Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
گومانسازی فەلسەفی …. ئازاد حەمە

گومانسازی فەلسەفی …. ئازاد حەمە

Closed
by November 3, 2012 فەلسەفە

 

 

فەلسەفەکردنی مرۆڤ ئاماژەیە لەسەر کردەی بیرکردنەوە. “ئەوەش کە ئێمە بیردەکەینەوە ئەمەیان بناغەی بوونی مرۆییمان نیشاندەدات”. گومان  Sceptien یش ،بێ چەندوچۆن،  دەرگایێ نوێ بەڕووی ئاخاوتنە ڕۆژانەییەکانمانا دەکاتەوە ئەمەش تەنێ لەبەرئەوەی گومان ئاستێ باڵای بیرکردنەوەیە. بەواتاێ بەرینتر، بەپێیئەوەی فەلسەفەکردن پرۆسەێکە لە بیرکردنەوە ئەم بیرکردنەوەیە لە فۆڕمی گومانیش دا خۆی بەیان دەکات. بۆیە ئیدیای سەرەکی ئەم باسە وەستانە لەسەر گرینگی واتای گومان بۆ فەلسەفە و بۆ ئێمەی مرۆڤ کە وەرگری زانینی فەلسەفیین. ئاشکرایشە گومانەکان زۆرن و جۆراوجۆریشن بەس گشت گومانێ ناشێ وەک گومانی فەلسەفی ناوزەدکرێت. لە گەوهەریشدا فەلسەفە لەسەروبەندی دەرکەوتنیەوە لەتەک واتای گومان جۆرە پێوەندیێکی بەتینی پێکهێناوە و کاردانەوەی خۆشی بە قووڵی لە بواری شیکردنەوە هزریەکانا خستۆتەوە. گومان کە هەمیشە واتاێترمان یاددەخاتەوە کە ئەوەش یەقینە ڕەوتی بیرکردنەوەی مرۆڤی هەمیشە بەجۆرێ گۆڕیوە مایەی هەڵوەستەکردنبووە. بۆیە شیاوە بووترێت کە یەقین و گومان پێکەوە ئەو گفتووگۆ فەلسەفییە زێدە چڕەمان پێشکەشدەکەن کە دەرگایێ نوێ لە گوزارشتەکانمان بەڕووی ئەو شتانە دەکەنەوە لە ژیانمانا تەڵخ و ناڕوونن، وەکیتریش ئەو شتانەش کە دوو دژن. لێرە مەبەستمان لەم دوو دژە ئەوەیە، گومانی فەلسەفی مرۆڤێک لە شتێ یان کەسێ ئەم گومانە ئەم مرۆڤە فڕێدەداتە نێوان دوو حاڵەتی ناکۆک و ناچووستەوە. چونکە مرۆڤەکە بەو بینینە گوماناوییە دەگات ئایا ئەو کەسە یاخود ئەو شتە پەسەندکات یان ڕەتکاتەوە؟ کەوابێت ئێمەی مرۆڤ لەخۆڕا گومانناکەین و ووزەی بیرکردنەوەمان لەو شتانەدا سەرفناکەین مایەی حاڵیبوونبن و یان ڕوونبن. ئەڵبەتە ئەوی کە دەیڵێین دەشێ تەمومژاوی بێت بەس ئەوە مانای ئەوە ناگەێنێت ئێمە گومانمان کردووە. هاوکات گومانکردن شتێ پێچەوانەش ناگەێنێ. تەنانەت گومانکردن و پێچەوانەکەشی دوو شتی جیان. چونکە پێچەوانەی گومان نەک هەر بێدەنگییە بەڵکو ئەوەشە کە ئێمە ئەوی ووتومانە بێ گومانکردن دەرمانبڕیوە. بۆئەوەی گومانکەین بەدووی یەقین دا دەگەڕێین کە یەقینیش وەدەستدێت گومان کۆتایدێت. لێ گومان و یەقین ئەمە بریتییە لە کۆکردنەوەی دوو لای دژ. بۆیە لەم نووسینەدا قسە لە گومان وەک ئاڕاستەێ لە بیرکردنەوە دەکەین. ئەم لایەنەش سەرچاوەی خۆی لە یۆنانی کۆنەوە وەردەگرێ. بەماناێ تر، گومانسازی فەلسەفی، یانیش گومان وەک واتاێکی فەلسەفی، لەگەڵ کۆژیتۆی Cogito بیرمەند و بیرکاری ناسراوی فەڕەنسی ڕۆنێ دێکارت René Descartes نەهاتۆتەدونیاوە بەڵکو ئەمە لە پێش زاینەوە بوونی هەبووە و ڕیشەشی بۆ سەردەمی پێش فەلسەفەی سوکرات دەگەرێتەوە.  

