدا نییه؛ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م هه‌واڵانه (ڕووداوانه) ده‌بێ ببنه ڕایه‌ڵی چنینی ته‌ونی گێڕانه‌وه‌ی ده‌قی ڕۆمانه‌كه، نه‌ك وه‌ك شتی ده‌ره‌كی و نامۆ خۆیان به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌دا بسه‌پێنن. ئه‌م جۆره هه‌واڵ و ڕووداوانه نابێ “حه‌شو” بن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی درز و كه‌لێنی سیستمی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و ڕۆمان، به‌ڵكو ده‌بێ ڕه‌گه‌زی ئۆرگانیكی بن له گوتاری ئه‌ده‌بی ئه‌م سیستمه‌دا. به داخه‌وه – به بۆچوونی ئێمه – به‌ختیار له‌م بواره‌دا شكستی هێناوه؛ ئه‌و له ڕۆمانی دیكه‌شی ئه‌م كێشه‌یه‌ی هه‌یه، وه‌ك ڕۆمانی (غه‌زه‌لنووس و باخی خه‌یاڵ و شاری مۆسیقاره سپییه‌كان…). با جارێكی دیكه بڕوانینه نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌م سیستمه پڕ له درز و كه‌لێن و پڕ له “حه‌شوه” له شێوازی وه‌سفكردن و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا، گێڕه‌ره‌وه دبێژه: ((بۆ ئه‌وه‌ی زۆر له قسه‌كانی پێشوو دوور نه‌كه‌وینه‌وه، ده‌مه‌وێت بڵێم له وڵاتی ئێمه‌دا هه‌موو ڕۆژگاره‌كانی ترس، ڕۆژی گه‌وره‌ی خه‌ون و هه‌موو ڕۆژگاره‌كانی خه‌ون، سه‌رده‌می گه‌وره‌ی ترسن. له ساڵی 1991 دا كه جه‌نگی عیراق له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌می جیهاندا ده‌ستی پێكرد، هه‌موو ترس و خه‌ونمان به چه‌شنێكی وه‌ها به‌رین تێكه‌ڵاو كرد، دواتر بۆمان جیا نه‌كرایه‌وه.)).(25) ئه‌م وه‌سفانه وه‌سفی میكانیكی و ده‌سته‌واژه و ده‌ربڕینی ناڕێك و شاشن. ئه‌م وه‌سفانه وه‌سفی شیعریین، به‌ڵام به زمان و ده‌ربڕینێكی خراپ: ڕووداوێكی سیاسی مێژوویی به زمانێكی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی یه‌كجار خراپ وه‌سف ده‌كرێ و تۆمار ده‌كرێ؛ چه‌ند ناقۆڵایه، كه بڵێی ((جه‌نگی عیراق له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌می جیهاندا ده‌ستی پێكرد))! یانیش له شوێنێكی دیكه‌دا دبێژه ((ساڵی 1988 یه‌كێك بوو له ساڵه سه‌خته‌كان. له‌و ساڵه‌دا سه‌دام حوسه‌ین بڕیاری دا تۆڵه له هه‌موو ئه‌و كوردانه بكاته‌وه كه له جه‌نگی ئێران‌دا به‌شداریان نه‌كرد…)).(26) گێڕه‌ره‌وه به زمانێكی وه‌ها ده‌دوێ، وه‌ك بڵێی به خۆی كورد نه‌بێ، كاتێك كه ده‌ڵێ: ((… تۆڵه له هه‌موو ئه‌و كوردانه بكاته‌وه كه له…)). ده‌سته‌واژه‌ی ((هه‌موو ئه‌و كوردانه)) به عاده‌ت كه‌سێكی (حیكایه‌تبێژێكی) ناكورد به‌كاری ده‌هێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ناساندنی خه‌ڵكی كورد و نه‌ته‌وه‌ی كورد بكا. ئه‌م گوتاره گوتاری ئه‌وی دیكه‌یه بۆ شوناسی ئێمه‌ی كورد. هاوڵاتییه‌كی كورد به خه‌ڵكی خۆی و به نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ناڵێ: ((ئه‌و كوردانه)). پاشان كوا جه‌نگی عیراق له‌گه‌ڵ هه‌موو ((سه‌رجه‌می)) جیهاندا بوو؟ به‌ڵكو به ناوی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وڵاتی جیهاندا بوو. ڕاستیش نییه بگوترێ ((له جه‌نگی ئێران‌دا))، به‌ڵكو ده‌بێ بگوترێ (له جه‌نگی عیراق و ئێران‌دا، یان له جه‌نگی عیراق-ئێران‌دا، یان له جه‌نگی عیراق له‌گه‌ڵ ئێران‌دا…). پرۆسه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ش هه‌موومان ده‌زانین، پرۆسه‌ی قێزه‌ونی به ناوبانگی ئه‌نفال و كیمیا باران و ڕه‌شبگیریه‌كان بوو، له‌م حاڵه‌ته‌شدا وا باش بوو به ڕاشكاوی ئاماژه‌یان پێ بدرێ. ئێمه ئه‌مڕۆ هه‌مووشمان ئه‌وه ده‌زانین، كه ئه‌م سه‌رده‌مه سه‌رده‌می كلاسیك نییه، سه‌رده‌می دیستۆڤسكی و تۆلستۆی و به‌لزاك… نییه، تا گێڕانه‌وه و تۆماركردنی هه‌موو ڕووداوێكی سیاسی گرنگ بن و نرخی خه‌به‌ریی و مه‌عریفی و مێژوویی خۆیان له ده‌ست نه‌ده‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌م نرخه ده‌پارێزێ و ڕایده‌گه‌یه‌نێ، ئامرازه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای باڵای ڕاگه‌یاندن و زانیارییه‌كانه: ڕۆژنامه و سه‌ته‌لایت و ئه‌نته‌رنێت ئه‌مڕۆ به باشی هه‌موو شتێكمان پێ ده‌ڵێن و له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا زۆر به خێرایی هه‌موو هه‌واڵێكمان پێده‌به‌خشن، بۆیه گێڕانه‌وه‌ی هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان وه‌ك ئه‌وان و به زمانی ئه‌وان (دوور له گوتاری ئه‌ده‌بی داهێنه‌رانه)، له نرخی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و ڕۆمان كه‌م