Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
ته‌نیایی …. حەسەن مستەفا

ته‌نیایی …. حەسەن مستەفا

Closed
by October 30, 2012 ئەدەب

 

“یار” له‌سه‌ركورسی باران به‌رامبه‌ر باغێكی بێگوڵ دانیشتووه‌و

چاوه‌كانی پڕبووه‌ له‌گه‌ڵای وه‌ریو

ئه‌و گه‌ڵایانه‌ی له‌ڕۆژانی ته‌مه‌ن ده‌چن 

هه‌موو ره‌نگیان له‌خۆدا كۆكردۆته‌وه‌.

( یار دێ و  ئه‌درێسم له‌پایز ده‌خوازێ )

“یار”دێ‌ و له‌دووره‌وه‌ 

بسكه‌ زراڤه‌كانی وه‌ك ته‌لی گزنگ…ده‌دره‌وشێنه‌وه‌.

“یار”دێ‌ و له‌دووره‌وه‌ بانگم ده‌كات

چه‌تری خۆیم نیشانده‌دا 

من و “یار” 

له‌ژێر چه‌ترێك به‌ڕێگاوه‌ین

به‌ڕێگاوه‌ین من و “یار” ، بۆ ده‌روازه‌كانی باخچه‌…

بۆ هه‌ڵكۆڵین له‌سه‌ردار

بۆ یاداشتكردنی قه‌رزه‌كانی باران ، كه‌ به‌سروشتی نه‌دایه‌وه‌.

له‌ژێر چه‌تر چاوه‌ڕوانی مژده‌ین.

كه‌ بمانڕوێنێته‌وه‌ له‌باخچه‌یه‌كی زه‌ردی  ئاوس به‌ئومێد.

 

له‌ژێر یه‌ك چه‌تر دابووین

كه‌ باران 

له‌گه‌ڵمان پیاسه‌ی ده‌كرد…له‌گه‌ڵمان پێده‌كه‌نی

“با” یه‌كی فێنكی ده‌دا له‌وشه‌ی زۆر گوتراوی 

خۆشمده‌وێی!!

ده‌ترسا له‌ڕه‌قهه‌ڵاتنی ئه‌م وشه‌یه‌

ده‌ترساین له‌هه‌ڵوه‌رینی چلوره‌كانی ئه‌م وشه‌یه‌.

ده‌ترساین…باران بماندۆڕێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر مێزی ئاو.

 

جارجار ئێمه‌، ده‌بووینه‌ ته‌م 

باران ده‌دوا 

چرپه‌چرپی چه‌تر رایده‌چڵه‌كاندینه‌وه‌ و 

ده‌یسپاردینه‌وه‌ به‌ئاگایی

له‌وهه‌موو شووشه‌ عه‌تره‌ رژاوه‌ی 

ده‌م هه‌ڵكردنی باران، كه‌خۆڵ ده‌یڕشت

كاس ده‌بووین …كاس

وه‌ك دوو په‌یكه‌ری جێماو …

كه‌ باران!

جگه‌ له‌باران، كه‌س به‌دیارمانه‌وه‌ نیه‌ 

بماننووسێته‌وه‌.

كه‌س به‌ده‌ره‌وه‌ نیه‌ وێنه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ بگرێ

ئاخر ئێمه‌ 

دوو ماریۆنێتی به‌ته‌م بووین 

باران، هاژه‌مان تیاده‌ڕوێنێ

باران، مۆسیقامان تیا سه‌وزده‌كات.

كه‌ تا ئه‌به‌د من و یار بیژه‌نین

كه‌ تا ئه‌به‌د 

كه‌ تاتابێ‌ له‌ڕۆحمان تا ئه‌به‌د.

 

جارێكی دی باران دایكرد…ئه‌ی یار

با بچینه‌وه‌ سه‌ر رێگا

با خۆ بخزێنینه‌وه‌ له‌باخه‌ڵی تاریكی

با شوێنپێی ته‌نیایی هه‌ڵگرین

تا خۆره‌تاو نه‌یسڕیوه‌ته‌وه‌

ئاخر ته‌نیایی

جوانترین ئه‌فسوونێكه‌…مرۆڤ پێیبگات

راستترین رازێكه‌ مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆی

ده‌یباته‌وه‌ ژێرگڵ.

نازانم كاممان ته‌نیاترین!!

ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ‌

چه‌تر رامانده‌چله‌كێنێ‌

به‌وه‌رزێكمان ئاشناده‌كات،

كه‌ په‌لكه‌زێڕینه‌ی تیاده‌زێ‌

په‌یمانێكمان بیرده‌خاته‌وه‌

له‌ودیو به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌كان.

 

“یار” لێمده‌پرسێ‌؛ هه‌ستت چۆنه‌؟

بێئاگا له‌وه‌ی،

باران هه‌سته‌كانی لێدزیوم

فریوی داوم به‌سیحری مۆسیقاكه‌ی 

دووری خستوومه‌ته‌وه‌ له‌ڕۆحم

وه‌ك زاری تاوڵه‌

هه‌ڵیداومه‌ته‌ ناو زگی ته‌خته‌یه‌كی پانوپۆڕی 

وشكانی…!!

چونكه‌ من،

ئه‌و ده‌مه‌ زیاتر هه‌ست به‌قاقربوونی رۆح ده‌كه‌م

كه‌باران ده‌ژنه‌وم

ئه‌و ده‌مه‌ زیاتر باڵی ته‌نیاییم لێده‌ڕوێ

كه‌قۆڵم له‌قۆڵی یاردایه‌و

حه‌سره‌تی بازاڕكردنێكم بۆهه‌ڵده‌ڕژێ‌.