ئەڵبەتە لەم سەرەتایەوە سەرنجدەخەینە سەر ئەوەش کە گومان وەک هەڵوێستی هزری بەو مانایەش دێت بڕیاردانە لەسەر شتێک خۆی وەک حاڵەتێک لە سڵکردنەوە و ڕاڕایی نیشاندەدات. واتە پێویستدەکات بڕیاردان یەکسەری نەبێت و بە تونێلی گومانا تێپەڕێت بەس گومانکردن لەتەک دادوەری کۆن دا یەکناگرێتەوە. چونکە دادوەری کۆن تێکەڵ بە کردەی گومان ناکرێت. کردەی گومان پابەندی ئێستایە و لەتەک ئەو جۆرە دادوەریەدا کۆکە نوێ و ئێستاکییە. هەربۆیشە گومانسازی فەلسەفی و دادوەری بابەتی گفتووگۆیە لە فەلسەفەدا. خودی کردەی دادوەریش لای مرۆڤ بە بڕیاردان کۆتای دێت و ئەوەش یەقین پێکدێنێ. بەدڵنیایشەوە ئەم لایەنە شتێ مرۆییە و بەس. چونکە ئاژەڵ ناتوانێ دادوەری بەسەر شتەکانەوە بکات. هەروەها ئاژەڵ ناتوانێ بڕیاردەرکات و یان لێیپەشیمانبێتەوە. ئەمەش نەک تەنیا لەبەرئەوەی ئاژەڵ ناتوانێ گومانبکات بەڵکو لەبەرئەوەش ئاژەڵ عەقڵی نییە. ئەمەش وادەکات بڵێین ئاژەڵ نە توانای گومانی هەیە و نەش دادوەری. بەمجۆرەبێت گومان بریتی دەبێت لە بڕیاردان و هەڵوەستەوەرگرتن ئەمەش کەسی گومانکەر بە یەقین دەگەێنێ ئەو یەقینەش ئەو زانینەیە ئەم کەسە مەبەستیبووە پێیبگات. کاتێ چەند هەڵبژاردنێکمان لەبەردەمدا دەبێت بۆ یەک شت، واتە بۆئەوەی بڕیار لەسەر شتێک بدەین، پێویستمان بە بڕیاردانە. لەمڕوەشەوە خۆمان لەنێوان چەند بۆچوونێکا دەبینینەوە ، واتە ئەوەی کامە هەڵبژێرین؟ ئەوەی یەقین دروستکەرە یان لە گومانا دەمانهێلێتەوە؟ کەوابێت لایەنێ تری گومان ئەوەیە لە بڕیاردانا پەلەنەکەین و دەشکرێ ڕێژەیبین و ڕێگا لەبەردەم بۆچوونی ترا بکەینەوە بەڵام ئەم لایەنە بەرەو ئەو پرسیارەماندەبات چ کاتێ پێویستە بە گومان بین؟ یاخود بەرەو ئەو پرسیارەش بۆ دەبێ گومانکەین؟ یان ئامانج لە گومانکردنەکامان چییە؟ بەخۆی ئێمەی مرۆڤ بە گومان دەبین وەختێ دەمانەوێ لەوەبکەوین یەقین پەرستبین. لەناوەڕۆکیش دا گومانکردن بۆ گەیشتنە بە ڕاستی، ڕەنگیشە گومانەکە بۆ گومانبێت لەو ڕاستیەی دەیزانین بەمە دەمانەوێت بگەین بە ڕاستیێ یەقیندار. واتە ڕاستیێ جێگیر و باوەڕپێکراو. بەمشێوەیە پرسیاری بۆ گومانکردن؟ ئەو پرسیارەیە فەلسەفە دەمێکوەختە خۆی لەسەرڕاهێناوە. بۆ فەلسەفەش هەمووکاتێ پڕبایەخبووە خۆی بە سنوورەکانی گومانکات و ئەوی لە ناخیدایە لە وێنەی پرسیاری گوماناوی هەڵڕێژێت. زۆرجاریش پرسیارە فەلسەفییەکان یەکلایکەرەوە نەبوونە چونکە گەیشتن بە یەقین کە مەرامی بنەڕەتی گومان بووە ئەستەمبووە. بۆئەوەی لەم ئەستەمییە حاڵیبین پێویستمان بەوەیە ناڕۆشنییەکان ڕاڤەکەین و تەگەرە لەناکاوەکانی بەردەم گومانەکانمان بنەبڕکەین. ڕاستە ئێمەی مرۆڤ لەگەڵ گومانا لەدایکدەبین وەلێ پێویستمان بەو هێزەیە ئەو گومانەمان بخاتەگەڕ. دیاریشە گومانی ئێمەی مرۆڤ کۆتایناێت و ئەم گومانەش گشت جارێ نوێدەبێتەوە کە یەقینەکان لەدەستدەدەین. گوماندەکەین تا یەقینەکان بگەڕێنینەوە. پێویستمان بە بەدەستهێنانی یەقینیشە تا بکارین ژیانی خۆمان بگوزەرێنین. گومان و جیهانی مرۆڤ لەوێوە گرینگی هەیە کە پێوەندی بە یەقینەوە هەیە. بەتێگەیشتنێ تر ،گومان ناگرین لەبەرئەوەی پێویستە گومانکەین، گومان لەپێناو گومان نییە. گومان بیرکردنەوەیە ئەمەش بۆ گەیشتنە بە ئاکام. هەرئەوەندەش گەیشتین بە زانین لەبارەیئەوەوەی گومانیلێدەکەین گومانمان دەڕەوێتەوە. بەڵام پێویستە حاڵیبوونمان بۆ ئەوە هەبێت کە گومانکردن بەشێکە لە پرۆسەی خوودبوونمان. گومان والە خود دەکات هەستبەخودبوونی خۆی بکات.

