چۆمسكی و گرنگیدان به ڕۆنانی قوڵ
بۆچوونه‌كانی چۆمسكی، كه به دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی (به‌رهه‌مهێنان و گوێزانه‌وه) دێته ئه‌ژمار، به یه‌كێك له بۆچوونه هه‌ر به ناوبانگه‌كانی دنیای زانستی زمانه‌وانی ناسراوه، ئه‌مه‌ش وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نێكی زۆر درێژی نییه له‌چاو بۆچوونی قوتابخانه زمانه‌وانییه‌كانی پێشووتر. ئه‌وه‌ی كه لای چۆمسكی گرنگی ته‌واوی پێده‌درێت، ئه‌و پرسیاره‌یه، كه ئاخۆ مرۆڤ چۆن فێری زمان ده‌بێت؟ ئه‌مه به پرسیاره گهوههرییهكهی ئه‌و زانا گه‌وره‌یه‌یه، كه له‌ڕێگه‌یه‌وه چه‌ندین ده‌لاقه‌ی دیكه‌ی به‌ڕووی ده‌یان پرسیاری تردا واڵا كرد، كه دواجار له‌وێنده‌رێوه وه‌ڵامه‌كان به سانایی به‌رده‌ست ده‌كه‌ون.
چۆمسكی پێیوایه مناڵ، كه دێته ژیانه‌وه، خاوه‌نی توانستی تایبه‌ت به خۆیه‌تی و ئه‌و توانستهش له مێشكدایه، واتا ئه‌توانین بڵێین، به‌پێی ئه‌و تێڕوانینیهی ناوبراو، هه‌موو مرۆڤێك هه‌ر له چركه‌ساتی یه‌كه‌می هاتنه ژیانه‌وه، خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێكی تایبه‌ته به زمان، ئیدی له‌ڕێگه‌ی هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه، كه دیارترینیان ده‌وروبه‌ر و ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه، كه تیا ده‌ژی، ئه‌و فه‌رهه‌نگه تایبه‌ته ده‌پشكوێ و ده‌كه‌وێته كار و به‌وه‌ش زمانی مرۆڤ چه‌كه‌ره ده‌كا.
كه‌واتا بناغه‌ی گرنگیدانی چۆمسكی و قوتابخانه‌ی زمانه‌وانی به‌رهه‌مهێن، به كرداره‌كانی مێشك و چۆنێتی دروستبوونی دروسته سینتاكسییه‌كان، بۆ ئه‌و خاڵه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئاژه‌مان پێدا، ئه‌ویش بوونی توانسته لای مرۆڤ، یان باشتر بڵێین: لای مناڵی تازه له‌دایكبوو، به‌و واتایه‌ی مێشكی مرۆڤ مه‌ڵبه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی ژماره‌یه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ڕسته‌یه، كه ئه‌مه‌ش پێیده‌وترێ به‌رهه‌مهێنانی ڕسته له ئاستی قوڵدا (ئاستی ژێره‌وه)، كه دواجار له پرۆسه‌ی ئاخاوتندا دێته به‌ركارهێنان و ده‌چێته ئاستی ڕووكه‌شه‌وه، یان ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێ: ئاستی سه‌ره‌وه.
لێره‌وه ده‌توانین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه، له‌وه‌ی ئاخۆ بۆچی چۆمسكی گرنگی به بنیادی قوڵ ده‌دا، نه‌ك به بنیاتی ڕووكه‌ش؟ یان ئایا هۆی چییه، كه دروسته سینتاكسییه‌كان له مێشكدا دروست ده‌بن؟ هه‌روه‌ك ده‌كرێ بشپرسین: ئه‌وه چییه وا ده‌كا، كه قوتابخانه‌ی به‌رهه‌مهێن، گرنگی زیاتر به مێشك بدات نه‌ك به ئاخاوتن؟
هه‌ڵبه‌ت له وه‌ڵامی كۆی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌ڵێین: چۆمسكی گرنگی به‌و كردارانه‌ی مێشك ده‌دات، كه ده‌توانن ژماره‌یه‌كی بێ سنووری ڕسته‌كان به‌رهه‌م بهێنن، ئه‌ویش لـه جیاتی جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و وتانه‌ی كه به كرده‌وه دهوترێـن، واتا گرنگی به بنه‌ما قوڵه‌كانی زمان ده‌دات، بونیادی قوڵیش به بۆچـوونی چۆمسكی په‌یوه‌سته به توانسته‌وه، توانستیش، كۆمه‌ڵێك زانست و زانیارییه، هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی مرۆڤدا له‌دایك ده‌بێت. توانست نابینرێت و ناگوترێت و هه‌ستی پێ ناكرێت. له توانستدا هه‌ڵه ناكرێت، به‌ڵكو لـهچالاكیدا هه‌ڵه ده‌كرێت، چونكه ده‌بینرێت و هه‌ستی پێده‌كرێت.