 

ئه‌ی یار …قه‌ت ئه‌وه‌نده‌ سۆفیانه‌ نه‌دواوم

كه‌ باوه‌شی گه‌رمی باران، ته‌زووی سارد به‌جه‌سته‌مادێنێ‌،

كه‌ تیشكه‌كانی له‌ڕۆحم به‌رده‌داته‌وه‌،

وه‌ك نوورێك دامده‌گیرسێنێ‌.

ئه‌و ده‌نگه‌ ناوه‌كییه‌ پێمده‌ڵێ؛

ئێمه‌ چین؟

ئێمه‌ له‌كه‌ره‌سته‌ی به‌كارهاتووی 

ناو تابلۆكانی بیكاسۆ ده‌چین،

هه‌ندێكجار له‌چوارگۆشه‌دا گیرمانخواردووه‌و

كه‌مجاریش رووت

وه‌ك رووتبوونه‌وه‌مان له‌به‌ر باران.

ئاخر باران

دلۆڤانه‌ له‌گه‌ڵمان…

ده‌دوێ‌ له‌گه‌ڵمان 

ده‌ست به‌سه‌رو قژماندادێنێ‌ و 

له‌توڕه‌یی به‌تاڵمان ده‌كاته‌وه‌و 

دیارییه‌كی ته‌ڕمان بۆدێنێ‌

به‌قردێله‌ی په‌لكه‌زێڕینه‌ی پێچابێ‌.

 

یار ..

له‌سه‌ر كورسی باران، نای ده‌ژه‌نێ‌

ناوبه‌ناو پێمده‌ڵێ‌؛

له‌وێنه‌كێشانی رۆحی باڵنده‌كان نه‌بوویته‌وه‌؟

بێئاگا له‌وه‌ی من له‌ناو رۆحی بارانا

له‌خۆر ده‌گه‌ڕێم!!

نیگه‌رانم كه‌ نیمه‌ ئه‌و خۆره‌ !

منیش خۆرێكم ده‌وێ له‌ڕه‌چه‌ته‌ی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌

تا خۆمی پێ تاوده‌م

به‌یانیێكم ده‌وێ‌، له‌شیله‌ی نازناز

تا خه‌نینه‌وه‌م دادات.

من له‌ناو رۆحی بارانا…

به‌دوای ئه‌و ته‌نیاییه‌ ده‌گه‌ڕێم كه‌ لێم جوانه‌

هه‌موو به‌یانیان له‌و جاده‌ چۆل و سێبه‌ره‌ ده‌وه‌ستم

به‌ڵكو ئه‌و جوانه‌ی ناو قه‌سیده‌كه‌ی گۆران 

ببینمه‌وه‌و 

خه‌یاڵم ئاودامانكات له‌دره‌وشانه‌وه‌!!

 

دواجار له‌ته‌نیشت “یار” ه‌وه‌ داده‌نیشم 

چه‌پكێك گوڵی نایلۆن سه‌رنجم ده‌به‌ن

پێكێك له‌مه‌راقم پێنۆش ده‌كه‌ن

وشكم ده‌كه‌ن…

له‌وجاده‌ چۆله‌ی گۆران باسی ده‌كات، باران ده‌بارێ‌…

كه‌چی “یار” به‌پێكێك شه‌راب هه‌ڵده‌ستێ‌

حه‌زی له‌سه‌مایه‌كی به‌ربارانه‌

كورسی ژێری فڕێده‌دات

دووباڵ ده‌داته‌وه‌ به‌چه‌تر

زنجیری عه‌زیه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌

مه‌مكه‌كانی ده‌داته‌به‌ر ده‌نووكی باران

به‌م شه‌وه‌ ….شێتمده‌كات!!

نخوونی ئه‌و شه‌وه‌م ده‌كات

تا، به‌یانیم به‌بیردانه‌یه‌ت

تا، خۆرم بیربچێته‌وه‌!

ئاخر من ئیسماعیلی به‌رچه‌قۆی خۆرم

چۆن ده‌بێ‌ له‌و به‌ڵێنه‌ راكه‌م

چۆن ده‌بێ‌ په‌یمانشكێنبم

ته‌نها جارێك له‌تیغی خۆر ده‌پاڕێمه‌وه‌

كه‌زییه‌ ئاڵتوونییه‌كانی “یار” به‌رێ‌

ئه‌و ئاماده‌یه‌ بۆ قوربانییان

ئه‌و ئاماده‌یه‌ بیانخاته‌ قه‌به‌ڵم

تازه‌ ئه‌و

كچه‌ پایزێكی مامناوه‌ندییه‌

ئه‌و هه‌موو قژه‌ ئاڵتوونییه‌ی بۆچییه‌؟

ئه‌و زۆری هه‌ن له‌م كه‌زییه‌…!!!

من دێمه‌وه‌ سه‌رخۆم

چیدی له‌چه‌پكه‌ گوڵی نایلۆنی ناڕوانم

چیدی به‌حه‌سره‌ته‌وه‌

مژ له‌سیگاری مه‌راق ناده‌م

ورده‌ورده‌ ده‌خزێمه‌ ئامێزی “یار”

پێبه‌پێ فه‌نای ده‌كه‌م له‌ته‌نیاییم.

18 و 19/10 / 2012 هه‌ولێر

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.