چه‌ند چه‌مکێکی فه‌لسه‌فی گرنگ لای میشێل فۆکۆ….2
هه‌وه‌سبازی : Aphrodisia
پێناسه‌ی فۆکۆ بۆ هه‌وه‌سبازی : بریتیه له‌و کردارانه ، ئاماژانه و کۆنتاکتانه‌ی که جۆرێک له چێژ به‌رهه‌مده‌هێنن . کاتێک یه‌کپارچه‌یی کرده‌ی سێکسی ، چیژ و ئاره‌زوو زۆر چڕ ده‌بێته‌وه ئه‌وا سێکسوالیتی گرفتساز ده‌بێت .
داموده‌زگا : Dispositif ، Apparatus
فۆکۆ به گشتی ئه‌م چه‌مکه به‌کارده‌هێنێت وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک به میکانیزمگه‌لێکی جۆراوجۆری دامه‌زراوه‌ییانه و فیزیکیانه و کارگێڕیانه له‌گه‌ڵ بونیاده‌کانی زانیاری له‌پێناو باڵابردن و ده‌وامدان به پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵات له جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگادا.
ئه‌پستیم به‌ته‌نیا به‌س نیه به‌ڵکو که‌لێنێک ده‌مێنێته‌وه که داموده‌زگا پڕی ده‌کاته‌وه . له ئه‌پستیمێک ده‌کۆڵرێته‌وه له رێگه‌ی شیته‌ڵکردنی گوتاره‌کان ، به‌ڵام ئێمه پراکتیکه‌کان به‌کارده‌هێنین له شیته‌ڵکردنی جینیالۆجیانه‌ی هه‌ندێک بابه‌تی تایبه‌ت ، بۆ نموونه دامه‌زراوه‌کان ، دابینکردنی بینایه‌کان ، یاساکان ، کارگێڕیه‌کان ، ده‌ربڕینه زانستیه‌کان ، ره‌وشت و گریمانه فه‌لسه‌فیه‌کان . هاوکات ئه‌م پراکتیکانه چاودێرییه‌کی چڕ‌و میکانیزمێکی کۆنترۆل به‌رهه‌مده‌هێنن که ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێک داده‌ڕێژێت بۆ به‌ڕێوه‌بردن و پابه‌ندکردنی تاکه‌کان به دیسپلینه‌کانه‌وه .
ئه‌رشیڤ ، کۆسپارده : Archive
ئه‌رشیڤ بریتیه له کۆکراوه‌ی پاشماوه ماددیه‌کان که پێشان ده‌دات چۆن ده‌ربڕینه‌کان وه‌ک رووداوی مێژوویی دێنه پێشه‌وه .
فۆکۆ ئه‌م چه‌مکه ته‌کنیکیه به‌کارده‌هێنێت به واتای کۆگه‌ی پاشماوه زانیاریه‌کان له ده‌ورانێكێ مـێژوویی و کولتورێکی دیاریکراودا ، که له‌میانی پێداچوونه‌وه به‌م پاشماوانه ده‌کرێت له بنجوبنه‌وانی خۆسه‌لمێنی مێژوویانه‌ی (historical a priori ) ئه‌م ده‌ورانه بگه‌ین و له‌پاشان له رێگه‌ی زانسته‌وه له ئه‌پستیمی ئه‌م ده‌ورانه تێده‌گه‌ین. فۆکۆ وه‌سفی ئه‌رشیڤ ده‌کات وه‌ک هه‌لومه‌رجی ئه‌گه‌ره‌کانی بنیاتنان و گۆڕینی له کۆمه‌ڵێک تێکستی وه‌ستاوه‌وه بۆ کۆمه‌ڵێک په‌یوه‌ندی و دامه‌زراوه که ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت ده‌دات که ده‌ربڕینه‌کان به‌رده‌وام بوونیان هه‌بێت . که‌واته ئه‌رشیڤ لای فۆکۆ ته‌نیا کۆمه‌ڵێک شت و کۆمه‌ڵێک ده‌ربڕین نیه به‌ڵکو کۆمه‌ڵێک په‌یوه‌ندییه :
سیسته‌می دووبژارده : Binary System
بریتیه له‌و سیسته‌مه‌ی که ده‌رفه تی ته‌نیا دوو ئه‌ڵته‌رناتیڤی تێدایه ، یان ره‌ش یان سپی ، لێره‌دا شته‌کان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن که له دوو بژارده ته‌نیا یه‌ک بژارده‌یان راسته . له‌راستیدا ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته که ته‌نانه‌ت یاسای خۆی داسه‌پاندووه سه‌باره‌ت به سێکس. واته سێکس له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه خراوه‌ته چوارچێوه‌ی سیسته‌می دووبژارده‌وه : ره‌وایه یان ناڕه‌وا ، مۆڵه‌تپێدراوه یان قه‌ده‌غه‌یه .
