
ژیان به ریتمی خێرا … 1
گه‌شتێكی ناڕۆژنامهوانی بۆ ئورمیه و ته‌هران
له نێوان رۆژانی (12-10) تا (23-10-2012)، واتا نزیكه‌ی یازده ڕۆژ، خۆم و خێزان و منداڵه‌كه‌م ڕێمانكهوته كۆماری ئیسلامی ئێران و به تایبه‌تیش هه‌ردوو شاری (ئورمیه) و (ته‌هران)، له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ئه‌م جۆره سه‌فه‌ره زۆر بووه و به قه‌ولی هه‌ولێریان گوته‌نی ئێستا ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ده‌وروبه‌رمان بوونه‌ته (ته‌یراوه)، به‌ڵام جگه له قسه‌ی سه‌رزاران، كه‌مترین كه‌س به نووسین ئه‌م سه‌فه‌رانه‌ی خۆیان گێڕاوه‌ته‌وه، من حه‌زم كرد ئه‌و سه‌رنجانه‌ی له‌و سه‌فه‌ره‌دا لام دروست بوون، بیانخهمهسهر كاغه‌ز، گومانیشم له‌وه نییه كه ئه‌و كه‌سه‌ی یه‌كه‌مجاری بێت و بیه‌وێ سه‌ردانی ئێران بكات، سوود له‌م گه‌شتنامه‌یه ده‌بینێ.
به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌بێ ئاماژه به‌وه بده‌م كه ئه‌و سه‌ردانه‌ی من، سه‌ردانێكی رۆژنامه‌وانی نییه، سه‌ردانێكیش نییه بۆ گه‌شتوگوزار و گه‌ڕان به شوێنه كه‌لتووری و مێژووییه‌كانی ئه‌و شارانه‌ی بۆیان چووم، به‌ڵكو سه‌ردانی نه‌خۆشێكه بۆ لای پزیشك و حه‌كیمێكی دووره‌وڵات، كه هه‌ست ده‌كات ره‌نگه چاره‌سه‌رییه‌كانی له‌وێ بن، له‌وێوه، له‌ناو پزیشك و بازاڕ و قه‌ره‌باڵغی جاده و شه‌قامه‌كانه‌وه سه‌رنجه‌كانم ده‌نووسمه‌وه و ئه‌وه‌ی بینیوومه و بیستوومه ئه‌وه ده‌خه‌مه‌ڕوو، به‌ڵام یهكدوو رۆژێكیشم بۆ گه‌ڕان ته‌رخان كرد.
(غرورییه).. سه‌ره‌تا وایان پێده‌گوتم، ده‌یانگوت تۆش (مه‌غرور) بووی و لێره چاره‌سه‌ریی وه‌رناگری، به‌ڵام من خۆم ده‌ردی خۆمم باش ده‌زانی، له ته‌مه‌نێكی زووه‌وه تا ئێستا گوێم دێشێ و ساڵانه به لایه‌نی كه‌مه‌وه سه‌ردانی دوو پزیشك ده‌كه‌م، هه‌رجاره و جۆرێك قسه‌م پێده‌ڵێن و عه‌لاگه‌یه‌ك داوودهرمانم پێده‌ده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌م چاره‌سه‌ر كرابێ. یارای كچیشم كه ته‌مه‌نی سێ ساڵه، له كاتی له‌دایكبوونییه‌وه تا ئێستا هه‌ناسه‌ی ته‌نگ ده‌بوو و گه‌رووی ئه‌ستوور ده‌بوو، له‌و پزیشك بۆ ئه‌و پزیشكمان ده‌برد سوودی نه‌بوو، یه‌كێك ده‌یگوت: كه‌پووی ته‌سكه و خۆی چاك ده‌بێ، یه‌كێك ده‌یگوت بچووكه، كه گه‌وره‌تر بوو ده‌بێ نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بكه‌ی، ئه‌وه‌ی دیكه ده‌یگوت: ده‌بێ به‌یانی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بكه‌ی و زیاده‌گۆشت له‌ناو كه‌پووی هه‌یه، پزیشكه‌كه‌ی دیكه له‌سه‌ری خۆی ده‌دا و ده‌یگوت: ئێوه چ دایك و باوكێكی بیڕهحمن منداڵَێكی دوو ساڵ و نیویی ده‌خه‌نه به‌ر چه‌قۆی نه‌شته‌رگه‌ری و…. هیچ یه‌كێكیش له‌و پزیشكانه، به بێ داووده‌رمانیان نهدهناردینهوه و ده‌یانگوت: ئه‌م ده‌رمانانه به‌كار بێنن بزانین چۆن ده‌بێ؟!! بۆیه ئه‌مجاره كه ده‌رده‌كه‌ی هه‌ردووكمان هاته‌وه، بڕیارمدا یه‌ك ده‌نكه حه‌بیش لێره وه‌رنه‌گرین و ئه‌و سه‌فه‌ره بكه‌ین، به گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رد و نه‌خۆشییانه، مه‌به‌ستمه باسی فه‌وزای بارودۆخی ته‌ندروستی ئێره بكه‌م و باسی ئه‌وه بكه‌م كه نه‌خۆش له‌م وڵاته چه‌نده به‌دبه‌خته و دواتریش به‌راوردی بكه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وێ.
