Skip to Content

Tuesday, July 23rd, 2024
ژن و كه‌عبه‌و مه‌عشوق

ژن و كه‌عبه‌و مه‌عشوق

Closed
by November 1, 2012 ئەدەب

 

 

زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌ دونیادا به‌ناوی وه‌سڵه‌وه‌ ده‌دوێن و سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن، كه‌چی نه‌ به‌رهه‌می وه‌سڵ و نه‌ دیده‌نی راسته‌قینه‌ی مه‌عشوقیان لێ‌ به‌رجه‌سته‌ نابێت. عاشقی راسته‌قینه‌یش ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ گوێڕایه‌ڵی مه‌عشوقه‌كه‌ی بێت‌و دونیای بۆ ته‌ی بكا، تا به‌ وه‌سڵی شاد بێت. لێ‌ ئه‌وانه‌ی له‌ناو ده‌ریای عیرفان و پاككردنه‌وه‌ی ده‌روون‌و رۆحی راسته‌قینه‌دا مه‌له‌وان نه‌بن، ئه‌وا عاشقی روخسار ده‌بن و له‌و نێوانه‌شدا به‌ قه‌د توێكڵه‌كه‌یه‌وه‌ ساده‌ ساده‌، تین و هێزه‌كه‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌و به‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ناگات.

ژنان له‌ناو مێژووی ئه‌ده‌بیات به‌گشتی و له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا به‌تایبه‌تی چ وه‌ك كه‌سێتی و چ وه‌ك ئه‌ندامه‌كانی روخسارییان زۆرجاران به‌ قیبله‌و مۆم و شاعیره‌پیاوه‌كانیش به‌ حاجی و په‌پوله‌ی ده‌وریان شوبهێنراون، له‌ راستیدا به‌ بێ‌ بوونی رۆح ئه‌مه‌ شینه‌ درۆیه‌كه‌ بۆ خۆی و ئیزدواجییه‌تێكه‌ كه‌ مه‌گه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نوێنه‌رایه‌تی پیره‌زاڵی دونیا بكات, ئه‌گه‌رنا سته‌مێكه‌ هه‌ر نه‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌ زمانی لووس ته‌فره‌ی حه‌قیقه‌ت بدرێت, بۆیه‌ ته‌وافی راسته‌قینه‌و سوتانی په‌پوله‌ بۆ مۆم, به‌رهه‌مێك ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌ به‌ مه‌رجێك رۆحیانه‌ بێت نه‌ك جه‌سته‌ییانه‌,ئه‌وا مرۆ له‌ رامانیدا سه‌رسام و ئه‌ندێشه‌ له‌ دیاریدا شێت و شه‌یدا ده‌بێ‌, هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ پێناسه‌ی ژینی راسته‌قینه‌و ئه‌وانی تر ئاره‌زوو په‌رست و جه‌سته‌ په‌رستی سووك و چرووكن و له‌ هه‌رپایه‌یه‌كدا بن و به‌ناوی هه‌ر عه‌شق و ئه‌وینێكه‌وه‌ لافی هاوسه‌رگیری وسازاندنی ژیان بده‌ن، له‌ زه‌رفی به‌تال و عه‌قڵی منداڵ ده‌چن و ناتوانن تا سه‌ر به‌رده‌وام بن و له‌ یادگه‌یاندا به‌ نه‌مری بیهێڵنه‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی بۆ دیداری كه‌عبه‌ چه‌ندان كیلۆمه‌تری رێگا ده‌بڕن‌و له‌ دووره‌وه‌ عه‌وداڵی ئه‌م مه‌عشوقه‌یانن، ده‌بێ‌ چ ئه‌وینێكیان له‌ دڵدا بێت؟ ئه‌وانه‌یشی نه‌چوون و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن مه‌عشوق بانگیان بكا، ئه‌وا له‌ راستیدا ده‌بێ‌ جه‌نابی حه‌ق رێگایان بدا، چونكه‌ عاشق وا نابینێ‌ خۆی توانادار بێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر مه‌عشوق ویستی له‌سه‌ر بێت، ئه‌وسا ئه‌م هه‌ر را ده‌كا.

(مه‌ولانای رۆمی) ده‌فه‌رموێت: ئێستا ئه‌م به‌یتوڵڵایه‌ لای ئه‌هلی زاهیر، ئه‌م كه‌عبه‌یه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌ ده‌وریدا ته‌واف ده‌كه‌ن، به‌ڵام لای عاشقان گه‌یشتنه‌ به‌ حه‌ق، بۆیه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر جه‌نابی حه‌ق ویستی له‌سه‌ر بێت ده‌یگه‌ینێ‌ و به‌ دیداری شاد ده‌بین.

