دیموكراسی سه‌ره‌تا، بنه‌ما، چه‌سپاندنی
ده‌ستپێك
دیموكراسی‌و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، دوو چه‌مكی سیاسی‌و سۆسیۆلۆژین، ئه‌گه‌رچی هه‌ریه‌كه‌یان له‌بونیادو پێكهاته‌دا چه‌مكێكی ته‌واو سه‌ربه‌خۆو جیاوازن له‌یه‌كدی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانی له‌نێوان دیموكراسی‌و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا هه‌یه، ئه‌م په‌یوه‌ندییه به‌شێوه‌یه‌كه كه‌ڕه‌نگه ئاسان نه‌بێت باسی هه‌ریه‌كه‌یان به‌بێ ئه‌ویتریان بكه‌ین.
دیموكراسی‌و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، له‌دێرزه‌مانه‌وه دوو چه‌مكی سه‌رنج راكێش بووه، كه‌م فه‌یله‌سوف‌و بیرمه‌ند هه‌یه له‌تێزو نووسینه‌كانیاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر نه‌كردبێته‌وه، یان لێی نه‌دوابن‌و به‌هه‌ند وه‌ریان نه‌گرتبێت. هه‌ر فه‌یله‌سوف‌و بیرمه‌ندێك له‌چاویلكه‌و روانگه‌ی تایبه‌تی خۆیه‌وه لێی روانیوه. هه‌یانه كه‌م‌و هه‌شیانه زیاتر داكۆكیان لێكردووه، هه‌یانه په‌سه‌ندیان كردووه، هه‌شیانه دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا جێگای سه‌رنج‌و بایه‌خه ئه‌وه‌یه كه زۆرێك له‌بیرمه‌ندو فه‌یله‌سوفه‌كان (ئه‌وانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌شیان له‌گه‌ڵدا بێت) دیموكراسی‌و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی وه‌ك دیفاكتۆیه‌كی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگ بۆ مرۆ ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م.
دیموكراسی كه به‌شێكه له‌زانستی سیاسه‌ت، وشه‌یه‌كی یۆنانییه‌و به‌مانای ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك، یان نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی دێت.
زۆرێك له‌بیرمه‌ندان سه‌ره‌تاو ده‌ستپێكی سیستمی دیموكراسی ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ساڵی 461ی پێش زاین، كه له‌وڵاتی یۆنان‌و به‌تایبه‌تی له‌شاری ئه‌سینادا پیاده‌كرا، ئه‌مه به‌رده‌وام بوو هه‌تا ئه‌وكاته‌ی كه مه‌كدۆنییه‌كان هێرشیان كرده سه‌ر یۆنان‌و داگیریان كرد، به‌داگیركردنی ئه‌سینا، ته‌واوی بنه‌ماكانی دیموكراسی له‌به‌ین بران، هه‌ڵبژاردن‌و ئازادی راده‌ربڕین‌و ده‌سه‌ڵاتی راسته‌وخۆی خه‌ڵكی سنوورداركران.
دادگایی كردنی (سوكرات)و كوشتنی به‌ژه‌هر، شكۆی دیموكراسی یۆنانی هێنایه خواره‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ كه‌س دادگایی كردنه‌كه‌ی (سوكرات) په‌یوه‌ست ناكه‌ن به‌ڕه‌وشی داته‌پیوی دیموكراسی ئه‌سیناوه، به‌ڵكو زیاتر په‌یوه‌ستی ده‌كه‌ن به‌سروشت‌و پێكهاته‌و كه‌لتوری ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی یۆنان‌و ئه‌وروپاوه، نه‌ك خودی دیموكراسی.
دیموكراسی په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌شارستانی‌و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌یه، بۆ نموونه یۆنانییه‌كان كه خۆیان داهێنه‌ری چه‌مكی دیموكراسین، نه‌یانتوانی وه‌كو یه‌ك‌و له‌هه‌موو شارێكدا سیستمی راسته‌وخۆی حوكمی خه‌ڵكی بچه‌سپێنن، له‌م باره‌یه‌وه هه‌ندێ له‌توێژه‌ران‌و مێژوونووسان پێیان وایه كه دیموكراسی ته‌نها له‌شاری ئه‌سیناو ته‌نها له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا چه‌سپی‌و شاره‌كانی تری یۆنانی نه‌گرته‌وه.
ئه‌گه‌رچی به‌درێژایی مێژوو ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت، له‌هه‌مووكات زیاتر سیستمی دیموكراسی له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌موكورتی‌و ناته‌واوییه‌كانیدا، شیاوترین سیستمی حوكمڕانییه، به‌ڵام هه‌مووكاتێك‌و له‌هه‌موو جێگه‌یه‌ك وه‌كو یه‌ك له‌ئاستێكی جه‌ماوه‌ری گشتگیر‌و فراواندا په‌سه‌ندنه‌كراوه، به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌درێژایی مێژوو دیموكراسی چه‌نده له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه پشتیوانی لێكراوه‌و پیرۆز راگیراوه، له‌وه‌زیاتر دژایه‌تی كراوه‌و ئاسته‌نگی جۆراوجۆری له‌به‌رده‌مدا قوتكراوه‌ته‌وه‌و ویستراوه له‌بارببرێت، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج‌و تێڕامانه ئه‌وه كه نه‌ك ته‌نها ده‌سه‌ڵاتداران، به‌ڵكو زۆرێك له‌بیرمه‌ندو فه‌یله‌سوفه‌كانیش، له‌تێزو نووسینه‌كانی خۆیاندا دژی سیستمی دیموكراسی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌و بۆ گرتنه‌به‌ری ده‌سه‌ڵات به‌شیاویان نه‌زانیوه، له‌وانه (ئه‌فڵاتوون)و (سوكرات)، به‌شێوه‌ی جیاجیا ره‌خنه‌یان له‌دیموكراسی گرتووه.
له‌ڕوانگه‌ی ماركسیزمیشه‌وه، دیموكراسی ده‌ستكه‌وتێكی كاتی بۆرژوازییه‌و تاسه‌ر ناتوانێت هه‌موو خواسته‌كانی مرۆڤی تیا بهێنرێته دی.
له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی مێژوودا جیاوازی له‌نێوان خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵاتداراندا هه‌بووه، ته‌نانه‌ت له‌قۆناغی دیموكراسی راسته‌وخۆی ئه‌سیناشدا، به‌ڵام له‌هه‌ندێ قۆناغدا ئه‌م سنووربه‌ندییه تاڕاده‌یه‌ك كاڵ ده‌بێته‌وه‌و له‌هه‌ندێ قۆناغی تردا تۆخ ده‌بێته‌وه.