ده‌كاته‌وه. من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم، ده‌كرا به‌ختیار مێژووی ڕووداوه سیاسییه‌كان ته‌نیا بۆ به‌روار و مێژوو و بۆ پرۆسه‌ی په‌ره‌ستاندنی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ی ناو ڕۆمانه‌كه باس بكا، نه‌ك وه‌سفێكی ئیختیزالیی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌م مێژوو و ڕووداوانه‌مان پێ ببه‌خشێ؛ ئه‌و وه‌سفه‌ی (زمانه‌ی)، كه زیانێكی زۆر به ئاستی ته‌كنیكی نووسینی ڕۆمان ده‌گه‌یه‌نێ. ڕه‌نگه زمانی وه‌ها،پتر بۆ زمانی گوتاری ڕامیاری و زمانی لێكۆڵینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆگی و سایكۆلۆگی بشێ؛ له‌م حاڵه‌ته‌شدا زمان ده‌بێ له ئاستێكی عه‌قڵانی باڵاتردا، وه‌سفی دیارده و شته‌كان بكا و شیته‌ڵیان بكا. دیسان جارێكی دیكه‌ش هه‌ر له ڕوانگه‌ی هه‌ڵه‌ی زمانه‌وه‌یه، كه نووسه‌ری رۆمانی (كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان)، جیاوازی له نێوان واتای جیاوازی هه‌ر دوو وشه‌ی (پێكڕا) و (هه‌موو)، كه ده‌كه‌نه هه‌ر دوو وشه‌ی (معأ) و (كل) ی عه‌ره‌بی ناكا (وه‌ك ده‌بینین، هه‌ڵه‌كه لێره هه‌ڵه‌یه‌كه له ڕووی واتاشه‌وه، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا هه‌ڵه‌ی ڕێزمانیی بێ)؛ هه‌ر بۆیه زۆر جار به هه‌ڵه وشه‌ی (پێكڕا) له بری وشه‌ی (هه‌موو) به‌كار ده‌هێنێ (نووسه‌ر بیست و پێنج جار به هه‌ڵه ئه‌م وشه‌یه له شوێنی نه‌شیاوی خۆیدا به‌كار ده‌هێنێ)، به نموونه له دوو شوێندا ده‌ڵێ: ((ئه‌و وێنانه‌ی دواتر سه‌وسه‌ن فیكره‌ت له یاده‌وه‌ری خۆیدا بۆ نزاری هه‌ڵگرتووه، پێكڕا نیگاری كوڕێكی چاوشین و قژزه‌ردن…))،(27) یان ((فیكره‌ت گوڵدانچی نه‌خۆشی كچه‌كه‌ی وه‌ك جۆره مانگرتنێك دژ به دونیا وه‌رگرت،بۆنی ژیان، بۆنی جه‌نگ، بۆنی مردن، پێكڕا ئاره‌زوویه‌كی ئه‌وتۆیان تیا دروست نه‌كرد…)).(28) له ڕۆمانی جه‌مشید خان- یشدا هه‌مان هه‌ڵه دووباره ده‌كاته‌وه، به نموونه له شوێنێكدا ده‌ڵێ: ((چونكه ئه‌و هه‌موو ساڵه پێكڕا باوه‌ڕیان به‌و چیرۆكه‌ی من كردبوو، كه جه‌مشید له ده‌ریادا خنكاوه)).(29) بۆ سه‌لماندنی جیاوازی و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م دوو وشه‌یه‌ش له یه‌كدی، ئێمه زۆر جار له زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانه‌ماندا، بۆ سیاقی پێویست هه‌ر دووك وشه‌كه له ڕسته‌دا وه‌ك ده‌سته‌واژه‌یه‌ك پێكه‌وه به‌كار ده‌هێنین و به‌نموونه دبێژین: ((هه‌موومان پێكڕا{پێكه‌وه}…، ئه‌م هه‌می پێكڤه…))، واته به عه‌ره‌بییه‌كه‌ی: ((كلنا معأ…))، كه‌چی وه‌ك ده‌بینین به‌ختیار زۆر جار به هه‌ڵه وشه‌ی (پێكڕا) له شوێنی وشه‌ی (هه‌موو) به‌كار ده‌هێنێ؛ بێجگه له‌وه‌ی، كه هه‌ندێ جار ئه‌و – وه‌ك پێشتریش گوتمان – زمانێكی میكانیكی و ئیختیزالیی بۆ وه‌سفكردنی دیارده و ڕووداوه‌كان به‌كار ده‌هێنێ؛ به‌نموونه با بڕوانینه ئه‌م دیمه‌نه: ((كه سه‌دام حوسه‌ین هاته سه‌ركار و بۆ یه‌كه‌م جار وه‌ك دیكتاتۆرێك له بالكۆنێكی به‌رزه‌وه سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی دونیایه‌كی نوێی ڕاگه‌یاند، فیكره‌ت گوڵدانچی له‌ناو حه‌شاماته شێته‌كه‌دا سه‌رسامانه وه‌ستا بوو و سه‌یری ده‌كرد)).(30) وه‌سفكردنی سه‌ره‌تای ڕاگه‌یاندنی ئه‌م دونیا نوێیه، هه‌روه‌ك شێوازی ده‌ربڕینه‌كه‌ی، میكانیكانه و ئیختیزالی و نامه‌عقووله. چۆن له به‌له‌كۆنێكه‌وه ((دونیایه‌كی نوێ)) ڕاده‌گه‌یه‌نرێت؟ (ئایا ئه‌م دیكتاتۆره له به‌له‌كۆنێكه‌وه شیعر بۆ خه‌ڵك ده‌خوێنێته‌وه؟). پاشان دیكتاتۆر چۆن ده‌توانێ ((دونیایه‌كی نوێ)) ڕابگه‌یه‌نێ؟ چه‌مكی ((دونیای نوێ)) چه‌مكێكی نه‌رێنییه، چه‌مكێكی مزگێنی به‌خشه، چۆن دیكتاتۆره‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نن؟ ده‌بێ شۆڕشگێڕه ئازادیخوازه‌كان ڕایبگه‌یه‌نن! لێره (به بڕوای ئێمه) ده‌بوایه له جیاتی چه‌مكی ((دونیایه‌كی نوێ)) بگوترابایه ( قۆناغێكی تازه، یان سه‌رده‌مێكی نوێ له ترس و تاریكی…). ئه‌م جۆره ده‌ربڕینانه‌ی كه نووسه‌ر به‌كاریان ده‌هێنێ، پتر له ده‌ربڕینی ئه‌بستراكتی شیعرییه‌وه نزیكن، نه‌ك له پرۆسه‌ی وه‌سفكردن و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوی كۆنكریتی به‌رجه‌سته، كه باسی مێژوویه‌كی گرنگی دیاریكراو ده‌كه‌ن. ئه‌و وه‌سفه‌ی، كه ڕۆماننووس بۆ ((دونیایه‌كی نوێی)) ده‌كات، وه‌سفێكی ئیختیزالییه بۆ مێژوو و ڕووداوێكی گرنگ. ئێمه نازانین ئه‌م بالكۆنه كوێیه و مێژووه‌كه‌ی كه‌یه و گوتاره‌كه چی بوو و سه‌ددام چی گوت و چی كرد؟