دیارە گومانکردن، کە بەشێکە لە پیشەی فەلسەفەکردن، دید و وێنابوونی فەلسەفی جیاجیا دەسازێنێ و ، فەیلەسوفیش کە دەیەوێت بەگشت شتێک ئاشنا بێت دەخوازێ گومانکات، دەیەوێ زانینی لەسەر گشت شتێک هەبێت. بۆ فەیلەسوف دەیەوێ بەگشت زانینێ ئاشنا بێ و زانینیشی لەسەر گشت شتێک هەبێت؟ فەیلەسوف ئەمە ناکات هەر لەبەرئەوەی فزوڵی و سەرچڵئامێزە بەڵکو لەبەرئەوەش کە پێیوایە ئەو زانینە بۆ ئێمەی مرۆڤ پێویستە. ئەو زانینەش لەمیانەی گومانکردنەوە ئەستەم نییە گەیشتن پێی. گومانکردن بۆ گەیشتن بە زانین شیاوی دروستکردووە لەبەردەم تێگەیشتنمان لەوەش کە پێیدەڵێین یەقین. بەپێیئەوەش گومانکردن ئاوێزانی ژیانە گومانسازی ڕێبازێکە لە ڕێبازە  فەلسەفییەکان و دەرگاش لە هەڵوەشانەوەی یەقین و خوڵقانی زانین دەکاتەوە. لەگەڕانەوەش بۆ ڕیشەی مێژووی گومان لەوە تێدەگەین کە گومان بەشێکە لە تێڕامانی فەلسەفی و ڕاشماندێنێ لەسەر گەیشتن بە یەقین و ،گەڕانیش بەدوای یەقین لای بیرمەندان هەمیشە مەبەستی گەورەی لەپشتەوەبووە. ڕاستە گومان دێکارت ووتەنی شتێ ڕەها نییە بەس کەم شت هەیە شایانی گومانلێکردن نەبێت. یەک لەو پێناسانەش دەدرێتە پاڵ گومان ئەوەیە کە گومانکردن خۆی لە فۆڕمی بیرکردنەوە نیشاندەدات. هەربۆیشە دەشێ بووترێت گومانکردن پڕە لە ووزە. چونکە کە گوماندەکەین بیردەکەینەوە. لەبنەڕەتیشدا ئێمەی مرۆڤ لە شتێک گوماندەکەین کە زانینێ تەواو یان باوەڕپێکراومان بەدەستەوە نییە لەسەر ئەو شتە. کەوابێت گوماندەکەین تا ئەوە بەدەستبێنین وەدەستنەهاتووە.  ئەڵبەتە گومانکردن پشکنین و بەدواچوونیشدەگەێنێ. چونکە ئێمەی مرۆڤ کە بەهۆی گومانەوە دەکەوینەناو زۆنی بیرکردنەوەوە لەڕێگای گومانەکانمانەوە لەوە دەکۆڵینەوە پێشتر لێینەکۆڵاوینەتەوە. هاوکات گومانکردن وەک بیرکردنەوە هەڵوەستەێ عەقڵیشە بۆ یەکلاکردنەوەی دوو دژ. ئەڵبەتە گومانکردن دەشمانپارێزێ لە بیرێ شایانی پەسەندکردن نییە. 

