
به‌هره… داهێنان… ئازادی
له چوارگۆشه‌ی خه‌یاڵێكی گه‌نجان گه‌ره‌كمانه رێچكه‌ی نووسین و داهێنانه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی پانتایی به‌رفراوانی جیهانی پڕ توانای نائاسایی و لێوان‌لێو ئاماده‌گی جورئه‌ت په‌ل بكوتین و ئه‌و دیواره كۆنكرێتییه كۆن و به‌سه‌رچووانه بشڵه‌قێنین و په‌ی به كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی به‌هره تایبه‌تمه‌ندییه‌كان ببه‌ین و پێ‌بزانین كه جیهانی ره‌نگاوره‌نگی به‌هره ره‌نگدانه‌وه‌یه، تاوه‌كو نووسینه‌كان نه‌شونما بكه‌ن و قۆناغی ئاسایی ببه‌زێنن ، هه‌روه‌ك چۆن داوا ده‌كه‌ین خوێندنی زمانی ئینگلیزی له قۆناغه بهرابییهكاندا هه‌بێ و كۆمپیوته‌ریش به‌زوویی منداڵانی كوردستانی پێ ئاشنا بكه‌ین ، به‌هه‌مان شێوه خوازیارین لاو و گه‌نجه‌كان ئه‌و دیواره ستۆكانه دابڕمێنن . هه‌رچه‌نده لێره‌وله‌وێ تاك و ته‌را هه‌بن و كه‌مێك جورئه‌ت به‌خۆیان ده‌ده‌ن ، به‌و پێیه‌ی به‌هره‌یه‌كیان لا گه‌ڵاڵه بووه و ده‌یانه‌وێ ده‌مڕاستی بكه‌ن ، كاتێكیش له دونیای جه‌نجاڵی نووسین كه به ته‌ونی جاڵجاڵۆكه ده‌چێت تێده‌كه‌ون ، هه‌وه‌سه‌كانی خه‌یاڵیان ده‌مرێ و به ترس و له‌رزه‌وه قه‌ڵه‌مه‌كانیان ده‌گرن و له كۆڕ و سمینارهكانیش له بری ئه‌وه‌ی به‌ڕووی روناكبیرانی به‌ئه‌زموون بته‌قنه‌وه، ئیدی هه‌تره‌شیان ده‌چێ و زۆر به‌زه‌حمه‌ت دێنه‌گۆ ده‌نا هه‌ر گوێگر ده‌بن . ئیدی ئه‌م جورئه‌ته بۆ هه‌ر بوارێكی نووسین به‌كار ببردرێت ، شیعر ، ڕۆمان ، چیرۆك ، په‌خشان ، ڕۆژنامه‌گه‌ری ، رۆشنبیریی … هتد.
زه‌رووره‌ته كه لاوان و گه‌نجان عه‌قڵیان به‌ر له باڵایان باڵا بكات ، نه‌مازه ئه‌وانه‌ی قه‌ڵه‌م به ده‌سته‌وه ده‌گرن و لایه‌نێكی دونیای ئه‌بستمۆلۆژی ده‌گرنه‌به‌ر ، خوێندنه‌وه پاشان خوێندنه‌وه دوا جاریش هه‌ر خوێندنه‌وه ، خۆراكی كامڵبوونی عه‌قڵه، هه‌رچه‌نده عه‌قڵ هه‌رگیز كامڵ نابێت ، ده‌كرێ بگوترێ له بازنه‌ی ئاسایی خۆی ترازا پێویستی به هه‌ڵڕشتن هه‌یه ، كه ئه‌ویش له ڕێگای قه‌ڵه‌م و نووسینه‌وه به‌تاڵ یاخود هێور ده‌كرێته‌وه و سوكنایی ده‌روونیش ده‌به‌خشێ و له‌زه‌تی خۆشیش هه‌ڵده‌ڕێژێ .
ئه‌گه‌ر به‌هره‌مه‌ند ئه‌و كه‌سه بێت له ته‌مه‌نێكی كورتدا مه‌یل و ئاره‌زووی لایه‌نێك له نووسین بگرێت و پاش ئه‌و كێشمه‌كێش و ململانێیه‌ی له نێوه‌نده‌كه‌دا پێ هه‌زم ناكرێ و به‌رگری ناگرێ ، به‌په‌له ده‌پوكێته‌وه ، ئه‌وا ئه‌و كه‌سانه هه‌رگیز ناخرێنه خانه‌ی داهێنه‌رانه‌وه ، ده‌شێ به ده‌قێكی داهێنراو له دوایین ته‌مه‌نه‌كانی ژیان ببێته مایه‌ی ناساندنی ئه‌و به‌هره‌مه‌نده به جیهانێكی به‌ده‌ر له تواناكانی خۆی.
