
له خه‌وما،له‌نێوان دووسه‌ده‌دا
خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی چیرۆكی له "خه‌وما"ی جه‌میل سائیب…..
ئارام سدیق ……
ئه‌گه‌ر چی نوسین كرده‌یه‌كی زاتیه، به‌ڵام هه‌میشه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌م و قۆناغه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه كه تێیدا ده‌ق به‌رهه‌م دێت، وه‌زیفه‌ی نوسین ته‌نها پیشاندانی رووه گه‌ش و جوانه‌كه‌ی ژیان نیه، یان راستر بڵێن ته‌نها به‌خستنه‌ڕووی دیووه جوانه‌كه‌ی قۆناغ و سه‌رده‌مێك وه‌زیفه‌ی نوسه‌ر كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكو ئه‌ركی سه‌ره‌كی و بناغه‌یی نوسه‌ر له‌به‌رهه‌مهێنانی ده‌قدا خستنه‌ڕووی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ژیانه كه كه‌موكورتیان تێدا ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و كه‌موكورتیانه‌یه.
هه‌رلێره‌وه ده‌توانین بڵێین نوسین گه‌واهیده‌ری ئه‌و روداوانه‌یه كه‌له قۆناغێكی كۆمه‌ڵگه‌دا روو ده‌ده‌ن قه‌سیده‌ی (قوربانی تۆزی رێگه‌تم..)ی نالی گه‌واهیده‌ری قۆناغێكی شاری سلێمانی و گێڕه‌ره‌وه‌ی سۆزی غه‌ریبی خودی نالیه. هاوكات وه‌ڵامه‌كه‌ی سالمیش (جانم فیدای سروه‌كه‌ت..) ئه‌ویش شاهیدێكی راستگۆی قۆناغی كۆتایهاتنی ده‌سه‌ڵاتی بابان و هێرشی رۆمه‌كان و داگیركردنی شاری سلێمانیه له‌لایه‌ن ئه‌و داگیركه‌رانه‌وه. سالم زۆر به‌وردی وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی نالی داوه‌ته‌وه كه له‌نامه‌شیعریه‌كه‌یدا كردوویه‌تی و وه‌كو فۆتۆگرافه‌رێكی لێهاتوو وێنه‌ی هه‌موو كوچه‌و كۆڵانه‌كانی شاری سلێمانی بۆ نالی گواستۆته‌وه.
گرنگی ئه‌م شیعره ته‌نها له‌وه دانییه كه ده‌قێكی شیعری هه‌ست بزوێن و پڕه له سۆزی غه‌ریبی و نیشتمان …هتد، به‌ڵكو گرنگی ئه‌م ده‌قه له‌وه‌دایه مێژووی قۆناغێك ده‌گێڕێته‌وه‌و نالی و سالم هه‌ردووكیان ده‌بنه مێژوونوسێكی راستگۆی ئه‌و قۆناغه. ئێمه له‌به‌ر ده‌یان هۆكاری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه نه‌مانتوانیووه ببینه خاوه‌نی زۆرشت و مێژوونوسیشمان نه‌بووه تا راستی و ورده‌كاریه‌كانی ئه‌و رووداوانه بگێڕێته‌وه بۆیه شاعیرانمان له‌وسه‌رده‌مه‌دا ئه‌ركی مێژوونوسیشیان بینیووه. ئه‌گه‌رچی هه‌ردوو ده‌قه‌كه‌ی نالی و سالم زیاتر به شان و باڵی بابان‌دا هه‌ڵیانداوه‌و دژی رۆمه‌كان كاریان كردووه، به‌ڵام ئه‌و دوو ده‌قه له‌ڕیزی جوانترین ئه‌و ده‌قانه‌ن كه مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی شانازیان پێوه‌كات.