هۆکانی گومانکردن و جۆرەکانی گومانکردن بەڕادەێکی بەرچاو زۆرن و گشت ئەوانەش پێوەندییان بە ویستی مرۆیی مرۆڤەوەیە و لە دەرەوەی بیرکردنەوە نیین. بۆیە هەچ پێناسەێک بۆ گومان و دەستکەوتی گومان، کە یەقینە، بکرێت پێویست دەکات بەناو تونێلی ئەو پرسیارە هەمیشە کۆن و تازەیەدا تێپەڕێت کە بەمجۆرەیە: بۆ گومانکردن؟ ئەوەش کە کەی لە گومان دەکەوین؟ یاخود کەی گومانمان دەرەوێتەوە؟ بەدڵنیاییەوە کاتێ لە گومان دەکەوین کە بە ئاکام دەگەین، ئەو وەختەی ئەو دوو دژەی گومانمان تیادەڕسکێنێ لێکیدەکەینەوە و بەیەکێکیانەوە پێوەستدەبین. کەوابێت کاتێ گومانمان دەرەوێتەوە گەیشتبێتین بەو دەرهاویشتەیەی مەبەستمان بووە پێیبگەین، یان گومانکردن وەک بیرکردنەوە کاتێ دەوەستێ کە شتێک بوونی نەبێت وەک دژە بیری ئەو شتەی گومانیلێکەین. کە گومانیش دەکەین پێویستمان بەوەیە خۆمان لە شتە خودیەکان دابڕین و ، ئەڵبەتە خۆشمان لە بۆچوونە کۆن و دیسانەوە هەست و دیدە میتافیزیکیەکانیش بەدووربگرین. گومان لە گومان دەربازماندەکات بەس دەشمانخاتە ناو گومانی نوێوە. ئەو شتەی گومانیلێدەکەین بۆئەوەیە بە سرووشتی یان ماهیەتی شتەکان ئاشنامانکات، هەرکە ئەوەشبووین کومانماندەرەوێتەوە بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە وازلە گومانکردن دێنین. گومان لە ئێمەی مرۆڤدا نامرێت تا عەقڵ هەبێت. دیارە گومان توانای ئەوەشی هەیە زۆنێ ئازاد یان ئۆتۆنۆمیێک بۆ تاک دابینکات تا لەوێوە پیادەی خیارەتەکانیبکات و بڕیارئامێزانەش ڕەفتارکات. ئەو دەمەش تاک دەڵێ: گومانەکەم دەڕەوێنمەوە، یان جارێ گومانەکەم نەڕەویوەتەوە ئەمە مانای ئەوەیە گومان پێویستی بە بنەبڕبوون هەیە. لێ ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بە گومانە و گومانی فەلسەفیش چەندین هەنگاو بیرکردنەوەمان خاوێن و پاراو دەکا. تەنانەت گومان ڕاماندێنێ لەسەر هەڵبژاردنیش. بەواتاێتر، گومان توانای هەڵبژاردنمان تیا دەڕسکێنێ. جێیووتنە ئەوەش ئاماژەکرێ کە گشت گوڵبژێریێکیش پاش گومان دەردەکەوێت. چونکە گومان وەک ڕێگاێ بۆ گەیشتن بە ڕاستی، وەک ڕێبازێ بۆ یەکلایکردنەوە، جیاکردنەوەی درۆ لە ڕاست، باش لە خراپ و دەرخستنی هەڵە، یاخود گومان وەک هەوڵێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵە گرینگی و مانای گومان دەردەخات. بەمچەشنە بێت ، ئێمەی مرۆڤ گومانناکەین لە شتێ هەیە تەنیا بۆئەوەی گومانکەین. ئێمە گوماندەکەین تا بەوە بگەین پێینەگەیشتووین، ئەو شتەی زانینمان لەبارەوەی نییە. 

هەروەک پێشتریش هێمامان پێدا گومانکردن و بێدەنگی دوو شتی دژبەیەکن. چونکە ئەو وەختەی گومان دەڕسکێت بێدەنگی لاوازدەبێت. بەمواتایە گومان بێدەنگی دەشڵەقێنێ و ووتن سەروەر دەکات. بەس پاش گشت گومانێ قسەکردن شوێنی بێدەنگی و ماتی دەگرێتەوە بەس قسەکردن خۆی بەجۆرێ جیا نیشاندەدات چونکە دوای گشت گومانێک پێویستمانبەوەیە بڵێین بەڵێ یان نەخێر. ئەم لایەنە ئەو بینینەشمان لا دروستدەکات کە گومانگردن کردەێ ئاسان نییە بەتایبەت و لەبەرئەوەی دودڵی و پەشۆکاوی دەخاتەوە. چونکە گومان هەڵوێستەیە لەسەر دۆخی باو و ئاماژەشە لەسەر بڕیاردان دوور لە پەلەیی و تەنگەتاوییەوە. مەبەستمان ئەوە بڵێین گومانکردن دەمانگەێنێتە ناو جیهانی دیار و خۆمان لەو شوێنەش دەبینینەوە کە هوشیاریمان دەخاتە ژێرپرسیارەوە. ئەمە ئەوەشمان پێدەڵێت بۆ گەیشتن بە ڕوونکردنەوەێ ، تێگەیشتنێ، ڕوون پێویستمان بە گومانە.

وێرای ئەوە، ئەوەش دەڵێین کە گومان و سەرسامبوون تەواوکەری یەکدین. کاتێکیش فەیلەسوفێ وەک کارل یاسبەرز پێیوایە سەرسامبوونم واملێدەکات هەست بە نەزانینی خۆم بکەم ئەم سێرکردنە بۆ سەرسامبوون ئەو حاڵیبوونەشمان تیا دەسازێنێ گومان توانای دروستکردنی سەرسامبوونی هەیە و ئەوەش کردەی فەلسەفەکردن دێنێتەدونیاوە. بەڵام سەرسامبوون هەر ئەمە نییە چونکە سەرسامبوون فزولەتیش دروستدەکات ئەمەش فەلسەفەکردن پێکدێنێ. ئێمە مرۆڤ کاتێ فزوڵی دەبین زۆر سەرسامدەبین، کە زۆریش سەرسامدەبین پرسیاردەکەین کەواتە فەیلەسوف نایەوێت خۆشباوەڕبێت و ناشیەوێت خۆشباوەڕی بڵاوکاتەوە بەڵکو دەیەوێت تۆوی گومان و سڵەمینەوە بڵاوکاتەوە. بۆیە فەلسەفە بەوە قایلنابێت بلێی ئەوە ڕاستە یان جوانە چونکە فەلسەفە دەیەوێت گەڕان بەدوی ئەوەدا بکات ئایا ئەو شتە ڕاستە کە ڕاستە یان باشە.