چۆمسكی لـه باره‌ی توانست و چالاكییه‌وه، نمونه‌یه‌ك له ژیانی ڕۆژانه‌دا ده‌هێنێته‌وه، كه وه‌ك ئه‌وه‌یه یه‌كێك به‌شداری خولی فێربوونی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بكات، ئه‌و كوڕاسهیهی كه له خـولهكهدا وه‌ری ده‌گرێت، هه‌مـووی زانست و زانیارییه، ئه‌و زانست و زانیارییه ده‌چنه بواری توانسته‌وه، بۆیـه هه‌ڵه‌یان تێدا نییه، به‌ڵكـو مرۆڤ لـه كاتـی جێبه‌جێكردنیدا هه‌ڵـه‌ی تێدا ده‌كات.
چۆمسكی باس له دوو ئاست ده‌كات، كه به‌پێی ئه‌و دوو ئاسته، دروسته سینتاكسییه‌كان بنیاد ده‌نرێن، ئه‌ویش: یه‌كێكیان ڕۆنانی سه‌ره‌وه‌یه، ئهویتـر ڕۆنانی ژێره‌وه‌یه. ڕۆنانی ڕووكه‌ش (سه‌ره‌وه) ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ن، كه له‌سه‌ره‌وه ده‌رده‌كه‌ون و مه‌رج نییه هه‌موو كه‌ره‌سته‌كان بگرێته خـۆ. ئاستی قوڵیش (ژێـرهوه) ناوهڕۆك و بنجی ڕسته‌كه ده‌گرێته خـۆ، چونكه لـه هـه‌نـدێ حاڵه‌تدا هه‌ندێ كه‌ره‌سته ده‌رناكه‌ون، به‌ڵام له ئاستی ژێره‌وه بوونیان هـه‌یـه، وه‌ك: ئـازاد دهتـوانـێ بنووسـێت.
وه‌ك سه‌رنج ده‌درێ، لـه‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، یه‌كێك له كه‌ره‌سته سه‌ره‌كییه‌كانی ڕسته ده‌ر نهكهوتـووه، به‌ڵام بێگومان ئه‌م كه‌ره‌سته‌یه لـه ناوهڕۆكـدا بـوونـی هه‌یـه، ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه كرداری تێپه‌ڕ پێویستی بـه دوو كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كییه، ئه‌ویش بكه‌ر و به‌ركاره، تا بتوانێ دروسته‌ی ڕسته‌یه‌كی ته‌واو بدا به ده‌سته‌وه، بـه‌و واتایه‌ی لـه ڕسته‌ی (ئازاد ده‌توانێ بنووسێت)دا، بكه‌ری ڕسته، كه (ئـازاد)ه، ده‌توانێ شتێ بنووسێت، كه ئه‌ویش ده‌بێته (به‌ركاری ڕاسته‌وخـۆ)ی ڕسته‌كه، جا ئه‌و كرداری نووسینه‌كه هه‌رچییه‌ك بێت، گرفتێك ناهێته ئارا.
له‌و نمونه‌یه‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، كه (ده‌قه‌كان ناكرێن به بناغه‌ی پهسنكردن، به‌ڵكو ڕسته ده‌كرێت به بناغه‌ی پهسنكردن)، چونكه توانست وه‌ك لهباردابوونی به‌رهه‌مهێنان و تێگه‌یشتنی ڕسته پێناسه ده‌كرێت.
كه‌واتا لـه ژێـر ڕۆشنایی بۆچوونه‌كه‌ی (چۆمسكی)دا، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ر ده‌كه‌وێت، كه مرۆڤ لـهتـوانستدا فێری زمـان ده‌بێت، هـه‌ر بۆیـه دروسته سینتاكسییهكانیش لـه مێشكدا دروست ده‌بـن، بۆیـه چۆمسكی گرنگی به مێشك ده‌دا، نه‌ك به ئاخاوتـن، واتا گرنگی به ڕۆنانی قوڵی زمان ده‌دا، كه له مێشكدایه، نه‌ك بونیادی ڕووكه‌ش، كـه لـهئاخاوتندا ده‌رده‌كه‌وێت.
ئـاری عوسمان خه‌یـات/ كفری
ari.xeyat@yahoo.com
• سـوود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیـراوه:
1. ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زمانه‌وانی: محه‌مه‌د محه‌مه‌د یونس عه‌لی، وه‌رگێڕانی: نه‌ریمان عه‌بدوڵلا خۆشناو، له بڵاوكراوه‌كانی كتێبخانه‌ی ئاوێر، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2010، ل64 و 130.
2. ڕسته‌سازی: نه‌ریمان عه‌بدوڵلا خۆشناو، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2012، ل150 و 151.
3. مۆدێل و مۆدێله‌كانی ڕێزمان: كۆمه‌ڵێك زمانه‌وان، وه‌رگێڕانی: د. محه‌مه‌دی مه‌حوی، له بڵاوكراوه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی كوردۆلۆجی، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، ل344.
تێبینی/ له ژماره (14)ی گۆڤاری (زمان‌ناسی) بڵاوبووه‌ته‌وه.