ئه‌هلی زاهیرو عاممه‌ی خه‌ڵك ئه‌وانه‌ن، به‌ روخساره‌وه‌ په‌یوه‌ستن، ته‌نێ‌ كه‌عبه‌ له‌ به‌ردێك‌و به‌رگه‌كه‌ی ده‌وری ده‌بینن، بۆیه‌ خۆی لێ‌ نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌ لچ و لۆچی به‌رگه‌ ره‌شه‌كه‌وه‌ ده‌نووسێن. ئه‌مه‌ش چه‌شنی بتپه‌رستی دیمه‌نه‌كه‌ وێنا ده‌كه‌ن. به‌ڵام خۆشه‌ویستانی راسته‌قینه‌ كه‌عبه‌ به‌ ده‌رگای مه‌عشوق داده‌نێن و له‌گه‌ڵ سه‌رسامییان به‌ جوانی و به‌هایه‌كه‌ی، پاڵه‌په‌ستۆ دروست ناكه‌ن بۆ ده‌ست لێدان و خۆ گه‌یاندنیان پێی.

هه‌ندێك كه‌س له‌ ماڵه‌وه‌ن، به‌ڵام دڵ و عه‌قڵیان ته‌واف به‌ ده‌وری كه‌عبه‌دا ده‌كه‌ن، هه‌یشن به‌ لاشه‌ له‌ ده‌وری دان، به‌ڵام دڵ و هۆشیان له‌ ماڵ و لای بازرگانی و سه‌روه‌ته‌كه‌یانه‌، یه‌كه‌میان له‌ كه‌عبه‌ ده‌ڕوانن وه‌ك ده‌روازه‌ی حه‌ق‌و دووه‌میان وه‌ك به‌ردێك‌و به‌رگێك ته‌ماشای ده‌كه‌ن. چینی یه‌كه‌م ئه‌وانه‌ن سوتاون و شه‌یدابوونه‌و له‌وێوه‌وه‌ ره‌نگی مه‌عشوق و ده‌ستی قودره‌ت و هیوای له‌مێژینه‌ ده‌بینن‌و به‌و بۆنه‌ ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دییه‌ شاگه‌شكه‌ ده‌بن كه‌ عه‌یامێك بووه‌ دڵ خورپه‌ی پێداهاتووه‌و هه‌ستیان دنه‌یانی داوه‌. ئه‌مانه‌ ده‌یانه‌وێ‌ له‌وێ‌ رۆحیان به‌جێ‌ بمێنێ‌، بۆیه‌شه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ چاوی پڕ ئه‌سرینیان له‌سه‌ر دیواری كه‌عبه‌ جێده‌مێنێ‌ و هه‌ر به‌ نیازی مانه‌وه‌و چوونه‌وه‌ن. 

تۆ ئه‌ی بنیاده‌م له‌ خۆت بپرسه‌: ئایا ئه‌ته‌وێ‌ فه‌ریزه‌یه‌ك جێبه‌جێ‌ بكه‌ی یان تامه‌زرۆی سوتانی دڵته‌ بۆ كه‌عبه‌؟ چه‌شنی ئه‌و دوو خوشكه‌ی ئه‌وه‌نده‌ عاشقی ئه‌م كه‌عبه‌یه‌ بوون هه‌ر به‌ بینین گیانیان له‌ده‌ست دا. ئه‌وانه‌یشی ته‌نیا قه‌ڕه‌باڵغی و ماندوبوون و زه‌حمه‌تی لێ‌ ده‌گێڕنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ن دڵیان گڕی نه‌گرتوه‌و بۆ دیداره‌كه‌ نه‌سوتاون، چونكه‌ بینینی ئه‌م مه‌عشوقه‌ له‌ روانگه‌یه‌كی رۆحییه‌وه‌ كاریگه‌رییكه‌ی وا ده‌بێت كه‌ لافاوی خوێن له‌ چاو ده‌ڕژێ‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی جێ‌ نه‌زه‌رگه‌ی یارو ئاوێنه‌یه‌كه‌ مه‌عشوقی تێدا دیاره‌و ناخ هه‌ژێن و رۆح سوتێنه‌، كه‌ ده‌بێ‌ له‌ دیاریدا بگوترێ‌:

ده‌بێ‌ حورمه‌ت بگیرێ‌ جێ‌ نه‌زه‌رگه‌ی حه‌زره‌تی یاره‌

كه‌ ناكا ده‌م به‌ده‌م تۆفانی ده‌م زێڕو زه‌به‌ر چاوم

                                            (مه‌حوی)

Hem992003@yahoo.com

هێمن عومه‌ر خۆشناو(شه‌قڵاوه‌)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.