وێرایئەوە، فەلسەفە کە گومان دەکات بۆئەوە نییە ئاستەنگ لەبەردەم تێگەیشتنمان دروستکات بەڵکو ڕاماندێنێ لەسەرئەوەی خۆشباوەڕنەبین و توانای لێخوردبونەوە و یەکلاکردنەوەمان هەبێت. لەسەر ئەم بناغەیە مەرجە هێما بۆ ئەو تێگەیشتنەش بکەین کە گومانکردن کێشە دروستکردن نییە، فەلسەفە هەوڵی ئەوە نادات کێشە بخوڵقێنێ بەڵکو ئەو کێشانەی قسەیان لەسەر دەکات لەناو ژیانەوە دەریاندێنێ و کاریان لەسەردەکات. فەلسەفە بەهۆی گومانکردنەکانییەوە دەستبەرداری کێشەکانمان نابێت و لێناگەڕێ کێشەئامێزبین و وەڵاممان بۆ کێشەکانمان نەبێت. کەوابێت فەلسەفە کە کاری گەڕانە بەدووی ڕاستی، گەیشتن بەو زانینەی ڕاستە بۆ فەلسەفە شتێ ئاسان نییە. هەروەها گەیشتنیش بە ڕاستیێ باشیش دیسانەوە شتێ ئاسان نیە. لە کۆششی فەلسەفەش بۆ لێخوردبوونەوە ئەو نائاسانیانە دەبڕدرین و فەلسەفە بە مەرامی خۆیدەگات. هەمیشە فەیلەسوف کە ڕاڕا دەبێت ئەمە ئەوە دەگەێنێت فەیلەسوف قایل نییە بەوەی ڕاستی تەنیا ئەوەیە وەدەستهێنراوە. چونکە فەیلەسوف لە ڕاڕابوونەکانیا بەردەوام کێشە دەبینێتەوە و ئەمەش پێویستدەکات وەڵام بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە. بەمشێوەیەبێت خستنەڕووی کێشەکان لەلایەن فەیلەسوفانەوە زۆرجار شێوەی پرسیار وەردەگرن ئەمە وادەکات فەیلەسوف لەگەڵ دۆزینەوەی کێشە و چارەسەر بۆ کێشەکان بەئەزموون بێت و لێیانەوە کردەێ لە فەلسەفەکردن پێکبێنێ. گەر ئەم لایەنەش لە فەلسەفە دا بمانباتەوە سەر بابەتی بیرکردنەوە، بیرکردنەوەی فەلسەفی، و پێوەندی ویش بە گومانەوە ئەوا لەڕووی مێتۆدییەوە بەپێویستی دەزانین ئاوڕێ لە کۆژیتۆ Cogito ی ڕۆنێ دێکارت René Descartes بدەینەوە. دێکارت لە بەشی شەشەمی کتێبی “پرینسیپەکانی فەلسەفە” و هەروەها بەشی چوارەمی کتێبی “سەروتار لەمەڕ ڕێڕەو” فێریئەوەمان دەکات گومانبکەین. گومان لای دێکارت بۆگەیشتنبووە بە یەقین. بەپێی کۆژیتۆی دێکارت ” من بیردەکەمەوە، کەوابێت من هەم” (بە لاتینی Cogito، ergo sum و بە فەڕەنسیشJe pense ، donc je suis  ). دێکارت لەڕێگای ئەم کۆژیتۆیەوە پێماندەڵێت بیرکردنەوە پێویستە چونکە کە “من” بیردەکەمەوە بەمە جەغت لە بوونی خۆم دەکەم. کەواتە بەپێی فەلسەفەی دێکارت من جەوهەرێ بیرکراوەم. دیارە گومان لە گشت شتێک بەپێی کۆژیتۆی دێکارت ڕێبازێکە بۆ سەڵماندن بەس ئەم گومانە لە پێوەندی دا بووە بە فەلسەفەی بیرکاری (ماتماتیک) و ڕاسیۆنالیی فەلسەفی ئەم بیرمەندە فەڕەنسییەوە. دێکارت کە دامەزرێنەری بیرکاری نوێیە و بە بابی فەلسەفەی ڕاسیۆنالیزمی نوێی ڕۆژئاوای یان تازەگەری ناسراوە لە توێژینەوە فەلسەفیەکانیا ئەندازە و جەبر پێکەوە گرێدەدات و گومانکردن بۆ ئەم هزرەڤانە بۆ گەیشتنبووە بە یەقینێ دیاریکراو ،یا وەڵام بووە بۆ گومانکردنەکان.

