
گه‌شه‌ی کو‌لتوور یان ئه‌نتاگۆنیسموس؟
ئه‌م وتاره پێشکه‌شه به هه‌موو ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی، که یه‌ک وشه‌ی جوان هه‌یه ئاڕاسته‌یان نه‌کردووم، که له سووکایه‌تیی و جنێودان زیاتر هیچی تریان بۆ من پێنه‌بووه. به‌وانه‌ی، که ئازاریانداوم، به‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی هه‌موو کاره‌ساتێکیان بۆ ده‌کردم. به خوشک و براکانی خۆم، که ڕۆڵی دوژمنێکیان له به‌رانبه‌رمدا ده‌بینی.
تێبینی: ئه‌م نووسیینه پاکنووس نه‌کراوه، ده‌شێت خاوه‌نی هه‌ڵه‌ی تایپ بێت.
ده‌ستپێک:
کێشه‌ی ئامانج و ئازادیی ئاگایی، پابه‌نده به ڕه‌وشێکی ئۆپۆسیزیۆنانهی چه‌مکی ئازادییه‌وه، که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆسه‌ر چه‌مکی خودی سروشت خۆی، ئالێره‌دا ده‌بینین، که سروشت ئامانجی له هه‌بوونی دژهکرده و وته‌ی مرۆڤدا هه‌یه. هه‌روه‌کوو چلۆن به‌رانبه‌ر به وشک ته‌ڕ و به‌رانبه‌ر به تارییکیی ڕووناکیی هه‌یه، ئاوهاش له به‌رانبه‌ر ئاماده‌بوون بۆ پێکه‌وه‌بوون نائامادهبوونیش هه‌یه. ئه‌نتاگۆنیسموس له مرۆڤدا له‌ویادا ده‌بینرێت، که مرۆڤ خاوه‌نی قولاپی خۆتاککردنه و هه‌مانکاتیش قولاپی خۆکۆکهره. به واتایه‌کی دی هه‌م ته‌نها بژیی و هه‌میش له کۆمه‌ڵدا. مرۆڤ هه‌میشه له‌به‌ینی ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا له‌نێوه‌نددا به‌ره‌و دڕان ڕۆیشتووه، ئه‌م یه‌که‌یه‌ی مرۆڤ بریتییه له سروشتی مرۆڤ. له‌لای کانت له ئهنتاگۆنیسموسدا که‌ره‌سته‌ی سروشت هه‌یه، که به‌هۆیه‌وه ده‌گات به ئامانجه‌کانی. یه‌کێک له ئامانجه‌کان بریتییه له کو‌لتوور، که تاکه‌کان تینوێتیی فه‌رمانڕه‌وایی، چاوبرسێتیی، خانه‌دانێتیی خۆیانی تێدا ده‌نووسنه‌وه، هه‌مانکات هه‌لێکه بۆ پڕاکتیزه‌کردنی “خراپه”ی مرۆڤ. کاتێک باس له ئه‌نتاگۆنیسمووس ده‌کرێت، پێویسته ئه‌وه‌مان بیرنه‌چێت، که سنوورێک بۆ چه‌مکی ئازادیی دابنێین، هه‌تاوه‌کوو له ڕێگایه‌وه ئامانجی مێژوویه‌ک به قازانجی هه‌موو بشکێته‌وه نه‌ک تاک. ئه‌نتاگۆنیسمووس ڕووی مرۆڤ وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر ئامانجه سروشتییه‌کانی. ئه‌زموون ده‌یسه‌لمێنێت، که خراپه‌ی دابوونهریتانه هه‌یه، که مامه‌ڵه‌گه‌لێک بوونیان هه‌یه، که زیان به یاسا نه‌ریتییه مرۆییه‌کان ده‌گه‌یه‌نێت. لێره‌دا به یاساییکردنی مامه‌ڵه ئیندیڤیدووێلییهکان ده‌چێته ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه، به واتا کانتییه‌که‌ی، مرۆڤ پێویسته زینێک له پانتایی چه‌مکی سروشتدا به چه‌مکی ئازادیی بدات. مرۆڤ باوه‌ڕی به کرده‌ی “خراپه” هه‌یه، لێ له‌و سنووره‌دا، که پێرسپێکتیڤییهت له مێژوودا پاڵنه‌ری دروستکردنی ئه‌و مێژووی خراپه‌یه‌یه، مرۆڤ ده‌کاته بوونه‌وه‌رێکی خراپه‌کار. که‌واته ئێمه ده‌توانین بڵێین، که مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه‌کاره. به تێڕوانینێکی پسیشۆئهنالیتیکییانه، سیستێمی که‌سایه‌تیی تاک له ڕێگای په‌روه‌رده‌وه، وه‌ها ده‌کات، که مرۆڤ ببێته بوونه‌وه‌رێکی خراپه‌کار، ئیدی لێره‌دا ئه‌و سروشته‌ی، که کۆرپه‌ی چ تێدا له‌دایکده‌بێت و چ په‌روه‌رده ده‌بێت فاکتۆرێکی به‌هێزه له‌سه‌ر خراپه‌کاریی و باشهکاریی ئه‌ودا له ئاینده‌دا.
مرۆڤ باوه‌ڕ ده‌کات، که خراپه‌کردن په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌وی به مێژووه‌وه هه‌یه، به واتایه‌کی دی، که سروشت قه‌ستێکی له جوڵه‌ی خۆیدا هه‌بێت، له ڕووداودا هه‌بێت. به ڕوانین بۆ کۆله‌ریی و ناکۆله‌ریی ده‌بینین، که مرۆڤ وه‌ک تاک له سروشته‌وه جارێک وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ناکۆله‌ریی، ئاماده‌ی کرده‌ی خراپه به‌بێ گوێپێدانه لێکه‌وته‌وه‌کانی و جارێکیش کۆله‌رییه و له خه‌می مرۆڤی تردایه. ئه‌نتاگۆنیسمووس کاریگه‌ریی خۆی له‌ناو پێکهوهییهکدا ده‌کاته سه‌ر چه‌ند “تاک”ێک، ته‌نانه‌ت له ته‌واوی گرووپ و کۆمه‌ڵگاکاندا پێویسته ئه‌م یاسایه کاربکات. به‌ڵگه‌ی کانت بۆ هه‌بوونی ئه‌م کاریگه‌رییه له‌سه‌ر تاک بریتییه له هه‌ڵگیرساندنی “جه‌نگ”. له به‌کارهێنانی هێزی بوونه‌وه‌ره خراپه‌کاندا دژ به یه‌کتر، جیهان به پرۆسه‌ی به بیابانکردندا تێده‌په‌ڕێت. تاک ئه‌م پرۆسێسه ده‌به‌ستێته‌وه به سروشته‌وه وه‌ک قه‌ستی خودی سروشت له وێرانکردنی سروشت خۆیدا، به‌هۆی کاره‌ساتی سروشتییه‌وه. سه‌رنج له‌سه‌ر ئازار و خه‌م وه‌ک ئێلێمێنتێک له ناوکۆلهرییدا، که مرۆڤ له ڕێگای جه‌نگه‌وه پڕاکتیزه‌ی ده‌کات، بریتییه له‌وه‌ی، که ئازار و خه‌م وه‌ک پلانێکی خودی سروشت ته‌ماشا ده‌کرێت. ئه‌وه‌ی، که مرۆڤ لێره‌دا پێویستی پێی بێت، بریتییه له هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێک، که له ڕێگایه‌وه تای ته‌رازووی ژیانی مرۆڤ پارسه‌نگ بکات. ده‌وڵه‌تێک، که له ڕێگای ئێتیکه‌وه ئه‌رکی پاراستنی ژیانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ بێت، ئه‌رکی پاراستنی مرۆڤ و زه‌ویی بێت، ده‌وڵه‌تێک، که خاوه‌نی ئێتیکی سیاسیی خۆی بێت و له خه‌می به‌خته‌وه‌رکردنی تاکه‌کانی خۆیدا بێت. تووندوتیژیی ده‌وڵه‌ت پێویسته له‌و کاتانه‌دا پڕاکتیزه بکرێت، که ئازادیی تاک و کۆ بکه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و له ڕێگای تووندوتیژییه‌وه هه‌وڵی پاراستنی به‌خته‌وه‌ریی تاک و کۆ بدات. ئێتیکی سیاسیی لێره‌دا ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له ده‌سته‌ڵاتی مافیا جیاده‌کاته‌وه. کۆمه‌ڵگای ئێمه له هه‌ناسه‌دان زیاتر پێویستی به هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکه، که به‌هۆیه‌وه بتوانێت ئازاد بێت. ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بین پێویسته ده‌وڵه‌تێکمان هه‌بێت.
1. کێشه‌ی کو‌لتوور:
“ئێمه له گه‌وره‌تریین پله‌ی هونه‌ر و زانست‌دا کولتیریزهبووین، ئێمه سڤیلیزیرهبووین هه‌تا پڕبوون له هه‌موو شێوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕێکوپێک و به‌جێ. لێ خۆمان مۆڕاڵانه ڕابگرین، له‌ویادا که‌موکوڕییه‌کی زۆر هه‌یه.”. GPTD VI, S. 106. ئه‌م تێڕوانینه‌ی کانت بۆ کۆمه‌ڵ ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خودی سروشتی مرۆڤ خۆی، وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ئازادی تاکڕه‌وی ئیگۆئیست، ئه‌م بوونه‌وه‌ره ئیگۆئیسته، ته‌نها له ڕێگای به‌کارهێنانی هۆشیارییه‌وه ده‌توانێت خۆی سۆسیالیزه بکات، له کۆمه‌ڵدا ژیانێک بژیی ئاسووده و ڕێکوپێک و ئازاد، لێ که‌میی مۆڕاڵ له بیرکردنه‌وه و مامه‌ڵه‌ی ئه‌م مرۆڤه‌دا له‌ناو کۆمه‌ڵدا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی کێشه بۆ ژیانێکی پێکه‌وه‌ییی. گه‌شه‌ی کلتوور له مێژووه‌وه کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ته کایه‌وه، ئه‌م کێشه‌یه‌ش مایه‌ی لێکدانه‌وه و تێڕامانه. گه‌شه‌ی کو‌لتوور په‌یوه‌ندیی به مامه‌ڵه‌ی ڕاستیی مرۆڤه‌وه هه‌یه، نه‌ک قووتکردنه‌وه‌ی پرسیارێک له‌سه‌ر ناسینه‌وه. له‌م ڕووه‌وه ڕۆسۆ پێیوایه: ده‌کرێت ڕاستیی بدۆزرێته‌وه، لێبه‌ڵێ ڕاستیی ته‌نها خاوه‌نی فۆڕمی خۆیه‌تی. ئالێره‌دا ڕۆسۆ بواره‌کانی ناسینه‌وه ده‌کاته ژێر پرسیاره‌وه، که پێیوایه، ڕاستیی و ناسینه‌وه هه‌میشه بریتیین له دووربینیی. مارکس به‌شێوه‌یه‌کی تر ته‌ماشای ئه‌م کێشه‌یه ده‌کات، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که له‌لای ئه‌وه ” ڕۆح سروشتی بۆ ئێمه کردووه به شوێنی مامه‌ڵه‌کردن، که بریتییه له ڕاستیی ئه‌وێک “ڕۆح” وه‌ک یه‌که‌میین. ئا له‌م ڕاستییه‌دا سروشت ونبووه و ڕۆحیش بووه به بوونیه‌تێک بۆ “خودی خۆی” و بووه به هزرێک، به‌شێوه‌یه‌ک، که ئۆبیهکتیش هه‌روه‌کوو سوبیه‌کت بووه به چه‌مک.”. .GPTD VII, Marx, S. 25ده‌بینین مرۆڤ چیدی وه‌ک به‌شێک له سروشت ده‌رناکه‌وێت، به‌ڵکوو وه‌ک بوونیه‌تێکی نامۆ له‌ناو سروشتدا، کو‌لتوور بووه به سروشتی دووهه‌می و بووه به تاکه ڕاستیی بۆی. مرۆڤ کلتوور به‌رهه‌م ده‌هێنێت و به‌هۆی کولتووریشه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌واتایه‌کی دی: واته ده‌بێت به‌و بوونیهتهی، که کو‌لتوور به‌رهه‌می ده‌هێنێت. ڕۆسۆ پێیوایه، که، مرۆڤ نا، به‌ڵکوو خودی سروشت پێویسته ئه‌رکی په‌روه‌رده‌کرنی منداڵ بگرێته ئه‌ستۆی خۆی. له په‌ڕتووکی ئێمیله (Emile)دا مرۆڤ وه‌ک ڕووه‌ک ته‌ماشا ده‌کات، که له مه‌ترسیی وشکههڵگهڕاندایه و ته‌نها له ڕێگای مه‌رجێکه‌وه و به خزمه‌تێکی ڕاسته‌قینه سه‌رله‌نوێ ده‌توانێت بگه‌شێته‌وه. لێره‌دا تێده‌گه‌ین، که ڕۆسۆ ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ی، که خۆی ده‌ڵێ: “مرۆڤ له بنه‌ڕه‌تدا باشه”. ڕۆسۆ پێیوایه، که مرۆڤ له سروشته‌وه بوونیه‌تێکی باشه، لێبه‌ڵێ کو‌لتوور وشکیکردۆته‌وه، هه‌ربۆیه ده‌بێت سه‌رله‌نوێ خزمهتبکرێتهوه بۆئه‌وه‌ی بژیه‌ته‌وه، لێ بۆ ئه‌م ژیانه‌وه‌یه‌ش مه‌رجی هه‌یه، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤه بۆ سروشت. به واتایه‌کی دی ده‌بێت مرۆڤ ئه‌و هه‌سته‌ی پێبدرێته‌وه، که ئه‌و به‌شێکه له سروشت، نه‌ک کو‌لتوور بکات به سروشتی خۆی. ئالێره‌دا له‌م شوێنه‌دا، که ڕۆسۆ باس له باشبوونی مرۆڤ له سروشته‌وه ده‌کات، چه‌ند ڕامانێکی تری ئیندیڤیدووالمان به‌بیردێته‌وه، که مرۆڤ به بوونیه‌تێکی ڕادیکاڵ پێناس ده‌کات، بوونه‌وه‌رێک، که ته‌نها ئینته‌رێسه‌ی بۆ لایه‌نگریی خودی خۆی هه‌یه و چیدی نا. له‌م ڕووه‌وه میکاڤیللیی ده‌ڵێ: “مرۆڤ ڕادیکاڵێکی ئیندیڤیدوالیسته”. زۆرجار مرۆڤ ڕۆسۆ وه‌ک دژه‌بۆچوونی “تۆماس هۆبز” ته‌ماشا ده‌که‌ن، چونکه هۆبز پێیوایه، که “مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه”. سروشتی مرۆڤ وه‌ک پێویسته هۆکارێک نییه، که کۆمه‌ڵگا ده‌که‌وێت، چونکه مرۆڤ له سروشته‌وه باش نییه، ده‌کرێت مرۆڤایه‌تیی به چه‌ندیین ڕه‌وتی جیاوازدا گه‌شه‌بکه‌ن. واتا ئه‌م بوونه‌وه‌ره خراپه، ده‌بێته هۆی نانه‌وه‌ی کێشه له کۆمه‌ڵگادا. له “گرێبه‌ندی کۆمه‌ڵگادا” ڕۆسۆ به‌مشێوه‌یه ده‌ستپێده‌کات: مرۆڤ ئازاد له دایکبووه، که‌چیی له هه‌موو شوێنێکدا که‌وتۆته ناو زنجیره‌وه. که‌چیی له ئێمیله (Emile)دا، وه‌ک ده‌ستپێک ده‌نووسێت: “هه‌موو شت باشه”. له‌لای ڕۆسۆ مرۆڤ له سروشته‌وه خاوه‌نی ویستی ئازاده، هه‌مانکاتیش خاوه‌نی هه‌ڵسوڕێنه‌رێکی به‌هێزی لایه‌نگریی خوده. ته‌نها له ڕێگای په‌روه‌رده و زانسته‌وه مرۆڤ ده‌توانێت ببێت به مرۆڤێکی ڕاسته‌قینه، که له بری ئه‌وه‌ی هێزی کاڵوکرچی هه‌بێت، ده‌بێته خاوه‌نی تێگه‌یشتن “ئه‌قڵ” و باشه. مرۆڤ له سروشته‌وه باشه و سه‌ره‌تا له ڕێگای کولتووره‌وه خراپ بووه. ئه‌م تێڕوانینه‌ی ڕۆسۆ بۆ مرۆڤ، ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ مێژوو، که زۆر گه‌شه‌ی خراپی کولتووری له مێژووی مرۆڤایه‌تییدا له‌خۆ گرتووه، بۆ نموونه “خاوه‌ندارێتیی، ده‌وڵه‌مه‌ند، هه‌ژار”، “سه‌رکرده و سهرکردایهتییکراوان”، “ده‌سته‌ڵات له پانگهراییدا (ته‌نها له قازانجی خوددا، به‌بێ گوێپێدانه یاسا و داد)، به‌رهه‌مهێنانی ده‌سته‌ڵاتدار و کۆیله”. به گه‌شه‌کردنی کلتوور “په‌یڤ، زانست، هونه‌ر”، فۆڕمی کۆمه‌ڵگا بوونیهته سروشتییه‌که‌ی خۆی ونده‌کات، مرۆڤ، که له سه‌ره‌تاوه باش بووه و خۆی خۆشویستووه ده‌گۆڕدرێت بۆ بوونه‌وه‌رێک، که به‌دمه‌سته به خودی خۆی. ئه‌م ڕامانه له ماکیاڤیللیی نزیکمان ده‌کاته‌وه، “مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی ئیگۆئیستی ڕادیکاڵه”. کلتوور زنجیر ده‌کاته ده‌ست و پێ و گه‌ردنی مرۆڤ، به‌پشتبه‌ستن به په‌یڤی داد، که که‌له‌پچه‌ی نوێ ده‌دات به لاوازه‌کان و هێزی زیاتریش به ده‌وڵه‌مه‌ندان. dtv-Atlas, S. 132 . ئه‌م کۆمه‌ڵگا ساکار و باشه به مرۆڤه باشه‌کانیه‌وه له ڕێگای کلتووره‌وه تێکشکێنرا. ئه‌وه‌ی، که مرۆڤ له‌لای ڕۆسۆ له‌م “گرێبه‌ندی کۆمه‌ڵگا”یه‌دا ده‌یدۆڕێنێت بریتییه له ئازادییه سروشتییه‌که‌ی و مافێکی بێ سنور بۆ هه‌مووشت. ئه‌وه‌شی ئه‌و له‌م گرێبه‌نده‌دا ئاره‌زوویه‌تی و ده‌یه‌وێت پێیبگات، ئه‌وه‌ی وه‌ریده‌گرێت بریتییه له ئازادییه‌کی هاووڵاتییانه و خاوه‌ندارێتیی هه‌موو شت، که ئه‌و خاوه‌نیه‌تی. کێشه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ له گرێبه‌ندی کۆمه‌ڵگادا ده‌بێت خاوه‌نی چیی بێت؟! زۆرجار وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به “هیچ” ده‌درێته‌وه، که‌واته مرۆڤ بۆی هه‌یه له‌م گرێبه‌نده‌دا موڵکدارێتیی “هیچ”ی خۆی بکات. له‌م گرێبه‌نده‌دا مرۆڤ مافی ژیان و مه‌رگی خۆی له سروشت ده‌ستێنێته‌وه ئه‌یداته ده‌ست ئه‌م گرێبه‌نده، واته ئه‌م گرێبه‌نده بۆی هه‌یه بڕیار له‌سه‌ر ژیان و مه‌رگی مرۆڤ بدات، هه‌رکات، که ویستی. مرۆڤ مافی ژیانی خودی خۆی هه‌یه، لێ ئه‌گه‌ر “ده‌وڵه‌ت” ویستی، که مرۆڤ پێویسته خزمه‌تی ده‌وڵه‌ت بکات، ئه‌وا مرۆڤ، که له‌م گرێبه‌نده‌دا بووه به “هاووڵاتیی” پێویسته بۆ ده‌وڵه‌ت بمرێت. چونکه له‌م گرێبه‌نده‌دا ژیان چیدی ئه‌رکی سروشت نییه، به‌ڵکوو دیارییه‌کی پابهندداری ده‌وڵه‌ته. هه‌موو مرۆڤێک ئه‌م ئه‌رک و مافه یهکسانهیان هه‌یه، به‌بێ بوونی پریڤیلێگ (Privileg)، “مافێکی شاز بۆ خودێک”، بۆ تاکه که‌س. مرۆڤ لێره‌دا قسه له‌سه‌ر گرێبه‌ندێک له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا ده‌کات، مرۆڤ ئه‌رکه له‌سه‌ری، که هێزی خۆی بۆ پێکه‌وه‌ییی و به‌خته‌وه‌رییه‌کی گشتیی به‌کاربهێنێت.
مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی بیرکه‌ره‌وه پێویستی به ڕێزی ئه‌وانی تر و هه‌موو شته ڕۆتینه‌کانی تری ناو کۆمه‌ڵگایه. لێبه‌ڵێ شیاوی ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ له کۆمه‌ڵگادا درک به بوونی بیرکردنه‌وه ئینڤیدیدووالهکان بکات، چونکه ئاماده‌بوون بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی گرێبه‌ندێکی ئاوهای کۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌رج نییه له هه‌موو مرۆڤێکدا ببینرێته‌وه. ته‌واوی کۆمه‌ڵگاکانی جیهان خاوه‌نی ئیندیڤیدووالییهتن و هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک بۆ خۆی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئیندیڤیدووێله و هه‌ر کولتوورێکیش هه‌مانشێوه. ڕۆسۆ له‌م ڕووه‌وه قسه له‌سه‌ر هه‌بوونی “کۆله‌ریی”، (که‌سێک، که ویست و خۆشه‌ویستیی هه‌یه بۆ پێکه‌وه ژیان له کۆمه‌ڵگادا)، مرۆڤ ده‌کات، که پابه‌نده به بۆچوونی خه‌ڵکانی تره‌وه. واته مه‌رج نییه هه‌موو که‌سێک ویست و خۆشه‌ویستیی هه‌بێت بۆ ژیانێک له کۆمه‌ڵگادا، پابه‌ند بێت به بۆچوونی خه‌ڵکانی تره‌وه. دژهوتهی ئه‌مه‌ش بریتییه له “ناکۆله‌ریی”، (که‌سێک، که ویست و خۆشه‌ویستیی نییه بۆ پێکه‌وه ژیان له کۆمه‌ڵگادا). ڕۆسۆ جیاوازیی ده‌کات له‌نێوان کولتووره جیاوازه‌کاندا، هه‌موو کولتوورێک خاوه‌نی مێژووی خۆیه‌تی، مێژووی ئه‌م کولتووره جیاوازانه‌ش به‌راورد ده‌کرێن، چونکه هه‌موویان سه‌ره‌تا به “باش” ده‌ستپێده‌که‌ن و به “خراپ” کۆتای‌یان دێت. ئه‌وه‌ی ڕۆسۆ ڕه‌تی ده‌کاته‌وه بریتیی نییه له مێژووه‌که، به‌ڵکوو خودی کۆمه‌ڵگاکه‌یه. چونکه کۆمه‌ڵگا فاکتۆرێکی به‌هێزه له‌سه‌ر زه‌وتکردنی ئازادییه‌کانی مرۆڤ. ئازادیی بۆ ڕۆسۆ ڕۆڵێکی چه‌قیی هه‌یه، هه‌ربۆیه ده‌ڵێ: “ئه‌وه‌ی ئازادییه‌کانی ونبکات، مرۆڤایه‌تیی خۆی ونده‌کات. له سروشتدا مرۆڤ له ئازادییه‌کی سروشتیی و هاڕمۆنییه‌کی ناوه‌کییدا ده‌ژیی، ئه‌و له سروشتدا هێشتا خراپ نه‌ببوو و به‌شی خۆی له خۆیدا هه‌بوو.”. GPTD V, Rousseau, S. 76. ڕۆسۆ پێ له‌سه‌ر توانا و باشه‌ی مرۆڤ له سروشتدا داده‌گرێت، بۆیه ده‌ڵێ: مرۆڤ به‌شی خۆی له خۆیدا هه‌بوو. واته چ باش بووه و چ ئازادیش بووه، لێ گرێبه‌ندێکی کۆمه‌ڵگا چ خراپی کردووه و چ دیلیشی کردووه، ئیدی لێره‌وه مرۆڤ، مرۆڤ نییه به‌ڵکوو بوونه‌وه‌رێکی تری خراپ و دیل. بۆ ڕۆسۆ پێوه‌رێک هه‌یه بۆ سروشتی مرۆڤ، له‌ویادا، که هێشتا نه‌گووتراوه، که ئاخۆ مرۆڤ له سروشته‌وه باشه. چونکه سروشتی مرۆڤ وه‌ک پێویسته ئه‌و هۆکاره نییه، که بوونیه‌تی کۆمه‌ڵگا قووتده‌کاته‌وه. مرۆڤ، که له سروشته‌وه باش نییه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که کۆمه‌ڵگا به چه‌ند ڕێگایه‌کی جیاوازدا گه‌شه بکات. کۆمه‌ڵگایه‌ک، که خاوه‌نی چاکه‌کاران و خراپه‌کاران بێت. کاتێک مرۆڤ یه‌کسانیی سروشتییبوونی خۆی له‌کیسده‌دات، ده‌بێته هۆی نانه‌وه‌ی کێشه و خه‌تا، له گرێبه‌ندی کۆمه‌ڵگادا، به‌هۆی یاساوه، یاسایه‌کی ناته‌ندروست، که زنجیری نوێ به لاوازه‌کان ده‌دات و ده‌سته‌ڵاتی نوێش به ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان، کێشه‌کان گه‌وره‌تر ده‌بن، ته‌نها له‌ویادا مرۆڤ هه‌ست به ئاسووده‌ییی ده‌کات، کاتێک چ ببینێت و چ هه‌ستبکات ئازادییه‌کانی زه‌وتنه‌کراوه و ژیانێکی یه‌کسان ده‌ژیی، “باشه نه‌ک بۆ تاک و چیین، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو”. ڕۆسۆ دژ به له‌ناوبردنی ئازادییه سروشتییه‌کانی مرۆڤه، که گرێبه‌ندی کۆمه‌ڵگا بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌ناوی ده‌بات و له جێگایدا یاسای موڵکدارێتییهکی نایه‌کسان سه‌قامگیرده‌کات، موڵکدارێتییهک به کاری کۆیلایه‌تیی و شهقاوهیهتیی به‌رهه‌مده‌هێنرێت. ئه‌م بنه‌مایانه وه‌ها ده‌کات، که ڕۆسۆ تێگه‌یشتن بدات به شه‌ڕ دژ به کۆمه‌ڵگا، چونکه ئه‌م کۆمه‌ڵگایه، بووه‌ته هۆی ساخته‌کردن، شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانی مرۆڤ، هه‌مانکاتیش ڕێگره له گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌زه‌ڵی هه‌لومه‌رجی “باش”ی مرۆڤ، “مرۆڤ له سروشته‌وه باشه”. “له‌دوای تێکشکاندنی شۆڕشی فه‌ره‌نسا ده‌نگۆی ئه‌وه له فه‌ڕه‌نسادا بڵاوبۆوه، که سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م شۆڕشه هه‌مووی خه‌تای ڕۆسۆ بوو، ته‌نانه‌ت خودی ناپۆلیۆن ده‌ڵێ: “باشتر بوو ئه‌م پیاوه هه‌ر نه‌ژیابایه”. 74 GPTD V, Rousseau, S.. له‌لای خودی “کانت”یش گه‌شه‌ی کو‌لتوور بریتییه له ئه‌رکێکی سیاسیی مرۆڤایه‌تیی له‌ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی هاووڵاتییدا، “ڕێکخستنێکی ههقپهروهرانهی ئازادیی ده‌وڵه‌ت”. کانت ئه‌رکی دادپه‌روه‌ریی و چه‌سپاندنی ئازادیی ده‌خاته ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت و ڕێکخستنێکی ههقپهروهرانهش له ئازادییدا به به‌رهه‌می ترس له ناکۆله‌ریی ده‌زانێت. له‌م ڕووه‌وه کانت ده‌ڵێ: ” هه‌موو کو‌لتوور و هونه‌ر، ئه‌وانه‌ی، که مرۆڤایه‌تیی خشڵداردهکهن، جوانتریین ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگا بریتین له ترس له ناکۆله‌ریی، که له ڕێگای خودی خۆیه‌وه پێویست ده‌کات خۆی دیسپینیرهبکات، وه له ڕێگای هاتنه‌کایه‌وه‌ی هونه‌ر و هونه‌ری ژیانێکی ئاسانه‌وه، به ته‌واوی گه‌شه به سروشت بدرێت.” GPTD VI, Kant, S. 100.. کانت ده‌یه‌وێت پێمانبڵێت: ئه‌وه ترسه له ناکۆله‌ریی، که ناچارمان ده‌کات خۆمان له‌ناو گرێبه‌ندێکی کۆمه‌ڵگادا ڕێکبخه‌ین. ئه‌م ترسه وه‌ها ده‌کات، که مرۆڤ به‌خۆیدا بچێته‌وه دیسپلینێک بۆ خۆی دابنێت، له ڕێگای هونه‌ری ژیانێکی ئاسانه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سروشت و له‌وێدا خۆی و سروشتیش به ته‌واویی بپارێزێت. کانت گه‌شه‌ی کو‌لتوور به ئه‌رکێکی سیاسیی ده‌زانێت، چونکه ته‌نها له ڕێگای سیاسه‌تێکی ته‌ندروسته‌وه مرۆڤ ده‌توانێت له کۆمه‌ڵگادا هه‌ست به ئاسووده‌ییی خۆی بکات، هه‌ستبکات، که ئازادییه‌کانی پارێزراوه. مرۆڤ ئه‌م هه‌سته‌ی له‌لا دروستنابێت، ئه‌گه‌ر هاتوو کۆمه‌ڵگا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێک نه‌بوون، که ههقپهروهرانه ئازادیی له کۆمه‌ڵگادا ڕێکخستبێت. هه‌میشه ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه خاوه‌نی کێشه‌ی سیاسیی گه‌وره‌ن، که ده‌وڵه‌ته‌کانیان ئه‌م ڕێکخستنه‌ی کۆمه‌ڵگایان له‌سه‌ر بنه‌مای ماف و ئازادیی دانه‌مه‌زراندبێت. چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ش ته‌نها له ئاشتبوونه‌وه‌یه‌کی گشتیی‌دا ڕیالیزه ده‌کرێت، ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ک، که هه‌ستی ئازادیی و ماف و یه‌کسانیی ببه‌خشێته‌وه به تاک. ئیدی لێره‌وه دۆزینه‌وه‌ی ڕاستیی ته‌نها له ئاشتبوونه‌وه‌دا ده‌بێت، نه‌ک له جیابوونه‌وه‌دا.