به‌ڵام به‌هۆی تێپه‌ڕبوونی قۆناغ و وشیاربوونه‌وه‌ی زیاتری نوسه‌ران و رۆشنبیرانه‌وه له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا ره‌خنه‌گرتن له‌ده‌سه‌ڵات له‌نێو نوسه‌راندا سه‌ریهه‌ڵدا له‌زه‌مانی شێخ مه‌حمودی حه‌فیددا چه‌ند نوسه‌ر و رۆشنبیرێك ره‌خنه‌یان له‌ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی گرتووه و كه‌مووكوڕیه‌كانیان ده‌ستنیشانكردووه، ئه‌گه‌رچی له‌وكاته‌دا ره‌نگه راسته‌وخۆ نه‌یان توانیبێ ره‌خنه‌كانیان ئاڕاسته بكه‌ن، به‌ڵام له رێی ده‌قی ئه‌ده‌بی‌و به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ره‌خنه‌یان ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌لاَته‌كه‌ی شێخ مه‌حمود كردووه، كه ده‌كرێت ئه‌و ره‌خنانه وه‌كو سه‌ره‌تای ره‌خنه‌گرتن له‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی سه‌یربكرێـت.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نوسینه‌ی ئێمه قسه‌كردنه له‌سه‌ر چیرۆكی(له‌خه‌وما)ی (جه‌میل سایب)ه، كه یه‌كێكه له‌و چیرۆكانه‌ی هه‌ندێك به‌یه‌كه‌م چیرۆكی كوردی ده‌زانن و هه‌ندێكی‌تر (مه‌سه‌له‌ی ویژدان)ی ئه‌حمه‌د موختار جاف به‌یه‌كه‌م چیرۆكی كوردی ده‌زانن، به‌ڵام ساخكردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كاری ئێمه نییه و ئێمه ته‌نها ده‌مانه‌وێت له‌م نوسینه‌دا له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌م چیرۆكه قسه‌بكه‌ین. تا نه‌وه‌ی نوێ هه‌م ئاگاداری ئه‌و قۆناغه‌ی مێژووی ئێمه بێت و هه‌م ئه‌و چیرۆكه له خانه‌ی له‌بیرچونه‌وه ده‌ربهێنێت.
له‌خه‌وما شێوه‌یه‌كی ساكاری گێڕانه‌وه‌ی له‌خۆگرتووه‌و كات و شوێن تێیدا ونه، به‌ڵام ئه‌وه بۆ خوێنه‌ر روونه كه چیرۆكی "له‌خه‌وما" له‌زه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی شێخ مه‌حمودی حه‌فیددا نوسراوه و روداوه‌كانیش گێڕانه‌وه‌ی واقیعی ئه‌وسه‌رده‌یه گرنگی ئه‌م چیرۆكه ته‌نها له‌وه‌دانیه كه یه‌كه‌م چیرۆكی كوردیه، به‌ڵكو گرنگی ئه‌م تێكسته له‌وه‌دایه كه یه‌كه‌م هه‌وڵًی نوسه‌ری كورده بۆ ره‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵاتی كوردی. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك كه‌س پێیانوایه كه ئه‌م چیرۆكه ویستوویه‌تی خزمه‌ت به‌ده‌سه‌ڵاتی بێگانه‌ی ئینگلیز بكات، به‌ڵام من ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وڕایانه له‌م چیرۆكه ده‌رٍوانم و پێموایه له هه‌موو روویه‌كه‌وه ره‌خنه‌گرتنێكی جه‌ریئانه‌ی تێدایه له‌مه‌ڕ ده‌سه‌لاَتی شێخ مه‌حمود و ده‌سه‌لاَتی ئینگلیزیش ئه‌گه‌ر ئێمه به‌وردی له چیرۆكه‌كه رامێنین هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه نوسه‌ر ته‌نها له هه‌وڵی خستنه‌ڕووی رووه تاریك وناشایسته‌كانی سه‌رده‌می شێخ مه‌حموددا نه‌بووه، راسته هه‌وڵی خستنه‌رووی ئه‌مه‌ی داوه، به‌لاَم هه‌وڵی ره‌خنه‌گرتن وره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاَتی داگیركه‌ری ئینگلیزه‌كانیشدا بووه و ئه‌مه‌ش به‌روونی له‌چیرۆكه‌كه‌داو له‌رێی ده‌نگه جیاوازه‌كانیه‌وه خراونه‌ته‌ڕوو. له‌خه‌وما له‌ڕێی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه ده‌گێرٍێته‌وه و كه كه‌سێكی هه‌ژاره‌و به‌دوای كاردا شاری خۆی به‌جێدێڵێ‌و ده‌یه‌وێ له‌شارێكی تر ئیشێكی ده‌ست بكه‌وێت و پاش ئه‌وه‌ی ده‌چێته شاره‌كه‌ی تر له‌وێ به‌تۆمه‌تی جاسوسی ده‌گیرێ و ده‌خرێته زیندانه‌وه و چیرۆكه‌كه كۆتایی دێت.
