Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کۆنگرەی ١٣ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆتایی هات

کۆنگرەی ١٣ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆتایی هات

Closed
by November 9, 2012 گشتی

 

 

کۆنگرەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە لە نێوان ٢٦ – ٣١ ئوکتوبەری٢٠١٢ بەسترا، کۆتایی هات.

سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە هاورێیان چ لە ناوەوە لە ڕۆژهەڵات و چ لە ئوروپا بە هۆی زەحمەتی ڕێگاوە نەیانتووانیبوو ئامادە بن، ٧٩ هاورێی هەڵبژێردراو بۆ نوێنەرایەتی لە کۆنگرە ئامادە بوون. ژمارەی بەشداربووان هەروەها کۆمەڵێک میوان کە زۆرینەیان دەکەونە خانەی هاوڕێ و لەگەڵ ژمارەیەک لە چاودێر، ئامادەبوون.

کۆنگرەی ١٣ پاش جوار ساڵ زیاتر بە سەر کۆنگرەی ١٢ دا بەسترا. لەگەڵ هەموو کەموکورتیەکی کار و خەبات و چالاکیی ئەو چوار ساڵەدا کە دیارە کەوتە بەر قسەوباس و رەخنە و بەخۆدا جوونەوە، هێشتا شایانی باسە کە گەیشتنی کۆمەڵە بە کۆنگرەی ١٣ بریتیە لە کۆی خەبات و چالاکیی هەموو هاورێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سەر تا خوار کە هەرە زۆربەیان خۆبەخشانە و وەفادارانە لەو چوار ساڵەدا بە ئەنجامیان گەیاندووە. لەو ڕووەوە هەموو ئەوانەی لە خەباتی سیاسیی ڕێکخراو تێدەگەن جێی خۆیەتی دەستخۆشیی لەو هاورێیانە بکات و بە بەشێک لە بەهێزکردنی سەنگەری خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان دایبنێت.

لە کۆنگرەی ١٣ دا دەستکەوت بەئەژمار بوون. لەوانە بەرنامەیەکی ئەوڕۆیی و پێشکەوتوو کە بریتییە لە دوو بەش. بەشی یەکەمیان وەڵام بە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دەداتەوە کە بریتیە لە مافی ڕەوای بۆ دیاریکردنی جارەنووسی خۆی تا گەیشتن بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی. هەروەها پەنابردن بۆ ڕیفەراندۆم و ڕاپرسیی گشتیی لە ئەگەری هاتنەئارای ئەڵتەرناتیڤێکی لەو شێوەیە کە دیارە باشترین پراکتیکی دیموکراسیی گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵک خۆیان و پرسیارکردن لێیان کە چ جۆرە چارەسەرێک دەخوازن. بەم شێوەیە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان خۆی خستووەتە مەشقێکی دیموکراسییەوە کە ئامادەیە و دەبێت ئامادە بێت لە پراکتیکدا بیکات و دەبێت هەر لە ئێستاوە ئامادەیی سیاسیی و فکریی لە لای ئەندامان و لایەنگران و خەڵکی کوردستان بۆ مستوەگر بکات.

لە رووی چارەسەری کێشەی نەتەوەییەوە بەرنامەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەروەها دەرگای بۆ چارەسەری فیدراڵیی یان کۆنفیدڕاڵش ئاوەڵە کردووە لە ئەگەری هاتنەپێشی ئەڵتەرناتیڤێکی لەو جۆرە کە نەتەوەگەلی جیاوازی ئێران دڵخوازانە ئامادەی پێکەوە ژیان بن.

