
خوڕه خوڕ.. ئاسوده‌ییم له‌به‌ر ده‌ڕوات …. ئیدریس عه‌لی
ناترسم له ژیان
جونکه تۆ
جار جار
تا به‌رده‌رگای مناڵی خۆتم ده‌به‌یت
جار جار گۆرانییه‌ک هه‌ڵئه‌ده‌یته سه‌ر رێم
گوڵێک ئه‌چه‌قێنی به رۆحما
قسه‌یه‌کی خۆش ئه‌ده‌ی له رووم
له دووره‌وه
خه‌ونێکی دێرینم
ده‌خه‌یته‌وه یاد
به‌یانیه‌کی زوو
خۆرێکی ترم بۆ دائه‌گیرسێنیت
ده‌رگایه‌کی ترم بۆ ده‌که‌یته‌وه و
فێرم ده‌که‌یت
له رێگای هیچ خه‌یاڵێک لا نه‌ده‌م..!
بۆ بترسم له ژیان
که تۆ جار جار
به ناو باخه بجوکهکهتا دهمگێریت
له سه‌ر دار هه‌ناره سهناعیهکه
به ته‌نیشت چۆله‌که به‌ردینه‌کانه‌وه
ههڵمهخهیت،
به زیاده‌وه
له شیرینی شه‌کره قسه‌کانی خۆتم
بهشئهدهی،
له به‌رده‌م زریانه‌کاندا
ئه‌مدیو ئه‌ودیوم پێده‌که‌یت
ناهێڵیت باران
یه‌ک په‌ڵه بخاته رۆحمه‌وه
ناهێڵیت ره‌شه‌با
قژی خه‌یاڵم بشێوێنێ
تاریکی رێگای سه‌فه‌رم لێونکات
ته‌نیایی له شوێنیکی دوور له شیعر
جیمبهێڵیت..
بۆ بترسم
که ده‌زانم تۆ
به موو فه‌رقم ناکه‌یت له‌گه‌ڵ خۆت
به جدی ئاگات له‌دڵم ده‌بێ
تا کۆترێکم نیشان ئه‌ده‌یت
سه‌د ویه‌ک حیساب بۆ جۆری
ئاگادار کردنه‌وه‌م ده‌که‌یت،
بۆ ئه‌وه‌ی به کۆڵانێکی ترما به‌ریت
له پردێکی تره‌وه بمپهرێنیتهوه
لای سێبه‌رێکی فێنکتره‌وه دامنێی
تا ئه‌ژنۆم بۆ لێدان
له ئاوێکی تر پێههڵکهیت
هه‌زار و یه‌ک شێوازی چپه
له‌گه‌ڵما به‌کار دێنیت
هه‌زار ویه‌ک نه‌غمه‌ی هێمن
له گه‌روته‌وه ئهرژێن..
ئیدی وه‌ک جاران ناترسم له ژیان
بۆ بترسم که سوور ده‌زانم تۆ
ئه‌و کاته‌ی خه‌ون له‌سه‌ر خه‌ون ده‌بینی
که له به‌رده‌م ئاوێنهیا ده‌وه‌ستی
که بیر له‌گۆڕینی په‌رده‌که ده‌که‌یته‌وه
که له‌گه‌ڵ پیره چنارێکا وێنه ده‌گری
که هه‌واڵی به‌ربونه‌وه‌ی چۆله‌که‌یه‌کت پێده‌گا
که شنه‌ی ئومێدێک
به له‌نجه‌و لار ئه‌دا لهرووت
که نمه‌ی خه‌نده‌یه‌ک
عه‌یارانه لێوت ته‌ڕ ده‌کا
که ناڵه‌ی مژده‌یه‌ک له‌ناکاو
زریکه به‌رئه‌داته بێده‌نگیت
که ده‌نگێک له ته‌له‌فونه‌که‌وه
به درۆوه پێت ده‌ڵێت:
ببوره ماڵی عه‌تێ خانه؟
که نینۆکی قه‌له‌قیت بۆیه ده‌که‌یت
له‌وکاته‌دا که ده‌نگی رادیۆکه
بۆ باران کز ده‌که‌یت
من ده‌بینی..
بۆ بترسم که دڵنیام
له جامی پاسه‌کانه‌وه
له دوا دێڕی شیعره غهمگینهکانا
له نێوان بێده‌نگی گۆرانیهکانا
له‌وکاته‌دا که ده‌زانیت خۆر
هێنده سه‌رقاڵه
نایپه‌رژێ سه‌ری باخچه بخورێنێ
که گوێت لێیه
نیوه‌ڕۆیه‌کی گه‌رم
مناڵان به‌رد ده‌که‌ن به ناو هه‌وره‌کانا و
باران ههڵئهوهرێنن
که پیاوێک به چه‌ترێکه‌وه ده‌چێته ژێر خه‌یاڵ و
ئیدی بۆ ئه‌به‌د ونده‌بێ
ئه‌و کاته‌ی که خورپه به لێزمه
خۆی ده‌کات به دڵتا
بیر له‌من ده‌که‌یته‌وه.