…(دیاره ئه‌م وه‌سفه وه‌سفی دیتنی ساتێكی مێژوویی سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه، كه نووسه‌ر بۆ ناو ده‌قی نووسین ده‌یگۆزێته‌وه)؛ باشه ئه‌و په‌رجووه چی بوو، كه وای له سه‌ددام كرد سه‌ره‌تای خوڵقاندنی (گۆڕانی!) {دونیایه‌كی نوێ} ڕایگه‌یه‌نێ؟ سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌ندێك جار زمانی وه‌سفی (ده‌ربڕینی) به‌ختیار بۆ دیارده و شته‌كان زۆر ورد نییه؛ به نموونه با بزانین ئه‌و چ ده‌ڵێ: ((…له شارێكی ده‌ریا ئاسای وه‌ك به‌غدادا…)).(31) كه‌ی له ساڵانی حه‌فتادا به‌غدا شارێكی وه‌ك ده‌ریا بووه؟ ده‌توانم بڵێم چه‌مكی ده‌ریا وه‌ك مه‌جاز (وێك چوواندن) بۆ شارێكی زۆر گه‌وره‌ش شیاو نییه، چ جای به‌غدای كۆتایی ساڵانی حه‌فتا! ئه‌دی ده‌بوایه ئه‌و به چ زمانێك و به چ خوازه‌یه‌ك، وه‌سفی شاره مه‌زنه‌كانی وه‌ك نیۆیۆرك و بیجین و نیوده‌لهی و… بكردبایه؟ ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ندێك جار وه‌سفی (شێوازی) شیعریانه بۆ ڕۆمان (به شێوه‌یه‌كی ناجۆر)، له نرخی گوتاری گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ژانره ئه‌ده‌بییه داده‌به‌زێنێ. له‌م حاڵه‌ته‌شدا ئێمه ڕوو به ڕووی زمانێكی بێ مانای ئه‌بستراكت ده‌بینه‌وه؛ ئێمه پێمان وایه زۆر جوانتر و دروستتر و بێ ته‌كلیفتر ده‌بوو، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر به زمانێكی زۆر ساده‌ی ئاسایی – بۆنموونه – بیگوتبایه (( له شارێكی گه‌وره و قه‌ره‌باڵغی وه‌ك به‌غدا..)) ؛ پێشمان وایه ڕۆمان هه‌ندێك جار زمانی (ئاخفتنی) ئاسایی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك به‌كار بهێنێ، له زمانێكی دروستكراوی ئه‌بستراكتی میكانیكی باشتره. له‌لایه‌كی دیكه‌وه جوانترین شتی ئه‌م ڕۆمانه و ڕۆمانه‌كانی تری به‌ختیار (له ڕووی فیكر و ناوه‌رۆكه‌وه)، وه‌ك سه‌رله‌به‌ری گوتار و نووسینه‌كانی دیكه‌شی، ته‌رحكردنی بیرۆكه‌ی واقیعی و فانتازیی یه‌كجار جوانه؛ ئه‌و بیرۆكانه‌ی، كه له ڕامان و تێڕوانینی قووڵ به‌ده‌ر نین. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش وا ده‌كا سیحر به نووسینه‌كانی به‌ختیار ببه‌خشێ و خوێنه‌ر عیشقی خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌كانی بكا. دیاره ئه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ندێك (وه‌ك پێشتریش باسمان كرد) گرفتی ڕێزمانه‌كی و زمانه‌كی كه‌م نه‌بن – به تایبه‌تی له ڕۆماندا – زمانێكی شاعیرانه‌ی پڕ له ((ته‌شویق)) و پڕ له چێژی هه‌یه؛ ئه‌مه‌ش وا ده‌كا، كه خوێنه‌ر تا كۆتایی هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی ئه‌و نه‌بێ (ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا نیشانه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی نووسینیشه). گرنگترین شت ئه‌وه‌یه، كه به‌ختیار له پرۆسه‌ی نووسیندا، په‌یامێكی پیرۆزی هه‌ڵگرتووه و ده‌یه‌وێ به هۆشیارییه‌وه به خوێنه‌ری ڕابگه‌یه‌نێ (هه‌ر بۆیه‌شه ئه‌و ئه‌مڕۆ نووسه‌رێكه زۆرترین خوێنه‌ری له مه‌یدانی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا هه‌یه). پێده‌چێ له لای ئه‌م نووسه‌ره‌دا په‌یامی نووسین، له‌پاڵ به‌ها ئیستێتیكی و داهێنانییه‌كه‌دا،به‌هایه‌كی مرۆیی یه‌كجار مه‌زنیشی هه‌بێ؛ بێگومان هه‌ر ئه‌مه‌ش نرخ به داهێنان ده‌به‌خشێ (له‌مه‌شه‌وه ئه‌مڕۆ به‌ختیار نووسه‌رێكی مرۆیی دیار و به‌رچاوی ئێمه‌یه). هه‌ر له‌م سیاقه‌شدا ده‌كرێ بڵێین، جوانترین و به چێژترین دیمه‌ن له ڕۆمانی ((كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان)) دا، ئه‌و دیمه‌نه ته‌نزئامێز و توانج ئامێزانه‌ن، كه باسی بنه‌ماڵه‌ی ئاموونییه‌كان و به تایبه‌تیش قه‌له‌نده‌ر ئاموون ده‌كه‌ن. با له‌م دیمه‌نه بڕوانین: {ئه‌و شه‌وه یه‌كه‌م شه‌وی ده‌ستپێكردنی پێكدادانی ڕاسته‌قینه بوو له نێوان خێزان و هه‌وادارانی داواكاره جیاوازه‌كاندا، له‌و شه‌وه‌دا قه‌له‌نده‌ر ئاموون به كلكه ده‌مانچه سه‌ری مسته‌فا هه‌ژاری شاعیری شكاند. ڕووداوه‌كه وه‌ها بوو، له كاتێكدا مسته‌فا هه‌ژار و سه‌عید بیمار كه ئه‌ویش شاعیر بوو له ئاهه‌نگی ماڵاوایی مه‌نسور به سه‌رخۆشی هاتنه ده‌ره‌وه، به‌و شه‌وه دره‌نگه له‌سه‌ر جاده‌كه قه‌له‌نده‌ر ئاموونیان بینی كه له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ی پاقله فرۆشێك پاقله‌ی ده‌كڕی. قه‌له‌نده‌ر به درێژایی ژیانی له ته‌مه‌نی چوارده ساڵییه‌وه ڕۆژێك نه‌بووه