1.1 په‌ره‌وه‌رده‌کردنی مرۆڤایه‌تیی له مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی شیکردنه‌وه‌وه:
هومانیتێت بریتییه له که‌ڕاکته‌ری ڕه‌گه‌زی ئێمه وه‌ک مرۆڤ، ئه‌و ته‌نها وه‌ک به‌شێک له ئێمه‌دایه، که ده‌بێت په‌روه‌رده‌ی بکه‌ین، ده‌شێت ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م جیهانه نه‌توانین بیگه‌یه‌نینه ئامانج، لێبه‌ڵێ پێویسته تێکۆشانی ئێمه له جیهاندا بۆ ئه‌و ئامانجه بێت. ئێمه کاتێک ده‌توانین کار بۆ ئه‌م ئامانجه بکه‌ین، ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌وڵماندا ئازادیی بکه‌ینه جێگای ئهبسۆلوتیسموس، یه‌کسانیی له جێگای ته‌نها گرنگییدان به‌لایه‌ک، ئه‌زموون و ناسینه‌وه‌ی زانستیانه له جێگای خه‌تابارکردن و خه‌وش، تۆله‌رانس له جێگای دۆگماتیسموس، ئه‌مانه ده‌کرێت بکرێته هزرێکی نوێی ژیان له کۆمه‌ڵگادا. مرۆڤ پێویسته له کۆمه‌ڵگادا گهشبینبێت به‌رانبه‌ر به ئایندهی خۆی و کۆمه‌ڵگاکه‌ی، له ئازادییدا بیروبۆچوونی ده‌رببڕێت و کاری ئه‌و له ئازادییدا ویستێکی باش بێت، نه‌ک له ترسی سزادان ژیانێک بژیی، که پێویسته له‌سه‌ری. ئینجا له ترسی ئاگری جه‌هه‌ننه‌م بێت یان زیندان و فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه. هه‌رشتێک له ترس‌دا کرا “باش” نییه، چونکه مرۆڤ له شوێنێکدا، که ترسی له‌سه‌ر نه‌ما به‌رده‌وام ده‌بێت له کرده‌ی خراپ. لێبه‌ڵێ ئه‌گه‌ر هاتوو مرۆڤ له ئازادییدا خاوه‌نی ویستی باش بوو، ئه‌وا هیچ پێویستی به هه‌بوونی ترس نییه هه‌تا کاری باش بکات، ئه‌و ئه‌گه‌ر چاوی ده‌وڵه‌تیشی له‌سه‌ر نه‌بێت کاری باشی خۆی ده‌کات، چونکه خاوه‌نی ویستی باشه. له مێژووی شیکردنه‌وه‌وه په‌روه‌رده‌کردن ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی له باشکردنی مرۆڤدا بینیوه. جیاوازیی نێوان کولتوورێکی سوبیه‌کتیڤ و ئۆبیه‌کتیڤ له‌لای هێرده‌ر (Herder) له‌وه‌دایه، که مرۆڤ له‌ناو زنجیری په‌روه‌رده‌کردندا ڕاوه‌ستاوه. له‌لای هێرده‌ر مێژووی په‌روه‌رده‌ی مرۆڤ وا له‌ناو کۆی مێژووی کو‌لتووردا. له‌م مێژووی کولتووره‌دا گه‌لان خاوه‌نی مێژووی خۆیانن، گه‌لان له‌م مێژووه‌دا خاوه‌نی هومانیتێتی خۆیان. هومانیتێت له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌لان پێکدێت، ئه‌رکێکه وا له‌سه‌ر شانی ته‌واوی مرۆڤایه‌تیی نه‌ک ته‌نها گه‌لێک یان چه‌ند گه‌لێک. له‌لای هێرده په‌روه‌رده ڕۆڵێکی گه‌وره له گۆڕانی ژیانی مرۆڤدا ده‌بینێت، به‌بێ ئه‌م جوڵه‌ی په‌روه‌رده‌یه، مرۆڤ له‌ناو ناته‌واویی و توووندوتیژییدا نقووم ده‌بێت و ئایندهی ده‌فه‌وتێت. له‌م ڕووه‌وه هێرده‌ر ده‌ڵێ: “هومانیتێت گه‌نجینه و سامانی هه‌موو تێکۆشانێکی مرۆڤه، هه‌مانکاتیش هونه‌ری ڕه‌گه‌زی ئێمه‌یه. په‌روه‌رده له‌ودا به‌رهه‌مێکه، که به‌بێ که‌مته‌رخه‌میی پێویسته درێژه‌ی پێبدرێت، یان ئه‌وه‌تا له‌ناو پارچه‌ی بڵند و نه‌ویی دا نقووم ده‌بین، ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئاژه‌ڵی پێنه‌گه‌یوو و تووندوتیژیی.” Herder, Briefe zur Beförderung der Humanität 1, S. 140. به‌بێ په‌روه‌رده مرۆڤ ئایندهی نییه، بێجگه له گه‌ڕانه‌وه بۆ تووندوتیژیی. هێرده‌ر له‌ژێر کاریگه‌رێتیی به‌هێزی ڕۆسۆدا بووه، به‌هۆی ڕۆسۆوه “شیکردنه‌وه” ڕه‌وشێکی نوێی پێدرا، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که شیکردنه‌وه ماوه‌یه‌کی درێژ ته‌نها ئینته‌رێسه‌ی له‌سه‌ر ڕاتسیۆناڵیتێت “شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی هۆشیارانه” هه‌بوو، (شیکردنه‌وه‌ی زین)یشی، له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنایه کایه‌وه و ڕه‌واجی پێدا. ئه‌گه‌ر ڕۆسۆ له کۆمه‌ڵگادا نامۆبوونی مرۆڤ به‌رانبه‌ر به سروشت ببینێت، ئه‌وا هێرده‌ر ته‌واو و ڕێک بیر له ڕێگایه‌کی تر ده‌کاته‌وه، مه‌به‌ستیشی ئه‌وه‌یه، که گه‌شه‌ی مرۆڤ له سه‌ره‌تاوه بریتیی بووه له گه‌شه‌ی بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی. گه‌شه‌ی کلتووری مرۆڤ له‌لای هێرده‌ر بریتییه له پرۆسێسێک بۆ ده‌رچوون لهژێرکاریگهرێتیی که‌موکوڕییه سروشتییه‌کانی. نیچه، کاتێک باس له‌م که‌موکوڕییانه‌ی مرۆڤ ده‌کات به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌کانی تردا، به خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک، نه‌خۆشیی، پێویستیی، ئازاری ده‌زانێت و مرۆڤ ناو ده‌نێت “هێشتا نه‌چه‌سپیوه، که مرۆڤ چ ئاژه‌ڵێکه.”. Friedrich Nietzsche. Jenseits von Gut und Böse. S, 68. . مرۆڤ وه‌ک تاکه بوونه‌وه‌رێک، که خاوه‌نی هۆشیارییه، پێویسته کار له پێکه‌وه‌ییدا بکات، چونکه ته‌نها له پێکه‌وه‌ییدا نه‌ک له ئیندیڤیدووم دا، مرۆڤ ده‌توانێت گه‌شه به هۆشیاریی بدات. مرۆڤ پێویسته پاڵه‌په‌ستۆی سیاسیی و ڕۆحیی خۆی شیکار بکات، پێویسته شیکردنه‌وه‌ی بۆ هۆکاری ئه‌م فشاره سیاسیی و ڕۆحییه هه‌بێت، هه‌میشه‌ش ڕه‌گی هه‌موو کێشه‌کان وه‌ها له‌ناو کولتووری پێکه‌وه ژیاندا، مرۆڤ ده‌بێت له‌و پێکه‌وه ژیانه‌دا هه‌ست به ئازادیی و خۆشیی بکات، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا کێشه سیاسیی و ڕۆحییه‌کان به‌رده‌وام ده‌بن. گه‌لان به گشتیی خاوه‌نی کولتوورن، جیاوازیی له‌نێوان گه‌لاندا له هه‌بوون و نه‌بوونی کو‌لتووردا نییه، به‌ڵکوو له فۆڕمی کولتوورهکانیاندایه. له‌لای هێرده‌ر گه‌لێکی بێ کو‌لتوور بوونی نییه، به‌ڵکوو جیاوازیی ته‌نها وا له پله‌ی کولتووریزه‌بوونیاندا. ئا به‌مشێوه‌یه مێژووی فه‌لسه‌فه‌ش له‌لای هێرده‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیی و فۆڕم و ده‌ربڕیینه جیاوازه‌کانیان. هه‌نووکه چیدی ڕاتسیۆنالیسموس له شیکردنه‌وه‌دا په‌روه‌رده‌یه‌کی ئیدیاڵمان بۆ قووتناکاتهوه، به‌ڵکوو ئه‌زموونێکی ئازادی هه‌موو بنچینه سروشتیی و هێزه‌کانی. هه‌ربۆیه ڕۆسۆ ئه‌و ئامۆژگارییه‌مان ده‌داتێ، که منداڵان پێویسته خۆیان ئه‌زموونی خۆیان له سروشتدا به‌رجه‌سته بکه‌ن. هێرده‌ر خۆی له‌ده‌ست ته‌رمینۆلۆگیی شیکردنه‌وه ڕزگار ده‌کات و به‌هایه‌کی تر ده‌دات به چه‌مکی کو‌لتوور، ئه‌و واتایه‌کی تر بۆ پانتایی چه‌مکی کو‌لتوور زیاد ده‌کات، که بۆ تێگه‌یشتنی ئیمڕۆ ڕێگایه‌کی پڕ زانینه. هه‌نووکه کو‌لتوور له‌لای هێرده‌ر چیدی وه‌ک پێویست پابه‌ند نابێت به ئۆبیهکتێکتهوه یان دابونه‌ریتێکه‌وه یاخوود په‌روه‌رده‌یه‌کی ڕۆحیی مرۆڤێک، به‌ڵکوو ئه‌و چه‌مکی کو‌لتوور به‌کارده‌هێنێت بۆ کۆی گشتیی هه‌لومه‌رجه‌کانی ژیانی گه‌لێک. به‌مشێوه نوێیه چهمکگهرییه به‌هایه‌کی ناوه‌کیی په‌یوه‌نددار ده‌بێت، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که هێرده‌ر لێره‌دا جیاوازیی ناکات له‌نێوان سروشت و باروودۆخی کو‌لتووریی مرۆڤدا، به‌ڵکوو ئه‌و قسه بۆ هه‌موو گه‌لانی سه‌ر ڕووی زه‌ویی ده‌کات بۆ هه‌بوونی قه‌واره‌یه‌ک له کو‌لتوور. به‌مشێوه‌یه ده‌بینین گه‌لانی سه‌ر ڕووی جیهان هه‌موویان له مێژوویه‌کدا یه‌که‌م هه‌نگاویان له کولتووریزه‌بوونی خۆیاندا ناوه، جیاوازیی نێوان کولتووری گه‌لان به واتا هێردهرییهکهی وه‌ها له پله‌ی کولتووریزه‌بوونیاندا. ده‌شێت مرۆڤ گه‌ڕان به‌دوای مێژووی کولتوورێکی پێکه‌وه‌ییدا بکات به پرۆسێسێک بۆ ده‌ستنیشانکردنی مێژوویه‌ک له هه‌وڵی په‌روه‌رده و هۆنینه‌وه‌ی گه‌لاندا. لێ ئامانجی له‌وه گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه، که ئایندهی کولتووری گه‌لانی سه‌ر ڕووی جیهان بهۆنینه‌وه، چونکه جیاوازیی پله‌ی کولتووریزه‌بوونی گه‌لانی جیهان به‌شێکی گه‌وره‌ی کێشه‌ی نێوان گه‌لانه.
1.2 کو‌لتوور وه‌ک سروشتی دووهه‌می مرۆڤ.
کانت جیاوازیی ده‌کاته نێوان پسیشۆلۆگیشه ئه‌نترۆپۆلۆگیی و پراگماتیشه ئه‌نترۆپۆلۆگیی. پسیشۆلۆگیشه ئه‌نترۆپۆلۆگیی ، که خوێندنه‌وه له‌سه‌ر “سروشت چیی به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌هێنێت” جیاده‌کاته‌وه له پراگماتیشه ئه‌نترۆپۆلۆگیی، که پشکنین له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات “مرۆڤ وه‌ک مامهڵهکهرێکی ئازاد، چیی له خۆی ده‌کات، یاخووده ده‌توانێت چیی بکات، یان پێویسته چیی بکات؟”. پسیشۆلۆگیشه ئه‌نترۆپۆلۆگیی مامۆستای سروشتی مرۆڤه. کانت پێوایه، که دڵنیایی ئه‌نترۆپۆلۆگیی له خوێندنه‌وه‌ی ئهنترۆپۆلۆگییدا نییه به تێڕوانینه پراگماتیکیهکهی، به‌ڵکوو وه‌ها له لۆگیکدایه. کێڵگه‌ی فه‌لسه‌فه له‌م جیهانیی هاوڵاتییبوونهدا چه‌ند پرسیارێک له‌لای کانت ده‌هێنێته ئاراوه.
1. ده‌توانم چیی بزانم؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره مێتافیزیک ده‌یداته‌وه.
2. پێویسته چیی بکه‌م؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره مۆڕاڵ ده‌یداته‌وه.
3. مرۆڤ چییه؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ئه‌نترۆپۆلۆگیی ده‌یداته‌وه.
کو‌لتوور بریتییه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی، که مرۆڤ به‌رهه‌میده‌هێنێت، نه‌ک به‌رهه‌می سروشت بێت. له‌م تێڕوانیینه‌دا پرسیارێک سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: که ئاخۆ ناکرێت به‌رهه‌مه‌کانی مرۆڤیش وه‌ک به‌رهه‌می سروشت ته‌ماشا بکرێت، چونکه خودی مرۆڤ خۆی به‌رهه‌می سروشته؟ وه‌ڵام نه‌خێر. لێبه‌ڵێ مرۆڤ له ڕێگای بیرکردنه‌وه‌وه سروشتێکی تایبه‌ت به خۆی دروست ده‌کات، که جیای ده‌کاته‌وه له هه‌موو ئاژه‌ڵه‌کانی تر، له ڕێگای بیرکردنه‌وه‌وه، مرۆڤ ئینستینکتی خۆی له‌کیس ده‌دات و بیرکردنه‌وه ده‌کات به سروشتی خۆی. له‌لای کانت مرۆڤ و کو‌لتوور بریتییه له دوائامانجی سروشت. له‌لای کانت مرۆڤ و کو‌لتوور بریتیین له ئامانجی سروشت. له کۆتایی ئه‌م ئامانجی سروشته‌دا به‌هره‌ی مۆڕاڵیی مرۆڤ پابه‌ند ده‌بێت به کاتیگۆرییه‌کی ئیمپهراتیڤهوه. ئامانج له کو‌لتووردا پڕکردنه‌وه‌ی دابونه‌ریت و ڕۆحی تاکه‌کانه له پرینسیپی چه‌سپاندن و فه‌رماندا. ئێرنست کاسیره‌ر (Ernst Cassirer)، ده‌ڵێ: مرۆڤ له سیمبۆڵهکانیدا ده‌ژیی نه‌ک له سروشتی گه‌ردووندا”. یه‌کێک له کێشه‌کانی مرۆڤ ئه‌وه‌یه، که له‌بری ئه‌وه‌ی، له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی جیهاندا مامه‌ڵه بکات، که‌چیی له زۆریینه‌ی کاته‌کانیدا گفتووگۆ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌کات، به‌واتایه‌کی دی مرۆڤ له فۆڕمی په‌یڤ و هونه‌ردا، له ئه‌فسانه و سیمبۆڵدا یاخوود له دابونه‌ریتی ئایینی‌دا، که ئه‌و هه‌رگیز توانای پێگه‌یشتن و ته‌ماشاکردنی نییه بۆ شیکردنه‌وه‌یان. کو‌لتوور له‌ناو سروشتدا چه‌مکێکی نامۆیه، چونکه به‌رهه‌می مرۆڤه نه‌ک سروشت، له ژیانی مۆدێرنێته‌دا، پرسیار له‌سه‌رئه‌وه‌ی، که ئاخۆ مرۆڤ موڵکی سروشته یان نا، چیدی قورساییه‌کی وه‌های له‌ناو کۆمه‌ڵدا نه‌ماوه، چونکه مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌ک خۆی له سروشت دابڕیوه، که کولتووری کردووه به سروشتی خۆی و سروشتیش له ده‌ره‌وه‌ی سروشتی ئه‌ودا. لێره‌دا کو‌لتوور بریتییه له سروشتی مرۆڤ. مرۆڤ له سه‌ره‌تای بوونیه‌وه، له سروشته‌وه پێویستی به به‌رهه‌مهێنانی ده‌ستکردی خۆی و هونه‌ری خۆی و کۆمه‌ڵگا بووه، له‌پێناوی مانه‌وه‌ی له سروشتدا، ئه‌مه‌شی وه‌ک هێزێک به‌کارهێناوه، چونکه له سروشت و سروشتی مرۆڤدا ته‌نها به‌هێزه‌کان توانای مانه‌وه‌یان هه‌یه. له ڕوانگه‌ی نیچه‌وه، مرۆڤ له سروشته‌وه خاوه‌نی هه‌ڵه و که‌موکوڕییه، بۆیه ده‌ڵێ: مرۆڤ ئاژه‌ڵێکی ده‌ستنیشاننه‌کراوه. Friedrich Nietzsche. Jenseits von Gut und Böse. S. 68. به‌وپێیه‌ی، که مرۆڤیش وه‌ک هه‌ر ئاژه‌ڵێکی تر خاوه‌نی “تێگه‌یشتنی هه‌ڵه، نه‌خۆشیی، لێبوونه‌وه‌ی جۆر، شیاوی شکاندن، ئازاری پێویست”ه، ئه‌مه‌ش وههایلێدهکات، که نه‌توانین ده‌ستنیشانی جۆره‌که‌ی بکه‌ین وه‌ک ئاژه‌ڵ. لێره‌دا ڕه‌خنه له بوونه‌وه‌رێتیی مرۆڤ بریتییه له پشکنینی مرۆڤ نه‌ک ته‌نها هاویشته‌یه‌کی نێگه‌تیڤانه بۆسه‌ر بوونیه‌ت و سروشتی مرۆڤ.