بەشی دوو بەشداریکردنە لە خەباتێکی دیموکراتیکی چینایەتیی بە مەبەستی نەهێشتنی شێوەکانی هەڵاواردن و هەژاریی و بێکاریی و کەمدەرامەتیی و شێوەکانی دیکە لە چەوسانەوە لە ڕێگای ڕیفۆرمی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و بە هەوڵدان بۆ بەشداریکردنی هەرچی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکە لەو ڕیفۆرمانەدا. ڕیفۆرمەکان دەبێت هەموو کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بگرنەوە، هەر لە ئینفەراسترکتور تا دەگات بە خوێندن و پەروەردە و بارهێنان و پیشە و هتاد. هەروەها هەوڵدان بۆ بەپیشەسازیکردنی کۆمەڵگای کوردستان و بردنی ڕووبەڕووی بەرهەمهێنان و پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ. شایانی باسە کە نوێنەرانی خاوەن دەنگ تێکڕا دەنگیان بە بەم بەرنامەیە دا و پەسەندیان کرد.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەو کۆنگرەیەدا هەروەها پێڕەوێکی ناوخۆی خستە دەنگدانەوە کە لە گەلێک رووەوە زیاتر ڕوونە و شایانی باسە ئاماژەیان پێ بکرێت. لەوانە کەمکردنەوە و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی نیپۆتیزم و خزموخزمگەریی، ڕەواندنەوەی دەسەڵاتی سیاسیی و بڵاوکردنەوەی بەرپرسیاریی زیاتر و زیاتر بەرەو خوار، شەفافیەت و ڕوونیی سیاسیی و ماڵیی، خۆئامادەکردن بۆ پەروەردەیەکی سیاسیی شایانباس کە وەڵامی سەردەم و ئێستای کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بداتەوە، هاسانکردنی لێپرسینەوە و پەیگیریی و هەڵسەنگاندنی کار لە سەرەوەی ڕێکخستندا، هەوڵدان بۆ زیاترکردنی هەواکێشیی دیموکراسیی و دیالۆگی ئاشکرا و کۆتایی هێنان بە شێوەگەل لە قسەوباسی ناسیاسیی و ناڕوونیی دەرەوەی رێکخستن. هەروەها هاسانکاریی بۆ ناسینەوە و پیادەکردنی پرینسیپ و دیسپلینی حیزبیی.

یەکێکی دیکە لە کاری باشی کۆنگرەی ١٣ کردنەوەی دەرگا بوو لە سەر دیالۆگی ڕوون و ڕاشکاو و ناوبردنی شت بە ناوی دروستی خۆی. هەروەها بەشداریکردنی میوانان بوو لە باسەکاندا بە شێوەیەکی دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە کە شایانی ڕێز و پێزانینن. لەو بارەوە گرینگە هاوڕێیان و لایەنگرانی کۆمەڵە لە سەر کۆکردنەوە و راگرتنی هەموو ئەو بەرێزانە بەردەوام بن کە خۆبەخشانە لە پرۆسەی سیاسییدا بەشدارن. هەبوونی ئەوان ئاستی سیاسیی بە بەرچاوەوە دەبەنە سەر. هەر لەو بارەوە هەوڵی هەموو هاوڕێیان لە بەشە جیاوازەکانی خزمەتگوزاریی و ئاسایش و بەڕێوەبردن و میواندارییدا جێی سپاس و ستایش و وەڵامدانەوەی دروستە.

لە کۆنگرەدا ژمارەی ١٩ نوێنەری کۆنگرە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و ٦ نوێنەر بە ئەندامی جێگر هەڵبژاردرا. لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆبوونەوەی ناوەندییدا ڕۆژی ١/١١/٢٠١٢ بە تێکڕای دەنگ هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە وەک سەرۆکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵە تا کۆنگرەی ١٤ هەڵبژێردرا. شایانی باسە لە پلونۆمی یەکدا بڕیاردرا کە هەڵبژاردنی کۆمیتەی کارگێڕیی ”هەیئەتی ئیجرایی“ بخرێتە پلونومی دوو. لەو بارەوە پێوەیستە بگوترێت کە هەوڵ دەدرێت کۆمیتە جیاوازەکانی کار هەرچی زووترە بکەونە کار.

لە کۆتاییدا سپاسی هەموو ئەو هاورێیانەی کۆمەڵە دەکەم کە لە یەکگرتنی هەردوو کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا چالاک بوون و ئەوانە کە هەر لە سەرەتاوە پێیان وابوو کارێکی لەو جۆرە شیاوە و زوو ترسیان لە دڵدا ڕەوایە و بڕووایان بە کاری هاوبەش بوو. هەروەها سپاسی هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە سەرەڕای هەموو زەحمەت و کۆسپێک کە هەندێکیان فاکتەری مرۆڤ لە پشتیەوەن، هەر لە سەر پرۆسەی یەکگرتن سوور و جەسوور بوون و تەنانەت لە ڕۆژانی کۆنگرەشدا لە سەر کار و خەباتی خۆیان بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵەیەکی بەهێزتری زەحمەتکێشانی کوردستان بەردەوام بوون.

لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەم هەلە بقۆزمەوە کە بە هاوڕێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕابگەیەنم کە ڕێگای ئێمە بۆ بردنەوەی دڵی هەموو ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا خەباتیان کردووە و ئێستا کاری ڕێکخراوەیی ناکەن هێشتا هەر دژاوارە و پێویستە بە دڵسۆزیی و چالاکیی و ڕاستگۆیی و ڕاشکاویی سیاسیمان ئەو دڵانە ببەینەوە. هەروەها کە خەباتی ناو جۆرەکانی کۆمەڵە دەبێت ببێت بە خەباتی هاوڕێیانە و هاوسەنگەرانە و ڕاشکاو و ڕاستگۆیانە و فەزای دڵکرێمبوون و گومان و خۆدوورگرتن لە یەکتر بەجێبهێڵێت، کە میچی قسەوباس بڵند و سنووری تۆلەرانسی سیاسییمان تا دەکرێت بەرفراوان بێت. کە ململامێی ئێمە دەبێت لەگەڵ بە چەند کەسانێک بێت کە دیار و بەرجاون، ئەوانەی کە دەیانەوێت ناڕۆشنی سیاسیی و دووڕوویی و سێڕۆیی سیاسیی و سازشی بێپەروا لەگەڵ جۆرەکانی سەڵتەنەتیی و ئاخوندەیی و هتاد بکەن بە کولتوریی حیزبیی و بە تایبەتیی بە فەرهەنگی کۆمەڵە. 

سەبارەت بە ئەم سێ ساڵەی خەباتمان تا بە کۆنگرەی چواردە دەگەیەن هاورێیانی ئێمە هەروەها دەبێت بزانن کە هەوڵدان بۆ بەیەککردن و ڕێکخستنی ماڵی کورد لە رۆژهەڵات ئەرکی سەرشانی یەکەمینی ئێمەیە. هەوڵدان بۆ هاوکاریی و هاوسەنگەریی و هاودەنگیی لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کە بە قسە و بە کردەوە لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستاندا بەشدارن ئەرکی گرینگ و بەرجاوی سەرشانمانە. هەروەها تێگەیشتن لە بەرنامە و کارکردن بە پێی پێڕەوی ناوخۆ و پشت بەستن بە خۆمان و بە توانای خۆمان و بە هێزی لە بننەهاتووی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەبێت هەوێنی کار  و خەباتمان بێت، و دەبێت بڕووابوون بە ئینێرژی زۆر و بێکۆتایی کچان و کوڕانی کورد لە بەشدارییان لە خەباتی ئازادیخوازیی خۆیاندا تێکەڵ بە هەموو هەناسەیەکمان بێت.

پشتگیریی ئێمە لە خەباتی ئازادیخوازانەی بەشەکانی دیکەی کوردستان و پرینسیپی دەستتێوەرنەدان دەبێت بەردەوام بێت. لێرەوە هیوای سەرکەوتن بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و بۆ خەباتگێرانی باکوور دەخوازین و لەگەڵیاندا بەشدارین، ئەو خەباتگێرانەی ئێستا لە زیندانەکانی تورکیای داگیرکەردا بەرەو مەرگ ڕێ دەپێون چون دەیانەوێت کەڵ بژین نەک سەرنەوی.

سپاسی هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە لە پرۆسەی کۆنگرە و قسەوباس و دەنگداندا بەشدار بوون بە هەموو شێوەکان لە ”بەڵێ“، ”نەخێر“ و ”هیچ“ ـەوە، هەروەها هەموو ئەو هاورێیانەی بە کاری جیددی و بە تێگەیشتنی بەرزی سیاسیی خۆیان کۆنگرەیان سەر خست.

دڵنیام خەباتی سێ ساڵی ئاییندە سەنگی مەحەک دەبێت بۆ خۆڕاگریی و بەرگەگریی ئەم پارتە کە هەموو پێکەوە دەمانەوێت لە سەرخستنی خەباتی نەتەوەیی ڕەوامان و لە خەباتی دیموکراتیانەی چینایەتییماندا نەخشی بەرجاو و دیاریی هەبێت.

سەرکەوتوو بن، سپاس بۆ هاوپشتان و هاوسەنگەران و هاوسۆزان لە هەر کوێیەک هەن

ڕێبوار ڕەشید

٤/١١/٢٠١٢

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.