ده‌مانچه‌ی هه‌ڵنه‌گرتبێت. مسته‌فا هه‌ژار كه یه‌كێكه له هه‌ره به‌دمه‌سته‌كان، بینینی قه‌له‌نده‌ر ئاموون به فرسه‌ت ده‌زانێت وپێی ده‌ڵێت ((هێی قوولوونده‌ر، واتان ده‌زانی ده‌توانن سه‌وسه‌ن گوڵدانچیش به پاره‌كانتان بكڕن… ئه‌مجاره وا ده‌رنه‌چوو… ها من دڵنیام كوڕه‌كه‌تان مریشكی مه‌كینه‌شی بۆ ناگیرێت… تێده‌گه‌یت، ها كه‌چه‌ڵی لووت بڵ، سوێند ده‌خۆم كوڕه‌كه‌تان ناتوانێت قه‌تێیه‌كی نه‌خۆشیش ڕاو بكات)) … كاتێك قه‌له‌نده‌ر وه‌ڵامی یه‌كه‌م ڕیزه توانج و جنێوی مسته‌فا هه‌ژاری نه‌دایه‌وه، ئه‌وه وای كرد مسته‌فا زیاده‌ڕه‌وی بكات، دوای كۆمه‌ڵێك توانجی زۆر، به ده‌نگێكی به‌رز كه زۆر كه‌س گوێیان لێ بوو گوتی ((گوێ بگره قوولوونده‌ر، هیچ ئاموونییه‌ك نییه به خۆشه‌ویستی ژنی هێنا بێت…ئێوه قه‌بیله‌یه‌كی كێوین كه تا ئێستا سڵ ناكه‌نه‌وه له ژن فڕاندن و ژن داگیركردن. له هه‌موو قه‌بیله‌كه‌تاندا پیاوێكی تێدا نییه ژنێك عاشقی بوو بێت… من باوه‌ڕ ناكه‌م ژنه‌كه‌ی تۆ تۆزقاڵێك حورمه‌تی بۆت هه‌بێت، سوێند ده‌خۆم به خوای عه‌شق… كه ژنه‌كه‌ت له دڵه‌وه وه‌ك سه‌گ سه‌یرت ده‌كات… وه‌ك گه‌ماڵێكی سه‌رشۆڕ و زل)). هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه بریندار كردنێكی گه‌وره بوو كه نه‌وه‌ك قه‌له‌نده‌ر، هیچ مرۆڤێكی ئاساییش قه‌بووڵی نه‌ده‌كرد. ئه‌وانه‌ی له كاتی شه‌ڕه‌كه‌دا له‌وێ بوون ده‌ڵێن قه‌له‌نده‌ر ئاموون به هێمنی لووله‌ی پاقله‌كه‌ی فڕێ ده‌دات و ده‌ستی ده‌سڕێت و بێ ئه‌وه‌ی هیچ قسه بكات یاخود خۆی وا نیشان بدات كه نیازی شه‌ڕێتی، بێ دوو دڵی و بیر كردنه‌وه به هه‌مووی توانای خۆی ده‌كێشێت به ده‌م و چاوی مسته‌فا هه‌ژاردا كه یه‌كسه‌ر له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه لوول ده‌بێت… هه‌موو باس له‌وه ده‌كه‌ن كه قه‌له‌نده‌ر به ئاشكرا ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێت و ده‌یخاته سه‌ر سه‌ری مسته‌فا هه‌ژار كه به گریانه‌وه ده‌ڵێت ((ئاموونی قوونده‌ر، خوای عه‌شق عه‌فووت ناكات… خوای عه‌شق عه‌فووت ناكات)). بۆ ئێستێك هه‌موو وا ده‌زانن كه قه‌له‌نده‌ر خه‌ریكه فیشه‌كێك بنێت به سه‌ری مسته‌فا هه‌ژاره‌وه، به‌ڵام دوا جار ڕای خۆی ده‌گۆڕێت و به كلكه ده‌مانچه ده‌كه‌وێته سه‌ر و چاوی…}.(32) به بڕوای ئێمه ئه‌م ڕۆمانه له‌م چه‌شنه شێوازی گێڕانه‌وه و وه‌سفانه‌یدا، یه‌كجار سه‌ركه‌وتووه. به زمانێكی شیرینی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی باڵا، ڕه‌خنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كا و وێنه‌ی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تییه‌كانمان بۆ ده‌گرێ. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو به زمانێكی كۆمیدیش واقیعێكی تراژیدییمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه (ده‌شێ ڕۆمانی باش له هه‌ندێك ساتدا، یان به پێكه‌نینمان بێنێ، یانیش بمانگریێنێ)،كه‌واته له‌م دیمه‌نه‌دا دوو گوتار هه‌یه: گوتاری كۆمیدیا و گوتاری تراژیدیا، ئه‌مه‌ش (ئه‌م ته‌ناقووزه‌ش له گوتاری گێڕانه‌وه‌دا) سیحرێكی زۆری به‌م بڕگانه‌ی ئه‌م ڕۆمانه به‌خشیوه. ده‌شێ بڵێین، له سه‌رتاسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌شدا ئه‌م گوتاره زاڵه: گوتاری به‌رجه‌سته‌كردنی ته‌ناقووزی نێوان كۆمیدیا و تراژیدیا، یان به شێوه‌یه‌كی دیكه بڵێین،گوتاری پارادۆكس (ناودژ) له نێوان واقیعی تراژیدیا و زمان و شێوازی كۆمیدیادا. به‌هه‌رحاڵ، ئێمه له دوا وێستگه‌ی نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ماندا ده‌مانه‌وێ بڵێین، كه كێشه‌ی مێژووی نووسینی به‌ختیار، كێشه‌ی بابه‌ت (تیمه) نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی زمانه؛ به دیاریكراویش كێشه‌ی مامه‌ڵه كردنه له‌گه‌ڵ ڕێزماندا. زمان له لای به‌ختیار ته‌نیا بریتییه له چه‌مكی ده‌ربڕین. ئه‌وه‌ته ئه‌و زۆر به شێوه‌یه‌كی سه‌رپێیی له گوتارێكی گۆشه‌كه‌ی خۆی له ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا به ناوی (زمان زانین) دبێژه: (( مه‌سه‌له‌ی زمان گرێدراوی كێشه‌یه‌كی قووڵتره كه كێشه‌ی ته‌عبیره. هیچ كات مه‌سه‌له‌ی زمان له مه‌سه‌له‌ی ته‌عبیر جیا نابێته‌وه، هه‌ر وه‌خت زمان له‌وه كه‌وت ته‌عبیر بێت له شتێك، له‌وه ده‌كه‌وێت زمان بێت. بۆیه له جه‌وهه‌ردا هه‌ر كاتێك بپرسن زمان چییه، ده‌بێت بپرسین ته‌عبیر چییه؟