Skip to Content

Tuesday, November 5th, 2024
چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر خەڵیل غەزەڵی

چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر خەڵیل غەزەڵی

Closed
by November 3, 2012 گشتی


دیمانە : محەمەد چاوشین :

 

 

خەليل غەزەلى چاودێرى سیاسى و نووسەر و ڕۆشنبیرى چەپ و پێشکەوتنخواز ، لە دیمانەیەکدا کە لەیەک کاتدا بۆ(هەفتەنامەى ڕێگاى کوردستان) و سایتى (دەنگەکان) سازدراوە ، سەبارەت بە دۆخى پەیوەندى و ئاستى هاوخەباتى و پێکەوە کارکردنى حزب و لایەنەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەدوێت و لەو نێوەدا بە نیگەرانییەوە لە ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان ئەو هێزانە دەڕوانێت.

خەلیل غەزەلى پێى وایە حزبەکانى ڕۆژهەڵات نابێ کاریان بە گەورەیى و بچوکى لایەنەکان هەبێ و لەدۆخى ئێستادا پێویستە تەنها بیر لە هاوکارى و هاوخەباتى و کارى هاوبەش بکەنەوە.

 

محەمەد چاوشین :پەیوەندى هێز و لایەنە سیاسیەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان (سەبارەت بە کاروخەباتى هاوبەش) چۆن دەبینى ، بەتایبەت لەو دۆخە حەساسەى کە ئێستا ئێران پێیدا تێدەپەڕێ؟

خەلیل غەزەلى: بە باوەڕى من لە هەلومەرجی ئێستا دا هێزە سیاسي‌یەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کار و خەباتێکی وایان نی‌یە تاکوو پێکەوە یا هەرکامیان بە جیاواز بەرنامەیەکیان بۆى هەبێت. ئەوەی هەیە بڵاو کردنەوەی رۆژنامە یا گۆڤارێکە (ئەویش لەسەر تۆڕی ئینتێرنێت) کە ئەوەش لەم سەردەمەدا و بە بوونی ئیمکانی ئینتیڕنێت، پێویستی بە حیزب و دەستە و گروپ نی‌یە.

چالاکی دیکەی ئەو حزبانە بووەتە ئەوە بە هەر شێوەیەک بووە دەرەتانی چاوپێکەوتن بۆ رێبەرانیان لەگەڵ میدیایەکی بیانی پێک بێنن ، کە بۆ حیزبە رۆژهەڵاتیەکان، دەنگی فارسی و کوردی ئامریکا و بی،بی.سی فارسی گرنگە. وەکی دیکەش ئەو حزبانە هەموو فکر و هەوڵ و تێکۆشانیان ئەوەیە کە وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئامریکا و وڵاتانی ئەوروپایی لایان لێ بکەنەوە، بۆیە ئیتر دەرفەتی ئەوەیان بۆ نامێنی لە هاوکاریی یەکتر بیر بکەنەوە. 

هەر رێبەرێکی حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆ نموونە هەردوو (دێموکراتەکان) ، هەر دوو (خەباتەکان) ، بەشەکانی (یەکێتی شۆڕشگێران) و تەنانەت ئەو حزبانەی کە لەم کەش و هەوایەی بێ متمانەيى بە حزبەکاندا، یەک دوونەفەر پێکیان هێناون، هەر کامەو بۆ خۆی چوەتە قاڵبی”دونکیشۆت” ێکەوە و پێی وایە خۆی و حیزبەکەی تاقە حزبن کە جێی متمانەی خەڵکە و لە خەیاڵی خۆیدا پاش رووخانی کۆماری ئیسلامی ،هەروا ئاسان دەچێتەوە سەر سفرەی حازر. واتا پێی وایە داستانی باشوور دووپات دەبێتەوە و خۆی و حزبەکەی دەبنە حاکمی رۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە نەک حازر بە هاوکاریی و پێک هێنانی بەرە لەگەڵ حیزبێکی دیکە نی‌یە، بەڵکە شەو و رۆژ خەو بەپەرش و بڵاویانەوە دەبینێت. جا بەو شێوە تێگەیشتنەوە، دەکرێ چاوەروانی پێکهاتنی بەرە و هاو دەنگی ئەو هێزانە بین؟

 

محەمەد چاوشین :جه‌نابت باس له‌وه‌ ده‌كه‌ى كه‌ هه‌ندێك له‌ هێزه‌ كوردیه‌كانى رِۆژهه‌لاَت چاویان له‌ده‌ستى ئامریكا و رِۆژئاوایه‌ كه‌ كۆمارى ئیسلامییان بۆ برِوخێنێ و (داستانى باشور) له‌ رِۆژهه‌لاَتى كوردستانیش دووپات ببێته‌وه‌ و له‌دوا رِۆژدا حوكمى ولاَت بگرنه‌ ده‌ست…..