لێره‌دا له‌سه‌ر بوونیه‌تی مرۆڤ وه‌ک “چیی و کێ” ئانترۆپۆلۆگییانه پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ که‌ره‌سته بنچینه‌ییه‌کانی بوون، واته گه‌ڕانه‌وه بۆ خودی سروشت و سروشتی مرۆڤ خۆیشی. له فه‌لسه‌فه‌ی سروشتدا له یۆنانی کۆندا گه‌ڕان به‌دوای ڕه‌گی بووندا پابه‌نده به شیکردنه‌وه له‌سه‌ر که‌ره‌سته‌کانی بوون وه‌ک {ئاگر، ئاو، هه‌وا، ئاپیرۆن “واته ناکۆتا و بێ سنور”، ئه‌م ده‌ربڕیینه له‌لایه‌ن نیچه‌وه به بێ سنور، ناگوونجاو شیکراوه‌ته‌وه.}. ئێمه ده‌توانین ته‌نها له ڕێگای ئه‌زموونه‌وه بتوانین بزانین، که ئاخۆ چه‌مکێک خاوه‌نی ناوه‌خنه یان نا. چه‌مکی بوون بریتییه له شتێک، که شیاوی بیرلێکردنه‌وه بێت، هه‌رشتێکیش نه‌توانێت بیرکردنه‌وه‌مان داگیربکات ناتوانین به‌دوای بوونیدا بگه‌ڕێین. له‌سه‌رێکی تره‌وه هه‌رشتێک، که شیاوی بیرلێکردنه‌وه‌یه، واته مه‌به‌ست تێیدا، ئه‌و شته‌ی، که “ئه‌و نییه”. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: مرۆڤ چییه؟ ئاخۆ ئه‌و ئاژه‌ڵێکه یاخوود خاوه‌نی توانا و به‌هره‌یه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ره؟ ئاخۆ ئه‌و خودی خۆی به‌ته‌نها به‌رپرسی مامهڵهکانیهتی، یاخوود ئه‌و دوای هه‌ڵسوڕێنه‌ره ئینستیکییهکانی که‌وتووه؟ گه‌ڵایه‌ک کاتێک له دره‌ختێک ده‌بێته‌وه هێزی ڕاکێشانی زه‌ویی ده‌یگرێته‌خۆی. لێره‌دا ده‌کرێت مرۆڤ به گه‌ڵا و ئینستینکتیشی به هێزی ڕاکێشانی زه‌ویی ته‌ماشا بکه‌ین. ئه‌گه‌ره‌کوو گایست و ڕۆح و ئازادیی بوونی هه‌بێت، ئه‌ده‌ی ئه‌م به‌هره و توانای به‌دواکه‌وتنه له‌کوێوه سه‌رچاوه‌یان گرتووه؟ لێره‌دا کاردانه‌وه ئانترۆپۆلۆگییهکان چیدی ناپرسنه سه‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ چییه؟ به‌ڵکوو ده‌پرسێت: ئێمه چیین؟ ئه‌و شته‌ی، که له په‌یڤێکی ئه‌بستراکتدا نه‌توانرێت پێناسبکرێت، ناتوانرێت پێناس له ڕاستیی بوونی ئه‌و بکات. لێ لێره‌دا گیرۆده‌ی ده‌ستی ئه‌و ڕاستییه ده‌بین و ده‌پرسین: فاکت چییه؟ کیرکهگار ده‌ڵێ: {فاکت “واقیع” بریتییه له ئینتهرێسهیهک له‌نێوانی ئه‌بستراکت و یه‌که‌یه‌کی هیپۆتێزانه‌ی بیرکردنه‌وه و بووندا.} GPTD VII, S. 206. ئه‌گه‌ره‌کوو من خودی خۆم پرسیارێک له‌سه‌ر خۆم قووتبکه‌مه‌وه، که پرسیاری یه‌که‌م بێت: ئاخۆ من خۆم چییم؟ کرێکاری کۆمپانیایه‌ک، نووسه‌رێک، خوێندکارێک … هتد. پرسیاری دووهه‌م: ئاخۆ به ڕاستیی من ئه‌وه‌م؟ ئه‌وه‌م، که وه‌ک پیشه ده‌یکه‌م، کرێکار، خوێندکار؟ لێره‌دا تووشی لێکدانه‌وه‌که‌ی دێکارت ده‌بم ده‌ڵێم: “من بیرده‌که‌مه‌وه، که‌واته منم. مه‌به‌ستی دێکارت لێره‌دا ته‌نها بوونی خوده، واته نه‌بوونی تۆ یان ئه‌و به‌ڵکوو خودی خۆم. که‌واته من لێره‌دا ته‌نها باس له ئێکسیستێنسی خۆم ده‌که‌م، “من بیرده‌که‌مه‌وه، که‌واته منم”. به‌مه‌ش ده‌ڵێن “منی ڕه‌وان”. له‌لای سوکرات به‌شێوه‌یه‌کی تره، ئه‌و به دڵنیاییه‌وه ده‌یتوانی بڵێت، که ئاخۆ ئه‌و مرۆڤه یان شتێکی تر. دواکاتیش، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و مایه‌وه ته‌نها زانایی بوو، که بریتیی بوو له‌وه‌ی، که ده‌یگووت: من ده‌زانم، که نازانم. “بێگانه‌یه‌ک، که تێگه‌یشتنی له‌سه‌ر ده‌مووچاو بوو، کاتێک به شاری ئه‌سینادا هات، به ڕووی سوکراتدا ده‌ڵێ: ئێوه دێوێکن، که شاخێک له پاڵنه‌ره خراپه‌کانتان له خۆتاندا هه‌ڵگرتووه. لێ سوکرات ته‌نها به‌وه وه‌ڵامده‌داته‌وه: جه‌نابتان من ده‌ناسن به‌ڕێزم.”. Friedrich Nietzsche, Götzen- Dämmerung, S. 17
چه‌مکی ئازادیی ویست له مێژووه‌وه ناوه‌خنی جیاوازی پێدراوه، ئه‌م چه‌مکه له سۆفۆکلێسه‌وه ده‌ستپێده‌کات، که خواوه‌ندییانه خاوه‌نی یاسای تایبه‌ت بیت، له‌وه‌وه ده‌گاته ستۆیکهر، که له‌سه‌ر یاسای سروشت درێژه به ژیان ده‌دات، هه‌تاوه‌کوو ده‌گه‌ینه کاڕل مارکس و له‌ویشه‌وه بۆ ژان پۆل سارته‌ر، که گرنگیی به یاسای خود ده‌دات. ئازادیی به‌هره پرینسیپێلییهکان بۆ سارته‌ر واتای: ژیانی خۆی به‌بێ سنور خۆی بڕیاری له‌سه‌ر بدات. ژیان بریتییه له ئاوتارکیی (Autarkie)، له یۆنانی کۆندا به واتای سه‌ربه‌ست هاتووه، یان هه‌بوونی ده‌سته‌ڵات به‌سه‌ر خوددا. سێنه‌کا، که له ساڵی 1ی زایینی‌دا له‌دایکبووه و له ساڵی 65 دا مردووه، فه‌یله‌سووفێکی ڕۆم و سه‌رداری ڕۆم بووه، به‌ده‌رله‌مه‌ش ئه‌و پشکێنه‌رێکی سروشت و هه‌مانکاتیش گراماتیکهر بووه. له سه‌رده‌می خۆیدا هیچ فه‌یله‌سووفێکی دی وه‌ک ئه‌و خاوه‌نی خوێنه‌ر نه‌بووه، وته‌کانی ئه‌و و بیرکردنه‌وه‌ی گه‌یشتوونه‌ته ئه‌م سه‌رده‌مه و هێشتا زیندوو له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا مامه‌ڵه‌ی پێده‌که‌ین. تێزه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌مانه. ئه‌و ده‌ڵێ: “مرۆڤ هیچ که‌سێک نادۆزێته‌وه، که بییه‌وێت پاره‌کانی ببه‌خشێته‌وه، لێ له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سدا که‌سێک ژیانی دابه‌شده‌کات؟ […] له‌به‌ر پرچی سپیی و چرچیی پێست باوه‌ڕمه‌که، که که‌سێک زۆر ژیابێت. ئه‌و زۆر نه‌ژیاوه، به‌ڵکوو زۆر لهوێداماوهتهوه.” ( Seneca. De Brevitate Vitae. Die Kürze des Lebens. Herausgeber, Franz Peter Waiblinger, S. 37). سێنه‌کا پێمانده‌ڵێت: ژیان ته‌نها له‌ویادا کورته، که ئێمه به کرده‌ی هۆشیار پڕی نه‌که‌ینه‌وه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ ویستی ئازادی مرۆڤ له‌کوێدایه، هه‌تاوه‌کوو ژیانی به ئازادیی ویسته‌کانی هۆشیارانه پڕبکاته‌وه؟ له‌وێدایه، که به‌بێ زۆر له خۆکردن کرده‌کانی بۆ به‌خته‌وه‌ریی پیاده ده‌کات. لێره‌دا کێشه‌ی مامه‌ڵه و ویست بریتیی ده‌بێت له چه‌قی کێشه‌ی بڕیاره‌کانی مرۆڤ. مامه‌ڵه‌ی مرۆڤێک کاتێک ئازاده، ئه‌گه‌ر هاتوو بواری ئه‌وه‌ی هه‌بوو، ئه‌وه بکات، که ئه‌و ده‌یه‌وێت. واته ئینته‌رێسه سروشتییه‌کانی و مۆتیڤه‌کانی له‌بۆ کردن، لێ له پرینسیپی ویست و ویستراودا، که به باشه‌یه‌ک بۆ باشه‌ی هه‌موو پێناسبکرێت. لێ ئه‌گه‌رهاتوو به‌هۆی به‌ربه‌سته ناوه‌کیی و ده‌ره‌کییه‌کانه‌وه نه‌یتوانی ئه‌وه بکات، که مامه‌ڵه‌ی ده‌یه‌وێت، ئه‌وا ئازادیی مامه‌ڵه‌کردنی سنورداره، که‌واته ویسته‌کانی له ڕێگای ئازادیی مامه‌ڵه‌کردنیه‌وه ده‌کرێته بازنه‌یه‌کی داخراوه‌وه یان به‌ربه‌ستێکی بۆ دروستده‌بێت. زیندانێک نموونه‌یه‌که بۆ سنوره ده‌ره‌کییه‌کان، چونکه زیندانێک ڕێگری جوڵانه‌وه‌یه به ئازادیی له‌ناو کۆمه‌ڵگادا. مرۆڤ با ویستیشی هه‌بێت، که بچێته بازاڕ بۆ کڕیینی شمه‌کێک یان بۆ کافێ خواردنه‌وه‌یه‌ک، لێ دیوارێک هه‌یه، که ڕێگا له مامه‌ڵه‌کانی ده‌گرێت، ئه‌ویش دیواری زیندانێکه. به‌ربه‌سته ناوه‌کییه‌کانیش خاوه‌نی پرینسیپێکی تایبه‌تن، که مۆڕاڵ یه‌کێکه له‌وان. ویستمه خانوویه‌کی جوانم هه‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویستم به پاره‌یه، لێ مۆڕاڵم وه‌ک به‌ربه‌ستێکی ناوه‌کیی ڕێگام نادات، که بچم بۆ گه‌یشتن به پاره‌ی کڕیینی خانوویه‌ک بانکێک ببڕم، یان هێرشبکه‌مه سه‌ر ماڵێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و به تووندوتیژیی پاره‌یان لێبستێنم. ئازادیی ویست پێناس له تواناکانی مرۆڤ ده‌کات، که ویستانه مامه‌ڵه بکات. ئازادیی ویست پێناس له‌و بواره ده‌کات، که ئازادانه بڕیار بده‌ین له‌نێوانی بوارێکی زۆری مامه‌ڵانه‌دا. ئازادیی مامه‌ڵه له‌م جیاوازییه‌دا بریتییه له چه‌مکی ئازادیی و پێناس له‌و بواره‌ی مرۆڤ ده‌کات، که هێزی ویستی “خۆبڕیارده‌ر” له ژیانیدا پڕاکتیزه بکات. چه‌مکی ئازادیی ویست بریتییه له “هێتهرۆنۆمیی”، (Heteronomie)، له کانته‌وه ئه‌م چه‌مکه به دژه چه‌مکی “ئاوتۆنۆمیی” پێناسکراوه. ئه‌گه‌ر له‌م ڕووه‌وه ته‌ماشای کێشه‌یه‌کی سیاسیی کۆمه‌ڵ بکه‌ین، ئه‌و به‌رپرسیارێتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی ته‌نها له‌ویادا بیری لێده‌کرێته‌وه، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌ندامه‌کانی گرووپێکی سۆسیال یان کۆمه‌ڵه‌یه‌ک بواری مامه‌ڵه‌یه‌کی ئاوتۆنۆمییان هه‌بێت، یان خاوه‌نی ئه‌و وزه و توانا ئاوتۆنۆمییه بن.
1.3 کۆله‌ریی و ناکۆله‌ریی له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا:
ئه‌گه‌ر له کانته‌وه ده‌ستپێبکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، که کانت ئیدیاڵیستێکی ڕیالیستانه بوو. هیچ شتێک له‌لای ئه‌و هێنده‌ی خه‌ون و ونبون له یۆتۆپیایه‌کدا سه‌یر نه‌بوو. خودی ئیدیاڵ بۆ ئه‌و دڵنیانهکرابوو به پڕکردنه‌وه‌ی پرۆگرامێک، به‌ڵکوو وه‌ک ئامانجێک، که مرۆڤ بیهێنێته پێشچاوی خۆی، ئامانجێک، که ئێمه پێویست بێت پێیبگه‌ین. ئامانجی من لێره‌دا بریتییه له ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتیی، نیشاندانی ڕاستیی کێشه‌کانمان له سه‌رده‌می هه‌موو دژ به هه‌موودا و گۆڕیینی به ئیدیاڵیک بۆ له‌وێدابوونی هه‌موو بۆ هه‌موو. کێشه‌ی یۆتۆپیا بۆ من بریتییه له هه‌بوونی مه‌ترسیی ئه‌و ئیدیاڵه‌ی، که مرۆڤ له ڕێگای به‌کارهێنانی دیسپۆتیزمه‌وه بییه‌وێت پێیبگات. نموونه‌ی ئه‌م ئیدیاڵه خاوه‌ن دیسپۆتیزمه بریتییه له کۆمۆنیسموس. کانت سه‌رنج له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ به‌مشێوه‌یه ده‌دات. “مرۆڤ خاوه‌نی حه‌زی کۆمه‌ڵایه‌تییه، چونکه ئه‌و له‌مجۆره باروودۆخانه‌دا زیاتر هه‌ست به مرۆڤبوونی خۆی ده‌کات. لێ ئه‌و خاوه‌نی گرێیه‌کیشه، که خۆی ته‌نها بهێڵێته‌وه. چونکه ئه‌و له خۆیدا هه‌مانکات ڕووبه‌ڕووی ناوکۆلهریی خۆی ده‌بێته‌وه.”. (GPTD VI, S. 98). کانت ده‌یه‌وێت پێمانبڵێت، که مرۆڤ له‌ناو خۆیدا له‌یه‌ککاتدا چ خاوه‌نی زینی کۆله‌ریی و چ ناکۆله‌رییه. مرۆڤ حه‌زێکی هه‌یه بۆئه‌وه‌ی خۆی سۆسیال بکات، هه‌مانکات خاوه‌نی گرێیه‌کی گه‌وره‌شه بۆ هێشتنه‌وه‌ی خۆی به تاک، به‌وه‌ی، که مامه‌ڵه‌ی مرۆڤ به‌رانبه‌ر ئه‌وانی تر له‌یه‌ککاتدا ڕوون و ئاشکرا هه‌ردوو هێزی ئه‌نتاگۆنیسموس تێیدا کاریگه‌ره. که‌واته بوونیه‌تی مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن کۆمپلێکس، به پێناسه لوتهرییهکهی، ته‌خته‌یه‌کی هێند گرێداره، که مرۆڤ نه‌توانێت هیچ شتێکی تری لێبتاشێت. مرۆڤ چ کۆله‌رییه و چ ناکۆلهرییشه، مێژووی ئه‌م کێشه‌یه‌ی مرۆڤ، مێژووی ناهۆشیارییه. هۆشیاریی لوتکه‌ی به‌هره‌ی ناسینه‌وه‌یه، که کۆنترۆڵی تێگه‌یشتن ده‌کات و سنورێکی بۆ داده‌نێت. سنورێک، که تێیدا پرسیارێک قووتده‌کاته‌وه، که بۆچیی مرۆڤ حه‌ز به چاره‌ی یه‌کتر ناکه‌ن، لێ هه‌مانکاتیش به‌بێ یه‌ک ناتوانن؟ ئه‌م کۆمپلێکسێتییهتهی مرۆڤ وا له‌ناو سروشتی مرۆڤ خۆیدا. کانت ده‌زانێت، که ژیانی مرۆڤ له کۆمه‌ڵگادا گوێ له یاسای هه‌ست به خۆشحاڵیی ناگرێت. کانت هه‌وڵده‌دات له “ڕه‌خنه‌ی ڕه‌وانی هۆشیاریی”دا ئه‌و سنورانه‌ی هۆشیاریی مرۆڤ ده‌ستنیشان بکات. به‌هۆی ئه‌م سنوردانانه‌وه کانت هه‌وڵده‌دات چه‌مکی هۆشیاریی له تێڕوانینه مێتافیزیکییه‌کان ئازاد بکات و ڕێگایه‌ک بۆ زانستێکی مێتافیزیکیی چێبکات. هه‌مانکات کانت له “ڕه‌خنه‌ی هۆشیاریی پراکتیکیی”دا چه‌ند پرینسیپێکی ئێتیکیی قووتده‌کاته‌وه، که لێره‌دا مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری ویست ده‌بێت و مامه‌ڵه‌یه‌کی ئیندیڤیدووێلانهی کۆمه‌ڵایه‌تیی په‌یڕه‌و ده‌کات. لێره‌دا کانت کێشه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌مک گه‌لێکدا ده‌بێت، که ته‌نها وه‌ک بیرێک له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه به‌کارده‌هێنرێت، که کار له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکه‌کانیان ناکرێت. کانت ده‌پرسێت: “چلۆن ده‌مانه‌وێت ئه‌وه له ڕێگای ئه‌زموونه‌وه پێ‌بزانین، که جیهان له ناکۆتاوه‌یه، یان سه‌ره‌تایه‌کی هه‌یه، یان ماته‌ریاڵ له دابه‌شکردنێکی ناکۆتاوه‌یه، یان ئه‌وه‌تا له چه‌ند پارچه‌یه‌کی سانا پێکهاتووه؟” (Kant, Kritik der Praktischen Vernunft, S. 116.). کانت گرنگییه‌کی به‌رچاو به مۆڕاڵ له ژیانی مرۆڤدا ده‌دات، گله‌ییی ئه‌و له به‌ریتانییه‌کان له‌ناو نامۆڕاڵییه‌کی گشتیی‌دا نییه، به‌ڵکوو ئه‌و تیشک ده‌خاته سه‌ر کارکردنێکی پڕاکتیکیی. واته مرۆڤ له پڕاکتیکدا مۆڕاڵانه له کۆمه‌ڵگادا مامه‌ڵه بکات. فریدریش نیچه‌ش، له ڕووی کۆله‌ریی و ناکۆله‌ریی به‌ریتانییه‌کانه‌وه، له “به‌کارهێنان و خراپه‌ی مێژوو بۆ ژیان”دا، باس له ڕۆحێکی دڕ له‌ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌کات و ده‌ڵێ: ” کۆمه‌ڵێک گۆشتی بڕدراوی به‌ریتانین، لێ به دڵنیاییه‌وه مرۆڤن، مرۆڤگه‌لێک، که له بنچینه‌وه له‌گه‌ڵ داپۆشینی پیاوانه‌ی ڕۆمییدا ده‌گوونجێن”. (Nietzsche, Vom Nutzen und Nachteile der Historie für das Leben, S. 49). چه‌مکی مۆڕاڵ له‌لای کانت، بریتییه له کۆئێکسیستێنسێکی نێونه‌ته‌وه‌ییی، که پێکهاتووه له زیاتر له یه‌که‌یه‌کی دادپه‌روه‌ریی. لێره‌دا کانت به پێویستی ده‌زانێت، که مه‌ڵبه‌ندی مرۆڤایه‌تیی، خوێی خۆشه‌ویستیی تێکه‌ڵ به دادپه‌روه‌ریی بکه‌ن، مه‌به‌ستی کانت لێره‌دا بریتییه له‌وه‌ی، که مرۆڤایه‌تیی پێویسته ئاماده‌ی هاوکاریی و سۆلیداریتێت و دڵگه‌وره‌یی بێت. گه‌ڕانه‌وه‌ی مۆڕاڵ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بۆسه‌ر سکه‌ی خۆی، یه‌کێکه له ئه‌رکه هه‌ره گه‌وره‌کانی تاکی کورد. چونکه ته‌نها له هه‌لومه‌رجێکی مۆڕاڵانه‌دا، تاکی کورد ئاماده‌گیی هاوکاریی هه‌یه و ده‌بێته خاوه‌نی دڵێکی گه‌وره بۆ سۆلیداریتێت. ئاشتیی نێوان پارته‌کانی ئێمه ناو‌کی فه‌لسه‌فه‌ی مۆڕاڵه له‌ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا. هۆشیارییه‌کی ڕه‌وان له بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئاوهادا، ده‌بێته هۆکاری به‌رجه‌سته‌کردنی دادپه‌روه‌ریی له‌ناوماندا و پێچه‌وانه‌که‌شی له‌ناوبردنی دادپه‌روه‌رییه. تاکی کورد ده‌بێت درک به‌و ڕاستییه بکات، که ئاشتیی به‌شێک نییه له سروشتی مرۆڤ، به‌ڵکوو، پێویسته به‌رهه‌مبهێنرێت. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ده‌بێت که‌سێک هه‌بێت ڕێنمایی مرۆڤ بکات، هه‌تاوه‌کوو مۆڕاڵانه له کۆمه‌ڵگادا مامه‌ڵه بکات و مامه‌ڵه‌کانیشی شیاوی به‌رگه‌گرتن بێت و زیانی لێنه‌که‌وێته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، مرۆڤ پێویستی به فێربوونی کولتووری ئاشتیی هه‌یه. مرۆڤ له‌ناو مامه‌ڵه مۆڕاڵیی و ئاشتییهکانیدا ده‌ریده‌خات، که هه‌تا چ سنورێک کاری له مرۆڤبوونی خۆیدا کردووه. ته‌نها له پرۆسه‌یه‌کی ئاوهادا مرۆڤ توانای خۆ جیاکردنه‌وه‌ی له ئاژه‌ڵه‌کانی تر هه‌یه. له‌م ڕووه‌وه کانت، سه‌ردارێک له پرۆسه‌ی بهمرۆڤبووندا به‌پێویست ده‌زانێت و ده‌ڵێ: “مرۆڤ ئاژه‌ڵێکه، که ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌ناو هاوڕه‌گه‌زه‌کانی خۆیدا ژیا، ئه‌وا سه‌ردارێکی پێویسته. چونکه ئه‌و به‌دڵنیاییه‌وه ئازادیی خۆی به خراپ به‌کارده‌هێنێت”. GPTD VI, Kant, S. 101. بۆ تۆماس هۆبز “مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه”. خراپبوونی مرۆڤ له ڕوانگه کانتییهکهیهوه، واته له “زین”ێکی ڕادیکاڵانه‌دا مرۆڤ ده‌توانێت خراپ بێت، خراپیش له زینی خه‌تادا، که مرۆڤ به‌هۆیه‌وه، مرۆڤ خراپ ده‌بێت، له هه‌لومه‌رجێکدا، که مرۆڤی چیدی پابه‌ندی یاساکانی ماکسیمه Maxime ( واته، یاسای ژیان، پرینسیپی ویست و ویستراو)، نابێت و نایکات به بنچینه‌ی مامه‌ڵه‌کانی. مرۆڤ لێره‌دا بۆ بڕیاره‌که‌ی، که خۆی خراپ ده‌کات، نه‌ک له‌سه‌ر توانای بڕیاردانی به‌رپرسیار ده‌بێت، هه‌مانکاتیش نه‌ک له‌سه‌ر ئازادییه‌که‌ی، که ئه‌و لێره‌دا به خراپ به‌کاری ده‌هێنێت. بۆئه‌وه‌ی هه‌موومان به‌خته‌وه‌ر له ئاشتییدا بژیین، پێویسته هیچ پارتێکمان به تووندوتیژیی هێرش نه‌کاته سه‌ر پارتێکی تر، هیچ لیست و پارت و ڕێکخراوێکی تر به ده‌مامکه‌وه هه‌وڵی شکاندن و هێرشکردنه سه‌ر پارت و لیست و ڕێکخراوێکی تر نه‌دات. تاکی کورد پێویسته گوێ له یاسایه‌ک بگرێت، که به‌هۆیه‌وه ئازادییه‌کانی خۆی و نیشتیمانه‌که‌ی ده‌پارێزێت. هیچ ده‌سته‌ڵات و لایه‌نێک بۆی نییه له ناڕه‌واییدا هێرش بکاته سه‌ر تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و هیچ تاکێکی کۆمه‌ڵیش بۆی نییه به ناڕه‌وا هێرش بکاته سه‌ر ده‌سته‌ڵات و لایه‌نه‌کان. ئێمه ته‌نها له ڕه‌خنه‌ی ڕه‌وانی هۆشیارییدا ده‌توانین پرۆسه‌ی هه‌موو بۆ هه‌موو ببینه‌وه، پێچه‌وانه‌که‌شی درێژه‌دانه به ژیان له هه‌موو دژ به هه‌موودا و له ڕێگایه‌وه دروستکردنی ڕۆحێک بۆ دژایه‌تییکردنی یه‌کتر و له‌ناوبردنی خود به ده‌ستی خود.
1.4 تێگه‌یشتن له مێژوو و به‌کارهێنانی:
یۆهان گوستاڤ درۆیزن Johan Gustav Droysen “تێگه‌یشتن”ی بۆ یه‌که‌مجار وه‌ک چه‌مکێکی زانستی بۆ مێتهۆدی زانستی مێژوو به‌کارهێناوه. مرۆڤ به‌پێچه‌وانه‌ی سروشته‌وه ده‌ژیی و خاوه‌نی تێداژیانه، ئه‌م تێداژیانه تاکه شته، که مرۆڤ له تێداژیانهکانیدا دڵنیا ده‌کات. تێداژیان به واتای مرۆڤ، له خۆشیی سهفهرکردنێکدا، ته‌ماشاکردنی فیلمێکدا، سێکس، یان له‌کیسدانی که‌سێکدا، خه‌م، گریان … هتد. ئالێره‌دا تێگه‌یشتن له تێداژیان زینێکی مێژووییمان بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێت. کرده‌کانی ناو مێژوویه‌ک واتای مێژوو بۆ خۆیان ده‌به‌نه‌وه، ئه‌م بردنه‌وه‌یه‌ش پێ له‌سه‌ر نرخی کرده‌کان له کولتوورێکه‌وه بۆ کولتوورێکی تر ده‌گۆڕێت. لێره‌دا به‌کارهێنان و خراپه‌ی مێژوو له کولتوورێکه‌وه بۆ کولتوورێکی تر چ ده‌بێته مایه‌ی نانه‌وه‌ی کێشه و چ ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی باشه‌ی به‌رده‌وام. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ بۆچیی مێژوو ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی خراپه؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، من په‌نا ده‌به‌مه به‌ر پێرسپێکتیڤه‌کانی نیچه ده‌رباره‌ی به‌کارهێنان و خراپه‌ی مێژوو بۆ ژیان. چه‌مکی مێژوو له‌لای نیچه له به‌رهه‌می “به‌کارهێنان و خراپه‌ی مێژوو بۆ ژیان”دا له‌نێوانی واتا و مێژوودا جۆلانێ ده‌کات. واته “ئه‌وه‌ی به‌ڕاستیی ڕوویداوه، نووسینه‌وه‌ی مێژوو، گێڕانه‌وه‌ی مێژوو” و له‌گه‌ڵ “زانستی مێژوو”دا. ژیان له‌لای نیچه خاوه‌نی مێژوو نییه، به‌مشێوه‌یه چ ئاژه‌ڵ و چ منداڵێکی مرۆڤیش وه‌ک یه‌ک به‌بێ مێژوو ده‌ژیین. بیره‌وه‌ریی بۆ نیچه بریتییه له هه‌نگاوی به مێژووکردن له ژیانی ئیندیڤیدووێلی مرۆڤ دا. لێ ئاژه‌ڵ به‌پێچه‌وانه‌وه، ئاژه‌ڵ له ئێستادا ده‌ژیی، ئاژه‌ڵ چ به‌خته‌وه‌رتر و چ به‌بێ مێژووش ده‌ژیی، له‌مڕووه‌وه نیچه ده‌ڵێ: ” جارێکیان مرۆڤ پرسیاری له ئاژه‌ڵ کرد: بۆچیی قسه‌م له‌سه‌ر به‌ختی خۆت بۆناکه‌یت و ته‌نها ته‌ماشام ده‌که‌یت؟ ئاژه‌ڵه‌که ده‌یه‌وێت وه‌ڵامبداته‌وه و بڵێ: ئه‌مه له‌وه‌وه دێت، که من هه‌میشه یه‌کسه‌ر بیرمده‌چێته‌وه، که ده‌مویست چیی بڵێم، لێ من ئه‌و وه‌ڵامه‌شم بیرچۆوه و بێده‌نگ بووم.” Nietzsche, Vom Nutzen und Nachteile der Historie für das Leben, S. 07. له‌م باروودۆخه‌دا نیچه پێیوایه، که مرۆڤ ته‌نها سه‌رسووڕمانی بۆ ده‌مێنێته‌وه و بگره هه‌ندێکجاریش مرۆڤ، ئێره‌یی به ئاژه‌ڵ ده‌بات، که له ئێستای خۆیدا ده‌ژیی نه‌ک له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا. لێره‌دا جیاوازیی نێوان ئاژه‌ڵ و مرۆڤ له‌وه‌دایه، که مرۆڤ خاوه‌نی توانای بیرهاتنه‌وه‌یه. ئه‌م توانایه وه‌ها ده‌کات، که مرۆڤ کولتوورێک بۆ خۆی دروستبکات. له چاوی نیچه‌وه، مێژوو چ پێویستییه‌که بۆ مرۆڤ چ مه‌ترسییه‌کیشه بۆ مرۆڤ. نیچه خاوه‌نی سێ کارکردنه له‌سه‌ر مێژوو یه‌که‌میان بریتییه له : مێژووی مۆنومێنتاڵیی، ئه‌مجۆره مێژووه مرۆڤا هانده‌دات بۆ کرده‌ی گه‌وره. ئه‌م مێژووه به‌شێکه له مرۆڤ له تێکۆشان و پیشه‌ی. له‌م ڕووه‌وه نیچه ده‌ڵێ: ” ئه‌مه به ڕاستیی ئه‌و باروودۆخه نییه، که تێیدا مرۆڤ به زۆرینه خاوه‌ن توانایه، که ڕابردوو له زانستێکی ڕه‌واند بتوێنێته‌وه. به‌شێوه‌یه‌ک، که ئێمه‌ش لێره‌دا به ڕاست وه‌ریبگرین، ئه‌وه‌ی، که له مێژووی مۆنومێنتاڵییدا به ڕاست وه‌رگیراوه، که ڕابردوو خۆی ئازار ده‌خوات، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی، که مێژوو خزمه‌ت به ژیان بکات و له‌لایه‌ن وه‌رچه‌رخانی ژیانه‌وه کۆنترۆڵبکرێت. به چه‌ند وێنه‌یه‌کی ئازادیی ئه‌گه‌ر قسه بکه‌ێن: دره‌خت هه‌ست به ڕه‌گه‌کانی زیاتر ده‌کات، وه‌ک له‌وه‌ی، که ئه‌و ئه‌وان ببینێت. لێ ئه‌وه‌ی بیری ئه‌م هه‌سته ده‌کات، گه‌وره‌یی له‌دوای گه‌وره‌یی و هێزی لقه دیاره‌کانیه‌تی.” Nietzsche, Vom Nutzen und Nachteile der Historie für das Leben, S. 30. نیچه لای وایه، که مرۆڤی بێهێز مێژووی مۆنومێنتاڵیی به خراپ به‌کارده‌هێنن، هه‌تاوه‌کوو له ڕێگایه‌وه ببنه ڕێگر له‌به‌رده‌م هاتنه‌کایه‌وه‌ی مرۆڤی گه‌وره‌ی ئیمڕۆدا. ئه‌مانه به ته‌وسه‌وه وه‌ک نیچه ده‌ڵێ: “ته‌ماشا بکه‌ن، گه‌وره‌که لێره‌یه” و “مردووه‌کانیش زیندووه‌کان ده‌خه‌نه گۆڕه‌وه”. لێره‌دا ده‌ڵێم: له شه‌هیده‌کان بگه‌ڕێن، ئه‌وان نایانه‌وێت زیندووه‌کانی ئیمڕۆ بخه‌نه گۆڕه‌وه.
