Skip to Content

Monday, November 11th, 2024
كه‌ركوك له‌نێوان مالكی‌و عه‌للاویدا.. ته‌عریبێكی نوێ!

كه‌ركوك له‌نێوان مالكی‌و عه‌للاویدا.. ته‌عریبێكی نوێ!

Closed
by November 13, 2012 گشتی

 

 

له‌ماوه‌ی رابردودا، په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم‌و به‌غداد به‌هۆی دروستكردنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌‌و تایبه‌ت به‌كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، گرژیی زیاتری به‌خۆوه‌بینی. 

ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌نده‌ نابێت دو وه‌فدی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت‌و له‌سه‌ر ئاستی حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌به‌غداد گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ناكۆییه‌كان له‌م ماوه‌یه‌دا پێینایه‌ قۆناغێكی مه‌ترسیداره‌وه‌. ئه‌وه‌تا عه‌لی شاكر-ی پارله‌مانتاری عیراق له‌لیستی ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی-یش گومانی خۆی ناشارێته‌وه‌‌و پێیوایه‌، پێكهێنانی ئه‌و هێزه‌ ته‌نها له‌كه‌ركوك‌و له‌مكاته‌ دیاریكراوه‌دا جێی پرسیاره‌! وه‌كچۆن شاره‌زا‌و چاودێرانیش به‌”ناده‌ستوری‌و نایاسایی” وه‌سفیده‌كه‌ن.

هه‌ر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا، ده‌بینین به‌رپرسه‌ باڵاكانی حزبه‌كانی هه‌رێمیش دان به‌وه‌داده‌نێن، كه‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان له‌ماوه‌ی رابردودا بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 له‌ئاستی پێویست‌و چاوه‌ڕوانییه‌كاندا نه‌بون. وه‌ك مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت “خاوه‌ خاویان له‌جێبه‌جێكردنیدا كردوه‌”.

ئه‌گه‌رچی پێموایه‌، ئه‌و دانپیانانه‌ دره‌نگوه‌خته‌، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی باشیشه‌ به‌ئاراسته‌ی دانانی ستراتیژێكی گونجاو له‌و پێناوه‌دا، ئه‌ویش به‌كاری جیددی‌و لێبڕوانه‌‌و پێكه‌وه‌یی له‌لایه‌ن هه‌مو هێز‌و حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌وه‌. 

له‌و نێوانه‌شدا لێدوان‌و هه‌ڵوێسته‌كانی پارێزگاری كه‌ركوك‌و زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌ت سه‌ردانه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می گه‌وره‌ترین لایه‌نی ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێم جێی ده‌ستخۆشییه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌س نییه‌‌و ئه‌م پرسه‌ گرنگ‌و هه‌ستیارو گرنگه‌ روبه‌روبونه‌وه‌ی كرداریی گه‌ره‌كه‌. به‌تایبه‌ت به‌عه‌مه‌لیكردنی پێشنیاری یه‌كلیستیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كاندا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌.

نابێ ئه‌وه‌شمان بیربچێت، دژایه‌تییه‌كانی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ بۆسه‌ر كوردستان هه‌ر ته‌نها له‌لایه‌ك‌و له‌ به‌ره‌‌و سه‌نگه‌رێكه‌وه‌ نییه‌. مالكی‌و لیسته‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌‌و به‌شێوازی جیاجیای سیاسی‌و سه‌ربازی ده‌یانه‌وێت هه‌ژمونی كورد له‌و ناوچانه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌‌و ته‌نگی پێهه‌ڵچنن، له‌نوێترین پێشهاتیشدا به‌هه‌وڵی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی لیستی عیراقییه‌و چه‌ند لایه‌نێكیتر له‌ئێستادا فیرقه‌ی 12ی سوپای عیراق، له‌هه‌وڵدایه‌ گه‌ڕه‌ك یان شوێنی نیشته‌جێبون بۆ خۆبه‌خشه‌كانی فیرقه‌كه‌ (كه‌ خه‌ڵكی دیاله‌‌و سه‌ڵاحه‌ددین‌و به‌غدادن) له‌سنوری كه‌ركوك دروستبكات، ئه‌مه‌ش جگه‌له‌وه‌ی ناده‌ستوری‌و نایاساییه‌، له‌ساده‌ترین گوزارشتدا هه‌وڵێكی دیكه‌یه‌ بۆ ته‌عریبێكی نوێ!

كه‌واته‌، ئه‌و راستییانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پێمانده‌ڵێن، هه‌مو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی به‌درێژایی مێژو بۆ دابڕینی كه‌ركوك‌و ئه‌و ناوچانه‌ دراون هێشتا گۆڕانیان به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌‌و، هه‌موان، به‌یار‌و نه‌یاره‌وه‌، به‌ره‌چه‌ڵه‌كی جیاوازه‌وه‌، به‌ئاینزای ناكۆكه‌وه‌، به‌ڕه‌وتی دژبه‌یه‌كه‌وه‌، به‌جه‌مسه‌ری جیاجیاوه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی شوناسی كوردستانیی ئه‌و ناوچانه‌ كۆكن‌و هاوهه‌ڵوێستن، ئه‌وه‌ی ده‌بێت به‌ته‌نهاش به‌ر به‌و هه‌وڵه‌ درێژخایه‌نه‌ بگرێت ته‌نها یه‌ك ئیراده‌یی كورد‌و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانه‌.

 

د.هێرش ره‌سوڵ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.