له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هه‌وڵدان بۆخه‌مڵاندنی كه‌شی ئازاد‌و دیموكراسی، یه‌ك شێوه‌ی جێگیری نه‌بووه، به‌چه‌ندین فۆرم‌و ناوه‌ڕۆكه‌وه نمایش كراوه. هه‌میشه بیرمه‌ندان‌و فه‌یله‌سوفه‌كان پێشه‌نگ بوونه له‌هێنانه‌كایه‌و چه‌سپاندنی سیستمی دیموكراسی له‌كۆمه‌ڵدا، به‌ڵام ئه‌وانیش له‌بیركردنه‌وه‌و تێفكرینیاندا بۆ مه‌سه‌له‌كانی مافی مرۆڤ و حكومڕانی كردن‌و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری سیاسی‌و ئابووری‌و بازرگانی وڵات جیاوازییان هه‌بووه‌و هه‌یه. له‌هه‌ندێ قۆناغداو له‌لای هه‌ندێ فه‌یله‌سوف‌و بیرمه‌ن ره‌وایی ده‌سه‌ڵات‌و حكومڕانی وڵات ته‌نها به‌شیاوی ده‌وڵه‌مه‌ندو خانه‌دان، یان شاعیر‌و نووسه‌ران زانراوه، له‌وانه ئه‌فڵاتوون له‌كۆماره خه‌یاڵییه‌كه‌یدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه. ئه‌مه له‌كاتێكدا به‌شێوه‌ی جۆراوجۆریش رێزیان له‌هه‌ژاران گرتووه‌و داكۆكیشیان له‌مافه‌كانیان كردووه، به‌ڵام قسه‌كردن‌و ده‌ستێوه‌ردان له‌كاروباری سیاسه‌تی وڵات به‌كاری ئه‌وان نازانن، وای به‌یان ده‌كه‌ن كه سیاسه‌ت سروشت‌و پێكهاته‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌و هه‌موو كه‌سێك بۆی نییه قسه‌ی تیادا بكات، چ جای ئه‌وه‌ی داوای به‌شداریكردن له‌حوكمی وڵات‌دا بكات.
جگه له‌مانه، زۆرجار جیاوازی نه‌ته‌وه، ره‌گه‌ز، ئاین، فاكته‌ری به‌هێزو خاڵی سه‌ره‌كی بوونه له‌وه‌ی كه هه‌ندێ كه‌س بێبه‌ش بكرێن له‌قسه‌كردن له‌سیاسه‌ت‌و ده‌ست وه‌ردان له‌كاروباری وڵات‌دا، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه كاری له‌سه‌رنه‌كراوه، به‌ڵكو له‌لایه‌ن روناكبیرانیشه‌وه داكۆكی لێكراوه‌و به‌ڕه‌وا دراوه‌ته قه‌ڵه‌م.
هه‌رله‌م روانگه‌یه‌وه‌یه كه زۆرێك له‌بیرمه‌ندانی پۆست مۆدێرنه هه‌ندێك له‌رۆشنگه‌ره فه‌ڕه‌نسسییه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه تێز‌و بیركردنه‌وه‌كانیان كاریگه‌ریی جه‌وهه‌ری هه‌بوو له‌گۆڕینی ره‌وتی مێژوودا، به‌وه تاوانباری ده‌كه‌ن كه نه‌یانتوانیوه به‌ته‌واوی دیموكراسی بن. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌بێت بڵێین: كه شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره بوو له‌سه‌ر داخوازی خه‌ڵكی بۆ خه‌مڵاندن‌و دواجاریش چه‌سپاندنی دیموكراسی، چونكه له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌وه‌ی له‌ئه‌ندێشه‌و هزری فه‌یله‌سوف‌و بیرمه‌ندانی فه‌ڕه‌نسادا له‌سه‌ر دیموكراسی‌و ئازادی مافه‌كانی مرۆڤدا هه‌بوو، ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وروپاو هه‌موو جیهانیشی گرته‌وه.
هه‌ندێك له‌بیرمه‌ندان پێیان وایه كه دیموكراسی له‌ڕووی سیاسییه‌وه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی نوێیه‌و بۆ دوای شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام له‌پێش ئه‌م مێژووه‌وه ته‌نها له‌ڕووی ئه‌ده‌بییه‌وه مانایه‌كی هه‌بووه‌و گفتوگۆ‌و مشتومڕی له‌سه‌ركراوه، به‌ڵام راستیه‌ك هه‌یه كه ده‌بێت دانی پێدابنێین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه جگه له‌فه‌یله‌سوف‌و بیرمه‌ندانی فه‌ڕه‌نسی، چه‌ند بیرمه‌ندو فه‌یله‌سوفێكی تریش رۆڵ‌و نه‌قشیان هه‌بووه، له‌هێنانه كایه‌ی تێزی دروست‌و تایبه‌ت له‌مه‌ڕ دیموكراسی‌و ئه‌ندێشه‌ی سیاسی لیبراڵدا، له‌وانه فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی (جۆن لۆك 1619-1704).
(لۆك) پێی وایه بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی، ته‌نها له‌سایه‌ی سیستمێكی ئازاد‌و دیموكراسیدا دروست ده‌بێت، له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ره‌هادا، له‌سه‌ربنه‌مای په‌یمان، یان ره‌زامه‌ندی خه‌ڵكی جێگیرده‌بێت، ده‌وڵه‌ت ئه‌مانه‌تێكه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ده‌درێت به‌ده‌سه‌ڵاتداران، ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێك ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ی نه‌پاراست، ئه‌وا خه‌ڵكی به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی نه‌ته‌وه‌و ره‌گه‌زو ئاین، مافی خۆیانه له‌دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بووه‌ستنه‌وه‌و له‌سه‌ركاری لابه‌رن. ئه‌م تێزه‌ی (لۆك) ئه‌وه روونده‌كاته‌وه كه وزه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و یاسایی له‌خه‌ڵكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، هه‌ر خه‌ڵكه ره‌وایی ده‌سه‌ڵات دیاری ده‌كات، خه‌ڵكیش له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ت‌و یاسادا وه‌كو یه‌ك یه‌كسانن.
له‌گه‌ڵ ئه‌م داكۆكیكردنه‌ی (لۆك) له‌خه‌ڵكی، هێشتا ره‌خنه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی بۆ دیموكراسی هه‌یه، به‌وه‌ی (لۆك) هه‌وڵده‌دات كه خه‌ڵكی وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات ره‌سمییه‌ت وه‌ربگرێت، ئه‌و هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان شێوه جیاجیاكانی ده‌وڵه‌ت، كه له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌زامه‌ندی خه‌ڵكی جێگیرن، نابینێت.
له‌كۆی ئه‌م قسانه‌دا راستیه‌كمان بۆ ئاشكراده‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه دیموكراسی به‌بێ به‌شداریكردن‌و ئاماده‌بوونی ئیراده‌ی خه‌ڵكی له‌كۆمه‌ڵدا مانایه‌كی نییه. له‌م ده‌روازه‌یه‌وه ده‌مانه‌وێت قسه‌یه‌كیش له‌ڕۆڵی خه‌ڵكی له‌گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات‌و خۆبه‌ڕێوه‌بردن بكه‌ین، بێگومان ته‌نها لێره‌وه‌یه كه ده‌توانین دیموكراسی ببینین، یان هه‌ستی پێبكه‌ین.