له‌زینداندا گێڕه‌ره‌وه (كه‌كه‌سی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌شه) ئاگاداری زۆرێك له ئیش و كاره‌كانی ناو زیندان ده‌بێت له‌م رێگه‌یه‌وه نوسه‌ر چه‌ندین وێنه‌ی جیاجیا و كه‌سایه‌تی جۆراوجۆر ده‌خوڵقێنن هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه ره‌خنه‌ی توند هه‌م ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌م ئاراسته‌ی عادات و ته‌قالیده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كات. نوسه‌ر ره‌خنه‌ی توند له مه‌لایانی ده‌رباری ده‌سه‌ڵات ده‌گرێت و پێیوایه ئه‌وان نه‌دین ده‌زانن و نه‌دیانه‌ت و ته‌نها ماستاوچی ده‌سه‌ڵاتن. مه‌لاكان ئه‌وه ره‌تده‌كه‌نه‌وه كه له‌گه‌ڵ ئینگلیزی كافردا ببنه هاوپه‌یمان، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ تورك ببنه هاوپه‌یمان، چونكه دژی دین و دیانه‌ته‌كه‌یان نییه، ئه‌مه یه‌كێكه له مه‌نه‌لۆژه كوته‌كانی نێو ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ی كه گێڕه‌ره‌وه(كه‌كه‌سی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه)ی تێدا زیندانه.
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی بونیادی چیرۆك به‌هێز ده‌كات زمانه. زمانی ئه‌م چیرۆكه زمانێكی گوندیه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و چیرۆكانه‌ی له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی رابردوودا نوسراون زمانێكی گوندی به‌سه‌ریاندا زاڵه. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له چیرۆكی "مه‌سه‌له‌ی ویژدان"ی ئه‌حمه‌د موختار جافیش ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و خاڵه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كورد وه‌كو گه‌لێكی بنده‌ست خاوه‌نی شار و شارستانی نه‌بووه و شاره‌كانیش هه‌ڵگری هه‌مان خاسیه‌تی گوند بوون، به‌ڵام له فۆرمی گه‌وره‌تردا. گێڕانه‌وه‌ش وه‌ك له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان پێدا به شێوه‌یه‌كی ساكاره و له رێگه‌ی كه‌سی یه‌كی تاكه‌وه ده‌گێردرێته‌وه.
ده‌مه‌وێ لێره‌دا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ مه‌وزوعیه‌ت له‌م چیرۆكه‌دا كرۆكی ئه‌م چیرۆكیه باس له جاسوسی و تێوه‌گلان ده‌كات به كاری جاسوسی. كه‌سی سه‌ره‌كی ئه‌م چیرۆكه كه (گێڕه‌ره‌وه‌یه) به تۆمه‌تی جاسوسی ده‌خرێته زیندانه‌وه پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر له زینداندا ده‌مێنێته‌وه و رۆژانه ئازار و ئه‌شكه‌نجه ده‌درێت و هاوار و نزای تۆمه‌تباركراوه‌كه چیرۆكه‌كه كۆتای دێت. نوسه‌ر ده‌یه‌وی له‌م چیرۆكه‌دا په‌نجه بخاته سه‌ر قوڵترین و دێرینترین زامی كۆمه‌ڵگه‌كان به‌گشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به تایبه‌تی. زامێك كه ده‌یان بگره زیاتریش له شۆڕشه‌كانی ئێمه‌ی زینده به‌چاڵ كردووه ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له چه‌ندین لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی هه‌بووه. جاسوسی ئه‌و زامه سه‌خت و دزێوه‌ی نێو هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، كه ئێمه له‌رێی ئه‌مه‌وه ده‌یانجار هه‌وڵی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت و ئه‌زموونی سیاسی و ئازادمان له ده‌ستچووه داگیركه‌رانی كوردستان هه‌میشه ویستویانه چ له رێی جاسوسی كوردی (ناوه‌كی) و چ جاسوسی (ده‌ره‌كییه‌وه) هه‌وڵی له باربردنی دروستبوونی كیانی كوردی بده‌ن. ئه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه پێمان ده‌ڵێت ته‌نها ئیشكردنه له‌سه‌ر رووه سیاسیه‌كه‌ی چه‌مكی (جاسوسی) و ناڕاسته‌وخۆش ئه‌و دووفاقیه‌ی كه‌سێتی كورد ده‌خاته‌ڕوو كه خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی ده‌مامكداره. كه‌سایه‌تیه‌ك له ده‌ره‌وه و له نێو كۆمه‌ڵدا ده‌مامكێك ده‌پۆشێت و خودی خۆیشی له ناوه‌ڕۆكیدا خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی تره.