دووهه‌م. مێژووی ئه‌نتیکواریی. ئه‌م مێژووه له‌لای نیچه پابه‌نده به‌و مرۆڤانه‌وه، که خاوه‌نی ” هه‌ڵگرتن و هه‌مانکاتیش ستایشکردنین”. نیچه ده‌ڵێ: “ئه‌گه‌ر هاتوو “زین”ی گه‌لێک به‌شێوه‌یه‌ک ڕه‌ق بووبێت، ئه‌گه‌ر مێژووی ژیانی ڕابوورد، به‌وشێوه‌یه خزمه‌ت بکات، که به‌رده‌وام بژیی و لێره‌شدا ژیانی باڵا بکاته ژێر خۆڵه‌وه، ئه‌گه‌ر “زین”ی مێژوو ژیان چیدی له خابوونه‌وه و ته‌مبه‌ڵیی نه‌پارێزێت، به‌ڵکوو ژیان مومیزیره بکات “وشکی بکاته‌وه”: ئه‌وا دره‌خته‌که به شێوه‌یه‌کی ناسروشتیی ده‌مرێت، له سه‌ره‌وه هه‌تاوه‌کوو ڕه‌گه‌کانی، دواکاتیش بێبه‌زه‌ییانه ڕه‌گه‌کان له‌ناو ده‌چن. مێژووی ئه‌نتیکواریی خودی خۆی، خۆی بێ شێواز ده‌کات، له‌ویادا، که ژیانی نوێی هاوچه‌رخ چیدی ڕۆح ناداته ئه‌و مێژووه و سه‌ری پێی ناسووڕمێت.”. Nietzsche, Vom Nutzen und Nachteile der Historie für das Leben, S. 31. مێژووی ئه‌نتیکواریی خزمه‌تی کۆلێکتیڤی (کاری کۆمه‌ڵایه‌تیی، به‌رهه‌مهێنانی به کۆمه‌ڵ)، هاوچه‌رخ ده‌کات، که له ڕێگایه‌وه چ گه‌لان و چ شار و ڕه‌گه‌زه‌کانیان له‌ناو (کۆنتینویتێت)ی “پێکهوهگرێدراوێکی بێ کوون و ده‌لاقه” ڕابردوودا داده‌نێت. که‌واته له‌م ڕێگایه‌وه شار و شارستانیی و ڕه‌گه‌زی گه‌له‌کان چ پێکه‌وه گرێده‌درێن و چ له مێژوویه‌کیشدا داده‌نرێن. له‌م مێژووه‌شدا، نیچه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕه‌گی ده‌سته‌ڵاتی دڕنده‌یی و بێهێزیی خودی مرۆڤ، له ژیانی ڕابردوویدا و دادگایی ده‌کات. به‌پێی بیرکردنه‌وه‌ی نیچه، مێژووی ئه‌نتیکواریی بیره‌وه‌رییه‌کانی گه‌لێک له به‌هێز بارکردنی ناوه‌ڕۆکه‌که‌یدا ده‌پشکنێت. له‌م ڕووه‌وه ئه‌و ده‌ڵێ: “لێره‌دا ئاشکرا ده‌رده‌که‌وێت، که چلۆن وه‌ک پێویست مرۆڤ له ته‌نیشت مێژووی مۆنومێنتاڵیی و ئهنتیکوارییهوه ده‌ڕوانێته ڕابردوو، زۆرجار مرۆڤ پێویستی به شێوازی سێهه‌مه، ئه‌ویش ڕه‌خنه‌ییه: ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی بیکاته خزمه‌تی ژیانه‌وه. مرۆڤ پێویسته ئه‌و هێزه‌ی هه‌بێت و له کاتێکه‌وه بۆ کاتێکی تر بیخاته‌گه‌ڕ، ڕابردوو بشکێنێت و بیتوێنێته‌وه هه‌تاوه‌کوو بتوانێت بژیی: ئه‌مه‌ش له‌ویادا پێیده‌گات، که ئه‌و مێژوو ڕاپێچی به‌رده‌می دادگا بکات، ته‌ریقانه بیپشکنێت و دواکات سزای بدات. هه‌موو ڕابردوویه‌ک به‌های ئه‌وه‌ی هه‌یه، که سزای بده‌یت. چونکه ئێستا ئاوها جارێک له‌گه‌ڵ شته‌کانی تری مرۆڤدا ڕاوه‌ستاوه، هه‌مووکاتێکیش له‌واندا تووندوتیژیی و بێهێزیی له مرۆڤدا ده‌سته‌ڵاتدار بووه.”. Nietzsche, Vom Nutzen und Nachteile der Historie für das Leben, S. 32. نیچه پێنج نه‌خۆشیی ده‌ستنیشان ده‌کات، که له ژیانی هاوچه‌رخدا به‌هۆی خراپ به‌کارهێنانی مێژووه‌وه پێویسته بانگبکرێنه پێشه‌وه. له پێنج تێڕوانییندا مێژوو ده‌بێته دوژمنی ژیان و هه‌مانکاتیش مه‌ترسیی بۆسه‌ر ژیان. مێژوو نابێت ببێته ئامانجی خود، به‌ڵکوو له خزمه‌تی ژیاندا بێت. مێژوو ناکرێت بکرێته چه‌ق، به‌ڵکوو پێویسته گه‌نجان خودی خۆیان ئه‌زموونی ژیان کۆبکه‌نه‌وه، له ژیانێکی هاوچه‌رخدا فێربوونیان ده‌ستپێبکه‌ن. نیچه گرنگیی به دۆخێکی ئاوها ده‌دات و ده‌ڵێ: “نه خودا و نه مرۆڤ: ته‌نها گه‌نجه‌کان، ئه‌م که‌له‌پچه‌یه ده‌پسێنن، ئێوه‌ش له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت ژیانتان ڕزگارکردبێت، چونکه ژیان شاردراوه بووه له زینداندا، ئه‌و هێشتا تێنه‌په‌ڕیوه و نه‌مردووه، پرسیار له خۆتان بکه‌ن.” Nietzsche, Also Sprach Zarathustra. „Von Grossen Ereignissen“, S. 106. نیچه لێره‌دا مرۆڤ ڕاده‌کێشێت بۆ پرسیارکردن له خود، بۆ به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی، که ئه‌و هێشتا له ژیاندایه، سه‌ری لێنه‌شێوێت و له‌بیری نه‌چێت، که ئه‌و مرۆڤێکی مۆدێرنه، نه‌ک هی ناو مێژوو. مرۆڤی مۆدێرن بۆ نیچه نائاگا هه‌ستی پێده‌کرێت، که ئه‌و خۆی له‌سه‌ر ڕێگایه‌کی سه‌رلێشێواندن ده‌بینێته‌وه و چیدی توانای ئه‌وه‌ی نییه، که ئاینده‌یه‌ک چێبکات. هه‌ربۆیه هه‌ڵدێت بۆ ناو دڕیی، بێشه‌رمیی، جنێوده‌ر. مرۆڤی مۆدێرن دادپه‌روه‌ریی له‌نێوان ئۆبیه‌کت و تێگه‌یشتندا داده‌نێت، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی ئه‌وه‌ی پابه‌ند نه‌بێت به ئینته‌رێسه‌ی خودییه‌وه. لێره‌دا له جێگای دادپه‌روه‌ریی و پرۆسه‌ی خودلابردن، مێژوو کۆمهڵگاگهلێکمان پێشکه‌ش ده‌کات، که نایانه‌وێت ڕۆبچن و هیچ شتێکی تریان ناوێت بێجگه له سه‌پاندنی یاساکانی خۆیان. ئه‌مانه وه‌ک باوه‌ڕه ئایینییه‌کان، وه‌ک دابونه‌ریتی پاشاکان، هه‌میشه له مێژووه‌وه هه‌نگاوده‌نێن بۆ ژیانی هاوچه‌رخ و هه‌وڵی مۆنۆپۆلکردنی ستیلی ژیانی مۆدێرن ده‌ده‌ن و له ڕێگایه‌وه ده‌یانهێننه‌وه بۆ مێژوو هه‌تا ژیانێکی هاوچه‌رخ له ستیل و کۆمه‌ڵگایه‌کی ڕۆچوودا بژیین. ئه‌مانه هیچ کات نه لێده‌گه‌ڕێن و نهلێشگهڕاون نغرۆبن. نیچه دژ به‌م ڕه‌وشه ده‌ڵێ: “ئه‌م ئامۆژگارییه، ئامۆژگاریی پاشاکان و که‌نیسه‌کان و هه‌موو شته کۆنه‌کان و وێنهنموونهییه لاوازه‌کان ده‌که‌م: لێگه‌ڕێن بڕووخێن! که ئێوه جارێکی تر بێنه‌وه بۆ ژیان و وێنهنموونهیهکانیش بۆ ئێوه.”. Nietzsche, Also Sprach Zarathustra. „Von Grossen Ereignissen“, S. 101. ده‌رمانی نیچه بۆ نه‌خۆشییه مێژووییه‌کان بریتییه له نامێژوویی و له‌سه‌رومێژووییه‌وه. ده‌رهه‌ق به نامێژوویی نیچه مه‌به‌ستی له‌وه‌یه، که مرۆڤ هونه‌ر و هێزی له‌بیربچێته‌وه و سنورێک بۆ که‌له‌پۆی خۆی چێبکات. له‌سه‌رومێژووییه‌وه به واتای هه‌بوونی ده‌سته‌ڵات، که نیگای به‌سه‌ر که‌ڕاکته‌ر و هه‌میشه‌یی هه‌بێت و هه‌مانکاتیش واتایه‌کی یه‌کسان بدات به هونه‌ر و ئایین.
یه‌کێک له کێشه‌کانی کو‌لتوور و مێژوو بریتییه له په‌یڤ، په‌یڤیش بوونیه‌تانه بۆ نموونه له‌لای “ڤیلهێلم فۆن هومبۆڵدت، Wilhelm von Humboldt ” بریتییه له پرۆسێسی فۆڕم نه‌ک سیستێمێک له کێشان. له‌م ڕووه‌وه هومبۆڵدت ده‌ڵێ: “په‌یڤ له ڕاستیی بوونیه‌تی خۆیدا بریتییه له شتێک، که هه‌میشه‌یی ده‌کرێت و له هه‌موو چاوترووکانێکیشدا بۆ ماوه‌یه‌ک. خودی مانه‌وه‌ی به‌هۆی نووسینه‌وه هه‌میشه ناته‌واوه، بۆ هه‌ڵگرتن مۆمیاکراوه، به‌شێوه‌یه‌ک، که ته‌نها له‌و کاته‌دا به‌کارده‌هێنرێت، که مرۆڤ به‌هۆیه‌وه ده‌گه‌ڕێت بۆ زینپێدانی ده‌ربڕیینێکی زیندوو. په‌یڤ خۆی به‌رهه‌م (Ergon) نییه، به‌ڵکوو پیشه‌یه (Energeia). GPTD VII, Humboldt, S. 71. به‌پێی تێڕوانیینه‌کانی چۆمسکیی، فۆڕمه‌کانی هومبۆڵدت له‌مه‌ڕ په‌یڤه‌وه، بوونیه‌تانه بریتییه له‌وه‌ی، که مرۆڤ له ته‌رمینۆلۆگیی ئیمڕۆدا، گێنهراتیڤی گراماتیکانهی “ڕه‌گه‌زی ڕێزمانانه”ی په‌یڤێک، له زینی کێشانێکی ئاوهادا ناوی ده‌نێت. هه‌روه‌کوو چلۆن هومبۆڵدت ده‌ڵێ: په‌یڤ بریتییه له ڕووی ده‌ره‌وه‌ی دره‌وشاندنه‌وه‌ی ڕۆحی گه‌لێک، په‌یڤه‌که‌یان ڕۆحیانه و ڕۆحیشیان په‌یڤه‌که‌یان، مرۆڤ ناتوانێت ئیدێنتییانه هه‌ردووکیان تێر بیرلێبکاته‌وه.” GPTD VII, Humboldt, S. 67 لێره‌دا یه‌ک ئیدێنتیتێتبوونی ڕۆح و په‌یڤی نه‌ته‌وه یان گه‌ل، هه‌مانکاتیش بریتییه له دره‌وشاندنه‌وه‌ی ڕووی ده‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه. ڕۆحی نه‌ته‌وه چه‌ند به‌هێز و خاوه‌ن ده‌سته‌ڵات بێت، له پهیڤهکهیاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت. په‌یڤ ده‌زگایه‌کی مردوو نییه، چونکه هه‌رکات په‌یڤ وه‌ک ده‌زگایه‌کی مردوو ته‌ماشاکرا، ده‌بێت ددان به‌و ڕاستییه‌شدا بنێت، که هه‌مانکات ڕۆحی نه‌ته‌وه‌ش مردووه. مرۆڤ نابێت په‌یڤ وه‌ک به‌رهه‌مهێنراوێکی مردوو ته‌ماشابکات، به‌ڵکوو زۆر له‌وه زیاتر پێویسته په‌یڤ وه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌رێک ته‌ماشا بکات. په‌یڤ له کو‌لتوور و کولتووره جیاوازه‌کاندا بریتییه له پردی پێکه‌وه‌به‌ستنی تێگه‌یشتنی تاک و نه‌ته‌وه‌کان. به‌بێ په‌یڤ نه کو‌لتوور بوونی هه‌یه و نه کولتووره‌کانیش چ توانای تێگه‌یشتنی یه‌کتر و چ توانای متووربه‌کردنی یه‌کتریان له یه‌کترییدا هه‌یه. لێره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆسه‌ر پێناسه بنچینه‌ییه‌کانی کو‌لتوور، بۆ نموونه له‌لات لودڤیگ ڤیدگنشتاین (Ludwig Wittgenstein)، کو‌لتوور بریتییه له پرینسپی کرانه‌وه بۆ به‌ستنی په‌یوه‌ندیی نوێ و هه‌نگاوی تری متووربه‌کردن. له‌لای ڤیتگنشتاین کو‌لتوور له‌ویادایه، که ژیانێکی پراکتیکانه دابه‌شکراوه، له‌ویادا، که ئێمه توانای پێکه‌وه ژیانمان هه‌یه. ئه‌رک لێره‌دا له‌ویادا نییه، که تێگه‌یشتنمان بۆ کولتوورێکی نامۆ هه‌بێت، به‌ڵکوو له مامه‌ڵه‌یه‌کی دوو جه‌مسه‌ردا له‌گه‌ڵ نامۆدا بکه‌ین. به‌واتای له‌لایه‌ک له‌و کولتووره‌دا، که خۆمانی تێداین و له‌لایه‌کی تریشه‌وه له‌و کولتووره‌دا، که نامۆکانی تێدان بتوانین چ مامه‌ڵه بکه‌ین و چ بژیین. سێ جۆر کو‌لتوور له ژیانی مرۆڤایه‌تییدا بوونی هه‌یه، یه‌که‌م: ئینتهرکولتورالیتێت Interkulturalität ئه‌مجۆره کولتووره خڕن. کولتووره‌کان ده‌توانن له لۆگیکی چه‌مکی خۆیاندا، یه‌کتریی ڕه‌تبکه‌نه‌وه و دژایه‌تیی یه‌ک بکه‌ن، جه‌نگی یه‌کتر بکه‌ن، ئیگنۆڕی یه‌کتر بکه‌ن، ئاماده نه‌بن له یه‌کتریی بگه‌ن یان بۆچوونیان بگۆڕنه‌وه. کۆنسێپتی ئینتهرکولتوراڵیتێت ده‌گه‌ڕێت بۆ ڕێگایه‌ک، که چلۆن کولتوره‌کان بتوانن به‌رگه‌ی یه‌کتر بگرن و له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا بگوونجێن و دیالۆگیان هه‌بێت. دووهه‌م: مولتیکولتوراڵیتێت Multikulturalität ئه‌مجۆره کولتووره ته‌واوی کێشه کولتوورییه‌کان له‌ناو کۆمه‌ڵگایه‌کدا کۆده‌کاته‌وه و پابه‌نده به ئێکسیستێنسی ڕوون و جیاوازییه‌کانه‌وه، هه‌مانکاتیش خاوه‌نی تۆڵه‌رانس و تێگه‌یشتنه بۆ کێشه کولتوورییه‌کان. کۆنسێپتی موڵتیکولتوڕالیتێت ده‌گه‌ڕێت به‌دوای شانس و تۆڵهرانسدا، ده‌گه‌ڕێت به‌دوای تێگه‌یشتن و پهسهندێتییدا، هه‌مانکاتیش ڕێگاگرتن له ڕوودانی کێشه یان ئه‌وه‌تا تێراپیی بۆ کێشه‌کان به‌رهه‌مبهێنن. چه‌مکی موڵتیکولتوڕالیتێت، لێده‌گه‌ڕێت به چه‌ندیین شێوه خوێندنه‌وه‌مان له‌سه‌ری هه‌بێت. بۆ نموونه تاکێکی ئه‌ڵمان له ئه‌ڵمانیادا موڵتیکولتوڕالیتێت له بیرکردنه‌وه‌ی “ڕه‌وه‌ند”دا ده‌بینێته‌وه، ئه‌ویش به هه‌مووبوونی کرێکاری بێگانه له وڵاته‌که‌دا. لیبه‌ڕاڵ و ڕادیکاڵه موڵتیکولتوڕالیسموسهکان خاوه‌نی ڕای جیاوازن، بۆ نموونه لیبه‌ڕاڵه‌کان پێیانوایه، که: سیاسه‌تێکی پێکه‌وه‌ییی کو‌لتووریی بناغه‌ی فونکسیۆن یان کارکردنی کۆمه‌ڵگایه. ڕادیکاڵه‌کان ئه‌م چێوه کارکردنه سیاسیی و کولتوورییه ناناسن. چونکه ئه‌وان پێ له‌سه‌ر بڕیاری سیاسیی خۆیان داده‌گرن و ده‌یانه‌وێت خۆیان خاوه‌نی مافی گرووپ و کۆمه‌ڵگایان هه‌بێت. سێهه‌م: ترانسکولتوڕالیتێت Transkulturalität ئه‌مجۆره کولتووره باس له هه‌لومه‌رجی ژیانی ئیمڕۆی هاوچه‌رخ له کۆمه‌ڵگاکاندا ده‌کات. به‌هۆی ڕه‌وه‌ند، سیستێمی گفتووگۆوه هه‌روه‌ها بواره ئۆکۆنۆمییهکانهوه کولتووره‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کیدا ته‌نراون. ناسینه‌وه‌ی کولتووری خود کولتوورێکی نامۆ له تهنینێکی ئاوهادا زۆرجار ده‌چێته خانه‌ی مه‌حاڵه‌وه. له‌م ڕووه‌وه ڤیتگنشتاین پێیوایه، که کو‌لتوور له‌وێدایه، که ژیانێکی پڕاکتیکی دابه‌شکراوه. لێره‌دا مافی ئیندیڤیدووم له دابه‌شکردندایه، که ئه‌ویش خاوه‌نی ئیدێنتیتێتی خۆی ده‌بێت و له‌وێدابوونی پارێزراوه، ئه‌مه‌ش به واتای توانای هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی پێکه‌وه گرێدانی خود له‌گه‌ڵ کولتوورێکی تردا. کۆمه‌ڵگا ترانسکولتوورێلهکان بریتیین له کولتوورێک، که هه‌موو کولتووره‌کان تێیدا به‌شیان هه‌یه، ئیدی ئاساییه سه‌ر به چ نه‌ته‌وه و کولتوورێک بن. چه‌مکی ترانسکولتوڕالیتێت له ئه‌کتوێلتریین دێباتدا پابه‌ند ده‌بێت به ڕه‌وه‌نده‌وه و هاوکاریی خۆی له ڕه‌وه‌نددا ده‌باته‌وه. له نزیکبوونه‌وه‌ی دوو کولتووری جیاوازدا له‌م بواره‌دا ده‌بینرێت، که سنوره‌کانی نێوانیان به تۆڵهرانتکردنی یه‌کتر و تێگه‌یشتنی یه‌کتریان هه‌ڵده‌گیرێت. لێره‌دا گرنگه، تاک درک به‌وه بکات، که هه‌موو کولتوورێک ئه‌و کاته کراوه‌یه، که تاک ئه‌کتیڤ تیادا مامه‌ڵه بکات، ئه‌م چوونه‌ژووره‌وه‌ی کولتووره‌ش پابه‌ند نابێت به په‌یوه‌ندییه هاوچهرخییهکانهوه، بگره پێ له‌سه‌ر تێگه‌یشتن، تۆڵه‌ڕانت و متووربه‌کردن داده‌گرێت.
1.5 ئازادیی:
ئازادیی یه‌کێکه له ئاڵۆزتریین چه‌مکه‌کانی ژیانی مرۆڤایه‌تیی، که له‌وه‌ته‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تیی ده‌نووسرێته‌وه کێشه‌ی ئازادییش ده‌نووسرێته‌وه. تێڕوانیینگهلێکی جیاواز به‌وه‌ی، که “مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی ئازاد نییه و له ڕێگای کولتووره‌وه ئازاد ده‌کرێت، مرۆڤ خۆڕسکانه بوونه‌وه‌رێکی ئازاده، مرۆڤ خاوه‌نی ئازادییه‌کی بێسنوره، هه‌ندێک پێیانوایه، که ئازادیی مرۆڤ، ئازادییه‌کی بێ مه‌رجه، نوێتریین تێڕوانین، که تێڕوانینه‌که‌ی “پێته‌ر بیری”ه Peter Bieri، ده‌ڵێ: “ئازادیی ویست پێویسته بێ مه‌رج بێت، چونکه ئازادیی ویستی بێ مه‌رج، مه‌رجی بوون به که‌سه Person”. تێڕوانینه‌که‌ی بیری یه‌کێکه له سه‌رنجڕاکێشتریین تێڕوانینه فه‌لسه‌فییه‌کانی ئیمڕۆی جیهان به گشتیی و ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تیی. ئه‌گه‌ر بێت‌و سه‌رنج له چه‌مکی ئازادیی ئیمپیرییانه بده‌ین، ئه‌وا من ده‌ڵێم ئازادیی چه‌مکێکی ئیمپیرییانه نییه، به‌ڵکوو نۆرماتیڤانه‌یه، مرۆڤ له سروشته‌وه، تۆڵه‌ڕانت، دادپه‌روه‌ر، ئازاد نییه، به‌ڵکوو ئه‌و بڕیار له‌سه‌ر ئازادبوون و دادپه‌روه‌ریی خۆی ده‌دات، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که بانگه‌شه‌ی خۆی وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی مۆڕاڵانه ده‌دات. پاڵنه‌ری چه‌مکی “پێویست” له ژیانی مرۆڤدا سروشت نه‌یداوه، به‌ڵکوو خودی مرۆڤ خۆی. مرۆڤ خۆی بڕیار ده‌دات، که خۆی بۆ مامه‌ڵه ئاوتۆریزه بکات، خۆی بڕیار ده‌دات، که مامه‌ڵه‌کانی مۆڕالیزه بکات نه‌ک سروشت. مرۆڤ دوای یاساکانی گه‌مه‌یه‌ک ده‌که‌وێت، که ئه‌ویش گه‌مه‌ی ژیانه، لێره‌دا مرۆڤ خاوه‌نی گۆڕه‌پانێکه بۆ گه‌مه‌کردن، مێشکی مرۆڤ پرۆگرامیرهی گه‌مه‌کانی مرۆڤ نییه، به‌ڵکوو ئیندیڤیدووم، بڕیار له‌سه‌ر ئاوتۆنۆمهی که‌سێک ده‌دات، له‌ویادا، که که‌سی ناوبراو دوای یاساکانی ئێستاتیکا و مۆڕاڵ ده‌که‌وێت. له شوێنێکی تردا ئیندیڤیدوومێکی تر به‌پێچه‌وانه‌ی که‌سی ناوبراوه‌وه بڕیار له‌سه‌ر ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئێستاتیکا و مۆڕاڵ ده‌دات، بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی له ناکۆلهرییدا وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ڕادیکاڵی ئیگۆئیست ده‌دات. بۆ ژیانی ئێمه‌ی کورد ده‌کرێت تێڕوانینه‌که‌ی “بیری” له‌سه‌ر ئازادیی به یه‌کێک له پێویستتریین و گرنگتریین کۆمه‌که هزرییه‌کانی جیهانی ئێمه بچوێنرێت “ئازادییه‌کانی مرۆڤ سنورداره”. به‌بێ سنور مرۆڤ و ئازادیی وه‌ک نه‌بوو وه‌هان، سه‌ره‌تا سنوره‌کان ڕه‌نگی بوونی خۆیان ده‌کێشن، جیهان به‌بێ سنور بریتییه له سه‌رلێشێواندنێکی کوێرانه. بۆ ئه‌وه‌ی شیکردنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فییانه به‌رهه‌مبهێنین، با سه‌ره‌تا له ویستی مرۆڤه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین، چونکه ئازادیی مرۆڤ بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر زه‌ویی ویست لێداوه. ئێمه پێویستمان به وهرشهیهکه، که تێیدا مامه‌ڵه و ویستی ئازادی مرۆڤی تێدا شیکار بکه‌ین. وه‌رشه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیی ده‌توانێت، دیوه ئه‌بستراکته‌که‌ی مرۆڤمان بۆ ئاشکرا بکات. ئازادیی ویست و ئازادیی مامه‌ڵه، دوو ڕێگای گشتیی ئازادییه‌کانی مرۆڤن. له کرده‌کانی مرۆڤدا، به‌تایبه‌ت کارێک، که مرۆڤ له ئازادییدا ده‌یکات، ئه‌وه‌مان له‌لای ده‌رده‌که‌وێت، که کارێکی ئاوها تاکه کار نییه، که مرۆڤ توانای کردنی هه‌بێت.