دیموكراسی، خۆبه‌ڕێوه بردن، نوێنه‌رایه‌تیكردن
مرۆڤ پێش ئه‌وه‌ی ئاگر بدۆزێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ساده‌و ساكار‌و هه‌موو وه‌كویه‌ك له‌ئه‌شكه‌وته‌كاندا ده‌ژیان، هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان مرۆڤێك‌و مرۆڤێكی تردا نه‌بوو، هه‌موو وه‌كویه‌ك به‌ڕۆژ راویان ده‌كردو به‌شه‌ویش له‌په‌ناو په‌سێرێكدا رۆژیان ده‌كرده‌وه. ره‌وایه پرسیارێك له‌خۆمان بكه‌ین: ئایا له‌و قۆناغه‌دا چی شتێك وایكرد كه هه‌ندێ مرۆڤ ملكه‌چ بكات بۆ هه‌ندێكی تر؟ له‌وه‌ڵامێكی كورت‌و ساده‌ی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌بێت بڵێین: دوو فاكته‌ری سه‌ره‌كی بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك له‌مرۆڤه‌كان ببنه كۆیله‌ی هه‌ندێكی تریان، به‌مانایه‌كی تر هه‌ندێك مرۆڤ بوون به‌ده‌سه‌ڵاتدارو هه‌ندێكی تریش جێبه‌جێكاری فه‌رمانه‌كان، ئه‌و دوو فاكته‌ره‌ش (ژیری‌و ئازایه‌تی) بوون.
له‌به‌رئه‌وه‌ی توانای مرۆڤه‌كان هه‌رگیزو هیچ كات یه‌كسان نه‌بووه به‌یه‌ك، بۆیه كاتێك مرۆڤه‌كان له‌و قۆناغه‌داو بۆ بژێوی ژیانی رۆژانه‌یان راویان كردووه، هه‌موو وه‌كویه‌ك نه‌یانتوانیوه ده‌ستكه‌وتی پێویست به‌ده‌ست بهێنن‌و بژێوی رۆژانه‌یان دابین بكه‌ن، ئه‌وه‌ی ژیر‌و ئازابوایه، زیاتر له‌پێویستی خۆی ده‌ستكه‌وتی ده‌بوو، به‌ڵام هه‌ندێكی تریان به‌بێ هیچ ده‌ستكه‌وتێك ده‌گه‌ڕانه‌وه، له‌حاڵێكی وادا ناچارده‌بوون چاو له‌ده‌ستی كه‌سه ژیر‌و ئازاكه‌بن كه خۆراكی زیاد له‌خۆیان بداتێ، بێگومان راستییه‌كی تر هه‌یه ده‌بێت بڵێین: كه هه‌میشه كه‌سه ژیر‌و ئازاكان زۆر كه‌متربوون له‌خه‌ڵكه زۆره‌كه.. ئه‌م حاڵه وایكرد زۆرینه‌یه‌كی خه‌ڵك، ئه‌وانه‌ی كه نه‌یانده‌توانی بژێوی ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان په‌یدابكه‌ن چاو له‌ده‌ستی یارمه‌تی كه‌مینه‌یه‌كی ژیر‌و ئازای كۆمه‌ڵی ئه‌و قۆناغه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی بن.
هه‌رله‌م رێگه‌یه‌وه بوو كه ژیانی مرۆڤ گۆڕانی گه‌وره‌ی به‌سه‌رداهات، قۆناغی كۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تایی كۆتایی هات‌و قۆناغی كۆیلایه‌تی له‌دایك بوو.
ئه‌م دیمه‌نه‌ی خستمانه روو سه‌ره‌تاكانی چه‌كه‌ره‌كردنی ده‌سه‌ڵاتمان پێ نیشانده‌دات كه‌چۆن‌و به‌چ شێوه‌یه‌ك كاروباری ئیداره‌ی زۆرینه‌یه‌كی خه‌ڵكی له‌لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه به‌ڕێوه‌براوه‌و دواجاریش له‌قۆناغێكی مێژوویی باڵاتردا هه‌موو لایه‌نه گرنگه‌كانی تری ژیان هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه پاوان‌و كۆنترۆڵكراوه.
ئه‌مانه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تریش ده‌بێت بڵێین: كه زۆرێك له‌زانا سایكۆلۆژی‌و سۆسیۆلۆژییه‌كان، پێیان وایه كه خواستی ئازادی‌و خۆبه‌ڕێوه‌بردن له‌گه‌ڵ له‌دایك بوونی مرۆڤدا له‌دایك ده‌بێت‌و به‌شێكه له‌سروشت‌و پێكهاته‌ی، ئه‌وه‌ی كه نه‌یهێڵاوه ئه‌م خواسته‌ی مرۆڤ هه‌مووكاتێك‌و له‌هه‌موو جێگه‌یه‌ك بێته‌دی ده‌سه‌ڵاتداران بووه، هه‌میشه‌و له‌هه‌موو جێگه‌یه‌كدا به‌بیانوو شێوازی جیاجیا، گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات‌و حكومڕانیكردنیان بۆ خۆیان به‌ڕه‌وا زانیوه‌و زۆرینه‌ی خه‌ڵكیان لێی بێبه‌شكردووه. به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو زه‌بروزه‌نگ‌و سه‌ركوتكردنێكی ده‌سه‌ڵاتداران، مرۆڤ هه‌رگیز به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری خواستی خۆبه‌ڕێوه بردن نه‌بووه، به‌درێژایی مێژوو له‌خه‌باتی به‌رده‌وامی بێ پسانه‌وه‌دا بووه.
خۆبه‌ڕێوه‌بردن، یان به‌شداریكردنی خه‌ڵكی له‌ده‌سه‌ڵاتدا، ره‌گێكی مێژوویی زۆر دێرینی هه‌یه‌و بۆ سه‌رده‌می شاری ئه‌سینای یۆنانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا، له‌ئه‌سینا ئه‌نجوومه‌نێك هه‌بوو، هه‌موو هاووڵاتییه‌ك ده‌یتوانی له‌ڕێگه‌یه‌وه به‌شداری له‌ده‌سه‌ڵاتدا بكات، له‌و ئه‌نجوومه‌نه‌دا بڕیار له‌سه‌ر سیاسه‌تی وڵات‌و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كان ده‌درا، ئه‌نجوومه‌ن كه له‌هه‌موو هاووڵاتیانی شار پێكده‌هات حكومڕانی شاربوو، ئه‌وه‌ی له‌م ئه‌زموونه‌دا زۆر جێگای تێڕامانه ئه‌وه‌یه كه هه‌موو مانگێك، هه‌ندێ جاریش ساڵانه خه‌ڵكی حكومه‌تیان دروستده‌كردو به‌شێوه‌ی ده‌وری ده‌سه‌ڵات‌و كاروباری سیاسی‌و ئیداری‌و ئابووری وڵاتیان به‌ڕێوه‌ده‌برد. ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ئه‌سینا پێی ده‌گوترێت حوكمی راسته‌وخۆی خه‌ڵكی، یان خۆبه‌ڕێوه‌بردنی راسته‌وخۆ.
ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بین گه‌ر بڵێین: جگه له‌م ئه‌زموونه‌ی شاری ئه‌سینا هه‌تا ئێستا مێژوو ئه‌زموونێكی تری ئاوهای به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه. كاتێك ئه‌مه ده‌ڵێین ده‌بێت بزانین خۆبه‌ڕێوه‌بردن مه‌رج نییه راسته‌وخۆبێت، به‌تایبه‌ت ئێستا كه ژیان به‌هه‌موو مانا فراوانه‌كه‌یه‌وه به‌و ساده‌و ساكارییه‌ی جاران به‌ڕێوه‌ناچێت، بۆیه ئاساییه‌و ته‌نانه‌ت پێویستیشه كه به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ خه‌ڵكی داكۆكی له‌ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر به‌په‌یژه‌ی ئه‌م ته‌رزه باسانه‌دا زیاتر هه‌ڵزنێین پێویست ده‌كات قسه‌یه‌كیش له‌چه‌مكی نوێنه‌رایه‌تیكردنی خه‌ڵكی بكه‌ین.
نوێنه‌رایه‌تیكردن، ئه‌ومانایه‌ی هه‌یه كه چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو له‌ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدان‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌بنه نوێنه‌ری زۆرینه‌یه‌كی خه‌ڵكی، له‌حاڵێكی وادا ئه‌و نوێنه‌ره‌ی كه متمانه‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردن به‌ده‌ست ده‌هێنێت ئه‌ركێكی فره‌و قورس‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.
نوێنه‌رایه‌تیكردن
پێش ئه‌وه‌ی قسه له‌ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م چه‌مكه (نوێنه‌رایه‌تیكردن) بكه‌ین، پێویست ده‌كات شتێكی تر له‌سه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌بردنی ناڕاسته‌وخۆ بكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه سه‌رباری هه‌بوونی نوێنه‌ر، هه‌میشه خه‌ڵكی خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه خافڵ نه‌بن له‌ورده‌كاری‌و شته گشتی‌و تایبه‌تییه‌كانی نوێنه‌ره‌كانیان، هه‌میشه‌و له‌ڕێگه‌ی جۆراوجۆر‌و به‌شێوه‌ی جیاجیا له‌هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌دان گوێبیستی دانیشتن‌و كۆبوونه‌وه تایبه‌تییه‌كان بن، ئه‌مه به‌و مانایه دێت كه نوێنه‌ره‌كان هه‌میشه له‌ژێر چاودێری‌و لێپرسینه‌وه‌ی وردی خه‌ڵكیدان، له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ی كه هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی له‌جه‌ماوه‌ره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌پایه سه‌ره‌كییه‌كانی سیستمی دیموكراسی، بۆیه ده‌بێت خه‌ڵكی بتوانن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگۆڕن.
له‌حاڵێكی وادا ده‌سه‌ڵاتداران نابێت شتێكی شاراوه‌یان له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكیدا هه‌بێت، به‌تایبه‌ت بۆ مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌كان‌و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تاك‌و كۆی كۆمه‌ڵ.
سه‌رباری هه‌بوونی نوێنه‌ر، هه‌میشه خه‌ڵكی ده‌یانه‌وێت ده‌ستیان بگاته فایلاتی ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت‌و كه‌شفی نهێنییه‌كان بكه‌ن، ته‌نها ئه‌وكاتانه خۆبه‌ڕێوه بردن له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌وه مانایه‌كی ده‌بێت كه ده‌وڵه‌ت له‌چوارچێوه‌ی یاسای تایبه‌تیدا، وه‌كو پێویست رێگه به‌خه‌ڵكی بدات قسه له‌چاره‌نووسی ژیان‌و ئاینده‌ی خۆیان بكه‌ن، به‌مانایه‌كی دی به‌بێ هیچ رێگرییه‌ك‌و به‌ئازادانه ورده‌كارییه‌كانی دیموكراسی پیاده‌بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران كه‌شێكی ئازاد‌و دیموكرات بۆ خه‌ڵكی بخوڵقێنن، ئه‌وا خه‌ڵكیش له‌بواره جیاجیاكاندا هۆشیارییان باڵا ده‌كاو پێده‌گات، ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته كه‌خه‌ڵكی له‌هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی ژیانی سیاسی‌و حزبی تێبگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها مافی ره‌خنه‌گرتن‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاریشی به‌تاك‌و كۆی كۆمه‌ڵ ببه‌خشێت.
هه‌موو ئه‌مانه ئه‌گه‌رچی مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤن، به‌ڵام خۆراكێكی پێویستن بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ژیانی دیموكراسی، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پرانسیپانه‌شه‌وه، دیموكراسی مانایه‌كی نییه. چونكه دیموكراسی هه‌رته‌نها خۆزگه‌یه‌ك، یان خواستێك نییه، هه‌رواو له‌خۆڕاش دروست نه‌بووه‌و نابێت‌و له‌كۆمه‌ڵدا نه‌چه‌سپیووه، به‌ڵكو درێژه‌ی خه‌باتێكی بێوچانی فكری‌و مه‌عریفی‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووری مرۆڤه.
به‌ڵام ده‌بێت بزانین كه ئه‌م مه‌سه‌لانه ته‌نها به‌ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه په‌یوه‌ست نییه، به‌ڵكو جگه له‌وان په‌یوه‌ستیشه به‌هاووڵاتیانه‌وه. روونتر بڵێین: دروستبوونی كه‌شی دیموكراس‌و ئازاد هه‌رگیز به‌بێ هۆشیاری تاك‌و كۆی كۆمه‌ڵ بۆ مه‌سه‌له گشتی‌و تایبه‌تییه‌كان دروست نابێت.