سائیب له رێی چه‌ند مه‌نه‌لۆژێكه‌وه ئه‌و دوو فاقیه‌ی كه‌سایه‌تیی كورد ده‌خاته‌ڕوو له‌لاپه‌ڕه(71) ده‌ڵێت: من بۆچی بۆ ئه‌و خه‌ڵكه خۆم توشی ئه‌زێت و ده‌ردی سه‌ری بكه‌م، ئه‌وه‌ی قازانج و خێری خۆمی تێدا ئه‌بێت نایكه‌م. لێره‌وه تێده‌گه‌ین نوسه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ڕێی چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی تیژتێپه‌ڕه‌وه چه‌ند نه‌خۆشیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نێو كۆمه‌ڵگه بخاته‌ڕوو. ئه‌م نه‌خۆشیانه به‌ر له سائیب هیچ كه‌سێكی‌تر له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نه‌دواوه ئه‌مه‌ش خاڵی دره‌وشاوه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌یه.
كورد به‌درێژای مێژووی خۆی له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه هه‌وڵی بچوكردنه‌وه‌و له‌باربردنی ژیانی ئاسایی دراوه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانانه‌ش ده‌یان و سه‌دان رێگه‌ی جۆراو جۆری به‌كاربردووه. لێره‌دا كاری من نیه ئاماژه به‌سه‌رجه‌م ئه‌و رێگایانه بكه‌م، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ ئه‌وه بخه‌مه‌ڕوو كه نوسه‌ر له‌م چیرۆكه‌دا ئاماژه‌ی چه‌ند رێگه‌یه‌ك داوه له‌وانه جاسوسی‌و هاوكات گۆڕینه‌وه‌ی دو‌ژمنێك به‌دوژمنێكی‌تر، كه وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان پێدا كه مه‌لاكانی ده‌ربار بۆچوونیان به‌رامبه‌ر داگیركه‌ری تورك باشتربوو تا ئینگلیز. له‌م حاڵه‌ته‌ی دوایدا و له دیالۆگێكدا چه‌ند كه‌سێك كه له گفتوگۆدان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م داگیركه‌ره‌ی هاتووه(مه‌به‌ستیان له ئینگلیزه) باشتره له تورك، چونكه ئینگلیز زۆر بێ شه‌هامه‌ت و دیكتاتۆرن. لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه گه‌لی ئێمه هه‌میشه لیبۆكی گه‌مه‌ی نێوان داگیركه‌ران بوون و له چه‌ندین لاوه هه‌وڵی قبوڵكردنی نه‌رمڕه‌وه‌كه‌یانمان داوه.
یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره باڵاكانی ئه‌و بنكه‌یه‌ی كه(پاڵه‌وان)ی چیرۆكه‌كه‌ی لێ گیراوه ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ئه‌گه‌ر(به‌د)ی ناو خۆمان لێمان بگه‌ڕێن ئێمه بۆ خۆمان زۆرچاك ئه‌ژین. ئاماژه‌دان به‌م حاڵه‌ته كارێكی گرنگه، ئێمه پێشتر وتمان كه داگیركه‌ران ده‌یانه‌وێت له هه‌ر ڕێگه‌یه‌كه‌وه بێنه ناو ژیانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌وه و هاوكات له‌وێوه هه‌وڵی رووخاندن و كه‌شفكردنی نهێنیه‌كانی بده‌ن. ئاماژه‌دان به‌كه‌سانی(به‌د)ی ناو خۆمان ده‌ست خستنه سه‌ر ئه‌و برینه قوڵه‌ی كه قاره‌مانانی قه‌ڵای دم دمی به‌ره‌و مه‌رگ برد‌و كه تائێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ی كوردی پێوه‌ی ده‌نالێنێ. پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆكه‌ی "سائیب"یش به‌هه‌مان تۆمه‌ت له‌زیندانه ئایا چاره‌نوسی چییه؟ ره‌نگه ئه‌گه‌ر چیرۆكه‌كه به(ته‌واوی) بگه‌یشتایه‌ته ده‌ستی ئێمه چاره‌نوسێكی هه‌بوایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چیرۆكه‌كه‌ش لێره‌دا كۆتایی بێت كه له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌ی خوێنه‌ردایه ئه‌وا نوسه‌ر زیره‌كانه ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگه به‌گشتی و خوێنه‌ر(تاكه‌كانی) به‌تایبه‌تی له‌هه‌وڵی دیاریكردنی چاره‌نوسێكدابن بۆ ئه‌و جاسوسه، یان كه‌سانی جاسوس به‌گشتی.
دواجار ده‌مه‌وێ دووباره ئاماژه به‌وه‌بكه‌م كه ئه‌م چیرۆكه له‌ڕووی گێڕانه‌وه‌وه ساده‌و ساكاره‌و مه‌نه‌لۆگه‌كان زۆر ساده‌ن هه‌روه‌ها زیاتر ریپۆرتاژێكی رۆژنامه‌وانیانه ده‌چێت، چونكه وه‌سفی ئه‌وجێگایانه‌ی كراون وه‌سفێكی قوڵ نین و ساده‌ن، هه‌روه‌ها من بڕوام به‌وه‌ش هه‌یه كه ناكرێت به چاوی ئێستاوه له‌وچیرۆكه بڕوانین، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و كه‌م و كوڕیانه‌ش ئه‌م چیرۆكه به‌لای منه‌وه یه‌كێكه له‌و چیرۆكانه‌ی كه پێگه‌یه‌كی دیاری له نێو ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا، نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چیرۆكێكی كۆنه، یان یه‌كه‌مین چیرۆكی كوردیه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌فه‌سێكی جوانی ره‌خنه‌گرتنه له‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی. له‌زه‌مه‌نێكدا كه تاكی كورد وشیاری نه‌بوو و ته‌نها گوێگربوو. هاوكات كورته چیرۆكه‌كه له ژێر هه‌ر مه‌رام په‌یامێكدا نوسرابێت ئه‌وه قسه‌یه‌كی تره وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌ندێك نوسه‌ر و رۆشنبیر ده‌ڵێن بۆ خزمه‌تكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیز و دژی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی شێخ مه‌حمودی حه‌فید نوسراوه وه‌كو پێشتریش هێمای بۆ كرا ئه‌م قسه‌یه‌م قبوڵ نییه، چونكه پێموایه هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك له دنیادا ئه‌گه‌ر دیموكراسیترین ده‌سه‌ڵاتیش بێت له كه‌موكوڕی به‌ده‌ر نییه و ده‌كرێت ره‌خنه‌ی لێبگیرێت. كه‌سانێكیش ده‌بێت ره‌خنه له‌و كه‌موكوڕیانه بگرن. بۆیه ئه‌گه‌ر به هه‌ر هۆیه‌ك چیرۆكه‌كه نوسرابێت ئه‌وا (جه‌میل سائیب) توانییه‌تی چیرۆكێكی جوان و مۆدیلێكی نوێ له ره‌خنه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا بهێنێته ئاراوه، كه پێشتر بوونی نه‌بووه، یان زۆر كه‌مبووه، هه‌روه‌ها وه‌كو نالی و سالمیش بۆته مێژوونوسێكی قۆناغێكی گرنگی كۆمه‌ڵكه‌ی كوردی و شاهیدی سه‌ده‌ی رابردووه و هاوكات ئاماده‌یشی له‌م سه‌ده‌یه‌شدا هه‌یه وه‌كو مه‌وزوعیه‌ت، بۆیه هه‌ر لێره‌وه دووباره خوێندنه‌وه و چاپكردنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه ئاشناكردنی به نه‌وه‌ی نوێ كارێكی جوان و به‌سوده.