کاری گرنگ لێره‌دا دۆزینه‌وه‌ی به‌های مرۆڤه له کولتووره جیاوازه‌کاندا، ئاخۆ له ئازادییدا چ شتێکی تر هه‌یه، که به‌های له به‌های مرۆڤ گه‌وره‌تر بێت؟! له ڕوانگه ئایینییه‌که‌یه‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بکه‌ین، ئه‌وا له ئایینی ئیسلامدا به‌های ئایینی ئیسلام له‌سه‌رو به‌های مرۆڤه‌وه‌یه. که‌واته هیچ مرۆڤێک بۆی نییه له ئازادییدا به‌های ئایینی ئیسلام له ڕێگای ئازادیی بیروڕاوه که‌مبکاته‌وه. لێره‌دا که‌سیی باوه‌ڕدار له ڕێگای خوداوه فتوای له‌ناوبردنی مرۆڤێک ده‌رده‌کات به ئارگۆمێنتی “ویستی خودا”. له ئه‌ڵمانیادا بۆ نموونه ته‌نها که‌سی بکه‌ر، که هه‌ڵستاوه به کووشتنی که‌سێک، ڕاپێچی به‌رده‌م دادگا ناکرێت، به‌ڵکوو ئه‌و که‌سه‌ش ڕاپێچی به‌رده‌می دادگا ده‌کرێت، که که‌سێکی تری ڕاسپاردووه، بۆ کووشتنی که‌سی ده‌ستنیشانکراو. واته (A) ده‌یه‌وێت (Z) بکووژرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته (G) ڕاده‌سپێرێت، که هه‌ڵبستێت به ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره. لێره‌دا A و G به‌قه‌د یه‌ك تاوانبارن له کووشتنی Z دا. بۆچیی ده‌بێت ئاستی تۆڵه‌ڕانت له‌ناو مرۆڤایه‌تییدا هێنده بچووک و ته‌سکبکرێته‌وه، که به‌رگه‌ی بۆچوونی جیاوازی یه‌کتر نه‌گرین؟ بۆچیی ده‌بێت به‌های مرۆڤێک له به‌های ئایینێک که‌متر بێت؟! بۆچیی ئه‌گه‌ر هاتوو ئازادانه له‌سه‌ر چه‌مکێک دوایین، به‌تایبه‌ت چه‌مکێکی ئایینیی، ئیدی واتای ئه‌وه بێت، که ئێمه گاڵته‌مان به خودا کردبێت، یان ههستهکانیمان بریندارکردبێت؟ بۆچیی ده‌بێت هه‌مووجۆره ڕه‌خنه‌یه‌ک له دیدێکی ئایینیی ڕه‌خنه بێت له خودی خودا و یهکسانکردنهوهشی ته‌نها له ڕێگای مه‌رگی ڕه‌خنه‌گره‌وه بێت؟! بۆ نموونه ئه‌و فتوای کووشتنه‌ی، که خومه‌ینیی ساڵی 1988 دژ به سه‌لمان ڕووشدیی نووسه‌ر له‌سه‌ر نووسیینی ڕۆمانی “ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان”، Die Satanischen Verse“”، ده‌ریکرد، ئاخۆ ده‌بێت ئێمه له‌وه بگه‌ڕێین، که فتوایه‌کی وه‌ها دژ به نووسه‌رێک، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی له نیشتیمانی ئێمه‌دا ڕووینه‌داوه بێده‌نگیی به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژێرین؟! ئاخۆ بێده‌نگیی ئێمه به‌رانبه‌ر به فتوایه‌کی وه‌ها به ناوچه‌ییکردنی ئێتیک نییه؟ ئاخۆ هه‌ناسه‌درێژیی و تۆڵهرانت له ڕای جیاوازدا ته‌نها له کولتوورێکدا پڕاکتیزه ده‌کرێت یان ئه‌رکێکی ئێتیکیی ئونیڤێرسالییه؟ کێشه‌ی نۆرم و تۆڵه‌ڕانت له کولتوورێکه‌وه بۆ کولتوورێکی دی جیاوازییه‌کی به‌رچاوی هه‌یه، لێره‌شدا هه‌مانشێوه ههمانکێشه قووتده‌بێته‌وه، که له کولتوورێکی تردا ڕێگاپێدراوه و لێگیتمکراوه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ده‌بێت مرۆڤ له کولتوورێکدا، که خاوه‌نی نۆرم و ئێتیکێکی ته‌ندروسته، نۆرم و ئێتیکێکی تر له کولتوورێکی تردا، که ناته‌ندروسته په‌سه‌ند بکات، یان تۆله‌ریزه‌ی بکات؟ بۆ نموونه به ئارگۆمێنتی ئه‌وه‌ی، که فڵانه شت له خاک و نیشتیمانی مندا ڕووینه‌داوه، که‌واته ده‌کرێت تۆلهریرهی بکه‌ین. بۆ نموونه زینده‌به‌چاڵکردنی ژنان و به‌رده‌بارانکردنیان؟ له‌سێداره‌دانی تاک به به‌رچاوی خه‌ڵکییه‌وه؟ ئه‌شکه‌نجه‌دانی تاک به به‌رچاوی خه‌ڵکییه‌وه؟! وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ش هه‌مووی به نه‌خێر ده‌درێته‌وه. که‌میی مۆڕاڵ له هه‌ر کولتوورێکدا بێت هه‌میشه زۆریینه‌ی تاوان و خه‌تای لێده‌که‌وێته‌وه. ئێمه کاتێک ده‌مانه‌وێت جیهان مۆڕاڵیزه بکه‌ین، به واتای ئه‌وه نییه، که جیهان ئاوێنه‌یی بکه‌ین، به‌ڵکوو ئه‌رکی له‌وه گه‌وره‌تر گۆڕیینی جیهانه نه‌ک ئاوێنه‌ییکردنی. بۆ نموونه له ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵاتدا به‌شێکی جیهان ئاوێنهییکراوه، چه‌قه‌که‌شی سعودی عه‌ره‌بییه. له‌کاتێکدا تاکه ئه‌رکی کولتووره‌کانی تر ئه‌م کیشوه‌ره گۆڕیینی ئه‌م به‌شه‌ی جیهانه نه‌ک ئاوێنه‌ییکردنی. پێدانی هه‌ستی لێپرسراوێتیی به هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگا و مۆڕاڵیزه‌کردنی خود، ئه‌رکێکی گه‌وره‌ی تاکه، چونکه ته‌نها له ڕێگای مۆڕاڵیزه‌کردنی تاکه‌وه ئێمه ده‌توانین ئاشتییه‌کی ئه‌به‌دیی به‌رهه‌مبهێنین، ژیانێک له ئازادیی و به‌خته‌وه‌رییدا به‌رهه‌مبهێنین.
مرۆڤ بیر ده‌کاته‌وه، که شتێک بکات، له بیرکردنه‌وه‌یه‌کی وه‌هادا مرۆڤ ده‌بێته خاوه‌نی چێوه‌یه‌ک بۆ یاریی، که تێیدا ده‌بێته خاوه‌نی چه‌ند هه‌لومه‌رجێک، که توانای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێکیان هه‌بێت. تۆی خوێنه‌ر پێشتر بیرتکرده‌وه، که ده‌ستبکه‌یت به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه، لێ ئێستا ده‌توانیت بڕیارێکی تر بده‌یت، چونکه خاوه‌نی چه‌ند ئاڵته‌رناتیڤێکی تریشیت. بۆ نموونه، بچیت ته‌ماشای فیلمێک بکه‌یت، یان “چێت” له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کتدا بکه‌یت، یان خواردن بخۆیت، خۆتبشۆیت … هتد. تۆ نا‌توانیت بڵێیت هیچ چارێکی ترت نییه، هیچ هه‌ڵبژاردنێکی ترت نییه بێجگه له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه. تۆ خودی خۆت هه‌ڵسوڕێنه‌ر و به‌گه‌ڕخه‌ری ئه‌م کردنهیت.
مرۆڤێکی گه‌نج وه‌ک شۆفێری لۆریی ژیانێکی نۆرماڵ به‌سه‌ر ده‌بات، ڕۆژێک به‌هۆی سه‌کته‌ی دڵه‌وه به‌شێک له جه‌سته‌ی له‌کار ده‌که‌وێت، بۆ نموونه ناتوانێت ملی باش بجوڵێنێت، ناتوانێت قۆڵی چه‌پی باش به‌کاربهێنێت … هتد. به‌هۆی شه‌له‌لبوونی به‌شێک له ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته‌ی ئه‌م مرۆڤه شۆفێره، شاره‌وانیی یارمه‌تیی ڕۆژانه‌ی بۆ دابین ده‌کات، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که ڕۆژانه هاوکارییکهرێکی نه‌خۆش یان دوانی بۆ ده‌نێرێت، که پێداویستییه‌کانی ڕۆژانه‌ی بۆ دابینبکه‌ن “بیشۆن، مه‌ساجی قۆڵ و پێی بۆ بکه‌ن، مێدیسینهکانی بده‌نێ وه‌ک حه‌ب و کاپسل … هتد”. هاوکارییکهرهکان بریتیی ده‌بن له خه‌ڵکانێکی دڵڕه‌ق و قێزیان له قه‌ڵه‌ویی و ناشیریینی ئه‌م مرۆڤه نه‌خۆشه ده‌بێته‌وه و ڕۆژانه ئازاری قاچی ده‌ده‌ن، ئازاری ده‌ستی ده‌ده‌ن، به برسێتیی دههیهێڵنهوه … هتد. ئه‌م پیاوه نه‌خۆشه ئیدی تێده‌گات، که ئه‌و وه‌ک که‌مئه‌ندامێک چیدی “که‌س Person” نییه و نه‌ک ژیانی بگره خودی خۆیشی به‌های نه‌ماوه. ڕۆژێک هاوکارییکهرهکانی دێن، ته‌ماشا ده‌که‌ن کابرا له جێگاکه‌یدا مردووه. ئه‌م مرۆڤه هه‌رچیی حه‌ب و کاپسلی ماڵه‌که‌ی هه‌یه به یه‌کجار هه‌مووی خواردووه و کۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه. ئه‌م مرۆڤه خاوه‌نی هه‌ڵبژاردن بووه، ده‌یتوانی بچێت بنوێت و له ژیاندا بمێنێته‌وه، ده‌شیتوانی هه‌موو حه‌ب و کاپسلهکان بخوات و بمرێت، ئه‌و مردنی هه‌ڵبژاردووه چونکه خۆی و ژیانی به‌هایان نه‌ماوه. لێبه‌ڵێ ئه‌م ویستی مردنه ویستێکی سه‌پێنراو بووه به‌سه‌ریدا، ویستێکی ناوه‌کیی، که ئازادیی ئه‌و له‌ناو ده‌بات، ویسته‌که له‌ودا سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌وه‌ی ئه‌و کۆنتۆڵی پێناکرێت ویسته‌که نییه، به‌ڵکوو خودی خۆیه‌تی، ئالێره‌دا ئه‌و مرۆڤه نائازاده. هه‌مانکات ده‌بینین، که ئه‌و ویسته کاوسالانه له ڕێگای هاوکارییکهرهکانییهوه هاتۆته ئه‌مه‌وه، چونکه پێشتر ئه‌و ئه‌کسێپتی خۆی وه‌ک مرۆڤێکی که‌مئه‌ندام ده‌کرد و کێشه‌ی له‌گه‌ڵ که‌مئه‌ندامیی خۆیدا نه‌بوو، لێ له‌و بێڕێزییه‌وه، که هاوکارییکهرانی پێیانده‌کرد ئیدی ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیاتر هه‌ستی به که‌میی خۆی ده‌کرد، هه‌تا حه‌زی مردنی له‌ناو خۆیدا کرده ویستێک.
1.6 ئێتیک Ethik:
ئێتیک چه‌مکێکی یۆنانیی کۆنه، به واتای تێگه‌یشتن، ڕاهاتن، به‌کارهێنان، شێوازی زین. چه‌مکی ئێتیک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاریستۆته‌لێس Aristoteles ئه‌و یه‌که‌م که‌س بووه، که ئێتیکی وه‌ک دیسپلینێکی فه‌لسه‌فیی له مامه‌ڵه‌دا جیاکردۆته‌وه له تیۆرییه فه‌لسه‌فییه‌کانی تر وه‌ک “لۆگیک، فیزیک، ماته‌ماتیک، مێتافیزیک”. فه‌لسه‌فه‌ی پڕاکتیکیی به ئێتیکه‌وه له‌ناو ئۆکۆنۆمیی و سیاسه‌تدا گرێدراوه. فه‌لسه‌فه‌ی تیۆریی به‌ستراوه به گۆڕان و گۆڕانی بوونه‌وه، لێ فه‌لسه‌فه‌ی پڕاکتیکیی به‌ستراوه به مامه‌ڵه‌ی مرۆڤ و پرۆدۆکتهکانیهوه. ئێتیک بۆیه له شیکردنه‌وه‌دا به واتای تێگه‌یشتن، ڕاهاتن، به‌کارهێنان و شێوازی زین لێکدراوه‌ته‌وه، چونکه له‌سه‌ره‌تاوه مرۆڤ له‌ژێر په‌روه‌رده‌ی دایک و باوک‌دا ڕاده‌هێنرێت له‌گه‌ڵ شێوازی ژیانی چ خێزانه‌که‌یدا و چ ئه‌و کلتوورهشدا، که تێیدا په‌روه‌رده ده‌بێت. چه‌مکی ئێتیک، که له ئاریستۆتهلێسهوه بڵاوبۆته‌وه ڕه‌گه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌مکی “ئێتۆس، Ethos “ی کۆن، که به واتای ڕاهاتن و دابونه‌ریت دێت. لێره‌دا مرۆڤ ڕادێت له‌سه‌ر ئه‌و نۆرم و دابونه‌ریته‌ی، که تێیدا گه‌وره ده‌بێت یان فێرده‌کرێت و ده‌یکات به مامه‌ڵه‌ی خۆی له ژیاندا. ئێتیک گه‌وره‌تریین به‌شی فه‌لسه‌فه‌یه و مۆڕاڵی له خۆ گرتووه، به‌تایبه‌ت له تیڕوانینی بناغه سه‌ره‌کییه‌کانیدا. ئێتیک خاوه‌نی دیسپلینه، که په‌ل ده‌هاوێت بۆسه‌ر سه‌رای چه‌مکگه‌لێکی تر بۆ نموونه “ماف، ده‌وڵه‌ت، یان فه‌لسه‌فه‌ی کۆمه‌ڵ” به‌م دیسپلینه‌ی ئێتیکیش ده‌گووترێت فه‌لسه‌فه‌ی پڕاکتیکیی، ئالێره‌دا فه‌لسه‌فه‌ی پڕاکتیکیی سه‌رقاڵ ده‌بێت به مامه‌ڵه‌کانی مرۆڤه‌وه، ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی تیۆرییه‌وه، که خاوه‌نی چه‌ند دیسپلینێکی کڵاسیکییه وه‌ک “لۆگیک، تیۆریی ناسینه‌وه، مێتافیزیک”. ئێتیک په‌یوه‌ندیی به مامه‌ڵه‌ی مرۆڤه‌وه هه‌یه، ئێتیک سه‌رقاڵ ده‌بێت به مامه‌ڵه‌ی مۆڕاڵانه‌ی مرۆڤه‌وه. واتای ئێتیک له پراکتیکی مرۆڤانه‌دا، بریتییه له: تیۆریی پراکتیک هه‌تاوه‌کوو مۆڕاڵیتێتی پراکتیک بکات به ویست. ئێتیک کۆمپاسێکه، ئه‌رکی ته‌نها نیشاندانی باکووره، ئه‌و ڕێگایه‌ک له‌سه‌ر هیچ که‌سێک بۆ هه‌ڵبژاردن ناسه‌پێنێت، به‌ڵکوو مرۆڤ خۆی، بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ڕێگاکه ده‌دات. له ئێتیکدا مرۆڤ جیاوازیی له‌نێوان دوو جۆر ئێتیکدا ده‌کات یه‌که‌میان ناوی: ئه‌زموونی ئێتیکانه و دووهه‌میان: پێناسه‌کردن و ئه‌زموونی نۆرمانه.
1.7سه‌رهه‌ڵدانی ئێتیک:
چه‌مکی ئێتیک به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی ئاریستۆتهلێسه Aristoteles وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی دیسپلین به‌کاری هێناوه. مه‌به‌ستی ئاریستۆته‌لێس لێره‌دا بریتیی بووه له سه‌رقاڵبوونێکی زانستییانه به “خوو، نه‌ریت و به‌کارهێنان (ئێتۆس، به گریکیی Ethos)ه‌وه. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که ئێتیک له سه‌رده‌می سوکراته‌وه هاتۆته سه‌نته‌ری بیرکردنه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کانه‌وه بۆ نموونه وه‌ک (گه‌ڕانه‌وه‌کانی سوکرات). باکگراوندی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای سۆفیسته‌کان، ئه‌مان له‌لایان وه‌هابووه، که مامه‌ڵه‌کانی بوونه‌وه‌رێکی هۆشیاری وه‌ک مرۆڤ ناپێورێت، که ئاخۆ ئه‌م مامه‌ڵه‌یه له ئه‌نجامی خوو و دابونه‌ریته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه یان نا. ئاریستۆته‌لێس دڵنیا بوو له‌وه‌ی، که پراکتیکی مرۆڤ له بنچینه‌وه پێ له‌سه‌ر هۆشیاریی و تیۆریی کاردانه‌وه داده‌گرێت. ئێتیک بۆ ئاریستۆته‌لێس فه‌لسه‌فه‌ی دیسپلین بووه، که ته‌واوی ناوچه‌کانی مامه‌ڵه‌ی مرۆڤی وه‌ک شمه‌ک خستۆته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه، ئه‌م شمه‌کانه‌ش به هۆی فه‌لسه‌فه و لێپرسینه‌وه‌یه‌کی نۆرمانه‌وه ڕاده‌کێشێت و ده‌یکات به وه‌رگێڕانێکی پڕاکتیکانه، که به هۆیه‌وه ناسینه‌وه و خووی لێده‌که‌وێته‌وه. به گشتیی ئێتیک ئیمڕۆ وه‌ک دیسپلینێکی فه‌لسه‌فیی ناسراوه، که ئه‌رکی ڕه‌خنه‌گرتنه له باش و خراپیی مامه‌ڵه‌کردن و پێدانی نرخ به مۆتیڤه‌کانی مامه‌ڵه. ئه‌وه‌ی، که ئێتیک وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی دیسپلین به‌رهه‌می دێنێت، سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پرینسیپه‌کانی هۆشیاریی “ئه‌قڵ”. ئالێره‌دا هه‌ست به جیاوازییه‌ک له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنه کڵاسییکییهکهدا ده‌که‌ین، که ناوی “تیۆلۆگیشه ئێتیکه”، “ئێتیکه ئایینییه‌کان”، که تێیدا پرینسیپه دابونه‌ریتییه‌کان وه‌ک ویستی خودا دامه‌زراوه، که به گشتیی له‌ناو باوه‌ڕه‌کاندا وه‌ک ده‌رکه‌وته‌ی خودا کاری پێده‌کرێت. ته‌نانه‌ت له سه‌ده‌ی بیستیشدا چ له ئه‌وروپا و چ له ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵاتیشدا خه‌ڵکانێک په‌یدابوون، که ئێتیکی تیۆلۆگییان وه‌ک ئاوتۆنۆم “ئازاد” پێناسکردووه و هه‌وڵی کۆنسێپتکردنیان داوه. ئامانجی ئێتیک کارکردنه له نۆرمه گشتیی و نرخه‌کانیدا. ئێتیک سنورێک بۆ خۆی له‌گه‌ڵ ئێتیکی پێناسکردندا داده‌نێت، که هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌کی مۆڕاڵیی نییه، به‌ڵکوو لێپێچینه‌وه‌یه‌کی فاکتانه‌ی له‌ناو کۆمه‌ڵگادا هه‌یه، که هه‌وڵی پێناسکردنی ژیانی مۆڕاڵ له‌گه‌ڵ هۆکاره پراکتییهکاندا ده‌دات. له سه‌ده‌ی بیسته‌وه چه‌مکێکی تر به ناوی مێتائێتیک Metaethik که‌وته دیسپلینیزهکردنی لۆگیک، سێمانت و پراگماتیکه ستراکتوره‌کانی مۆڕاڵ و ئێتیکی قسه‌کردن، به‌شێوه‌یه‌ک، که بوو به بنچینه‌ی پێناسکردن و ئێتیکه نۆرمییه‌کان.
1.8پرسیاری فه‌لسه‌فییانه له‌سه‌ر ئێتیک:
کاری دیسپلینی فه‌لسه‌فییانه‌ی ئێتیک (که هه‌مانکات وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی مۆڕاڵ ته‌ماشا ده‌کرێت)، گه‌ڕانه به‌دوای وه‌ڵامی پرسیارێکدا، که پرسیار له‌سه‌ر چۆنێتیی مامه‌ڵه‌کردنی مرۆڤ ده‌کات له چه‌ندیین باروودۆخی ژیانی ڕۆژانه‌ماندا. پرسیارکردن ده‌رهه‌ق به‌وه‌ی، که چلۆن مامه‌ڵه بکه‌م؟ مه‌رج نییه وه‌ک پرسیارێکی ئێتیکیی لێکیبده‌ینه‌وه، چونکه ئیندیڤیدووالانه ده‌شێت پرسیارێکی وه‌ها نه‌ك وه‌ک تیۆرییه‌کی ئێتیکییانه، به‌ڵکوو وه‌ک تیۆرییه‌کی ڕاتسیۆناڵانه تێیبگه‌ین. جیاوازییکردن له‌نێوان تیۆریی ئێتیک و ڕاتسیۆناڵدا، پێ له‌سه‌ر ئامانج داده‌گرێت. ئه‌گه‌ر ئامانجی بوونهوهرێکئ هۆشیار مانه‌وه‌ی خۆی و قازانجه‌کانی بێت، ئه‌وا پرسیاره‌که خۆی له تیۆرییه‌کی ڕاتسیۆناڵدا ده‌بینێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئامانجی پرسیاره‌که نه‌خستنه‌وه‌ی زیانه چ بۆ خود و چ بۆ ده‌وروبه‌ریش واته له کۆی گشتیی‌دا ئه‌وا پرسیاره‌که کرۆکێکی ئێتیکیی ده‌بێت. داد و خودی مۆتیڤه ئایینییه‌کانیش هه‌وڵده‌ده‌ن وه‌ڵامێکی ئێتیکیانهی ئه‌م پرسیاره بده‌نه‌وه، لێ جیاوازتر له ئێتیکییه فه‌لسه‌فییه‌که. (پێویسته چلۆن له هه‌ندێک باروودۆخدا مامه‌ڵه بکه‌م). کڵاسییکیانه ئه‌م پرسیاره ئێمانوێل کانت قووتی ده‌کاته‌وه، که ده‌ڵێ: پێویسته چیی بکه‌م؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش بۆ کانت ته‌نها مۆڕاڵ ده‌یداته‌وه. له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌شدا کاری مۆڕالیزهکردن له‌ناو تاکی کورددا هه‌میشه مه‌یدانێکی نامۆ بووه، خودی ئه‌م نامۆبوونه‌ش بووه‌ته هۆی نانه‌وه‌ی چه‌ندیین کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی، که ئێمه ئیمڕۆ به ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنین. که‌واته ئه‌رکی ئێتیک گه‌ڕانه به‌دوای وه‌ڵامی پرسیاری چۆنێتیی مامه‌ڵه‌کردندا، گه‌ڕانه به دوای مامه‌ڵه‌یه‌کی ڕاستدا. ئه‌م ئه‌رکه، ته‌نها له‌سه‌ر شانی هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا نییه، به‌ڵکوو پێویسته ئه‌رکێک بێت له‌سه‌ر شانی هه‌موو که‌سێک، پێویسته ئه‌رکێک بێت له په‌روه‌رده‌کردنی نه‌وه‌کانماندا. چونکه په‌روه‌رده‌کردنێکی ئاوها خاوه‌نی ئامانجه، ئامانجێکی ئاوهاش بریتییه له ئێتیکیزهکردن و مۆڕالیزهکردنی کۆمه‌ڵ. لێبه‌ڵێ هه‌میشه له‌ناو کۆمه‌ڵدا خه‌ڵکانێک سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نایانه‌وێت به پرینسیپی ئێتیک و مۆڕال بژیین، ده‌شێت ئه‌مجۆره که‌سانه کێشه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانێکدا نه‌بێت، که خاوه‌نی ئێتیک و مۆڕاڵن، لێ کێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌بێت، که خۆیان ئێتیکیزه و مۆڕالیزانه بژیین. ئانهماریی پیپه‌ر Annemarie Pieper له‌م ڕووه‌وه ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه نه‌یه‌وێت، به‌هۆی باروودۆخی مۆڕاڵه‌وه کێشه بۆ چه‌قی خۆی دروستبکات، ئه‌وا:
1. یان ئه‌وه‌تا: ئه‌و پرینسیپییانه باوه‌ڕی به‌هیچ یاسایه‌کی دی نییه، هی خۆی نه‌بێت.
2. یان ئه‌وه‌تا: ئه‌و دیلی ده‌ستی سهپێنراوێکه “حوکمێک”.
3. یان ئه‌وه‌تا: ئه‌و که‌سێکی نامۆڕاڵیی دڵنیایه، یان ڕهشپینێکی ڕادیکاڵه.
4. یان ئه‌وه‌تا: ئه‌و په‌یوه‌ندیی به نۆرمی مۆڕاڵه‌وه ته‌نها بۆ خه‌ڵکانی تر به‌پێویست ده‌زانێت، لێ بۆ خودی خۆی نه‌خێر. Annemarie Pieper. Einführung in die Ethik. 6. Auflage, S. 13
وشه‌ی لاتینیی ” مۆس، Mos، کۆکه‌ی مۆرێس، Mores” بریتییه له وه‌رگێڕانی چه‌مکی ئێتۆسی „Ethos“ یۆنانیی، به واتای “نه‌ریت” هه‌مانشێوه ده‌کرێت به که‌ڕاکته‌ریش پێناسی بکه‌ین. له مۆسی Mos لاتینییه‌وه چه‌مکی “مۆڕاڵ، Moral “ی ئه‌ڵمانیی سه‌ریهه‌ڵداوه. چه‌مکی مۆڕاڵیش له په‌یڤی ئه‌ڵمانییدا بریتییه له چه‌مکێک، که له ڕووی زینه‌وه خزمایه‌تیی له‌گه‌ڵ چه‌مکی نه‌ریتدا هه‌یه. ئه‌گه‌ر هاتوو پێناسی که‌سێکمان به که‌سێکی بێ مۆڕاڵ کرد، ئه‌وا مه‌به‌ستمان له‌وه‌یه، که هه‌ڵوێستی که‌سی ناوبراو له‌گه‌ڵ ڕه‌وشی مۆڕاڵی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی تردا یه‌کناگرێته‌وه، یان پێیده‌ڵێن خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی بۆگه‌نکردووه. مۆڕاڵ بریتییه له چه‌مکێک، که نۆرم و به‌های له‌خۆگرتووه، نۆرم و به‌هایه‌ک، که له ڕێگای په‌سه‌ندێتیی هه‌مووه‌وه بووه به فۆڕم و یاسایه‌ک له‌ناو کۆمه‌ڵدا.
له‌ناو ژیانی پراکتیکیی ڕۆژانه‌دا به‌هۆی ڕادیکاڵبوونی پرسیارگه‌لێکی مۆڕاڵییه‌وه کێشه‌یه‌ک قووتده‌بێته‌وه، که به‌هۆیه‌وه ناچارده‌بین پرسیارگه‌لێکی ئێتیکیی دروستبکه‌ین. زۆرجار ڕسته‌گه‌لی مۆڕاڵی له‌ناو فۆڕمێکی ئیمپهراتیڤانهدا بۆ پێدان به‌رهه‌مدێت، هه‌رچه‌نده ئه‌م پێدانه پێویستی به تێکه‌ڵکردن نییه له‌گه‌ڵ ڕسته‌گه‌لێکی ئیمپهراتیڤدا. بۆ نموونه ڕسته‌گه‌لی وه‌ک:
1. سوێندم بۆ بخۆ، که ناپاکییم له‌گه‌ڵ ناکه‌یت.
2. به‌ڵێنم پێبده، که درۆم له‌گه‌ڵ ناکه‌یت.