جه غارو سه‌د حه‌یف لای ئێمه ئه‌و كچه گه‌نجانه‌ی شوویان نه‌كردووه هه‌ندێكیان پاش شووكردنیان دهپوكینهوه ، ئه‌مه‌یش له چه‌ند خاڵ به‌ده‌ر نییه:-
1- ده‌شێ مێرده‌كه‌ی كه‌سێكی سه‌له‌فی و دواكه‌وتوو بێت ، قایل نه‌بێ كه هاوسه‌ره‌كه‌ی خانمه شاعیرێك یان نووسه‌ر و داهێنه‌رێك بێت.
2- ده‌شێ خودی كچه‌كه بۆ هه‌ڵڕشتنی غه‌ریزه‌كانی گه‌نجێتی خۆی په‌نا بۆ قه‌ڵه‌م ببات و له‌و ڕێگایه‌وه مه‌به‌سته‌كانی خۆی بگه‌یه‌نێت و كهف و كوڵی هه‌رزه‌یی هه‌ڵبڕێژێت . پاش شووكردن كه‌سێك شك ده‌با به‌ده‌ر له ره‌گه‌زی خۆی ئه‌و نهێنییانه بدركێنێ بۆی .
3- ده‌شێ ئاریشه‌كانی پاش شووكردن له‌نێو ماڵ و فه‌رمانگه ئه‌گه‌ر كارمه‌ندی ده‌وڵه‌تی یان حزبی بێت رێگر بن له به‌رده‌وامی قه‌ڵه‌م گرتنه ده‌ست .
4- هه‌ندێ جاریش ده‌شێ له چنگ قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته تینووه‌كانی گه‌نجانی سه‌ركێش هه‌ڵ بێن و ده‌زانن و ده‌توانن خۆیان قورتار بكه‌ن .
رۆشنبیر بۆ وێڵبوون و رۆخگرتن له كه‌نارێكدا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ئه‌و به‌هره‌ی له ناخیدا په‌نگی خواردۆته‌وه و په‌ی نه‌بردووه به هه‌ڵڕشتنی ، كه له ڕێگا جۆربه‌جۆره‌كانی نووسینه‌وه بتوانێ ئه‌و وێڵبوون و سۆراغ كردنه‌ی بپوكێنێتهوه و زاده‌ی ئاوه‌زی به‌ڕووی داهێنان له ڕێی بههرهیهكدا بكاته‌وه.
ئه‌وا ده‌بێژین ، به‌هره لاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسین و كرده‌و كارانه‌ی كه‌سانی دیكه نییه ، به‌هره بۆخۆی له ناخه‌وه چه‌كه‌ره ده‌كا و به ته‌ڕ و پاراوی و ئیستاتیكیانه له‌دایك ده‌بێ ، فاكته‌ری دنه‌دانه بۆ گه‌یشتن و لێكحاڵی بوونی دیدگاكانی یه‌كدی له ته‌ك دۆراندۆر و به‌رامبه‌ردا ، بێگومان ره‌وش و قۆناغی ئه‌وتۆی له‌باریش هاوێر ده‌بێ كه رێگاكان سانا‌و تهختهرێ بكات تاوه‌كو به‌هره بگاته باڵاترین باڵای داهێنان .
داهێنانیش كه‌ره‌سته‌یه‌ك نییه ، وه‌ك چۆن له بازاڕ ده‌ست ده‌درێته كاڵایه‌ك و ده‌كڕدرێت ، به‌سانایی چنگ ناكه‌وێ ، یانیش له رێگای خوێندنی قوتابخانه‌وه وه‌ربگیرێت و فێر ببێت ، یانیش تۆ‌و بكرێت و له نێوان ئێواره و سپێدهیهكدا وه‌ك دره‌خت باڵا بكات ، یانیش زانیارییه‌ك نییه له رێگای بیستنێكهوه سوودی لێ وه‌ربگیرێت .
شێواز و رۆڵه جۆربه‌جۆره‌كانی داهێنان پێویستیان به زه‌مه‌ن و قاڵبوون له‌نێو بههرهیهكدا دێته‌دی ، به‌هره‌یش ئه‌وه نییه له ده‌قێكی كورته په‌خشان یان شیعر یاخود چیرۆكێ به‌ده‌ست بێت و ئیدی له چاوه‌ڕوانی داهێنان بێ یاخود به داهێنان دابنرێ . ناكرێت به گوزه‌ر كردنێك و راوه‌ستان به‌هره‌مه‌ند له‌م گوزهركردنهی به ده‌قێكی كورتی شیعر یان په‌خشان یاخود كورته چیرۆك پاشان راوه‌ستان و وشك بوونه‌وه ، كه‌سی نووسه‌ر به به‌هره‌مه‌ند دابنرێت ، ئه‌گه‌ر وایش بێت ئه‌وا رێگا و شێوازه جۆربه‌جۆره‌كانی داهێنان وا به سانایی نادۆزرێنهوهو په‌ی پێ نابرێت . لێره‌وه گه‌ره‌كه وابزانێ خۆتێراوكردنی رۆشنبیری هه‌نگاوی بونیاد بێ ، با گه‌نجان و ئه‌وانه‌ی تازه قهڵهمگرن بزانن كه به‌رده‌وام پێویستیان به رۆشنبیری نوێ و تازه باو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می خۆیاندا هه‌ڵبكه‌ن و دوانه‌كه‌ون ، هاوته‌ریب و پێشكه‌وتوون به‌هره پێویستی به كه‌ره‌سته‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه تا به قۆناغی داهێنان ڕابگات ، جگه له رۆشنبیری .
