
چه‌پكێك گوڵی شین
كه له خه‌و هه‌ستام به ئاره‌قه خوسا بووم. هه‌ڵمێكی گه‌رم له سه‌ر پێیانه‌ڕێ و به‌ردچنی په‌مه‌یی كه تازه ئاوپڕژێن كرابوو هه‌ڵده‌ستا. په‌پووله‌یه‌كی باڵ خۆڵه‌مێشی، گێژ به تیشكی زه‌رد، به ده‌وری چراكه ده‌سووڕایه‌وه. له جێ‌خه‌وه‌كه‌م هاتمه‌خوارێ و به پێخاوسیی چوومه ئه‌و سه‌ری ژووره‌كه‌وه. ده‌ترسام نه‌كا پێ له‌و دووپشكه بنێم كه ره‌نگه بۆ پشوو له حه‌شارگه‌كه‌ی هاتبێته ده‌رێ. به‌ره‌و لای ده‌لاقه بچووكه‌كه چووم و هه‌وای دێم هه‌ڵمژی. ده‌نگی هه‌ناسه‌ی شه‌و ده‌هات. ژنانه و به‌هێز. هاتمه‌وه نێوه‌ڕاستی هۆده‌كه. سوراحی ئاوه‌كه‌م له ته‌شتی ئاسنی كرد و هه‌وله‌كه‌م تێدا خوساند. هه‌وله‌ی ته‌ڕم به سنگ و لاقم داهێنا. كه‌مێك خۆم فێنك كرده‌وه. دوای ئه‌وه‌ی دڵنیا بووم هیچ حه‌شه‌ره‌یه‌ك له نێو جله‌كانم دا خۆی حه‌شار نه‌داوه، له‌به‌رم كردن. به خێرایی له پلیكانه ره‌نگ سه‌وزه‌كه هاتمه‌خوارێ. له به‌ر ده‌ركێ تووشی خاوه‌نی موسافیرخانه‌كه بووم. پیاوێكی تاک چاو و كه‌م دوو. له سه‌ر كورسی حه‌سیری دانیشتبوو و جگه‌ره‌ی ده‌كێشا. چاوی نیوه‌كراوه بوو. به ده‌نگێكی نووساوه‌وه کوتی:
ده‌چی بۆ كوێ؟
ــ ده‌ڕۆم پیاسه بكه‌م. هه‌وا زۆر گه‌رمه.
هه‌موو شوێنێ داخراوه. شه‌قامه‌كانی ئه‌م ده‌وروبه‌ره بێ گڵۆپن. وا باشتره نه‌چی بۆ هیچ كوێ.
شانم هه‌ڵته‌كاند و له‌به‌ر خۆمه‌وه کوتم: زوو ده‌گه‌ڕێمه‌وه.
له تاریكایی‌دا نوقم بووم. سه‌ره‌تا چاوم هیچ شوێنێكی نه‌ده‌دیت. ئه‌نگوسته‌چاو به که‌نار شه‌قامدا ده‌ڕۆیشتم. جگه‌ره‌یه‌كم داگیرساند. له پڕ مانگ له پشت هه‌ورێكی ره‌شه‌وه هاته ده‌رێ و تیشكه‌كه‌ی دیوارێكی سپی لاڕووخاوی ده‌رخست. راوه‌ستام، تیشك چاومی ئازار ده‌دا. فیكه‌ی شنه‌با ده‌هات. هه‌وای دره‌خته‌كانم هه‌ڵده‌مژی. شه‌وی لێوڕێژ له ده‌نگی گه‌ڵا و حه‌شه‌ره‌كان، زمزمه‌ی ده‌كرد. جیك جیكه‌كان له نێو گژوگیادا ده‌نگیان ده‌هات. سه‌رم هه‌ڵێنا. ئه‌ستێره‌كانیش له‌و سه‌ره پشوویان ده‌دا. بیرم كرده‌وه كه دنیا سیستمێكی به‌رینه له نیشانه‌كان. هه‌ڤپه‌یڤینی بوونه‌وه‌ره گه‌وره‌كان، جووڵه‌ی من، ده‌نگی جیك جیكه، جریوه‌ی ئه‌ستێره، هه‌ر هه‌موویان بێجگه‌له تێڕامان و تۆنی ده‌نگه‌ده‌نگ شتێكی دیكه نه‌بوون. من تۆنی كام وشه بووم؟ كێ ئه‌و وشه‌یه ده‌دركێنێ؟ به كێ ده‌کوترێ؟ جگه‌ره‌كه‌م فڕێدایه سه‌ر پێیانه‌ڕێ. كاتێ ده‌كه‌وت كه‌وانێكی گرشه‌داری ده‌كێشاوه و وه‌كوو نێزه‌كیه‌كی بیچكۆلانه پڕیشكه‌ی بچوكی لێ بۆوه.
بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن به هێوری به رێدا ده‌ڕۆیشتم. له په‌نای ئه‌و لێوانه‌ی كه له‌و كاته‌دا منی به خۆشحاڵیه‌وه ده‌دركاند هه‌ستم به رزگار بوون ده‌كرد. شه‌و باخی چاوان بوو. كاتێ په‌ڕیمه‌وه ئه‌وبه‌ری شه‌قام ده‌نگی هاتنه‌ده‌رێی كه‌سێكم له ماڵێكه‌وه بیست. ئاوڕم داوه. به‌ڵام نه‌متوانی شتێك ببینم. هه‌نگاوه‌كانم خێرا كرد. دوای چه‌ند ساتی تر، ده‌نگی نزمی سه‌نده‌لم له سه‌ر به‌ردچنی گه‌رم ده‌هاته گوێ. ئه‌گه‌رچی هه‌ستم به‌وه كرد كه نسێیه‌ك هه‌نگاو به هه‌نگاو لێم نزیك ده‌بێته‌وه. نه‌مویست سه‌یری بكه‌م. ویستم رابكه‌م، نه‌متوانی. له پڕ راوه‌ستام. پێش ئه‌وه‌ی بتوانم ده‌ستبکه‌مه‌وه، هه‌ستم به چه‌قۆیه‌ك كرد له سه‌ر پشتم. ده‌نگێكی خۆش هات:
نه‌جوڵێی به‌ڕێز. ده‌نا لێتده‌ده‌م.
بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ بده‌مه‌وه: چیت ده‌وێ؟
به‌ده‌نگێكی هێدی و تاڕاده‌یه‌ك به‌ژانه‌وه وه‌ڵامی داوه:
چاوت به‌ڕێز.
ــ چاوم؟ چاوی منت بۆ چییه؟ راوه‌سته، من كه‌مێكم پوڵ پێیه، زۆر نییه به‌ڵام شتێك ده‌كا. هه‌موویت پێ ده‌ده‌م، به‌و مه‌رجه‌ی بهێڵی بڕۆم. مه‌م كوژه.
مه‌ترسه به‌ڕێز، ناتكوژم، من ته‌نیا چاوه‌كانتم ده‌وێ.
دیسان پرسیارم كرد: به‌ڵام چاوه‌كانی منت بۆ چییه؟
خۆشه‌ویسته‌كه‌ی من حه‌زی لێیه. حه‌زی له چه‌پكه گوڵێكه له چاوی شین و له‌م ده‌وروبه‌ره چاوشین زۆر به ده‌گمه‌ن ده‌ست ده‌كه‌وێ.
ــ چاوی من به كه‌ڵكی تۆ نایه. چاوی من سه‌وزه‌یه نه‌ك شین.
هه‌وڵ مه‌ده فریوم بده‌ی به‌ڕێز. ده‌زانم كه چاوه‌كانت شینه.
ــ چاوی هاوره‌گه‌زی خۆت ده‌رمه‌هێنه. به جێی ئه‌و شتێكی دیكه‌ت پێده‌ده‌م.
به تووڕه‌ییه‌وه کوتی:
نامه‌وێ چه‌نه‌درێژی بكه‌ی، وه‌رسووڕی بزانم.
وه‌رسووڕام. له پیاوێكی وریا و وردیلانه ده‌چوو. كڵاوه میكزیكیه شه‌پكه پانكه‌ی نیوه‌ی ده‌م و چاوی شاردبۆوه و چه‌قۆیه‌ك به ده‌ستی راستیه‌وه بوو و دمی چه‌قۆكه له ژێر تیشكی مانگ دا تروسكه‌ی ده‌هات.
داده‌ی با سه‌یری ده‌م و چاوت بكه‌م.
شه‌مچه‌یه‌كم هه‌ڵكرد و له ده‌م و چاومم نزیك كرده‌وه. چاوم به گڕه‌كه وێك ده‌هات. به هێزی ده‌ستی چاومی كرده‌وه. نه‌یده‌توانی به باشی ببینێ. له سه‌ر نوكی لاقی راوه‌ستا و به وردی سه‌یری ده‌م و چاومی كرد. گڕی شه‌مچه‌كه قامكه‌كانمی سوتاند. شه‌مچه‌كه‌م فڕێ دا، ماوه‌یه‌ك بێده‌نگی.