…لێره‌وه كێشه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی زمان به پله‌ی یه‌كه‌م نه یه‌كخستنی ڕێنووسه، به‌ڵكو به‌هێز كردن و گه‌وره كردنی كایه‌كان و تواناكانی ته‌عبیره، به درێژایی سه‌ده‌ی ڕابردوو تا ئه‌مڕۆش ڕۆشنبیرانی كورد بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له گرفتی سه‌ره‌كی زمان بدزنه‌وه، كه گرفتی توانا ته‌عبیرییه‌كانێتی، به‌ره‌و گرفتی بچووكتر ڕایان كردووه، وه‌ك گرفتی خاڵبه‌ندی و ڕێنووس و مۆنۆلۆگی، له كاتێكدا ئه‌و كێشه ڕوواڵه‌تییانه {له گوتاره‌كه‌دا نووسراوه ره‌واڵه‌تییانه}، به به‌رده‌م كێشه‌ی زمانێكدا كه به‌ده‌ست لاوازیییه‌كی قووڵه‌وه له ئه‌زموونكردنی تواناكانی خۆیدا ده‌ناڵێنێت، هیچ نین جگه له كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی بچووك…)).(33) ئه‌م بۆچوونه بۆچوونێكی گشتی ئه‌بستراكتی ته‌م و مژاوییه. ئایا ده‌ربڕین له زماندا، له پاڵ ناوه‌رۆكێكی فكرییدا، دیارده‌یه‌كی ڕێزمانییش نییه؟ ئه‌و پێمان ناڵێ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ته‌عبیر (ده‌ربڕین) چین؟ ئایا ده‌ربڕین حاڵه‌تێكی فكرییه، یان دیارده‌یه‌كی زمانییه؟ یانیش هه‌ردووكیانه؟ هه‌ڵبه‌ت ده‌ربڕین هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه ده‌گرێته‌وه؛ ده‌ربڕین شته (ناوه‌رۆكه) له چوارچێوه‌ی فۆرمی زماندا. ده‌ربڕین بیره له چوارچێوه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زماندا. ده‌ربڕین ناتوانێ (هه‌ر چه‌نده مانا و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی به هێز و قووڵ بێ) كاریگه‌ر بێ، ئه‌گه‌ر به زمانێكی ڕاست و دروست – له ڕووی بنه‌ماكانی ڕێزمانه‌وه – ده‌رنه‌بڕدرێ و نه‌نووسرێ. لێره‌شه‌وه به‌ختیار وه‌ك زۆربه‌ی نووسه‌رانی دیكه‌ی كورد، بایه‌خ به بواری خاڵبه‌ندیی نادا. دیاره خاڵبه‌ندیی پره‌نسیپێكی حاڵه‌تی ده‌ربڕینی هه‌موو زمانێكه؛ ڕه‌گه‌زێكی گرنگه له زمانی نووسینی هه‌موو زمانێكدا (هه‌موو زمانێك كه بنووسرێ، ده‌بێ نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندیی به‌كار بهێنێ). خاڵبه‌ندیی به‌های ئیستێتیكا و تێگه‌یشتن به زمانی ده‌ربڕینی هه‌موو ده‌قێك ده‌به‌خشێ. ئێمه له ڕێی خاڵبه‌ندییه‌وه هه‌م پتر تام له نووسین (ده‌ق) ده‌كه‌ین، هه‌م پتریش لێی تێده‌گه‌ین. له ڕاستیدا خاڵبه‌ندیی پاژێكه (پره‌نسیپێكه) له پیشه‌ی هونه‌ری نووسین. باشه ئێمه له خۆمان ده‌پرسین: چۆن به‌شه‌كانی ده‌ربڕینی زمان بناسینه‌وه، ئه‌گه‌ر نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندیی نه‌بن؟ چۆن جۆره‌كانی ڕسته و مانای ڕسته و مانا و مه‌به‌ستی ده‌ربڕین و ده‌سته‌واژه‌كان بناسینه‌وه، ئه‌گه‌ر سنووره‌كانی نیشانه خاڵبه‌ندییه‌كان نه‌بن؟ له‌مه‌وه ئه‌ركی خاڵبه‌ندیی له زمانی نووسیندا یه‌كجار پێویست و گرنگه. لێره‌شدا نووسه‌ری كورد ده‌بێ بایه‌خ به‌م بواره بدا، به‌ڵام به داخه‌وه، ده‌شێ زمانی نووسینی كوردی تاكه زمانێك بێ، كه تا ئێستا بایه‌خ به‌م بواره نادا؛ ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش هۆیه‌كه‌ی ئه‌وه بێ، كه زمانی ستاندارمان نییه؛ یان له نێوان ڕێنووسی عه‌ره‌بی و لاتینیدا كێشه‌ی ڕێنووسمان هه‌یه؛ یانیش ئه‌وه‌یه، كه زمانی نووسین له‌لای نووسه‌رانی كورد نه‌بووه‌ته به‌شێك له پرۆسه‌ی بنیاد نانی دام و ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتی مه‌عریفه؛ زمانیش وه‌ك ده‌زانین (به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه)، گرنگترین ده‌زگای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه، كه‌واته داهێنانی ئه‌ده‌بی یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی زمان (پره‌نسیپه‌كانی ڕێزمان) تێك نادا، به‌ڵام پێشێلیان ده‌كا. داهێنان ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایانه‌ش تێك بدا، به‌ڵام تێكدانێك نییه له پێناو وێرانكردن و ناشیرینكردندا. داهێنان هه‌رگیز جوانی زمان (خۆشی زمان) تێك نادا، به‌ڵكو پێوه‌ندییه‌كی نوێ به ڕه‌گه‌زه‌كانی زمان ده‌به‌خشێ. به كورتی،پرۆسه‌ی داهێنان، حاڵه‌تی داهێنانیش به زمان ده‌به‌خشێ. به‌نموونه ده‌ڵێین، ئێمه له ڕووی لۆژیكی ڕێزمانه‌وه نابێ له بری ڕسته‌ی ((ئێمه هه‌ڵده‌ستین و ده‌ڕۆین))، ڕسته‌ی ((ئێمه ده‌ڕۆین و هه‌ڵده‌ستین)) به‌كار بهێنین،(34) چونكه كاری (ڕۆیشتن) به خۆی كاری (هه‌ڵستان) ی تێدایه. واته (هه‌ڵستان) به‌ركاری كاری (ڕۆیشتن) ـه. له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ئێمه ده‌كرێ ڕسته‌كه به‌م شێوه‌یه به‌كار بهێنین و بڵێین ((ئێمه