1- ئاشنابوون به هونه‌ری نووسینی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری .
2- تێربوون به رۆشنبیری ههمهجۆر و هه‌مه‌ڕه‌نگ .
3- نووسین و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و پشتگوێ نه‌خستنی .
4- بڕوابوون به‌تواناو به‌هره‌ی خود .
5- له كاتی نووسیندا پانتاییه‌كی به‌رفراوانی خه‌یاڵ ته‌واجدی هه‌بێ .
6- خوێندنه‌وه‌و گوێ گرتن له ره‌خنه‌ی ههمهجۆر و ئاراسته‌كانی .
7- چاوگێڕان و خوێندنه‌وه‌ی شیعر و په‌خشان و چیرۆك و نۆڤێلت و رۆمانی ههمهجۆر و ههمهرێباز.
8- خوێندنه‌وه‌و گوێ گرتن له دیمانه و دیداری بیرمه‌ندان و رۆشنفیكرانی جیهانی و ئه‌زمووندارانی ناوخۆیی . بۆ ئه‌وه‌ی په‌ند و ئامۆژگاری وه‌ربگرێت و رێچكه‌و قوتابخانه یان رێبازه ئه‌ده‌بیه‌كان دیار و ده‌ست نیشان بكرێت .
بۆیه ده‌ڵێین به‌هره پاشانیش داهێنان دۆزینه‌وه‌ی خشڵ و زێر ، یان كانگاكانی نه‌وت و غاز نییه له خودی هه‌ر كه‌سێكدا به‌دووی بگه‌ڕێیت و بدۆزرێته‌وه ، به‌ڵكو به‌هره له رێگای به‌رده‌وامی نووسینه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كاندا خۆی ده‌سه‌پێنێ و زاڵبوونی ده‌رده‌خات .
كه‌واته به‌هره له‌نێو خود‌و له نێوه‌نده‌كه‌دا خۆی فه‌رز ده‌كات و له رێگای هه‌مه‌چه‌شنه‌ی نووسین و خوێندنه‌وه‌ی سه‌لیقه‌یی ، له گاگۆڵكێوه بۆ دارهدارهو ئیدی پێ‌گرتن و سه‌رپێ كه‌وتن و پاشان رووه‌و داهێنان خۆدهدۆزێتهوه ، هه‌ندێ جار لای زۆر له نووسه‌ران لێگه‌یشتن و تێهه‌ڵكێش بوون له نێوان به‌هره‌و داهێنان و رۆشنبیری دروست ده‌بێت ، لێكگه‌یشتن مشت‌ومڕ ناخوڵقێنی َ، لێ زۆرجار ناحاڵی بوونه‌كه ده‌بێته مایه‌ی پووكانه‌وه‌ی كه‌سێك كه ئاره‌زوو ده‌كات و مهبلی هه‌یه به دووی بههرهكهیدا عه‌وداڵ و وێڵ بێت ، یاخود ئه‌و ڕێگا به دژوار و سه‌خت ده‌زانێت و ده‌رباز نه‌بوون له‌و ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ی ئاماژه‌مان پێدا ده‌بێته مایه‌ی ترس و تۆقاندن ، نه‌با له هه‌مبه‌ر نووسه‌رانی به ئه‌زموون دووچاری شه‌رمه‌زاری ببێت و هه‌ست به داڕووخان و وێران بوون و پووكانه‌وه بكا ، ئیدی خۆی له هیچ ئاقارێكی نووسین نادا و زوو به زوو دوور ده‌گرێت ، ئه‌كرێ بگوترێ له سه‌لیقه‌ی خود دڵنیا نییه ، له ئه‌زموونی به گومانه ، ترس و دڵهڕاوكێكهیش ئازادی قۆرخ و پاوان كردووه .
