چاو خشاندنێکی کورت بهسهر رووداوهکانی تا ئێستای ناو کۆمهڵه
بەشی سێیەم و کۆتایی
ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و قۆناغی کۆمەڵەبوون…
لەبەشەکانی پێشووتری باسەکەماندا ئاماژەمان بەگەلێك لەهەڵەکانی هاوڕێ عەبدوڵڵای موهتەدی کرد، بەڵام جێی خۆیەتی بڕێك بگەڕێینەوه بۆ دواوه هەڵسەنگاندنەکەمان لەسەر خودی کۆمەڵه و حیزبی کۆمۆنیست بێ.
حيزبی کۆمۆنیستی ئێران بەهۆی کۆمەڵایەتی نەبوونی هیچ کات نەبوو بە حیزب، ئەگەریش ئەم حیزبە تەنیا و تەنیا لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا ناوی بوو، ئەوحیزبه نەك سەرکەوتوو نەبوو بەڵکوو کۆمەڵەشی وێران کرد، حزبێك لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵە بەناوی حيزبی کۆمۆنیستی ئێران بوونی هەرنەبوو، بەس کۆمەڵە بوو، ئەگەریش ئەم حیزبه ناوی دهبردرا بەس بۆ خۆ شیرینی و بەئەندام کردنی پێشمەر گەکانی بوو. حیزبی کۆمۆنیست ساڵیانێك بوو لەناو چوو بوو کەسی لەگەڵ نەبوو، بەڵام ڕێبەرێك کە وازی نەدەهێنا لەبەرئەوه پێی وابوو، کەدەبێ لەبەرامبەر ڕەوتی ناسراو به “کۆمۆنیزمی کرێکاری”دا هەڵوێستی بێت و خۆی بەکۆمۆنێزم بزانێ، ئەڵبەته نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ، کەئەم حیزبه نابێ لەگەڵ دونیای کۆمۆنیزم لەرووسیه بناسێندرێ، لەبەر ئەوەی کەدونیای کۆمۆنیزم لەرووسیه دونیایەکی سەرمایەداری بوو لەبەرئەوەی بەڕاستی قەت کۆمەڵە و تەنانەت حیزبی کۆمۆنیست باوەری بەکۆمۆنیزمی رووسی نەبووە، بەڵام ئیدۆلۆژی (ئایدۆلۆژی) حیزبی کۆمۆنیست تێکەڵاو بەبیرێکی کڵاسیکی سەردەمی پێشوو بوو، کەدونیای هەر بەسەردەم هەڵدەسەنگاند.
ڕێبەرانی پێشووی حيزبی کۆمۆنیست مەبەست لنینن، ماڕکس و ئێنگێلس، لەسەردەمێکی دیاری کراودا پێناسەیان بۆ دونیا هەبوو ئەگەریش تا ئێستا بۆچوونەکانیان هەر زیندوون بەڵام حيزبی ئێمه قەت نەچووه سەر ئەم ڕێبازه هۆیەکەشی زۆر روون و ئاشکرایه.
یەکەم ئەوەی کەرێبەری ئێمه ڕێبەڕێکی پووخته و ئەکادیمی نەبوو، راسته کۆمەڵه لەبارودۆخێکی تایبەتیدا حیزبی کۆمۆنیستی دروست کرد، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێتەوه، کەزۆر بەداخەوه لەسەردەمێکی دیاری کراو ڕێبەريەکەی لەدەستدا پاشان کۆمەڵه هێشتاکەش لەژێر سێبەری سۆسیاليزمی دێهقانیدا دەیناڵاناد.
