فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر له‌نێوان ستاتیكا و فه‌لسه‌فه و ره‌خنه‌ی هونه‌ریدا
هونه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌یه كه په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به داهێنانه‌وه، هه‌موو داهێنه‌رێكیش به هونه‌رمه‌ند دێته ئه‌ژمار یان هه‌موو خاوه‌ن روانینێكی جیاوازیش دیسانه‌وه به هونه‌رمه‌ند له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، ئه‌م تێڕوانینه شتێك له بۆچوونه‌كه‌ی ( ئه‌رنستۆ ساباتۆ )ی رۆماننووس نزیكده‌بێته‌وه وه‌ختێك چه‌مكی رۆشنبیر وه‌لاده‌نێ و له‌بری هونه‌رمه‌ند به‌كارده‌هێنێت، واته روانینی هونه‌رمه‌ندانه، لێ لێره‌دا مه‌به‌ست هه‌موو كارێكی هونه‌ریی و ئه‌فراندنه كه ده‌كه‌وێته پشت كرده‌ی هونه‌رمه‌نده‌وه.. هونه‌ر به‌و مانایه‌ش دێت كه هونه‌رمه‌ندێك خاوه‌نی كرده و وه‌شاندنێك بێت كه پێشتر به‌بیری كه‌سدا رانه‌بووردبێت، به‌ڵام هه‌نوكه ئه‌م چه‌مكه له‌پێش چاوماندا بزربووه و هونه‌ر بووه‌ته بازرگانی و ده‌ستكه‌وتێكی بێ گه‌ره‌نتی. چه‌مكی هونه‌ر كه خۆی له داهێنان و ستاتیكادا ده‌بینییه‌وه، ئێستا چیتر هونه‌رمه‌ندان وابه‌سته‌ی نابنه‌وه و خه‌می ئه‌وتۆیان خوڵقاندنی ستاتیكا نییه، به‌ڵكو جیهانێكی دیكه بوونی هه‌یه، ئه‌و جیهانه‌ی لای هونه‌رمه‌ندان پێویستی به لێهاتوویی هونه‌رمه‌ندانه نییه تاوه‌كو جوانییه‌كی خه‌ڵه‌تێنه‌ر و ڕازاوه پێشكه‌ش بكات و بیروڕاكان چه‌واشه بكات بۆ شتهایه‌ك كه بوونیان نییه.
هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌و ده‌موه‌خته‌وه گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هات كه فۆتۆگراف بووه ركابه‌ری نیگاركێشان و توانی دیمه‌ن و گۆشه‌كان وردتر و جوانتر تۆمار بكات، هه‌ربۆیه نوێخوازیی شێوه‌كاریی ئه‌و رێیه‌ی گرته‌به‌ر كه هاوێنه و كامێرا‌كان ده‌ڕۆستی خوڵقاندنیان نه‌یه‌ن و داهێنان په‌یوه‌ست بێته‌وه به فراوانی خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی هونه‌رمه‌ندانه‌وه، ته‌نانه‌ت لاساییكردنه‌وه‌ی سروشت و واقیعیش بلكێنه‌وه به ئه‌فراندن و خوڵقاندنی شێوازێكه‌وه كه كامێرا له توانستیدا نه‌بێت ئه‌و جیهانه تایبه‌تمه‌ندانه له گرته‌كانیدا ده‌ستگیر بكات.
فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر بۆ ئه‌وه تێناكۆشێت كه پێوه‌ر و بنه‌ماكان به‌سه‌ر هونه‌رمه‌نداندا بسه‌پێنێ بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ستاتیكا، به‌ڵكو پێویسته له‌سه‌ری وه‌ها بڕوانێته جوانیی كه به‌هایه‌كه له‌خۆیدا و به چ شێوه‌یه‌ك له كاره هونه‌رییه‌كاندا هاتۆته به‌رهه‌م، ئه‌مه‌ش به‌بێ شرۆڤه‌كردنی مه‌رجی پێشوه‌خته له‌سه‌ر به‌خششه هونه‌رییه‌كان.