سیسته‌می زیندان : Carceral System
بریتیه له بیناکانی به‌ندیخانه ، رێساکانی و ده‌سته‌ی کارگێڕی . هه‌ژموونی ئه‌م سیسته‌مه له سنووری به‌ندیخانه‌کان تێده‌په‌ڕێت و ده‌گاته ناو کۆمه‌ڵگه . بنه‌ماکانی ئه‌م سیسته‌مه بریتیه له رێساکانی زیندان و پێشخستنی ته‌کنیکی عه‌قڵانی (ژیرمه‌ندانه) له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ زیندانیه‌کان ، به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تاوان و دانانی ستراتیژیه‌کانی چاکسازی . فۆکۆ هه‌وڵده‌دات که چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوون و شکستی ئه‌م سیسته‌مه روونبکاته‌وه و بیسه‌لمێنێت که ئه‌م سیسته‌مه له جه‌وهه‌ردا سه‌رکه‌وتوو نیه .
سه‌رده‌می کلاسیکانه : The Classical period
ئه‌م سه‌رده‌مه له ناوه‌ڕاسته‌کانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌وه تا کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده ده‌خایه‌نێت . فۆکۆ له کتێبی شێتی و شارستانی دا هه‌روه‌ک له کاره‌کانی دیکه‌شیدا به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ئاماژه به‌م سه‌رده‌مه ده‌کات . لای فۆکۆ سه‌رده‌می کلاسیکانه سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی زۆرێک له دامه‌زراوه تایبه‌تمه‌نده‌کان و بونیادی جیهانی مۆدێرنه . شێتی له سه‌رده‌می کلاسیکانه‌دا زیندانی و بێده‌نگ کرا له‌پاڵ فۆرمه‌کانی دیکه‌ی لادانی کۆمه‌ڵایه‌تی .
من بیرده‌که‌مه‌وه که‌واته من هه‌م : ergo sum Cogito
ئه‌م رسته‌یه ” من بیر ده‌که‌مه‌وه که‌واته من هه‌م ” ئارگیومێنتێکی سه‌ره‌کی دیکارته . فۆکۆ ئه‌م ئارگیومێنته به‌خاڵی سه‌ره‌کی ده‌زانێت له گۆڕینی چه‌مکی شێتی . ئارگیومێنتی کۆگیتۆ به گومانکردن ده‌ست پێده‌کات . دیکارت هه‌وڵده‌دات رۆڵی گومانکردنێکی توندڕه‌وانه نیشان بدات بۆ تێگه‌یشتن له جیهان و بوونیه‌تی خۆی . ئه‌و ده‌پرسێت : چۆن بزانم که من هه‌م ؟ ، هه‌روه‌ها راده‌مێنێت ئاخۆ ئه‌م شێت نیه یان فێڵی لێنه‌کراوه سه‌باره‌ت به بوونیه‌تی خۆی . ناوه‌ڕۆکی وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌ڵگه‌کانیش به‌لاوه بنرێن ، دیکارت ده‌زانێت که گومانده‌کات سه‌باره‌ت به بوونیه‌تی خۆی و چونکه گومانده‌کات واته ئه‌و بیرده‌کاته‌وه . ئه‌گه‌ر ئه‌و بیرده‌کاته‌وه واته پێویسته ئه‌و بوونی هه‌بێت و ناتوانێت فێڵ له خۆی بکات .
کێشه گه‌لێکی جیاوازی لێکدانه‌وه هه‌ن که کاریگه‌ریان هه‌یه له سه‌ر ئه‌م ئارگیومێنته به‌ڵام فۆکۆ پشتگوێ‌یان ده‌خات . ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌مه‌وه گرنگه بریتیه له چۆنیه‌تی ئاشکراکردنی دیکارت سه‌باره‌ت به رادده‌ی خود ــ متمانه‌یی به عه‌قڵ له سه‌رده‌می کلاسیکانه‌دا. به‌لای دیکارته‌وه ئه‌م شێت نیه چونکه به‌ڵگه‌ی ژیرمه‌ندانه دهێنێته‌وه و ژیرمه‌ندیش به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی شێتیه .
نووسینی : حه‌یده‌رهه‌مه‌وه‌ند
سه رچاوه‌کان
به ئینگلیزی :
1 – http://en.wikipedia.org/wiki/Main_Page
2 – http://www.answers.com/
3 — http://www.michel-foucault.com/concepts/index.html#priori
4 — http://bradley.bradley.edu/~ell/foucfft.html
به سویدی :
1 — http://filosofia.fi/se/ordbok/A
2 — https://gupea.ub.gu.se/bitstream/2077/24958/3/gupea_2077_24958_3.pdf
3 — http://bada.hb.se/bitstream/2320/2006/1/07-16.pdf