خۆێندنەوەکانی بۆ دونیای سەرمایەداری ئاخاوتنێكە لەبیرێکی سوننەتی بوو، کەهیچ خزمەتی بەپێشکەوتنی کۆمەڵگا و حیزبەکەی خۆی نەدەکرد. ڕێبەری ئەم حیزبه نەک باوەڕی بەدیموکراسی نەبوو، بەڵکو دیمۆکراسی بەمانای ڕاستی وشه سانسۆر دەکرد، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هیچ خۆێندنەوەیەکی ئیدئۆلۆژی ( ئایدۆلۆژی) بۆ چینی کرێکار نەبوو، تەشکیلاتی سەهندیش تەنیاو تەنیا بەمەبەستێکی دیاری کراو ڕوویان لەکۆمەڵه کرد، مەبەستەکەش هەمان کەڵك وەرگرتن لەجێگا و شوێنی کۆمەڵه بوو، ئەوان کۆمەڵەیان کرده کەرەستەیەك بۆ ناساندنی خۆیان، ڕێبەری کۆمەڵەش ئەمەی باش دەزانی، بەڵام مەیدانیان پێدان لەبەرئەوەی کۆمەڵه بەدوایی لەدەستدانی هاوڕێ فواد و چەندانی تر لەڕێبەرانی ناسراوی خۆی توانای بەڕێوەبردن و ڕێبەری کردنی کۆمەڵەی لەباری ئیدئۆلۆژیەوە نەبوو، ڕێبەری کۆمەڵه کەسانێکی دڵسۆز و بەڕاستی خەمخۆری خەڵك بوون، بەڵام لەباری سیاسی و ئیدئۆلۆژێەوه تۆانای بەر بەرەکانێیان لەگەڵ رەوتی روداوەکانی ناو کۆمەلگا نەبوو. هەر بۆیه پێویست بوو کەکەسانێك لەدەرەوه بهێندرێن، کەهەم خۆێندەوار بوون هەم لەزانکۆکانی دەرەوه پلەکانی خۆێندنیان بڕی بوو، کۆمەڵه نەیدەویست ئەزموونی شکست خواردووی حیزبی توده و ئەکسەريەت دووپات بکاتەوه بەڵکو پێیوابوو بەهێنان و دروست کردنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەتوانێ جم و جۆڵێکی تایبەتی بەبزوتنەوەی کڕێکاری لەئێراندا بدات و کەئەلحەق لەمبارەوه بەدڵسۆزانه دەیروانێ بۆ ئەم هەنگاوه، بەڵام بەداخەوه هەر وەك لە بەشەکانی ترا ئاماژەم پێکرد بیری بەر تەسکی رێبەری کۆمەڵه بەری بەم هەنگاوه گرت.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ یەکەم جار بەس لەکۆنگرەی (3)ی خۆیدا شاهیدی لایەنگرانێك لەوڵاتی ئێران بوو، کەگوایه لەم کۆنگەرەیەدا (300) نامەی لەلایەن لایەنگرانی خۆی لەشارەکانی دەرەوەی کوردستان بەدەس گەیشتووه، بەڵام بەدوایی ئەم کۆنگەرەیه و هاتنەکایەی باسەکانی تایبەت بەڕەوتی ناسراوی کۆمۆنیزمی کرێکاری، ئەم لایەنگرانەشی نەما و هەر هەتا دەهات ڕووی لەلاوازی دەکرد.