گه بتوانین هونه‌ر به لاسایی كه‌ره‌وه‌ی سروشت بناسینه‌وه ( وه‌ك روانینی ریالیزمی و سروشتییه‌كان ) یان خواوه‌ندییه‌كی خاوه‌ن شێواز ( وه‌ك بۆچوونی شیلله‌ر و سپنسه‌ر و هیدیكه ) ئه‌وا ته‌واو دژی ده‌وه‌ستینه‌وه كه كار و كرده‌یه‌ك بێت، ( ڤالێری ) وه‌كو كاری گشتی ته‌ماشای ده‌كات و ( ئالن ) به‌چه‌شنی دروستكراو و پیشه لێكیده‌داته‌وه، هه‌رچی ( ئالتۆسێر )ه كه فه‌یله‌سوفی بونیادگه‌ریی و بزوێنه‌ری یه‌كه‌مینی تیۆری نوێی هونه‌ره، هونه‌ر وه‌ك چالاكییه‌كی بونیادی ناوزه‌د ده‌كات، چه‌ندین بۆچوون و بیروڕا به‌پێی سه‌رده‌م و زه‌مه‌نه‌كان سه‌باره‌ت به هونه‌ر خراونه‌ته ڕوو و له‌و پێناوه‌شدا ستاتیكا و فه‌لسه‌فه و ره‌خنه‌ی هونه‌ریی له شرۆڤه و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامن و شانبه‌شانی به‌خششه هونه‌رییه‌كان له كایه‌دان.
مانای فه‌لسه‌فه:
فه‌لسه‌فه كایه‌یه‌كی ره‌خنه‌ییه كه شرۆڤه‌ی شتێك ده‌كات تاوه‌كو خاڵه لاواز و به‌هێزه‌كانی دیاری بكات، به‌مه‌ش فه‌لسه‌فه وه‌ك توێژینه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌ییه و په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به ره‌گه‌ز و یه‌كه‌كانی بابه‌ته‌كه و لێیده‌كۆڵێته‌وه و خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كات نه‌ك به‌ده‌رخستنی كه‌موكورتییه‌كان ئامانجی سه‌ره‌كی بێت، هه‌موو ئه‌و بیرۆكانه‌ش ڕه‌تده‌كاته‌وه كه به‌ڵگه و ده‌ستكه‌وتی راسته‌قینه‌یان نییه، هه‌ربۆیه له ئه‌ستۆیه‌تی بایه‌خ بدات به پشكنین گه‌ڕان بۆ گه‌وهه‌ری شته‌كان، هه‌روه‌ها راستگۆیانه جه‌خت له‌و به‌خششانه ده‌كاته‌وه كه پاساویان بۆ ژیان ده‌گه‌ڕێته‌وه یان بۆ شتهایه‌كی دیكه، له‌وێوه‌یه ناهێڵێت شۆڕبینه‌وه بۆ حوكمدانی ره‌هامان ده‌رباره‌ی كاره هونه‌رییه‌كان، چونكه هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كه و پێكهاته‌ی كاره هونه‌رییه‌كان ده‌بنه‌وه ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی دابه‌ش ده‌بنه‌وه به‌سه‌ر چه‌ندین كایه‌ی زیندوودا و ناكرێت له پێودانگێكه‌وه هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی به چاو و دیدگایه‌ك بخوێنینه‌وه، كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازه له‌گه‌ڵ كایه‌ی ستاتیكی و ته‌كنیكیدا و شیكاریی ده‌روونیش پێوه‌ری ستایل و شێوازه تایبه‌ته‌كان نییه، به واتایه‌كی پوخت، ئه‌وه‌ی ئه‌ركی فه‌لسه‌فه‌یه نزیكبوونه‌وه‌یه له توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستییانه و به‌خشینی به‌هایه به‌و شتانه‌ی شرۆڤه‌یان ده‌كات نه‌ك به‌خشینی بوون و ئاماده‌گیی كه ئه‌وه‌یان له‌ئه‌ستۆی زانسته‌كانه.