دیموكراسی ته‌نها ئه‌وكاتانه به‌جوانی ده‌چه‌سپێت كه هاووڵاتیان‌و ده‌سه‌ڵاتداران، هه‌ردوولایان هاوكێشه‌ی ماف‌و ئه‌رك هاوسه‌نگ رابگرن، ئه‌مه به‌ومانایه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌ركی سه‌رشانیانه جگه له به‌رقه‌راركردنی ئازادی، سه‌روماڵی هاووڵاتیانیش بپارێزن، كاریان بۆ بدۆزنه‌وه، كێشه‌كانیان له‌ڕێگه‌ی یاساوه‌و وه‌كویه‌ك بۆ چاره‌سه‌ربكه‌ن. هاووڵاتیان مافی خۆیانه داوای ئه‌مانه له‌ده‌سه‌ڵاتداران بكه‌ن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا پێویسته‌و ئه‌ركی سه‌رشانی هاووڵاتیانه كه له‌یاسا لانه‌ده‌ن، خۆیان به به‌رپرس بزانن له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵدا، ئاماده‌ش بن بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی هه‌ركێشه‌یه‌ك، یان داگیركارییه‌ك كه وڵات دوچاری ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌مانه به‌شێوه‌یه‌كی دروست به‌ڕێوه‌نه‌چن‌و نه‌بن به به‌شێك له‌كه‌لتوری كۆمه‌ڵ، (نوێنه‌رایه‌تیكردن) له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كار ئاسانی بكات له‌به‌ڕێوه بردنی كاروباری وڵات‌دا، وه‌ك فاكته‌رێكی چه‌واشه ده‌رده‌كه‌وێت، له‌هه‌مان كاتیش‌دا ده‌بێته له‌مپه‌ری سه‌ر ڕێی پێشكه‌وتن‌و شارستانی كۆمه‌ڵ، وه‌ك چۆن له‌زۆربه‌ی وڵاته تاكڕه‌وو دیكتاتۆره‌كاندا ئه‌م حاڵه به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
(په‌رله‌مان) كه له‌پزدانی چه‌مكی (نوێنه‌رایه‌تی)یه‌وه له‌دایك بووه، سه‌ره‌تا زۆرێك له‌خه‌ڵكی لێی به‌گومان بوون‌و له‌دژی وه‌ستانه‌وه، به‌ڵام دواجار له‌ژێر هه‌ژموونی چڕ‌و ئاڵۆزی رۆژ به‌ڕۆژی مه‌سه‌له سیاسییه‌كان به‌خستنه‌ڕووی مه‌رجی تایبه‌تی وه‌ك دیفاكتۆیه‌كی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی په‌سه‌ندیان كرد‌و گوێڕایه‌ڵی بڕیاره‌كانی بوون‌و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵداكرد، مه‌رجه‌كانیش ئه‌مه بوو، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، كه متمانه پێكراوی خه‌ڵكن، هه‌ربه‌م پێودانگه‌ش ده‌بێت كارگوزاری خه‌ڵك بن، ئه‌گه‌ر هه‌رئه‌ندامێك ئه‌م كارگوزارییه‌ی پێنه‌كرێت، ئه‌واده‌بێت له‌كاره‌كه‌ی لاببرێت‌و متمانه‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنی خه‌ڵكی لێبسه‌ندرێته‌وه. له‌سیستمی دیموكراسیدا، خه‌ڵكی وه‌ك ئه‌ندامێكی به‌رپرسی كۆمه‌ڵ بۆیان هه‌یه ده‌ست وه‌رده‌نه ناو كاروباری وڵاته‌وه، ئه‌مه به‌ومانایه‌ی كه بۆیان هه‌بێت له‌هێزی سه‌ربازیو ده‌زگاكانی ئاسایش‌و پۆلیسیش بكۆڵنه‌وه. به‌ڵام بابپرسین ئه‌م ره‌وشه چۆن‌و له‌كوێ‌و كه‌ی دروست ده‌بێت؟
له‌وه‌ڵامێكی ساده‌و كورتدا ده‌توانین بڵێین: ته‌نها له‌وكاتانه‌دا دروست ده‌بێت كه دیموكراسی له‌وڵاتدا به‌رقه‌رار بووبێت، نوێنه‌رو كاربه‌ده‌ستانی وڵات، هه‌ر به‌ڕاستی كارگوزاری خه‌ڵكی بن. هێزه‌كانی سوپا‌و پۆلیس‌و ئاسایش به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی‌و سروشتی دروست بووبن، هه‌ربه‌ڕاستی له‌پارێزی وڵات‌و سه‌روماڵی هاووڵاتیاندابن.
ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وا مه‌حاڵه خه‌ڵكی بتوانێت توخنی هێزه‌كانی سوپا‌و جه‌نه‌ڕاڵه سه‌ربازییه‌كان‌و پیاوانی پۆلیس‌و ئاسایش بكه‌ون، چ جای ئه‌وه‌ی قسه له‌كارلابردنیان بكرێت.
جگه له‌مانه راستییه‌كی ترهه‌یه ده‌بێت دركی پێ بكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه؛ له‌هه‌ر شوێنێك ئه‌گه‌ر كاروباری ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن جه‌نه‌راڵاتی سه‌ربازییه‌وه به‌ڕێوه‌برا، ئه‌وا مافه‌كانی مرۆڤ و مه‌سه‌له دیموكراسییه‌كان له‌نزمترین ئاستدا ده‌بینرێن.
له‌په‌راوێزی ئه‌م قسانه‌دا پێویست ده‌كات تیشكێك بخه‌ینه سه‌ر رێگاكانی نوێنه‌رایه‌تیكردن (هه‌ڵبژاردن)، چونكه ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت به‌نوێنه‌رایه‌تیكردن ده‌دات، ده‌نگدان‌و هه‌ڵبژاردنه.
هه‌ڵبژاردن
هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی گرنگه، له‌ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانرێت كێبه‌ڕكێ سیاسی‌و حزبییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دروست‌و دیموكراسیانه یه‌كلابكرێته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌هه‌ر وڵاتێكدا پرۆسه‌یه‌كی مه‌ده‌نی چاره‌نووسسازه، راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به‌ژیریو ته‌مه‌نی مرۆڤه‌وه، واته ته‌نها ئه‌و كه‌سانه مافی ده‌نگدانیان هه‌یه كه له‌ڕووی ژیرییه‌وه بێ كه‌موكورتی بن، سه‌باره‌ت به‌ته‌مه‌نیش له‌سه‌روی (18) ساڵه‌وه بێت، بۆیه‌ش (18) ساڵ دیاریكراوه، چونكه زۆرێك له‌زانا سایكۆلۆژییه‌كان، هه‌روه‌ها یاساناسان پێیان وایه كه مرۆڤ به‌گشتی هه‌تا ته‌مه‌نی (18) ساڵی پێویستی به‌ڕێنمایی گه‌وره‌كان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه زۆر راستیش نه‌بێت، هه‌رده‌بێت سنوورێك بۆ ته‌مه‌نی مرۆڤ له‌پرۆسه‌ی ده‌نگدان‌و هه‌ڵبژاردندا دیاریبكرێت، چونكه به‌بێ دیاریكردنی ته‌مه‌ن، ره‌نگه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، كه پرۆسه‌یه‌كی شارستانی‌و مه‌ده‌نیی‌و دیموكراسییه، له‌شكۆی بێته خواره‌وه.
له‌زۆربه‌ی وڵاته دیموكراسییه‌كاندا، هه‌ڵبژاردن مافێكه، جگه له‌بێگانه‌كانی وڵات، هه‌روه‌ها به‌تاوانبارانیش دراوه. به‌ومه‌رجه‌ی ئه‌وكه‌سه له‌ڕوی ژیرییه‌وه كه‌موكورتی نه‌بێت‌و ته‌مه‌نیشی له‌سه‌روی (18) ساڵه‌وه‌بێت.
له‌هه‌ندێ وڵات‌دا، له‌وانه ئوستورالیا، وا سه‌یری هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت كه جگه له‌ماف، هه‌روه‌ها ئه‌ركی هاووڵاتیانیشه كه به‌شداری تیادابكه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت بزانین كه هه‌ڵبژاردن جگه له (ماف) هه‌رگیز نابێت وه‌كو (ئه‌رك)یش بدرێته قه‌ڵه‌م.
یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ی كه له‌سیستمی دیموكراسی هه‌ندێ له‌وڵاتان ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه، چۆن ده‌بێت به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردن بكرێته ئه‌ركێك بۆ مرۆڤ، له‌كاتێكدا مرۆڤ ئازاده له‌ده‌نگدان، یان ده‌نگ نه‌دان؟ ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئازاد نه‌بێت له‌به‌شداریكردن، یان نه‌كردنی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وا هه‌ڵبژاردن كه‌بناغه‌و ناوه‌ڕۆكێكی دیموكراسی هه‌یه، وزه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات.