ئێمه حیزبێکمان نەدەبینی بەناوی حیزبی کۆمۆنیست، تەنیا ئەو کاته هەستمان بەبوونی ئەم حیزبه دەکرد کەدەبێ شەش مانگ لە پێشمەرگایەتی تێپەرینین و پاشان داوای ئەندامێتی لەمحیزبه بکەین، دەنا شتێك بەناوی حیزبی کۆمۆنیست هەرنەبوو، ئەگەر درۆ لەگەڵ خۆمان نەکەین، حیزبه کۆمۆنیستی ئێران کاتێك ناسرا کەباڵی “کاک عەبدوڵڵا” بەناوی کۆنفرانسی ساخکردنەوەی کۆمەڵه لێهاتەدەر، ئەو کاته خەڵك و پێشمەرگه هەستیان بەبوونی حێزبێك لەچەشنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کرد. تەشکیلاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەدەرەوەی وڵات بوو تەنیا و تەنیا یەك ئۆرگانی لە کوردستاندا هەبوو، کەئەویش راديۆکە بوو، بەرێوەبەرەکانیشی هه مووی پێشمەرگەی کۆمەڵه بوون و زۆریشیان ئەندامی ئەم حیزبه نەبوون، لەدەرەوەش ئەم حیزبه هەر ناوی نەبووو هەم رێبەرانی و کادرەکانيشی خەریکی ژیانی شەخسی بوو لە ئەورووپا، نەك هەر کاریان بۆ نەدەکرد بەڵکو هەر لێشیان نەدەپرسیەوە، بۆیه بەشەهامەتەوە دەکرێ بڵێین: کە ئێمه لەباری سیاسییەوه هیچ رۆڵ و کاریگەرێکمان لەدەرەوەی خۆمان واتا ناو کۆمەڵگا نەبوو، هەرچی بوو هەر کۆمەڵه بوو، ناوی دروو دڕێژی حیزبێکمان له چەشنی لۆکۆمۆتیو بەدوایی خۆماندا راکێش دەکرد، کەبەهیچ شێوەیەك توانای وەڵامدانەوه بەئامانجەکانی نەبووین. نە بارودۆخەکه لەبار بوو نە ڕێبەرێکی تۆکمەشمان هەبوو بەشەهامەتەوه دەتوانم بڵێم کەئێمه لە دەیەی (حەفتا) بەملاوه لوولەی تفەنگەکانمان لەدژی کۆماری ئيسلامی هەڵگەڕاندبۆوه و بەدژی یەك بەکارمان دەبرد.
لەپاڵ هەموو ئەم ئالۆزیانەدا، گەورەترین گرفتمان ئەوە بوو کەئەو بەشه لەرێبەری کەخۆی بەکارامه دەزانی لە دەرەوەى کوردستان بوون و تەشکیلاتیان دابوو بەدەس “هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزاده” کەئەویش بەکەیفی خۆی تەشکیلاتی ئیدارە دەکرد و مەیدانی بەکەس نەدەدا کەجێگای بگرێتەوە، نابێ لەبیرمان بچێ کەبەڕاستی “هاوڕێ ئیبراهیم” لەتەشکیلاتداریدا زۆر بەهێز بووە، بەڵام بەداخەوه هیچ باوەرێکی بە دێموکراسی ناو حیزب نەبوو بەداخەوە هەر دەنگێکی لەگەرودا خەفه دەکرد.
لەبیر ناچنەوه ئەو ڕۆژانەی کەگۆیچکەی پێشمەرگەی کۆمەڵەیان دەگرت و لەژێر پردەکەی سلێمانی بەرەڵایان دەکردن، لەبیر ناچنەوه ئەو ڕۆژانەی کەکەش و هەوای پۆلیسیان وەرێ دەخست و نەیاندەهێشت پێشمەرگه بۆساتێك ئارام بگرێ.
کاك عەبدوڵڵای موهتەدی چەنێك زەڕبەی لەکۆمەڵەدا، بەهەمانشێوەش “کاك سەید براییم”یش ئەوەنده خزمەتی بەئامانجەکەی کاك عەبدوڵڵا کرد. زەمینەی بۆ فەراهەم کرد، بەبەرخوردەکانیان پاڵیان بەپێشمەرگەی کۆمەڵەوه دەنا کە لەگەڵ کاك عه بدوڵڵا کەوێ.
پێشمەرگەی کۆمەڵه بەباوەر ئینسانهایەکی پاك و بێگەرد بوون، بەڵام کارێکیان پێدەکردن کە لەخۆ نامۆ بن و رێگای دوور له سنوورەکان بگرنەبەر.