كورد زۆر ده‌مێكه گوتوویه‌تی “سوار تا نه‌گلێ نابێ به سوار چاك” بۆیه زه‌رووره‌ته له‌م دیدگا و ڕوانگه‌یه‌وه له سۆراغی نووسین و خوێندنه‌وه دابین ، (ئه‌گه‌ر بههرهكهمان تێدا بێت) نه‌ك پاشه‌كشه كردن و خۆ به دهستهوهدانمان له هه‌مبه‌ر ترسێك هه‌بێت ، كه لێره‌وه ڕێگای ئازادی ون ده‌بێت . وه‌لێ ئه‌گه‌ر به جورئه‌ته‌وه هاته مه‌یدان بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێ خۆڕابگرێ و پێ به هه‌ڵه بنێ و له خاڵه ورده‌كان وردبێته‌وه و گردبوونه‌وه‌ی بیری تیا بخوڵقێنێ و له ده‌وری نووسینه‌وه به‌ره‌و دۆزینه‌وه‌ی به‌هره بچێ ، بێگومان ئه‌و ده‌مه ڕێگای ڕاسته‌قینه‌ی به‌هره و داهێنان ده‌گرێت و هه‌ر ئه‌وكاتیش ده‌زانێ ئازاد بوون له ئاوه‌ز و بیركردنه‌وه وای لێده‌كات ئازادانه داهێنانه‌كانی بخاته ڕوو ، ئه‌گه‌رچی داب و نه‌ریت و یاسا و ڕێسا تایبه‌تییه‌كان ڕێی پێ ناده‌ن ، به‌ڵام پێویسته ئه‌و وه‌ك بۆمبایه‌ك بته‌قێته‌وه ، چونكه به‌هره و داهێنان به‌بێ ئازادی واتا پووكانه‌وه و گۆشه‌گیر بوون ، ئه‌گه‌ر به‌هره توانای به‌سه‌ر خه‌یاڵدا بشكێ ، یان داهێنان له به‌رهه‌می هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و هه‌ر بوارێكی دیكه‌دا به توانا بێت ، له هه‌موو حاڵه‌ته‌كانیش ناتوانرێ ئه‌بستمۆلۆژی و ڕۆشنبیری له خانه و چوارچێوه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مرۆڤایه‌تی و ئابووریییه‌كان دوور بخرێته‌وه .
چونكه داهێنه‌ر گه‌ره‌كه شرۆڤه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌ك یان پێكهاته‌یه‌ك بكات ، ئه‌مه‌یش به‌بێ ئازادی مه‌یسه‌ر نابێت ، لێ ئازادی جه‌وهه‌ری ده‌ربڕینه ، ئه‌گه‌ر نووسه‌رێ بیه‌وێ له ئازادی بدوێ بۆ خۆی ئازادی نه‌بێ ، یان هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كار به‌بێ ئازادی ناتوانێ تایلۆیهكی ئازادانه بكێشێ و ڕه‌نگ بكا ، ئه‌و ده‌مانه خۆ ون كردن دروست ده‌بێت ، به واتا فریودانی خوێنه‌ر و بینه‌ر .
شاعیرێك گه‌ر له‌سه‌ر ڕووداوی زه‌مه‌نێك بیه‌وێ ده‌قێك دابهێنێت ، ویژدانی ون كردبێت و هیچ كاریگه‌ریشی به‌سه‌ره‌وه نه‌بێت ، ئه‌وا به زمانێكی درۆوه كاره‌سات و تراژیدیا‌كان ده‌گێڕێته‌وه ، خه‌یاڵی ده‌تاسێ له‌و ڕۆشنبیرییه‌ی بێ ئاگا و ناحاڵی ده‌بێت ، به هه‌موو واتا شمولی و ئاگایی و هه‌سته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی داهێنان ، هه‌ر ده‌قێكیش وه‌ك زانراوه بێ خهلفیهتێكی مه‌عریفی ده‌قێكی نیوه‌چڵ و كرچ و كاڵ و شێواوه ، هه‌ر وه‌ك ده‌گوترێ ڕۆشنبیری خوشكی داهێنانه .
ئا لێره‌وه ئێمه ئاشنابووین به نووسه‌ری به‌هره‌مه‌ند و نووسه‌ری ڕۆشنبیر و داهێنه‌ر، گه‌یشتینه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه ئاخۆ به‌هره چۆن ئاشكرا ده‌بێت له ڕێگای كه‌سه‌كانه‌وه یان له ڕێگاكانی به‌هره و داهێنانمان ساغ كرده‌وه ، هه‌موو ئه‌وانه‌یش به‌بێ ئازادی مه‌حاڵه بتوانێ ڕێگای سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر بكات .
ئه‌م وتاره به سێ زنجیره له ژماره‌كانی 16 و 17 و 18 ساڵی 2007 ی مانگنامه‌ی سێبه‌ر بڵاڤكراوهتهوه