یه‌كێكی تر له‌و ره‌خنانه‌ی كه هه‌میشه رووبه‌ڕوی سیستمی دیموكراسی ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه كه كاتی هه‌ڵبژاردن له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تدایه، بۆ ده‌بێت له‌ده‌ستی خه‌ڵكیدا نه‌بێت؟ واته خه‌ڵكی بتوانێت پێش واده‌ی ته‌واوبوونی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه، یان په‌رله‌مانه‌ی كه دروستیان كردووه، بگۆڕن‌و كه‌سێكی شیاوتر له‌بری هه‌ڵبژێرن، ئه‌مه له‌وكاتانه‌دا كه ئه‌گه‌ر ئه‌و كاندیده هه‌ڵبژاردراوه، نه‌یتوانیبێت په‌یامی ده‌نگده‌رانی جێبه‌جێ بكات‌و متمانه‌می خۆی له‌ده‌ست دابێت.
دیموكراسی، حوكمی زۆرینه، توندڕه‌وی كه‌مینه
ئه‌گه‌ر راسته دیموكراسی بریتییه له‌ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه، ده‌بێت بپرسین: له‌سایه‌ی سیستمێكی وادا چاره‌نووسی كه‌مینه‌كان به‌چی‌و به‌كوێ ده‌گات؟
پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه، ده‌بێت بڵێین: ته‌نها ژماره‌و به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگ له‌هه‌ڵبژاردندا نابێته پێوه‌ر بۆ ده‌رخستنی دیموكراسی، ئه‌وه‌ی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا جێگای باسه ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت رێز له‌پرۆسه‌ی ده‌نگدان بگیرێت‌و ئه‌نجامه‌كانیشی قبوڵ بكرێت، به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی كه ئه‌و هێزو لایه‌نه‌ی نه‌یتوانی له‌پرۆسه‌ی ده‌نگداندا زۆرینه به‌ده‌ست بهێنێت ئیتر هیچ رۆڵێكی له‌كۆمه‌ڵدا نابێت، یان بۆی نییه قسه له‌ورده‌كارییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بكات.
دیموكراسی كاتێك وه‌ك سیستمێكی شیاوی حوكم په‌سه‌ندده‌كرێت، ئه‌گه‌ر رێز له‌ئیراده‌ی خه‌ڵكی (هه‌موو خه‌ڵك) بگیرێت، چونكه دیموكراسی نابێت ته‌نها ته‌عبیر بێت له‌حوكمی زۆرینه‌و مافی كه‌مینه‌كان پێشێل بكرێت، مه‌به‌ستیشمان له‌زۆرینه‌و كه‌مینه هه‌موو مه‌سه‌له سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و ره‌گه‌زی‌و حزبییه‌كانه. له‌سایه‌ی سیستمی دیموكراسیدا، مه‌سه‌له‌ی زۆرینه‌و كه‌مینه جێگیرنییه، ئه‌وه‌ی واده‌كات كه سیستمی دیموكراسی، وه‌ك سیستمێكی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی گونجاو بۆ مرۆڤ په‌سه‌ندبكرێت ئه‌وه‌یه كه هه‌موو گروپ‌و لایه‌ن‌و حزبێك له‌درێژه‌ی كار‌و چالاكییه‌كی رۆژانه‌یاندا پره‌نسیپه‌كانی خۆیان به‌بێ هیچ به‌ربه‌ست‌و سانسۆرێك پیاده بكه‌ن، ئه‌و حزب‌و لایه‌نه‌ی كه له‌كێبه‌ڕكێ دیموكراتییه‌كاندا ناتوانێت متمانه‌ی زۆرینه به‌ده‌ست بهێنێت ده‌شێ له‌خولێكی تری ده‌نگداندا بتوانێت ئه‌و متمانه‌یه به‌ده‌ست بهێنێت.
ئه‌و حزب‌و گروپ‌و لایه‌نه‌ی كه له‌پرۆسه دیموكراتییه‌كاندا وه‌ك كه‌مینه ده‌رده‌كه‌ون، مانای ئه‌وه‌نییه ئیدی هیچ مافێكی تریان نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه، له‌ڕێگه‌ی دابینكردنی مافه‌كانی كه‌مینه‌وه، ده‌سه‌ڵاتداران ده‌توانن سیستمی دیموكراسی به‌چاكترین شێوه پیاده‌بكه‌ن، مافه‌كانی كه‌مینه‌ش وه‌كو هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵ، جگه له‌داكۆكیكردن له‌پرانسیپه‌كانی ئه‌و حزب‌و لایه‌نه، بریتییه له‌ئازادی راده‌ربڕین، خۆكاندیدكردن، كۆچ‌و سه‌فه‌ر، مانگرتن، خۆپیشاندان، ره‌خنه‌گرتن.. هتد.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێ مافی سه‌ره‌تایی كه‌لتوری مرۆڤ، نابێت مه‌سه‌له‌ی كه‌مینه‌و زۆرینه ببێته پێوه‌ر له‌مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌كاندا، چونكه هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یان ئاینێك، جۆرێك له‌تایبه‌تمه‌ندی‌و داب‌و نه‌ریتی خۆی هه‌یه، بۆیه پێویسته رێز له‌كه‌لتوری هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئاینێك بگیرێت.
له‌سایه‌ی سیستمی دیموكراسیداو هه‌رسه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌ی كه‌مینه‌و زۆرینه، كێشه‌یه‌ك هه‌یه پێویسته ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه؛ هه‌ندێ جار كه‌مینه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی توندڕه‌وانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژیانی دیموكراسی وڵات‌دا ده‌كه‌ن، پێیان وایه كه دیموكراسی جێگای توندوتیژی تیا ده‌بێته‌وه.. له‌م حاڵه‌دا زۆرینه‌ی دیموكراتیخوازان ده‌بێت دان به‌خۆیاندا بگرن‌و به‌عه‌قڵێكی كراوه تره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وجۆره حزب‌و گروپ‌و لایه‌نانه‌دا بكه‌ن، یاسایه‌ك په‌یڕه‌وبكه‌ن كه بوار به‌توندوتیژی نه‌دات، چونكه ئازادی ره‌ها به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ده‌رفه‌ت به‌هه‌ندێ گروپ ده‌دات كه خواسته تایبه‌تییه‌كانی خۆیان بسه‌پێنن. له‌حاڵێكی وادا لایه‌نگرانی پرانسیپی دیموكراسی پێویسته ئه‌وه به‌جوانی بخوێننه‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌وكه‌سانه‌ی ئه‌مڕۆ كه‌مینه‌ن‌و له‌په‌نای كه‌شی دیموكراسیدا رادیكاڵانه‌و زۆر بێ په‌روا قسه‌ده‌كه‌ن، ره‌خنه‌ده‌گرن، ئه‌گه‌ر له‌ده‌رفه‌تێكدا ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست، ئه‌وا هیچ بوارێك بۆكه‌سی نه‌یاری خۆیان، بۆپیاده‌ی ژیانی دیموكراسی ناهێڵنه‌وه، بۆیه ده‌بێت بزانین كه دیموكراسی هه‌رگیز ده‌رفه‌ت به‌ده‌مارگیری‌و توندوتیژی نادات كه له‌پزدانی خۆیدا بیركردنه‌وه‌یه‌كی له‌وجۆره گه‌شه بكات.