واده‌ی سه‌فه‌ره‌كه هات.. لێره‌وه چووینه سه‌ر سنوور و له‌وێ ئاوابووین.. سواری ئه‌و ئۆتۆمبێڵه بووین كه پێشتر به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیمان پێوه كردبوو و چاوه‌ڕێی ده‌كردین، خانه (پیرانشار)، یه‌كه‌م شوێن بوو له‌و وڵاته كه پێی گه‌یشتین، به‌ر له هه‌موو شتێك، به شوفێرهكهم گوت: با هه‌ندێ پاره بگۆڕینه‌وه.
دوای پاره گۆڕینه‌وه‌كه، كابرای پارهگۆڕهوه، پاره ئێرانییه‌كه‌ی پێدام و گوتی: بیانژمێره، كه پاره‌كه‌م وه‌رگرت سه‌رم لێ‌شێوا، نه‌مده‌زانی چه‌نده و چۆنه و چۆنی بژمێرم، ئه‌وان به تومه‌ن قسه‌یان ده‌كرد و سه‌یری پاره‌كه‌م كرد هه‌مووی ریالی له‌سه‌ر نووسراوه، شوفێره‌كه لێی وه‌رگرتم، بۆی ژماردم و گوتی: ته‌واوه.. منیش هه‌ر سه‌رم دێنا و ده‌برد. پارهگۆڕهوهكه پێكه‌نی و گوتی: وه‌ڵا باوكم تۆ دوو مانگی دیكه‌ش لێره بی سه‌رت له پاره‌ی ئێرانی ده‌رناچێت. ئه‌مه دوودڵی كردم، شوفێره‌كه گوتی: نا ئاسانه، با بڕۆین من پێتی ده‌ڵێم چۆنه، كه رۆیشتین له رێگا پێی گوتم: كاكه ئه‌م پاره‌یه ده‌بینی كه ریالی له‌سه‌ر نووسراوه؟
– به‌ڵێ.
– سفرێكی بگره ده‌بێته تومه‌ن، مامه‌ڵه‌ی ئێرانی هه‌مووی به تومه‌نه، هه‌مووشی ریالی له‌سه‌ر نووسراوه، ده‌بێ ئه‌وه بزانی، واتا پاره‌ی بیست هه‌زار ریالیی، دوو هه‌زار تومه‌نه، په‌نجا هه‌زاریی پێنج هه‌زار تومه‌نه و به‌مشێوه‌یه… دیاره پاره‌ی ئێرانیش به هۆی خراپی دۆخه ئابوورییه‌كه‌یه‌وه (وه‌كو پاره‌ی عێراق) رێژه‌یه‌كی زۆری سفری تێدایه و به‌هاكه‌ی نزمه.
داوام له شوفێره‌كه كرد له شوێنێك لابده‌ین و نان بخۆین، له چێشتخانه‌یه‌ك لاماندا، لێره ئه‌وه‌نده به خراپی باسی خواردنی ئه‌وێیان بۆ كردبووین، ئێمه زۆر ده‌ترساین و خۆمان بۆ برسێتییه‌كی گه‌وره و پڕكردنه‌وه‌ی برسێتی به بسكیت و شتی دی ئاماده‌كردبوو، خواردنه‌كه‌مان بۆ هات، راستییه‌كه‌ی به‌وشێوه‌یه ناخۆش نه‌بوو كه باسیان كردبوو، ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه بووبێ ئێمه چاوه‌ڕێی ناخۆشترمان ده‌كرد. دوای نانخواردن كه‌وتینه ڕی به‌ره‌و ئورمییه (ره‌زاییه)، ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگا، شنۆ و دۆڵی قاسملۆ و گوندی قاسملۆیه، ئه‌م ناوچه‌یه ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری خۆشه، له ده‌ڤه‌ری قاسملۆوه تا نزیك شاری ئورمیه دره‌ختی سێ‌و ریز بووه و سێ‌و له‌سه‌ر یه‌ك كه‌ڵه‌كه كراوه، به‌ناو سێواندا ده‌گه‌یته ئورمییه.
ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا، به ده‌ربڕینی ئه‌وان (ئازه‌ربایجانێ غه‌ربی) كه سه‌نته‌ری پارێزگاكه‌ی ئورمیه‌یه و خه‌ڵكه‌كه‌ش (ره‌زاییه)ی پێ ده‌ڵێن، كه دیاره ناوی كۆنی ئه‌م شاره‌یه، شارێكی دڵڕفێن و خۆش و كراوه‌یه، (85%)ی دانیشتوانی ئورمیه توركن و (10%)یش كوردن و رێژه‌كه‌ی دیكه‌ش ئاشووری و ئه‌رمه‌نین، شاره كوردییه‌كانی پیرانشار و سه‌رده‌شت و مهاباد و شنۆ و بۆكان.. سه‌ر به‌م پارێزگایه‌ن.
یه‌كه‌م شت له‌و پارێزگایه رووبه‌ڕووی بووینه‌وه زمان بوو، له‌وێ زانیم كه نه‌زانینی زمان كێشه‌یه، به‌ڵام رێگریش نییه، ئه‌وان زۆرینه‌یان توركن، به‌ڵام هه‌موویان فارسی ده‌زانن و هه‌ندێكیشیان ئینگلیزی ده‌زانن، تاك تاكه كوردیشیان تێدایه، بۆ هه‌ر كار و مامه‌ڵه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر فارسیت بزانیبا كێشه‌ت نه‌بوو، من جگه له كوردییه‌كه‌ی خۆمان، نه توركی، نه فارسی، نه ئینگلیزیم ده‌زانی، به‌ڵام بۆ مامه‌ڵه و كڕینی پێویستی رۆژانه، كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆم نه‌هاته‌پێش، چونكه گرنگترین شت كه پێویسته له مامه‌ڵه‌كردندا بیزانی ژماره‌كانه، ژماره‌ی فارسییش وه‌كو ژماره‌ی كوردییه، هه‌روه‌ها زمانی فارسی له‌گه‌ڵ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی وشه‌ی هاوبه‌شیان زۆره، ئه‌مه‌ش كاره‌كه‌ی ئاسانتر كردبوو، هه‌ڵبه‌ت بۆ كاری گرنگیش پێویستیت به وه‌رگێڕ ده‌بێ.
له‌وێ له هوتێل ئانا دابه‌زین، كه زۆرێك له كوردان له‌وێ داده‌به‌زن، ده‌بوو شه‌و و رۆژێك له‌وێ چاوه‌ڕێ بكه‌ین تا كاتی دیاریكراوی فڕۆكه‌كه دێت و ده‌مانگه‌یه‌نێته پایته‌خت. ئه‌و شوفێره‌ی ئێمه‌ی له سنووره‌وه گه‌یانده ئورمیه، كاروباری بلیتی فڕۆكه‌ی بۆ ته‌واو كردبووین، بۆ رۆژی دواتر بڕیاربوو كاتژمێر نۆی شه‌و ئێمه سواری فڕۆكه‌كه بین.
