له‌باره‌ی نووسینه‌وه … ئارام شێخ وه‌سانی
نووسین له‌نێوان پامۆك و لۆرانسدا…..
په‌یڤین و نووسین له‌باره‌ی نووسین، كرده‌یه‌كی ته‌واو وابه‌سته‌یه به خوده‌وه. ئه‌وه‌ی زۆر كه‌مه‌ندكێشه له‌و بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌یه كه ئه‌م نووسینه خۆیشی له‌ناو بازنه‌ی بابه‌تی ئه‌م نووسینه‌دایه. ده‌مه‌وێت به چه‌ند سه‌رنجێكی خیراو ڕۆشن له‌باره‌ی نووسینه‌وه بدوێم. من ئه‌گه‌رچی زۆر ڕاماوم له‌و بابه‌ته، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م سوودێكی ئه‌وتۆ له‌و ڕامانه ناگاته به‌رانبه‌ر، به‌ڵكو ته‌نها دنیا‌و ڕوانینی تایبه‌تی من به‌سه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌دا په‌خشبووه. به مانایه‌كی دیكه ئه‌وه بۆچوونێكی تایبه‌تی منه و هه‌موو ئه‌وانه‌یشی، كه ده‌نووسن خاوه‌نی بۆچوونی خۆیانن له‌باره‌ی نووسینه‌وه. هه‌رچه‌نده له‌نێو ئه‌دیب و نووسه‌راندا ئه‌و پرسه زۆر ڕووبه‌ر بڵاوه، به‌ڵام وه‌ك مه‌ته‌ڵێكی فره وه‌ڵامو وه‌ڵام بزر، تاكو ئێسته ماوه‌ته‌وه. لێره‌وه هه‌وڵده‌ده‌م چه‌ند سه‌رنجێكی بچكۆله له‌و باره‌وه بخه‌مه ڕوو.
زۆرن ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له‌باره‌ی نووسینه‌وه قسه‌یان كردووه، لێره‌شدا ئامانجمان نییه هه‌موو ئه‌و ڕستانه دواییه‌ك بخه‌ین و بیان نووسینه‌وه، به‌ڵكوو گه‌ره‌كمه چه‌ند ڕسته‌یه‌كی سه‌رنجكێشی چه‌ند نووسه‌رێك به‌رباسبده‌م و مه‌به‌سته‌كه‌م بگه‌یه‌نم. یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی، كه به بۆچوونی من له ته‌مه‌نێكی زوودا گه‌یشته ترۆپكی چێژی نووسین و له ئیستایشدا به‌رده‌وام ده‌نووسێت و ده‌نووسێت، پامۆكی ڕۆماننووسه، بۆیه مه‌یلم لێیه له‌باره‌ی پامۆكه‌وه بنووسم، چونكه ئه‌و ته‌واو له دنیا‌و بیركردنه‌وه و جوگرافیا‌و زهنی ئێمه‌وه نزیكه، ئه‌و ناوێكی نامۆ نییه به خوێنده‌واری كورد، پامۆك له كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵدا، له وتاره‌كه‌یدا، له باره‌ی نووسینه‌وه گوتی:”نووسین دۆزینه‌وه‌ی كارێكته‌رێكی شاراوه‌یه له ناوماندا”. ئه‌م ڕسته‌یه‌م به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری نووسین لای پامۆك شی بكه‌مه‌وه. ئاخر ئه‌وه كلیلێكه بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی پشت نووسینی پامۆك. لێره‌دا ئامانجی نووسین برێتیه، له گه‌ڕانه‌وه بۆناو خود. گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌نته‌ر، نووسین كاره‌كته‌رێكه هه‌وڵی كه‌شفكردن و دركاندنی ڕازێكی تایبه‌ت ده‌دات. نووسین كرده‌ی په‌رده‌هه‌ڵدانه‌وه‌یه له كاره‌كته‌ره‌په‌نهانه‌كانی خود. قسه‌كردن له‌و ئاراسته‌یه‌وه ته‌واو مه‌یدانییه. پامۆك مه‌یلی ئه‌وه ده‌خاته ڕوو، كه ئه‌ركی نووسین بۆ هه‌مووكه‌س نییه، هه‌مووكه‌سیش شیانی گه‌ڕانی نییه به‌دوای كاره‌كته‌ره وبنووه‌كانی ناوماندا، به‌ڵكوو ئه‌وه خودی مه‌یلی نووسه‌ره، كه ئاره‌زوویه‌كی شێتانه‌و بێ به‌رژه‌وه‌ندی هانی ده‌دات بۆ ئه‌و كرده‌یه. چێژی دۆزینه‌وه‌ی ونبووه‌كان، هه‌مان چێژی یارییه‌كی منداڵانه‌یه، به‌جۆرێكی دیكه نووسین له یاری چاوشاركێدا به‌شداره، ده‌یه‌وێت ئه‌وانه بدۆزیته‌وه، كه خۆیان ون كردووه.