زۆرجار به‌هۆی ئه‌زموونی تاکه‌وه، ئیندیڤیدووالانه، که باوه‌ڕێکی ته‌واوی به مامه‌ڵه‌کانی خۆیه‌تی، پرسیارگه‌لێکی دی وه‌ک دژه‌به‌ری ڕسته‌گه‌لێکی ئاوها مۆڕاڵیی و ئیمپه‌راتیڤ دێته ئاراوه، که ئامانج تێیدا نه‌کردنی ئه‌و پێویستییانه‌یه، که ڕسته‌ی مۆڕاڵیی ئیمپه‌راتیڤ له‌سه‌ر تاکی ده‌سه‌پێنێت، بۆ نموونه:
1. بۆچیی پێویسته به‌ڵێن به‌رینه‌سه‌ر؟
2. بۆچیی پێویسته درۆ نه‌که‌ین و به‌ڵێنه‌کانمان به‌رینه‌سه‌ر، بۆچیی پێویسته ناپاکیی نه‌که‌ین؟
مرۆڤ به‌مه‌شه‌وه ناوه‌ستێت، بگره ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی، که ته‌نانه‌ت پرسیار له‌سه‌ر هه‌بوونی مۆڕاڵ له ژیانی ڕۆژانه‌دا قووتبکاتهوه به‌وه‌ی، که ده‌ڵێ:
* بۆچیی پێویسته مرۆڤ مۆڕاڵانه مامه‌ڵه بکات؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ڕوونه‌دانی جه‌نگ یان ڕێگاگرتن له جه‌نگ ده‌یداته‌وه، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌گه‌ڵ یه‌کتردا مۆڕاڵانه مامه‌ڵه نه‌کات جه‌نگی هه‌موو دژ به هه‌موو هه‌تا بێت شانسه‌کانی نزیکتر ده‌بێته‌وه.
1.9ئامانجی ئێتیک:
ئامانجی ئێتیک بریتییه له زانستێکی پڕاکتیکییانه، تیۆرییانه په‌یوه‌ندی به زانینی ویستی خوده‌وه نییه، به‌ڵکوو به هه‌بوونی به‌رپرسیارێتییه‌کی پراکتیکییانه. ئه‌م زانسته یارمه‌تیی مرۆڤ ده‌دات، که هه‌میشه له جیهانی نادرهوشاوهکاندا بڕیارێکی دابونهریتییانه بدات، بۆ دره‌وشاندنه‌وه‌ی خود له جیهانێکی دره‌وشاوه‌دا. بۆ نموونه (له‌دوای ڕاپه‌ڕیینی به‌هاری 1991 دا وه‌فدێکی سیاسه‌تمه‌ندارانی فه‌ڕه‌نسیی سه‌ردانی شاری سلێمانیی ده‌که‌ن، سیاسییه‌کی یه‌کێتیی نیشتیمانیی مۆدێرنانه خۆی ده‌گۆڕێت، سیاسییه‌کی تر پێیده‌ڵێت: ئه‌مه چییه وا خۆت گۆڕیوه ده‌ڵێی له پاریسیت؟) سیاسیی یه‌که‌م خاوه‌نی ئێتیکه، لێ سیاسیی دووهه‌م نه‌خێر. سیاسیی یه‌که‌م خاوه‌نی پرینسیپێکه، که خاوه‌نی مامه‌ڵه‌یه‌کی باش و لێپێچینه‌وه‌یه‌کی ئێتیکیانه بێت، ئالێره‌دا پڕاکتیزه‌کردنی کۆنسێپتێکی ئاوها پرینسیپییانه له هه‌لومه‌رجێکی ئاوها گشتیی‌دا ده‌بێته ئه‌رکێک، که تاک پێویسته بیگرێته ئه‌ستۆی خۆی نه‌ک کارێک بێت، که هه‌موو مرۆڤێک توانای به‌رهه‌مهێنانی هه‌بێت. که‌واته ئه‌م پرینسیپه ئه‌رکێکی پڕاکتیکانه‌ی هێزی لێپێچینه‌وه‌یه، که سیاسیی دووهه‌م خاوه‌نی نییه. ئالێره‌دا پێویسته هێزی لێپێچینه‌وه‌ی پڕاکتیکیی پرینسیپێکی گشتیی لێبکه‌وێته‌وه، که دیسانه‌وه له چه‌ندیین باروودۆخی نوێ‌دا هه‌لومه‌رجی ژیان به‌کاربهێنێت. به‌مشێوه‌یه ئه‌رکی تاک ئه‌وه‌یه، که هه‌میشه خۆی له پڕاکتیزه‌کردنی هێزی لێپێچینه‌وه‌ی پڕاکتیکییدا نوێبکاته‌وه، ئه‌م نوێکردنه‌وه‌یه‌ش ته‌نها به به‌شدارییکردن له کۆرس و قوتابخانه ئێتیکییه‌کاندا به‌ده‌ست دێت. له هه‌لومه‌رجێکی ئاوهادا سیاسیی یه‌که‌م، به‌شێک ده‌بێت له کۆرس و قووتابخانه‌ی ناوبراو و سیاسیی دووهه‌میش ڕه‌تی ده‌کاته‌وه، که تاکێک بێت له به‌شداربوانی کۆرس و قووتابخانه ئێتیکییه‌کاندا.
1.10 فه‌لسه‌فه و پراکتیک یان ئێتیکی پڕاکتیکیی:
به‌ده‌ر له هه‌موو شت چیرۆکێک له‌سه‌ر تالێس فۆن میلێت Thales von Milet (نزیکه‌ی ساڵی 624 بۆ 546ی پێش زایین)، تالێس به یه‌که‌میین فیلۆسۆفی یۆنان ده‌ناسێنرێت. ده‌گێڕنه‌وه ده‌ڵێن: جارێکیان تالێس له‌سه‌ر که‌ناری بیرێکه‌وه ته‌ماشای ئاسمان ده‌کات و ده‌که‌وێته ناو بیره‌که‌وه، خه‌ڵکیی زۆر به‌م دیمه‌نه پێده‌که‌نن و تالێس ده‌بێته گاڵته‌جاڕی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی، که له ده‌وری بوون. چه‌ند که‌سێکی تر بۆ ڕزگارکردنی تالێس ده‌ڵێن: تالێس نه‌که‌وتۆته خواره‌وه، به‌ڵکوو خۆی چووه خواره‌وه هه‌تاوه‌کوو له‌ناو بیره‌که‌وه ته‌ماشای ئاسمان بکات، چونکه له‌ناو بیره‌که‌وه ئه‌ستێره‌کان باشتر ده‌رده‌که‌ون. ئه‌م چیرۆکه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت: که فه‌لسه‌فه له پراکتیکدا سه‌ختتره وه‌ک له تیۆرییدا. یاخوود چیی فه‌لسه‌فه‌ی تیۆریی له پراکتیک جیاده‌کاته‌وه، له‌کاتێکدا بیرکردنه‌وه لوتکه‌ی پڕاکتیکه. پراکتیک په‌یوه‌ندییه‌کی کۆنکرێتیی به پیشه و مامه‌ڵه و ئه‌زموونه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌مانه‌وه هه‌یه، که له هیچیاندا به‌بێ بیرکردنه‌وه جوڵه‌ی تێناکه‌وێت. پراکتیک بریتییه له جوڵه‌یه‌ک، که به‌هۆیه‌وه ئێمه کۆنکرێتانه کاریگه‌ر ده‌بین، تیۆریی بێ جوڵه‌یه، له خودی خۆیدایه. لێ با بپرسین ئاخۆ واتای چیی، که ئێمه مامه‌ڵه بکه‌ین؟ ئێمه پێشتر باسمان له‌وه کرد، که به‌هۆی مامه‌ڵه‌وه جوڵه ده‌که‌وێته شتگه‌لێکه‌وه. ده‌کرێت بپرسین ئاخۆ جوڵانه‌وه‌ی هه‌موو ته‌ن و شتێک مامه‌ڵه‌یه؟ بۆ نموونه ده‌کرێت سه‌مای دره‌خته‌کان به‌هۆی “با”وه به مامه‌ڵه پێناس بکه‌ین؟ یان گه‌شه‌ی گژوگیا، یان کردنه‌وه‌ی خونچه‌یه‌ک؟ یان میاو پشیله‌یه‌ک و وه‌ڕیینی سه‌گێک؟ ده‌بێت لێره‌دا جیاوازیی نێوان جوڵه‌کان بکه‌ین، جوڵه‌یه‌کی ئینستینکتیڤ، که ئاوتۆماتیکانه ده‌ڕوات به‌ڕێوه، له‌گه‌ڵ جوڵه‌یه‌کدا، که ئاگایانه، ئازادانه به‌رهه‌میدێنین. ئالێره‌دا ده‌کرێت پرسیار له‌سه‌ر ئازادیی جوڵه و مامه‌ڵه‌کانمان بکه‌ین، هه‌تاوه‌کوو کوێ ئێمه ئازادانه مامه‌ڵه ده‌که‌ین؟ ئازادانه بڕیار ده‌ده‌ین؟ ئازادیی بوونگه‌رانه بریتییه له ئه‌سپێکتی مرۆڤبوونمان، ئێمه ئه‌م ئازاداییه له ڕێگای مامه‌ڵه‌کانمانه‌وه ده‌رده‌بڕین. دوورونزیک ئێتیک بریتییه له فه‌لسه‌فه‌ی پڕاکتیک یان زانستێکی پڕاکتیکیی، که نه‌ک پراکتیکی مرۆڤ وه‌ک هه‌موو ته‌ماشا بکات، به‌ڵکوو چه‌ند کڵاسێکی مامه‌ڵه‌ی مرۆڤ، که وه‌ک مامه‌ڵه‌ی مۆڕاڵیی نیشانکراون. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئێتیک بریتییه له تیۆریی مامه‌ڵه‌ی مۆڕاڵانه‌ی مرۆڤ، تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ئێتیکیش بریتییه له ویستی مامه‌ڵه. ئێتیک بریتییه له دیسپلینی بنچینه‌یی فه‌لسه‌فه‌ی پراکتیکیی، که په‌یوه‌ندییه‌کی قوڵیی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی ماف و ئۆکۆنۆمییدا هه‌یه، نۆرمه‌کانیان بریتیین له دیسپلینه‌کانی مۆڕاڵ.
ئه‌نترۆپۆلۆگییانه پرسیار بریتییه له‌وه‌ی، که مرۆڤ چییه؟ ئاناماریی پیپه‌ر ده‌ڵێ: مرۆڤ زیاتره له ئاژه‌ڵێک و که‌متریشه له خودایه‌ک. Annemarie Pieper. Einführung in die Ethik. 6. Auflage. S. 75. لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤ خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کی هومانهی خۆیه‌تی، که له ڕێگایه‌وه مرۆڤ نیشان ده‌دات، یان بوونه‌وه‌ری خۆی ئاشکرا ده‌کات، که ئه‌و چییه. سه‌باره‌ت به‌م تایبه‌تمه‌ندییه، که هۆکاره بۆ بوون به به‌و شته‌ی، که مرۆڤ به‌سه‌ر خۆیدا ده‌هێنێت کانت ده‌ڵێ: “ئه‌و وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی مامه‌ڵه‌که‌ری ئازاد چیی به‌سه‌ر خۆیدا ده‌هێنێت، یان ده‌توانێت بکات، یان پێویسته بکات.”. Kant. Anthropologie in Pragmatischer Hinsicht, in: Werke, Bd. 10, 399.
2 ئێتیکی سیاسه‌ت:
ئه‌وه‌ی ئێتیک و سیاسه‌ت له‌لای ئه‌ریستۆته‌لێس پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه بریتییه له چه‌مکی دادپه‌روه‌ریی. به سه‌رنج له „ta ethika“ و „ta Politika“ ده‌بینین، که دوو ئه‌سپێکت تا ئێتیکا و تا پۆلیتیکا یه‌ک مامه‌ڵه‌ن. مامه‌ڵه‌ی ئیندیڤیدووم له‌ناو چه‌ند ئیندیڤیدوومێکی تردا، که مل به‌ره‌و دادپه‌روه‌ریی له‌ناو ژیانێکی سۆسیالدا ده‌نێت. سه‌رنج لێره‌دا له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، که ئه‌م په‌یوه‌ندییه قوڵه‌ی نێوان ئێتیک و پۆلیتیک له سه‌ده‌ی نوێوه به‌ره‌و ونبوون ڕۆیشت. به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می میکاڤیللییدا سیاسه‌ت خۆی له ئێتیک جیاده‌کاته‌وه و په‌یوه‌ندییان نامێنێت. وه‌کئه‌وه‌ی بڵێی ئه‌ریستۆته‌لێس و میکاڤیللیی ته‌واو و ڕێک پێچه‌وانه‌ی یه‌کتریی بن. میکاڤیللیی له جێگای دادپه‌روه‌ریی پرینسیپی تووندوتیژیی و تێکۆشان له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سته‌ڵاتدا قووتده‌کاته‌وه. ئالێره‌دا مۆڕاڵیتێت ده‌چێته خانه‌ی پریڤاته‌وه نه‌ک ئه‌رکێکی گشتیی، چونکه مۆڕاڵ له سیاسه‌تدا له‌لای میکاڤیللیی هیچ واتایه‌کی نییه. له سه‌ده‌ی 19ه‌وه دابونه‌ریتی ماف له زانستی ده‌وڵه‌تدا به ته‌واویی به‌ره‌و تێکشکان ده‌ڕۆیشت، به دوورخستنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه له ماف و زانستی ده‌وڵه‌تدا خودی ئێتیکیش له ماف و زانستی ده‌وڵه‌ت دوورخرایه‌وه هه‌تا سنوره‌کانی ونبوونی ئێتیک له ده‌وڵه‌تدا. ئه‌ریستۆته‌لێس ئێتیک و زانستی له‌یه‌کتریی جیانه‌کردبۆوه، وه‌کئه‌وه‌ی، که ئێمه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌یبینین. له‌لای ئه‌ریستۆته‌لێس پێویست بوو هه‌موو هاووڵاتییه‌کی پۆلیس Polis مۆڕاڵانه په‌روه‌رده بکرێت، هه‌موو په‌روه‌رده‌کردنێکی مۆڕاڵانه‌ش هه‌وڵێکه بۆ گه‌ره‌نتیی ژیانی هه‌موو له دادپه‌روه‌رییدا. ئه‌گه‌ر ئێمه له چه‌مکی هۆمۆساپییه‌نس بڕوانین homo sapiens “بیرێکی هومانیستانه”، ئه‌وا پێویسته کاری چه‌ند ئۆرگانێکی جه‌سته‌ی مرۆڤ “سه‌ر، دڵ، ده‌ست” هه‌موویان پێکه‌وه بۆ یه‌ک مه‌به‌ست کار بکه‌ن، ئه‌ویش له‌پێناوی لێکه‌وتنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکی هۆشیارانه‌ی خاوه‌ن ئه‌قڵه، به‌مه‌ش ده‌ڵێن: پراکتیکی مرۆڤانه.
به ڕێژه‌یه‌کی گه‌وره له‌ناو ئێمه‌ی کورددا، ژیان و ئازادییه‌کانی تاکی کورد خاوه‌نی ڕه‌وشێکی هێتهرۆنۆمییه (Heteronomie)، (پابه‌ندبوون به یاسایه‌کی نامۆوه)، له‌کاتێکدا هه‌موو تاکێک ده‌بێت خاوه‌نی یاسایه‌کی ئاوتۆنۆمیی بێت، (Autonomie)، (یاسایه‌ک، که له خودی تاکه‌وه ده‌ربچێت، تاک خۆی یاسادانه‌ری خۆی بێت). به تێگه‌یشتنه کانتییه‌که‌ی شمه‌ک پێویسته ڕووی خۆیان بکه‌نه ناسینه‌وه‌ی ئێمه، تێگه‌یشتن سه‌نته‌ری هه‌موو ناسینهوهکانه، که هه‌رچی شمه‌که ناسراوه‌کانه به ده‌وریدا ده‌خولێنه‌وه. ئازادیی بریتییه له چه‌قی بیرکردنه‌وه، که هه‌رچیی شمه‌ک هه‌یه به ده‌وریدا ده‌سوڕێته‌وه، “بۆ نموونه بۆ من (خۆر) بریتییه له ڕاستییه‌ک، له تێگه‌یشتن، هه‌ربۆیه ته‌واوی ئه‌ستێره‌کانی تر به ده‌وریدا ده‌سوڕێنه‌وه”، ئازادیی توانای گه‌وره‌ی خۆی له‌وێدا پیشانی کانت ده‌دات، که توانای به‌رهه‌مهێنانی یاسایه‌کی خۆییی هه‌بێت، یاسایه‌ک، که وه‌ک یاسایه‌کی سروشتی بناسێنرێت. بابه‌ت لێره‌دا “بوون” نییه، به‌ڵکوو “پێویست”ه، پێویستیش بریتییه له ئه‌سپێکتی تواناکانی ئێمه. کار لێره‌دا بریتییه له به‌رهه‌مهێنانی یاسایه‌کی ئازادیی بۆ ئازادییه‌کانمان. یاسایه‌ک هه‌موو دژهوتهیهک ڕه‌تبکاته‌وه، که له ده‌ره‌وه‌ی هۆشیاریی ئێمه‌وه له ڕێگای فشاره‌وه ده‌یه‌وێت وه‌ک یاسایه‌ک له ئازادییه‌کانی ئێمه‌دا خۆی بسه‌پێنێت. ته‌نها خودی ئازادیی خۆی ده‌توانێت به‌بێ مه‌رج ببێته ئه‌رک له‌سه‌ر ژیانی تاک. ئه‌رکی به‌بێ مه‌رج له ئازادیی دا به‌رهه‌می ئه‌قڵی ئێتیک (Ethik)ه‌که‌ی کانته، ئه‌رکێکی گشتیی، که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێژه په‌سه‌ند ناکات. لێره‌دا ئه‌م بۆچوونه‌ی کانت ده‌که‌وێته ژێر ڕه‌خنه‌ی پێته‌ر بیرییه‌وه Peter Bieri، که له‌دواییدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ری، چونکه بیریی مه‌رج و سنور بۆ ئازادیی داده‌نێت، که زۆر جێگای سه‌رنج و تێڕامانه. به‌رهه‌رحاڵ، ده‌کرێت بڵێم: ڕێگای ئازادیی کۆمه‌ڵگای ئێمه وا له‌ناو یه‌که‌م هه‌نگاوی تاکه‌کانی ئێمه‌دا. هه‌تا تاکی ئێمه خاوه‌نی پرینسیپێکی ویست و ویستبوون نه‌بێت، ناتوانێت خاوه‌نی بڕیار و مامه‌ڵه‌یه‌کی باش بێت، ناتوانێت خاوه‌نی ئازادییه‌کی ڕه‌وان بێت، که هه‌ڵقوڵاوی ویست و ویستبوونی خۆی بێت. ناو‌کی ئێتیک له‌وه‌دایه، که مرۆڤ وه‌ک ئامانجی خود ته‌ماشابکرێت، به واتای وه‌ک بوونه‌وه‌رێک، نه‌ک وه‌ک هۆکارێک بۆ ئامانجێک به‌کاربهێنرێت، به‌ڵکوو خۆیان وه‌ک مرۆڤی ئازاد له باروودۆخێکدا بن، که بۆ خۆیان ئامانج و پێکاندن دابهێنن. کانت ده‌ڵێ: به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه بکه، که تۆ مرۆڤایه‌تیی هه‌روه‌ک له خۆتدا، وه‌ک له که‌سێکی ناو که‌سانی تردا، هه‌موو کاتێک به‌یه‌که‌وه وه‌ک ئامانج، هه‌رگیز ته‌نها وه‌ک هۆکار پێویستت نه‌بێت. Kant Werke: Grundlegung zur Metaphysik der Sitten, Werke 6, S. 60.f
“Handle so, dass du die Menschheit, sowohl in deiner Person, als in der Person eines jeden anderen, jederzeit zugleich als Zweck, niemals bloß als Mittel brauchst.“. Kant Werke: Grundlegung zur Metaphysik der Sitten, Werke 6, S. 60.f.
هه‌وڵدان بۆ به‌خته‌وه‌ریی، مرۆڤی داگیرکردووه، لێبه‌ڵێ ئه‌رکی مرۆڤ، که ده‌کرێت وه‌ک یاسایه‌کیش ته‌ماشابکرێت، بریتییه له‌وه‌ی هه‌مانکات بۆ به‌خته‌وه‌رییی گشتیی تێبکۆشێت. واته نه‌ک به ته‌نها خودی خۆی به‌خته‌وه‌ربێت و بیر له کۆمه‌ڵ نه‌کاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌بێت به‌خته‌وه‌رییی کۆمه‌ڵ وه‌ک تێکۆشانێک به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی بزانێت. لێره‌دا ئوتیلیتاریسموس (Utilitarismus)، ده‌بێته بنچینه‌یه‌کی ئێتیکانهی ڕاگرتنی، به‌رزتریین پرینسیپی بیرکردنه‌وه له به‌کارهێنان. ماتۆڕی ئه‌م هزره ئێتیکییه بریتییه له: باش ئه‌وه‌یه، که به‌کاربێت. به‌کاربێت نه‌ک ته‌نها بۆ من به‌ڵکوو بۆ کۆمه‌ڵ. ئاخر ئوتیلیتاریسموس بریتییه له فه‌لسه‌فه‌ی کۆمه‌ڵ، که له ته‌نیشت پراگماتیسموس و ئیمپیریسموسدا گه‌وره‌تریین ڕێگای فه‌لسه‌فه‌ی سیاسه‌ته، سیاسه‌تێک، که مامه‌ڵه‌یه‌ک دادپه‌روه‌رانه ته‌ماشابکات، که نه‌ک ته‌نها بۆ تاکه که‌سێک، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو خه‌ڵکیی پراکتیزه‌بکرێت. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که چه‌مکی ئوتیلیتاریسموس پێ له‌سه‌ر دڵنیایی ئۆکۆنۆمیی بۆ هه‌موو داده‌گرێت، ماتۆڕی ئه‌م چه‌مکه ڕزگارکردنی ئاینده‌یه له قه‌یرانه ئابوورییه‌کان، ڕزگارکردنی نه‌وه‌کانی ئاینده‌یه له کێشه ئابوورییه‌کان. له به‌رانبه‌ر ئوتیلیتاریسموسدا چه‌مێکی دی، که به جیاوازیی وه‌ک بنچینه‌یه‌کی تری ئێتیکیی پرینسیپێکی گه‌وره‌ی وه‌ک “به‌خت” ته‌ماشاده‌کرێت بریتییه له ئۆیدێمۆنیسموس (Eudämonismus)، ماتۆڕی ئه‌م چه‌مکه پێمانده‌ڵێت: باش ئه‌وه‌یه، که به‌خته‌وه‌رمان ده‌کات. لێره‌دا ده‌کرێت هه‌موو تاکێکی کورد له‌سه‌ر ئه‌م پرینسیپانه چ پرسیارێک له خودی خۆی و چ له سه‌رۆک و سیاسییه‌کانی بکات و بڵێ: کامه‌یه باش له ژیانی مندا، له هی تۆدا، که بۆ هه‌ردوولامان وه‌ک یه‌ک دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه‌ی پێده‌کرێت؟ وه‌ڵامی من وه‌ک تاکێکی کورد بریتییه له: باش له‌ناو ئێمه‌دا ته‌نها له قازانجی “تاک”دایه، ئه‌وه‌ی، که بوونی نه‌بێت له‌ناو ئێمه‌دا چ وه‌ک یاسایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی چ وه‌ک بڕیارێکی سیاسییش ئه‌م دوو چه‌مکه‌یه. ئه‌م مامه‌ڵه‌کردنه له سه‌رۆکه‌کانمانه‌وه له سیاسییه‌کانمانه‌وه دابه‌زیوه‌ته ناو کۆمه‌ڵگاوه، به‌شێوه‌یه‌ک، که به ڕێژه خودی کرێکارێکی بینا، ده‌ستگێڕێک و هزرمه‌ندێکیش “باش” ته‌نها له له‌وێدابوونی خۆیان چ خه‌رجده‌که‌ن و چ ده‌شبینن، لێره‌دا جیاوازیی نێوان سه‌رۆک و کرێکارێکی بینا، جیاوازیی نێوان سه‌رۆک و ده‌ستگێڕێک، جیاوازیی نێوان سه‌رۆک و هزرمه‌ندێک له بیرکردنه‌وه‌ی “باش”دا نییه. کێشه لێره‌دا به ته‌نها له هێنانه‌به‌رچاوی خود قووتکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی “باش” نییه، به‌ڵکوو له ڕوانگه “کانت”یه‌که‌یه‌وه بریتییه له‌وه‌ی، که چلۆن ئێمه بتوانین ئێتیکانه مامه‌ڵه بکه‌ین؟ به‌خته‌وه‌ریی له‌ناو ئێمه‌دا، به‌وشێوه‌یه چ بیری لێناکرێته‌وه، که واتای خۆی ده‌دات به‌ده‌سته‌وه و چ ته‌ماشاش ناکرێت به‌وشێوه‌ی، که ده‌کرێت تێڕوانینمان بۆی هه‌بێت. به‌خته‌وه‌ریی په‌یوه‌ندییه‌کی ڕه‌چه‌ڵه‌کیی به ویست و به ئازادییه‌وه هه‌یه، ئازادیی له‌ویادا وه‌ک دره‌وشانه‌وه‌یه‌ک ده‌رده‌که‌وێت، که به‌ختی خۆی بدۆزێته‌وه. له‌ناو ئێمه‌دا به گشتیی له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه و به‌تایبه‌تییش له‌دوای دووهه‌میین جه‌نگی نێوان ئه‌مێریکا و ئێراقه‌وه، نێگه‌تیڤییه‌ت بووه به پاشگریی ئازادیی. هه‌ندێک پێیانوایه به‌خته‌وه‌رن، لێبه‌ڵێ ئاخۆ ژیانێکی به‌خته‌وه‌ر ته‌نها له ئازادییه‌کی نێگه‌تیڤدا ده‌دۆزرێته‌وه؟ ئازادییه‌ک، که له زۆرلێکردن، خه‌م، چاره‌نووس و تووندوتیژییه‌وه خۆیمان نیشان ده‌دات. تاکی کورد ده‌بێت درک به‌وه بکات، که ئازادبوون به‌هیچ شێوه‌یه‌ک هاوئیدێنتیتێت نییه له‌گه‌ڵ به‌ختدا. به گشتیی کورد و عه‌ره‌ب خاوه‌نی به‌ختێکی گه‌وره‌بوون، که به‌هۆی ئه‌مێریکاوه ڕژێمی به‌عسیان لێدوورکهوتهوه، لێبه‌ڵێ ئه‌م به‌خته ئازادی نه‌کردن، چونکه ئه‌م به‌خته له‌گه‌ڵ ئازادیی ئه‌واندا خاوه‌نی یه‌ک ئیدێنتیتێت نین. زۆرن له‌وانه‌ی له ڕێگای ئه‌م به‌خته‌وه، ده‌روازه‌ی ژیانێکی تریان بۆ کرایه‌وه، لێ وه‌ک ئازاد، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئازاد نین، به‌ڵکوو خاوه‌نی، خه‌م، چاره‌نووسێک، که هی خۆیان نییه، تووندوتیژییه‌کی فیزیکیی و ده‌روونیی، که به‌رده‌وام له‌سه‌ریان پڕاکتیزه ده‌کرێت، زۆرلێکردن و …هتد. لێره‌دا جیاوازیی نێوان ئازادیی پۆزه‌تیڤ و ئازادیی نێگه‌تیڤ له‌وه‌دایه، که ئازادیی پۆزه‌تیڤ ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ ده‌زانێت چیی ده‌وێت، لێ ئازادیی نێگه‌تیڤ ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ نازانێت چیی ده‌وێت. مه‌رجی به‌خت له ژیانێکی ئیدیاڵدا پابه‌نده به ئاسووده‌یییه‌وه، چونکه ئازادیی و ئاسووده‌ییی هاڕمۆنییه‌کی باش دروستده‌که‌ن، که من ناوی ده‌نێم “به‌خت”. هۆشیاریی پراکتیکیی ڕۆڵێکی گه‌وره له ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤدا ده‌بینێت، هه‌موو تاکێک به‌شێکی ژیانی ته‌رخانکراوه بۆ تێکۆشان به‌دوای “باش”دا، ئیدی چ باشه بۆ خۆی بێت یان بۆ هه‌مووان، ته‌رخانکراوه بۆ “به‌خت” بۆ ئازادیی. ژیانی تاکی کورد له باشووردا له‌ژێر کاریگه‌رێتیی سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌دا بووه به پڕاکتیزه‌کردنی چه‌مکگه‌لێک، که ئێتیکانه ده‌چنه ژێر ڕه‌خنه‌وه، بۆ نموونه: “باش” له‌لای به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد بریتییه له‌وه‌ی، که ته‌نها تاکێک بۆ خۆی به‌رجه‌سته‌ی بکات، ته‌نها له قازانجی خۆیدا، واته له قازانجی تاکه که‌سێکدا نه‌ک هه‌موو. ویستی تاک لێره‌دا هه‌ڵقوڵاوی ئازادییه‌کی ڕه‌وان نییه، هه‌ڵقوڵاوی هۆشیارییه‌کی ڕه‌وان “به‌رهه‌می ئه‌قڵ، نه‌ک ئه‌زموون” نییه (reine Vernunft)، به‌ڵکوو ویستێکه کاوسالانه باشه‌یه‌کی لێکه‌وتۆته‌وه، که قازانج ته‌نها به خۆی ده‌گه‌یه‌نێت نه‌ک به هه‌مووان. ئه‌م ویسته له نیشتیمانی ئێمه‌دا کاری ڕۆژانه‌ی به‌شێکی تاکه‌کانی ئێمه‌یه. له‌لای تۆماس فۆن ئاکوین (Thomas von Aquin)، باش: ئه‌وه‌یه، که ئومێدی هه‌موومان بێت، به‌مشێوه‌یه، ئه‌مه ده‌بێته پێدراوێکی یاسایی‌ی، که باشه بکرێت و دوای بکه‌وین وه خراپ که‌مبکه‌ینه‌وه. Die Geschichte der Philosophie. Mittelalter, S. 324. ئه‌گه‌ر من قه‌رز به نموونه له تێروانینی تۆماس فۆن ئهکوینهوه بهێنمه‌وه، که که‌سێکی پاره‌دار به قه‌رز بڕێک پاره به که‌سێکی نه‌دار ده‌دات و له ئاینده‌شدا له‌کاتی وه‌رگرتنیدا بڕێک “سو‌و” ده‌خاته سه‌ر پاره‌که، که به قازانج بۆ خۆی وه‌ریده‌گرێت. له ڕووی ئێتیکه‌وه پرسیارێک هه‌میشه له زینی مرۆڤدا قووتده‌بێته‌وه، که بریتییه: ئاخۆ زینا نییه، پاره به قه‌رز بده‌یت و له پاشاندا سووی له‌سه‌ر وه‌ربگریت؟ لێره‌دا کۆمه‌ڵێک فاکتۆر هه‌ن، که له ڕێگایه‌وه هه‌ق به مرۆڤی پاره‌دار ده‌ده‌ن بۆ وه‌رگرتنی سو‌و له‌سه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ی، که ده‌یده‌ن به خه‌ڵکی نه‌دار. ئاخۆ پاره‌دان به قه‌رز چ په‌یوه‌ندییه‌کی ده‌بێت به باسێکی وه‌هاوه؟! ناو‌کی باسه‌که بریتییه له فرۆشتنی “شمه‌کێک” که بوونی نییه. مرۆڤ، که هه‌قی فرۆشتن وه‌رده‌گرێت، واته بڕێک پاره له بری شمه‌کێک، لێبه‌ڵێ له فرۆشتنی سوودا شمه‌ک بوونی نییه، مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت: من بۆشایی، هیچت پێده‌فرۆشم به ئه‌وه‌نده پاره. به‌کارهێنانی هه‌ندێک شت له‌وه‌دایه، که به‌کاری ده‌هێنێت، وه‌ک تۆماس فۆن ئاکوین ده‌ڵێ: به‌کارهێنانی شه‌راب له خواردنهوهکهیدایه “هه‌مان سه‌رچاوه”، که‌واته بۆ ئه‌وه‌ی شه‌راب بخۆیته‌وه ده‌بێت شه‌رابت هه‌بێت. بوون، ئێکسیستێنت لێره‌دا چه‌قی باسه‌که‌یه. کاتێک حکومه‌تێک ئازادیی به کۆمه‌ڵ ده‌فرۆشێته‌وه و له پاداشتیشیدا سووی له‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، هیچ جیاوازییه‌کی نییه له‌گه‌ڵ پاره‌دارێکدا کاتێک پاره به قه‌رز ده‌دات و له پاشاندا سووی ده‌خاته‌سه‌ر. کۆمه‌ڵ لێره‌دا شتێک ده‌کڕێت، که بوونی نییه، حکومه‌تیش شتێک ده‌فرۆشیت، که بوونی نییه، ئه‌ویش “ئازادیی”ه. لێره‌دا به تێڕوانینێکی ئێتیکییانهش، حکومه‌ت زینا به‌رانبه‌ر به کۆمه‌ڵگا ده‌کات. زینای ئه‌میش له ڕێگای نادادپه‌روه‌رییه‌وه، له‌به‌رهه‌مان هۆ نادادپهروهرییی پیاده ده‌کرێت، چونکه که‌سێک شمه‌کێک به قه‌رز به که‌سێک ده‌دات و له ئاینده‌دا دووجار پاداشتی لێیدهوێتهوه، یه‌که‌میان پێدانه‌وه‌ی هه‌مان شت وه‌ک خۆی و دووههمیشان نرخێک بۆ به‌کارهێنانی شته‌که. ئه‌وه‌ی حکومه‌ت ناوی ناوه ئازادیی و به کۆمه‌ڵی ده‌فرۆشێته‌وه و به‌شێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵ ده‌یکڕن له ئاینده‌شدا ئه‌وان ئازادیی ده‌ده‌ن به کاره‌کانی حکومه‌ت و چ وه‌ک نرخێکیش ستایشی حکومه‌ت ده‌که‌ن. لێره‌دا ئه‌وه‌ی هیچ ده‌کڕێت و به قازانجه‌وه وه‌ک خۆی ده‌یگه‌ڕێنته‌وه ده‌ستی فرۆشیاره‌که، پێویسته به هۆشیاریی پڕاکتیکیی خۆیدا بچێته‌وه، که خاوه‌نی ویستێکی باش نییه.