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ : ئایا بێ گورزى سه‌ربازى رِۆژئاوا و به‌تایبه‌ت ئامریكا ، ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى ( به‌هه‌موو ئایدیاو باڵه‌ جیاوازیه‌كانیه‌وه‌ كورد ، عه‌ره‌ب ، فارس و بلوچ ….) ده‌كرێ رِژێمى ئێستاى ئێران برِووخێندرێ؟

خەلیل غەزەلى: من باوەڕم بە ڕووخانی حکوومەت بەدەستی هێزی بێگانە نی‌یە. کاتێک هێزێکی بێگانە دەسەڵاتێک دەڕووخێنێ، جیا لەوە کە لە هەولدان بۆ رووخانی هەموو ژێربینا و ناوەندە گرنگەکانی تێک و پێك دەدات، لە کوشتنی خەڵکی سیڤيل‌یش دەست ناپارێزی و هەروەها ئیمکانی سەرهەڵدانی پشێوى و شەری ناوخۆیی یەکجار زۆرە. دەسەلاتێکی بێگانە کا‌تێک دەسەڵا‌تێکی دیکە دەرووخێنێت، هەمیشە هەوڵدەدات لەسەر سەری خەڵکەوە دەسەلاتێک دامەرزێنێ کە خۆی دەیهەوێت و بەرژەوەندیەکانی بپارێزێ. یا هیچ نەبێت دەسەڵاتێکی بوروکراتیک کە باوەڕی بە مافی خەلک و دەسەلاتی خەلک نەبێت. هەروەها لەو باوەڕەدام ئەو کەس و ‌هێزانەی بەتەمان بە یارمەتی زلهێزەکان یا دەوڵەتێکی دەرەکی حکومەت بڕۆخێ و ئەوان جێگەی بگرنەوە، هیچ باوەڕێکیان بە خەڵک و مافەکانی نی‌یە و من هەر لە ئێستەوە دژیانم و گەریش بەدەسەلات بگەن، بەدڵنیایيەوە کارم لەقاو دانی ناوەرۆکی هەلپەرستانەیان دەبێت.

من بۆ رووخانی دەسەلاتێکی سەرەڕۆ باوەڕەم بە ڕاپەرینی جەماوەرییە .هاوکات باوەرم بە دامەرزانی پارلەمان و دەستاو دەست بوونی دەوڵەت بە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکە. من لە قووڵایی دڵەوە لەو باوەڕەدام کە ئامریکا و ئەوروپا تەنانەت ئەو دێموکراسی‌یە لیبرالەی خۆشیان بۆ داهاتووی خەڵکی ئەو ولاتانە کە رووخاندوویانن، بە رەوا نابینن. چاو لە ئەنجامی هەموو ڕاپەرینەکانی ولاتانی عەرەبی بکەن کە چۆن بە شانتاژ و پارەی سعوودی و قەتەر و هاودەنگیی ئامریکا ، ئیسلامی سیاسیان هێنایە سەردەسەڵات و رەوتی راپەرینی جەماوەریان چەواشە کرد. 

 

محەمەد چاوشین : زۆرجار هەموو لایەنەکان باسى بەرەى کوردستانى و کاروخەباتى پێکەوەیى و هاوبەش دەکەن، بەڵام لەسەر زەمینى واقع ئەو خواستە بەرجەستە نەبووە ، پێت وایە هۆکارەکان چین ؟ هیزەکانى ڕۆژهەڵات بۆچى ناتوانن لەدەورى یەک مێز کۆببنەوە؟

خەلیل غەزەلى: هەر دیاردەیەکی جدی و لەوانە بەرە، زەروورەت و پێویستیی کۆمەڵگەیە کە بواری پێک‌‌هینانی دەڕەخسێنێ. لە هەلومەرجی ئێستادا کە حزبەکانی رۆژهەڵات خۆیان ئاشکرا هاوار دەکەن “بەخاتری ئەزموونی باشوور” دژی حکوومەتی ئێران شەر ناکەن، پێک هاتنی بەرە دەبێ چ ئامانج و مەبەستێک رەچاو بکات؟ 

کاتێک لەم کاتەدا ئەو هێزانە (بە پەژاکیشەوە) خەباتی چەکداريیان بە کردەوە وەلا ناوە، ئەرکی بەرە دەبێ چ بێت؟ خۆ ئیشەڵا ئیدعا ناکەن خەباتی مەدەنیی خەڵک بەڕێوە دەبەن!!! 