ستاتیكا:
جوانینانسی و ستاتیكا یان كه هه‌ندێك جار فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ریشی پێده‌وترێت لكێكه له لكه‌كانی فه‌لسه‌فه، ستاتیكا ئه‌ركی ئه‌وه‌یه هه‌ڵده‌ستێ به تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌ییانه بۆ هه‌ریه‌كێك له: به‌ها و گرنگی هونه‌ر، سروشتی هونه‌ر، هونه‌ره جوانه‌كان، جیاكاری چییه له‌نێوان هونه‌رمه‌ندی داهێنه‌ر و هونه‌رمه‌ندێكی ئاسایی، چ ئه‌زموونێك ده‌بێته به‌خشینی چێژ و چه‌شه‌ی هونه‌ریی، ئه‌و ئه‌زموونه بۆچی جێی بایه‌خ و گرنگییه، ئه‌رك و وه‌زیفه‌ی هونه‌ر چییه و ده‌شێت ناكۆكییه‌كانی په‌یوه‌ست به هونه‌ر پۆلێن بكه‌ین و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌و ته‌وه‌رانه‌دا ده‌خولێنه‌وه.
جیاوازی نێوان ره‌خنه و ستاتیكا:
ره‌خنه هه‌ڵده‌ستێت به شیكردنه‌وه‌ی كاری هونه‌ریی و ده‌ستنیشانی ستاتیكا ده‌كات، هه‌رچی ئه‌و بنه‌مایانه‌یه كه ره‌خنه‌گر ده‌یسه‌پێنێ به‌سه‌ر كاره هونه‌رییه‌كه‌دا په‌یوه‌سته به جوانیناسییه‌وه، یان به واتایه‌كی تر، ئه‌گه‌ر ره‌خنه خوێندنه‌وه و شرۆڤه‌كردنی كاری هونه‌ریی بێت به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی په‌یوه‌ندی نێوان ستاتیكای كاری هونه‌ریی و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی چێژی لێده‌بینن، ئه‌وا جوانیناسی ده‌بێته‌وه پێودانگ بۆ ئه‌و كرده‌یه.. یاخود به‌شێوه‌یه‌كی دیكه ئه‌گه‌ر ره‌خنه به لكێكی فه‌لسه‌فه خۆی بناسێنی، ئه‌وا ستاتیكا ده‌بێته‌وه ره‌خنه‌ی ره‌خنه.
ئه‌و پرسیاره‌ی لێره‌دا پێویسته بكرێت ئه‌وه‌یه بزانین هونه‌ری ستاتیكی چییه؟! ئه‌م پرسیاره و وه‌ڵامدانه‌وه‌شی یه‌كێكه له پرسیار و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ردا، چونكه تاوه‌كو چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك ئه‌م پرسه نه‌ك ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی سه‌پاندبوو به‌سه‌ر فه‌یله‌سوفانی هونه‌ر به‌ته‌نها، به‌ڵكو هونه‌رمه‌ندان و مامۆستایانی هونه‌ریشدا، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه شاره‌زا و پسپۆڕیش نه‌بوون و وه‌ك هونه‌ردۆستان بینه‌ری كاره هونه‌رییه‌كان بوون، بۆئه‌وه‌ی بزانین هونه‌ری جوان چییه له وه‌ڵامێكی زۆر ساده و ئاسان و به‌ربڵاوی تیۆری لاساییكردنه‌وه‌دا، ئه‌وا په‌رچه‌كردارێكی پیشه‌یی راستگۆیانه‌یه بۆ بابه‌ته‌كان و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش كه له‌و بابه‌تانه‌دا ده‌دۆزرێنه‌وه، تاڕاده‌یه‌كی