ده‌ڕۆین و هه‌ڵده‌ستین))، به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌دا ناهاوسه‌نگی و نامه‌عقوولییه‌ك له واتا و ده‌لاله‌تی ڕسته‌كه‌دا به‌دی ده‌كرێ، ئه‌مه جۆرێك له شاشی و ناڕێكیشی له ده‌ستووری ڕێزمانی تێدایه، چونكه ئێمه ناتوانین به‌رله‌وه‌ی هه‌ڵبستین (هه‌ڵبستینه سه‌ر پێ)، بڕۆین؛ ته‌نیا ئه‌گه‌ر په‌ككه‌وته و ساوا بین، له‌م حاڵه‌ته‌شدا ئێمه ده‌ڵێین ((گاگۆڵه ده‌كه‌ین)). به كورتی له‌م ڕسته‌یه‌دا ده‌كرێ كاری (ڕۆیشتن) به‌ركاری كاری (هه‌ڵستان) بێ، به‌ڵام ناگونجێ كاری (هه‌ڵستان) به‌ركاری كاری (ڕۆیشتن) بێ، به‌ڵكو له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێ (ڕۆیشتن) و (هه‌ڵستان) وه‌ك دوو كاری سه‌ربه‌خۆ له ڕسته‌كه‌دا بێن؛ واته ئێمه به خێرایی له زمانمان ده‌ربچێ و بڵێین – كه زۆر جار له ساتی بڕیاردانی ڕۆیشتن و خواحافیزیدا به‌سه‌ر زارماندا دێ – ((ئێمه ده‌ڕۆین، هه‌ڵده‌ستین)). له‌م ڕسته‌یه‌دا تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین، كه ناوبڕێك (كۆما) له نێوان هه‌ردوو وشه‌ی (ده‌ڕۆین) و (هه‌ڵده‌ستین) هه‌یه. واته ئێمه له یه‌ك وه‌ختدا دوو كاری سه‌ربه‌خۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ین: هه‌م ده‌ڕۆین، هه‌م هه‌ڵیشده‌ستین. لێره وه‌ك ده‌بینین ئه‌م دوو كاره ده‌بنه دوو كاری پێكه‌وه گرێدراوی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام ئێمه ئه‌گه‌ر پێكه‌وه و ڕاسته‌وخۆ، وه‌ك كار و به‌ركار ڕسته‌كه به‌كار بهێنین و بڵێین ((ئێمه ده‌ڕۆین و هه‌ڵده‌ستین))، وه‌ك ئه‌وه وایه بڵێین، ئێمه به‌رله‌وه‌ی هه‌ڵبستین ده‌ڕۆین، له‌م حاڵه‌ته‌شدا هیچ پێویستی و پاساوێك بۆ كاری (هه‌ڵستان) نامێنێ و كاری ڕۆیشتنه‌كه‌ش مه‌حاڵ ده‌بێ. (تۆ بڵێی ئه‌مه بچێته خانه‌ی چه‌مكی پاشماوه‌كه‌ی ((المتبقی)) لۆسێركل ؟ پێناچێ، چونكه چه‌مكی پاشماوه ((المتبقی)) دژ به سیستمی زمان نییه، به‌ڵكو پاژێكی پێكهێنه‌ری ئه‌م سیستمه‌یه). به‌هه‌ر حاڵ، هه‌ڵه‌ی ڕێزمانیی وه‌ها له به‌ها و نرخی فیكری و ئیستێتیكی هه‌موو ده‌قێك كه‌م ده‌كاته‌وه؛ به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌قه ده‌قێكی ئه‌ده‌بی بێ (ڕاسته زمان له چوارچێوه‌ی داهێناندا ئازاده، به‌ڵام ناتوانێ پره‌نسیپی داڕشتن – داڕشتن له ڕووی ڕه‌وانبێژی و ڕێزمانه‌وه فه‌رامۆش بكا)، بۆیه له هه‌موو حاڵه‌تێكدا نووسین (ده‌ق) نابێ له نرخی زمان كه‌م بكاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه به‌ختیار پێی وایه زمان ته‌نیا ئامرازه (ده‌ربڕینه)، بۆ هزر و مه‌به‌سته‌كان، نه‌ك خۆی له خۆیدا ئامانج بێ: ئامانجی داهێنانی نووسین. ڕاسته زمان ده‌ربڕین ((له توانا ته‌عبیرییه‌كانی)) هزر و زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و پێشكه‌وتن… ده‌كا، به‌ڵام زمان خۆی له خۆشی‌دا كیانێكه سه‌ربه‌خۆ؛ زمان خۆی له خۆیدا بوونی هه‌یه و زانستی تایبه‌ت به خۆشی هه‌یه (ئه‌ویش پره‌نسیپه‌كانی ڕێزمانه)، كه ده‌بێ نووسه‌ر له نووسینه‌كانیدا ڕه‌چاویان بكا. ده‌ق (نووسین) ی باش ئه‌وه‌یه، كه به زمانێكی باش ( له ڕووی ڕه‌وانبێژی و پره‌نسیپه‌كانی ڕێزمانه‌وه)، په‌یامی فیكرێكی (واتایه‌كی) باشمان پێده‌گه‌یه‌نێ. داهێنان نه له فیكر داده‌بڕێ، نه له زمانیش؛ كه‌واته داهێنان دوو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه: فۆرم و ناوه‌رۆك. زمان هه‌م ده‌توانێ بنه‌مای فۆرم بێ و هه‌م بنه‌مای ناوه‌رۆكیش؛ كه‌واته زمان بنچینه‌ی داهێنانه: داهێنانی زانستی و داهێنانی ئه‌ده‌بی.
به‌ختیار محه‌مه‌د
په‌راوێزه‌كان:
1- به گشتی گوتاری سیاسه‌ت هه‌ژموونی به‌سه‌ر گوتاری هه‌موو كایه‌كانی ژیانی ڕۆشنبیرییماندا هه‌یه، ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌ی قه‌یرانی داهێنانه له ژیانی ڕۆشنبیرییماندا. هه‌ڵبه‌ت ده‌شێ سیاسه‌ت به‌شێك بێ له تێڕوانینی فه‌لسه‌فی نووسه‌ر؛ به‌شێك بێ له بنه‌مای مه‌عریفه‌ی نووسین (ده‌ق)، به‌ڵام كه بووه گوتاری سیاسی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و هه‌واڵی ڕۆژانه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی، ئه‌وسا زیان به پرۆسه‌ی داهێنان ده‌گه‌یه‌نێ. دیاره یه‌كێك له كێشه هه‌ره گه‌وره‌كانی ئایدیۆلۆژیا (ی دۆگما) ش ئه‌وه‌یه، كه ناهێڵێ مرۆڤ واقیع بین بێ؛ ناهێڵی مرۆڤ دیارده و شته‌كانی واقیع وه‌ك خۆی ببینێ، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كاندا، دووچاری خه‌یاڵی نه‌خۆشانه و وه‌همی ده‌كا.