بەپێی ژمارەیەك کەخودی کاك سەید برایم لەکۆنگرەی (8)ی حیزبی کۆمۆنیستدا دایەدەرەوه ئێمە واتا کۆمەڵه بە حیزبی کۆمۆنیستەوه لەیەکەم رۆژەکانی ئاشکرابوونی هەڵسوڕانی کۆمەڵه (21) هەزار لەخوازیارانی کۆمەڵه روویان له ریزه کانی کۆمەڵه کردووه، کەچی بەداخەوه ئیستا بەهەموو باڵەکانی کۆمەڵه خۆ له (500) کەس نادەین.
من دەپرسم هەمووی ئەمانه بێ ئەنگیزه بوون یان خۆ…..؟؟؟ لەدوایی دەیەی حەفتاکانەوە تا چەن ساڵێکیش دوای جیایەکان کام لەپێشمەرگەکانی کۆمەڵه بۆ قۆناغی ناوەندی هەڵبژێردران؟
تەواوی کۆنگەرەکان فۆرماليتە بوون و کۆنگره گرتن ببووه رەفعی تەکلیف، ئەگینا کام سیاسەت و کام پەسەند کراوەی نێو دەخرایە بەردەم رای گشتی، هەمووی سیاسەت و تەکتیکمان هەمان پەسەندکراوەکانی کۆنگەرەکانی ترمان بوو، کە بە دەستکاریەوه دەخرانه بەر دیدی بیروڕای گشتی.
بۆ هەلەڵبژاردنیش ناوەندیش ئیمه هەمیشه لەگەڵ لیستی فیکس رووبەروو بووین و هەر ئەو بەرێزانه هەڵدەبژاردران بۆ ناوەندی کە پاسپۆرتیان لەگیرفاندا بوو. ئۆرگانەکانی کۆمەڵەش بەدەس هاوڕێیانێکەوە بەرێوه دەبران کەهەموویان گوێ لەمستی کاك سەید براییم بوونایه. دیارە بەداخەوه پەیوەندی تەشکیلاتیش زۆر ئاڵۆز بوو، پەیوەندییەکانی ناوەندی و پێشمەرگه زۆر لاواز بوو، ناوەندی هەر لەسەر ئەو ڕاپۆرتانه پێداگری دەکرد کە لەلایەن بەرپرسەکانەوه بۆ سەرەوه دەنێردرا، هەر لێپرسێنەوه نەبوو، کاك سەید برایم بەڕاستی دیکتاتۆريەتی بەتەواوی مانا بەسەر تەشکیلاتدا زاڵ کردبوو کە کۆمەڵه رێگای دەرباز بوونی نەبوو و دەبوو ساخ بێتەوه، بەڵام چۆن ساخ بیتەوە؟
هەنگاوێك کەکاك عەبدوڵڵا گرتییەبەر هەنگاوێکی گەلێک باش بوو، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێتەوه کەئەم هاورێیه زۆر پەلەی کرد و لەبارودۆخێکی نالەباردا شانیدایە بەر ساخکردنەوەی کۆمەڵه، کەئەگەر پەلەی لەم هەنگاوەدا نەکرابایه بێگومان هاورێيانی ناسراو بەرەوتی سوسیالیستی کۆمەڵەش لەگەڵ ئەمرەوته دەکەوتن. بەڵام کاك عەبدوڵڵا چاوی بینینی ئەم هاوڕێيانەی نەبوو هەر بۆیه هەلەکەی بەباش زانی و بەپەلە قاژه کۆمەڵەی هەتا هەڵدێر برد، کە ئەگەر هەڵسەنگاندنێکمان لەم بارەیەوە بێ، دەبێ بڵێین کەبەداخەوە کاك عەبدوڵڵا بەم کارەی لەبارەی سیاسيەوه خۆی رێخست لەگەڵ ڕەوتی ئیسڵاحاتی (چاكسازی) بۆرژوازی لە ئیران و لەباری ئیدئۆلۆژیشەوە بەتەواوەتی لەبەرنامه و ئامانجی کۆمۆنیستی و رێبازی کۆمەڵه لایدا.
* مۆنا دلبهری ـ یهكێك لەهاوڕێیانی كۆمهڵه لەرۆژههڵاتی كوردستان