له‌سایه‌ی سیستمی دیموكراسیدا كه‌مینه ئاینی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌توانن ده‌وڵه‌ت ناچاری ئه‌وه‌بكه‌ن كه نه‌ك هه‌ردان به‌مافه‌كانیاندابنێت، به‌ڵكو به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگرییان لێ بكرێت، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها ئه‌وكاتانه دێنه‌دی كه ئه‌و كه‌مینانه به‌شێوه‌یه‌كی كراوه‌و دور له‌هه‌موو توندوتیژییه‌ك داوای مافی خۆیان بكه‌ن.
له‌سایه‌ی سیستمی دیموكراسیدا ده‌شێ لایه‌نێك، یان حزبێكی رادیكاڵ‌و هه‌ندێ جاریش توندڕه‌و، یان هه‌ر سه‌ندیكاو كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوێك، له‌چوارچێوه‌ی كاری تایبه‌تی‌و گشتی رۆژانه‌ی خۆیاندا به‌دوای هه‌ندێ نهێنی‌و شتی زۆر تایبه‌تدا بگه‌ڕێن، ئه‌و نهێنییانه ئاشكرابكه‌ن، دواجار وه‌كو چالاكییه‌ك، یان وه‌كو ئه‌ركێكی سه‌رشانیان بیده‌نه قه‌ڵه‌م، له‌كاتێكدا ئاشكراكردنی ئه‌و نهێنیانه زیان به‌زۆرینه‌ی خه‌ڵكی بگه‌یه‌نێت، ئامانجیش له‌ئاشكراكردنی ئه‌و نهێنیانه، زۆرجار ئه‌وه‌نده‌ی له‌دژی ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌ت ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌وه‌نده ئامانج لێی خزمه‌تی گشتی كۆمه‌ڵ نییه. له‌حاڵێكی وادا چاكتروایه ده‌وڵه‌ت خۆی له‌ڕێگه‌ی داموده‌زگا تایبه‌تییه‌كانییه‌وه، خه‌ڵكی له‌كێشه‌و كه‌موكورتییه‌كان ئاگادار بكاته‌وه، خه‌ڵكیش له‌مه‌ترسی به‌رده‌وامبوونی ئه‌وكێشانه‌ش ئاگادار بكاته‌وه. به‌مانایه‌كی دی به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌و واقیعیانه هه‌م خۆی‌و هه‌م بوار بدات به‌خه‌ڵكی كه‌قسه له‌ناته‌واوییه‌كانی وڵات بكه‌ن پێش ئه‌وه‌ی توندڕه‌وه‌كان وه‌كو هه‌لێك بیقۆزنه‌وه وه‌كو بانگه‌شه‌یه‌ك بۆ خۆبردنه‌پێشه‌وه بیخه‌نه‌ڕوو.. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه زۆرجار ده‌سه‌ڵاتداره دیموكراتیخوازه‌كان رووبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه‌و هه‌ندێ جاریش توندوتیژی لێده‌كه‌وێته‌وه.
به‌كورتی بڵێین: بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی له‌مجۆره، پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی ژیرانه‌و یاسایی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه.
ئێستا پرسیارێك ره‌وایه له‌خۆمانی بكه‌ین؛ ئایا له‌حاڵه‌تێكی ئاوهادا ده‌كرێت مه‌ودای هه‌ندێ مافی سیاسی‌و مه‌ده‌نی ته‌نگه‌به‌ر بكرێت؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره چه‌ند بۆچونێكی جیاواز هه‌یه. هه‌یه پێی وایه به‌ڵێ، له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌كرێ، چونكه ئه‌م ته‌نگه‌به‌ركردنه ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی كاتییه‌و تایبه‌ته به‌هه‌ندێ لایه‌نی دیاریكراوه‌وه كه ئه‌گه‌ر له‌دژیان نه‌وه‌ستنه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵ به‌ره‌و ئاقارێكی خراپتر ده‌برێت.
به‌ڵام هه‌ندێ كه‌سی تر پێیان وایه نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌وا نییه‌و نابێت به‌هیچ بیانوویه‌كه‌وه مافه سیاسی‌و مه‌ده‌نییه‌كان له‌كۆمه‌ڵدا ته‌نگه‌به‌ر بكرێنه‌وه، چونكه ئه‌م جۆره مامه‌ڵیه ده‌بێته ده‌ستپێكێك كه ده‌سه‌ڵاتداران له‌سه‌ری رابێن بۆ سه‌ركوتكردنی هه‌ر مافێكی تر.
حیكمه‌ت‌و فه‌لسه‌فه‌ی سیستمی دیموكراتیش له‌قبوڵكردنی رای ئه‌وی دیو ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادییه‌كان له‌ئاستێكی فراواندا ده‌رده‌كه‌وێت.
سیستمی دیموكراسی هه‌تا ئه‌وكاته مایه‌ی په‌سه‌نده كه جیاوازییه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه قبوڵ بكات. ئه‌گه‌ر وانه‌بێت دیموكراسی هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ دیكاتۆریدا نابێت‌و خودی مانای دیموكراسی جگه له‌مه‌سه‌له‌یه‌كی گاڵته‌جاڕی هیچی دی نابێت.
حوكمی یاسا
دیموكراسی په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانی به‌یاساوه هه‌یه، كه ده‌توانین بێ دوو دڵی بڵێین: مه‌حاڵه به‌بێ حوكمی یاسایه‌كی شیاوی عادیلانه، كه هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌به‌رامبه‌ریدا یه‌كسان بن، له‌هیچ جێگایه‌كدا سیستمی دیموكراسی بچه‌سپێت.
وه‌كو له‌سه‌رێدا ئاماژه‌مان پێكرد كه ڕه‌گی قوڵی دیموكراسی بۆ سه‌رده‌می پێش زاینی یۆنانییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو كه (ئه‌رستۆ) تێزه فكری‌و فه‌لسه‌فییه‌كانی خۆی په‌خشكردو رایگه‌یاند كه چاكترین سیستم بۆ ژیان، سیستمی یاسایه، سیستمی بێ یاساش جگه‌له‌وه‌ی به‌كه‌ڵكی ژیان نایه‌ت، بۆیه هه‌میشه ئه‌گه‌ری نغرۆبوون‌و فه‌وتانی له‌ئارادایه‌و پێویسته.