ئه‌وتۆ لێكچوونیان هه‌یه له‌گه‌ڵ نمونه‌كانی جیهانی ده‌ره‌كیدا و كاره هونه‌رییه‌كان كۆپی یاخود لاساییان ده‌كه‌نه‌وه، كاری پۆرترێت كۆپیكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سێتییه‌یه كه نیگاره‌كه له‌خۆی ده‌گرێت و بینه‌ران ده‌یناسنه‌وه یاخود هه‌وڵده‌ده‌ن له‌و تۆماره‌دا بیدۆزنه‌وه، به‌مانای له یه‌كه‌مین بینین‌دا هه‌وڵدانه بۆ چوونیه‌كی واقیع و به‌رجه‌سته‌كردنی، له‌مباره‌یه‌وه ( لیۆناردۆ داڤینشی ) پێی وایه كه هونه‌ری نیگاركێشان لاساییكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو بینراوه‌كانی نێو سروشته و مه‌زنترین نیگاركێشان ئه‌وانه‌ن كه نزیكن له‌و بینراوه راسته‌قینانه‌وه.. ( ئه‌فلاتون ) ده‌ڵێت: هه‌موو ئه‌و شته‌ی هونه‌رمه‌ند پێویستیه‌تی ئه‌وه‌یه ئاوێنه‌یه‌ك بگرێت و به هه‌موو لاكان‌دا بیسوڕێنێ، فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیاڵی ئه‌فلاتونی وه‌ها پوختی ده‌كاته‌وه كه بیركردنه‌وه ئه‌زه‌لییه‌كان و ئه‌قڵی مرۆیی ئامرازی تێگه‌یشتنن و ده‌گه‌ڕێن به‌دوای ئه‌و راستییانه‌دا كه گه‌ردوون هه‌یه‌تی، هه‌وڵدانی مرۆڤیش بۆ دۆزینه‌وه‌ی راستییه‌كان له‌ڕێی ئاوه‌زه‌وه ده‌بێت كه ئامرازێكی به‌توانایه و له كایه‌كانی فه‌لسه‌فه و ماتماتیكدا ئه‌و مه‌عریفه‌یه ده‌ستگیر ده‌كات.
ده‌رباره‌ی واتای هونه‌ر:
هونه‌ر چالاكییه‌كی مرۆییه و له چاخه‌كانی به‌ر له مێژووه‌وه ئاماژه‌ی پێكراوه، ئه‌و چالاكییه به‌رهه‌می كۆمه‌ڵه كه‌سانێكه كه خاوه‌نی به‌هره‌ی داهێنه‌رانه‌ن و ده‌توانن گوزارشت بكه‌ن له‌ڕێی ژانره هونه‌رییه‌كان و ئه‌و بیرۆكه و بابه‌تانه‌وه كه كارده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌وانی تر، چه‌ندین پێناس هه‌ن بۆ هونه‌ر، وه‌ك: هونه‌ر به‌رهه‌مهێنانی ره‌گه‌زی خوڵقێنراوه له‌ڕێی داهێنانه‌وه، به‌وه‌ش كاریگه‌ریی ستاتیكا ده‌به‌خشێت به وه‌رگران، له زۆرینه‌ی كاتدا وشه‌ی هونه‌ر ئاماژه به هونه‌ره بینراوه‌كان ده‌دات، واته ( نیگاركێشان، په‌یكه‌رسازیی، گڵینه، وێنه‌گرتن )، هه‌روه‌ها هونه‌ر ئامرازی ده‌ربڕینی بیرۆكه و بیركردنه‌وه‌كانه و ئامرازی گه‌یاندن و به‌خشینی رۆشنبیرییه.. له ساڵانی 1750 دا پێناسه‌ی هونه‌ر ئاماژه‌دان بوو به توانست و ده‌ستڕه‌نگینی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و شتانه‌وه كه جوانییان ده‌به‌خشی، واته لێهاتوویی له پیشه و لێهاتوویی، داهێنان و لاساییكردنه‌وه و هه‌ڵهێنجاندا، به‌رهه‌مهێنه‌ری هونه‌ریش ئه‌و داهێنه‌ره بوو كه پشتی به لێزانی و لێهاتوویی