کێشه‌ی ئه‌گه‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ناو ئێمه‌دا، یه‌کێکه له ڕه‌گه گه‌وره و گرانه‌کانی درێژبوونه‌وه‌ی زاڵده‌ستیی، پارت، چین، بنه‌ماڵه … هتد. “یان ئه‌وه‌تا، یان” کاتێک مرۆڤ له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێکی ئاوهادا ناچارده‌کرێت به ده‌نگدان بۆ یه‌کێکیان، له‌ژێر ئه‌م فشاره‌دا چاودێرێک ده‌توانێت ویستراوی ده‌نگده‌رێک بناسێته‌وه، ئاخر به ته‌نها لێره‌دا “ویست” ناتوانێت ڕۆڵێکی باڵا ببینێت، به‌ڵکوو خودی ویستراویش. سێ‌و و پرته‌قاڵ له ویستی مندا هه‌ردووکیانم لا خۆشه و ده‌مه‌وێت، لێ ئه‌وه‌ی له‌مه گرنگتره ویستراوه لێره‌دا، ئه‌گه‌ر من پرته‌قاڵ هه‌ڵبژێرم واتای وایه ویستراوم هه‌ڵبژاردووه، بهبێهوهی سێویش وه‌ک ویستێک له مندا بچێته‌ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی، که گرنگتره لام ده‌چێته خانه‌ی ویستراوی منه‌وه پرته‌قاڵه. ئه‌وه‌ی به‌هۆی “یان ئه‌وه‌تا، یان”ه‌وه به‌رهه‌مدێت بریتییه له لێکدانه‌وه‌یه‌کی ئێتیکانه. ئه‌مه ڕیالیتێتی هه‌ڵبژێردراو نییه، به‌ڵکوو ڕیالیتێتی خودی هه‌ڵبژاردنه‌که‌یه. کیرکه‌گارد (Kierkegaard) ده‌ڵێ: له‌به‌رئه‌وه‌یه، که قسه‌کردنی زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه نییه، که مرۆڤ هه‌ڵده‌بژێرێت، که مرۆڤ باش یان خراپی ده‌وێت، به‌ڵکوو زیاتر قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ ویستراو هه‌ڵده‌بژێرێت، له‌به‌رئه‌وه به‌هۆی ئه‌مه‌وه، باشه و خراپه داده‌نرێت. (Kierkegaard, Entweder – Oder, S. 718-726). سه‌فه‌رکردنی مرۆڤێک له باشووره‌وه بۆ باکوور، ویستراو لێره‌دا گه‌یشتنه به باکوور نه‌ک ویستی سه‌فه‌ره‌که، چونکه بکه‌ر لێره‌دا ده‌توانێت له باشووره‌وه به فڕۆکه بفڕێت بۆ باکوور یان به ئاوتۆمۆبیل یان به شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌ر بچێت. که‌واته یان ئه‌وه‌تا ئازاد به شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌ر ده‌چێت بۆ باکوور یان به فڕۆکه ده‌فڕێت بۆ باکوور. له‌لای کانت هۆشیاریی پراکتیکیی لوتکه‌ی دادگایه‌که، که له‌پێشدا لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ویسته مۆراڵییه‌کاندا ده‌کات. له دادگایه‌کی دادوه‌رانه‌شدا بابه‌ت ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ که‌سێک له ئازادیی دا مامه‌ڵه‌یه‌کی پیاده‌کردووه، که سه‌رپێچییه به‌رانبه‌ر به مافه نۆرمییه‌کان یان نه‌خێر.
به‌مشێوه‌یه “کاتیگۆریشه ئیمپه‌راتیڤ”، (Kategorische Imperativ)که‌ی کانت ده‌بێته بنچینه‌ی یاسایی‌ی ئێتیک، که له زینێکی به‌رپرسیارێتیی ئێتیکدا هه‌میشه خاوه‌نی ڕوونکردنه‌وه ده‌بێت. یاساگه‌لێک، که قازانجی هه‌میشه له خزمه‌تی هه‌موو مرۆڤایه‌تییدا ده‌بێت نه‌ک گرۆ و تاکه که‌س. ئێتیکی به‌رپرسیارێتیی ده‌بێته ئێتیکی ئاوتۆنۆمیی، به‌م تێگه‌یشتنه، هزراندن له ئێتیکی به‌رپرسیارێتییدا، مرۆڤایه‌تیی له مۆراڵیتێت و ئاوتۆنۆمییه‌کی ئیندیڤیدووالهوه ڕاده‌کێشرێته ناو پێکه‌وه ژیانێکی گشتیی مرۆڤایه‌تییه‌وه، به‌مشێوه‌یه بوونی باش ده‌چێته‌وه سه‌ر سه‌رچاوه‌که‌ی کانت، که بریتییه له: ته‌نها ویستێکی باش به‌بێ مه‌رج و سنور باشه. ویستێکی باش له خزمه‌تی هه‌موو مرۆڤایه‌تییدا. ماکس ڤیبه‌ر Max Weber ئێتیکی به‌رپرسیارێتیی له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه وه‌ک ئێتیکی سیاسه‌ت ته‌ماشا ده‌کات، که مۆراڵ وه‌ک پرسیارێک به‌دوای “باش”دا ده‌خاته خانه‌یه‌کی پریڤاته‌وه. مامه‌ڵه‌یه‌کی به‌رپرسانه‌ش ته‌نها کاتێک ده‌توانرێت ئێتیکانه لێیبپرسرێته‌وه، که ئه‌م لێپرسینه‌وه‌یه له‌سه‌ر بناغه‌ی نۆرمی ئێتیکیی وه‌ک ڕه‌خنه‌یه‌کی ڕاتسیۆناڵانه “بیرکردنه‌وه‌یه‌کی هۆشیارانه‌ی لۆگیکیی” بخرێته‌گه‌ڕ. لێبه‌ڵێ، په‌رله‌مانی ئێمه هێنده‌ی له دیوه‌خانێکی گه‌وره‌ی ئاغایه‌ک ده‌چێت به چاره‌کی ئه‌وه له ماڵێک ناچێت، که به هۆی بیرکردنه‌وه‌وه کێشه سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی، ئابووریی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی کوردی تێدا چاره‌سه‌ربکرێت. له‌کاتێکدا په‌رله‌مانێکی نۆرماڵ بریتییه له ئۆرگانێکی ده‌ستووریی، که له ده‌ستووری مافی نیشتیمانێکدا به‌شێکه له ئۆرگانی ده‌وڵه‌ت. هه‌موو تاکێکیش له‌م ئۆرگانهدا بریتییه له ڕاوێژکارێکی ناو ئه‌م ئۆرگانه، ئه‌م ڕاوێژکاره ئۆرگانییهش بریتییه له که‌سێکی سروشتیی وه‌ک که‌سێکی دادوه‌رانه، که هه‌وڵی به فاکتکردنی هه‌موو ئهبستراکتییهتێک ده‌دات، که خزمه‌ت به کۆمه‌ڵگاکه‌ی ده‌کات. هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌کی ئه‌م ڕاوێژکاری ئۆرگانه له‌ناو ئۆرگانه‌که‌دا کۆده‌کرێته‌وه و حسابی بۆ ده‌کرێت، ئه‌و وه‌ک ئۆرگانێک مامه‌ڵه ده‌کات، وه‌ک مرۆڤێکی به‌رپرس خزمه‌ت به نیشتیمانه‌که‌ی ده‌کات. لێ دیوه‌خانێک ناتوانرێت وه‌ک ئۆرگانێکی ئاوها ته‌ماشا بکرێت، تاکه‌کانی ناو ئه‌م دیوه‌خانه ڕاوێژکاری ئۆرگانێک نین، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک کۆیله‌ن، کۆمه‌ڵێک ماریۆنێتن به فه‌رمانی ئاغا چ مامه‌ڵه ده‌که‌ن، چ ده‌ژیین. ئه‌وان نه فیزیکییه‌ن نه ڕۆحییه‌ن خاوه‌نی خۆیان نین، به‌ڵکوو ئه‌وان خه‌ڵکانێکی هێتهرۆنۆمیین، یاسایه‌کی نامۆ به ویستی ئازادی خۆیان پراکتیزه ده‌که‌ن، ئه‌مانه چ تایه‌ی ئه‌م یاسایه‌ن چ ده‌کرێن به‌ژێر تایه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه. کێشه‌ی من لێره‌دا گوێنه‌دانه به ترسێکی نادیار، که قه‌واره‌ی هه‌تا بێت گه‌وره‌تر ده‌بێت، ترسێک، که ته‌نها له ڕێگای دۆزینه‌وه و دهستنیشانکردنیهوه ئێمه ده‌توانین لێوه‌ی فێربین، که چلۆن خۆمانی بۆ ئاماده بکه‌ین، ئامادهکرنێک، که له پیاده‌کردنیدا که‌متریین زیانمان پێبگه‌یه‌نێت. هۆیریستیک (Heuristik)، به واتای دۆزینه‌وه، ده‌ستنیشانکردن: ئه‌و چه‌مکه‌یه، که هه‌نووکه پێویسته له‌سه‌ر په‌رله‌مانی ئێمه‌دا کاری پێبکرێت. هۆریستیک ئه‌و هونهرهیهکه، که خاوه‌نی زانیینێکی سنوردار و که‌م کاته، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی باش به‌رهه‌مبهێنێت. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆسه‌ر پرنسیپه‌کانی به‌رپرسیارێتیی له‌لای هانز یۆناس (Hans Jonas)، که ساڵی 1987 له ئه‌ڵمانیادا خه‌ڵاتی ئاشتیی کتێبخانه‌ی ئه‌ڵمانیی پێده‌درێت، ئه‌وا یۆناس کاتێک قسه له‌سه‌ر ترس ده‌کات، باس له ترسێکی کۆنکرێتیی یان دیار ناکات، به‌ڵکوو ته‌نها ئاگادارکردنه‌وه‌یه، که پێویسته ئێمه دوای بکه‌وین، چونکه ئه‌و حساب بۆ مه‌ترسییه‌کی گه‌وره ده‌کات، ترسێک، که کاره‌ساتی لێده‌که‌وێته‌وه، ترسێک، که لێوه‌ی فێربین: چلۆن خۆمان بپارێزین و مرۆڤ له ئاگادارییدا ڕابگرین. (به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه بکه، که کاریگه‌رێتیی مامه‌ڵه‌که‌ت وه‌ربگیرێت “خه‌ڵکیی به‌رگه‌ی بگرن”، بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌گه‌ڵ مرۆڤی ڕاستهقیینهدا بمێنێته‌وه له‌سه‌ر زه‌ویی)، یان به ده‌ربڕیینێکی نێگهیڤانه ( به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه بکه، که کاریگه‌رێتیی مامه‌ڵه‌که‌ت، وێرانکهرنهبێت بۆ ئایندهی هه‌لومه‌رجی ژیانێکی ئاوها). Hans Jonas, Prinzip Verantwortung, S. 36، چینه ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی ئێمه به‌شێوه‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵ ده‌که‌ن، که هیچ که‌سێک به‌رگه‌ی مامه‌ڵه‌کانیان ناگرێت، مامه‌ڵه‌کانیان له بوونیانه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا بێجگه له وێرانکاریی بۆ ژیانی کورد هیچ شتێکی تری به‌رهه‌م نه‌هێناوه. کۆمه‌ڵگای ئێمه له هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک زیاتر پێویستی به ئێتیکی به‌رپرسیارێتییه، چونکه ئێتیکی به‌رپرسیارێتیی وه‌ڵامه بۆ ئه‌زموونه مامهڵهییهکانی کۆمه‌ڵ له سه‌ده‌ی بیسته‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا. هزراندنی باش به‌ته‌نها به‌س نییه بۆئه‌وه‌ی له‌ناو کۆمپلێکسی ستراکتورێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی سه‌رکه‌وتوانه باشه‌ی تاک و کۆ مسۆگه‌ر و دڵنیا بکه‌یت. ئه‌وه‌ی ئیمڕۆ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بیه‌وێت سه‌رکه‌وتوانه مامه‌ڵه‌ی باش بکات، ده‌بێت بزانێت خۆی له‌ناو چ سیستێمێکدا ده‌بینێته‌وه، هه‌مانکاتیش بزانێت یاسا ناوهخنیهکانی ئه‌و سیستێمه چین. ده‌بێت بزانێت چ گه‌مه‌یه‌ک ده‌کرێت، هه‌تاوه‌کوو سه‌رکه‌وتووانه گه‌مه بکات. ئێتیکی به‌رپرسیارێتیی بریتییه له ئێتیکی قه‌یران، که تاک له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به هه‌سته‌وه ده‌بێت پراکتیزه‌ی بکه‌ن. ئێتیکی به‌رپرسیارێتیی کاتی هاوچه‌رخی قه‌یرانه‌کانه، له‌م کاته هاوچهرخهشدا تاک ده‌بێت درک به که‌میی به‌رپرسیارێتیی بکات، که ئێتیکه به‌رانبه‌ر ئه‌م که‌مییه قووتبۆته‌وه و ده‌بێت بخرێته‌گه‌ڕ.
درهنگگریی به‌شێکی گه‌وره‌ی تری که‌مته‌رخه‌مییه‌کانی ژیانی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه‌ی کورده، سیاسیی و خودی هزرمه‌ندی کورد کاتێک درک به کێشه‌یه‌ک ده‌که‌ن، که له‌گه‌ڵ خۆیدا کاره‌سات ده‌نێته‌وه، که بۆمبای کاتی ته‌قاندنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌که له چرکه‌ساتێکی که‌مدایه، هه‌ندێکجاریش دوای ڕوودانی کاره‌ساته‌کان بیریان ده‌که‌وێته بگه‌ڕێن به‌دوای هۆکاره‌کانیدا و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزنه‌وه. کێشه‌ی کونده‌په‌پووه‌که‌ی مینه‌رڤا (Eule der Minerva) ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئیتالیای کۆن، به‌تایبه‌ت له‌لای سابینهرن، ئێتروسکهرن و لاتینهرهکان مینه‌رڤا خاوه‌نی ڕێز و ستایشه وه‌ک خواوه‌ندێک، خواوه‌ندێکی ژن. له سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتی ڕۆمه‌کاندا مینه‌رڤا وه‌ک پارێزه‌ری پیشه ده‌ستییه‌کان و ئابووریی به‌رهه‌مهێنه‌ران بووه “نه‌ک یوریستانه وه‌ک ئادڤۆکات (پارێزه‌ر)، به‌ڵکوو وه‌ک پاسه‌وان، ئه‌م که‌وانه‌ش هه‌لێکه بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له وشه‌ی پارێزه‌ر، که له ڕووی یوریست و داده‌وه وشه‌یه‌کی دروست نییه بۆ کاره‌که‌ی خۆی”. ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا سه‌رنجی بدرێتێ، ئه‌وه‌یه، که ڕۆمه‌کان هه‌میشه خواوه‌نده‌کانی یۆنانی کۆنیان وه‌رگرتووه و ناوێکی تریان لێناوه، که مینه‌رڤا یه‌کێکه له‌وان. مینه‌رڤا له یۆنانی کۆندا ئاتێنهی کچی تسۆیس (“زۆیس”، Zeus) بووه. شاری ئه‌تێن “ئه‌سینا”، شوێنی له‌دایکبوونی ئه‌وه،هه‌ربۆیه بوونی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و شاره‌دا به چڕیی په‌یوه‌ندییان هه‌بووه. چیرۆکی له‌دایکبوونی ئاتێنه درێژه، لێ چه‌ند زانیارییه‌کی کورت له‌سه‌ری گرنگه بۆ زانیاریی گشتیی، که لێره‌دا هه‌رچۆنێک بێت هاتوینه‌ته سه‌ر باسه‌که. مه‌تیس Metis، دایکی ئهتێنهیه، ناوه‌که‌ی به واتای ئامۆژگاریی ژیرانه، یه‌که‌میین خۆشه‌ویستی تسۆیس بووه. کاتێک مه‌تیس سکی به ئاتێنه پڕده‌بێت، تسۆیس له ترساندا مه‌تیس ده‌خوات “ترسی لێستاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات له نه‌وه‌کانیه‌وه”. پاشان بیرده‌کاته‌وه، که کچێک ده‌توانێت له شانی خۆیه‌وه دابنێت، لێ کوڕێک ده‌توانێت بیڕووخێنێت و ده‌سته‌ڵاتی لێبستێنێت. هێفایستۆس Hephaistos، خودای ئاگر و ئاسنگه‌ریی “مێردی ئه‌فرۆدیته”، که به‌بێ یارمه‌تیی تسۆیس ته‌نها له هێرای (Hera)ی دایکی له‌دایکبووه، ته‌ورێک ده‌کێشێت به‌سه‌ری تسۆیسدا، هێرا له سه‌ری تسۆیسه‌وه به خۆی شمه‌ک و جلکی جه‌نگه‌وه، ڕمێکی درێژ و نووکتیژ، له سه‌ری که‌رتبووی تسۆیسه‌وه دێته‌ده‌رێ. “تێبینیی: چیرۆکی سه‌رئێشه‌که‌ی تسۆیس له‌پێش هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی ئاتێنهدا باسێکی درێژه و من ته‌نها هه‌وڵمداوه به کورتی ناوه‌خنی باسه‌که بپێکم”. Who s Who im Himmel. S, 35-38. شایانی باسه مه‌تیس دوو منداڵی له سکدا ده‌بێت، لێ ئه‌وی تریان چونکه کوڕه، له‌ناو تسۆیسدا ئازاد ناکرێت. بگه‌ڕێینه‌وه لای ڕۆمی کۆن، که ئاتێنه وه‌رده‌گێڕنه سه‌ر مینه‌رڤا و پاشان وه‌ک خودایه‌کی خاوه‌ن کۆمه‌ڵێک هێز و توانای وه‌ک زانایی، تاکتیک و شه‌ڕ، هونه‌ر و دروستکردنی پاپۆڕ، کوخی زانیین. ته‌نانه‌ت خاوه‌نی ڕۆژی ئاهه‌نگ و یادکردنه‌وه‌ی مینه‌رڤا له ڕۆمی کۆندا جێگای بایه‌خ بووه، که ساڵانه له 19 هه‌تاوه‌کوو 23ی ئازاری خایاندووه. له یۆنانی کۆندا هه‌ر خواوه‌نده و خاوه‌نی باڵنده‌یه‌کی خۆی بووه، یان کراوه به هاوڕێگای ژیانی، ئه‌م کولتووره له یۆنانی کۆنه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ ڕۆم، باڵنده‌که‌ی مینه‌رڤا کونده‌په‌پوو بووه. له یۆنانی کۆندا کونده‌په‌پوو باڵنده‌ی ئاتێنه و باڵنده‌ی پیرۆز بووه و وه‌ک باڵنده‌ی زانست ستایش کراوه. پیرۆزیی ئه‌م باڵنده‌یه ده‌گاته سه‌رده‌می پاره‌ی یۆنانی کۆن و ده‌کرێت به وێنه‌ی سه‌ر پاره. بۆ نموونه: کاتێک باس له گوێزانه‌وه‌ی کونده‌په‌پووه‌کان بۆ ئه‌تێن یان ئه‌سینا کراوه مه‌به‌ست له خودی باڵنده‌که خۆی نه‌بووه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست له پاره‌که بووه. مرۆڤ باس له کونده‌په‌پوویه‌ک ناکات، به‌ڵکوو باس له کونده‌په‌پووی مینه‌رڤا ده‌کات، کاتێک گیۆرگ ڤیلهێلم فریدریش هێگل له په‌ڕتووکی “هێڵه بنچینه‌ییه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ماف”، دا (Grundlinien der Philosophie des Rechtes)، که ساڵی 1821 نووسیوویه‌تی باس له کووندهپهپووهکهی مینه‌رڤا ده‌کات، مه‌به‌ستی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌وه نییه، که ئیدی ئه‌و دواهه‌میین ڕاستیی و زانیینی دۆزیوه‌ته‌وه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک مه‌به‌ستی له کۆتایی هزر نییه، به‌ڵکوو ئه‌مه ته‌نها تێنه‌گه‌یشتنێکه بۆ به‌کارهێنانی کونده‌په‌پووه‌که‌ی مینه‌رڤا. کاتێک ده‌بینین تێڕوانینه ڕاستییه‌که‌ی هێگل ده‌کرێت به به‌رهه‌می ئه‌قڵی خود، ناچارده‌بین هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ هه‌ڵبمژین یان ئه‌وه‌تا پێبکه‌نین به کۆمێدیایه‌ک، که ئه‌م چرکه‌ساتی خوێندنه‌وه‌یه‌مان ده‌کاته ئه‌تمۆسفێره‌یه‌کی پێکه‌نیناوییه‌وه.