مه‌به‌ستی (ئه‌رستۆ) له‌سیستمی یاسا، ئه‌و سیستمیه كه هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ وه‌كویه‌ك له‌به‌رامبه‌ر یاسادا یه‌كسان‌و به‌رپرس بن. بۆنموونه ئه‌گه‌ر كاربه‌ده‌ستێكی ده‌وڵه‌ت، به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان یاساشكێنی كرد، به‌مانای ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی تاكه‌كه‌سی خۆی خسته سه‌روی به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه، ئه‌وا ئه‌وكه‌سه به‌پێی یاسا، له‌لایه‌ك ده‌بێت له‌سه‌ركار لاببرێت‌و یه‌كێكی شیاوی تر له‌جێگه‌ی دابنرێت، له‌لایه‌كی تریش بدرێته دادگا، دادگاش به‌پێی بڕگه تایبه‌تییه‌كانی خۆی لێپێچینه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات. بۆئه‌مه كۆمه‌ڵ پێویستی به‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و دادوه‌ری هه‌یه. ئه‌گه‌رچی هه‌موو كه‌سێك ئه‌م ته‌رزه باسانه‌ی له‌لا په‌سه‌ندو شیاو نییه، بۆنموونه (تۆماس جێفه‌رسۆن- 1743-1826) سێیه‌مین سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا پێی وایه، پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن هێزی یاسادانه‌رانه‌وه كارێكی باش نییه، چونكه ئه‌م ره‌وشه تاكڕه‌وی لێده‌كه‌وێته‌وه.
ئێستا ره‌وایه بپرسین: ئایا دادوه‌ره‌كان كه خۆیان یاسادانه‌رو جێبه‌جێكه‌رن، له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ته‌وه داده‌نرێن؟ له‌وه‌ڵامێكی كورت‌و ساده‌دا ده‌توانین بڵێین: نه‌خێر، به‌ڵكو له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی دادوه‌رانه‌وه داده‌نرێن، چونكه سیستمی دیموكراسی پێویستی به‌هه‌یئه‌تێكی دادوه‌ری بێلایه‌ن هه‌یه كه هیچ مه‌رجێكی سیاسی‌و حزبی كاری لێنه‌كات، به‌له‌به‌رچاو گرتنی مافه‌كانی مرۆڤ كاروباری وڵات ببه‌ن به‌ڕێوه‌و له‌ده‌ستوری وڵات‌دا كاری پێ بكه‌ن.
له‌م حاڵه‌دا كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت توانا، یان مافی ئه‌وه‌یان نابێت كه دادوه‌رێك لاببات، یان ده‌ست وه‌رداته ناو كاروباره‌كانیانه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وان كار له‌جموجۆڵی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن، هه‌ربه‌م پێودانگه‌ش سنوور بۆ ده‌سه‌ڵات‌و هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌ت داده‌نێن.
به‌كورتی بڵێین: له‌سیستمی دیموكراسیدا یاسا چاودێری هه‌ڵسوكه‌وت‌و جموجۆڵی مرۆڤ، له‌وانه كاربه‌ده‌ستانیش ده‌كات. له‌حاڵێكی وادا تاكه‌كه‌س ناچاره ملكه‌چی ئه‌و یاسایانه نه‌بێت كه كاروباری وڵاتی پێ ده‌برێت به‌ڕێوه.
به‌ڵام له‌م نێوه‌نده‌دا مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ هه‌یه كه ده‌بێت جگه‌له‌وه‌ی به‌بیرخۆمانی بهێنینه‌وه، هه‌روه‌ها دانیشی پێدابنێین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، سه‌رباری گرنگی‌و پێویستی یاسا بۆ وڵات، سه‌رباری هه‌ژموون‌و ده‌سه‌ڵاتی ره‌های یاسا به‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وت‌و جموجۆڵه‌كانی تاكه‌كه‌س له‌كۆمه‌ڵدا، ئایا به‌درێژایی مێژوو یاسا پاشكۆی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌بووه؟
هه‌ر له‌دێرزه‌مانه‌وه باس له‌پیرۆزی یاساده‌كرێت، هه‌ر شوێنێكیش بێ مافی، یان گه‌نده‌ڵی ئابووری‌و سیاسی‌و ئیداری هه‌بێت، یه‌كسه‌ر هۆكاره‌كه‌ی بۆ نه‌بوون‌و غیابی یاسا گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا رواڵه‌ت‌و هه‌ندێجاریش گه‌وهه‌ری یاساكان هێند پیرۆزنین كه پیرۆزكراون، چونكه زۆرجار هه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران خۆیان، وه‌ك سیاسه‌تێكی چه‌واشه‌كارانه شكۆ‌و هه‌یبه‌تی یاساكان به‌رزو پیرۆز راده‌گرن، به‌شێوه‌ی جیاجیا ئارایشتی ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا زیاتر مایه‌ی تێفكرینه ئه‌وه‌یه كه یاساكان له‌گه‌ڵ كزبوون‌و فه‌وتانی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی‌و عه‌سكه‌ری دیاریكراودا، ئه‌مانیش (یاساكان) شكۆ‌و وزه‌یان به‌ره‌وكزی‌و چورتمه بوون چووه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م راستییانه‌شدا كۆمه‌ڵگه هه‌میشه پێویستی به‌جۆرێك له‌یاسا، سیستم هه‌یه كه هه‌ڵسوكه‌وتی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ، به‌ده‌سه‌ڵاتدارانیشه‌وه، له‌مه‌ودایه‌كی مرۆیی دیاریكراودا كۆنترۆڵ بكات، چونكه به‌بێ لێپرسینه‌وه‌و كۆنترۆڵكردن، هه‌ندێ جار ره‌فتارو بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ، كۆمه‌ڵ به‌ره‌و هه‌ڵتریزان‌و لێقه‌ومان ده‌بات. له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه جیاوازی نێوان سیستمی دیموكراسی‌و سیستمی دیكتاتۆری له‌وه‌دایه كه تاكه‌كه‌س له‌ژێر سایه‌ی سیستمی دیموكراسیدا نه‌ك هه‌ر له‌په‌راوێزدا نییه، به‌ڵكو رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه له‌دانان‌و گۆڕینی یاساكانی وڵات‌دا، به‌ڵام له‌دیكتاتۆریدا (تاكه‌كه‌س- مرۆڤ) له‌قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئیراده‌گه‌ریدایه.
سه‌رچاوه‌كان
1-ماهی الدیموقراگیه، حكم اڵاقلیه أم چمانات اڵاقلیه، الان تورین- ترجمه: حسن حبیب، بیروت 2001 گ2.
2-الدیموقراگیه وتحدیات الحداپه بین الشرق والغرب، ایلیا حریق- 2001 گ1.
3-عصر التگرف- محمد الرمیحی- 1999 گ1.
4-مۆدێرنێته، دیموكراسی‌و رۆشنبیران، رامین جه‌هانبه‌گلو، وه‌رگێڕانی: موسڵح ئیروانی‌و موراد حه‌كیم.
5-ئازادی، دیموكراسی، كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، د‌یڤید بیتهام، كوین بویل، وه‌رگێڕانی: ئه‌بوبه‌كر خۆشناو- 1999.
6-دیموكراسی له‌ڕووی مێژوویی‌و تیۆرییه‌وه، ئانتۆنی ئاربلاسته‌ر، وه‌رگێڕانی رێباز مسته‌فا چاپی یه‌كه‌م 2002.
7-گۆڤاری (النهج) ژماره 16 پایزی 1998.
* مامۆستا له‌زانكۆی سلێمانی، خوێندكاری دكتۆرا.