ده‌به‌ست و خاوه‌نی ده‌ستڕه‌نگینی بوو.. جگه له‌مانه‌ش هونه‌ر وه‌ك گوزارشتكردن له بیرۆكه تاكه‌كه‌سییه‌كان و بیری كۆمه‌ڵگه‌ش ناسراوه كه جوانی ده‌خوڵقێنێ، یان گۆڕینی بینراوه‌كانه به كۆمه‌ڵه هێما و سیمبۆلێك كه ئاماژه‌به‌خش بن، له مێژوودا چه‌مكی هونه‌ر به ده‌ستڕه‌نگینییه‌وه لكێندراوه وه‌لێ له ده‌موه‌ختی سه‌رهه‌ڵدانی رۆمانسیزمه‌وه ئه‌و چه‌مكه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و كایه‌ی هونه‌ریی له زانسته مرۆییه‌كاندا پۆلێنكرا، فه‌یله‌سوفان ئیدی له پێناسه و به‌های هونه‌ریدا جیاوازی كه‌وته بیروبۆچوونیانه‌وه، ئه‌و شرۆڤه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ پێیده‌ڵێین فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر و چه‌نده‌ها خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی ده‌رهه‌ق ده‌كات و له ره‌هه‌نده‌كانی ده‌كۆڵێته‌وه، ده‌كرێت شتێك له‌و پێناسانه به‌م چه‌شنه پوخت بكه‌ینه‌وه:
هونه‌ر لاساییكردنه‌وه‌یه ( ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ ).. هونه‌ر گوزارشتكردن و ده‌ربڕینه ( بندیتۆ كروچه ).. هونه‌ر دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه ( دۆركایم ).. هونه‌ر سیمبۆل و هێمایه ( سوزان لانگه‌ر ).. هونه‌ر هه‌ڵهێنجانه ( هینری برگسۆن ).
چه‌مكی جوانی هونه‌ر لای گریكییه‌كان:
گریكییه‌كان سه‌روه‌ختێك چه‌مكه دێرینه‌كانی جوانیی هونه‌رییان له هونه‌رمه‌ند و دروستكه‌ردا كۆده‌كرده‌وه به‌و پێیه‌ی هه‌ردووكیان خاوه‌ن ده‌ستڕه‌نگینی و پیشه‌وه‌رین، ئه‌ندازه و زۆرینه‌ی پیشه‌سازیی و پیشه‌كانیش ده‌ڕژانه‌وه نێو ناسنامه‌ی هونه‌ره‌وه، دواتر ( ئه‌رستۆ ) هه‌ستا به دانانی پێناسه‌یه‌ك بۆ جیاكردنه‌وه‌ی نێوان ( هونه‌ره جوانه‌كان ) و ( هونه‌ره سودبه‌خشه‌كان ). گریكییه‌كان جوانییان له هاوسه‌نگی و رێژه‌كاندا ده‌بینییه‌وه، په‌یوه‌ندی پێوانه‌كان بۆ نمونه له بۆته‌ی زێڕ و ته‌ڵادا ده‌گاته ئامانج كاتێك رێژه‌ی به‌شی كه‌مینه و زۆرینه یه‌كسان ببێته‌وه له‌گه‌ڵ به‌شی زۆرینه و گشت‌دا، بۆ نمونه: 5:8- 13:8- 13:12. به‌م چه‌شنه پێناسه‌ی جوانیی ده‌كرا كه ئایدیاڵی بێت و مه‌حكوم بێته‌وه به په‌یوه‌ندییه لۆژیكییه جێگیره‌كانه‌وه، ئه‌وه‌ش به پشت به‌ستن به ئه‌زموونی بینینه‌وه كه هونه‌رمه‌ند هه‌یه‌تی و له میانی ستاتیكادا ده‌یخوڵقێنێ، هه‌ربۆیه جوانیی لای گریكییه‌كان په‌یوه‌ستبوونی یه‌كه‌كانه به‌یه‌كتره‌وه له‌میانی هارمۆنیه‌ت و سیستم و هاوسه‌نگی و چونیه‌كی شێوه‌كاندا.