2- ئه‌م حاڵه‌ته له‌گه‌ڵ شیعرییه‌تی گوتاری گێڕانه‌وه جیاوازه: ده‌كرێ ڕۆمان به گوتاری شیعرییه‌ت بنووسرێ، به‌ڵام ناكرێ به زمان و ته‌كنیك و ئامانجی شیعر بنووسرێ؛ كه‌چی ڕۆمانیش له ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا، به مه‌رجه ته‌كنیكییه‌كانی شیعر ده‌نووسرێ. هه‌ڵبه‌ت ئاسۆی مه‌عریفه‌ی شیعر، هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ ئاسۆی مه‌عریفه‌ی كایه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بدا نییه، بۆ‌یش ئێمه لێره مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه، كه له نرخی شیعر كه‌م بكه‌ینه‌وه، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه بڵێین، كه خودیه‌تی (زاتیه‌تی) گوتاری شیعر به‌سه‌ر گوتاری گێڕانه‌وه له ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا زاڵه. واته ده‌سه‌ڵاتی خودیه‌تی به ته‌واوی ڕه‌گه‌زی بابه‌تایه‌تی له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا ده‌خنكێنێ.
3– یۆستاین گارده‌ر،مایا (ڕۆمان)، وه‌رگێڕانی له دانیماركییه‌وه: به‌هرۆز حه‌سه‌ن (ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، چاپی یه‌كه‌م،سلێمانی 2009) ل335.
4– غابریل غارسیا ماركیز، كیف تكتب الروایه؟ و مقالات اخری، ت: صالح علمانی (الاهالی للگباعه و النشر و التوزیع، گ1)،ص28.
5- به‌ختیار عه‌لی، كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان (ڕۆمان)، (چاپخانه‌ی كارۆ، ساڵی 2009)، ل59.
6- هه‌مان ژێده‌ر، ل59، 60.
7- هه‌مان ژێده‌ر، ل250.
8– هه‌مان ژێده‌ر، ل252.
9– هه‌مان ژێده‌ر، ل254.
10 – جاب لینتفلت، مقتچیات النص السردی الادبی، ت: رشید بنجدو، بڕوانه كتێبی (گرائق تحلیل السرد الادبی/ دراسات، الگبعه الاولی، الرباگ 1992)، ل92.
11 – هه‌مان ژێده‌ر،ل 93.
12 – به‌ختیار عه‌لی، كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان (ڕۆمان)، (چاپخانه‌ی كارۆ، ساڵی 2009)، ل288.
13 – به‌ختیار عه‌لی، تا ماته‌می گوڵ – تا خوێنی فریشته (چاپخانه‌ی ڕه‌نج، 2006)، ل150.
14 – به‌ختیار عه‌لی، كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان (چاپخانه‌ی كارۆ، ساڵی 2009)،ل5.
15 – هه‌مان ژێده‌ر، ل210.
16 – هه‌مان ژێده‌ر، ل208.
17– هه‌مان ژێده‌ر، ل217. به‌ختیار – له زۆربه‌ی نووسینه‌كانیدا – ته‌عبیرێكی به‌ناوبانگی یه‌كجار ناڕێك و ناشایسته‌ی هه‌یه، كه له جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێ (هه‌تا هه‌تایێ)، ده‌ڵێ ((تا هه‌تا هه‌تایێ)). دیاره (تا) ی یه‌كه‌م زیاده؛ واته ته‌عبیره‌كه ده‌بێته ((هه‌تا هه‌تا هه‌تایێ))، چونكه (تا) یه‌كه هه‌ر (هه‌تا) یه.
18– هه‌مان ژێده‌ر،ل 49، 50. كێشه‌ی به‌ختیار له‌م بواره‌دا زۆره. بۆ نموونه، ئه‌و نازانێ وشه‌ی (هه‌ره) له شوێنی ڕاستی خۆیدا به كار بهێنێ. چه‌ندین جار ئه‌م وشه‌یه به هه‌ڵه له ڕسته‌دا به‌كار ده‌هێنێ. به‌نموونه له شوێنێكدا ده‌ڵێ: ((ئه‌وه له هه‌ره ڕسته كوشنده‌كانی ئه‌و دوا نیوه‌ڕۆ سه‌یره بوو كه سه‌وسه‌ن تێیدا داواكاره‌كانی خۆی سه‌رسام كرد))، كه‌چی له ڕاستیدا ده‌بێ بڵێ: (ئه‌وه له ڕسته هه‌ره كوشنده‌كانی…). بڕوانه هه‌مان ژێده‌ر،ل 101. به‌ختیار ده‌سته‌واژه‌یه‌كی (ده‌ربڕینێكی) زۆر سه‌یریشی هه‌یه، كه ده‌ڵێ: ((تكات تیا بكه‌م، تكای تیا كرد)) له جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێ: (تكای لێ بكه‌م، تكای لێ كرد). بڕوانه‌وه هه‌مان ژێده‌ر، لاپه‌ڕه‌كانی 126، 291. به‌ختیار وشه و واژه‌شی لێ ده‌بێته ده‌سته‌واژه، ئه‌وه‌ته له گوتارێك به ناونیشانی (جه‌وهه‌ری پۆلیس) له ڕێكه‌وتی (21-2-2012) ی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا دبێژه: ((سه‌ره‌تا ده‌بێت بڵێم كه لێره‌دا وشه‌ی پۆلیس وه‌ك ده‌سته‌واژه‌یه‌كی گشتی و مه‌جازی بۆ كۆی ئه‌و هێزانه به‌كار ده‌هێنم…)). ڕاستییه‌كه‌ی – به بڕوای ئێمه – ده‌بایه بیگوتبایه: (…وشه‌ی پۆلیس وه‌ك چه‌مكێكی گشتی…)، یان (…وشه‌ی پۆلیس وه‌ك واژه‌یه‌كی گشتی…).
19– هه‌مان ژێده‌ر، ل39.
20 – هه‌مان ژێده‌ر، ل128.
21 – هه‌مان ژێده‌ر، ل119.
22 – هه‌مان ژێده‌ر،ل 80.
23 – ئێمه لێره ده‌پرسین: ئایا فانتازیا خه‌یاڵێكی داهێنه‌ره، یان خه‌یاڵێكی تێكده‌ر و ناماقووڵ؟ واته خه‌یاڵێكه بنه‌ماكانی ڕێزمان تێك ده‌دا له پێناو تێكدان و وێرانكردندا، یان پێشێلیان ده‌كا له پێناو دروستكردن و داهێنان و بنیاد ناندا؟ هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ فانتازیا به‌شێك بێ له خه‌یاڵی داهێنان؛ ئه‌م داهێنانه بێگومان به پله‌یه‌كی یه‌كجار زۆر ئاستی كایه‌كانی (ڕه‌گه‌زه‌كانی) زمانیش ده‌گرێته‌وه. واته فانتازیا ده‌توانێ زمانی (شێوازی) نووسین (ده‌ق) جوانتر بكا. لێره‌دایه، كه فانتازیا به‌هایه‌كه له به‌هایه جوانه‌كانی داهێنانی ئه‌ده‌بی؛ چونكه فانتازیا نیشانه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندیی خه‌یاڵی داهێنه‌ره.