له كه‌یفی شوێن و شاری نوێ، ماندووبوونی رێگه‌مان بیرچووه‌وه، بۆیه له هوتێل هاتینه خواره‌وه و به ده‌وروبه‌ری هوتێله‌كه‌دا گه‌ڕاین، به‌ڵام له شه‌واندا ئه‌وان تا دره‌نگ نامێننه‌وه و له ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ده تا یازده هه‌موو دوكانه‌كان داده‌خرێن، بۆیه ئێمه زۆربه‌ی ئه‌وه‌ی دیمان، خه‌ڵكی سه‌رشه‌قام و ئۆتۆمبێلی زۆر و دوكانی داخراو و تاك تاكه دوكانی كراوه بوون. بۆ به‌یانی پیاسه‌یه‌كی تری بازاڕه‌كانی ئه‌و دهوروبهرهمان كرد، پاشان واده‌ی ئه‌وه‌هات بۆ فڕۆكه‌خانه بهڕێكهوین.. كه‌لوپه‌له‌كانمان باركرد.. چووین بلیته‌كانی فڕۆكه‌مان وه‌رگرته‌وه، ته‌ماشامان كرد كاتژمێر نۆ و پازده خوله‌كی له‌سه‌ر نووسرابوو نه‌ك نۆ، به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه چووین. یه‌كه‌مجارمه بچمه ناو فڕۆكه‌خانه، جانتا زیاده‌كانمان ته‌سلیم كرد، خواحافیزیمان له شوفێره‌كه كرد و كاته‌كه هات.
كاتژمێر نۆ و پازده خولهك، بۆ یه‌كه‌مجار به فڕۆكه له زه‌وییه‌وه بۆ ئاسمان به‌رزبوومه‌وه. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی منی بردبووه ئه‌م وڵاته ئێش و ئازاری گوێ بوو، پێشتر به منیان گوتبوو، له كاتی فڕینی فڕۆكه گوێت دێشێ، به‌تایبه‌تیش بۆ منێك كه ئه‌وه حاڵی گوێمه، ده‌بێ چیم به‌سه‌ر بێ، له كاتی ورده ورده به‌رزبوونه‌وه‌ی فڕۆكه، چاوه‌ڕێی ئه‌وه بووم كه ئاخۆ كه‌ی ئازاری گوێم هاوارم لێههڵدهستێنێ، تا داگیرسانه‌وه‌ی گلۆپه‌كان و له‌نگه‌رگرتنی فڕكهكهش من هه‌ر له‌و چاوه‌ڕوانییه‌دا بووم، به‌ڵام هه‌ر هیچ نه‌بوو. سواربوونی فڕۆكه بۆ من ئه‌و ترسه‌ی نه‌بوو كه هه‌ندێك باسیان ده‌كرد، ده‌شێ له‌به‌ر ئه‌وه بووبێ كه چاوه‌ڕێی گوێ ئێشانم كردووه و ئاگام له ترسه‌كه نه‌بووه.. دوای نزیكه‌ی كاتژمێرێك، كوژانه‌وه‌ی گڵۆپه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی ئافره‌تێك به فارسی له مایكڕۆفۆنی فڕۆكه‌كه، كه ئاماژه بوو بۆ نزیكبوونه‌وه و گه‌یشتنمان، دیسان ترسی ئه‌وه‌م لا دروست بوو كه ڕه‌نگه گوێ ئێشانهكه له نیشتنه‌وه بێ نه‌ك له به‌رزبوونه‌وه، دیسان چاوه‌ڕوانییه‌كه ده‌ستی پێكرده‌وه، فڕۆكه‌كه نیشته‌وه و گوێئێشانیش نه‌هات. ته‌له‌فۆنم بۆ كاك (جه‌لیل) كرد كه له‌وێ چاوه‌ڕێی ده‌كردین، ده‌بوو ئه‌و له‌و چه‌ند رۆژه‌ی له ته‌هران ده‌مێنینه‌وه، خۆی و ئۆتۆمبێڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵمان بێ، هه‌م بۆ وه‌رگێڕان و هه‌م بۆ راییكردنی كاره‌كانمان له پزیشك و گه‌ڕان. ژوورێكی له هوتێلی (ته‌هران دۆرسا) بۆ گرتبووین، چووینه هوتێله‌كه، به‌یانی له هوتێل هاتینه خواره‌وه و ئه‌و ده‌وروبه‌ره گه‌ڕاین، هه‌ندێ سیمای تههرانمان به‌دی كرد، له‌وانه‌ش: قه‌ره‌باڵغی و خێرایی و زۆری ئۆتۆمبێڵ و ماتۆڕ و هه‌ڵواسینی نرخ له زۆربه‌ی دوكانه‌كان و له‌سه‌ر زۆربه‌ی شته‌كان. دوو رۆژ دواتر چووینه هوتێلی (رازی) تا كاتی هاتنه‌وه له‌وێ ماینه‌وه.
سه‌نگه‌ر زراری
sangarzrary@gmail.com