تیۆری لاساییكردنه‌وه:
لاساییكردنه‌وه په‌رچه‌كردارێكی پیشه‌ییه بۆ بابه‌ته ئه‌زموونكراوه‌كان و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی چونیه‌ك ده‌بنه‌وه له‌گه‌ڵ ژیانی هه‌ستپێكراودا، هه‌روه‌ها لێكچوونی ئه‌و شتانه‌یه كه ئێمه ده‌یانزانین و پێشتر بینیومانن، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی لاساییكردنه‌وه و كۆپیكردنه‌وه بخه‌ینه به‌ر باس ده‌بینین ئاسته‌نگ و گرفته‌كان دێنه به‌ر پێناسه‌كانی هونه‌ره‌وه، چونكه وه‌ك ده‌بینین زۆرینه‌ی كاره هونه‌رییه‌كانی هونه‌ری نوێ له‌سه‌ره‌تادا جێی ره‌زامه‌ندی نینه‌ران نه‌بوون و ته‌نها ئه‌و ئاماژانه‌یان تێدا ده‌بینییه‌وه كه هێمایه‌ك بوون بۆ واقیع هه‌ستپێكراو، یاخود كاره هونه‌رییه‌كان چ بابه‌تێكیان به‌رجه‌سته نه‌ده‌كرد كه پێشتر لای هه‌مووان زانرابێت، وته‌كه‌ی داڤینشی جێی بایه‌خی بینه‌ران ده‌بۆوه كه ده‌یوت مه‌زنترین تابلۆ ئه‌وانه‌ن كه زۆر نزیكده‌بنه‌وه له شته بینراوه‌كانی نێو سروشت، له‌به‌رئه‌وه وه‌رگران و هونه‌ردۆستانیش ئه‌و كارانه‌یان به‌لاوه گرنگ بوو كه لاسایی نمونه‌ی راسته‌قینه‌یان ده‌كرده‌وه و توانسته‌كانی هونه‌رمه‌ندیان لێوه ده‌ستگیر ده‌كرد نه‌ك جیهانێك كه پێشتر هیچی له‌باره‌وه نه‌زانن، هه‌ربۆیه هونه‌ری فۆتۆگراف له‌و كاتانه‌دا باشتر سه‌قامگیری به‌ده‌ست ده‌هێنا چونكه هه‌موو گۆشه و لایه‌نه ورده‌كانی ژیانی ره‌نگ پێده‌دایه‌وه و خێراتر ره‌وشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تۆمار ده‌كرد.
له فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ردا ئه‌رستۆ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌فلاتونه‌وه وایده‌بینی كه هونه‌ر ئه‌ركێكی دوو لایه‌نه‌ی هه‌یه، به‌و پێیه‌ی كۆپی سروشت ده‌كاته‌وه و ده‌گاته پله‌ی باڵابوون نه‌ك گواستنه‌وه‌ی رواڵه‌تی شته هه‌ستپێكراوه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له واقیعدا بوونیان هه‌یه ( وه‌ك وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی )، به‌ڵكو ئه‌و واقیعه‌ی هونه‌ر لاسایی ناواخنه راسته‌قینه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه، هونه‌ر ده‌توانێت بگاته ئه‌و جیهانه ناوه‌كییانه‌ی له شته‌كاندا هه‌ن و له یاسا و رێسادا سروشت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
لاساییكردنه‌وه‌ی سروشت لای ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ:
هه‌ردوو فه‌یله‌سوفان وایانده‌بینی كه هونه‌ر كۆپیكردنه‌وه‌ی سروشته، وه‌لێ جیاوازییه‌ك هه‌یه له دیدگایاندا، لای ئه‌رستۆ ئاراسته‌یه‌ك ده‌بینینه‌وه به‌ره‌و واقیع و كۆپیكردنه‌وه‌ی واقیع، ئه‌وه‌ش له‌میانی ده‌ستكاریی و رێكخستنه‌وه له‌لایه‌ن خوڵقێنه‌ری هونه‌رییه‌وه، وه‌ك ئاوێته‌بوونی كه‌سێتیی هونه‌رمه‌ند تاوه‌كو واقیع باشتر به‌رجه‌سته بكات و بیگه‌یه‌نێته جوانیی و كامڵبوون، جیاوازی نێوان ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتون ئه‌وه‌یه كه ده‌كرێت به هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئه‌فلاتون بڵێین بابه‌تیانه‌ی ئایدیاڵی و ئه‌وه‌ی ئه‌رستۆش به هه‌ڵوێستی بابه‌تیانه‌ی واقیعی ناوزه‌د بكه‌ین.
