دایکم و دەریا لە یەک دەچن … خولیا حسێن
دەریا و دایکم لە یەک دەچن،
کە غەریبیی دایکم دەکەم
دەچمە کەنارێکی دەریا
نیگاکانم نوقمی قووڵاییەکەی دەکەم.
لە جوانی و
لە فراوانی و
لە هێمنی دەریادا
جوانی و
هێمنی و
دڵ گەورەیی دایکم دەبینم.
بیرکردنەوە لە نهێنیەکانی دەریا
بیرکردنەوەیە لە نهێنیی
عەشقە ئەبەدییەکەی دایکم
دەریا و دایکم
وەکوو یەکن
هەردووکیان
گوێ لەگمەی کوکوختی گلەییەکانم دەگرن
کۆشیان بۆ فرمێسکەکانم دەکەنەوە
خەمەکانم لە دڵی خۆیاندا هەڵدەگرن و
گرێی نهێنییەکانم لای کەس ناکەنەوە
کە گوێ لە دەریا ڕادەگرم
وادەزانم گوێم لە هۆ دای* خۆم گرتووە
لە گەڵ بیستنی دەنگی شەپۆلەکانی دەریا
قاقای پێکەنینە خۆشەکان،
لای لایە بە سۆزەکان ،
نەغمەی مەقامە حەزینەکان ،
سۆزی سەردوولکە دڵ سووتێنەرەکانی دایکمم بیر دێتەوە.
دەریا وەکوو دایکمە
نە پیس دەبێت نە پیر دەبێت
هەر بە جوانی تا ئەبەد
دەمێنێتەوە
دایکم و دەریا
هەردووکیان بینای چاو و
هەناسەی سییەکانممن
عەرشی دڵیان داگیر کردووم
بە ئارامی لە سەر فەرشی ڕۆحم نوستوون
هۆ دایە گیان
لە دووری تۆ
لە کەنارەکانی دەریای ئەم نیشتیمانە دڵتەڕە
ڕۆژەکانم بەسەر دەبەم
ئەم وڵاتە هیچ شتێکی لە نیشتمانەکەی خۆمان ناچێ
دەریا نەبێ ، وەک ئەشقی تۆ و وەک جوانی تۆ قەت نامرێ !
کە تیشکی خۆر ئاوێزانی دەریا دەبێ
ئەوە تیشکی خەندەکانی دایکمە
لەنێو ڕۆحی ئەو و
لە نێو جاوەکانی مندا
دەشنێتەوە
لەو ساتەدا
دڵم هێشووی خەندە دەگرێ
ڕۆحم قاقا پێدەکەنێ
چاوەکانم هەرچی تیشکی دەریا هەیە دەیان مژێ
کە لە شینی ڕوخسارە ڕوونەکەی دەریا قووڵ دەبمەوە
هێندە دڵخۆش و هێندە ئارام و
منداڵ دەبمەوە
وادەزانم لە ژێر ئاسمانی چارۆکە شینە
ئەفسووناویەکەی دایکم
خۆم شاردۆتەوە
نە عەشق دەمسووتێنێ
نە خۆشەویستی ئازارم دەدا
نە خەم زەفەرم پێ دەبا
نە شەکەتی پێم دەزانێ
نە تەمەن لەگەڵ خۆی دەمبا
نە دۆڕان تێکم دەشکێنێ
نە غوربەتیش دەمگرێنێ
خولیا حسێن / کەنەدا
ئۆگەست ٢٠١٢