من پێموایە لەم هەلومەرجەدا ئەرکی بەرە دەبێ وەگەر خستنی و گوڕ و تین دان بە خەباتی جەماوەری بیت.باشە کاتێک حزبێک لە ناو جەماوەردا نی‌یە،خەڵک چۆن باوەڕی پێدەکەن؟ بە باوەڕی من هەرکات بزووتنەوەیەکی جەماوەریی لە رۆژهەڵات هاتە ئاراوە و توانی بوونی خۆی بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنی (وەک ئەوەی ئێستا لە باکوور هەیە)ئەوسا ئەگەر حزبەکان توانیان لەگەڵ ئەو بزووتنەوە کەون، هەر جەماوەر خۆیان بەرەیان بە سەردا دەسەپێنن. ئێمە لە رۆژهەڵات نموونەیەکی باشمان هەیە. سەرەتاکان کە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی یەکجار بەهێز لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادا بوو، گەرچی هێزە سیاسی‌یەکان(بەتایبەت کۆمەڵە و حیزبی دێموکرات) هیچ هاوخەباتی و نزیکایەتیەکیان نەبوو و تەنانەت دژی یەکتریش بانگەشە و تەبلیغیان دەکرد. بەڵام جەماوەر بە خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەسی ناچاریانی کرد بە رێبەریی یاد زیندوو مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسێنی بەرەیەک بەناوی “هیئەتی نوێنەراتی کورد” پێک بێنن. کە دەگوتڕی چەشنە بەرەیەک بوو. ئەو بەرەیە تا حزبەکان لە ناو شارەکان بون و جەماوەر دەتوانی کونتڕۆڵیان بکات، بەڕاستی نوێنەرایەتی کوردی دەکرد. بەڵام هەر کە هێزەکان لە شار و گوندەکان دوورکرانەوە، بەرەکە تێک چوو و لەوەش قەباحەت‌تر ئەوە بوو کە شەری نێوخۆیی و براکوژی دەستی پێکرد.

 

محەمەد چاوشین : ئەگەر بەرەى کوردستانى نەبێ ئەى چ ئالتەرناتیڤێکى دیکە گونجاوە؟

خەلیل غەزەلى: هاوینی ساڵی 1384ی هەتاوی بەرامبەر بە2005ی زایینی، پاش کوژرانی لاوێکی مەهابادی بەناوی “شوانەی سەید قادر” و شێواندنی تەرمەکەی لەلایەن بەکرێگیراوانی حکوومەتی ئێران و بڵاو بوونەوەی وێنەی تەرمی شێوێنراوی ناوبراو ، لە لایەن چەند لاوی تێکۆشەر لەو شارە، بوە هۆی چەخمانەی تەقینەوەی بوغز و قینی خەڵكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان. ئەوەبوو ڕاپەرینی ئیعترازی سەرەتا لە شاری مەهاباد و پاشان شارەکانی دیکە دەستیپێکرد. 

لەو سەردەمەدا حزبەکان لەباتی بەشداری و رێکخستنی ئەو ڕاپەرینە، هەر حزبە لەهەوڵی ئەوە دابوو کەڵکی تەبلیغی لە رابوونی خەڵک وەربگرێ. هەر حزبە لە هەوڵی ئەوەدابوو کە مۆركی خۆی بەسەر ڕاپەرینی خەڵکدا بچەسپێنێ و بیکاتە کاڵا بۆ بەرژەوەندیی حزبی خۆی. ئەوە بوو زۆر بەداخەوە ڕاپەرینی خەڵک بەهۆی نەبوونی رێکخستن و نەبوونی ناوەندێکی رێبەریی بۆ بەرنامەدارێژیی و پێشەوەچون، پاش ماوەیەک دامرکایەوە.