فه‌لسه‌فه‌ی جوانیی لای ئه‌رستۆ:
یه‌كه‌م: هونه‌ر و لاساییكردنه‌وه:
هه‌ندێك له توێژه‌ره‌وان بۆ ئه‌وه ده‌چن كه ئه‌رستۆ هونه‌ری وه‌ك كۆپیكه‌ره‌وه‌ی سروشت ناوزه‌د كردووه، ئه‌مه‌ش له‌ڕاستییه‌وه دووره چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌رستۆ جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه، هونه‌ر لای ئه‌و یان ئه‌وه‌یه باڵاتر بێت له سروشت یاخود نزمتر و كه‌متر بێت، ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت هونه‌ر بگاته ئاستی سروشت شتێكه ئه‌رستۆ هه‌رگیز نایبینێته‌وه.. ئه‌رستۆ پێی وایه هونه‌ر كۆپی سروشت نییه، هه‌روه‌ها ته‌نها وێنه‌یه‌كی ته‌واوی جوانیی سروشت ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی قایلكه‌ره و هه‌ڵده‌ستێ به گۆڕینی سروشت و پاككردنه‌وه‌ی ژیان، گومانی تێدا نییه كه هۆكاری هونه‌ریی ناشێت هه‌مان واقیع و هه‌مان سروشت و ژیان بێت، له‌و میانه‌شدا ئه‌رستۆ چه‌مكه‌كه‌ی دیاریكردووه. پاش ئه‌وه‌ی ئه‌فلاتون چه‌مكی لاسایی سه‌پاند به‌سه‌ر هه‌موو جۆره داهێنانێكدا، ئه‌رستۆ بیرۆكه‌ی لاسایی له هونه‌ره جوانه‌كاندا كورت كرده‌وه و ناوی لێنان ( هونه‌ری لاسایی ) بۆئه‌وه‌ی له هونه‌ره‌كانی دیكه‌ی جیابكاته‌وه، ئه‌مه‌شی بۆ ئه‌وه كرد تاوه‌كو هونه‌ره جوانه‌كانی پێ ده‌ستنیشان بكات و له‌گه‌ڵ هونه‌ره پیشه‌وه‌رییه‌كانی دیكه جیای بكاته‌وه، له‌باره‌ی هونه‌ره كۆپیكه‌ره‌وه‌كان بۆچوونی وایه كه ئامانجیان به‌خشینی چێژ و چه‌شه‌ی هونه‌ریی و كاری ستاتیكییه و هونه‌ره پیشه‌وه‌رییه‌كانیش ئامانجیان به‌رهه‌می سودمه‌نده، لاسایی به‌م چه‌شنه پوخت ده‌كاته‌وه: ( ئامراز، بابه‌ت، رێگه و شێواز )
ئامراز: هۆكار و ئامرازێكه كه هونه‌رمه‌ند به‌كاریده‌هێنێ، به‌مانایه‌كی ته‌واوتر وه‌ك ئه‌و زمانه‌یه كه شاعیر به‌كاریده‌هێنێ و ئه‌و به‌رده‌ش كه په‌یكه‌رتاش به‌كاریده‌هێنێ، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ریتمێكی پێداوه بۆئه‌وه‌ی ببێته نێوه‌ندێكی ستاتیكی، ئه‌رستۆ لای وایه هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی زانیاری تیۆرییه‌وه ده‌گاته ئه‌وه یان به مه‌شق و راهێنانی به‌رده‌وام بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی شێوه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی لاساییان ده‌كاته‌وه.
بابه‌ت: ئه‌رستۆ رای وایه ماده‌م لاساییكردنه‌وه به‌رجه‌سته‌ی كاره‌كانی خه‌ڵكییه، ئه‌وا ده‌بێت یان باشتریان پێشكه‌ش بكات یان خراپتر و یاخود ئه‌وه‌ی تێیدان.
رێگه و شێواز: ئه‌رستۆ مه‌به‌ستی ژانری ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه، ئه‌و زمانه‌یه كه شاعیر و په‌خشان نووس به‌كاریده‌هێنن، ئاشان ئه‌و رێگه و شێوازه‌ش كه هونه‌رمه‌ند شیعر به‌كارده‌هێنێ و ده‌یكاته چیرۆكئامێزانه، یان وه‌كو دیالۆگ به‌كاریده‌هێنێ و ده‌یكاته دراما.