24 – به پێچه‌وانه‌وه، هه‌میشه سه‌رسه‌ری و چه‌قۆكێشه‌كان له واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، له به‌رانبه‌ر كچی وه‌ك سه‌وسه‌ندا، شه‌رمن و بێ ده‌سه‌ڵات و بێ ئیراده و به‌سته‌زمانن.
25 – به‌ختیار عه‌لی، كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان (چاپخانه‌ی كارۆ، ساڵی 2009)،ل 149.
26 – هه‌مان ژێده‌ر، ل137.
27 – هه‌مان ژێده‌ر، ل24.
28– هه‌مان ژێده‌ر،ل 29.
29– به‌ختیار عه‌لی، جه‌مشید خانی مامم (چاپخانه‌ی كارۆ، ساڵی 2010)، ل116.
30 – به‌ختیار عه‌لی، كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان (چاپخانه‌ی كارۆ، ساڵی 2009)، ل24.
31 – هه‌مان ژێده‌ر،ل25. ئه‌م مه‌جازه – وێك چوواندنه – پتر بۆ شیعر ده‌شێ، نه‌ك زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمان.
32 – هه‌مان ژێده‌ر، ل119، 110.
33 – بڕوانه (ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه، گوتاری “زمان زانین”، به‌ختیار عه‌لی). به‌ر له به‌ختیار گادامێر گوتوویه‌تی: ((ده‌ق بریتییه له دیارده‌ی ده‌ربڕین))، به‌ڵام ناودژه سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه، كه به‌ختیار هه‌ر به خۆی له‌م گوتاره‌یدا، ده‌سته‌واژه و ده‌ربڕینی بێ هێزی به‌كار هێناوه. واته گوتاره‌كه‌ی به ته‌عبیری به‌هێز و جوان و تۆكمه نه‌نووسیوه؛ گوتارێكه زۆر به خێرایی و سه‌رپێیی نووسراوه. بێگومان، ئه‌گه‌ر به‌ختیار بایه‌خ به پره‌نسیپه‌كانی ڕێزمان بدا، ئه‌وا جوانتر و دروستتر بابه‌ته‌كانی ده‌نووسێ و واژه‌شی لی نابێته ده‌سته‌واژه و گاڵته‌ش به مه‌سه‌له‌ی خاڵبه‌ندیی ناكا. هه‌ڵبه‌ت پرۆسه‌ی نووسین ((دیارده‌ی ده‌ربڕینه))، به‌ڵام ده‌ربڕین له ڕووی ئیستێتیكاشه‌وه، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له ڕووی مانا و ده‌لاله‌ته‌وه؛ واته نووسین ده‌بێ به ده‌ربڕینی ڕێك و تۆكمه و جوان بنووسرێ، ئه‌مه‌ش – پێمان وایه – پره‌نسیپه‌كانی ڕێزمان مسۆگه‌ری ده‌كه‌ن. پێده‌چێ گوته‌كه‌ی گادامێر- یش هه‌ر ئه‌م ڕاستییه بگه‌یه‌نێ، كه دیارده‌ی ده‌ربڕین بریتییه له پێوه‌ندی دیالیكتیكی نێوان هزر و زمان. بۆ گوته‌كه‌ی گادامێر- یش بڕوانه كتێبی: هانز جورج غادامیر، الحقیقه و المنهج،ت: حسن ناڤم، علی حاكم صالح (دار اویا للگبع و النشر، الگبعه الاولی 2007)، ل 452.
34 – ئێمه ده‌شێ له چوارچێوه‌ی ته‌ته‌ڵه‌ی زمان و وڕێنه‌دا ڕسته‌ی وه‌ها به‌كار بهێنین؛ له چوارچێوه‌ی ئه‌و تیۆر و چه‌مكه‌ی، كه لۆسێركل له كتێبی ((توند و تیژی زمان)) دا پێی ده‌ڵێ پاشماوه (المتبقی). هه‌روه‌ها ده‌شێ ئه‌م گه‌مه زمانییه ته‌نیا حه‌قی شیعر بێ، به‌ڵام له شیعریشدا پره‌نسیپه بنچینه‌كانی ڕێزمان ڕه‌چاو ده‌كرێن. خه‌یاڵی داهێنه‌ری شیعر، سنووری یاساكانی ڕێزمان پێشێل ده‌كا له پێناو زمانێكی نوێ‌دا. شیعر وشه تێك نادا و ناشیرینی ناكا، به‌ڵكو زمانێكی نوێمان پێشكه‌ش ده‌كا؛ ئه‌و زمانه‌ی توانای خه‌یاڵمان به‌هێزتر ده‌كا. شیعر هیچ نییه، بێجگه له ئازادی له به‌كار هێنانی زمان. بێگومان ئازادی زمانیش له ئازادی خه‌یاڵی (هزری) داهێنه‌ر دانابڕێ. شیعر خه‌یاڵی نوێ و سنووری تازه: سنووری بێ سنوور به ((گه‌مه‌ی زمان)) ده‌به‌خشێ. ڕاسته شیعر، یاسا ته‌قلیدیه‌كانی ڕێزمان تێك ده‌دا، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی داهێناندا ئه‌م كاره ئه‌نجام ده‌دا، نه‌ك له چوارچێوه‌ی ناشیرینكردنی زماندا.
ژێده‌ره‌كان:
– محمد معتصم، بنیه السرد العربی/ من مسا‌وله الواقع الی سۆال المصیر (الدار العربیه للعلوم ناشرون ش.م. ل، الگبعه الاولی 2010).
– جان جاك لوسركل، عنف اللغه، ت: محمد بدوی (المنڤمه العربیه للترجمه،الگبعه الاولی: بیروت،مایو 2005- الگبعه الپانیه: بیروت، ایلول 2006).
– الیبزاپ دیل، موسوعه المصگلح النقدی: الحبكه، ت: عبدالواحد لۆلۆه (دار لحریه للگباعه – بغداد 1981).
– القصه الروایه المۆلف/ دراسات فی نڤریه الانواع الادبیه، ت: د. خیری دومه (دار شرقیات للنشر و التوزیع 1997).
– رولان بارت، التحلیل النصی، ت: عبدالكبیر الشرقاوی (دار التكوین 2009).
– گرائق تحلیل السرد الادبی / دراسات (منشورات اتحاد كتاب المغرب، الگبعه الاولی: الرباگ 1992).
– هه‌ندێك بابه‌ت و گوتار له باره‌ی ڕۆمانه‌وه له ئه‌نته‌رنێت.
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته به دوو به‌ش له هه‌ردوو ژماره‌ی 79 و 80 ی گۆڤاری هه‌نار بڵاو بووه‌ته‌وه.