وێرای ئەوە، گومان کە بناغەی ڕێڕەوی دێکارت پێکدێنێ تەقەلاێبووە بۆ قڵپکردنەوەی گشت ئەوی پێشخۆی وترابوو. ئەم ڕێڕەوەش چوار سەرچاوەی هەیە یاخود دێکارت باس لە چوار ڕێگا دەکات کە ئێمەی مرۆڤ بەهۆیانەوە دەگەین بە ڕاستی. بۆئەوەی بگەین بە ڕاستی پێویستە خۆمان لە گشت دادوەریێکی پێشوو و بیربۆچوونێکی پەلە و کۆن دەربازکەین و چوار ڕێگاکەش ئەمانەن: ناشێ شت وەک خۆی ، وەک ئەوەی هەیە، پێشوازیلێکرێ تەنێ ئەو شتانە نەبێت ڕوون و دیارن: واتە گومان لەوی ڕوون نییە مانای خۆی هەیە، مەرجە کێشەکانمان دابەشکەینەسەر چەندین کێشەی وورد: واتە ووردوخاشکردنی کێشەکان گرینگن ئەمەش بۆئەوەی بکارین شییانکەینەوە ، پێویستی بۆ ڕێکخستنی بۆچوونەکان و ئەوەش کە بیرکردنەوەکانمان داڕێژین و پۆلیانیشکەین: واتە لە بیرکردنەوەکانمانا مەرجە لە سادەوە بۆ ئاڵۆز دەستپێکەین، پێداچوونەوە لەوی پێیگەیشتوین: واتە لێکۆڵینەوە لە ئاکامەکان و گوڵبژێرکردنیان. ئەمە ئەوەشمان بۆ شیدەکاتەوە کە، بۆئەوەی گومانکەین ، تا بگەین بە ڕاستی ، بەو زانینە تازەیەی لەبارەی شتێکەوە پێویستمانەپێیبگەین ، کە ئەوەش ئەو یەقینەیە پێیدەگەین، پێویستمان بە پێڕەوکردنی ئەو چوار خاڵەدەبێت. 

دێکارت لە ڕێڕەوە گوماناویەکەیدا نەیدەویست لاسایکەرەوەی بیرمەندانی پێشخۆیبێت. چونکە گومان بۆ دێکارت گومان نەبوو لەپێناو گوماندا بەڵکو گومان بوو لەپێناو گەیشتن بە یەقین. بۆیە دێکارت بۆئەوەی ڕێڕەوێکمان تایبەت بە گومانخوازی بەردەستخات ڕەخنەی هەستەکانی مرۆڤی دەکرد. واتە ئەو زانینەی بەهۆی هەستەکانەوە بەدەستیدێنین ،بۆ دێکارت، قابیلبوو بە ڕەخنە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی هەستەکان بەقەولی ئەم بیریارە فەڕەنسییە هەڵخەڵەتێنەرن و ناشێ پشتیانپێببەسترێت. بەپێی ئەوەی هەستەکانی مرۆڤ بەردەوام لەگۆڕاندان بۆیە ئەم هەستانە بۆ دێکارت جێی باوەڕ نەبوونە. هەستەکان لای ئەم بیرمەندە خۆیان وەک خەون نیشانداوە و فێڵاویخۆیان نیشانداوە. بۆ نموونە دەکرێ لە خەوا بووبێتین بە پادشا بەس کە خەبەرماندەبێتەوە دەزانین ئەوە خەونبووە. بەمجۆرە، خەون لای دێکارت دژی گومانە، گومان تەنیا ئەوکاتە دەکرێت کە ڕاچەڵەکاو و بێداربین. یان چرکەی گەیشتن بە یەقین لەگەڵ بەئاگابوونمان دەستپێدەکات، ئەو دەمەی بیردەکەینەوە. کەوابێت ئێمە لە خەودا بیرناکەینەوە هەروەها لە خەودا گومانناکەین. نەک هەر ئەوە بگرە هەست و خەیاڵیش بەرەو هەڵەماندەبات و لە گومان دوورماندەخاتەوە. گومانی دێکارت فێریئەوەشمان دەکات بۆ ئەوەی گومانبکەین پێویستمان بەوەیە خودێ هوشیاربین. خودێ بەئاگا، خودێ بەتەندروست. بۆئەوەی گومانکەین پێویستە هەبین. ناتوانین نەبین و گومانکەین. کەواتە هەبوونمان مەرجە بۆ گومانکردنەکانمان.

ئەوی لە ڕێڕەوی دێکارت دا تایبەت بە گومان سەرنجێ زۆری دەخرێتەسەر ئەوەیە ئەم ڕێڕەوە ڕێڕەوێ عەقڵی ئیستنباتییە و بۆ گەیشتنیش بە زانین بەکاردەبرێت. بەپێی ڕێڕەوی دێکارت حەدەس والەئێمە دەکات دەرکبەشتەکان کەین بەس حەدەس بۆ دێکارت ئەو چرکە دەرکپێکردنە عەقڵییەیە لە مرۆڤدا هەیە. هەرئەوەندە زەینی مرۆڤ دەرکی بە شتەکان کرد عەقڵ باوەڕیپێیدەبێ و ئەو شتە لای مرۆڤ دەبێ بە یەقین. ئەمەش وادەکات ئیتر مرۆڤ پێویستی بە حاڵەتی هەستپێکردن نەمێنێ. بەپێی ئەمە بێت دەرکی هەستی نامانگەێنێتە زانین و ئاکامی لۆژیکی، یاخود زانینی هەستی ، دەرکی هەستی، بە ڕاستیمان ئاشناناکات و ئەوی ئەمە دەکات عەقڵە.