به‌م شێوه‌یه تیۆره‌كه‌ی ئه‌رستۆ ده‌بێته‌وه به‌رپه‌چدانه‌وه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بۆ بیروڕاكانی ئه‌فلاتون، هونه‌ر وه‌ك ئه‌رستۆ ده‌یبینێ لاساییكردنه‌وه‌یه، لاساییكردنه‌وه‌ی شتێك نییه ئه‌وه‌نده‌ی لاساییكردنه‌وه‌ی كردارێكه، هونه‌ر به‌ره‌و هه‌ڵچوونه‌كان ئاراسته ده‌گرێ و ده‌یانوروژێنێ نا بۆئه‌وه‌ی ببنه نه‌خۆشییه‌ك، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی بۆ ژیان بگه‌ڕێنێته‌وه چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ی له‌گه‌ڵدا هه‌یه. وه‌ك چۆن شیعریش لاساییه، موزیكیش له‌وه به‌ده‌ر نییه، ئه‌رستۆ له‌گه‌ڵ ئه‌فلاتونی مامۆستایدا هاوڕایه كه موزیك شێوازه‌كانی له‌سه‌ر نمونه‌ی گونجاندنی گه‌ردوونی لاسایی ده‌كاته‌وه، ئه‌رستۆش وه‌ك گریكییه‌كان روانیویه‌تیه موزیك كه زۆرتر لاسایی كه‌سێتی ده‌كاته‌وه و نمایشی ده‌كات به‌و پێیه‌ی وێنه‌یه‌كی راسته‌وخۆی كه‌سێتی بێ و كۆپییه‌كی ته‌واوی بێت. ئه‌رستۆ له‌سه‌ره‌تاوه پێی وایه ئه‌وانه‌ی بڕیار له‌سه‌ر موزیك ده‌ده‌ن پێویسته ژه‌نیار و گۆرانیبێژه‌كان بن.
ئه‌و لاساییه‌ی له هونه‌ری شێوه‌كاریدا بوونی هه‌یه توانستی ته‌واوی نییه له گوزارشتكردنی ره‌وشی ناخ و ده‌روونی مرۆیی وه‌ك موزیك و شیعر ده‌یكه‌ن، ئه‌گه‌ر له چونیه‌كی و هاوسه‌نگیدا خۆی بنوێنێ به‌مانای توانستی هه‌یه له ده‌ربڕینی هاوسه‌نگی ده‌روون و جیهانی ناوه‌كیدا، ئه‌رستۆ زۆر ده‌رباره‌ی په‌یكه‌رتاشین یان په‌یكه‌رسازیی نه‌دواوه و واپێده‌چێت قسه‌نه‌كردنی له‌مه‌ڕ ته‌لارسازیش بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه وه‌ك هونه‌رێكی سودمه‌ند ته‌ماشای كردبێت نه‌ك هونه‌ری لاساییكردنه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر لاساییش له‌خۆ بگرێت ئه‌وا نابێته‌وه كۆپیكردنه‌وه‌ی ژیانی مرۆیی، به‌ڵام سه‌باره‌ت به شیعر، ئه‌رستۆ هه‌وڵێكی زۆری بۆ ته‌رخان كردووه و وه‌ك لاساییه‌ك ئه‌ژماری كردووه، وه‌لێ كێش و ریتمی فه‌رامۆش نه‌كردووه و شیعری تراژیدی به زمانێكی رازاوه‌ی سازشكه‌ر پێناسه كردووه.
ته‌ها ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ
سه‌رچاوه:
1- فلسفه، ویكیبیدیا، الموسوعه الحره 2009.
2- الاسگیگیقیا و فلسفه الفن، كتب مكتبه الاسكندریه، كۆمه‌ڵێك توێژه‌ره‌وه 2010.
3- فلسفه الفن، شاكر نعه، پقافه و فن 2008.
4- فلسفه و النقد الفنی، دنی هویسمان 2010.