ــ ئێستا بڕوات كرد؟ شین نیه.
وه‌ڵامی داوه: زۆر زیره‌كی، وا نیه؟ راوه‌سته شه‌مچه‌یه‌كی دیكه هه‌ڵكه.
هه‌ڵم كرد، له چاوم نزیك كرده‌وه. قۆڵمی راكێشا، به ئه‌مره‌وه کوتی:
چۆك دابده.
چۆكم دادا. به ده‌ستێكی قژی گرتم و سه‌رمی به‌ره‌و دواوه كێشا. به وردی و نیگه‌رانیه‌وه سه‌یری ده‌م و چاومی كرد. چه‌قۆكه‌ی به ئارامی داهێناوه. پێلوی چاومی بریندار كرد. چاوم نوقاند. به ئه‌مره‌وه کوتی:
چاوت مه‌نوقێنه.
چاوم كرده‌وه. گڕی شه‌مچه‌كه برژۆڵه‌كانمی سوتاند. له پڕ ده‌ستی لێ به‌ردام.
زۆر چاكه. شین نیه. بڕۆ بزانم.
پیاوه‌كه بزر بوو. پاڵم به دیواره‌وه دا. به ده‌ست سه‌رمم گرت. خۆم كۆكرده‌وه. به هه‌ستان و كه‌وتنه‌وه هه‌وڵم دا هه‌ستمه سه‌ر پێ. بۆ ماوه‌یه‌ك له‌و شاره چۆڵه‌دا رامكرد. كاتێ گه‌یشتمه گۆڕه‌پانه‌كه خاوه‌نی موسافیرخانه هێشتا له به‌ر ده‌ركه دانیشتبوو. بێ ئه‌وه‌ی شتێك بڵێم چوومه ژوورێ. رۆژی دواتر له‌و شاره رۆیشتم.
ئۆكتاڤیۆ پاز، شاعیر و ره‌خنه‌گری میكزیكی، ساڵی 1914 له میكزیكۆسیتی له دایك بووه. له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا له گه‌ڵ چه‌ند شاعیرێكی گه‌نج گۆڤارێكی بڵاو كرده‌وه و هه‌ر له‌وێدا شیعره‌كانیشی چاپ كردووه. دوو ساڵ دواتر یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه شیعری بڵاو كردۆته‌وه. ئه‌و زیاتر به شیعر و وتاره‌كانیه‌وه ناسراوه. له‌ماوه‌ی نیو سه‌ده كاركردن دا 21 كۆمه‌ڵه شیعری بڵاو كرده‌وه و 25 كتێبیشی هه‌یه: له بواره جۆراوجۆره‌كانی جوانیناسی، سیاسه‌ت، هونه‌ری سورریالیستی، عاده‌تی میكزیكی، جیۆلۆژیی كولتووری و فه‌لسه‌فه‌ی رۆژهه‌ڵات. ئه‌و له ساڵی 1990 دا خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی نۆبێل ی وه‌رگرت. گه‌وهه‌ری تیۆری پاز سه‌باره‌ت به شیعر له قاڵبی ریزێك واتای پارادۆكس دا كورت ده‌بێته‌وه:
ــ شاعیر بۆ دڵی خۆی شیعر ده‌ڵێ، به‌ڵام ده‌بێ له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی ساز بكا.
ــ شیعر سڕێكه كه هیچ كات به ته‌واوی ئافراندنه‌كه‌ی وه‌سف ناكرێ به‌ڵام له هه‌مان حاڵ دا مه‌حاڵه به بێ بیركردنه‌وه له ئافراندنی د‌رك بكرێ.
ــ زمان ئامرازێكی ناته‌واوه به‌ڵام بۆ گه‌یاندنی نه‌کوترانه‌كان حاشای لێناكرێ.
ــ شیعر هه‌وڵێكه كه راسته‌قینه ره‌ت ده‌كاته‌وه یان ده‌یگۆڕێت.
ــ پاز هه‌رچه‌شنه لێكدانه‌وه و راڤه‌ی شیعری هاوچه‌رخ بۆ تێگه‌ییشتن به بێ‌ئاكام ده‌زانێ.
ن / ئۆكتاڤیۆ پاز
له فارسییه‌وه: ئیسماعیل ئیسماعیل زاده
سه‌رچاوه:
WWW.Dibache.com