هەر تایبەت بە گومانخوازی فەلسەفی گرینگە هێما بۆ ئەو لایەنەش بکەین کە گومانخوازەکان دوو جۆرن. گومانخوازە ڕێڕەویەکان (دێکارت بۆنموونە) و گومانخوازە مەزهەبیەکان ( گۆرگیاس و پرۆتاگۆراس بۆ نموونە). ئەوی یەکەم (واتە : گومانخوازە ڕێڕەویەکان) باوەڕیان بەوەیە کە لەڕێگای عەقڵەوە بە زانین یان بە ڕاستی دەگەن و ئەمەش وەک ڕێگایێ ناڕەها و کاتی تەماشادەکەن و وەک ئامرازێکیش بۆ گەیشتن بە وەڵامێ یەقین. هەرچی ئەوی دووەمە (واتە: گومانخوازە مەزهەبیەکان) پێیانوانییە ڕاستی بوونی هەبێت و یاخود ناشێ بەهۆی عەقڵەوە بکرێ بە زانین یاخود بە ڕاستی بگەین. بەواتاێ تر، سوفستایەکان باوەڕیان بە عەقڵ نەبووە بۆ گەیشتن بە ڕاستی و زۆرتریش جەغتیان لە هەستەکان کردووە و ئەمەش وایلێیان کردووە بۆچوونیان ناجێگیر و ڕێژەی بێت و، گەیشتنیش بە ڕاستیێ ڕەها بە تەقەلاێ پوچ و بێمانا بزانن. هەروەها سوفستاییەکانی یۆنان، گۆرگیاس و پرۆتاگۆراس ، کە مامۆستای ڕەوانبێژی بوونە و ئوستادی یاریکردنیشبوونە بە زمان، هەڵگری ئەم بیربۆچونانەبوونە و کێشەشبوونە لەبەردەم گوماندا و ، لە ڕووبەڕووبوونەوەشدا بوونە لەتەک بیریارانی سەردەمی خۆیانا. بۆنموونە بۆ پرۆتاگۆراس ڕاستی شتێ ڕێژەیی بووە و لەکەسێکەوە بۆ ئەویتر وەک یەک نەبووە و مرۆڤیش لای ئەو پێوانەی گشت شتەکان بووە ، بۆ گۆرگیاسیش مرۆڤ ناکارێ بەڕاستیبگات و گەر پێشیبگات ناتوانێ بیگەێنێتە ئەویتر. هەرچی فەیلەسوفێ وەک سوکراتە، کە دژە جەمسەری سوفستاییەکان بووە، کارێ زۆری بۆئەوە کردووە ناڕاستی ووتنەکانی سوفستییەکان دەرخات و ، تەنانەت سوکرات فەزڵێ زۆریشی بەسەر بیرۆکەی گومانی فەلسەفییەوە هەیە هەر لە دانپیاهێنانەکانیەوە بە نەزانینی خۆی تادەگاتە ڕوونکردنەوەکانی لەمەڕ ڕاستی و خۆناسی. بەڵام تێڕامانەکانی دێکارت لەمەڕ کۆژیتۆ ، لەپاش سەدەکانی ناوەڕاست بەولاوە، فەلسەفەێ گوماناوی هێنایەپێکهاتن بناغەی بۆ تێگەیشتن لەسەر زانین دروستکرد و هەر ئەم فەلسەفەیە کارێواشیکرد فەلسەفەی ڕەخنەی نوێی ڕۆژئاوا لەگەڵ دێکارت بکەوێتەسەرپێ. یەکەم شتیش کە ئەم فەلسەفەیە کردی دابڕانیبوو لەگەڵ بیری تیۆلۆژی ، یاخود مەیلی دێکارت بۆ دابڕانی عەقڵ لە گشت بیرکردنەوەێ کۆن و ڕابردووئامێز. چونکە دێکارت پێیوابوو ئەو دەمەی فەلسەفەدەکەین عەقڵ سەروەردەبێت و فەلسەفەش بەختەوەری هێنەردەبێت بۆ مرۆڤ. ئەمەش وایکرد لەگەڵ دێکارت بابەتی عەقڵ و زانین بۆ بیرمەندانی ڕۆژئاوا بەجۆرێ ببن بە باس کە پرسیاری : چی زانین وەدەستدێنێ؟ ببێ بە پرسیارێ بنەڕەتی. هەر لەو دەمەدا کە کۆژیتۆی دێکارت وەک بناغەێک بۆ گومانسازی فەلسەفی دەرکەوت پرسیاری ئایا کۆژیتۆ دەمانگەێنێ بە باوەڕ بە یەزدان؟ بوو بە پرسیارێ فەلسەفەی دێکارت نەیتوانی فەرامۆشیکات. شوێنی ووتنە، ئەو یەقینەی دێکارت باسیدەکرد دواتر لە فەلسەفەکەیدا لەڕێگای کۆژیتۆکەیەوە کردی بە بناغە بۆ دۆزینەوەی یەزدان. ئەمەش بەپێیئەوەی دێکارت پێیوابوو مرۆڤ لەڕێگای گفتووگۆی کەماڵەوە، کەماڵی مرۆڤ خۆی ، کەماڵی مرۆڤ لەناخی خۆیا، دەگەڕێ بەدووی کەماڵی یەزدان یان بیردەکاتەوە لە کەماڵی یەزدان. چونکە دێکارت لەو باوەڕەدا بوو مرۆڤ دەزانێت یەزدان کامڵە و ئەمەش وایلێدەکات بیر لە کەماڵی خۆشیکاتەوە. دێکارت پێشیوابوو عەقڵ دووچاری خەڵەتان دەبێت گەر یەزدان لە جیهانی دەرەوەمانا بوونی نەبێت. بەس دێکارت جیاوازیشدەکات لەنێوان من بیردەکەمەوە و جیهانی دەرەوە دا.

