Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
بۆچی وه‌رگێڕان؟ … سه‌باح ئیسماعیل

بۆچی وه‌رگێڕان؟ … سه‌باح ئیسماعیل

Closed

 

 

چه‌ندێك له‌سه‌ر وه‌رگێڕان قسان بكرێت و بخوێنینه‌وه‌، ئه‌وجا پێده‌زانین تاچ ڕاده‌یه‌ك ئه‌م هونه‌ره‌ مه‌زنه‌ پشتگوێ خراوه‌ و هێند به‌گرینگ نه‌زانراوه‌. مخابن، تاكو ئێستا ئه‌و كتێبانه‌ی له‌سه‌ر هونه‌ری وه‌رگێڕان به‌كوردی هه‌ن، له‌ په‌نجه‌كانی ده‌ستێك تێپه‌ڕ ناكه‌ن، ئیدی گه‌ر وابێت به‌چ پێوه‌رێك ئه‌و هونه‌ره‌ مه‌زنه‌ لای ئێمه‌ زانستییانه‌ و لۆژیكییانه‌ گه‌شه‌ بكات و ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ببینێت؟!

ئه‌وه‌تا وای لێهاتووه‌ هه‌ر بابایه‌ك و زمانێك بزانێت، یا ده‌ستی قه‌ڵه‌م ده‌گرێَت، یاخود به‌قه‌ولی نووسه‌رێك، كانیی داهێنانی چك ده‌هێنێت، ده‌ست بۆ وه‌رگێڕان ده‌بات.

 شاعیر، چیرۆكنووس، ڕه‌خنه‌گر…. به‌پاڵ كاری نووسینی خۆیانه‌وه‌، جار جار وه‌ك ده‌ستبه‌تاڵییه‌ك كاتی خۆیان به‌سه‌رقاڵی به‌وه‌رگێڕانه‌وه‌ ده‌به‌نه‌ سه‌ر! بێ ئه‌وه‌ی بزانن به‌ڕاستی ده‌ستیان بۆ ئاگر بردووه‌، یا ڕاستتر گه‌مه‌یان به‌ئاگر كردووه‌. ئیتر به‌لایانه‌وه‌ گرینگ نییه‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌یان له‌ دووه‌مین یا سێیه‌مین زمانه‌وه‌ بێت، یا چۆن ده‌بێت، ئه‌وی به‌لایانه‌وه‌ گرینگ بێت وه‌رگێڕانه‌.

ئه‌وانه‌ كاتێك ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن به‌وه‌ نازانن هه‌ڵبژاردنی ژانرێك ئاتاجی زانیارییه‌كی زۆره‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی ده‌یه‌وێت وه‌ری بگێڕێت، هاوكات گه‌مه‌كردن له‌ناو زماندا و یاری كردن به‌وشه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی وه‌رگێڕ بۆ پتر په‌یداكردنی زه‌خیره‌كانی زمان و زانیاری، ده‌بێت به‌رده‌وام بخوێنێته‌وه‌ و لاپه‌ڕی فه‌رهه‌نگه‌كان ئه‌مدیو و ئه‌ودیو بكات و به‌دووی وشه‌دا عه‌وداڵ بێت، ئه‌گینا كانیاوی وشه‌ و زاراوه‌ی چك ده‌هێنێت و به‌یه‌كجاری هیشك ده‌كات.

وه‌رگێڕان، گه‌ڕانه‌ به‌دوای به‌رهه‌می ناوازه‌ی میلله‌تانی تر و گه‌یاندنییه‌تی به‌ئێمه‌، كرانه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌ به‌ڕووی كلتوور و ئه‌ده‌بی میلله‌تانی تردا و ته‌كاندانه‌ به‌ئه‌ده‌ب و كلتووری كوردی له‌ ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت خاڵی یه‌كه‌می سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستهێنانی وه‌رگێڕان هه‌ڵبژاردنه‌، هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی چی وه‌ربگێڕین؟

وه‌رگێڕ شاره‌زایی له‌و بواره‌دا نه‌بێت، كه‌ له‌سه‌ری وه‌رده‌گێڕێت بابه‌تێكی سه‌ركه‌وتووش هه‌ڵنابژێرێت. ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وا ته‌نیا وه‌رگێڕانی كردووه‌ له‌پێناو وه‌رگێڕاندا. 

هه‌وێنی شیعری كوردیی ئه‌مڕۆ شیعره‌كانی جزیری و خانی و مه‌وله‌وی و نالی و شێخ ڕه‌زا و گۆران و ئه‌وانی ترن. له‌ هه‌مان كاتدا به‌بۆنه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌ هه‌وێنێكیان له‌ خه‌یام و حافز و فیرده‌وسی و پۆشكین و نازم حیكمه‌ت و ئه‌دۆنیس و ئه‌لیۆت و مایكۆفسكی و واڵت وێتمان و ده‌یان شاعیری تریان تێدایه‌. ئه‌وه‌ وه‌رگێڕانه‌ ناهێڵێت له‌ سنووری ئه‌ده‌به‌كه‌ی خۆماندا قه‌تیس بمێنین و مراوه‌حه‌ بكه‌ین.

پێشكه‌وتووترین و ڕۆشنبیرترین میلله‌تانی دنیا ئه‌وانه‌ن، كه‌ له‌ قۆزاخه‌ی ئه‌ده‌به‌كه‌ی خۆیاندا خۆیان گرمۆڵه‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو پتر بایه‌خ به‌وه‌رگێڕان ده‌ده‌ن و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، دیاره‌ ئه‌و میلله‌تانه‌ به‌زیندوویی ده‌مێننه‌وه‌، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌ سوود له‌ ئه‌ده‌ب و زانست و ئه‌زموونی میلله‌تانی دیكه‌ ده‌بینن و به‌رده‌وام به‌دوای كه‌ره‌سته‌كانی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدانی كلتووری خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن. چونكه‌ گۆڕان مه‌رجه‌ بۆ مانه‌وه‌ و پێشكه‌وتن. میلله‌تی كوردیش چونكه‌ میلله‌تێكی تازه‌ له‌سه‌ر پێ وه‌ستاوه‌، تابڵێی ئاتاجی به‌كوردی كردنی كلتووری میلله‌تانی تره‌، به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوه‌ هه‌ڕه‌مه‌كییه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

مه‌رجه‌ پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان به‌به‌رنامه‌ بكرێت و بكرێته‌ كاری ده‌زگه‌یی، واتا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی دامه‌زراوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تایبه‌ت به‌وه‌رگێڕاندا بێت و ڕێگه‌ نه‌دات هیچ وه‌رگێڕانێك به‌ژێر سانسۆری هونه‌ریی لیژنه‌كانیدا تێنه‌په‌ڕێت. مه‌رجیشه‌ ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ ته‌نیا كه‌سانی زمانزان و شاره‌زا و پسپۆڕ له‌خۆ بگرێت. تاكو گه‌ر كتێبه‌ وه‌رگێڕاوه‌كه‌یان په‌سه‌ند كرد، ئه‌وا مافی وه‌رگێڕیش بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هانده‌رێك و بتوانێت له‌سه‌ر وه‌رگێڕاوه‌كانی بژێت.

با ئه‌مه‌ پێشه‌كییه‌ك بێت بۆ قسه‌كردن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر وه‌رگێڕان بۆ زمانی كوردی، یاخود له‌ كوردییه‌وه‌ بۆ زمانه‌كانی تر…. به‌هیوام وه‌رگێڕه‌كان قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكه‌ن و بكۆشن پێڕه‌و و پرۆگرامێكی زانستیی بۆ داڕێژن.

 

Ojeen_sabah@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.