من لەو سەردەمەدا لە وتارێكدا روو بە حزبەکانی رۆژهەڵات پێشنیاری ئەوەم کرد کە لەباتی ئەوە لەفیکری بەرژەوەندیی تاقمی و حزبی دابن، و گەر ئێستا (بەهەر هۆیەک) ناتوانن لە بەرەیەکدا کۆببنەوە، پێشنیار دەکەم کە کۆڕێک بەناوی کۆمیتەی”هاوکاریی کاتی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان” یا هەر ناوێکی دیکە پێک بینن کە نوێنەری هەموو حزبەکانی تێدا بێت. ئەرکی ئەو کۆڕە تەنیا ئەوە دەبێ کە گەر رووداوێک یا رابوونێک لە کوردستان روویدا یا هاتە ئاراوە، ئەو کۆڕە بەناوی هەموو حێزبەکانەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات. پاشان کە ئەو رووداوە لە هەر شکڵێکدا (سەرکەوتن یا شکست) کۆتایی هات، کاری ئەو کۆڕەش تەواو دەبێ و لە ئەگەری هاتنە ئارای رووداو یا حەرەکەتێکی ئیعترازی‌دا دیسان کۆڕێک لەو شکڵە پێک بێت. 

هەر لەو نوودسراوەدا ئەوەم باسکردبوو کە ئەو کارە(پێک هێنانی کۆمیتەی هاوکاریی کاتی) یەکەم دەستکەوتی ئەویە کە هێزەکان پێکەوە تەمرینی نزیکایەتی دەکەن و لە دووپات بوونەوە و چەندپات بوونەوەی ئەو هاوکاریانەدا، ئەگەری هەیە کە دووردونگیەکان لەیەک بڕەوێتەوە و ئیمکانی ئەوە دێتە ئاراوە کە لانی کەم حزبەکان هێندێک لەیەک نزیک بنەوە. بەڵام بەداخەوە هیچ پێشوازیەک لەو پێشنیارە نەکرا. 

 

محەمەد چاوشین : پێشنیارى ئێوە لەسەر پێکهێنانى (کۆمیتەی هاوکاریی کاتی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) بۆ ئەو سەردەمە بوو (2005) ، ئەى لەقۆناغى ئێستادا ئالتەرناتیڤ چییە؟

خەلیل غەزەلى: ئێستەش قسەم هەر ئەوەیە، حزبەکانی رۆژهەڵات دەبێ نەترسن و کاریان بە گەورەو چکۆلە بوون نەبێت و بەشێوەی کاتی و لە ئەگەری هاتنە ئارای رووداوێک یا سەرهەڵدان و ئیعترازێک، هەر بەو بۆنەوە دەتوانن پێکەوە هەنگاو هەڵنێن. بێگومان گەر وەها بکەن ،خەڵک بەباشى روویان تێدەکات. بە دڵنیاییەوە پەیامی هاوبەشی حزبەکان بۆ هەر حەرەکەتێکی خەڵک، سەرەڕای ئەوەی کە بەتەواوی لێیان دڵساردن، بەڵام دیسان دڵگەرمی زۆرتریان پێ دەدات کە لە حەرەکەتەکەیاندا جدی‌تر و سوورتر بن. ئێستاش دەڵێم تەنیا رێگەی نەمانی ئەو بێ‌باوەریەی خەڵک بە هەموو حزبەکانی رۆژهەڵات، قەبوولکردنی یەک و پێکهێنانی یەکدەنگی‌یە، پێک هێنانی “کومیتەی هاوکاریی کاتی هیزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان” یەکەم هەنگاوەی گەیشتن بەو یەکدەنگی و یەکێتی‌یە.

 

 

——————–

خەلیل غەزەلى لەچەند دێڕێکدا :

* خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانە.

* خەلیل غەزەلى ماوەیەکى زۆر لەناو بزووتنەوەى ڕزگارى خوازى گەلى کورد لەڕۆژهەڵاتى کوردستان خەباتى کردووە.

* ئێستا بەکارى نووسین سەرقاڵە و ماوەى نزیکەى دە ساڵە ماڵپەڕى (هەڵوێست)کە خۆى وەک ماڵپەرێکى رەوتی فیکریی “چەپی سەربەخۆی کورد” پێناسە دەکات و بەگشتی ماڵپەرێکی سیاسی- لێکدانەوەیی رەخنەگرە ، بەڕێوە دەبات.

* ئێستا نیشتەجێى وڵاتى (هۆڵەندا) یە و وەک کەسایەتییەکى سەربەخۆ کاردەکات.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.