ده‌شێت لێره‌دا پیویستمان به تێڕامانێک له‌سه‌ر ڕه‌ساسیی ئێواره هه‌بێت، ئاخر تێڕوانینه‌که‌ی هێگل ته‌نها فه‌لسه‌فیی نییه، به‌ڵکوو سیاسییشه، له‌لای هێگل کونده‌په‌پوو به مێژووه میتۆلۆگییه یۆنانییهکهیهوه بریتییه له: وێنه‌ی هزر، بریتییه له: خودای پارێزگار، پارێزه‌ری نیشتیمان و ده‌وڵه‌ت. له‌لای هێگل ده‌وڵه‌تی پێشووی “پرۆیسن”ی ئه‌ڵمانیای کۆن (Preußen)، بریتیی بووه له باشه‌یه‌کی ده‌رچوو، مامه‌ڵه‌یه‌کی باش و کۆمه‌ڵگایه‌کی باش. مه‌به‌ست و وته‌کانی هێگل خۆی له په‌ڕتووکی هێڵه بنچینه‌ییه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ماف دا ده‌ڵێ: فه‌لسه‌فه کاتێک ڕوونکردنه‌وه‌کانی ڕه‌وانه ده‌کات، که دره‌نگ بێت بۆ گۆڕان “له ئێواره‌ی مێژوودا”، هه‌ربۆیه فه‌یله‌سووفه‌کان ته‌نها توانای شیکردنه‌وه‌ی ڕابردوویان هه‌بووه. ئاخر چونکه کونده‌په‌پوو فڕیینی خۆی له ئێواره‌دا ده‌ستپێده‌کات، فریای هیچ گۆڕانێک له ڕۆژدا ناکه‌وێت. هێگلیش نه‌هاتووه باس له فڕیینی شه‌مشه‌مه‌کوێره له ئێواراندا بکات، به‌ڵکوو هاتووه باس له کونده‌په‌پووه‌که‌ی مینه‌رڤا ده‌کات، چونکه باڵنده‌ی زانسته. “کونده‌په‌پووی مینه‌رڤا فڕیینی له بوڵێڵدا ده‌ستپێده‌کات”. Grundlinien der Philosophie des Rechtes, S. 14. بوڵێل مه‌به‌ست له تارییکیی دوای ئێواره‌یه له وه‌رگێڕانێکی وه‌هادا چ به کورت‌تر و چ به جوانترم زانیوه بۆیه به‌کارمهێناوه. فه‌لسه‌فه‌ی ماف به‌شێکی ڕووبه‌ری فه‌لسه‌فه‌یه، هه‌مانکاتیش بنچینه‌ی دیسپلینی زانستی مافه، زانستێک، که له‌لای ئێمه ته‌نها دیکۆرێکی کۆمه‌ڵگایه و هیچی تر، هه‌روه‌کوو چلۆن په‌ڕتووک له‌ناوماندا بووه به به‌شێک له مۆبێلات. ده‌قه‌که‌ی هێگل به ئه‌ڵمانیی ده‌ڵێ:
Die Eule der Minerva beginnt erst mit der einbrechenden Dämmerung ihren Flug.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی هێگل له‌م به‌رهه‌مه‌دا وروژاندی پرسیارگه‌لێک بووه له‌سه‌ر سیستێمێکی ماف، که مێژووی ئه‌زموون و ڕامانی هۆشیاریی پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. فه‌لسه‌فه‌ی مافی هێگل ده‌چێته خانه‌ی مێتافیزیکه‌وه له بنچینه‌دا، فه‌لسه‌فه‌یه‌ک، که به‌رهه‌می جوڵانه‌وه دیالێکتیکییهکانه. ته‌واوی به‌رهه‌مه‌که ڕۆحێکی ده‌رچوو قووتده‌کاته‌وه، که به‌رهه‌می هونه‌ر، ئایین و ئه‌نجامه فه‌لسه‌فییه‌کانه. له‌لای هێگل ماف ئێلێمێنتێکه به‌رهه‌می ڕۆحێکی ئۆبیه‌کتیڤه. هه‌رچ شتێک هۆشیارانه بێت، ئه‌وا ڕاستییه، هه‌رچ شتێکیش ڕاستیی بێت، ئه‌وا هۆشیارانه‌یه. Grundlinien der Philosophie des Rechtes, S. 11.
هێگل له فه‌لسه‌فه‌ی ماف دا پێ له‌سه‌ر سێ بناغه داده‌گرێت:
1. مافی ئه‌بستراکتانه “خاوه‌ندارێتیی، گرێبه‌ند، ناهه‌قیی”. پله‌ی هزر، هه‌نگاوه بۆ چوونه ناو کاته‌کانی هزره‌وه، که تێیدا خاوه‌ندارێتیی و گرێبه‌ند و ناهه‌قیی تێدا دروستده‌بێت، له نزیکبوونه‌وه‌ی مافده‌رکردندا مرۆڤ ده‌گاته ئاستی خاوه‌ندارێتیی ته‌واو، به‌کارهێنان، ڕوو لێداماڵیین. چینه ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی ئێمه نموونه‌ی ئه‌کتوێلی ئه‌م باروودۆخه‌ن.
2. مۆراڵییتێت “پێش وته و خه‌تا، قه‌ست و خۆشحاڵیی، باشه و ئاگاییی”. له بیری مۆراڵییتێتدا، پێش وته و خه‌تا دێته کایه‌وه، قسه‌ت و خۆشحاڵیی، باشه و ئاگاییی سه‌رهه‌ڵده‌دات. له نزیکبوونه‌وه‌ی مافده‌رکردندا ناهه‌قیی، فێڵ و تاوان بڵاوده‌بنه‌وه. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه ئه‌مانه نموونه‌ی نامۆڕاڵییتێتی به‌شێک له سیاسییه‌کانی ئێمه‌ن.
3. مامه‌ڵه “هه‌ڵسوکه‌وت”ی دروست. “خێزان، هاووڵاتیی، ده‌وڵه‌ت”. له بیری ئاگاییدا: خێزان, هاووڵاتیی و ده‌وڵه‌ت ده‌خرێنه به‌ر سه‌رنج. له نزیکبوونه‌وه له فهرماندهرکردندا، خێزانداریی، سامان، په‌روه‌رده، دێته‌کایه‌وه، که له‌ناو ئێمه‌دا له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه تێکچووه. له کۆمه‌ڵگادا: سیستێمی حه‌زه‌کان، مافی به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و پۆلیس. ئه‌مانه له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه له خزمه‌تی ده‌سته‌ڵاتدا بوون نه‌ک هاووڵاتییاندا. له ده‌وڵه‌تدا مافی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، مێژووی جیهان. له‌دوای هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌میین په‌رله‌مانی کورده‌وه له باشووردا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک حکومه‌تی کوردیی به‌ته‌نگ ئه‌مانه‌وه نه‌هاتووه. هه‌نووکه کاتی ئه‌وه هاتووه، که بیر له‌م مافه بکرێته‌وه.
خه‌می نیشتیمان هێنده‌ی خه‌می ڕاسته‌قینه‌ی بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه‌کانه، به چاره‌کی ئه‌وه هی سیاسییه‌کانی نییه، بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه‌کان هه‌میشه دادپه‌روه‌ریی، ئازادیی و مافیان کردووه به ئه‌رکی سه‌ر شانی خۆیان و سیاسییه‌کانیش، ده‌سته‌ڵات و سه‌رمایه ئه‌رکی یه‌که‌م و دواههمیینیانه، که سیاسییه‌کانی ئێمه ئیدیاڵتریین نموونه‌ی ئه‌م درهوشاندنهوهیهن. ماف و یه‌کسانیی بۆ هه‌مووان به‌ته‌نگه‌وه هاتنی نه‌ته‌وه‌یه، که نه‌ته‌وه‌ی ئێمه له هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کی تری ئه‌م جیهانه زیاتر پێویستی پێیه‌تی. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای خوێندنه‌وه‌ی هۆفمان فۆن فاله‌رسلێبن (Hoffman von Fallersleben) به نموونه بکه‌م، ئه‌وا ئه‌وپه‌ڕی ئێره‌ییم به‌رانبه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی ئه‌ڵمان ده‌رده‌بڕم، که تاکه‌کانی هه‌تا چ ئاستێک له خه‌می نه‌ته‌وه و نیشتیمانه‌که‌یاندان، له خه‌می ئازادیی و دادپه‌روه‌رییدان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌یان.
یه‌کگرتن و ماف و ئازادیی
له‌بۆ ئه‌ڵمانیای باوکی نیشتیمان
له‌دواییدا لێگه‌ڕێن هه‌موو هه‌وڵبده‌ین
به دڵ و به‌ده‌ست برایان،
یه‌کگرتن و ماف و ئازادیی
به‌ڵگه‌ی ئه‌م به‌خته‌ن
بدره‌وشێره‌وه له‌ژێر بریسکه‌ی ئه‌م بهختهدا
بدره‌وشێره‌وه ئه‌ڵمانیای باوکی نیشتیمان،
“کۆپله‌ی سێهه‌می گۆرانیی ئه‌ڵمانه‌کا”
تێبینیی: له‌کاتی وه‌رگێڕانی کۆپله‌ی سێهه‌می گۆرانیی ئه‌ڵمانه‌کاندا له نووسیینی هۆفمان فۆن فاله‌رسلێبن، له‌به‌رخاتری تێکنه‌چوونی میلۆدیی هۆنراوه‌که له‌کاتی وه‌رگێڕانییدا جێگۆڕکێم به وشه‌ی “برایان، دڵ، ده‌ست” کردووه، که له ڕاستییدا له ئهڵمانییهکدا به “برایانه به دڵ و به ده‌ست” هاتووه. له‌کۆتاییدا ده‌ڵێم: لێگه‌ڕێن برایانه به دڵ و به‌ده‌ست تێ‌بکۆشین بۆ چه‌سپاندنی یه‌کگرتن و ماف و ئازادییه‌کانی کورد، لێگه‌ڕێن په‌پووله و هه‌نگی په‌یڤی گوڵ بین بۆ یه‌کتر و بۆ دوژمنیش ڕهقبین وه‌ک به‌رد.
2.1 زین، مۆڕاڵ، ویستراو:
چه‌مکی “زین” بنچینه‌ییانه وێنای شتێکمان بۆ ده‌کێشێت، که ده‌بێته هۆی لێ تێگه‌یشتنی. ئێمه وه‌ک مرۆڤ له شتێک کاتێک ده‌گه‌ین، که ناسینه‌وه پڕاکتیزه بکه‌ین، بزانین، که شتی ناوبراو بۆ چ مه‌به‌ستێک ڕێکخراوه، که شتی ناو براو خزمه‌ت به چیی ده‌کات. لێره‌دا پرسیار له‌سه‌ر زین بریتییه له پرسیار له‌سه‌ر نیشان و ئامانج. به‌مشێوه‌یه زینی مامه‌ڵه‌یه‌ک یان ته‌واوی ژیان له‌ویادا وه‌ڵامده‌درێته‌وه، که ئێمه بتوانین پرسیار له‌سه‌ر نیشان و ئامانجه‌که‌ی بکه‌ین. مامه‌ڵه و ته‌واوی ژیانی مرۆڤ له‌ویادا خاوه‌نی زینێکی ته‌واوه، که ئاڕاسته‌ی نیشان و ئامانجه‌که‌ی کرابێت. نیشان و ئامانجی مرۆڤیش له‌ویادا خاوه‌نی زینێکی ته‌واوه، که خاوه‌نی باشه بێت، ئیدی لێره‌وه مرۆڤایه‌تیی مرۆڤێک وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن زین ده‌ستپێده‌کات. مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی بیرکه‌ره‌وه، خۆی ئاڕاسته‌ی باروودۆخێک کردووه، که تێیدا پرسیار له‌سه‌ر بوونیه‌تی خۆی قووتده‌کاته‌وه، بۆ نموونه له سه‌رێکه‌وه ده‌ڵێ: “مرۆڤ چیی به‌سه‌ردا دێت؟”، مه‌به‌ست لێره‌دا سروشتییانه بوونه‌وه‌ره‌که‌ی مرۆڤه. له‌سه‌رێکی تره‌وه ده‌ڵێ: ” ئه‌ی مرۆڤ خۆی چیی به‌سه‌ر خۆیدا ده‌هێنێت؟”، لێره‌دا مامه‌ڵه‌کانی مرۆڤ، مرۆڤ ده‌که‌ن به‌و بوونه‌وه‌ره‌ی، که هه‌یه، مرۆڤ له ڕێگای ویست و مامه‌ڵه‌ی ئازاده‌وه، بڕیار له‌سه‌ر بوونیه‌تی خۆی ده‌دات، به‌بێ گرنگییدان به‌وه‌ی، که ئاخۆ بوونیه‌تێکی باش یان خراپ بێت. مرۆڤ مامه‌ڵه ده‌کات، که‌واته ئه‌وه. مامه‌ڵه‌یه‌ک ده‌توانین کاتێک به مامه‌ڵه‌یه‌کی ئازاد پێناسی بکه‌ین، ئه‌گه‌رهاتوو، بزانین، که که‌سی مامه‌ڵه‌که‌ر به زانین و ویسته‌وه مامه‌ڵه‌ی کردووه. ده‌شێت که‌سێکی مامه‌ڵه‌که‌ر له نه‌زانینه‌وه هه‌مانشێوه ئازادانه مامه‌ڵه بکات، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌و ئاسته‌دا، که که‌سی مامه‌ڵه‌که‌ر پێشتر زانیاریی ته‌واوی له‌سه‌ر ویستراوهکهی کۆکردبێته‌وه، لێ لێره‌دا به‌هۆی هه‌ڵه‌ی زانینه‌وه له زانیارییه‌کانیدا، پڕاکتیزه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌کی ئازاد ده‌کات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه پێدانه لێره‌دا، ئه‌وه‌یه، که نه‌زانین یارمه‌تیی مامه‌ڵه‌که‌ر نادات، که له سزادان دووری بخاته‌وه. ویست و ویستراو زۆرجار له ڕێگای په‌یڤه‌وه، تووشی کێشه ده‌بن، به‌تایبه‌ت له‌ناو ئێمه‌ی کورددا، که تێگه‌یشتنی جیاواز بۆ ویست و ویستراو دانانێین، به‌رده‌وام ئه‌و هه‌ڵه‌یه دووباره ده‌بێته‌وه، که ئه‌گه‌ر مرۆڤێک خاوه‌نی حه‌زێک بێت، ئه‌وا له ڕێگای هۆشیاریی و ئه‌قڵه‌وه په‌ره به حه‌زه‌که‌ی ده‌دات بۆ قۆناغی ویست، لێ لێره‌دا مرۆڤی ناوبراو تووشی ڕاوه‌ستان ده‌بێت وه‌کئه‌وه‌ی، که گه‌یشتبێت به ئامانجی خۆی، به‌بێئه‌وه‌ی هه‌ست به‌و مه‌ترسییه بکات، که ویستیش شیاوی ئه‌وه‌یه نه‌گه‌یه‌نرێته ئامانج و بکرێته پله و خانه‌یه‌کی دییه‌وه، که خانه‌ی دووهه‌مه، لێ ئه‌گه‌ر ویست کرا به ویستراو ئه‌وا مرۆڤی ناوبراو ده‌گات به ئامانجه‌که‌ی، ئالێره‌دا مرۆڤ ده‌بێت به که‌س. ده‌شێت ئێمه هه‌تا ئێستا گرنگییمان به‌وه نه‌دابێت، که هه‌موو مرۆڤێک “که‌س” نییه، له‌کاتێکدا به به‌رده‌وامیی چه‌مکی که‌س بۆ “خه‌ڵک” یان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه به‌کارهێنراوه. ئالێره‌دا من به پێویستی ده‌زانم، که چه‌مکی که‌س واتا و به‌های خۆی پێبدرێته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌گه‌ر بڕوانینه تێڕوانینه ئێتیکییه‌کان بۆ نموونه له ڕوانگه‌ی پێته‌ر سینگه‌ره‌وه، هه‌موو مرۆڤێک که‌س نییه.
مۆڕاڵیتێت بریتییه له په‌یوه‌ندیی نێوان مامه‌ڵه و ئاوتۆنۆمیی ویست. مۆڕاڵیتێت بریتییه له زانین و ویستراوی ئه‌رکێکی ڕه‌وان له مامه‌ڵه‌دا. ئالێره‌شدا مه‌به‌ستم له ئازادییه، چونکه ته‌نها له مامه‌ڵه‌یه‌کی ئازاد‌دا مرۆڤ ده‌توانت مۆڕاڵانه بێت. مۆڕاڵیتێت بریتییه له هه‌ڵوێستی مۆڕاڵانه‌ی مرۆڤێک، که له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری خۆی مامه‌ڵه‌ی ده‌به‌ستێته‌وه به نۆرمه مۆڕاڵییه‌کانه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی ژیانێکی پێکه‌وه‌یی له ئازادییدا. په‌یوه‌ندیی نێوان پراگماتیک و مامه‌ڵه مه‌رج نییه هه‌موو کات مامه‌ڵه‌یه‌کی مۆڕاڵانه‌ی لێبکه‌وێته‌وه، چونکه ده‌شێت پراگماتیکانه مرۆڤ مامه‌ڵه‌یه‌ک بکات، که ئامانج تێیدا گه‌یشتن به ویستراوێک، که تێیدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک لانه‌کاته‌وه به‌لای مۆڕاڵدا. هه‌ندێکجاریش ئامانج له مامه‌ڵه‌یه‌کدا خاوه‌نی پاڵنه‌رێکی مۆڕاڵانه‌یه. بۆ نموونه: “کووشتنی که‌سێک به ژه‌هر و ڕزگارکردنی که‌سێک له مردن به ماچی ژیان”. مرۆڤ ده‌یه‌وێت شتێکی باش بکات، گرنگ نییه چیی، به‌ڵکوو کردنه‌که‌ی له‌لا گرنگ بێت، لێ ئه‌و پرسیارێک قووتده‌کاته‌وه، که بریتییه له: چیی گرنگتره پراگماتیک یان ئێتیک؟ په‌یوه‌ندیی نێوان پراگماتیک و ئێتیک پێ له‌سه‌ر کاریگه‌رێتیی له‌سه‌ر یه‌کتر داده‌گرێت، پراگماتیک به‌بێ ئێتیک ده‌شێت ناهومانانه بێت، هه‌مانکاتیش ئێتیک به‌بێ پراگماتیک ده‌شێت کاریگه‌ریی نه‌بێت. هه‌ربۆیه له حه‌ز و ویستدا هه‌میشه تاک پێویستی به بڕیارێکی پراگماتیکانه هه‌یه، که تێیدا ئێتیک به‌شدار بێت، هه‌تاوه‌کوو مامه‌ڵه‌یه‌کی مۆڕاڵانه به‌رهه‌مبهێنێت. هه‌موو به‌رهه‌مهێنانێکی مامه‌ڵه‌ی مۆڕاڵانه بریتییه له ڕه‌خنه‌گرتن له خود، له ویستراوی خود، ئه‌گه‌ر هاتوو ویستراوی خود، ویستراوێک بوو، که بۆ هه‌موو تاکێکی تری کۆمه‌ڵگاش شیاوی کردن و هه‌بوون بێت، ئه‌وا مامه‌ڵه‌ی تاکی ناوبراو ده‌بێته مامه‌ڵه‌یه‌کی مۆڕاڵانه، چونکه “باش” له مامه‌ڵه‌ی تاکی ناوبراودا باشه‌یه‌ک بۆ هه‌موو نه‌ک ته‌نها بۆ ئه‌و. ئێتیک بینای خۆی وه‌ک دیسپلینی فه‌لسه‌فه له‌سه‌ر پرینسیپی هۆشیاریی دروستده‌کات. له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ فێری بیرکردنه‌وه بووه و خۆی سڤیلیزهکردووه، هه‌وڵی مۆڕاڵیزه‌کردنی خۆیشیداوه، من لێره‌دا شارستانیه‌تی یۆنانی کۆن به نموونه ده‌هێنمه‌وه، له‌و کاته‌وه هه‌تا ئێستا مۆڕاڵ له‌گه‌ڵ منداڵدا له‌دایکده‌بێت، منداڵێک هه‌رئه‌وه‌ندی ته‌ماشای ده‌وری خۆیکرد و هه‌وڵی پڕاکتیزه‌کردنی ویسته‌کانیدا، خۆی ده‌کێشێت به دیواره ڕه‌قه‌کانی “نابێت”دا، ئیدی لێره‌وه منداڵه‌که تێده‌گات، که هه‌رچییه‌ک ویستی ئه‌و ده‌یه‌وێت ئازادانه پڕاکتیزه‌ی بکات تووشی کێشه‌ی ده‌کات و پێیناگات.
له ئێتیکه نیکۆمانییهکهی ئاریستۆتهلێسدا ئێتیک و سیاسه‌ت وه‌ک زانستی پراکتیک ته‌ماشا کراوه. ئامانج تێیدا تیۆری زانیین نه‌بووه، که تێیدا زانیاریی له‌سه‌ر ویست کۆبکرێته‌وه به‌ڵکوو ئامانج تێیدا زانستێکی پڕاکتیکانه بووه. ئه‌م ئێتیکه نیکۆمانییه دواهه‌میین ئامانج “Telos” ده‌پشکنێت، که تێیدا مامه‌ڵه‌ی مرۆڤ پێویسته ئاڕاسته بکرێت، ئاڕاسته‌ی پراکتیکێکی مرۆڤانه‌ی باش. هه‌ربۆیه پڕاکتیک لێره‌دا وه‌ک ئامانجی ئێتیک له ژیانی مرۆڤدا ته‌ماشا ده‌کرێت.
2.1.1 ئێتیکی کۆمه‌ڵایه‌تیی:
هانس یۆناس Hans Jonas له په‌ڕتووکی “پرینسیپه‌کانی به‌رپرسیارێتیی”، „Prinzip der Verantwortung“دا، جه‌غت ده‌کاته سه‌رئه‌وه‌ی، که مرۆڤ به‌رپرسی ئاینده‌یه، مرۆڤ ئه‌رکه له‌سه‌ری، که مامه‌ڵه‌کانی له‌ژێر پێرسپێکتیڤه‌کانی ژیانی شایسته‌یی مرۆڤدا بیر له نه‌وه‌کانی ئاینده بکاته‌وه. که‌واته مامه‌ڵه‌ی مۆڕاڵانه‌ی مرۆڤ، ئایندهی نه‌وه‌کان ده‌کاته ئه‌ستۆی خۆی، که نه‌ک ته‌نها بیر له ئێستا و ئالێره‌دا بکاته‌وه، به‌ڵکوو بیر له ئاینده‌ش بکاته‌وه، باشه‌ی ئێستا باشه‌ی ئاینده‌ش بێت. ناکرێت ته‌نها بیر له به‌خته‌وه‌ریی ئێستای خۆمان بکه‌ینه‌وه و نه‌وه‌کانی ئاینده‌ش له‌بیربکه‌ین. بۆ نموونه له ڕووی ئابوورییه‌وه، ده‌وڵه‌ت ئه‌رکه له‌سه‌ری، ئه‌وه‌نده پاره له ژیانی ئێستای کۆمه‌ڵدا خه‌رج بکات، که به‌شی نه‌وه‌کانی ئاینده‌شی تێدا بهێڵێته‌وه. ده‌کرێت به به‌رانبه‌ره‌که‌مان بڵێین: به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه بکه، که کاریگه‌ریی مامه‌ڵه‌که‌ت جێگای به‌رگه‌گرتن بێت. ئیدی ئه‌و که‌سه ئه‌ندامێکی ساده و ساکاری کۆمه‌ڵه یان خودی ده‌وڵه‌ت خۆی. لێره‌دا کاریگه‌ریی مامه‌ڵه‌یه‌کی ده‌وڵه‌ت هه‌رگیز جێگای به‌رگه‌گرتن نابێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و بیر له ئایندهی نه‌وه‌ی نوێ نه‌کاته‌وه. ناکرێت مرۆڤه‌کانی ئێستا له تێروتهسهلییدا له‌سه‌ر سکی نه‌وه‌کانی ئاینده بژیین. ترسی نه‌وه له پیره‌کان بریتییه له ترسی ئاینده، لێ چلۆن بتوانین ئه‌و ترسه بڕه‌وێنینه‌وه، چلۆن بتوانم وه‌ک پیرێک وه‌ها مامه‌ڵه بکه‌م، که گه‌نجێک لێم نه‌ترسێت، پێویسته چلۆن گه‌نجێک مامه‌ڵه‌ی منی پیر بکات، هه‌تاوه‌کوو ترسم لێی نه‌بێت، که هێرشم بۆ به‌رێت؟ ته‌نها به جۆره مامه‌ڵه‌کردنێک، که مرۆڤ توانای به‌رگه‌گرتنی هه‌بێت. له نیشتیمانی ئێمه‌دا ترس ڕابه‌ره، گه‌نج له ئایندهی خۆی و پیریش له هێرشی گه‌نج ده‌ترسێت. ئێمه ته‌نها له‌و کاته‌دا ده‌توانین له ئاشتییه‌کی هه‌میشه‌یی نزیک بینه‌وه، که مۆڕاڵانه مامه‌ڵه بکه‌ین، ئێمه پێویسته وه‌ک کورد له باشووری کوردستاندا ئه‌و ڕاستییه بهێنینه پێشچاوی خۆمان، که ئێتیکی پارته سیاسییه‌کانی ئێمه له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه بریتیی بووه له ئێتیکی په‌نجه‌ی هه‌ڕه‌شه، که هه‌میشه ده‌ستنیشانی خراپه‌کارانی به‌رانبه‌رمان کردووه و خراپه‌مان له ناخی خۆماندا نه‌دیوه، باشتر بڵێم چاومان لێنوقاندووه.
نووسیینی: پۆڵا سه‌عید
سه‌رچاوه:
1. Geschichte der Philosophie in Text und Darstellung. VI (GPTD).
2. dtv-Atlas Philosophie. Peter Kunzmann, Franz-Peter Burkard, Franz Wiedmann.
3. Herder, Briefe zur Beförderung der Humanität.
4. Friedrich Nietzsche. Jenseits von Gut und Böse.
5. Geschichte der Philosophie in Text und Darstellung VII (GPTD).
6. Friedrich Nietzsche, Götzen- Dämmerung.
7. Seneca. De Brevitate Vitae. Die Kürze des Lebens. Herausgeber, Franz Peter Waiblinger.
8. Kant. Kritik der Praktischen Vernunft.
9. Nietzsche, Vom Nutzen und Nachteile der Historie für das Leben.
10. Nietzsche, Also sprach Zarathustra.
11. Annemarie Pieper. Einführung in die Ethik. 6. Auflage.
12. Kant Werke: Grundlegung zur Metaphysik der Sitten, Werke 6, S. 60f.
13. Who’s who im Himmel. S, 35-38, (185). Ditte und Giovanni Bandini.
14. Geschichte der Philosophie in Text und Darstellung. II (GPTD).
15. Hans Jonas, Prinzip Verantwortung, S. 36.
16. Grundlinien der Philosophie des Rechtes, S. 11-14.
17. Hegel Werke I, S. 462.
18. Kant. Anthropologie in Pragmatischer Hinsicht, in: Werke, Bd. 10.