ئامانجی نووسین لای هه‌ر نووسه‌رێك، به ئاراسته‌یه‌كدایه، ڕه‌نگه زۆرینه‌یان له خاڵێكدا هاوبه‌شبن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه نازانن بۆ ده‌نووسن، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خاڵه هاوبه‌شه چه‌ندین ورده ئامانج له‌باره‌ی نووسین ده‌خرێته ڕوو، یا خراوه‌ته ڕوو، به‌لای به‌نده‌وه بۆچوونی لۆرانس ڕاستگۆیانه‌یه كاتێك ده‌ڵێت: من بۆ ئه‌وه ده‌نووسم تا په‌یوه‌ندییه پچڕاوه‌كانی خۆم جیهان به‌یه‌ك بگه‌یه‌نم. له‌م ڕسته‌یه‌دا ئامانجێكی ڕوون له‌پشت نووسینه‌كانی لۆرانسه‌وه هه‌یه، كه ئه‌و هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ جیهاندا بدوێت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵی هه‌بێت…بچڕانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهان و هه‌وڵدان بۆ به‌یه‌كه‌وه‌لكاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان، كرده‌یه‌كی سه‌ربه‌سته، ده‌كرێت لای زۆرینه‌ی بنیاده‌م، به‌شێك په‌یوه‌ندی پچڕا‌و هه‌بن، به‌ڵام ئه‌و ڕایه‌ڵه پچڕاوانه نه‌بوونه‌ته گرفتی به‌رده‌م ژیان، وه‌لێ بۆ نووسه‌ری ڕاستینه، نه‌مانی ئه‌و ڕایه‌ڵانه وه‌ك شكانی پردی هاتووچۆی نێوان ژیان و بیركردنه‌وه‌یه. ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی لۆرانس له‌باره‌ی نووسینه‌وه جارێكی دیكه به جه‌مسه‌رێك ده‌چێته‌وه سه‌ر ئامانجی نووسین لای پامۆك، چونكه په‌یوه‌ندیبه‌ستن له‌گه‌ڵ جیهان و ڕێكخستنه‌وه‌ی پرده‌كانی په‌یوه‌ندی تاك و جیهان، جۆرێكه له هه‌وڵ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان، واته: دۆزینه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری ونی نێوانمان، هه‌وڵه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه پچڕاوه‌كانمان له‌گه‌ڵ جیهان و ده‌ورووبه‌ر، ئه‌مه‌یش هه‌مان ئامانجه، كه لۆرانس له‌پشت نووسیندا هه‌یه‌تی، لێره‌دا ئه‌و هه‌وڵه‌ی لۆرانس وه‌ك تاك له‌گه‌ڵ جیهان له ڕێگه‌ی نووسینه‌وه، هه‌وڵێكی جوانه. هه‌وڵێكه بۆ بینینی پانتاییه‌كی ته‌واو و نه‌پچراو، نووسین له‌م دۆخه‌دا كاركردنه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی هه‌موو گاپه‌كانی ژیان، كه ڕه‌نگه چۆڵبوونی شوێن هۆكارێك بێت بۆ درووستبوونی پچڕان. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت ئه‌و بابه‌ته وا شڕۆڤه بكرێت، كه لۆرانس تاكه، تاكیش له‌ناو جیهاندایه، كه‌واته دۆخێكی گشتی و تایبه‌تییه، دۆخه‌كه تایبه‌تییه، كه نووسه‌ر مه‌یلی ئه‌و كرده‌یه‌ی هه‌یه، له هه‌مانكاتیش گشتییه، كه وه‌ك تاك له‌ناو جیهاندا هاوشێوه‌ی زۆره و حاڵه‌ته‌كه‌یش په‌یوه‌ندی به هه‌موو جیهانه‌وه هه‌یه.
بۆ ئه‌وه‌ی به‌جۆرێك له جۆره‌كان دۆخێكی ڕه‌هاو جێگیر‌و دۆگما نه‌بێته ماسكی نووسین، واباشه بۆچوونێكی جاك دێریدای بیرمه‌ند و نووسه‌ر، په‌خش بكه‌ین به‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی پامۆك و لۆرانسدا، دێریدا له‌یه‌كێك له‌نووسینه‌كانیدا تیشك ده‌خاته سه‌ر بابه‌تی نووسن و له پیرۆزیه‌ت و نه‌مری و دووری ده‌خاته‌وه. دێریدا ده‌ڵێت:” هه‌موو نووسین و خوێندنه‌وه‌یه‌ك قابیلی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه”.
ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌م ئه‌و بۆچوونه‌ی دێریدادا بڕیاری ئه‌وه بده‌ین، كه پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌بچڕاوه‌كانی ژیان و دۆزیینه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره ونبووه‌كانی ناومان به‌هۆی كرده‌ی نووسینه‌وه لای پامۆك و لۆرانس، له حاڵه‌تێكی به‌رده‌وام ناجێگر و دۆخگۆڕیدایه، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌ك له ئارادا نییه. به مانایه‌كی دیكه، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی نووسین جاریكی دیكه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دنیا تایبه‌تیه‌كه‌ی نووسه‌ر خۆی، واته ناكرێت نووسین بۆ هه‌موان له‌یه‌ك ئاستدا ڕاست بێت، هه‌ر ئه‌وه‌شه وامان لێ ده‌كات، كه قسه‌كردن له‌باره‌ی كرده‌ی نووسین لای هه‌ر نووسه‌رێك ئاراسته‌و ئامانجێكی جیاوازی هه‌بێت. له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نووسین به‌مانای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كرده‌كه نایه‌ت، به‌ڵكوو هه‌وڵه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی گاپی زیاتر و جیاوازتر و دۆزینه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری زیاتر و جیاوازتر.