ئەو تێزەی لایسەرەوەی دێکارت خۆی لەسەر ئەو بناغەیە پێکدەهێنا کە ڕاستگۆی یەزدانی ڕاستگۆیێ پێویستە بۆ مرۆڤ. چونکە بوونی ئێمە بە بوونی یەزدانەوە بەستراوەتەوە. بەبۆچوونی دێکارت دانپیاهێنانی مرۆڤ بە بوونی یەزدان لە جیهانی دەرەکیدا هەنگاوێکە بەرەو یەقین. ئەڵبەتە شت بۆ دێکارت لە هیچەوە ناێ بەڵکو دەبێ شتێک هەبێت تا ئەو شتەی تر ببێت. بۆیە بەکاربردنی عەقڵ بەجۆرێ باش مەرج بووە بۆ دێکارت. لەهەمانکاتدا دێکارت باوەڕی بەوەشبوو تا گومانبکەین یەقینمان زیاددەکات. بۆیە گومانی دێکارت کە بۆ گەیشتن بووە بە یەقین ئەم یەقینە زۆنی گفتووگۆی یەزدانیشی گرتۆتەوە. چونکە دێکارت یەزدانمان بە عەقڵ بۆدەشوبهێنێ. ئەڵبەتە چ عەقل و چش یەزدان بوونێ مادی یان جەستەییان نییە ئەوەی عەقڵ لە یەزدان جیادەکاتەوە ئەوەیە یەزدان سنوورفراوانترە. جێی ئاماژەپێدانیشە گفتووگۆی دێکارت لەسەر عەقڵ و ڕۆح، یان جەستە و مادە ، یان جیاکردنەوەی دەروون لە جەستە لە فەلسەفەی دێکارت مانای خۆی بۆ فەلسەفەی کۆژیتۆی دێکارت هەبووە و ، خودی بابەتی یەزدانیش لە بینینی فەلسەفی دێکارت لەم لایەنەوە دوور نییە چونکە یەزدان لە هزری دێکارت دا سەرچاوەی بوونە هەروەها پارێزەر و مسۆگەرکەری ڕاستیشە. ئەمەو بەپێی تێگەیشتنی دێکارت باشترین ڕێگا بۆئەوەی بزانین ئێمە چۆن بژین پێویستە بزانین : ئێمە کێین؟ ئەو جیهانە چۆنە کە تیایدەژین؟ هەروەها خوڵقێنەری ئەم گەردوونەش کێیە کە تیایدەژین؟ ئەو کاتەش دێکارت قسە لە ماهیەتی فەلسەفە دەکات فەلسەفە لە سێ زانست پێکدێنێ: زانستی خوا، زانستی سرووشت و زانستی مرۆڤ. بۆیە دروستکردنی وێنەێ لە تێگەیشتن لەسەر فەلسەفە و یەزدان هەروەها فەلسەفە و دانای گرینگی خۆی لە فەلسەفەی گوماناوی دێکارت دا بە گەورەی داناوە.

وێرای ئەوی ووترا، سێرکردنی دێکارت بۆ گومان کارێوادەکات فەلسەفە لە لێکۆڵینەوە لە دانای بریتیکات. بەس گرینگە بزانین خودی دانای بۆ ئەم بیرمەندە فەڕەنسییە چی دەگەێنێ؟ دێکارت ئەم داناییە لە سێستەمی گشتی زانین بریتیدەکات و وەک زانستێ هەمەی یەکانگیر تەماشاشیدەکات. ئەمەش وادەکات دێکارت فەلسەفە لە زانستی پرینسیپی گشتی بریتیکات و لەوەش دووریخاتەوە لە هەندێ زانینی پەرت و لابەلا پێکهاتبێت. هاوکات دانای بەقەولی دێکارت بریتیشە لەو زانینەی مرۆڤ دەخوازێ لەسەر جیهان بەدەستیبهێنێ و ، تەنانەت پێیشوایە ئەو زانینە بۆ مرۆڤ پێویستە تا بکارێ کارەکانیخۆی پێمەیسەرکات.

 

سەرچاوەکان:

1.Damasio. A. Descartes misstag. Nature och Kultur 1999. S. 276

2.Grayling. A. C. Scepticism and the Possibility of Knowledge. Continuum. 2010.

3.Harald Thorsrud. Ancient Scepticism. University of California Press. 2009.

4.David White .Philosophy for Kids : 40 Fun Questions That Help You Wonder About Everything! Prufrock Press. 2000 p.2.

5. Curley. E. M. Descartes Against the Skeptics. iUniverse. 1999.

6.Tom Sorell. Descartes: A Very Short Introduction. Oxford University Press. 2001.

7.Marc-Wogau، Konrad. Filosofin genom tiderna – 1600-talet، 1700-talet. Stockholm. Bokförlaget Thales. 1996.

8.Singer. C . Naturvetenskapens historia. Lund: Liber.1984.

9. ، Anthony Kenny. Västerlandets filosofi. Stockholm. Bokförlaget Thales. 2009. 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.